Skip to Content

Friday, September 25th, 2020

گرەوى بەختى هەڵاڵە

Be First!

 لەگفتوگۆیەکى ئیدریس عەلىء عەتا نەهاییدا
سازدانى: ئیدریس عەلى
لەماوەى رابردوودا رۆمانى ( گرەوى بەختى هەڵاڵە) ى رۆماننووس ( عەتا نەهایى) بڵاوکرایەوە، ئەم رۆمانە باس لەژیانى ئافرەتێکى پەنابەرى کورد دەکات لەوڵاتى سویدا کە بەدەستى هاوسەرەکەى دەدرێتە بەرخەنجەرو شەڵاڵى خوێن دەکرێت، هەڵاڵە کە پاڵەوانى ئەم رۆمانەیە دەیەوێت لەوڵاتى سەید دەستبەردارى کولتوورو پەیوەندیە نادرووستەکانى کوردستان بێت کە هەمیشە ئافرەت وەک بوونەوەرێکى ملکەچ تەماشا دەکرێت، عەتا نەهایى لەم رۆمانەدا بەوردىء شارەزاییەکى زۆرى هونەریانەوە چیرۆکى ئەو ئافرەتانەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە لەوڵاتى ئەوروپاش دەستء پێیان لەزنجیرىء کەلەپچەى پیاوسالارى رزگارى نابێت، باس لەوکولتوورە دڵڕەقء بێبەزییە دەکات کە مرڤ دەکاتە قوربانىء یاساء سیستمە ناڕێکء کۆنەکان، لەم چاوپێکەوتنەدا رۆماننووس باس لەلایەنە جۆراوجۆرەکانى بەرهەمەکى دەکاتء تیشک دەخاتە سەر پانتاییە تاریکء شاراوەکانى ناو رۆمانەکەى.
 
پرسیار: ئێستا ئەگەر خۆت وەک خوێنەرێک ( گرەوى بەختى هەلاڵە) بخوێنیتەوە چیى لەسەر دەڵێیت؟ مەبەستم ئەوەیە تۆ ئەگەر نووسەرى ئەم رۆمانە نەبیت رات چیى دەبێت لەسەرى؟

وەڵام: من کاتێک لە ‌نووسینی چیرۆک یان رۆمانێک دەبمەوە، بەر لەوەی بڕیاری چاپ و بڵاوکردنەوەی بدەم ماوەیەک لێی دوور دەکەومەوە. پاش ئەوەی بە تەواوی لە ‌کەش و فەزای کارەکەدا نەمام و هەستم کرد دەتوانم وەک خوێنەرێکی بێلایەن (‌ ئەگەر شتی وا مومکین بێت ) بیخوێنمەوە، دیسان دەیهێنمەوە ‌بەر دەست و پیایدا دەچمەوە و زۆرجاریش سەر لەنوێ دەینووسمەوە. من تا بە‌ پێی بۆچوونەکانی خۆم لە ‌بەرهەمێک بە تەواوی دڵنیا نەبم و پێموانەبێت ئەمە‌ هەمان چیرۆک ‌یان رۆمانە کە‌ بە تەما بووم بینووسم، بڕیاری چاپ و بڵاو کردنەوەی نادەم. هەر ئێستا زۆر چیرۆک و رۆمانم هەیە کە دەمێکەیە تەواو بوون و تەنانەت چەند جاریش نووسراونەتەوە، بەڵام بەو هەستە ‌نەگەیشتووم کە ‌هەمان چیرۆک یان رۆمانن کە دەبوایە بمنووسینایە، بۆیە بڵاوم نەکردوونەتەوە. کەواتە دەتوانم بڵێم رۆمانی «گرەوی بەختی هەڵاڵە»، بەرهەمێکە کە بە قەدەر توانا و ئەزموونی ئەدەبی و داستانی خۆم پێیەوە‌ ماندوو بووم و لە‌ ئاستی بۆچوون و تێگەیشتنی خۆم لە ‌ستانداردەکانی ئەم جۆرە گێڕانەوەیە. ئەم رۆمانە، بە رای خۆم بەرهەمێکە کە‌ دەبوو بەم شێوە بنووسرایە و، چیرۆکێکە‌ کە‌ دەبوو بەم فۆڕم و زمانە بگێڕدرایەوە. کەواتە ‌هەر بۆچوونێک لەم چاوپێکەوتنە یان لە هەر شوێنێکیتر بە‌نسبەت ئەم رۆمانەوە دەریببڕم هەمان بۆچوونە‌ کە ئەگەر خۆشم نووسەری نەبومایە دەرم دەبڕی.

 پرسیار: بەگشتى بۆ نووسینى ئەم رۆمانە سودت لە چ کەشێک وەرگرتووە؟ مەبەستم کەشى ناو رۆمانەکە نییە، بەڵکو ئەو فەزایەى کە رۆمانەکەت تێدا نووسیوە.. ئایا پێشوەخت چیرۆکەکە لەخەیاڵتاندا ئامادەیى هەبوو؟‌

وەڵام: دەترسم لە مەبەستی پرسیارەکەت بە باشی نەگەیشتبم. بەو حاڵەش دەبێ‌ بڵێم کار کردنی من بەو شێوە نییە کە چیرۆکێک پێشتر لە زهنمدا ئامادە بکەم، پاشان دوور لە فەزای ئەو چیرۆکە ‌دابنیشم و بیگێڕمەوە یان بینووسمەوە. کاتێک خەریکی نووسینی رۆمانێکم، بە ‌تایبەت هەموو ئەو سات و سەعاتانە ‌کە ‌لە پشت مێزی کار کردنەکەم دانیشتووم و دەنووسم، دوور لە ‌جار و جەنجاڵی ژیانی رۆژانە و خەم و گرفتەکانی دەوروبەرم، تەنیا لە ‌فەزای ئەو رۆمانەدام. رێک وەک ئەوەی کە ‌سەفەرم بۆ شوێنێکیتر و دنیایەکی‌تر کردبێـت. دنیایەک کە ‌بە ‌بوونی من و لەگەڵ نووسینی مندا وردە وردە‌ دەردەکەوێت، کەسایەتییەکانی ئارام ئارام شکڵ و قەوارە ‌وەردەگرن و، رووداوەکانی لەو ساتەوەختەدا روو دەدەن. ئەمە بەو مانایەیە کە زیاتر لەوەی لە ژێر کاریگەری کەش و فەزای کاتی نووسین و دەرەوەی رۆمانەکەدا بم، لە ژێر کاریکەری کەش و فەزای کاتی رووداوەکان و ناوەوەی چیرۆک و رۆمانەکەدام. ئەڵبەت ناتوانم بڵێم ‌کەش و فەزای ژیانی رۆژانە و حاڵەتە ‌رۆحی و سایکۆلۆژییەکانی خۆم لەو کات و ساتانەدا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر خۆم و نووسینەکەم نییە، بەڵام ئەگەر کاریگەرییەکیش هەبێت وشیارانە و خودئاگایانە‌ نییە. لانیکەم بە‌نسبەتی ئەم رۆمانەوە، چونکا فەزای چیرۆکەکە و شوێن و سێتینگی SETTING رووداوەکان زۆر لە‌ فەزا و شوێنی خۆم و کار کردنمەوە‌ دوور و جیاواز بوون، هەوڵێکی زیاترم داوە لە‌ کات و شوێنی نووسینەکەم داببڕێم و بچمە ناو کات و شوێنی چیرۆکەکەوە.

 پرسیار: سەرەتا چۆن دەستت بە نووسینى کرد.. ئایا هەر لەسەرەتاوە بابەتەکە پرۆرژەى رۆمان بوو یاخود چیرۆک؟ ماوەى زەمەنى نووسینى رۆمانەکەت چەندى خایاند؟

وەڵام: چیرۆک و رۆمان وەک ‌دوو ژانری رەوایەتی، لەگەڵ ‌ئەوەدا کە‌ هەندێک تایبەتمەندی چونیەکیان هەیە‌، خاوەنی فۆڕم و ساختار و بۆتیقای جیاوازن. من زۆرم بەلاوە سەیرە‌ کە ‌هەندێک کەسی خوێنەوار و تەنانەت نوسەریش پێیان وایە ‌ئەگەر چیرۆکێکی کورت درێژ بکرێتەوە و هەندێک رووداو و کەسایەتی پێ زیاد بکردرێت دەتوانێ ببێتە رۆمان، یان بە ‌پێچەوانەوە،‌ ئەگەر رۆمانێک هەندێک پەل و پۆی لێ بقرتێندرێ دەبێتە کورتە‌ چیرۆک یان چیرۆکی بڵیند. هەر بەرهەمێکی داستانی لانیکەم لە‌ یەک، دوو لاپەڕەی دەسپێکیدا فۆڕمی رەوایەتی خۆی دەبینێتەوە و چیرۆک یان رۆمان بوونی خۆی ئاشکرا دەکات. بە نسبەت رۆمانی «گرەوی بەختی هەڵاڵە»وە لە‌ چاوپێکەوتنێکی تردا باسم کردووە و لێرە ‌زۆر بە کورتی دەیڵێمەوە کە نووسینی ئەم رۆمانە سەرەتا لە ‌رستەیەکەوە ‌دەستی پێکرد. رستەی دەسپێکی رۆمانەکە. کاتێک ئەو رستەیەم نووسی، رستەی دیکەی بەدوادا هات و، کە پاراگرافێکم تەواو کرد ئەوسا زانیم  خەریکم رۆمانێک دەنووسم. رۆمانێک کە‌ نووسینی نزیکەی دوو ساڵی خایاند. ئەڵبەت با لێرەدا هەڵەیەک راست بکەمەوە. لە‌کۆتایی رۆمانەکەدا هاتووە کە دوا پێداچوونەوە زستانی 1386 کە‌ ئەمە ‌هەڵەی چاپییە و زستانی  1385 ــ واتە‌ زستانی پارێکە ــ راستە.

پرسیار: زۆربەى کەسایەتیەکانى ناو ئەم رۆمانە قوربانین، سەربارى هەموو رووداوە تراژیدیەکان. دواجار خوێنەرى وریا هەست دەکات تاکە جەلادێک خودى کولتورو پەیوەندیە باوەکانى خۆرهەلات بەگشتىء میللەتى کوردە. ئەم هاوکێشەیە لاى خۆت تا چەندە دروستە؟

وەڵام: ئەمە‌ راستە، بەڵام ئەوەی تۆ پێدەڵێت کەلتوور و پەیوەندییە باوەکانی ناو کۆمەڵ شتێک نییە کە لە ‌ئاسمانەوە کەوتبێتە خوار و داوی قوربانی بۆ مرۆڤ پان کردبێتەوە. یان قەدەر و چارەنووسێکی نەگۆڕ و هەتاهەتایی نییە کە مرۆڤ لە ‌ئاستیدا هەست بە ئیفلیجییەکی بەردەوام بکات. ئەوەی تۆ پێی دەڵێت کەلتوور و سفەتی جەلادی دەدەیتە پاڵ، لە ‌راستیدا هیچ نییە جگە لە بیروڕا و بۆچوون و کردە و رەفتاری تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی ئێمە. بە نسبەت دنیای رۆمانەکەشەوە ‌راستە‌ کە زۆربەی کەسایەتییەکان بە شێوەیەک قوربانی ئەو بارودۆخ و کارەساتە تراژیکانەن، بەڵام خۆشیان لە روودانی ئەو کارەساتانەدا بێ تاوان نین. هەموویان، شێرزاد و حەمەرەشید ئاغا و هەڵاڵە و گوڵاڵە و … هەر کەسە و بە شێوەیەک و بە رێژەیەک لە‌ خزمەتی ئەو کەلتوورەدان و، بە بیرکردنەوە و کردە و هەڵوێستی خۆیان بەرهەمی دەهێننەوە. من لەم رۆمانەدا ــ وەک هەموو بەرهەمەکانیترم ــ نەمویستووە ‌هەڵوێستێکی قەزاوەتکارانەم بەرامبەر بە رووداو و کەسایەتییەکان ببێت. بەو مانایە کە‌ هەوڵم نەداوە کەسایەتی چاک یان خراپ، پۆزەتیڤ یان نیگەتیڤ، جەللاد یان قوربانی بەرجەستە‌بکەم و هەموو کێشە و گرفتەکان، کە ‌بە لای منەوە گەلێک قووڵ و فرە رەهەندن، لە ‌مابەینی ئەم دوو جۆرە کەسایەتییە رەهایانەدا کورت بکەمەوە. نەمویستووە کەس یان کەسانێک وەک نموونەی جەللاد و کەس یان کەسانێکی تر وەک نموونەی قوربانی رەها دەست نیشان بکەم و رۆمانەکە بکەم بە مەیدانی شەڕ و کێشەی نێۆان ئەم دوو جۆرە مرۆڤ و کەسایەتییە خێر و شەڕە. بڕواشم بەم جۆرە‌ روانینە رەش و سپییە بۆ مرۆڤ نییە. پێموانییە بەرپرسایەتی ئەم جۆرە ‌کارەساتە‌ تراژیکانەش تەنیا لە‌ ئەستۆی کەس یان کەسانێکی تایبەت بێت. ئەم رۆمانە گێڕانەوەی ‌تاکە رووداوێکی تراژیک نییە و تەنیا یەک جۆر تاوان بەرجەستە‌ ناکاتەوە، بەڵکوو گێڕانەوەی گەلێک رووداو و کارەساتی گەورە و بچووک و گەلێک تاوانی دیار و نەدیارە کە هەرکام لە  کەسایەتییەکان بە شێوەیەکی تایبەت بە خۆیان لێی بەرپرسیارن. بەڵام کەسیان شان نادەنە ژێر ئەو بەرپرسایەتییە و هەر کامەیان بە بۆچوون و عەقڵی خۆیان تاوانەکە دەخەنە پاڵ کەسیتر یان کەلتووری کوردی و رۆژهەڵاتی.

پرسیار: ئەوەى جێگەى سەرسامییە لەسەرەتاى ئەم رۆمانەدا کەسێتى گێڕرەوە بزرە. بەلام لە بەشى کۆتاییەکەدا، کاتێ هەڵاڵە لە خەستەخانە دەکەوێت دکتۆر سەعدى لە زارى خۆیەوە باس لەوە دەکات کە ئەم حیکایەتەکانى گێڕاوەتەوە، ئایا ناچار بوویت بۆ ئەوەى کەسێتى گێڕرەوە ئاشکرا بکەیت هەڵاڵەت لە زمان خستء بێدەنگت کرد، یاخود ئەمە تەنها گەمەیەکە لەگەڵ خوێنەردا کردووتە؟

وەڵام: بەرلەوەی وەڵامی پرسیارەکە بدەمەوە، رێگەم بدە تا دۆزینەوەی زاراوەیەکی شیاو بۆ «راوی» یان « narrator » لە بری گێڕەرەوە یان بگێڕەوە یان… کە بە هەڵەیەکی باوی زمانییان دەزانم، زاراوەی «بێژەر» بەکار بهێنم.
بە نسبەت بەشی یەکەمی پرسیارەکەشەوە، راستە‌ کە ‌کەسایەتییە چیرۆکییەکان داهاتەی نووسەرن بەڵام لە ‌پرۆسەی دەرکەوتنیاندا کاراکتەرێکی سەربەخۆ وەردەگرن و نووسەر ناتوانێت بە ‌پێچەوانەی لۆژیکی داستانی ژیانی کەسایەتییەکان، هەر بەڵایەکی پێخۆش بێت بەسەریاندا بێنێت. واتە ‌بۆ ئاشکرا کردنی بێژەر، هەڵاڵە لە زمان بخات و بێدەنگی بکات.
بە نسبەت بەشی دووهەمی پرسیارەکەشەوە، دەبێ بڵێم هەڵبژاردنی بێژەر و چۆنییەتی دەرکەوتن یان دەرنەکەوتنی لە چیرۆکەکەدا گەلێک جیدیتر لەوەیە کە بە گەمە و یاری نووسەر لە گەڵ خوێنەرانی تێبگەین. هەڵبژاردنی بێژەر و دیاری کردنی دەور و جێ و رێی لە ناو چیرۆکەکە، یەکێک لە سەرەکیترین و گرینگترین بەشی گێڕانەوەکەیە. ئەگەر بێژەری زۆربەی رۆمانە‌ کلاسیکییەکان لە‌دەرەوەی دنیای چیرۆکەکە‌و لە گۆشە نیگای سێهەم کەسی تاکەوە چیرۆکەکەمان بۆ دەگێڕنەوە، ئەگەر بێژەری زۆربەی رۆمانە‌ مۆدێڕنەکان، خۆیان یەکێکم لە‌کەسایەتییەکان یان کەسایەتییەکی سەرەکی رۆمانەکەن و لە ‌گۆشە نیگای یەکەم کەسی تاکەوە چیرۆکەکەمان بۆ دەگێڕنەوە، بێژەری رۆمانی «گرەوی بەختی هەڵاڵە» هەم وەک سێهەم کەسی تاک و هەم وەک یەکەم کەس، هەوڵ بۆ پڕکردنەوەی بەشی زۆری بۆشایی نێوان ئەم دوو جەمسەرە دەدات. واتە ‌گێڕانەوەکەی لە ‌گۆشە نیگای دەرەکی سێهەم کەسەوە‌ دەست پێدەکات و پاش بڕینی رێگەیەکی دوور و درێژ و ناهەموار، بەرەو ناوەوەی دنیای چیرۆکەکە دەڕوات و گێڕانەوەکەی بە‌ گۆشە‌نیگای یەکەم کەس کۆتایی پێدێت. رۆمانی «گرەوی بەختی هەڵاڵە» وەک رۆمانی «باڵندەکانی دەم با» لە‌ راستیدا چیرۆکی چۆنییەتی نووسینی چیرۆکە. چیرۆکی چۆنییەتی داهێنانی دنیایەکی کەلامی فانتاستیک و خەیاڵی لەسەر کەلاوەکانی واقیعێکی داڕماو. بۆیە لەم رۆمانانەدا کەسایەتی سەرەکی، یان لانیکەم یەکێک لە کەسایەتییە سەرەکییەکان، چیرۆک نووسێکە کە ‌دەیهەوێت بە پشت بەستن بە واقیعی دەوروبەری و، یارمەتی وەرگرتن لە وزە و توانای خەیاڵ و فانتازیاکانی خۆی، دنیایەکی نوێ لەسەر خاڵی سفری سنووری نێۆان واقیع و خەیاڵ دابهێنێت. ئەمە داڵغەکانی منە کە لە ‌شێوەی کارکردن و داهێنانی کەسایەتیەکی وەک دوکتۆر سەعیددا رەنگ دەداتەوە و بەرجەستە ‌دەبێتەوە. ئێستا ئەگەر کەمێک وردتر بچمە ناو «بۆچییەتی» بزری بێژەر لە‌بەشی زۆری رۆمانەکە‌و، ئاشکرا بوونی لە بەشە کۆتاییەکاندا، دەبێ دووبارەی بکەمەوە کە ‌ئەم بزری و ئاشکرا بوونە هیچ پەیوەندییەکی بەو یاری و گەمە بێتامانەوە نییە کە ‌هەندێک نووسەری تازەکار بۆ مەبەستی تازەگەری لە ‌فۆڕمی چیرۆکەکانیان، یان بە لاسایی کردنەوەی هەندێک بەرهەمی مۆدێڕن و پۆست مۆدێڕنی بیانی دەیکەن. ئەم بزری و ئاشکرا بوونە کۆمەڵێک هۆی هونەری و ساختاری هەیە، کە قسە کردن لەو هەموو هۆ و هۆکارە‌ فەنیی و هونەرییانە لە تاقەتی ئەم چاوپێکەوتنەدا نییە. بەڵام ئاشکراترین هۆ ئەوەیە کە سەعید ــ بێژەری رۆمانەکە ــ بێجگە لەوەی کە ‌مامۆستا و خۆشەویست و دڵخوازی هەڵاڵەیە، نووسەری ژیان و سەربوردەکەشیەتی. ئەگەر هەموو ژیانی هەڵاڵە کە ‌لە رۆمانەکەدا هاتووە بکەی بە دوو کەرتی نایەکسان، سەعید راستەوخۆ ئاگای لە کەرتی یەکەمی نەبووە. لە ‌هەموو ئەو بەشانەدا کە زۆربەی رووداوە سەرەکییەکان پەیوەندییان بە بەشی یەکەمی ژیانی هەڵاڵەوە هەیە کە لە‌کوردستان بووە، سەعید وەک بێژەری چیرۆکەکە بزرە و لە ‌دەرەوەی رووداوەکان و لە زمانی سێهەم کەسەوە دەیانگێڕێتەوە. بەڵام لە ‌دوو بەشی کۆتایی رۆمانەکەدا زۆربەی رووداوە سەرەکییەکان پەیوەندیان بەو کەرتە لە ‌ژیانی هەڵاڵەوە ‌هەیە کە‌ سەعید لە‌ نزیکەوە ‌ئاگای لێی بووە و خۆی بەشێک لەو رووداوانە ‌بووە، بۆیە لەم دوو بەشەی رۆمانەکەدا وەک بێژەر خۆی ئاشکرا دەکات و روداوەکان لە زمانی یەکەم کەسەوە دەگێڕێتەوە. ئەگەر جارێکیتر چاو بە رۆمانەکەدا بخشێنیتەوە دەردەکەوێ کە لە ‌هەموو ئەو بەشانەدا کە ‌بێژەر بزرە، خوێنەر بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ‌گۆشە نیگایەکی نزیک بە هەڵاڵەوە سەیری رووداوەکان دەکات و رووداوەکان تا رادەیەکی زۆر واقیعیانە و ریالیستین. بەڵام لەو دووبەشەی کۆتاییدا خوێنەر راستەوخۆ لە ‌گۆشە نیگای خودی سەعیدەوە ‌لە رووداوەکان نزیک دەبێتەوە کە ‌بەشێکیان ناواقیعیانە و داهاتەی زەینی خەیاڵبازی بێژەرن. دەتوانم بڵێم من پێموایە لە ‌دوو بەشی کۆتایی رۆمانەکەدا ئەوە هەڵاڵە نییە کە ‌دەوری سەرەکی گێڕانەوەکە ‌دەبینێت، بەڵکوو خودی بێژەر واتە ‌سەعیدە. خوێنەر لەم دوو بەشەدا زیاتر لە هەڵاڵە، لە ‌زهنییەتی سەعید و لە‌ داڵغە ئەدەبییەکانی ئەو نزیک دەبێتەوە. ئەڵبەت هەر وەک وتم ئەمە رووکەشیترین و دیارترین هۆ بۆ بزری و ئاشکرایی بێژەرە لە دوو کەرتی رۆمانەکەیەو، هۆکاری نادیارتریشی هەیە کە ‌ئاشکرا کردنیان بە ‌رەخنەگر یان خودی خوێنەران دەسپێرم.

 پرسیار: لەم رۆمانەى تۆ و هەندێک رۆمانى دیکەدا تەواوى کاراکتەرەکان بەیەک جۆر زمان قسە دەکەن. لە کاتێکدا هەر کاراکتەرێک هەڵگرى جۆرێک لە ئاستى فەرهەنگى ء رۆشنبیرى ء دنیابینییە. بۆ نمونە هەڵاڵە و مامى ء براکەى ء گوڵاڵە ئەو زمانەى لە گوندەکە قسەیان پێدەکرد هەمان ئەو زمانەیە کە لە سوید قسەی پێدەکەن. گرنگى ئەم یەک جۆر زمانە لە چیدایە؟

وەڵام: من هەمیشە پێموابووە یەکێک لە خەسارە گەورە ‌و دیارەکانی رۆمانی کوردی نەبوونی جیاوازی لە‌ مابەینی زمان و دەنگی کەسایەتییە جیاوازەکاندایە. بە شێوە دەربڕینێکی دیکە، جیهانی زۆربەی هەرە زۆری رۆمانە‌ کوردییەکان بە‌ گشتی جیهانێکی تاک دەنگەیە ( monofonic ) و لە واندا دەنگی دووهەم لە پاڵ دەنگی نووسەر نابیسترێت. بەو مەعنایە ‌دەنگی نووسەر کە ‌لە ‌زهنییەت و شێوەی روانینی بۆ‌ مرۆڤ و جیهانی دەورووبەرییەوە سەرچاوە‌ دەگرێت، زمان و دەنگی زاڵی دەقەکەیە و بەسەر بێژەر و تاکە‌ تاکەی کەسایەتییەکاندا دەیسەپێنێت. ئەمە لە‌ کاتێکدایە ‌کە رۆمان بە پێچەوانەی جۆرەکانیتری ئەدەب و بە تایبەت شێعر، مەیدانی دەرکەوتن و ململانێ و دیالۆگی دەنگی جیاوازی مرۆڤە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵە. نووسەری رۆمان، بە پێچەوانەی شاعیر کە تەنیا قسەی خۆی دەکات و لە هەست و هزری خۆی دەدوێت، دەبێ لە مابەینی خۆی و نووسینەکەیدا مەودایەک ساز بکات. مەودایەک کە دیالۆگ و ‌دەنگی جیاوازی کەسایەتییەکان پڕی بکاتەوە. من بەرلەوەی بچمە ناو باسی چییەتی و چۆنییەتی دەرکەوتنی زمان و دەنگی جیاوازی کەسایەتییەکان، دەبێ دان بەو راستییەدا بنێم کە تاک دەنگی یان فرەدەنگی لە رۆماندا پەیوەندی بە شعوور و زهنییەتی خودی نووسەرەوە هەیە. نووسەر هەیە ‌کە ‌حەز دەکات هەموو دنیا لە‌ چاوی خۆیەوە ببینێت و بە زمانی خۆی شەرحی بکات، نووسەریش هەیە کە بە ‌تەوازوعێکی زیاترەوە هەوڵ دەدات دنیا لە چاوی خۆی و خەڵکیترەوە ببینێت و لە بری شەرح کردنی ئەم دنیایە، بە ‌فۆڕم و شێوازێک رۆمانەکەی دابڕێژێت کە ‌بێجگە لە خۆی، کەسانیتریش توانای دیالۆگ و وتوێژیان بۆ بڕەخسێت. من بەتایبەت لە ‌رۆمانی «گرەوی بەختی هەڵاڵە»دا هەوڵم داوە لە بری شەرحکردنی چیرۆکەکە، فەزایەکی وەها بخوڵقێنم کە‌ کەسایەتییەکان زۆرترین دەرکەوتنی راستەوخۆیان ببێت و، لەبری ئەوەی لە زمانی نووسەر یان بێژەرەوە شەرح بکرێن، راستەوخۆ خۆیان بدوێن و بەو ئاخاوتنە ‌راستەوخۆیە پەردە لەسەر زهنییەتیان بەرامبەر بە رووداوەکان هەڵبدەنەوە.
ئێستا کە تۆ پێتوایە جیاوازی لە‌مابەینی زمان و دەنگی کەسایەتییەکاندا نییە،دەبێ بەر لە هەموو شتێک باسی جەمسەری جیاوازییەکان بکەین. دەبێ لە‌خۆمان بپرسین ‌ئەوە‌ چییە کە ‌زمان و دەنگی کەسێک لە زمان و دەنگی کەسێکی‌تر جیا دەکاتەوە؟ ‌هە»دێک کەس پێیانوایە‌کۆمەڵێک وشە و دەستەواژەی وەک «ئەیەڕۆ» یان «خوشکت کوێر بێت» یان «تۆش برامی»و… زمان و دەنگی ژن لە پیاو جیا دەکاتەوە. یان پێیانوایە‌منداڵ لە‌رۆماندا لەبری ئەوەی بڵێت «ئەڕۆم» دەبێ بڵێت «ئەلۆم» یان پێیان وایە‌ هەولێرییەک دەبێ‌بە زاراوەی هەوڵێر قسە بکات و سنەییەک دەبێ بە زاراوەی سنە. ئەم بۆچوونە‌ئەگەرچی هەڵە نییە بەڵآم زۆر ساویلکانەیە. ئەم جۆرە کارکردنە جیاوازی زمان و دەنگی کەسایەتییەکانی لێ ناکەوێتەوە. جیاوازی زمان و دەنگی کەسایەتییەکان لایەنێکی قووڵتریشی هەیە کە لە زهنییەتی کەسەکانەوە سەرچاوە دەگرێت. یان وەک تۆ لە پرسیارەکەتدا ئاماژەی پێدەکەیت، لە‌ ئاستی فەرهەنگی و رۆشنبیریی و دنیابینیانەوە سەرهەڵدەدات. ئێستا ئەگەر بچینە سەر زمانی کەسایەتییە ژنەکانی رۆمانەکە ‌وەک هەڵاڵە یان گوڵاڵە یان دایکیان یان رەعنا و… زمانی کامە لەم کەسایەتییانە لە زمانی نووسەر یان تەنانەت بێژەری رۆمانەکە نزیکە؟ ئایا جیاوازییەک لە مابەینی زهنییەت و ئاستی رۆشنبیری و فەرهەنگی ئەمانەدا نییە؟ ئەگەر هەیە جگە لە زمان و ئاخاوتنیان، جگە ‌لەو وشانە‌ کە بەکاری دەبەن و جگە جۆری رستە سازیان، لە چیدا دەرکەوتووە؟ ئایا بە گوتەی کوردی خۆمان، دەم و دووی هەڵاڵە و دایکی وەک یەکە؟ ئایا ئەگەر خوێنەر پاراگرافێک لە ‌ئاخاوتنی هەر یەک لەم دوو کەسە بخوێنێتەوە، هەر بە زمانی ئەو پاراگرافەدا نازانێت کە ‌ئەمە ئاخاوتنی دایکە یان کچ؟ ئاخاوتنی خوێنەوارە یان نەخوێنەوار؟ ئاخاوتنی ژنێکی تەسلیمە یان ژنێکی عاسی؟ ئەگەر دەرفەت ببوایە و نموونەم بهێنایەوە دەردەکەوت کە بێگومان دەزانێت.
من کاتێک لە ‌رۆمانی کوردیدا کەسایەتی نەخوێنەواری خاوەن پیشە و پێگەی نزمی کۆمەڵایەتی دەبینم کە وەک نووسەر و شاعیر و مامۆستای زانکۆ بیر دەکەنەوە و، وەک ئەوان دەئاخێۆن و، بە کەلتووری ئەوان هەڵس و کەوت دەکەن، یان لەوەش سەیرتر بە ‌زمانی ئەوان ( کە بێگومان زمانی بە قەرز وەرگیراوی نووسەرە ) دەدوێن و باسی ئەدەب و هونەر و سیاسەت و تەنانەت فەلسەفە دەکەن، پێکەنینم پیان دێت و پێموایە چیرۆکێکی تەوس و کۆمیدی دەخوێنمەوە. لە ‌خۆم دەپرسم ئایا بە راست کۆمەڵگەی ئێمە‌ ئەوەندە ‌پێشکەوتووە‌ کە ‌ژنانی ناو ماڵ، کرێکارانی نەخوێندەوار، مناڵانی بۆیاخچی بتوانن بەو شێوە ‌بیرو بۆچوونی عالمانەی خۆیان دەرببڕن؟ ئێستا دەپرسم کام کەسایەتی رۆمانی «گرەوی بەختی هەڵاڵە» بە‌ بێ رەچاوگرتنی پیشە و پێکەی کۆمەڵایەتی و ئاستی کەلتوور و رۆشنبیری خەڵکانی سەر بەو پیشە و پێگەیە دواوە؟ لە‌کوێ من بەم شێوە ناحەزە ــ کە ‌بە‌داخەوە لە‌ لای ئێمە ‌بۆتە ‌نەریتێک ــ گەمەم بە‌عەقڵی خوێنەری رۆمانەکانم کردووە؟ ئایا دوانی کەسایەتییەکانی ئەم رۆمانەی من لە‌ ئاستی زهنییەتی خەڵکانی وەک ئەوان نییە؟ ئایا حەمەرەشید ئاغا هەمان زهنییەت و زمانی سەعیدی هەیە کە ‌پیاوێکی نووسەر و مامۆستای زانکۆیە؟ ئایا ئەو شتێک دەڵێت کە‌لە‌کەسێکی وەک خۆی نەوەشێتەوە؟
لە وەڵامی ئەوەشدا کە ‌دەڵێیت هەندێک لە کەسایەتییەکان لە‌گوندەکانی کوردستان چۆن قسەیان کردووە‌ لە سویدیش بەو شێوە دەدوێن، دەبێ بڵێم راستە‌ زۆربەی پەنابەرانی کورد لە‌ئورووپا، وەک هەموو پەنابەرێکیتر لە قسە کردنیاندا کۆمەڵێک وشە و ئایدیۆمی زمانە‌ئورووپاییەکان بەکار دەبەن کە کەسایەتییەکانی ئەم رۆمانە لە ئاخاوتنیاندا جگە لە‌یەک نموونە ( بەکار هێنانی وشەی کاتاسترۆف لە کۆتایی رۆمانەکەدا ) ئەم وشە و ئایدیۆمانە بەکار ناهێنن، بەڵام هەر وەک وتم بەکار هێنانی ئەم جۆرە وشانە مەگەر لە‌شوێنی خۆیدا و بۆ مەبەستێکی تایبەت ئەگینا هیچ دەورێکی ئەوتۆیان لە جیاوازی دەنگ و زمانی کەسایەتییەکاندا نییە. ئەوەی کە‌گرینگە‌ ئەوەیە کە ئەگەر کەسایەتییەکان لە‌گوندەوە‌ بۆ سوید گۆڕانێک بەسەر ‌زهنییەت و بۆچوون و بیرکردنەوەیاندا هاتبێت بە شێوەی ‌قسە کردن و ئاخاوتن و دەربڕینیاندا دیارە. بۆ نموونە‌ براچکۆلەکەی هەڵاڵە کاتێک لە‌گوند قسەی دەکرد قسەکانی پڕ لە‌شەڕەنگێزی و تووڕە و تۆسنی بوو، بەڵآم کاتێک لە سوید بۆ مام و برا و خوشک و زاواکەی دەدوێت، ئەوەندە‌بە‌نەرمی و هێمنی و ژیری دەدوێ کە تەنیا لە‌خوێ»دکارێکی زانکۆ لە سوید دەوەشێتەوە. یان مەجیدی براگەورەی هەڵاڵە، یان مام و تەنانەت ئامۆژنەکەی. لەم ناوەدا رەنگە‌تەنیا شێرزاد و تا رادەیەکیش گوڵاڵە بێت کە‌جیاوازییەکی ئەوتۆ لە‌مابەینی زهنییەت و زمانیان لە‌کوردستان و سوید نییە. ئەویش بەو هۆیەوەیە کە هەر دووکیان و هەر کامە بە رێژەیەک تەنیا بە جەستە لە‌کوردستان دابڕاون و هیچ گۆڕانێکی ئەوتۆ لە‌زهنییەت و بیر و بۆچوون و فەرهەنگ و رۆشنبیریاندا نەبووە.
 
پرسیار: بە هێمنى بابەتێکى گەورە و هەستیارت وروژاندووە لەم رۆمانەدا، ئەویش ناکۆکى نێوان کولتورى خۆرهەڵات ء خۆر ئاوایە. ونبوونى شارستانیەتە بچوکەکانە لەناو شارستانیەتە گەورەکاندا. ئەم ناکۆکیە واى کردووە چارەنووسى زۆربەى کەسایەتیەکان بە تراژیدیا کۆتایی بێت. خۆت ئەم حاڵەتە چۆن لێک دەدەیتەوە؟

وەڵام: رەنگە من بەم شێوە بۆ بابەتەکە‌ نەچم. من پێموایە ئەم رۆمانە وەک بەشێک لە‌ کارەکانیترم، ئاوڕی لە‌ کێشەیەک داوەتەوە کە ‌کێشەی سەرەکی مرۆڤ و کۆمەڵگەی کوردییە. ئەمەش کێشە و ناکۆکی نێوان مۆدێڕنیتە و نەریت، یان شێوەی بیرکردنەوە و ژیانی مۆدێڕن لەگەڵ شێوەی بیرکردنەوە و ژیانی کۆن و نەریتییە. ئەگەر ئەم کێشەیە بەلای هەندێک کەسەوە لەم رۆمانەدا وەک کێشەی نێۆان دوو کەلتووری خۆراوایی و خۆرهەڵاتی دەنوێنێت لەبەر ئەوەیە کە ‌بەشێک لە ‌فەزای چیرۆکەکە و شوێنی رووداوەکان وڵاتێکی خۆراوایی وەک سویدە.
من کێشەی نێوان مۆدێڕنیتە‌و نەریت یان شێوە بیر کردنەوە و ژیانی مۆدێڕن و تەقلیدی، بە ‌کێشەی نێوان دوو کەلتووری رۆژاوایی و رۆژهەڵااتی نازانم. بەڵکوو بە کێشەی نێۆان کەلتوورێکی تازەی هاوچەرخ و جیهانشموول لەگەڵ کەلتوورێکی کۆنی لۆکاڵی و ناوچەیی تێدەگەم. ئەمە بە مانای بە چاک زانین و وەرگرتنی هەموو لایەنەکانی یەکێک لەم دوو کەلتوورە و رەت کردنەوە و رەفز کردنی سەرجەمی کەلتوورەکەی تر نییە. بە بۆچوونی ئێستای من، ئەم رۆمانە لە یەکێک لە ‌رەهەندەکانیدا نمایشی شێوەی مامڵە و رووبەڕوو بوونەوەی چەوتی هەندێک کەس دەکات لەگەڵ کێشەی نێوان ئەم دوو کەڵتوورەدا. نمایشی ئەو رووداو و کارەساتە ‌تراژیکانە ‌دەکات کە بەرئەنجامی ئەم جۆرە لە ‌مامڵە و رووبەڕوو بوونەوە چەوت و هەڵەیەیە کە ‌لە ‌نەناسینی هەر دوو کەلتوورەکەوە ‌سەرهەڵدەدات. بۆ ‌نموونە ‌من شەڕ و کێشەی هەڵاڵە و شێرزاد بە‌شەڕ و کێشەی نێوان دو کەڵتوورەکە‌ نازانم. چونکا شێرزاد کەمترین ئاگاداری لە ‌هەر دوو کەڵتوورەکە‌ هەیە. ئەوەی پێی دەڵێت ئەخلاقی کوردانە هیچ نییە جگە لە ‌تێگەیشتنی خۆی لە لایەنێک لە ‌کەلتووری کوردی و رۆژهەڵاتی. هەڵاڵەش ئەگەر ئاگادارییەکی رێژەیی لە هەر دوو کەلتوورەکەش ببێت، کەوتووەتە ‌دۆخێکەوە کە ناتوانێت دانوستانێکی دروستیان لەگەڵ بکات. سەیر ئەوەیە کە ‌زۆربەی کەسایەتییەکان کاتێک دەکەونە ‌دۆخێکی تایبەتی عاتفییەوە، نوقمی کەلتوورە نەرێتییەکە دەبن. نەوەک بەو مانا کە وەریبگرن بەڵکوو وەک دیاردەیەکی یەکپارچە و یەکدەست رەدی دەکەنەوە و هەموو تاوانەکانی دەدەنە پاڵ. رەنگە‌ تەنیا دوکتۆر سەعیدە کە‌ وێڕای ئاگاداری زیاتر لە هەر دوو کەلتوورەکە، لەم دۆخە تایبەت و عاتفیانەشدا هەوڵ دەدات بە ‌هەڵوێستێکی رەخنەگرانە بۆ‌ هەر دوو کەلتوورەکە، تەسلیمی ئەو کەش و دۆخە عاتفی و سۆزداریانە‌ نەبێت و هەروا واقیعبین بمێنێتەوە.

پرسیار: کاتێک هەڵاڵە لە خەستەخانە دەکەوێت کێشەى گەورەى دکتۆرەکان ئەوەیە کە دەڵێن هەڵاڵە عەقڵى زەربەى بەرکەوتووە نەک جەستەى. واتە خەمى پزیشکە سویدیەکان عەقڵى هەڵاڵەیە نەک جەستەیىء شوێن زەخمارى خەنجەرەکە. رەنگە بتەوێت لەم رێگەیەوە  بڵێیت تاکى خۆرهەڵاتى کێشەى فکرىء عەقڵییان هەیە، یاخود ئەو بینینە کورتانەى تاکى کوردى کە  سنورەکانى جەستە تێناپەڕێنێت؟ 

وەڵام: بە بڕوای من رۆمان وەک هەموو داهاتەیەکی ئەدەبی و هونەری‌تر دەبێ‌ فرسەت و مەجالی خوێندنەوەی جیاواز بە خوێنەرەکانی ببەخشێت. هەندێک خوێندنەوە ‌دنیای بەرهەمەکە‌ و مانا و پەیامەکانی بچووک و بەرتەسک دەکەنەوە و، هەندێکی‌تر بە پێچەوانەوە ‌بەربڵاوتری دەکەن. بەڵام مەرج نییە ‌هەموو ئەم خوێندنەوانە ‌لە خودئاگای زهنی خاوەنی بەرهەمەکەوە ‌سەریان هەڵدابێت. بە‌ نسبەت پرسیارەکەشەوە ‌تۆ وەڵامێکی راست و رەوانت لە ‌من دەوێ و، منیش دەڵێم راستت بوێ لە ‌کاتی نووسینی ئەو بەشە و تەنانەت لەوە ‌دواش بیرم لەمە نەکردۆتەوە. ئەوەندەی من ئاگادار بووبێتم هەڵاڵە بە‌ بێهۆشی و بێزمانییەکی رەها لەسەر تەختی نەخۆشخانە کەوتووە‌ و هۆکارەکەشی تەنیا ئەوە نەبووە کە ‌خەنجەرێک جەرگی هەڵدڕیبێت، بەڵکوو لە‌کاتی کەوتنیدا سەری بەر پایەی مۆبلەکە کەوتووە و مێشکی سەدەمەی بینیوە. واتە ‌بێ‌هۆشییەکەی هەڵاڵە زیاتر بە هۆی ئەو مێشک پژانەوەیە. ئەمەندە ‌و هیچی تر.

پرسیار: خەنجەرت شوبهاندووە بەو رقء کینەى کەلە عەقڵى خێڵەکییەوە دەردەچێت، شارو وڵاتء سنورەکان دەبڕێتء بەدواى هەڵاڵەى نێچیردا دەگەڕێت.. هەربۆیە تاکە دیارى باوکى هەڵاڵە بۆ شێرزادى زاواى خەنجەرەکەیەتى، واتە داوا لە شێرزاد دەکات دەستبەردارى ئەخلاقء بیرکردنەوەى کوردانەى خۆى نەبێت..؟

وەڵام: بۆچوونەکەی تۆ تا رادەیەکی زۆر راستە، بەڵام شتەکان ئەوەندە ‌لە ‌وشیاری و خودئاگای کەسەکانەوە سەرهەڵنادەن کە ‌تۆ باسی دەکەیت. بە رای من نە باوکی هەڵاڵە بە ‌تایبەت ئەو خەنجەرە وەک دیاری دەدات بە ‌شێرزادی زاوای کە شەرەفی پێ بپارێزێت. نە شێرزاد دەزانێ ئەوە هێمای رق و قینی عەقڵی خێڵەکییە و شارەو شار‌ و وڵاتەو وڵات دەیگێڕێت، نە‌ بەر لە‌ کارەساتەکە پلانی بۆ کوشتنی هەڵاڵە بەو خەنجەرە داناوە. دەمەوێ بڵێم نەک هەر هەڵاڵە، بەڵکوو هەموو کەسایەتییەکانی ئەم رۆمانە نێچیری ناو داوی قەدەرێکن کە ‌دەشێ بگوترێت ئەو عەقڵە خێڵەکییە رەنگی بۆ ڕشتووە.
راستە‌ لە ‌رۆمانەکەدا خەنجەر هێمایە بۆ میراتێکی پێشینیان کە ‌لە کۆنەوە بۆ خەڵکی ئەم سەردەمە ماوەتەوە، بەڵام ئەم خەنجەرە بەشێکە لە خەزێنەیەکی دزراو و بزر. لە‌ رۆمانەکەدا هاتووە ‌کە ‌کەسانێک هاتوون و ئەم خەزێنەیان دۆزیوەتەوە، باشترین و بە نرخترین شتەکانیان هەڵگرتووە ‌و بێ نرخترین شتیان کە‌ هەمان خەنجەری ژەنگاوییە بەجێهێشتووە. بۆ ئەوەی کەسێکی وەک حەمەرەشید ئاغا بیدۆزێتەوە و شانازی پێوە بکات، کەسانێکی وەک ژن و منداڵەکەی بە زمانی تەوس و گاڵتە جاڕانە پێی بڵێن کە ‌ئەمە دیاری و خەڵاتی پێشینیانە بۆ کوڕە ئازا و دلێرەکەی. ئەم دۆخە ‌تەوساوییە لە هەمان کاتدا دۆخێکی تراژیکیشە. بەلای منەوە‌ ئەمەش یەکێک لە‌ کارەساتە دڵتەزێن و ونەکانی ئەم رۆمانەیە. کەسێک کە‌ ساڵەهای ساڵ لە‌پێناوی وڵاتەکەیدا زیندان بووە و ئەشکەنجەی بینیوە و شەڕی کردووە، قەدەر و چارەنووسێکی ئاوا کۆمێدی و تراژدی هەیە. ‌رەنگە‌ هەموو خوێنەرێک پەی بە قووڵایی ئەم دۆخە تراژیکە نەبات. جا ئەگەر بە شێوەی بۆچوونە رەواکەی تۆ، ئەو خەزێنەیە بە کۆی کەلتووری کوردی یان رۆژهەڵاتی بزانین، دەبێ هەر وەک لە رۆمانەکەدا هاتووە ‌زۆر شتی جوان و لایەنی بە نرخیشی تێدا بووبێت. کەچی لە‌هەموو ئەو خەزێنەیە خەنجەرێک بەر حەمەرەشید ئاغا دەکەوێت کە‌کچەکەی پێ دەکوژرێت، زاواکەی پێ دەبێ بە قاتڵ و پیاو کوژ و ئەو کارەساتە تراژیکەی لێ دەکەوێتەوە. ناخۆش ئەوەیە لە ‌دەرەوەی وڵاتیش، تەنیا ئەو خەنجەرەیە کە‌ دەبێتە هێما بۆ کەلتووری رۆژهەڵاتی و کوردی. تەنیا ئەوە کە ‌بەرجەستە دەکرێتەوە و رۆژنامە و رادوێ و تەلەفزیۆنەکان باسی دەکەن و رەسمی بڵاو دەکەنەوە و چیرۆکی راست و درۆی لەسەر دەنووسن. 

 پرسیار: باوکى هەڵاڵە نوێنەرایەتى ئەو عەقڵە ترادسیۆنیە دەکات کە لەخێزان ء کۆمەڵگەى ئێمەدا بوونى هەیەو لە نێو پانتایى کولتور و پەیوەندیەکانیشماندا کاریگەرى خۆى هەیە. لەم رۆمانەدا هەمان عەقڵیەت رابەرایەتى حزبء شۆڕش دەکات، هەر بۆیە هەمیشە بەگومانەوە تەماشاى کەسایەتى برایمۆک دەکەن کە کەسایەتیەکى رۆشنبیرە. تەنانەت پاش مردنیشى هیچ کاریگەریەکى ناخۆش لەناو هاوڕێکانیدا بەجێنامێنێت و تەنها لاى هەڵاڵە بەزیندوویى دەمێنێتەوە؟

وەڵام: من پرسیارێک لەم پاراگرافەدا نابینم. ئەمە زیاتر لە خوێندنەوەیەکی خۆت دەچێت. بەڵام ئەگەر بتەوێ بۆچوونی من لە بارەی ئەم خوێندنەوەی خۆتەوە بزانیت، دەبێ بڵێم بەداخەوە ئەم عەقڵییەتە نەک هەر لە ناو خێزان و حیزب و شۆڕشدا، بەڵکوو لە‌هەموو ئاست ئاقارێکی ژیانی کۆمەڵایەتی و لەناو هەموو دامەزراوێکی کۆن و نوێی سیاسی، کۆمەڵایەتی و تەنانەت فەرهەنگی و رۆشنبیریشماندا دەستی باڵای هەیە و دەسەڵاتی زاڵە. مێژوو، ئەدەب، زانست و تەنانەت زمانەکەشمان لە ژێر کاریگەری راستەوخۆی ئەو عەقلییەتە ‌پیاو سالارەدایە. چارەنووسی رۆشنبیر لەم کۆمەڵگەیەدا، چارەنووسی ئەو کوڕە عاشقەیە کە ژیانی لە‌داوی گرێوی گەورەکاندایە. 

پرسیار: بەگشتى ئەم رمانە حیکایەتێکى واقعیمان بۆ دەگێڕێتەوە. دەکرێت ناوى بنێین رۆمانێکى واقعى؟ یاخود رۆماننووس دەکرێت چۆن مامەڵە لەگەڵ رووداوە واقعیەکاندا بکاتء بیانکاتە کەرەستەى ئەدەبىء رۆمان؟

وەڵام: ئەدەبی هاوچەرخ و مۆدێڕن هەرچی هەبێت لە ‌واقیعەوە‌ هەیەتی. واقیع بە‌ هەموو پەڵۆخی و کەراهەتییەوە چوار دەوری مرۆڤی ئەم سەردەمەی تەنیوە و لە خۆیدا نوقمی کردووە. ئەگەر لە ‌سەردەمانی پێشوو ئوستوورە ‌و ئەفسانە و بەیت و حەقایەتەکان رەنگدانەوەی ئاوات و خەون و خۆزگە ‌دوورە دەستەکانی کۆمەڵگە سەرەتاییەکان بوون، لەبەر ئەوە بوو کە ‌مرۆڤی ئەو کۆمەڵگانە توانا و عەقڵی ناسین و گێڕانەوەی واقیعی دەوروبەریان نەبوو. بۆیە بە ‌داهێنانی فەزاگەلی وەهمی و فانتاستیک، خۆیان لە واقیع دەدزییەوە. ‌یان با بڵێم لە ‌پەنای ئەو جۆرە‌ فەزا ناواقیعیانە پشوویان دەدا و لە‌ ژێر سایەی پاڵەوانە ئوستوورەییەکاندا دەحەسانەوە. مرۆڤی ئەم سەردەمە ‌تووشی وەهمێکی جیاواز لە ‌وەهمەکانی پێشووی بووە ‌کە ‌ئەویش وەهمی ناسین و گۆڕینی واقیعە. مرۆڤی ئێستا ئیتر لە ناو ئەو فەزا وەهمی و ئەفسانەییانەدا هەست بە‌ ئاسوودەیی ناکات. پاڵەوانە ‌ئوستوورەییەکانی ئێستا هەموویان واقیعین. بۆیە‌ خۆ دزینەوە لە ‌واقیع دادی مرۆڤی ئەم سەردەمە‌ نادات و ئارامشی پێ نابەخشێت. بەڵام ئەمە بە ‌مانای تەسلیم بوون بە ‌پەڵۆخی و کەراهەتی واقیع و نەبوونی هیچ ترووسکاییەک نییە. بێگومان لە بیرتانە ‌کە ‌لە سەرەتای سەدەی رابوردووەوە چەندان هونەرمەند و شاعیر و نووسەری داهێنەر، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە‌ بۆ ‌فەزا ئوستوورەیی و ئەفسانەییەکانی پێشو، هەموو هێز و توانای خۆیان بۆ داهێنانی فەزاگەلێکی دوور لە واقیع داناوە. ئەڵبەت نەک بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە، بەڵکوو بۆ ئەوەی بە‌ پێداچوونەوە و خوێندنەوەیەکی دووبارەی ئەو فەزاگەلە، رێچکە و رێبازێکی ئیمڕۆییانە، نە وەک بۆ دابڕان لە ‌واقیع، بەڵکوو بۆ دابڕان لە‌ داهێنانی واقیعیانە و ریالیستی بدۆزنەوە. چەندان قوتابخانە و رێبازی هونەری و ئەدەبی وەک سورڕیالیسم بەرهەمی ئەو گەڕان و هەوڵدانەیە. لە‌ هەموو ئەو هەوڵ و داهێنانانەشدا مرۆڤی داهێنەر لە ‌واقیع دانەبڕاوە، بەڵکوو واقیعی لە ‌فیلتەری زهنی داهێنەرانەی خۆی داوە. بۆ ئەوەی ‌لەو دیوی فیلتەرەکەوە‌ بەرهەمێکی هونەری و ئەدەبی بێتە دەر کە دووبارە‌ نوێنی واقیع نەبێت، بەڵکوو واقیعێکی تر بێت بە ناوی واقیعی هونەری یان ئەدەبی. واقیعێک بە‌ فۆڕمێکیتر و بە‌ساختارێکی تر. واقیعێکی زهنی. کەواتە ‌دەکرێ بڵێم ئەگەر ئوستوورە و ئەفسانەکانی سەردەمانی پێشوو نمایشی تێنەگەیشتنی کۆمەڵ لە ‌واقیع بوون، چیرۆک و بە تایبەت رۆمانی ئەم سەردەمە نمایشی تێگەیشتنی شەخسی و تاکەکەسییە لە‌ واقیع. ئەگەر لە‌ ئوستوورە‌ و ئەفسانەکاندا بەها بە دابڕان لە‌ مرۆڤ و رووداوی واقیعی دەدرا و مرۆڤ و رووداوی ناواقیعی بەرجەستە‌ دەکرایەوە، لە ‌چیرۆک و بە تایبەت رۆماندا بە‌ها بە‌ دابڕان لە ‌فۆڕم و شێوازی دەرکەوتن و رەوایەتی واقیع دەدرێ و، هەوڵ بۆ‌ داهێنانی فۆڕم و شێوازێکی نوێی دەرکەوتن و گێڕانەوە ‌دەدرێت.
زۆر بە‌کورتی، بە‌بڕوای من واقیع بە هەموو لایەن و رەهەندە ‌دیار و نادیارەکانییەوە ‌گرینگترین و سەرەکیترین کەرەستەیە بۆ‌ رۆمان، بەو مەرجەی کە لە‌فیلتەری زهنی نووسەر ‌تێبپەڕێت و بە‌ فۆڕمێکی جیاواز کە ‌داهاتەی زهنی داهێنەری نووسەرە دەربکەوێتەوە. ‌

پرسیار:  ئەم رۆمانە هەڵگرى بەهاى جوانیىء داهێنانە، ئەم بەها جوانییە پەیوەندى نێوان خوێنەرو تێکست پتەوتر دەکات. بەڵام پێتوایە رەخنەى ئەدەبى کوردى بتوانێت لەدەرەوەى ئەم بەهاو پەیوەندیەدا شتێکى تازە لەسەر ئەم رۆمانە بڵێت؟

وەڵام: من بۆچوونی تایبەت بە‌خۆم بۆ رەخنەی ئەدەبی هەیەو، لێرە‌ و لەوێش لە ‌چەند نووسینێکدا باسم کردووە. من پێموایە‌ بەرهەمی ئەدەبی وەک رۆمان، شارێکی گەورە ‌و فرە رەهەندە‌ و، خوێنەر دەبێ خۆی تیایدا بگەڕێت تا پەی بە بەشێک لەم لایەن و رەهەندانە ‌ببات و بیانناسێت. بەڵام بۆ ئەوەی خوێنەر تووشی سەر لێشێواوی نەبێ و هەموو کاتەکەی لە‌ کۆڵانێکی ئەو شارەدا نەسووڕێتەوە و، پێیوانەبێ هەموو شارەکە ‌ئەو راستە‌ کۆڵانەیە و هیچیتر، دەبێ ‌بەر لە‌ هەموو شتێک فۆڕم و ساختاری شارەکە و میعماری شەقام و کۆڵانەکان و مەیدانەکانی بناسێت. دەبێ لە‌ جیاوازی زمانی خەڵکەکە ‌و زمانی دیاردەکان (نیشانە و هێماکان) تێبگات و، پێشینەی ئەو دیاردە و دەرکەوتە ‌کەلامییانە ‌بناسێت. دەبێ ئەو دەرفەتەی پێ بدرێت کە‌ لە قسە و کردە ‌و رەفتاری خەڵکەکەی ورد ببێتەوە و لە ‌پەیوەندییەکانی نێوانیان بگات. بێگومان سەفەر و گەڕانێکی ئاوا ورد، بۆ هیچ موسافیرێک ئاسان نییە. هەموو موسافیرێکی لەم چەشنە ‌پێویستی بە‌ کۆمەڵێک دەلیل و خەڵکی شارەزا هەیە، کە ‌هەر کامەیان بۆ ناسینی لایەن و رەهەندێکی شارەکە یارمەتی بدەن. هەروەها کە ‌هەموو خوێنەرێکی رۆمانیش پێویستی بە کۆمەڵێک رەخنەگر هەیە کە‌ هەر یەکە و بە پێی توانای خۆی و بە ‌مەنهەجێک کە‌ لێی شارەزایە یارمەتی بدەن تا لایەن و رەهەندێکی دنیای رۆمانەکەیان باشتر و وردتر بۆ ‌ئاشکرا بکات. راستت بوێت، بە‌ قەدەر ئاگاداری کەمی من لە ‌رەخنەی ئەدەبی کوردی، ناتوانم بیشارمەوە کە‌ بەشێکی زۆر لەو کەمە رەخنە نووسەی کورد وەک دەلیلێکە کە ‌خۆی بە جوانی بە ‌شارەکەدا نەگەڕاوە و ئاگادارییەکی ئەوتۆی لە فۆڕم و ساختار و میعماری شارەکە نییە و لە زمانی خەڵک و نیشانەکان ورد نەبووەتەوە. بۆیە‌ کەسی ئاوا ناتوانێ هیچ موسافیرێک بەو شارەدا بگێڕێت. کەسی ئاوا ناچارە ‌لە ‌سووچێک دابنیشێ و لە‌ دوورەوە هەندێک شتی دیار و بەرجەستە‌ و گشتی نیشان موسافیرەکە بدات، ئەوسا بە سەعات لە بارەی ئەو دیاردە ‌گشتییانەوە بۆی بدوێت.
ئەوەی من لە ‌رەخنەی کوردی دەیناسم و خوێندوومەتەوە بێجگە لە‌ چەند نوسێنێکی دەگمەن، رەخنەیەکی ناوەرۆک خوازی تێپەڕە. بەو مەعنا کە رەخنە‌گر لە‌کۆی تێم و موتیڤەکانی بەرهەمێک، یەک یان چەند تێم و موتیڤی دیار و بەرجەستە هەڵدەبژێرێت و وەک چەمکێکی گشتی لەسەری دەنووسێت. بۆ‌ نموونە‌ ئەگەر یەکێک لە ‌تێمەکانی بەرهەمێک عەشق، خەیانەت، کوشتن و قوربانی، براکوژی، باوک کوژی یان … بێت، رەخنەگر بە ‌ئاماژە کردن بەو تێمە، وتارێکی دوور و درێژی فەلسەفی، کۆمەڵایەتی، دەروون ناسی یان … لەسەر ئەو چەمکە ‌دەنووسێت. رەنگە‌ جاروبار سووکە‌ ئاوڕێک لە ‌رستەیەکی بەرهەمەکە ‌بداتەوە‌، بەڵام سەرچاوەی سەرەکی نووسینەکەی، لەبری ئەوەی بەرهەمەکە یان زانیاری خۆی لەسەر ئەدەب و بەرهەمە ئەدەبییەکان بێت، یەک یان چەند کتێب یان وتاری فەلسەفی، کۆمەڵناسی، دەروون ناسی و چی و چییە کە هەندێک جار پەیوەندییەکی ئەوتۆشیان بە ئەدەب و بەرهەمە ئەدەبیەکە و تەنانەت ئەو تێمەشەوە ‌نییە. هەروا کە ‌گوتم بێجگە لە ‌چەند نووسینێکی دەگمەن، کەم رەخنەی ئەدەبیم بە‌ کوردی خوێندۆتەوە کە‌ هەست بکەم نووسەرەکەی ئاگاداری و مەعریفەی بەرامبەر بە‌رۆمان و تواناو قابلییەتەکانی ئەم ژانرە و ئاڵۆزییەکانی دنیای رۆمان هەیە. بۆیە رەخنەگرێکی ئاوا ناتوانێت قسە لە ‌سستی یان پتەوی فۆڕم ‌و ساختار و دارشتنی بەرهەم بکات، لە ‌رەوایی یان ناڕەوایی بەکارهێنانی تەکنیکەکانی بدوێت، لە سەر سستی و لاوازی داڕشتنی کەسایەتییەکان بنووسێت، باسی زمانی گێڕانەوەکە ‌و باش و خراپی زمانی نووسەر یان بێژەر یان کەسایەتییەکان بکات، لە ‌جۆری بێژەر و گۆشە نیگای گێڕانەوەکە و، باش و خراپی ئەم بابەتانە بدوێت، کە ‌ئەمانە ‌گرینگترین بەشی کاری نووسین و، کلیلی پێویست بۆ چوونە ‌ناو دنیای رۆمانەکە و، کەشفی مانا و پەیامە دیار و شاراوەکانن.       

پرسیار: ئەگەر رەخنەشمان هەبێت ئەوەندەى گرنگى بەکەسێتى خاوەن تێکستەکە دەدات ئەوەندە گرنگى بە خودى تێکستەکە نادات، تۆ لەو بڕوایەدایت ئەم رۆمانە وەک چەندین بەرهەمى ناوازەى ئەدەبى دیکە لەبەین بچێتء بچێتە خانەى لەبیر چوونەوەوە؟

وەڵام: سەرەتا با لە ‌بەشی کۆتایی پرسیارەکەتەوە ‌دەست پێ بکەم. من ‌نازانم ئەو چەندین بەرهەمە‌ ناوازە‌ ئەدەبییە کە ‌تۆ پێتوایە ‌بە‌هۆی نەبوونی رەخنەی ئەدەبییەوە لە بەین چوون و چوونەتە ‌خانەی فەرامۆشییەوە کامانەن. راستت بوێ من بڕوام بەوە نییە کە ‌هیچ هێزێک بتوانێت بەرهەمێکی ئەدەبی ناوازە، واتە ‌بەرهەمێک کە ‌بەراست داهێنەرانە و هەڵگری بەهای ئەدەبی و هونەری جوان بێت، لە بەین ببات. بەرهەمی داهێنەرانە‌ کە خاوەنی هەموو تایبەتمەندییەکان بێت، نەوەک هەر ناپووکێتەوە و ناچێتە ‌خانەی فەرامۆشییەوە بەڵکوو بەردەوام بە‌شێوەگەلی جیاواز و تەنانەت لە بەرهەمەکانی پاش خۆشیدا، بەها جوانەکانی بەرهەم دەهێنێتەوە. راستە‌ کە ‌زۆر بەرهەمی لەم چەشنە لە ‌شوێنێک و قۆناغ و سەردەمێکی تایبەت وەرنەگیراون، یان خوێنەری ئەو شوێن و سەردەمە پەیان بە بەهاکانیان نەبردووە، بەڵام ئەم جۆرە‌ بەرهەمانە‌ قابلییەتی کۆچ کردن بۆ شوێن و بە تایبەت بۆ قۆناغ و سەردەمێکیتریان هەیە و، رۆژێک لە رۆژان خۆیان و بەهاکانیان ئاشکرا دەکەن. نموونەی مێژوویی زۆر هەیە کە‌ راستی ئەم بۆچوونە بسەلمێنێت. ئەڵبەت ئەمە ‌بەو مانایە ‌نییە‌ کە ‌هەر بەرهەمێک لە شوێن و کاتی خۆیدا وەرنەگیرا و خەڵک نەیخوێندەوە و بەهای پێنەدا، ئەوە بەرهەمێکی ‌ناوازەیە و، نووسەرەکەی پێیوا بێت کە ‌بەها جوان و ئەدەبییەکەی لە ‌داهاتوودا دەردەکەوێت. من حەز ناکەم هەر نووسەرێکی بێدەسەڵات و کەم بەهرە کە‌ خەڵک و خوێنەواران ئاوڕیان لە بەرهەمەکەی نەدایەوە، ئەم قسانە‌ بکاتە پاساوی بێ بەهرەیی خۆی و سستی بەرهەمە ئەدەبییەکەی. ئەگەر وابێت ئەمە ‌دۆخێکی کۆمێدی و لە‌ هەمان حاڵدا تراژدییە کە ‌ئەو نووسەرە تێی دەکەوێت.
بەڵام بە‌نسبەت رەخنەی کوردییەوە، من لە ‌وەڵامی پرسیاری پێشوودا هەندێک بۆچوونی خۆم دەربڕیوە. من پێموایە ‌ئەگەر رەخنەگری ئەدەبی توانای خوێندنەوە و پرسیار کردن لە ‌تێکستەکەی نەبێت، خوێندنەوە و پرسیارەکانی دەگوێزێتەوە‌ بۆ ‌دەرەوەی تێکستەکە. واتە ‌بابەتێکیتر وەک مەرجەع و سەرچاوە بۆ نووسینەکەی هەڵدەبژێرێت. لە ‌زۆر حاڵەتدا کتێبێک یان کۆمەڵە وتارێک یان بیر و بۆچوونەکانی بیرمەندێک دەکاتە ‌مەرجەعی سەرەکی خوێندنەوەکە و، لە‌ هەندێک حاڵەتیشدا خاوەنی تێکستەکە ‌دەکاتە ‌سەرچاوە. بۆیە خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە و پرسیارەکانی، دەبێتە‌ خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە لە ‌کارەکتەری خاوەنی تێکستەکە‌و، لە ‌ژیانی خاوەنی تێکستەکەدا بۆ وەڵامی پرسیارەکانی ( ئەگەر پرسیارێک لە‌ ئارادا بێت ) دەگەڕێت.  من پێموایە ‌ئەگەر بەهادان بە ‌خاوەنی تێکست لە پێناوی کەشفی زیاتری جیهانی دەقە ئەدەبیەکەدا بێت ئەوە ‌کارێکی چەوت و هەڵە نییە. ئەگەر زاکیرەم لەم کاتەدا یارمەتی بدامایە ‌چەند رەخنەگر و لێکۆڵەری ئەدەبیم ناو دەبرد کە بە ورد بوونەوە و خوێندنەوەی ژیانی نووسەرانێکی وەک تۆلستۆی و داستایۆڤسکی و تەنانەت کامۆ و کافکا و … هەوڵیان داوە ‌کە ‌لە ‌دنیای بەرهەمە ئەدەبییەکانیان زیاتر نزیک ببنەوەو، هەندێک راستی شاراوە لەسەر ئەو بەرهەمانە ‌ئاشکرا بکەن. بەڵام بە‌داخەوە ‌لە ‌مەیدانی رەخنەی ئەدەبی کوردیدا من نموونەی ئاوام نەبینیوە. ئەوەی جار و بار بینیومە ئەوە بووە‌ هەندێک کەس فرسەت و دەرفەتی بڵاوبوونەوەی بەرهەمێکی ئەدەبیان قۆستۆتەوە و بە‌نووسینێک، یان خۆشەویستی و شەیدایی خۆیان بۆ نووسەرەکە دەربڕیوە یان پەردەیان لە‌ رق و قین و ناخۆشەویستی خۆیان بەرامبەر خاوەنی بەرهەمەکە هەڵداوەتەوە. بەلای منەوە هەموو کەس مافی ئەوەی هەیە بە باڵای نووسەرێکدا هەڵبڵێت یان گلەیی لێ بکات، بەڵام منیش مافی ئەوەم هەیە کە ئەو نووسینانە بە رەخنە نەزانم و بە‌هەندیان وەرنەگرم. هەر وەک ئاماژەم پێ کرد من پێموایە‌ ئەگەر کەسێک بیهەوێت پەی بە‌کاراکتەری راستەقینەی نووسەرێک ببات و سەر لە ‌دنیای فکری و زهنی نووسەرێک دەربێنێت، باشترین رێگە ئەوەیە کە ‌لە ‌دەقی داهێنانەکانی ورد ببێتەوە. دەقی دا

Previous
Next

Leave a Reply