Skip to Content

Tuesday, January 26th, 2021

کەمجار هەیە بیر لە خۆکوشتنەکەی پۆل سیلان نەکەمەوە! 5

Comment
by June 1, 2011 فەلسەفە


بەبۆنەی تێپەڕبوونی 41 سال بەسەر خۆکوشتنەکەی شاعیرەبیرمەند “پۆل سیلان” ەوە

لێرەوە دەمانەوێت بێینەوە سەر ئەوەی بۆ هۆلدرلین دەبێ بە یەکەم شاعیری “”چاخی شاعیران””، ئەو چاخەی بادیو لەسەر گۆکردنی ناوی هۆلدرلین ڕاماندێنێت ؟ واتە بۆ “”چاخی شاعیران”” لە هۆلدرلینەوە دەستپێدەکات؟ ئێمە پێشئەوەی بێینە سەر وەڵامدانەوەی ئەم دوو پرسیارە هەمانکڕۆکیە بەباشتری دەزانیین چەند قسەێ لەسەر بادیو و ئەم پرسیارە بکەین.
ڕاستە بادیو ترۆپکی دیتنەکانی لەبارەی ئەم چاخە و ئەمجاریش لەبارەی هۆلدرلینەوە لەوەدا چڕ و کۆدەکاتەوە کە ئەم چاخە بەسەر بوونا دەکرێتەوە. بەپێیتێگەیشتنی ئێمە دەشێ ئەم ڕاڤەکردنەی بادیو بکرێت بە پێوەرێک بۆ پەیڤین لەبارەی ئەم چاخەوە بەڵام بەمەرجێ پێویستە ئەوەشباسکرێت کە گەلێ شت تایبەت بەم بوونە لە شیعری شاعیرانی ناوبراو و یان بۆنموونە هۆلدرلین هەیە کە بادیو باسیلێوەنەکردوە. بۆیە وەستان تەنیا بەدیار ئەو ڕاڤەکردنەی بادیوەوە بێ ڕۆچوونە ناو شیعری هۆلدرلین یان شاعیرانی تری چاخی ناوبراو (جا ئەوە سیلان بێت یان پێسوا یاخودیش ماندلستام یان مالارمێ و ڕامبۆ) لەلاێ ئەمە بە بەرتەسککردنی داهێنانی شیعری ئەو چاخە کۆتای دێت و ،لەلاێتر لە ماهیەتی ئەو لکانەش ناکرێ بەجوانی بگەین کە بادیو سەرنجیدەخاتەسەر. بۆیە دەمانەوێت نەختێ لەسەر دیدی شاعیرانەی هۆلدرلین ڕاوەستین و هەندێ تەماشاکردنی سەرسوڕهێنەرانەی ئەم شاعیرە فەیلەسوفە گفتووگۆکەین.
هەروەک لایسەرەوەش ووتمان لەبەرئەوەی هۆلدرلین تیۆلۆژی خوێندووە ئەمە لە شیعرەکانیا ڕەنگدانەوەی خۆی هەیە و یەک لەڕووەکانی ئەم ڕەنگدانەوەیەش هەولەکانی هۆلدرلینە لە شیعرەکانیا بۆ باس هێنانەپێشەوە لەسەر پیرۆز (موقەدەس) ی. ئەم پیرۆزیەش تاک جەمسەر نییە و گەلێ دیوی هەیە لەوانە پێوەندی نێوان خاک و خواوەند و خواوەند و بوونەوەر. ئالێرەشەوە هایدیگەر وەک فەیلەسوفێ دێتەناوەوە. چونکە هایدیگەر لەلاێ پێویستی بەمجۆرە هاتنەناوەوەیە هەیە و ، لەلاێتریش لەبەرئەوەی ئەو باسانەی لای هۆلدرلین گەشاوە و زیندوون لای هایدیگەر لە سیسبوونەوە و نەماندان. ئاشکرایە ئەو دەمەی هۆلدرلین ئەو شیعرانەی نوسیووە گەشەی تەکنیک نەک لەئاستی ئەمڕۆ نەبووە بەلکو لەئاستی ئەو وەختەش نەبووە کە هایدیگەر فەلسەفەی بەسەر هۆنراوەکانی هۆلدرلینەوە کردووە بەڵام پێویستی هایدیگەر بە هۆلدرلین لەوێوە دێ کە هایدیگەر پێیوایە تەکنیک بوون لەبیربەرەوەیە و وەکیتریش ئێمەی بوونەوەر بوونمان بیرچۆتەوە. تەکنیک کە ئەو پێوەندیەی لەنێوان خاک و خواوەند، خاک و بوونەوەر، و خواوەند و بوونەوەر نەهێشتووە شاعیر بە هزر دەکارێ ئەم پێوەندیانە دروستکات بەڵام شێوەی دروستکردنەکە لە شاعێرێکەوە بۆ ئەویتر جیایە.
هایدیگەر هەروەک ووتمان پێویستی بە هۆلدرلین بووە وەک ئەوی هەیە نەک وەک شاعیرێ. بەلگەشمان لەسەر ئەوە ئەوەیە کە سەردەمی هۆلدرلین و بگرە دواتریش پڕبووە لە شاعیر بەڵام هایدیگەر لەناو گشت ئەو شاعیرانەی سەردەمەی هۆلدرلین تەنیا هۆلدرلین و پاشان تڕاکل هەلدەبژێرێت. ئەو پێویستیەی هایدیگەریش بە هۆلدرلین پێوەندی بەو ویستی فەلسەفاندنەوە هەبووە کە لای هایدیگەر کارابووە نەک شتێتر. واتە لێرە مەسەلەکە ویستی فەلسەفاندنی هایدیگەرە ئەم پێوەندیانەی ڕێکخستووە. ئەم ویستەش ناوەڕۆکی هەیە و لەهەندێ حاڵاتدا دەگاتە ئاستێ کە هایدیگەر لەلاێ لە بوون دەدوێت، کە ئەمە لە شیعری هۆلدرلین ئامادەیە ، و لەلاێتریش لە پیرۆزی و غەیب و خواوەند کە ئەمانەش بۆ هایدیگەر کەرەستەی سەرەکی فەلسەفەن، چونکە هایدیگەر بۆئەوەدەچوو کە ئەو فەلسەفەیەی بیەوێت لە بوون بدوێت و بیەوێت تانە لە تەکنیک و دەولەتی تۆتالیتاری بنێت، کە بوونیان تێکداوە، دەبێت بەدووی ئەو تەلیسمەدا وێل بێت کە بوون لەبیردەباتەوە. وێڕای ئەوە، هۆلدرلین کە لەڕێگای ڕێکخستنی پێوەندی نێوان خاک و خواوەند دێتەسەر پێوەندی نێوان خاک و بوونەوەر ئەم کۆششەی هۆلدرلین لەلایەن هایدیگەرەوە ڕوویتر وەردەگرێت و دەشبێت بەبناغە بۆ ووتن لەسەر هەستی نەتەوەی هۆلدرلین بۆیە زۆر کراوانە هایدیگەر باسلەوەدەکات کە هۆلدرلین شاعیری نەتەوەیە. لەو نووسینەش کە هایدیگەر لە 1930 کانا بەناوی””ماهیەتی شیعر”” نووسیویەتی بەئاشکرا لەوێ دێتەسەر بۆچوونە نەتەوەیەکانی هۆلدرلین، و ئەو کاتەی هایدیگەر هۆنراوەی “”دایکی خاک”” ی هۆلدرلین لێکدەداتەوە لەوێڕا هایدیگەر زۆر بەڕوونی ئەوەی پێوەدیارە کە چۆن بەلایەوە مەبەستە قسە لە هەستی نەتەوەی هۆلدرلین بکات. ئەلبەتە ئەم هۆنراوەیە و سروودی بۆنموونە””زارۆکەکانی ئەلپ”” ڕوخساری ئەلمانیاگەرای هۆلدرلینی بەچاکی تیا دەرکەوتووە. واشیبۆدەچین ئەوی زۆرجار هایدیگەر لەتەک هۆلدرلین یەکدەخاتەوە هەر ئەو هەستە ئەلمانیگەراییەیە کە لە بەشێ لە هۆنراوەکانی هۆلدرلین ئامادەیە. بۆیشە گەلێ لە هۆنراوە ئەوین ئامێزەکانی هۆلدرلین نەبوونە بەبابەتی توێژینەوەی هایدیگەر. هەر لەمڕوەوە دەشێ ئەوەش بێژین کە خوێندنەوەی هۆنراوەی”” یۆنانستان””-گریکلاند- ی هۆلدرلین یەک لەو هەولانەی تری هایدیگەرە بۆ دەستنیشانکردنی هزری نەتەوەی ،خۆی وتەنی ، ئەم شاعیرە بیرمەندە. بەلام بۆئەوەدەچین لکانی هایدیگەر بەمجۆرە هۆنراوانەوە شیاویێکی بۆ ووتن بۆ هایدیگەر هێناوەتەپێشەوە کە ئەم ووتنە خواستێ گەورەی فەلسەفی هایدیگەریشی لەپشتەوەبێت.
بەڵام لێرە نابێت ئەوە پشتگوێخرێت کە ئەو باسە زۆرەی لە شیعرەکانی هۆلدرلین لەبارەی سروشتەوە ئامادەیە گەلێ ڕوو و دیوی لای هایدیگەر خستۆتەوە. لەوانە باس لە نهێنینەکانی بوون، توانای شاراوەی بوون، سەرووی ئەمانە ئەو جوانییە دەرکپێنەکراوەی لە بوونا قەتیسکراوە. بەڵام هەموو ئەمانە خواوەند بیر هایدیگەر دەخەنەوە کە چەند هەلسوڕێنەری ئەم جوولە و کردانەیە(1). هەر ئەمەشە بەباوەڕی ئێمە وادەکات هایدیگەر بێتەوەسەر هۆلدرلین نەک سەر فێختە یان گۆتە. وەکیتریش ئەوەش گرینگە بووترێت کە ئەوی هایدیگەر دەیکات، واتە ڕۆچوونە ناو هۆنراوەکانی هۆلدرلین، پێکانی ویستێکە هایدیگەر لەبنڕا وێلیەتی و پێویستێکیشە بۆ هزری سەردەم. ئەمەو ئەو گەڕانەوەیەی هایدیگەر بۆ هۆنراوەکانی هۆلدرلین بەبۆچوونی ئێمە ڕاکردنیشە لەدەست ئەو تێکستە فەلسەفیە پووخت و هیچگەرایانەی هایدیگەر جاریوایە ڕێکەوتیکردووە و شتێ ئەوتۆی لێهەلنەکڕاندوە. بەکورتی، تێکستەکانی هۆلدرلین بۆ هایدیگەر وێستگەێکی پشووی فەلسەفییان پێکهێناوە ، ئەمەو ئەوە تەنیا هایدیگەرە، بەو پاشخانە فەلسەفیە ئۆنتۆلۆژیەوە، دەتوانێت ئەو جوولانە لە هۆنراوەکانی هۆلدرلینا دەستیشانکات. لە هۆنراوەکانا کە ئامادەبوون لە لوتکەدایە و پیرۆزییش ، کە خەلاتێ یەزدانیە، لەم هۆنراوانەدا بێووچان دێتوودەچێت ئەوە تەنێ هایدیگەرە دەکارێ ئەملایەنە بناسێتەوە و بیشیکات بە کەرەستە بۆ توێژینەوەکەی. بۆیە هایدیگەر دەرکی بەوەکردوە کە ئەوە تەنێ کاری شاعیرە، ئەلبەتە شاعیرێ وەک هۆلدرلینیش،  پیرۆزی ناو سروشت بدۆزێتەوە. هایدیگەر کە ڕەخنەی سەرجەم وتاری میتافیزیکی ڕۆژئاوا دەکات لەوە حالیبووە کە لەکوێ ئەو هێزە ئامادەیە کە پێیدەلێین میتافیزیک. بەڵام ئەوی لە شیعرا هایدیگەر داکۆکیلێدەکات لە فەلسەفەدا داکۆکیلێناکات. لە شیعرا کە هۆلدرلین خەریکی بەخێوکردنی پیرۆزیە ئەمە بۆ هایدیگەر شتێ بێزیانە. ئەمەش لەبەرئەوەی هایدیگەر وایبۆدەچێت شاعیر لەوبارەیەوە لێزانە و دەکارێ ئەمەبکات. بۆیە پیێمانوایە پابەندبوونی هۆلدرلین بە سروشتەوە ،کە دیمەنێ تری ئەو بێزەرەیەی شیعری هۆلدرلین نیشاندەدات، بۆ هایدیگەر نەبۆتە بابەتی ڕەخنە بەلکو بۆتە جوانکاریهێنەر (جوانکاریبەخشین).
دیاردەی سروشت بەگشتی باسێ تیۆلۆژی لای خوێنەری هۆلدرلین دەخەنەوە، چونکە وەرزەکانی سال کە لە ناخی سروشتەوە هەلدەقوولێن کارێ یەزدانیە و هێزێ میتافیزیکیشی تێدابەدیدەکرێت. ئەو جوانکاریەی بەهۆی ئەم سروشتەوە دروستدەبێت نە شتێ ڕێکەوتە و نەش ئێمە دەکارین چێیکەین. ئەم لایەنەش ئەو سێرکردنەمان لا دروستدەکات کە بلێین ئەو جوانکاریە یەزدان چێیدەکات و تەنێ ئەو لەم چێکردنە تێدەگات. جا لەبەرئەوەی سروشت هەیە بۆیە جوانکاری هەیە. ئێمە پێیمانوایە لەژێرسایەی ئەو هزرە لاهوتییە مرۆڤ بەو جۆرە خەیالە دەگات کە بوونی سروشت جوانکاری هێنەرە کە لەخودیخۆیدا لە دیدە شیعریەکانی هۆلدرلین دا تائەوپەڕی ئامادەن. بۆنموونە لە هۆنراوەی “”هەروەک لە ڕۆژی جەژن”” دا ئەو هزرە بەجوانی خۆی دەرخستووە. چونکە لەوێڕا هۆلدرلین لە خەمی جووتیارێ ئەلمانیدایە کە لە ڕۆژی جەژندا بەنێو کێلگەکەیدا پیسادەکات و بەرووبومەکانی بەسەردەکاتەوە. ئەو وێنە شیعریانەی لەو هۆنراوەیەدا ئامادەن ئەوەش دروستدەکەن کە لە ڕۆژی جەژنا یەزدان لە مرۆڤەوە نزیدیکە. ئەم نزدیکبوونەوەیەش تەنێ شیعر دەکارێ بینەخشێنێت. چونکە تەنێ شیعر، ئەلبەتە شیعرێ وەک شیعری هۆلدرلین کە بنەماێ تیۆلۆژی هەیە، دەکارێت دلی ئەو جووتیارە خۆشکات کە کێلگەکەی لەژێرسایەی ئاسمان پارێزراوە. بەلام ئەو بەرووبومەی ئەم جووتیارە پیاسەی تیادەکات لەبەرئەوەی چاوی خواوەندی بەسەرەوەیە هەچ ئافاتێکیش لێبا سەرلەنوێ دەکرێت بژێتەوە، بۆیە ئەم جووتیارە کەیفخۆشە کە گێلگەکەی لەژێرسایەی خواوەندا دا پارێزراوە.
سروشت ئەوەندە جێیئاوڕدانەوەی هۆلدرلینە دەکرێ بووترێ زۆربەی ئەو لکانەی بادیوش باسیلێوەدەکات ،کە لەگەل هۆلدرلین دێتەدونیا و چاخێکیش پێکدێنێت ، کرۆکی ئەو فەلسەفەیەش دیاریدەکات کە بەو شیعرەوە دەلکێت. خودی لکانی هایدیگەریش بە هۆنراوەکانی هۆلدرلین لەمڕوەوە باشترین ئارگومێنتن. چونکە هایدیگەر لەکاتی ووتن لەبارەی هۆنراوەکانی هۆلدرلینەوە فەلسەفەێ تایبەت بە شیعر دروستدەکات کە کاریگەری میتافیزیکی هۆلدرلینی بەووردی تیابەدیدەکرێت. هۆلدرلین کە ڕاستیەکانی ناو بوون وەک ڕاستیهایەکی یەزدانی و میتافیزیکی باسدەکات هەروەها جەغتێ زۆریش لە ووتنە خواوەندیەکان دەکات هایدیگەر تەماشاکردنی فەلسەفی خۆی بەو دیتنە شیعریانەی هۆلدرلین دەلکێنێت. 
بۆیە بادیو کە باس لە هۆلدرلین دەکات وەک دروستکەری چاخێ، وەک نوێنەری قۆناغی لکانی شیعر بە فەلسەفە، دەبایە باس لەو لایەنانەشکات کە بە هایدیگەرەوە تایبەتن یان ئەو لایەنانەی ئێمە لایسەرەوە باسمانکردن. چونکە بیرکردنەوەکانی هایدیگەر لەکاتی لێکدانەوەی شیعرەکانی هۆلدرلین زۆر لەو لێکدانەوانەوە جیایە هایدیگەر بۆ هزری فەلسەفی هۆسڕەل و کانت یان نیچەی کردووە. بۆیە بادیو دەبایە لە لێکدانەوەی لکانی شیعر بە فەلسەفە ئەو ڕووانە باسکات کە بە تێگەیشتنی هایدیگەر ،لەبارەی دۆزی فەلسەفە لە شیعرا، تایبەتن. چونکە لەڕێگای ئەوی هایدیگەر لەبارەی هۆلدرلینەوە نووسیویەتی دەکرێت لەوەبگەین کە لە فەلسەفەی سەردەمدا بە لکانی نێوان فەلسەفە و شیعر ناودەنرێت. ئەم لکانە وەک دیارە تەمەنی درێژنەبووە بەڵام بۆ فەلسەفە بەپیتبووە. چونکە وایدەبینین شیعر لەڕێگای ئەم لکانەی بە فەلسەفە بەشێ لە دید و دیتنەکانی خۆی گەیاندۆتە ناو فەلسەفەوە. ئەو کارتێکردنەش مرۆڤ بەووردی دەرکیپێدەکات کاتێ نووسینی بۆنموونە “”ماهیەتی شیعر”” ی هایدیگەر دەخوێنێتەوە.
گەر ڕوونتر بمانەوێت بدوێین بۆ ئەو مەبەستە دەگەڕێینەوە سەر بادیو و “”چاخی شاعیران”” و لایخوارەوەش بەوجۆرە دەستپێکەین کە ئەو ڕوونکردنەوەیە بەدەستەوەبدات :
بادیو دامەزرێنەری ئەو گفتوگۆیەیە کە لە نێوەندە فەلسەفیەکانا بە پێکهێنانەوەی فەلسەفە ناودەبرێت ، ئەو گفتووگۆیە کە لەسەر چەند پایێک وەستاوە (ماتماتیک، سیاسەت، ئەوینداری، شیعر) یەک لەوانە لکانی شیعرە بە فەلسەفەوە کە بەباوەڕی بادیو ئەو هەلومەرجانە دروستدەکەن کە فەلسەفە پێکدێنێت بەڵام لەمیانەی گفتووگۆکەدا دەرکبەوەدەکرێت کە فەلسەفە تەنێ لەڕێگا ئەم هەل و مەرجەوە، واتە تەنیا شیعر، ناێتەپێکهێنان بۆیە بادیو پاشئەوەی بانگەشەی کۆتای چاخی شاعیران دەکات قامک لەسەر ئەو ڕاستیەش دادەنێت کە فەلسەفە دەبێت لە شیعر بکرێتەوە. پێش ئەم لێکردنەوەیەی شیعر لە فەلسەفە دەمانەوێت وەگۆهێنانێکی ئەو بۆچوونانە بادیو ڕووخەین کە ناوبراو لەسەر هەندێ لەو لایەنە هەیەتی کە لایسەرەوە ئاماژەیپێکرا.
سەرەتا دەمانەوێت بێینەسەر ئەوەی کە بادیو سەبارەت بە هایدیگەر دەیخاتەڕوو کە بۆ ئێمە وەک دەرخستەیێ سەیر خۆیدەردەخات چونکە بادیو لەوێدا باس لە ناتەبای نێوان شیعر و ماتماتیک دەکات هەروەها ئەم ناتەباییەش بە ناتەبایی نێوان خود و بابەت ئەشوبهێنێت. بەڵام بادیو پێیوانیە کە پێوەندی نێوان شیعر و ماتماتیک لە چاخی شاعیرانا بەوجۆرە بووبێت. واتە شیعر و ماتماتیک هێندە دژی یەکنەبوونە. جا ئەوە لای مالارمێ بێ یان ڕامبۆ یانیش لۆتریامۆن تەنانەت پێسواش (2). بەلام ئەو پێوەندیەی شیعر و ماتماتیک بەیەکەوە دەبەستێت ویستێ نیهلیستی دروستکرد کە بەباوەڕی ئێمە لە شیعرا ڕەنگدانەوەی خۆی هەبووە. ئەوی لەمڕوەشەوە سەرنجڕاکێشە بۆچوونێکی بادیوە کە دەلێت: شاعیرەکان پتر لە ماتماتیکەرەکان دەبێت ئەوە بزانن کە بابەتی ماتماتیکی بوونی نییە (3).
لەڕێگای ئەو ڕاڤەکردنە چڕ و پووختەوەی بادیو لەبارەی لکانی شیعر بە فەلسەفەوە نووسیویەتی واهەستدەکەین کە بادیو باوەڕی بە پێکەوە لکانی شیعر بە فەلسەفە هەیە بەڵام ئەو باوەڕەی ڕێئەوەی لێنەگرتووە بەو دیتنەش نەگات کە گشت پێکەوەلکانێ زێدەڕۆی دروستدەکات. بەڵام ئەم لێرە مەبەستی تەنیا لکانی شیعر نییە بە فەلسەفە بەلکو گشت جۆرەکانی لکانە جا ئەوە ماتماتیک بێت بە فەلسەفە یان ئەوین بەفەلسەفە یاخودیش سیاسەت بە فەلسەفە. بادیو ئەم بینینەی خۆی لەسەر بناغەی ئەو ئارگومێنتە دادەمەزرێنێت کە کاتێ فەلسەفە دەلکێت بەیەکێ لەو لایەنانەی ناویانهات ئەوا ئەو لایەنە کاریگەری خۆی لەناو فەلسەفە دادەنێت. خۆی ئەمە زۆر ڕاستە و فەلسەفە لەمبارەیەشەوە باجی چاکیداوە. بۆنموونە لکانی فەلسەفە بە سیاسەت گەرایێ سیاسی سەیری لەناو فەلسەفە دانا، یان لکانی فەلسەفە بە سیاسەت بەتایبەت لەو دەمەی سیاسەت مارکسی دەبێت سەرتاپای فەلسەفە لە سیاسەت و مارکسیزم نقوومکرا. ئەمەو تادەگاتە سەر لایەنەکانی تر لەوانە شیعر یان خۆشەویستی. بۆنموونە دیمان کە چۆن شیعر فەلسەفەی قۆرخکرد و یان چەند ئەوین لەڕێگای شیکردنەوەی دەروونیەوە دەستی بەسەر فەلسەفەدا کێشا.
سەرباری ئەوی ووترا ئاماژە بۆئەوەش دەکەین کە خوێنەری کتێبی “”مانیفێست بۆ فەلسەفە”” ەکەی بادیو دەکارێ بەو سێرکردنەش بگات کە چۆن بادیو جەغت لەو لایەنە دەکات کە هایدیگەر کاری بۆئەوەکردووە شاعیران و بیریاران لەتەکیەکڕا کۆکاتەوە. ئەم کۆکردنەوەیە کە دەسەلاتێک پێکدێنێ تەنیا شاعیران و بیرمەندان پێکەوە سازیدەکەن ، ئەلبەتە ئەمە هەر ئەو خەونەش بووە شاعیریێکی فەڕەنسی وەک ڕونیێ شار دەیبینی. ئەم کۆکردنەوەیە کە بەرهەمی لکانی فەلسەفەیە بە شیعرەوە ماهیەتی ئەو چاخە پێکدێنێ کە بادیو ئەندازیاری بەسەرەوە دەکات. چاخی شاعیران کە فەلسەفە پێکهێنەرە بەجۆرێ ئالۆز و گومڕا لەلایەن بادیو وە دەنەخشێندرێت. واتە بەرهەمە شیعریەکان وەک بەرهەمێ هزری تێیاندەڕوانرێت. ئێمە بەخۆمان پیێموانیە پێسوا، مالارمێ، سیلان یان پێش ئەوانیش هۆلدرلین ئەوە نەبووبێتن بەڵام بادیو بەووردی ئەوە ڕوونناکاتەوە چۆن هزری شیعری یان هزری جوانکاری هزری فەلسەفی بەرهەمدێنێت؟ و تەنانەت ئەوەش بەقوولی شیناکاتەوە کە بۆ ئەم چاخە سەرلەبەر وون بوو؟ یان بۆ “”چاخی شاعیران”” لە گەشە کەوت و پایانیپێهات؟ لەبەرئەوەی بادیو گرینگیێ زۆر بەم چاخە دەدات بۆیە پێویست بوو بەووردی کۆتایهاتنی ئەم چاخە ڕوونکاتەوە و ئەوەش بەرباسخات کە چەند بەزیانی هزری فەلسەفی کەوتەوە و چەندیش خودی هزری شیعریش کە لە فەلسەفە دادەبڕدرێت زیان لێکەوتوو دەبێت.
ئەوی کە نەووترا لایسەرەوە سەبارەت بە “”چاخی شاعیران”” کە پیێمانوایە لە ووتنەکانی بادیو ش دا وونە ئەوەیە کە چاخی شاعیران بە شیعری ئەلمانی (واتە هۆلدرلین) دەستبەکاردەبێت و بە شیعری ئەلمانیش(واتە سیلان) کۆتایپیێدێت. ئەمە کە بەخۆی ماناێ هزری گەورەی هەیە پێوەندیێ زۆری بە کەلەپووری هزری ئەلمانیشەوە هەیە. چونکە توانای هزری ئەلمانی لە سێ سەدەی ڕابردوودا لە جیهانا لە توانای هزری یۆنانی سەردەمی پێش و پاش سوکرات کەمتر نییە. ئەم هزرە ئەلمانیە کە هێجگار مانای بۆ فەلسەفەی ڕۆژئاوا هەبووە بۆ تێڕامان لە ویستە فەلسەفیە جیاجیاکانی ڕۆژئاوا بابەتێ سەرەکیشە. ڕاستە ویستی فەلسەفاندن لەو سێ سەدە ئەلمانیە وەکیەک نەبووە بەڵام شتێ سەرسووڕهێنەرانە نیە گەر بلێین فەلسەفەی ڕۆژئاوا بێ ئەو سێ سەدەیە نەیدەتوانی بەو هێزە لە فەلسەفەکردن بگات کە ئەمڕۆ پێیگەیشتووە. بەلێ بەشێ لە فەلسەفەکردنەکانی ئەو سێ سەدەیە جارجار دەشێ وەک ئاستەنگ لەبەردەم خودی فەلسەفاندنیش سێرکرێن یان بەشێ لە ویستە فەلسەفیەکان وەک گورزێ تەماشاکرێن کە لە فەلسەفە بەگشتی دراون بەتایبەت لەو شوێنانەی فەلسەفە دەرگای بۆ هەندێ ویستی ناڕاسیۆنالی و هیچگەرا و سینیست خستۆتەسەرپشت بەڵام بەسەریەکەوە فەلسەفەی ڕۆژئاوا لەماوەی بیست و پێنج سەدەی ڕابردوو دەکرێت بووترێ تاوێ بە ئەلمانی هاتۆتەگۆ. ئەم ووتنەی ئێمە بەخۆی جۆرە تەئویلکردنێکی ترە بۆ ئەو تێگەیشتنە فەلسەفیەی هایدیگەر کە خۆی بەمجۆرە بەیاندەکات: فەلسەفە یۆنانی دەپەیڤێت. بەلێ فەلسەفە یۆنانی دەپەیڤێت بەڵام نەک لە ئێستادا. واتە، فەلسەفە لەئەمڕۆدا لەسەر فەلسەفەی نوێی یۆنانی ناژیت بەلکو چ فەلسەفەی نوێی ڕۆژئاوا و چش فەلسەفەی نوێی یۆنانی هەردوو لەسەر فەلسەفەی کلاسیکی یۆنانی ،پێش سوکرات و پاش سوکرات ،دەژین. ئاشکرایە، مندالدانی فەلسەفە یۆنانییە بەڵام دەمێکە فەلسەفەی ڕۆژئاوا لەوەکەوتووە کە هزری فەلسەفی یۆنانی ڕابەڕایەتیکات (لێرە مەبەست لە فەلسەفەی یۆنانی نوێیە). بەواتاێ بەرینتر، ئەو دەمەی کتێبە فەلسەفیە سەرەتایەکان دەکەینەوە دەبینین ئەم کتێبانە بە بیری بیرمەندانی یۆنانی دەستپێدەکەن و خودی مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاواش ،گەر گشت جیهان نەلێین، هەر دەستپێکێ یۆنانی هەیە بەڵام لەئێستادا هزری یۆنانی نە ئەوەندە بەبڕشتە و نەش هیچ کاریگەرێکی بەسەر مێژووی فەلسەفەی هاوچەرخەوە هەیە. ئێمە لەوەبەئاگاین دەربازبوون لە هزری یۆنانی مەحالە بەڵام ئەوەی پێیدەلێن فەلسەفەی نوێ و پاش نوێی ڕۆژئاوا هیچ کاریگەریێکی فەلسەفەی تازەی یۆنانی پێوەدیار نییە و ،ڕەنگە هەواداران و توێژەرەوانی فەلسەفەش لەگشت شوێنی لەم گەردوونە لەو ڕاستیە بەئاگابن کە  ئێمە پیێداگیری لەسەردەکەین. مەبەستمان بەهەندوەرگرتنی فەلسەفەی یۆنانی شتێ بەرچاوی و بێگومانە بەڵام ئەو فەلسەفە یۆنانیەی بناغەی بۆ ویستی فەلسەفی دانا لە نەشونماکەوت و بیریار و ڕوناکبیرانی یۆنانی هاوچەرخ نەیانتوانی بڕەو بە هەمان ئاڕاستە بدەن و فەلسەفەی ڕۆژئاوا و جیهانیش قەرزاری خۆیانکەن. هەروەک هەموومان دەزانین کە پرسیارە سەرمەدی و جەوهەریەکانی فەلسەفە تائەمئێستاش یۆنانین و فەلسەفەی نوێش بێ ئەو پرسیارانە ناکارێ یەک مەتر ڕێکات بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بۆ فەلسەفەی یۆنانی لەوەکەوت پرسیاری ماهیەتدار و بووناوی بەرهەمبهێنێت؟ بەباوەڕی ئێمە هۆ زۆرن کە دەکرێت لەمڕوەوە پۆلکرێن بەڵام گرینگترینیان ئەمانەی لایخوارەوەن:
فەلسەفەی یۆنانی کۆن کە چرکەی ترۆپکی فەلسەفەی ڕۆژئاوایە ،گەر نەلێین گشت مرۆڤایەتییە، لە بار و دۆزێ سەرسوڕهێنەر لەدایکبوو. لەلاێ دەرکەوتنی شار و دروستبوونی تاک و لەلاێتر بەربڵاوی دیسپۆتیزم (جەور و ستەم) کەواتە هەموو ئەم لایەنانە مانایان بۆ ئەم لەدایکبوونە دی. لەوانەش بەدەر دەکرێت باس لە ڕۆلی بێوێنەی تاک کرێت کە کۆششی بۆ تێڕامان لە دیاردەکانی ناو بوون و ژیان دەکرد. واتە دەرکەوتنی کەسانێ بلیمەت و هزرڕیزپەڕ کە بیری ئەو دەمەی خۆیانیان قۆرخکرد. ئەم قۆرخکردنە کە ماهیەتداربوو بە بەدەستەبژێرکردنی بیریاریی کۆتایهات کە ئەمەش پرسیار و تێڕامان و سێرکردنی تازە و بێوێنەی بەرهەمهێنا کە توانیان مێژووێک بۆخۆیان تۆمارکەن. واتە، دەستپێشخەری یۆنانیەکان لەبەرزکردنەوەی پرسیارە هەرە جەوهەردارە هیۆمانی، ڕەوشتی، جوانکاری، کۆسمۆلۆژی (گەردووناوی) و سیاسی و زانستییەکان زەمینەی بۆ ویستێ هێنایەکایەوە کە تەنیا لەڕێگا دانای و زانینەوە دەشێ مرۆڤ لە خۆی و ئەویتر و دەوروبەری بگات. کردەی دانایی (حیکمەت) کە یۆنانیە بەردی بناغەی بۆ پرسیارکردن و گەڕان بۆ دۆزینەوەی وەڵامی گونجاو و کۆنکرێت دانا. ئەم چەند دێڕە گەر بەس بێت بۆئەوەی وێنەێ لەسەر دۆزی فەلسەفەی یۆنانی کۆن بنەخشێنرێت ئەوا ئێستا دەمانەوێت لەڕێگا وێنەێترەوە ئەوە بنەخشێنین کە چۆن فەلسەفەی یۆنانی هاوچەرخ تەنیا لەسەر پرسیار و ڕامانە کۆنەکانی فەلسەفەی ئەنتیک دەژیت کە سەکۆێ هزرینی بۆ فەلسەفەی گەردوون دروستکرد. هەروەک پێشتریش ووتمان، نەک هەر فەلسەفەی ڕۆژئاوا لەسەر فەلسەفەی یۆنانی کۆن بەلکو خودی فەلسەفەی یۆنانی تازەش لەسەر ئەم فەلسەفە کۆنە مشەخۆرە. ئەم مشەخۆریەی فەلسەفەی یۆنانی تازە لەسەر فەلسەفەی یۆنانی کۆن تائەو شوێنە ئاساییە کە فەلسەفەی یۆنانی تازە پێویستی بە دەمووەردانە لە پرسیارە ئەبەدی و جەوهەریەکانی فەلسەفە بەڵام لەوەولا فەلسەفەی یۆنانی تازە وەک گشت فەلسەفە تازەکانی تری ڕۆژئاوا شتێکی ئەوتۆی خۆی نییە کە گەشەیپێبدات و ڕێچکەی خۆی پیێدەستنیشانکات. ئێمە گەر تەماشای فەلسەفەی ئەم دوو سێ سەدەیەی پێشووی ڕۆژئاوا بکەین هەستدەکەین گشت یەکێ لە ولاتانی ڕۆژئاوا بەتایبەت ئەوانەی بەشداری بەرچاوییان لە بوونیادنانی فەلسەفەی ڕۆشنگەری هەبووە ( فەڕەنسا، ئینگلیستان، ئەلمانیا و ئیتالیان ) ناسنامەێ دیاریکراوی فەلسەفی خۆیانیان هەبووە و هەریەکەشیان تابلێی لەلایەن خۆیەوە بەرهەمهێنەر و کاریگەربووە بەڵام یۆنانستان لەمبەینەدا تابلێی شوێنی بزرە و ناکاریگەریشبووە. ڕاستە ئەو وڵاتانەی تاوێ پێش ئێستا ناویان خرایە نێو دووکەوانەوە گەرووی فەلسەفیان یۆنانی بووە بەڵام ئاواز و دەنگی خۆیان هێجگار تێکەل بەو گەرووە کردووە بۆیە لەئەمڕۆدا زۆرئاسایە باس لە ناسنامەێ فەلسەفی فەڕەنسی یان ئینگلیزی و ئەلبەتە ئەلمانیش کرێت. ئەم ناسنامانەش کە ویستێ دیاریکراویان بۆ فەلسەفاندن بەرهەمهێناوە ویستی یۆنانی بێ ناوە. هۆیئەوەش ڕوناکبیرانی یۆنانی تازە لەوەبونەتەوە هزر بەرهەمبهێنن شانبەشانی هاوڕێ ڕۆژئاوایەکانیان بۆئەوە دەشێ بگەڕێتەوە کە تاکی ڕوناکبیری یۆنانی تازە ناچالاکە و توانای گەڕۆکی نەماوە.  مەبەستمان لاوازی دانای ڕوناکبیرانی تازەی یۆنانی گرفتێکە بە کەسی یۆنانی خۆیەوە تایبەتە نەک کەسێ یان شتێ ترەوە. لەبەرئەوەش کە فەلسەفاندن کردەێ تاکی پووختە ئەم نووشستیەی هزری یۆنانی تازە تێیکەوتووە تەنیا دەکرێت بۆ گرفتی تاکی یۆنانی خۆی بگەڕێندرێتەوە کە توانای ئەفراندن و تێهزرینی نەماوە، یان هیچ نەبێت نە لەسەر ڕەوتی دراوسێکانی و نەش لەسەر ڕەوتی باوباپیرانی دەکارێ بەشداری لە ئەفراندنی فەلسەفیدا بکات .
دوای ئەو نەختە وەستانە لەسەر بۆیەتی لاوازی بەشداری فەلسەفەی نوێی یۆنانی لە فەلسەفەی هەنووکەی ڕۆژئاوا دەگەڕێینەوە ئامێزی دوا قسەکردنەکانمان لەبارەی بادیووە.
ئەوی لەمیانەی ئەوی لایسەرەوە ویسترا بوترێت ئەوەبوو کە ئەو ڕەوتەی سیلان لەسەری ڕۆشت زۆر کاریگەربوو بۆ هاتنەپێشەوەی دەمەتەقێ لەسەر لکانی فەلسەفە بە هەل و مەرجی شیعرییەوە. ئەم هەلو مەرجە کە شیعرەکانی سیلان مانای پیێداوە لای بادیو دەبێت بە ترۆپکی قسەکردنەکانی لەبارەی تێمای لکانی فەلسەفە بە شیعرەوە. ئەم لایەنە کە لەمیانەی نووسینەکە ڕاڤەکردنی لەبارەوەکرا لە بۆچوونی بەشێ لەو فەیلەسوفانە دانەبڕدرا کە بە لکانی فەلسەفە بە شیعرەوە خۆشحالن. بادیو کە لەژێر لێوەوە ئەو مەسەلەیەی ڕوخستووە (واتە دیدی فەیلەسوفانی تر بۆ سیلان) بۆ ئێمە بوارێ بەپیتبوو بۆ یادکردنەوەی گەلێ ڕووداو و دیاردەی ڕوناکبیری لەوانە : بۆچوونی دێریدا و لاکۆ-لابارت لەبارەی شیعری سیلان و بەجووبوەنەکەی و ،هەروەها ووتنی هایدیگەر وەک فەیلەسوفی شاعیران لەبارەی یەکێ لە شاعیرانی چاخی شاعیران (واتە هۆلدرلین) و دەستپێکەری ئەم چاخە و، هەروەها گفتووگۆکردنی ئەو لایەنانەش کە پێوەندی بە بێدەنگی هایدیگەرەوە لەبارەی شیعرگەرایی سیلانەوە هەیە. کەواتە ئەوی بادیو نەیکردبوو بە بابەتی تێڕامان و ڕاڤەکردن ئێمە لایسەرەوە کارمانبۆئەوەکرد لەو ڕوەوە دەستبەکاربین.


ماویەتی…..


پەراوێز و سەرچاوەکان:
1.داوا لە خوێنەر دەکەین بەخۆی بڕوانێتە ئەم دوو هۆنراوەیەی هۆلدرلین کە لایخوارەوە ئاماژەیپێکراوە کە گەلێ لەو وێنانەی تیابەدیدەکرێن کە لە ڕوونکردنەوەکەماندا ئاوڕمانلێداوەتەوە:
Germanier، der Rhein
2. بڕوانە کتێبی “مانیفێست” ی بادیو لا 45 ، نوسخەی ڕووسی کە پێشتر لایسەرەوە ئاماژەی پێکراوە.
3. بڕوانە هەمان سەرچاوەی پێشوو، لا 46.

Previous
Next

Leave a Reply