Skip to Content

Friday, March 29th, 2024

کێ وێرانگەری زمانی کوردییە، ڕاپەڕین یا پارت؟

Closed
by May 4, 2008 گشتی

هه‌ژێن…..

30.04.2008

به‌شی یه‌که‌م

ڕێکەوتی 24.04.2008 لە «ماڵپەڕی دەنگەکان»دا نه‌وزاد عه‌لی ئه‌حمه‌د لە سوید*، بابەتێکی لەسەر زمانی کوردی نووسیوە و لەوێدا راپەڕین بە خالی نیگەتڤ لە وەرچەرخانی مێژوودا دەژمێرێت.

ئەوەی فرەتر لە نووسینی سەرنجەکانم لەسەر بابەتەکەی بەڕێزی هاندەرم بوو، سێ مەبەستە شاراوەکانی نووسەرن لە دووتوێی پەرەگرافەکانیدا؛ یەکەم، پۆزەتیڤکردنی ڕۆڵی نیگەتیڤی پارت لە تێکدان و وێرانکردنی زمانی کوردی هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی پارتی رامیار و دوولەتکردنی بزاڤی چه‌کداری. دووەم، سووچدارکردنی راپەڕین لە وێرانی زمانی کوردی، ئەمەش لە ڕوانگەی دەسەڵاتەوەیە و بڤەکردنی ڕاپەڕین و خرۆشانە بەرامبەر نادادپەروەرییەکانی خودی دەسەلات. سێیەم، پیاهەڵدانی راگەیاندن و رۆژنامەی لایەنەکەی خۆیەتی. چوارەم، چوونەپشتی ئەو هێرشەیە، کە دەسەلات بۆسەر ڕاگەیاندنی ئینتەرنێتی بەڕێیخستوە.

سەرەتا پێم باشە، وەڵامی ئەو خالانەی سەرەوە بدەمەوە، ئەوسا بێمە پای نووسینەکەی خودی نووسەر وەك نموونەیەك لە وێرانگەری لە زمانی کوردیدا.

لە ڕوانگەی نووسەرەوە، پارتە کوردییەکان بە گشتی و پارتێك کە وی مەبەستییەتی بەتایبەتی، لە پاراستن و بەرەوپێشبردنی زمانی کوردیدا ڕۆڵی هەبووە.

درێژه‌ی هه‌یه‌

هەرکەس کە شتێك دەنووسێت، پێویستە بۆ گەیاندنی پەیامەکەی بەڵگەی هەبێت، ئەگینا، خوێنەر هێندە کەمئاوەز نییە، هەرکەس هەستێ و بە زۆرەکی لە نەبوونەوە شتێکمان لێبکات بەبوون. ئەگەر ئێمە دوور لە دەمارگیری ئایدیۆلۆژی و لایەنگری ڕامیاری بڕوانینە رابوودووی پارتە رامیارەکان بەگشتی، ئەوا پارچەپارچەکردنی بەرەی بەرەنگاری خەڵك و نۆکەری داگیرگەران و جێبەجێکردنی پلانە دژی خەڵکییەکانی دوژمن، تایبەتمەندی حاشاهەڵنەگری پارتە رامیارییەکانن. ئیتر نازانم لەوەها بارێکدا پارت چۆن توانیویەتی و دەتوانێت، پارێزەری زمان و بەرەوپێشبەری زمان بێت؟ هەروەها لە باشووری کوردستاندا زمانی کوردی هێندە قاچاخ نەبووە، تاوەکو راگەیاندنی پارتەکان لە دەرەوەدا توانیبێتی بیپارێزێت! خۆ ئەگەر بەراوردی ئاستی زمانەوانی ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارانە کە لە ژێر دەسەلاتی بەعسدا دەردەچوون، لەگەڵ ئەو رۆژنامەی کە نووسەر بە سەرتۆپی ڕۆژنامەی سەرکەتووی دەزانێت، ئەوا ده‌بینین که‌ سەرەنجامەکە بە پێچەوانەی بۆچوونەکەی نووسەر دەشکێتەوە.

خاڵی دووەم، کە ناشیرینکردنی راپەڕین و تاوانبارکردنییەتی بە وێرانکردنی زمانی کوردی. ئەمەیان ئیتر بێپەردە ژورناژەنییە بۆ دەسەلات. ڕاپەڕین کە نیشانەی پلەیەکی بەرزترە لە هوشیاربوونەوە و ئاگایی جەماوەر لە مافەکانی، چۆن دەتوانێت پێچەوانەی ئاراستەی گەشەکردنە گشتییەکە ببزوێت. کاتێك کە گەل یا جەماوەر یا چینێکی کۆمەڵایەتی دێتە پای راپەڕین و وەلانانی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی، کەواتە هوشیاری گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە چیتر ناتوانێت مل بە بارودۆخی جێگیر و داسەپاو بدات. کاتێك کە گەل یا چین و جەماوەر گەیشتبێتە ئەو ئاستەی هوشیاری، کەواتە هوشیارییەکی هەمەلایەنەی بەدەستهێناوە. ئەگەر راپەڕینی جەماوەر لە گشتێتیدا بۆ وەدەرنانی دەسەلاتی داگیرکەران بووبێت، کە زۆرێك لە ناسیونالیستەکان لەسەر ئەوە کۆکن، ئەوا گەل یا جەماوەر ئەو هوشیارییەی لا گەڵاڵە بووە، کە پاراستنی زمانەکەی بەشێکە لە داخوازییەکانی. چونکە لۆژیك ئەوە پەسەند ناکات، جەماوەر هوشیار بێت و ئامادەیی بۆ راپەڕین کڵپەی سەندبێت، بەلام لایەنی ڕۆشنبیری، کە زمان سەرەکیترین پایەیەتی، بگێڕێتە دواوە و وێرانی بکات! وەها بۆچوونێك تەنیا لۆژیکی پارت و چوارچێوەی ئایدیۆلۆژی پارت پەسەندی دەکات. ئەگەر خوێنەری بێلایەن، یا سەرنجدەر و ڕەخنەگر بە سەرپێییەوە سەرنجی ڕاگەیاندنی پارتەکان بەگشتی و راگەیاندنی «ینك» بە تایبەتی بدات، ئەو راستییەی بۆ دەدەکەوێت، کە ڕۆڵی سەرەکی وێرانگەری زمانی کوردی لە ئەستۆی ئەواندایە.

خاڵی سێیەم، نووسەر ڕۆژنامەی «کوردستانی نوێ» بە سەرتۆپی ڕژنامەگەری کوردی و بەرەوپێشبەری زمانی کوردی دەژمێرێت. ئەمە لە کاتێکدا کە ئەوەی ئاگاداری راگەیاندنی زاڵ لە کوردستاندا بە گشتی و ڕۆژنامە و گۆڤارە فەرمییەکانی کوردستان بێت، ئەوا دەزانێت، کە ئەوەی لە تێکدانی زمانی کوردیدا بە بەعس نەکرا، دەزگەی راگەیاندنی «ینك» ئەورۆکە جێبەجێی دەکات. لێرەدا داوا لە خوێنەری هێژا دەکەم ، بەخۆی بەراوردێك لە نێوان ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی هەولێر و سلێمانی بکات. هیوادارم ئەوانەی دژی ئەم بۆچوونەن، زمانی کوردیش نەکێشنە کایەی فیفتی فیفتی پارتە ڕامیارییەکان و رەخنەش لەلایەنێك نەکەنە دەستکەلای لایەنەکەی تر. من پارساڵ پێنج هەفتە لە کوردستان بووم و بەهۆی نەبوونی ئینتەرنێتی بەردەوامەوە، ئەو هەلەم بۆ ڕەخسا کە ئەو بەراوردە لە نێو بڵاوکراوەکان بە گشتی و رۆژنامە و گۆڤارەکان بەتایبەتی بکەم. ئەوەیش کە کام ڕۆژنامە و گۆڤار فرتر پابەندێ بواری ڕێزمان و داڕشتنی زمانی کوردییە، بۆ بەدەربەستبوونی نووسەرەکان دەگەڕێتەوە نەك بۆ دڵسۆزی پارتەکانیان!

خاڵی چوارەم، تاوانبارکردنی ڕاگەیاندنی ئینتەرنێتی بە شێوێنەر و وێرانگەری زمانی کوردی، ئەویش وەك بەرهەمی راپەڕین. پێش هەموو شتێك من لە دووتوێی ئەم بۆچوونەدا خۆزگە بە مانەوەی بەعس، دەبینم. چونکە ئەوەی راپەڕین بە نیگەتڤ و سەرچاوەی نیگەتیڤەکانی تر دابنێت، ئەوا ئەڵتەرناتیڤی گەرانەوەیە بۆ رابودوو و لەبەردەم ئاڵوگۆڕەکاندا دۆشداماوە. هەروەها ئەوەی کە ئەوڕۆکە لە ئینتەرنێتدا بە کوردی دەنووسێت، پێش هەموو شت، پەروەردەی سیستەمی خوێندنێکە کە ئەوڕۆکە لەسایەی پارتدا پەیڕەو دەکرێت. هەروەها زۆرینەی ئەوانەی کە لە بواری نووسین و شارەزایی زمانەوانیدا کڵۆڵن، یا ئەندامی پارتن، یا ڕۆژگارێك خوێنەری ڕۆژنامەکانی پارت بوون. بۆیە ناتوانین و ئاوەزیش پەسەندی ناکات، خراپنووسی نووسەرانی ئینتەرنێت، بۆ راپەڕین یا ئینتەرنێت بگێڕینەوە، بەڵكو دەبێت بۆ بناخەی خوێندن و گۆشکردنی پارتیانەیان بگەڕێینەوە. لێرەدا نامەوێت نموونە لەسەر بەدبەختێك  بهێنمەوە، کە تا دوێنێ لە پرسگەیەکدا پاسەوان بووە و پارتایەتی لە شەشی سەرەتایی زیاتر بواری خوێندنی نەداوە. بەڵکو سەنجی نووسەر بۆ نووسینەکانی نەوشیروان موستەفا وەك ڕابەرانی ئەو پارتە کە ئەو مەبەستییەتی و ڕۆژگارێك لە شاخ بە مامۆستای زمانی کوردییان دەناساند، رادەکێشم و با خۆی بریار بدات! لە بابەتێکی تردا لەسەر ڕێزمانی کوردی پۆلی پێنجەمی ئامادەیی، گەر گوزەران بوار بدات، سەرنجی نووسەر بۆ بناخەی ئەو وێرانگەرییە رادەکێشم. لێرەدا تەنیا ئەوە دەڵێم کە لە پەروەردە و فێرکردنی هەرێمدا هێندەی گرنگی بە پارتیکردنی ڕۆشنبیری و خوێندن دەدرێت، لە سەدا یەکی ئەوە گرنگی بە ڕێزمانی کوردی نادرێت!

ئەم وەبیرهێنانەوانەم بۆ ئەوەبوون، کە نووسەر خوێنەر بە کەمئاوەز و خوێنەری سەرەتای دەهەی نەوەد نەزانێت. سەردەمی ئەوە بەسەرچوو کە پارت بتوانێت، هەممووان لەژێر ساباتی بەرژەوەندییەکانیدا کۆبکاتەوە. لێرەدا هەوڵدەدەم نووسینەکەی خودی نووسەر «نه‌وزاد عه‌لی ئه‌حمه‌د» وەك نموونەیەك لە وێرانگەری و گوێنەدانە داڕشتن و ڕێنووسی باوی ئەوڕۆکە بخەمە ژێر سەرنج.

لەبەر ئەوەی کە هێندە کاتم کەمە و ماندووم، سەرپێیی هەڵە داڕشتنی و ڕێزمانییەکانی نووسەر لە نووسینەکەیدا، دەستنیشان دەکەم، هیوادارم خوێنەرانی تر، ئاوڕ لە لایەنەکانی تری بدەندەوە. بۆیە ناچار دەقی نووسینەکەی خۆی وەك خۆی دەگوێزمەوە و هێڵ بەژێر هەڵەکاندا دەهێنم و سووریان دەکەم، تاوەکو بۆ خوێنەر ئاسان جیابکرێنەوە.

(و)ی گرێدانەوە یا پەیوەندی، لەنێوان دوو وشەدا دەنووسرێت و نادرێتە پاڵ وشەی یەکەم. سەرنج بدەنە ئەو (و)نەی کە بە سوورکراوی هێڵم بەژێردا هێناون.

(ك) لە کۆتایی رستەدا بەمشێوەیە دەنوسرێت و لە زۆربەی کیبوردە کوردییەکاندا (ک) سەرەتا و (ك) کۆتایی جیاکراونەتەوە. سەرنج بدەنە ئەو (ك)نەی کە بە سوورکراوی هێڵم بەژێردا هێناون.

دوو «ی» لە کۆتایی وشەدا بەسەریەکەوە « یی» دەنووسرێن و جیاکردنەوەیان هیچ حیکمەتێکی زمانەوانی تێدا نییە.

بەدوای یەکدا هاتنی «ی، ێ» لە کۆتایی وشەدا بەسەریەکەوە«یێ» دەنووسرێن و دیسانەوە جیاکردنەوەیان هیچ حیکمەتێکی زمانەوانی تێدا نییە.

وشەی لێکدراو، بەسەر یەکەوە دەنوووسرێت. سەرنج بدەنە ئەو وشانەی کە بە سوورکراوی هێڵم بەژێردا هێناون.

گرنگی به‌ پاراستن و گه‌شانه‌وه‌ی زمانه‌که‌ی دابێت

زمان دەژێتەوە، ناگەشێتەوە. گەشانەوە بۆ ئاگر و سکڵ (ژیلەمۆیە). لەبەر ئەوەی کە زمان دەمرێت، ناکوژێتەوە، بۆیە پێچەوانەکەشی ژیانەوەیە نەك گەشانەوە.

ئه‌گه‌رچی کێرڤی به‌ره‌و پێشه‌وه‌چوونی خه‌باتی گه‌لی کوردستان له‌ هه‌ڵشان و داکشان بووه‌، به‌ڵام له‌ باری زماندا به‌ره‌و پێشه‌وه‌ چووه‌.

بەڕای من ئەمە لۆژیك و ئاوەز پەسەندی ناکات. چونکە بەرەوپێشچوون و گەشەی زمان گرێدراوی ئاستی رۆشنبیرییە، کە ئەمیش بە نۆرەی خۆی بە ڕادەی هوشیارییەوە بەستتراوە. کاتێك کە خەبات لە داکشاندا بووبێت، یا ئەوەتا ئەو خەباتە بەشێك نەبووە لە هوشیاری خەڵك یا ئەوەتا خەڵك هوشیار نەبووە. لای من ئەگەری یەکەمیانە. چونکە لە کاتێکدا کە بزووتنەوەی چەکداری و پارت ئاشبەتاڵ دەکەن، کەچی گەشەی زمانی کوردی ڕاناوەستێت.

سه‌رکردایه‌تی کورد بیری له‌ ده‌رکردنی بڵاوکراوه‌و پێکهێنانی ده‌زگای چاپی بچووک، پاشان گه‌وره‌ کدۆته‌وه‌ له‌ پێناوی گه‌یاندنی په‌یامی چه‌ک و خه‌باتی چه‌کداری و به‌رچدانه‌وه‌ی ماشێنی راگه‌یاندنی داگیرکه‌ران، به‌ خوێندنه‌وه‌و جارێکی‌تر هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌کانی ئه‌ده‌بیاتی شۆڕش و خه‌باتی چه‌کداری نه‌ته‌وه‌که‌مان، ئه‌و راستییه‌مان بۆ روون ده‌بێته‌وه‌ که‌ هه‌رده‌م گرنگی دراوه‌ به‌ پاراستن و گه‌شه‌دان به‌ زمان و رێنووسی کوردی، له‌و رووه‌وه‌ ده‌یان و تا سه‌دان نموونه‌ هه‌ن که‌ گه‌واهیده‌ری باڵاپێکردنی زمانه‌که‌مانن

ئەگەر خۆمان گێل نەکەین، ئەوا لە خودی ڕستەکانی بەڕێزیشیدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە دەرکردنی ئەو بڵاوکراوانە، تەنیا لە خزمەتی ماشێنی راگەیاندنی پارتدا بوون. هێندەی ڕۆژنامەیەکی وەك هاوکاری کە لەسایەی بەعسدا دەردەچوو، گرنگیان بە زمان و بواری زمانەوانی نەداوە. بەڵکو پانتایی زمانیان بەسەر ئایدیۆلۆژی پارت و  سنووری چەکدارەکانیاندا دابەشاندووە. چونکە ڕۆشنبیری پارت لەسەر پایەکانی سەروخەڵکی بوونی خودی پارتەوە بنیاتنراوە. کاتێك کە ئامانجی پارت کۆنترۆڵکردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بێت، ئەوا زمانیش تەنیا وەك ئامرازی پاگەندەی پارت لەبەرچاو دەگیرێت و دەکەێتە خزمەتی پارتەوە. هەربۆیە کاتێك کە پارت دەکەوێتە هودنە و گفتوگۆوە لەگەڵ داگیرکەر، زمانیش دەکەوێتە خزمەت ئەو بەرنامەوە.

لێرەدا سەرنجی نووسەر و خوێنەرانی هێژا بۆ زمانی ڕۆژنامەوانی پارتەکان لە جەنگە نێوخۆییەکاندا رادەکێشم، کە تێیدا هیچ بنەمایەکی ڕۆژنامەگەری و زمانی دوانی هاوچەرخی تێدا لەبەرچاو نەدەگیرا و هەر ئەو «کوردستانی نوێ»یەی کە وی بە دەستچنی نێو گوڵزاری ڕۆژنامەگەری کوردی دەچوێنێت، تا ئاستی زمانی زورناژەنی دەرەبەگێك دابەزیبوو.

هه‌وڵدراوه‌ ئاستی زمان و رێزمان فه‌رامۆش نه‌کرێت و زمانیش له‌ وشه‌ی بێگانه‌ بژار بکرێت، ده‌کرێت ئه‌مه‌ به‌ وه‌ڵامێکی توندو ده‌ستبه‌جێ‌ی داگیرکه‌ران بزانرێت

نووسەر قسە لەسەر بژاری وشەی ناکوردی دەکات، کە من پێموایە بە ئێستاشەوە، هێندە ئەو سەرکردایەتییەی شۆڕش بە ناکوردی قسەدەکات و دەنووسێت، مەلاکانی کوردستان نیوهێندە وشەی ناکوردی بەکار نابەن. ئەگەر سەرکردایەتی شۆڕش گرنگی بە زمان بدایە، ئەوا لە 1991دا جەلال تالەبانی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە گفتوگۆیاندا پەنایان نەدبردە زمانی دووەم «عەرەبی». هەروەها نووسەر کە بەکاربردنی وشەی ناکوردی بە کارێکی نادروست دەزانێت و سەرکردایەتی شۆڕشەکەی لە هەفتاکاندا کاری بۆ کردووە، لەم نووسینەدا ئەم وشانەی ڕێزکردووە، کە قسەکەری ئاسایی و نووسەرانی ئینتەرنێت کەمتر بەکاریان دەبەن: حزب ، میزاج ، شه‌خسی ، ئیختیار ، ئیدیعا ، ته‌جاوز ، زاکیره ، وه‌زاره‌ت ، وه‌زیر، عه‌فه‌ویی !

من دژی بەکاربردنی وشەی ناکوردی نیم، بەمەرجێك ئەو وشە یا واژەیە لە کوردیدا نەبێت، چونکە هەندێکجار لەبەر ئەوەی کە هاوواتاییمان لە کوردیدا بۆی نییە، ناچاردەبین بەکاری بەرین. بەلام کاتێك کە لە کوردیدا وشە و هاوواتامان هەیە، ئیتر بەکاربردنی نابەجێ و نادروستە و بۆ دوو هۆ دەگەڕێتەوە؛ یا ئەوەتا نووسەرەکە یا بێژەرەکە کوردی نازانێت، یا ئەوەتا بەمەبەستەوە بەکاریان دەبات، ئەمەش فرەتر لەناو کەسانێك کە خۆیان جیا لە خەڵکی دەبینن و پێیانوایە بە بەکاربردنی وشەگەلی ناکوردی ڕۆشنبیرتن و ڕامیاریترن. بە بڕوای من دەستەی یەکەم، ئەگەر خوازیارن خەڵکی کوردزمان لێیان تێبگات، ئەوا پێویستە بڕۆن زمان فێربن، دەستەی دووەمیش پێویستە ئەوە بزانن کە سەردەمی قسەفرۆشن بەسەر خەڵکدا بەسەرچوو، سەردەم سەردەمی تەکنۆلۆژیای زانیارییەکانە و ئەگەر باری دارایی ڕێگر نەبێت، ئەوا هەموو کەسێك دەتوانێت و بۆی دەلوێت دەستی بە زانیارییەکان بەگشتی بگات. هەر ئەم دەستڕاگەیشتنەشە وا لە وشکە ڕۆشنبیرانی هەفتاکان و هەشتاکان دەکات، هێندە لە راپەڕین و ئینتەرنێت تووڕەبن!

که‌چی به‌ داخه‌وه‌ تا ئێستا ده‌یان ماجستێرو دکتۆرا له‌ زانکۆکانی کوردستان نووسراون، به‌ڵام نابینین لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی ئه‌کادیمی سه‌باره‌ت به‌  زمان و رێزمانی کوردی‌ له‌ رۆژنامه‌گه‌رییدا، له‌ قۆناغی رزگاریی نیشتمانی خه‌ڵکی کوردستاندا نووسرابێت و ئاماژه‌ به‌ بواره‌کانی گه‌شه‌ی زمان درابێت.

بەرای من ئەوەی کە لە سایەی دەسەلاتی پارتی کوردیدا لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی لەسەر ئەو ڕۆژنامانە نەکراوە، بۆ خۆی ڕەتکەرەوەی بۆچوونەکەی نووسەرە. ئەگەر وابووایە کە نووسەر پێمان ڕادەگەیێنێت، ئەوا بێگومان لە زانکۆ بەپارتکراوەکانی کوردستاندا نامەیەکی دوکتۆرا یا ماجیستێریان لەسەر دەنووسرا. لە کوردستانێکدا کە دارونەداری کراوەتە موڵکی پارت و زانکۆ کراوەتە کۆمیتەی پارتی، ئەگەر پارت خاوەنی ئەو گەنجینە زمانەوانییە بووایە، ئەوا زۆرێك لەوبارەوە  ناچار بە نووسینی نامەی دوکتۆرا یا ماجیستێر دەکران! ئەوەی لێکۆڵینەوە نەکراوە گەواهی مایەپووچی ئەدەبیاتی پارتە لەباری زمانەوانییەوە، چونکە لۆژیك ئەمەمان بۆ دەسەلمێنێت.

راسته‌ حزبی به‌عس رژێمێک بوو مانه‌وه‌ی خۆی له‌سه‌ر خوێن‌و کوشتن بنیات نابوو، به‌ڵام نووسه‌رو رۆژنامه‌نووس و ئه‌دیبی کورد شێلگیرانه‌ له‌ پێناوی پاراستن و په‌ره‌پێدانی زمانی کوردو و زمانی رۆژنامه‌نووسی کوردی خه‌باتی ده‌کرد، ره‌نگه‌ ده‌نگی زڕو رووخاوو هه‌ڵپه‌رست هه‌بووبن، به‌ڵام نه‌یانتوانیووه‌، زمانی رۆژنامه‌نووسی کوردی بشێوێنن

من زیادەرەوییەك لەوەدا دەبینم و بەعس گەر پەیگیرانە مەبەستی بووایە زمانی کوردی وێران بکات و بیشێوێنێت، ئەوا زۆر بەئاسانی دەیتوانی و هیچ پێویستی بە چەك و زیندان نەدەبوو و هەروەك تەلەفیۆنەکانی ئێستا، بەشی کوردی تەلەفزیۆنەکەی دەخستنە شێواندنی زمانی کوردی و رۆژنامەکانی ڕێنووس و ڕێزمانیان وێراندەکرد. بەرای من لەلایەك پەیگیرانە مەبەستی نەبوو، لەلایەکی تریشەوە نووسەران پەیگیرانە کاریان لەسەر زمان دەکرد و پێناوێك بۆ پێشبرکێی راکێشانی ئەندام بۆ پارت و نووسەر بۆ ڕۆژنامەکان نەبوو. هەبوو و نەبوو ئەو رۆژنامە و کەناڵی تەلەفزیۆنە کوردییە بوو، سەرپەرشتیگەرانیان گرنگیان بە زمان دەدا و شتی بێکەڵکێان بڵاونەدەکردەوە. بەلام ڕۆژنامە و تەلەفزیۆنەکانی ئەوڕۆ، هەم دەستەی نووسەران و هەم دەستەی بەڕێوەبەرانیان ئەلف و بێ لە زمانی کوردی و ڕێنووس و ڕێزمانی کوردی نازانن و هەم ئامادەن هەموو شتێك بڵاو بکەنەوە کە خزمەت بە پارت بکات. سەرنجی نووسەر بۆ نموونەیەکی بەرچاو رادەکێشم. نووسەر پێیوایە کوردستانی نوێ سەرتۆپی ڕۆژنامەی سەرکەوتوو وبەرەوپێش بەری زمانی کوردییە. کوردستانی نوێ ئۆرگانی پارتێکە کە خاوەنی «کەناڵی کوردسات»ە، ئەگەر نووسەر کەمێك ئەرك بکێشێت و سەرنج بداتە بەرنامە و زنجیرە تەلەفزیۆنییەکانی کوردسات، ئەوا بۆی دەردەکەوێت، کە ڕەشەبای وێرانگەریی زمانی کوردی لە کوێوە هەلدەکات! بەڵام بەداخەوە ئایدۆلۆژیگەری و ڕوانگەی بەرتەسکی پارتایەتی پەردەیەکی ڕەشە و بەرچاوی زۆرینەی خەڵکی بەگشتی و نووسەرانی بەتایبەتی کوێرکردووە، ئەگینا بەمجۆرە ڕۆژمان بەم ڕۆژە نەدەگەییشت و گەندەڵیش تا دواخەکانی مێشکی نووسەران تەشەنەی نەدەکرد!

کوردستان، خاوه‌نی درێژترین و پشوودرێژترین خه‌باتی چه‌کداری‌یه‌ له‌ رۆژهه‌ڵات و ده‌توانین بڵێین له‌ جیهانیشدا،

وابزانم نووسەر بەخۆشی هەست بەو زێدەڕەوییە لە پشودرێژی خەباتی چەکداری ناسیونلیزمی کورددا دەکات، کە هەر دوو سێ ساڵ جارێك هودنە و خۆبەدەستەوەدان و نۆکەرایەتییەکی تێکەوتووە، بۆیە من ناچمە سەری. بەلام لە نووسەر دەپرسم کە بەڕێزتان کارتان هەڵسەنگاندنی ڕۆژنامەگەری کوردییە و باس لە بەرەوپێشچوونی زمانی کوردی دەکەن، چۆنە لەوە ئاگادارنین کە سەردەمی بە جیانووسینی دوو (ی) لە کۆتایی وشەدا بەسەر چووە و کاتی خۆشی هیچ حیکمەتێکی تێدا نەبووە، لێرەدا مەبەستم وشەی «چەکدارییە».

هەروەها نووسەر وەك زۆرێکی کە، لەوانەی لە کوردستانی نوێوە فێری نووسین و خوێندنەوە بوون، لە بری واژەی خۆرهەلات، ڕۆژهەلات بەکار دەبەن. بۆ ئەوەی مەبەستەکەم ڕۆشنتر بێت، بەراوردی وشەکان لەگەڵ هەمان وشەدا لە زمانە درواسێکان و هیتردا دەکەم. هاوواتای «ڕۆژ» لە عەرەبیدا «نهار»، لە فارسیدا، «روز»، لە ئینگلیزیدا «day»، لە ئاڵمانیدا «Tag»ە و هاوتای «خۆر»یش، لە عەرەبیدا «شمس»، لە فارسیدا «آفتاب»، لە ئینگلیزیدا «sun»، لە ئاڵمانیدا «Sone». لە زۆربەی زمانەکاندا «ڕۆژ» و «خۆر» – ئەو گۆیەی کە سەرزەوی بەڕۆژدا ڕۆشندەکاتەوە- ناویان جیایە، هەروەها لە زۆربەیاندا ئەو شوێنەی خۆری لێوەدەردەکەوێت بەتەواوی لە هەردوو واتاکەی دی جیاوازە، تەنیا لە کوردیدا واژەکە لە وشەی خۆر و پاشگری هەڵات پێکدەێت. کەچی زۆرێك لە نووسەرانی پارت، هێندە لە زماندا کڵۆڵن کە «خۆر» وەکو بوونێك و ناو بۆ گۆیەکی ڕوناکیبەخش و «ڕۆژ» وەك ناو بۆ ئەو کاتانەی کە کە خۆر گۆی زەوی ڕۆشندەکاتەوە لەیەك جیاناکەنەوە و لەخۆ ناپرسن ڕۆژ چۆن هەڵدێت؟! من لێرەدا ناچمە سەر ئەوەی کە خودی واژەی خۆرهەلاتیش لە ڕووی زانستییەوە هەڵەیە و بۆ سەردەمێك دەگەڕێتەوە کە کورد پێیوابووە کە خۆر بە دەوری زەویدا دەسووڕێتەوە! بەڵام لە هەمانکاتدا خۆرەڵات، وشەیەکی سواوی «خۆرهەڵهات» ە، کە رابوردووی هەڵهاتنی خۆرە و  چاوگەکەی دەکاتە «خۆرهەڵهاتن». بەڵام لانیکەم ئاماژەدانە بۆ ئەو شوێنەی کە بەیانیان خۆر لێوەی دەردەکەوێت نەك ڕۆژ. چونکە ڕۆژ کاتێکە کە لە دەرکەوتنی خۆرەوە دەستپێدەکات و لە ئاوابوونی خۆردا کۆتایی دێت!

دیاره‌ له‌ دووتوێ‌ی ئه‌و مێژووه‌دا زۆرجار فرسه‌ت و ئه‌گه‌ری خۆسازدان و پشوودان هاتۆته‌ پێشه‌وه‌و ناوه‌ ناوه‌ش سوود له‌ فرسه‌ته‌کان وه‌رگیراوه‌،

وەك پێشتر پەنجەم بۆ ڕاکێشا پیتەکانی (ێ) و (ی) لە کۆتایی وشەدا بەجیا نانووسرێن و پێکەوە دەبن و جیاییان هیچ حیکمەتێکی تێدا نییە. « فرسه‌ت» ناکوردییە و بە عەرەبیش «فرسه‌ت » نییە و کوردییەکەشی «هەل»ە! « ناوه‌ ناوه‌ش » هەڵەیە و «ماوەماوەش»، «جارجارەش» کە بەسەر یەکەوە دەنووسرێت، دروستەکەیەتی. چونکە ناوە یا ناوەش بۆ نیشاندانی شوێن بەکاردێت نەك بۆ کات. بۆ نموونە دەڵێین ( لەو ناوە، لەو ناوەش یا لەم ناوە، لەم ناوەش).

، به‌ڵام له‌ ماوه‌یه‌کی زۆر کورتی حه‌سانه‌وه‌دا به‌رخۆدانه‌کانی دوێنی له‌ بیر کراون و تا زۆرجاریش فه‌رامۆش کراون، ئه‌گه‌رنا 17 ساڵه‌ له‌ سایه‌ی راپه‌ڕین‌دا کورد خۆی حکومی خۆی ده‌کات، که‌چی زمانی رۆژنامه‌نووسی کوردی ئه‌وه‌نده‌ لاواز بووه‌ که‌ ده‌توانرێت ناوبنرێت زمانێکی وێران

واژەی «ئەگەرنا» بەو مەبەستەی کە نووسەر لێرەدا بەکاری بردووە، بۆ بەراوری دوو شتی ئاوەژوو و ناکۆك بەیەك بەکار دبەرێن و بەکاربردنی لێرەدا ناسازگارییەکی دروستکردووە. چونکە ڕستەی پێشووی وەها داڕێژراوە، کە کۆتایی بە مەبەستەی هاتووە و بە ڕستەکانی پێشووترییەوە بەستراوەتەوە، هەرچەندە نووسەر کۆمای لە کۆتاییەکەیدا داناوە. بۆیە واژەی ئەگینا بە زیادە دێتبەرچاو و لەوێدا واژەی «لەگەڵ ئەوەی» یا «سەرەرای ئەوەی» یا «وێڕای ئەوەی» دروستە، چونکە کەوتۆتە نیوەڕستەی ڕستەیەکی ترەوە، کە نیوەی دووەمی کە نیشاندەری ناسازگارییە لەگەڵ باری پێشوو –واتە مەبەست و گەیاندنی نیوەڕستەی یەکەم- بە کەچی دەستپێدەکات. هەروەها «ئەگینا یا ئەگەرنا» لە بەشی دووەمی رستەیەکدا بەکار دێت، کە ڕەتکردنەوەی یا پێچەوانەی بەشە یەکەمەکەی بێت.

درێژه‌ی هه‌یه‌

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.