Skip to Content

Tuesday, September 22nd, 2020

گفتووگۆی ئاڵای ئازادی له‌گه‌ڵ گۆران عه‌بدوڵڵا …

Be First!
by August 19, 2008 دیمانە

گفتووگۆی ئاڵای ئازادی له‌گه‌ڵ گۆران عه‌بدوڵڵا به‌رێوه‌به‌ری ماڵپه‌ری ده‌نگه‌کان
ئامادەكردنی : ئیدریس عەلى

 

  ئاڵای ئازادی: لەكوردستاندا یاسایەك نییە بۆ رێكخستنى رۆژنامەى ئەلكترۆنى، لەم حاڵەتەدا تاچەند دەتوانرێت رۆژنامەى ئەلكترۆنى وەك سەرچاوەیەكى باوەڕپێكراو تەماشا بكرێت؟

 گۆران عه‌بدوڵڵا:
 ته‌ماشاکردن یان سوود لیوه‌رگرتن له‌ ڕۆژنامه‌ی ئه‌لیکترۆنی وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌کی باوه‌ر پێکراو ، به‌ڕای من ناکرێت له‌و شوێنه‌وه‌ سه‌یربکرێت که‌ ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌ یان ده‌زگایه‌ له‌ چوار چێوه‌ی یاسایه‌کدا جێگایه‌کی بۆ کراوه‌ته‌وه یان نا‌. ئه‌کرێ سه‌دان ڕۆژنامه‌ی ئاسایمان هه‌بێ و خاوه‌ن مۆڵه‌تی یاسای بن به‌ڵام که‌س جورئه‌تی ئه‌وه‌ نه‌کات وه‌کوو سه‌رچاوه‌ به‌کاریان بهێنێت. سوود وه‌رگرتن له‌ هه‌ر که‌ناڵێک چ ئه‌لیکترۆنی بێت یان کاغه‌زی له‌ پێش هه‌موو شتێکدا په‌یوه‌نده‌ به‌و راستگۆییه‌ی که‌ ئه‌و رۆژنامه‌یه له ماوه‌ی کارکردنیدا‌ ‌ توانیوویه‌تی لای خوێنه‌رانی دروستی کات. پاشان مه‌رجه‌کان و یاساکانی ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌ بڵاو کردنه‌وی ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ به‌ر چاو گیرابێ . بۆ نموونه‌ بڵاو کردنه‌وه‌ی هه‌واڵێک مه‌رجه‌ هه‌واڵنووس دیار بێت یان سه‌رچاوه‌که‌ی دیاری کردبێت ، یان خودی هه‌واڵ نووس ئاماده‌یی هه‌بێت له‌ شوێنی ڕوداوه‌که‌ و کۆمه‌ڵێ فاکته‌ریشی دیاری کردبێت بۆ پشت راستکردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌که‌.
 
 ئاڵای ئازادی: بەشێكى زۆر لەسایتە كوردیەكان تەداخول لەژیانى شەخسى كەسەكاندا دەكەنو ئەمە لەنووسینیشدا تەوزیف دەكەنەوە، هاوكات بەناوى رەخنەوە تەوهینو سووكایەتى بەبەرامبەرەكەیان دەكەن، بەڕاى تۆ ئەمە تاچەند دەچێتە چوارچێوەى سیستمى رۆژنامەى ئیلكترۆنییەوە؟

 گۆران عه‌بدوڵڵا:
 ته‌وهین و سوکایه‌تی،ته‌داخولکردن له‌ ژیانی شه‌خسی و کارکردن بۆ سرینه‌وه‌ی یه‌کتر فه‌رهه‌نگێکی کۆنه‌و په‌یوه‌ندی به‌ ڕۆژنامه‌ی ئه‌لیکترۆنییه‌وه‌ نییه‌ . پێشتر له‌ کۆڵانه‌کان ده‌کراو دوێنێ له‌ شه‌ری ناوخۆ، له‌سه‌ر ته‌له‌فزیۆن و ڕووپه‌ڕی ڕۆژنامه‌ حیزبیه‌کانه‌وه‌ تا ژوره‌کانی پاڵتۆک و له‌ وێشه‌وه‌ چه‌ند سایتێک به‌ هه‌مان ئاقاردا درێژه‌یان به‌و فه‌رهه‌نگه‌ داوه‌ .
 هێنانه‌ خواره‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ و دیالۆگ بۆ ریزکردنی کۆمه‌ڵێ وشه‌ی ناشیرینو  ته‌داخولکردن له‌ ژیانی شه‌خسی وکۆمه‌ڵایه‌تیدا له‌ ژێر بیانووی جۆراو جۆردا ،دورو نزیک په‌یوه‌ندی به‌ ڕۆژنامه‌ ئه‌لیکترۆنیه‌وه‌ نیه‌.
 په‌یوه‌ندی به‌و دونیا بینیه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ هه‌ر یه‌ک له‌ ئێمه‌ هه‌ڵگریه‌تی ، به‌نده‌ به‌وه‌وه‌ی ئێمه‌ به‌ دوای پراکتیزه‌ کردنه‌وه‌ی چ میتۆدێکین له‌ ژیاندا و چ پێناسه‌یه‌ک به‌ شایه‌نی مرۆڤ و ژیان ده‌زانین.
  پێم وایه‌ کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ ئه‌و جیاوازییه‌ به‌ روونی بکه‌ین له‌ نێوانی سایتی تاکه‌ که‌سی که‌بۆ مه‌به‌ستێکی دیاریکراو که‌سێک یان لایه‌نێک دروستی ده‌کات له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی ئه‌لیکترۆنی.
  رۆژنامه‌ی ئه‌لیکترۆنی به‌ بێ پابه‌ندبوون به‌ پایه‌ بنه‌ره‌تێکانی یاسای رۆژنامه‌گه‌رییه‌وه و‌ به‌له‌به‌ر چاو گرتنی شیوه‌ی ته‌کنیکی و پایه‌ جیهانییه‌که‌ی مانایه‌کی نییه‌و نابێ.
   گه‌وره‌ی کاره‌ساته‌که له‌م شێوه‌یه‌ی نووسیندا،‌ نه‌بینینی نه‌وه‌یه‌کی نوێیه‌ که‌ ئه‌مڕۆ ئاشنا ده‌بێ به‌ کۆمپیوته‌رو سبه‌ینێش به‌و فه‌رهه‌نگی پڕ له‌ توندو تیژیه‌وه‌ گۆشده‌بێت.ئه‌م زمانی نووسینه‌ تاکه‌ خوێنه‌رێکی بۆ دروست نابێت عه‌وداڵی گه‌ران بێت به‌ دوای جوانیدا، براوه‌ش هه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌ که‌ سه‌همێکی زۆری هه‌یه‌ له‌ دروست بونی ئه‌م بێسه‌روبه‌رییه‌ی دونیایی ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی.
 
 ئاڵای ئازادی: دووجۆر كەس لەسایتەكاندا بەردەوام نووسینیان دەبینرێت یەكەمیان بەناوى ئۆپۆزۆسیۆن ئەویتریان بەناوى دەسەڵاتەوە، ئەوەشى هەست پێدەكرێت لەنووسینەكانیشیاندا پابەند نین بەبنەماكانى رەخنەو پێوەرەكانى نووسینەوە، بەڕاى تۆ بوونى ئەو سایتانە نەبوونەتە فاكترێك بۆ ئەوەى ئەوجۆرە قەلەمانە درووستببن؟

 گۆران عه‌بدوڵڵا:
 به‌دڵنیایه‌وه‌ ،کاتێک لایه‌نی که‌می سانسۆر نه‌بێت بۆ پارێزگاری کردن و ڕه‌چاو کردنی بنه‌ما زانستییه‌کانی نووسین،ئیتر نووسین و نووسه‌ربوون له‌ کایه‌یه‌کی زانستیه‌وه‌ ده‌گۆرێ بۆ قسه‌ی ناو کۆڵان. جوینه‌وه‌ی جه‌ند ڕسته‌یه‌کی سوواو، سه‌دان جار ده‌ته‌قێته‌ نێوو چاوانتا. مانا و ناوه‌ڕۆکی ئۆپۆزۆسیۆن بونیش به‌شێوه‌یه‌ک دێته‌خوارێ له‌ جنێو دان و سوکایه‌تی کردنه‌وه‌ پێناسه‌ ده‌کرێ. له‌ولاشه‌وه‌ ماستاوچیه‌کانی ده‌سه‌ڵات کاسبیه‌که‌یان باشتر ده‌بێت.
  ئه‌م هه‌رایه‌ی نووسین و خۆ به‌ نووسه‌ر زانینه‌ ڕاسته‌ به‌شی شێری به‌ر سایته‌کان ده‌که‌وێت ، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان ئه‌و ڕۆژنامانه‌ش که‌م نین له‌ کوردستان که‌ درێژه‌ پێده‌ری هه‌مان فه‌وزان.
 ئاڵای ئازادی: هەر لەسایتەكاندا زۆربەى ناوى نووسەرەكان خوازراونو  ئاشكرانین، تۆ وەك سەرپەرشتیارى سایتێكى موعتەبەرى وەك دەنگەكان، پێتوایە چون دەكرێت مامەڵە لەگەڵ ئەو ناوە خوازراووو بابەتەكانیاندا بكرێتو چۆن متمانەیان پێدەكەن؟

 گۆران عه‌بدوڵڵا:
 هه‌رکه‌س ئازاده‌ چ ناوێک له‌ خۆی ده‌نێ. به‌ڵام نابێ ئازاد بێ له‌وه‌ی ئه‌و چی ده‌ڵێت و ده‌نووسێت ده‌بێ بڵاو بکرێته‌وه‌. ئێمه‌ وه‌ک ده‌نگه‌کان هه‌وڵمان داوه‌و هه‌وڵده‌ده‌ین وردتر له‌گه‌ڵ ئه‌و شێوه‌یه‌ له‌ بابه‌ت وه‌ به‌تایبتی بابه‌تێک که‌ ناوی لایه‌ن و که‌سی تێدا هاتبێ هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ین . وه‌ پێشمان گرنگه‌ ناوی ڕاسته‌قینه‌ی نووسه‌ره‌کان بزانین تا ئه‌و شوێنه‌ی په‌یوه‌ند بێت به‌ ئێمه‌وه‌.

 ئاڵای ئازادی :رایەك هەیە لەدنیادا دەڵێن: رۆژنامەى ئەلكترۆنى رۆژنامەى كاغەزى كز كردووە، ئەم رایە تاچەند سایتە كوردیەكانیش دەگرێتەوە؟
 
 گۆران عه‌بدوڵڵا:
 هه‌رچه‌نده‌ من هیچ ئامارێکم له‌و باره‌وه‌ له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕۆژنامه‌کانی کوردستان. به‌ڵام دڵنیام کاریگه‌ری هه‌بووه‌ . به‌ڵام ئه‌و کاریگه‌رییه‌ له‌ ئاستی کاریگه‌رییه‌کانی ئه‌مریکا و ئه‌وروپا و یابان دا زۆر که‌متره‌‌. ئه‌مه‌ش بۆ که‌می به‌کارهێنه‌ری ئینته‌رنێت ده‌گه‌رێته‌وه‌ له‌ کوردستان له‌ چاو وڵاتێکی وه‌ک ئه‌مه‌ریکا که‌ ڕێژه‌ی به‌کار هێنه‌ری ئینته‌رنێت تێیدا ده‌گاته‌ زیاتر له‌ %67.4.
 
 ئاڵای ئازادی: دواپرسیار پێمان بڵىَ وەك ئەزموونت لەسلیتى دەنگەكاندا تاچەند رۆژنامە ئەلكترۆنیەكان توانیویانە ببنە هێزى فشار و راى گشتى درووستبكەن، یاخود تاچەند توانیویانە ببنە پردێك لەنێوان نووسەرانى كوردستانو ئەوروپا، ئەى تاچەند توانیویانە لەسەر پرسە گرنگو چارەنوسسازەكان دیالۆگى جدى درووستبكەن؟

 گۆران عه‌بدوڵڵا:
 به‌رپرسه‌ باڵاکانی کوردستان چه‌ندین جار به‌ بیانوی جۆراو جۆره‌وه‌ قسه‌یان له‌سه‌ر رۆژنامه‌ی ئه‌لیکترۆنی کوردی کردوه‌ ،ئه‌مه‌ بۆ خۆی نیشاندانی ئه‌و فشاره‌یه‌ که‌ رۆژنامه‌ی ئه‌لیکترۆنی بۆ ده‌سه‌ڵاتی دروست کردووه‌. وه‌یه‌کێک له‌و که‌یسانه‌ی که‌ فشارێکی زۆری بۆ حکومه‌تی هه‌رێم دروستکرد که‌یسه‌که‌ی د.که‌ماڵ سه‌ید قادر بوو.
 په‌یوه‌ندی نێوان نوسه‌رانی کوردستان و ئه‌وروپا یان راستتر بڵێین هه‌نده‌ران له‌ پردا نه‌ماوه‌ته‌وه‌و هاتۆته‌ سه‌ر کلیکه‌ کردنی ماوس.
 سه‌باره‌ت به‌ دوواین به‌شی پرسیاره‌که‌ت ده‌ڵیم ، ئێمه‌ وه‌کوو ده‌نگه‌کان چه‌ندین مه‌له‌فی گه‌وره‌مان له‌سه‌ر پرسه‌ جیاوازه‌کان کرۆته‌وه‌ و نووسه‌ران و سیاسه‌تمه‌داری زۆریش به‌شداریان تێدا کردووه‌ ، له‌وانه‌ مه‌سه‌له‌ی جه‌نۆسایدی کورد، دادگای سه‌دام حسێن ، مه‌سه‌له‌ مارکسیزم ،ژنان و……..هتد. وه‌ ده‌توانن ده‌ستان بگات به‌و مه‌له‌فانه‌ له‌ ئه‌رشیڤی ده‌نگه‌کان.
 
 له‌ ژماره‌ 770ی ئاڵای ئازادی بڵاو بۆته‌وه‌ :
 http://hetaw.net/web/kur/Control/Upload/pdf/770-8.pdf
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply