Skip to Content

Tuesday, January 26th, 2021

کەرکوک لەنێو گێژاوى هەڵبژاردندا …. گۆران فەتحی

Be First!
by October 25, 2009 گشتی

 

قودسء دڵء عێراقی بچوکء چیء چی تریش، کەرکوک سەرەکیترین ناوچەى جێ ناکۆکء هەڵگیرسێنەرى شەڕى داهاتووی نێوان عێراقء هەرێم، وەکو ئەوەى وتەى زەوی خڕە بە سەر کەرکوکدا جێ بەجێ بێـت، بۆ هەر پرۆژەیەکى سیاسیء بڕیارێک لەعێراق گڕ گڕ کێشەکان دێنەوە سەر کەرکوکء لەوێدا دەچەقن.
لێرە تەنها باس لەهەڵبژاردنەکانى داهاتووی پەرلەمانى عێراق دەکەین، کەپێشبینی دەکرێت گۆڕانی زۆر لەنەخشەى سیاسی  عێراق بکات، وەکو دەبینین هەڵبژاردنەکە دروستبوونى ژمارەیەکى زۆری لیستء قەوارەى نوێ  بەخۆوە دەبینێ لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستانیش.
گومان لەوەشدا نیە زۆرى قەوارەو لیستەکان بەتایبەت بۆ کورد زیانێکى زۆر دەگەیەنێت هەم بەپێگەو هەم تواناى کورد لەنێو پەرلەمانى داهاتووی عێراقء وادەکات کورد نەتوانێت بەرگرى لەمافء دەستکەوتەکانى بکات.
ئەگەر هەڵوەستەیەک لەسەر چۆنێتى بەشداریکردنى کوردو لیستء  قەوارە کوردیەکان بکەین لەم هەڵبژاردنە لەشارى کەرکوک، دەبینین لەهەڵبژاردنەکانى پێشوودا لەبەر ئەوەى کورد بەیەکگرتوویی بەشداریکرد ئەوا توانی پێگەیەکی بەهێز هەم لەکەرکوکء هەم لەعێراق بۆ خۆى مسۆگەر بکات، ئەوەش لەنێو ئەنجومەنی شارەکەء وەرگرتنى پۆستە سەرەکیەکان تێیداو هەروەها لەسەررێژەى ئەندامانى کوردی کەرکوک لەپەرلەمانى عێراقدا رەنگی دایەوە.بەشداریکردنى کورد بەیەکگرتوویی کارێکى باش بوو لەهەڵبژاردنەکانی پێشوو توانرا خزمەتیش بگەیەنێت بەکورد لەعێراق، بەڵام پێکهێنەرانی سەرەکى ئەو یەکلیستەى جاران هەڵەى گەورەشیان کرد بەتایبەت لەکەرکوکء لەجیاتی کوردایەتى حزب حزبێنەیان کردو زۆر دەرفەتیان لەدەست کورد دەرکرد کاریگەرى خراپی بەجێهێشت.
کێشەى هەڵبژاردنى ئەمجارە لەوەدایە دەنگی کورد پەرتەوازەتر دەبێتء بەچەندین لیستى جۆراو جۆر بەشداری دەکات، کێَشەکە لەزۆرى لیستەکانیش نیە بەڵکو لەناکۆکی توندی لیستەکانە لەگەڵ یەکتر. کەپێگەو هێزی کورد هەم لەکەرکوکء هەم لەعێراق  لاوازترو ئیفلیج دەکات.
لەلایەکى ترەوە عەرەبء تورکمان بەشێوەیەکى رێکوپێکترو بەهێزتر لەجاران دێینە نێو هەڵبژاردنەکان ، بەبەرنامەى بەهێزترو بەیەکگرتوویی بەشداری دەکەن،  لەولاشەوە کۆسپ تەگەرە دەخەنە بەردەم کەرکوک، هەر ئەوانیش وایان کرد سەرژمێرى لەکەرکوک نەکرێتء پرۆسەکەش لەسەرجەم پارێزگاکانى عێراق دوابخرێت،  ئەوان دەزانن چۆن کورد لاواز بکەن ئەوەتا لەپاڵ کێشەکانى وەکو لیستی کراوەو داخراوو یەک بازنەییء فرە بازنەیی، مەسەلەى کەرکوکیشیان قوتکردووەتەوەو داواى یاسای تایبەت بە هەڵبژاردنی بۆ دەکەن، یان داوا دەکەن پارێزگاکە بکرێت بەچوار بازنەی هەلبژاردن کە کورد رەتى دەکاتەوەو یەک بازنەیى دەوێت.
کەرکوک هەروەکو دوعاى لێکرابێـت خێر لەخۆى نەبینێـت، هەر رۆژەو کێشەو گێژاوێکی بۆ دروست دەبێـت، ئەوەى ئەمجارەیان گێژاوی هەڵبژاردنەو نازانرێـت ئەنجامەکەى چۆن دەبێت، گێژاوێک کە خودی دەسەڵاتى سیاسی کورد دەستى تێدا هەیە..ئەمجارەش لەوە دەچێت هەڵەى گەورەتر لەجاران بکەینء ببینە هۆى دوورخستنەوەى زیاتری کەرکوک لەهەرێمی دایک " کوردستان".

 

 

Previous
Next

Leave a Reply