کەڤالی باران …. کەژاڵ عەلی
راوەدووی بای دەنا
پێلاوەکەی لە قۆرتی باخچەدا
لێ جێ ما
باران
…
،،،،،،
شەری گەردوون دەکەم
بەس هی تۆم پێ ناکرێ
چون وەک باران
لە چاو ترووکاندنێکدا
شەلالم دەکەی بە دەسرێژی
لەزەت
،،،،،،
کە دێمە بەر نمەی شەرەکانی تۆو
مۆسیقای خورەی ئەو
لە خەونێکی ئەرخەوانی یاخی یەوە
دەبم بە پلینگێکی چنگ بە بارانی
عاشق
دێم بۆن بە رووحتەوە دەکەم
،،،،،،
باران
پێ یەکانی تەزین
بە دیار چەپلە بارگاوی یەکانی هەورەوە
دەستی سری کانوونەکانی گرتووەو
هەلدەپەرێ
،،،،،،
وەک دلم لای ئەو بێ
سەری بە کەڤالی هەنسکم کردووە
باران
،،،،،
منالیم
سێریز تریقانەوەی بارانی دەهۆنی یەوە
تەر نەدەبوو
گەورەییم لەبەر تەوژمی
بێئومێدی تافاو
بە تەنیا دانی وشک دەچێتەوە
،،،،،،
سەرم پر بوو لە جریوە
دەنووک لە گۆی ئیحساسم گیر دەکا
باران
،،،،،
ئەوەندە دێتە بەر پەنجەرەکەم
قەتر قەترە
دەترسم دلم
لە نهۆمی حەوتەمی باوە
بکەوێتە باوەشی سیناریۆی
بارانەوە