Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
کەمال ڕەئوف ….  لەپاش لەشکرکێشى چیتر؟

کەمال ڕەئوف …. لەپاش لەشکرکێشى چیتر؟

Closed
by March 6, 2008 گشتی

   هەرچۆنێک بێ ئەگەر بەنیوە ناچڵی و زۆرەملێەیش بووبێت، باڵى سەربازى و لایەنى توندڕەوى ترکی، توانیان ڕاى نێودەوڵەتى ”حکومەتى نیوە شەریکى کوردى لەگەڵ ئوردوگان" و تەنانەت پارتى و یەکێتیش  بەوە ڕازى بکەن،کە  هێزە سەربازیەکانى تورکیا بەناوى پاکتاو کردن و ڕاوکردن و شوێن پێچۆڵکردنى گەریلاکانى پەکەکە، سنورى نێودەوڵەتى عێراق بشکێنى و هێزە سەربازیەکانى بهێنێتە ناو کوردستانەوە، لاى تورکەکان ئەوکاتە  کارى دبلۆماسى خۆیان بەبراوەو سەرکەوتوو زانى کە توانیان ئەمریکاى دڵشکاو ودڵڕەنجاوى سەردەمى ڕوخانى بەعس ئاشت بکەنەوەو بە کارێکى وا ڕازیان بکەن، چونکە لاى ترکەکان ئاشکرا بوو کە بەبێ موبارەکەى ئەمریکاو بەبێ داگیرساندنى گڵوپى سەوزى ئەوان سنور بەزاندنى عێراق لەکاتێکى ئاوادا کە ئەمریکاییەکان بکوژ و ببرى ئێراقن و لەسەریانە کەسنورەکەى لەدەستێوەردانى دەرەکى بپارێزن، کارێکى ترسناک و ئەستەم بوو، هەر بۆیە ئەو ڕازى بوونەى ئەمریکا ئیتر بۆئەوان هەم لە ڕووى سەربازیەوە، هەم لەڕووى یاساى نێودەوڵەتیەوە گرێى وگۆڵەکانى سنوربەزاندنەکەى بۆ کەم کردنەوەو دەست کراوەى کردن لەهەر هێرشێک کەلەدژى پەکەکە بیکەن. ئەم هاوسۆزى و هەڵوێست و پشتیوانیەى ئەمریکا، هاوشێوەى ئەو هاو پشتى و هەڵوێست و تێڕوانینەبوو، کەجۆرج بوشى کوڕ، سەبارەت بە شەڕى حزبوڵاى لوبنانى و ئیسرائیل هەى بوو، ئەو دەیگوت: لێگەرێن با ئیسرائیل حزبوڵا فەنابکات و ئەو لوە سەرەتانیە لەناوچەکە لە ڕەگەوە دەرهێنێ. کەچى ئاکامى شەڕ نەک بەقازانجى ئیسرائیل نەکەوتەوەو نەى توانى ئامانجەکانى بپێکێ، بگرە بەپێچەوانەوە شکایەوەو واکەوتەوەو کە ئیسرائیل بەناچارى شەڕەکەى ڕاگرت و ئەوەش بەقازانج بۆحزبوڵا کەوتەوە.
   ئێستا ترکیا هاوشێوەى ئیسرائیل دەیەوێت شەڕى چارەنوسى خۆى لەگەڵ پەکەکە لە دەرەوەى خاکەکەى خۆى بکات، دەیەوێت تەسفیە حسابى قەیرانەکانى ناو دەسەڵات و گرفتى خۆى لەگەڵ پەکەکە لەڕێگەى بەکار بردنى هێزەوە لەشاخى قەندیل بەئەنجام بگەیەنێت! ئەمە لەکاتێکدایە  کەپەکەکە بەهەزان ئەندام و لایەنگرى ئاشکراو نهێنى لەناو ترکیادا هەیە، هەر بۆیە ئەگەر هۆیەکى سەرەکى سەرنەکەوتنى شەڕى ئەوکاتەى ئیسرائیل لەگەڵ حزبوڵا ئەوەبووبێت کە ئیسرائیل دەیویست شەڕى خۆى ولایەنەکانى تر بگوێزێتەوە ناو لوبنان، ئەوا بەدڵنیاییەوە پێش هەر کەس و لایەنێک، لایەنە سیاسى و سەربازیەکانى ترک و "دۆستەکانیشیان" لایان ئاشکرایە کە ئەم لەشکرکێشیەش چارەنوسى هاوشێوەى لەشکرکێشیەکانى ساڵانى پێشویانەو هەر لەسەرەتاوە مەحکومە بە فەشەل و دۆڕاندن، بۆیە واپێشبینى دەکرێ، کە ئەنجامدانى ئەم لەشکرکێشیە ئاخر کارتى فشارى لەدەست لایەنە سەربازیەکانى ترک هێنابێتە دەرەوە و دواى ئەوە دەبێت گوێ لە ئامۆژگارى ئەوانە بگرن، کەلایان وایە چارەسەرى کێشەکانى ناو ترکیا لەڕێگەى هێزەوە ناکرێن، بەجۆرێکى تر ئەشێ بڵێن، مادام هێزەکانى ترک ئامانجى سەرەکى خۆیان بەوە دەستنیشان کردوە کە ئەوان بۆ ئەوە سنوریان بەزاندوە تا پەکەکە لەڕەگەوە هەڵکێشن وبۆهەمیشە ئەو گرفتە لەکۆڵ خۆیان کەنەوە چونکە لایان وایە بەهیچ شێوەیەک لەنێوحەلقە و پێکهاتە سیاسیەکانى ترکیادا جێگەى ئەوان نابێتەوە، دەبێت بەو ئاکامەش ڕازى بن، کە ئەگەر هات و پەکەکە دواى لەشکرکێشیەکە باقى بوو، ئەوا سەربارى هەر زیانێکى گیانى وماڵى کە بەوان دەگات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشا هەر ئەوان براوەى شەڕەکەدەبن! بۆیە دروست وایە دواى لەشکرکێشیەکە ئەگەر پەکەکە باقى بوو، دەبێ ئەقڵى دەسەڵاتدارانى ترک لەبەرانبەر کێشەى کوردا بگوڕێ و دەست بۆ ڕێگا چارەیەکى دى بەرن بەدور لە بەکار بردنى هێز، چونکە ئاشکرایە ئەقڵى ئێستاى دەسەڵاتدارانى ترک نەک هەر تواناى چارەسەرکردنى کێشەکانى ناو دەسەڵات و کێشەى کوردیان نییە، بگرە چەند بەرابەر ئەزمەکان قوڵتر دەکەنەوە و پەکەکەش وەک هێزێکى براوە و لەبن نەهاتوو بەدنیا ئەناسێنن. 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.