گرێبه‌سته نه‌وته سه‌ربه‌خۆکانی کوردستان و ناڕه‌زایی ئه‌مه‌ریکا
١. سه‌ره‌تا
حکومه‌تی ئه‌مه‌ریکا ناڕه‌زایی خۆی له به‌رامبه‌ر ئه‌و گرێبه‌سته نیشانداوه که له نێوان کوردستان و تورکیا و کۆمپانیای ئێکزۆن مۆبیل بۆ به‌رهه‌م هێنانی نه‌وت به‌دی هاتووه. به پێی گرێبه‌سته‌که، نه‌وتی کورد ده‌گه‌یه‌ندرێته بازاڕی جیهانی له ڕێگای دروستکردنی بۆڕی نه‌وت که به خاکی تورکیا دا تێپه‌ڕ ده‌بێ و ده‌گاته که‌ناره‌کانی مێدیته‌رانه. ئه‌م گرێبه‌سته‌ش به بێ ئاگاداری حکومه‌تی عێراق ئه‌نجام دراوه.
جێگای سه‌رنجه که ئه‌م ناڕازی بوونه‌ی ئه‌مه‌ریکا له‌گه‌ڵ ئه‌و جموجۆڵه ئابوری و سیاسییانه‌ی له ناوچه‌که‌دا هه‌یه‌تی یه‌کناگرێته‌وه. ناڕ‌ه‌زاییه‌که له کاتتێکدا دێت که کۆمپانیای زه‌به‌لاحی نه‌وتی ئه‌مه‌ریکایی، وه‌کو ئێکزۆن مۆبیل و شێڤرۆن، له کوردستاندا ده‌ستیان به کاری به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت کردووه. ئه‌م کۆمپانیایانه قانزانجی چاوه‌ڕوانکراوی فراوان له ده‌ست ده‌ده‌ن گه‌ر بێت‌و کاره‌کانیان له کوردستان پێبوه‌ستێندرێ.
له ڕووی سیاسییه‌وه، ئه‌مه‌ریکا له ناوچه‌که کار له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌کی ستراتیژیی مه‌زن ده‌کات. ئه‌م ستراتیژییه مه‌زنه گۆڕینی داینه‌مۆی سیاسیی ناوچه‌که له خۆ ده‌گرێ که ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا گه‌ڵاڵه بوونی ده‌سه‌ڵاتی به‌هێزی کوردی له‌گه‌ڵ خۆ دا ده‌هێنێ. به‌رجه‌سته بوونی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی چاوه‌ڕوانکراوی کوردی هه‌ر ئێستا له به‌شه‌کانی باشور و باکور و خۆرئاوای کوردستان ده‌رک پێده‌کرێ. ئه‌م ده‌رئه‌نجامه خۆسه‌پێنه‌رانه‌ش له ڕاستی دا له ژماری ستراتیژیی ئه‌مه‌ریکا دا به باشه سه‌یر ده‌کرێن. ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ی که ئه‌مه‌ریکا له‌گه‌ڵ کوردستانی سه‌ربه‌خۆی له‌ڕێدا به‌رژه‌وه‌ندی ئابوری و سیاسی و ئاسایشی هاوبه‌شی فراوانی هه‌یه. ئه‌م به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شانه له‌وه‌وه سه‌رەچاوه ده‌گرن که ئه‌مه‌ریکا و کوردستان هاوپه‌یمانی باوه‌ڕپێکراون له ڕواندنی باری سیاسی و ئاسایشی داهاتووی ناوچه‌که به‌ره‌و ئاقارێک که هه‌م ئاشتییانه و هه‌م ڕۆژئاواخوازانه بێ. بۆ نمونه، هه‌ردوو لا به‌رژه‌وندی هاوبه‌شیان هه‌یه له ڕه‌واندنه‌وه‌ی توندڕه‌ویی ئیسلامی که مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاره‌زومه‌ندی به‌ده‌وڵه‌تبوونی کوردی و وبه‌رژه‌وه‌ندی ئاسایشی وڵاته ڕۆژئاواییه‌کان له وانه به‌تایبه‌تی ئیسرائیل هه‌یه.
بۆیه له ماوه‌یه‌کی درێژخاندا، په‌ره‌سه‌ندنی ده‌سه‌ڵاتی کوردی به دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردی ده‌بێته به‌شێک له ستراتیژی سیاسیی ئه‌مه‌ریکا له ناوچه‌که. به‌ڵام له ماوه‌یه‌کی که‌مخایانی نزیک دا، له‌وه ناچێ ئه‌م تێکردنه‌وه سیاسیانه تۆکمه ببن.
٢. ناڕه‌زایی ئه‌مه‌ریکا
سه‌ردانی ئه‌م دواییه‌ی به‌رپرسه باڵاکانی تورکیا بۆ ئه‌مه‌ریکا تا ڕاده‌یه‌ک ڕۆشنایی ده‌خاته سه‌رهۆکاری سیاسه‌تی هه‌نووکه‌یی ئه‌مه‌ریکا له نیشاندانی ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر به گرێبه‌سته‌که. سه‌رۆک وه‌زیران به‌ڕێز ئۆردوگان و به‌رپرسانی تری تورکیا بۆ به‌ده‌ست هێنانی پشتگیری ئه‌مه‌ریکا بۆ گرێبه‌سته‌که کۆمه‌ڵێک دانیشتنیان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریکا ئه‌نجام دا. وه‌زیری وزه و سه‌رچاوه سروشتییه‌کانی تورکیا به‌ڕێز تانه‌ر یه‌ڵدزئاشکرای کرد که حکومه‌تی ئه‌مه‌ریکا له‌وه نیگه‌رانه که تورکیا له‌سه‌ر ئاستی ده‌وڵه‌ت بۆ په‌ره‌پێدانی نه‌وت و گاز له کوردستانی عێراق ده‌ست به‌کار بووه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش، وه‌زیری ناوبراو ڕه‌خنه‌ی گرت که ئه‌م ناڕه‌زاییه له کاتێک دا دێت که ١٩ وڵات و ٣٩ کۆمپانیا له کوردستانی عێراق پێشتر بۆپه‌ره‌پێدانی نه‌وت ده‌ست به‌کار بوونه. وه‌زیر زیاترپێداگری کرد که له دۆخێکی وادا “چۆن چۆنی ده‌ستوری عێراق له لایه‌ن ئه‌و وڵاتانه‌وه پێشێل نه‌کراوه به‌ڵام له‌لایه‌ن تورکیاوه پێشێل کراوه”. 1
له دووتوێی ئه‌م خاڵه ناکۆکانه‌ی له نێوان به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریکا و تورکیا ئاماژه‌ی پێکرا، ده‌توانین چه‌ند ئاکامێک له‌مه‌ڕهۆکاری ناڕه‌زاییه‌که‌ی ئه‌مه‌ریکا له ئاست گرێبه‌سته نه‌وته‌که‌وه به‌ده‌ست بهێنین.
٢.١. پارچه پارچه بوونی عێراق
یه‌که‌م، حکومه‌تی ئه‌مه‌ریکا له‌وه نیگه‌رانه که له داهاتووه‌کی نزیکدا عێراق پارچه پارچه ببێت و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستان دابمه‌زرێ و ئه‌مه‌ش ببێته هۆی ناسه‌قامگیری زیاتر له عێراق. ئه‌مه‌ش به‌م چه‌شنه که گه‌ر بێت‌و گرێبه‌سته‌که‌ی وزه به‌ره‌و پێش بچێت، ئه‌وا کوردستانی عێراق سه‌ربه‌خۆیی ئابوری به‌ده‌ست ده‌هێنێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا کوردستان ده‌توانێ قه‌واره‌ی سیاسیی خۆی تۆکمه بکات به هۆی ئه‌و جموجۆڵه ئابورییه گرنگانه‌ی که له‌سه‌ر ئاستی ده‌وڵه‌تی و ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا به‌ئه‌نجامیان ده‌گه‌یه‌نێ. هه‌ربۆیه کوردستان ده‌توانێ له داهاتووه‌کی نزیکدا به کردار ده‌سه‌ڵاتی پێویست له‌سه‌ر ئاستی سیاسی و ئابوری به‌ده‌ست بهێنێ که سه‌ربه‌خۆییه ‘دیفاکتۆ'( otcaf ed)که‌ی به سه‌ربه‌خۆیی ‘دی یوره‌ی’ (jure de) بگۆڕێ. هه‌ربۆیه ناڕه‌زاییه‌که‌ی ئه‌مه‌ریکا ده‌لاله‌ت له ناڕازی بوونی ئه‌مه‌ریکا ده‌کات به‌رامبه‌ر به سه‌ربه‌خۆیی دی یوره‌ی کوردستان که له داهاتووه‌کی نزیکدا به ئه‌نجام بگات.
به تێڕوانینی ئه‌مه‌ریکا، دامه‌زراندنی کوردستانی سه‌ربه‌خۆ له کاتێکی وه‌ک ئێستادا که ناوچه‌که تووشی ناسه‌قامگیری قوڵ بووه ڕه‌نگه کاردانه‌وه‌ی باشی نه‌بێ بۆ ئه‌و نه‌خشه ستراتیژییه‌که‌ی که له ناوچه‌که‌دا ده‌یهه‌وێ دایبه‌زێنێ. ئه‌م بۆچوونه‌ش له سه‌ر بنه‌مای ئه‌و توندوتیژییه سیاسی و مه‌زهه‌بییه‌ی ئه‌مڕۆکه‌ی عێراق و ناوچه‌که به گشتی هه‌ڵهێنجراوه. شه‌ڕو ناکۆکییه‌کانی نێوان سونه و شیعه له عێراق بووه‌ته هۆی ناسه‌قامگیری درێژخایه‌ن. هه‌رچه‌ند هه‌ردوولا له سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق به‌رژه‌وه‌ندی ناکۆکیان هه‌یه، له‌سه‌ر پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاکی عێراق و ڕێگرتن له جیابوونه‌وه‌ی کوردستان هاوهه‌ڵوێست و هاوبه‌رژه‌وه‌ندی سیاسین. بۆیه دابه‌ش بوونی عێراق و جیابوونه‌وه‌ی کوردستان بارودۆخی ناسه‌قامگیری عێراق ئاڵۆزتر ده‌کات. ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی له به‌هادانی بیانوی ده‌ست تێوه‌ردانی ئه‌مه‌ریکا له عێراق به مه‌به‌ستی هێنانی ئاشتی و سه‌قامگیری بۆ ناوچه‌که نه‌وه‌ک کردنه‌وه‌ی باولی پاندۆرا و دروست کردنی کێشه و ناسه‌قامگیری زیاتر.
له لایه‌کی تر ، هه‌ڕه‌شه‌ی چه‌کی ناو‌کی ئێران له پاڵه‌وه له ئارا دایه. نمایشی ڕووکه‌شانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی شیعی به سه‌رۆکایه‌تی ئێران مه‌ترسی سیاسی و ئاسایشی بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئیسرائیل و وڵاتانی تری ڕۆژئاوا له ناوچه‌که‌دا دروست کردووه. شه‌ڕی ڕژێمی ئه‌سه‌د، که له لایه‌ن ئێران و ڕووسیاوه پشتگیری ده‌کرێ، له‌گه‌ڵ هێزه ئۆپۆزیسیۆنه‌کان به‌م زووانه چاره‌سه‌ر نابێ . ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی تری ڕۆژئاوا بۆیان گرنگتره سه‌ره‌تا له‌وکێشانه قاڵ ببنه‌وه که په‌یوه‌ندیان به باری سیاسی و ئاسایشی ناوچه‌که‌وه به گشتی هه‌یه. بۆیه له بارودۆخی ئێستادا که ناسه‌قامگیری سیاسی، ئاینی و ئاسایشی له ناوچه‌که‌دا به‌ربڵاوه، هه‌ر گۆڕانکارییه‌ک که ببێته هۆی سه‌ربه‌خۆ بوونی کوردستان، ناوچه‌که به‌ره‌و ئاڵۆزی زیاترده‌بات. ئه‌مه‌ریکا ناخوازێت ناسه‌قامگیری سیاسی به تایبه‌ت له عێراق ئاڵۆزتر ببێت.
٢. ٢ . مه‌ترسی زلهێز بوونی تورکیا
دووه‌م، له‌گه‌ڵ ئه‌و هۆکارانه‌ی له سه‌ره‌وه باسمان کرد، پێده‌چێت به‌شێک له نیگه‌رانییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا په‌یوه‌ندی به په‌ره‌سه‌ندنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئابوری تورکیا له ناوچه‌که‌دا هه‌بێت. ئه‌مه‌ریکا نیگه‌رانه به‌وه‌ی هاوسه‌نگی ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌که به چه‌شنێک به‌ره‌ولای تورکیاوه دابشکێ که تورکیا سه‌ربه‌خۆ بکات و بێ گوێدان به ئه‌مه‌ریکا هه‌ڵسوکه‌وت بکات و سیاسه‌ته‌کانی پیاده بکات.
ده‌بێ له‌به‌ر چاومان بێت که تورکیا پێشتر ئه‌و ده‌سه‌ڵات و سه‌رچاوه سیاسی و ئابوریانه‌ی نه‌بوو که بتوانێ ببێ به ده‌ساڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ له ناوچه‌که‌که‌دا. تورکیا نه‌یده‌توانی کار له‌سه‌ر به‌دی هێنانی ئاره‌زوی زلهێزایه‌تی خۆی بکات و کاریگه‌ریی خۆی له‌سه‌ر وڵاته تورکنه‌ژاده‌کانی ناوچه‌که‌دا چڕ بکاته‌وه.
به به‌ئه‌نجام گه‌یاندنی ئه‌م ڕێکه‌وتنه له‌سه‌ر به‌رهه‌م هێنانی نه‌وت، تورکیا ده‌توانێ سودی ئابوری به‌رفراوان وه‌ربگرێ. تورکیا داهاتێکی زۆرله باج و سه‌رانه‌ی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت به ناو خاکه‌که‌یدا به ده‌ست ده‌هێنێ. له‌وه گرنگتر، تورکیا ده‌توانێ خه‌رچی وزه‌ی وڵاته‌که‌ی نیواونیو که‌م بکاته‌وه. ئه‌مه‌و شۆڕبوونه‌وه‌ی ئابوری زیاتر بۆ ناو کوردستانی عێراق له داهاتوو ، ده‌توانێ ده‌سه‌ڵاتی ئابوری مه‌زن ببه‌خشێته تورکیا. ئه‌مه‌ش تورکیا ڕاکێش ده‌کات جموجۆڵی سیاسی خۆی به‌رفراوان بکاته‌وه و زیاتر به کاروباری ناوچه‌که‌وه خۆی خه‌ریک بکات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، تورکیا به‌په‌رۆش ده‌بێت هاوبه‌ستییه کولتورییه‌که‌ی له‌گه‌ڵ وڵاته تورکنه‌ژاده‌کانی ناوچه‌که تۆخ بکاته‌وه. بۆیه له کاتێکدا تورکیا ده‌سه‌ڵاتی پێویستی ئابوری و سیاسی به‌ده‌ست بهێنێ، هان ده‌درێ کار بۆ ئه‌جێندای سه‌ربه‌خۆی سیاسی له ناوچه‌که‌دا بکات و هاوسه‌نگی ده‌سه‌ڵات به لای خۆیدا بشکێنێته‌وه.
ئه‌مه‌ریکا له‌م نێوانه ڕووبه‌ڕووی زه‌نگێکی مه‌ترسیدار ده‌بێته‌وه گه‌ر بێت‌و هاوسه‌نگی ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌که به جۆرێک گۆڕانی به‌سه‌ر دابێ که به‌رژه‌وه‌ندییه ستراتیژییه‌کانی بکه‌وێته مه‌ترسییه‌وه. ئه‌م گۆڕانکارییه‌ش بۆی هه‌یه ڕوو بدات گه‌ر تورکیا بتوانێ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی به پێچه‌وانه‌ی سه‌رده‌می شه‌ڕی سارده‌وه تۆکمه بکاته‌وه و کار بۆ به‌رنامه‌یه‌کی سیاسی سه‌ربه‌خۆ له ناوچه‌که‌دا بکات. ئه‌وه‌ش زیاتر جێی نیگه‌رانی ده‌بێت گه‌ر حکومه‌تی ئێستای تورکیا که ڕێشه‌ی ئیسلامی هه‌یه ئاره‌زوی زلهێزایه‌تی عوسمانی ببوژێنێته‌وه. هه‌ربۆیه ئه‌مه‌ریکا دژی هه‌موو جۆره پێشکه‌وتنێکی سیاسی و ئابوری ده‌وه‌ستێته‌وه که به‌ره‌و ئه‌م ئاراسته‌یه بڕوات.
٣. ئاکام
ئه‌مه‌ریکا له‌به‌ر دوو هۆکاری سه‌ره‌کی دژی ئه‌و گرێبه‌سته نه‌وته‌یه که له نێوان کورستانی عێراق و تورکیا و ئێکزۆن مۆبیل هاتووه‌ته دی. یه‌که‌م، ئه‌م رێکه‌وتنه ڕه‌نگه ببێته هۆکاری ڕاگه‌یاندی کوردستانی سه‌ربه‌خۆ له داهاتووه‌کی نزیکدا که ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی دروست کردنی ناسه‌قامگیری سیاسی زیاتر له ناوچه‌که به‌گشتی و له عێراق به‌تایبه‌تی . دووه‌م، بۆی هه‌یه هاوسه‌نگی ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌که له به‌رژه‌وه‌ندی تورکیا دا به چه‌شنێک بگۆرێ که به‌رژه‌ندی ستراتیژی ئه‌مه‌ریکا له ناوچه‌که بخاته مه‌ترسییه‌وه.
هیوا زەندی – پارێزەر، دەرچووی دوو بەکەلاریۆسی یاسا و پەیوەندی نێودەوڵەتی، قوتابی ماستەر له یاسا، زانکۆی کوینزلاند، ئوسترالیا. دەتوانن دوو کتێبی لێکۆلینەوە و وەرگێڕاوی نووسەر له بواری مێژووی کورد، “کوردگال نامەک – کوردبێژ نامه” و “مێژووی بەلوچ و بەلوچستان – مێژووی ڕەسەنایەتی بەلوچ له کورده مادەکان ” ، له ماڵپەڕی
دابەزێنن. araspublishers.com و kurdipedia.info
هیوا زه‌ندی
١٢/٠٦/١٣
—————————–
[1] http://www.worldbulletin.net/?aType=haber&ArticleID=109119