Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
گفتووگۆ له‌گه‌ڵ حاجی مه‌مۆ … ئاماده‌کردنی: رزگار رەزا چوچانی

گفتووگۆ له‌گه‌ڵ حاجی مه‌مۆ … ئاماده‌کردنی: رزگار رەزا چوچانی

Closed
by April 18, 2011 گشتی



نوسینێکی فەرەیدوون عەبدولقادر کێشەکانی ناوکۆمەڵەی تەقاندەوە

ئەوانەی کە پێیان دەوتن سەرکردایەتی کۆمەڵە لەگەڵ بڕوای کۆمەڵە راستگۆ نەبوون کە دەبێت بەرەنگاری لەکورد بکرێت ئەوانیش لەگەڵ عامێ چونە شامێ تەسلیم عێراق بوونەوە

دەسەڵاتێک لەژێر دەستی نەوشیروان مستەفا دروست بوو خۆیان چییان بویستایە ئەوەیان دەکرد
رۆژێک نەوشیروان بانگی کردم وتی ئەوەندە باسی ئارام مەکە ئەو خەڵکە وا سەیر دەکەن کە تۆ خەتی ئارام بیت

مام جەلال پێی وتم ئەگەر ناتوانن لەناو کۆمەڵە هەڵبکەن تەنزیمێکی سەربەخۆی خۆتان دروست بکەن ئەتوانن ببنە باڵێکی تری یەكێتی نیشتیمانی

ئەو ناکۆکیانەی لەشاخ هەبوو زیاتر ناکۆکی شەخسی و وەک ئێمەی هەولێری دەڵێین کەیف بەیەکتر نەهاتن و یەکتر بوغزاندن و یەکتر قبوڵ نەکردن بووە

ئەگەر نەوشیروان خۆی نەخستایەتە پەنای لایەنێک ئەو کێشانە رویان نەدەدا و ئاڵای شۆڕش دروست نەدەبوو

کۆمەڵە لەدوای کاک ئارام خاوەنی رابەرو سەرکردەیەکی بەتواناو خاوەن پراکتیکێکی شۆڕشگێڕانەی پاک نەبوو کە کۆمەڵە ئیدارە بدات و بیپارێزێت لەو ناکۆکییانە

کاتێک شەخسی یەکەمی کۆمەڵە نەوشیروان مستەفا بڵێ بڕوام بە باوەڕی کۆمەڵە نەبووە بێگومان بڕواشی بەحەلکردنی کۆمەڵە هەبووە

عەباس محەمەد حسێن ناسراو بە “حاجی مەمۆ” لەیەکێتی قوتابیان کاری ڕێکخراوەیی و سیاسی دەستپێکردووە، بەشداری شۆڕشی ئەیلولی کردووە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت وەک ئەندامێکی کۆمەڵە لەو شۆڕشە بەشداربووە، دواتر لە ریزەکانی کۆمەڵە دەبێتە ئەندامی سەرکردایەتی و ماوەیەک بەرپرسی هەموو رێکخستنەکانی کۆمەڵە بووە لە ناوچەکانی هەولێر، دوای سەرهەڵدانی کێشەکانی ناو کۆمەڵە لەگەڵ هاورێکانی ئاڵای شۆرش دا ئەمەزرێینن و دەبێتە ئەندامی سەرکردایەتی ئاڵای شۆڕش، لەم دیمانەیەدا لەگەڵ گۆڤاری سڤیل لاپەڕەی ناکۆکییەکانی کۆمەڵە لە رابردوو و مێژوی کۆمەڵە هەڵدەداتەوە.

رزگار رەزا چوچانی/ چۆن پەیوەندیتان بە یەکێتی قوتابیانەوە کردو چ ئەرکێکتان لەسەر شان بوو؟
حاجی مەمۆ/  لەساڵی ٦٣ لە هەولێر چەند برادەرێک بوین, غازی خۆشناو, کە خەڵکی خۆشناوەتی خەڵکی گوندەکانی بناری سەفین بوو, هاتوچۆی ناو شۆڕش و پێشمەرگەی دەکرد، ئەو هەستی کورد بون وکوردایەتی لەهەموومان بەرچاوتر بوو، بوو بە هۆی ئەوەی ئێمە پەیوەندی بەشانەیەکی یەکێتی قوتابیانەوە بکەین، لە قوتابخانەی خولەکان، ئێمە وەک هەواداری یەكێتی قوتابیان، پێنج کەس بوین، بیرم بێت بریتی بوین لە بەندەو محەمەد حسێن کە ئێستا موهەندیسە لەهەولێر، عومەر حسێن حاکمە لەهەولێر، عەبدولسەلام و غازی، ئەو پێنج کەسە لەو مەکتەبە چالاکی یەکێتی قوتابیانی کوردستانمان بەرپاکردوو، یەکەم چالاکیشمان بەشداریکردنمان بوو لە ئاهەنگێکی نهێنی، بۆ نەوروز، کە لەدەوروبەری هەولێر، لە نزیکی قوشتەپە ساز کرا.
چالاکییەکانمان زیاتر بڵاوکردنەوەی چالاکی سیاسی و بڵاوکراوەکانی ناوخۆی پارتی و بەیاننامەو راگەیەنراوەکانی یەکێتی قوتابیان بەناو دۆست و ئەندامانی یەکێتی قوتابیان بوو، هەرەرها کۆکردنەوەی خەڵک لەدەوری یەکێتی قوتابیان. دواتریش لەناو قوتابیانەوە دروستکردنی دۆست و ئەندام بۆ ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و خەباتکردن لە ریزەکانی شۆرش و بەرخودان و روبەڕووبونەوەی دوژمنان، ئەوکاتیش لەدوای ساڵی ١٩٥٣ کە بەدەستپێشەخەری سەرکردایەتی  پارتی یەکێتی قوتابیان دروستبوو لە سەرجەم لەکوردستانی خواروو چالاکی و جێگەی خۆی هەبوو.

رزگار رەزا چوچانی/ ئێوە لە یەکێتی قوتابیانی کوردستان بوون، کە رێخراوێکی سەربە پارتی بوو، چۆن بوو دواتر لە سەرەتای حەفتاکانەوە پەیوەندیتان بە کۆمەڵە کرد، ئایا بڕوای مارکسی و پارتایەتی تاچەند لەیەک نزیک بوون، تا ئێوە خۆتان لەو کۆمەڵەیە ببیننەوە؟

حاجی مەمۆ/ بێگومان ئەو کات کەمن کارم دەکرد لەگەڵ یەکێتی قوتابیان، یەکێتی قوتابیان بوو بووە دوبەش، بەشێکیان لەگەڵ ئیتیجاهی مەکتەبی سیاسیدا بوو، کەلەناو خەڵک پێیان دەوترا جەلالی و بەشێکیشی لەگەڵ سەرکردایەتی  بارزانی و پارتی بوو، کەپێیان دەوترا مەلایی، دامودەزگاکانی مەکتەبی سیاسی ، هەندێ گۆڤارو بڵاوکراوەی ئاشکرای هەبوو، لەوانە گۆڤاری رزگاری کە دەورێکی باڵای هەبوو لە بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی چەپ و بیروباوەڕەکانی ماوسۆنگ، دواتر بەرپابونی رۆژنامەی هاوکاری و کارتیاکردنی چەند کەسێکی ئەندامی ئەو حزبە و یان گەنجە تازەپێگەشتووەکانی ناو قوتابیان و لاوان، بەگوێرەی ئەوەی کە ئێستا دەیبینم ئەوکات بیروباوەڕی چەپ و چەپ بوون وەکو مۆدەیەک بوو، بەهۆی کاریگەری چەپەکانی ئێران و بەتایبەت فەلەستینیەکان، کە نوسین و بڵاوکراوەکانیان بەشێوەیەکی فرەوان لەڕێگای ئەو ئیتیجاهەی مەکتەبی سیاسی دەکرا بەکوردی و بەناو خەڵکی کورد بڵاو دەبووەوە، ئەوەش کاریگەری بەرچاوی هەبوو کە کۆمەڵێ گەنجی وەک ئێمە زۆرتر روو لەو بیرو باوەڕە بکەین، بەڕیگایەکی باشی بزانین بۆ خەبات، دوای بەیانی ١١ی ئادارو بەحەلبونی باڵی مەکتەبی سیاسی و گەڕانەوەیان بۆ ناو پارتی، خەڵکێک هەبوون بیریان لەوە ئەکردەوە کە لەپەنای ئەو حزبەوە، خەڵکی کورد پیویستیان بە ئاراستەو رێکخراوێکی چەپ و نوێ هەیە، کە لەناو خەڵکی رەش و روت و کرێکارو زەحمەتکێش جێگەو پێگەی هەبێت کار بۆ ئەو رێکخراوە کراو منیش پەیوەندیم کرد چونکە وەک وتم بەبڕوایەکی پێوستم دەبینی.

رزگار رەزا چوچانی/ کەوایە ئەتوانین بڵێین کاتێک لەگەڵ یەکیتی قوتابیان بویت، لەگەڵ باڵی مەکتەبی سیاسی بویت؟

حاجی مەمۆ/بەڵێ وایە من لەگەڵ ئەو ئاراستە کارم دەکرد.

  رزگار رەزا چوچانی/ وتت لەگەڵ باڵی مەکتەبی سیاسی کارر کردووە، بەڵام بڕوای چەپیش کاریگەری لەسەرتان دروست کردووە، دواتریش وەک خەڵک رێکخراوێکی چەپتان بە پێویست بینووە، بەڵام دواتر تۆش بەشداری شۆرشی ئەیلولت کرد ئەوە گەڕانەوە نەبووە بۆ ناو پارتی؟

حاجی مەمۆ/ نەخێر گەڕانەوە نییە، کاتێک بەشداری شۆرشی ئەیلومان کرد، وەک ئەندامێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداریمان نەکرد، وەک ئەندامێکی یەكێتی قوتابیان بەشداریمان کرد، کە ڕیکخستنی شاراوە نهێنی خۆمان هەبوو بەناوی کۆمەڵە، دیارە بەشداری کردنی دەیان هاوڕێ و ئەندامانی کۆمەڵە، هەتا لەسەرکردە ناسراوەکانی کۆمەڵەش لە خەباتی شۆڕشی ئەیلول، بۆ ئەوە بوو کە ئێمە خۆمان لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دانەبڕێین، لەخەباتی رەوای نەتەوەکەمان بە فعلی بەشداری بکەین، بۆ ئەوەی باشتر لەئێش و ئازارەکانی نەتەوەکەمان تێ بگەین، لەگەڵ قوربانی دانەکانی بهەژێین و زیاتر بێینە سەرپێ بۆ سەرمەشق بوون و خۆ ئامادەکرن، تا لەئاستی پێویستدا بین، هەروەها ویستمان ئەو رێکخستنەی کە هەمان بوو بەناوی کۆمەڵە، زیاتر بیگەیەنینە کونج و کەلەبەرەکانی ناو خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان.

رزگار رەزا چوچانی/ کەوایە ئێوە لەژێر بڕوای کۆمەڵەوە، بەشداری شۆڕشی ئەیلول تان کردووە، زیاتر مەبەستتان چەسپاندنی بڕوای خۆتان بووە لەناو خەڵک نەک خەبات بۆ میللەت؟

حاجی مەمۆ/ بەو شێوە نییە تاڕادەیەکی زۆر لەژێر بڕوا بوون بە ئێش و ئازارو خەباتی رەوای نەتەوەکەمان بوو، هەروەها مەبەستمان بوو لەو سێبەرەشەوە کۆمەڵە بکەینە تەنزیمێکی وا کە لەناو ئەو واقیعەدا جێگەو پێگەی هەبێت، ئێمە کۆمەڵەمان بۆ رزگارکردنی ئەو میللەت و وڵاتە بەپێویست بینوە کەوایە ئەگەر بۆ بڕوای خۆشمان بوبێت بڕواکەی خۆمان بۆ میللەت بووە.

رزگار رەزا چوچانی/ ئایا کۆمەڵە لەگەڵ ئەو خەباتە چەکدارییە بوو، کە پارتی بەرپای کرد لە دژی عێراق یان رایەکی تری هەبوو؟

حاجی مەمۆ/ کۆمەڵە بڕوای تەواوی بە خەباتی رەوای نەتەوەی خۆمان هەبوو، بڕوای تەواوی هەبوو کە لەڕێگای خەباتی چەکداری دەتوانێ دەستکەوتی گەورە بۆ نەتەوەکەمان بەدەستبهێنێت، ڕێگا لە زەبرو زەنگ و غەدرو چەوساندنەوەی هێزی داگیرکاری حکومەتی عێراق بگرێت، مەبەستیشی بوو بە فعلی خۆی لەناو ئەو خەباتەدا جێگەی خۆی هەبێت، پێگەیەک بۆخۆی دروستبکات و لەڕیزەکانی خەباتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بێت و بچێتە ناو شادەمارەکانی کۆمەڵانی خەڵک.

رزگار رەزا چوچانی/ بەڵام ئەگەر بڕواتان بەخەباتی خەڵکی کوردستان هەبوو، بۆچی هەندێکتان بە بڕوای عێراقچێتی تۆمەتبار کران؟

حاجی مەمۆ/ لێرەدا دەبێت بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاکانی دروست بونی کۆمەڵە، لە سەرەتاکانی دروست بونی کۆمەڵەو مێژوی دروستبونی، دوشتی زۆر ئەساسی هەن، کە دەبێت هەموو کەس ئاگایی لێی هەبێت،  یەکەم سەرەتا کە کۆمەڵە بڕیاری دروستبونی خۆیدا لەشتێکی رێکخراوەیی ئامادەکراو دەستی پێ نەکرد، لە شتێک دەستی پێ کرد کە پێی دەوترا “حەلەقاتی سەقافی ” بازنەکانی رۆشنبیری، ئەو بازنانە بۆ ئەوە بوو کە تیکرا بتوانرێت، لەسەرجەم مەسەلە فکری و سیاسی و ئابوری نەتەوایەتی و چینایەتیەکانی نەتەوەی کورد، بەرنامەیەکی تێرو تەسەل ئامادەبکرێت، مناقەشەی هێڵە ئەساسیەکانی لەناو ئەو بازنانە ساغ بکرێتەوە و تەتەڵە بکرێت، بۆ ئەوەی زەمینەیەکی لەبارو گونجاو بۆ لەدایک بونی ئەو تەزیمە دروست بکرێت. بەداخەوە ئەوەی کە ئێستا من لە ئەنجام باسی دەکەم، بەهۆی نەبونی کادری لێهاتوی خاوەن توناوو تێگەشویی ئایدۆلۆژی کامڵ، تا بتوانێ لە ئاستی خواستەکان بێت، هەروەها لەبەر بارودۆخی نائاسایی و ناجێگیری ئەوکاتی کوردستان و عێراق، ئەو بیرو بۆچونە تا ڕادەیەکی زۆر بەکرچ و کاڵی مایەوە، شتەکان زۆرتر بە هەڵواسراوی و بە نیوە ناچڵی بەڕێکرا، تەنزیمی کۆمەڵە لەجیاتی ئەوەی وەک سەرەتاکەی کە بە شێوەیەکی باش بە بازنەی رۆشنبیری دەستی پێکرد بمێنێتەوە. بەداخەوە بووە تەزیمێکی نیمچەدەستکرد، یانی لەو شیوازە دروستە لای دا. بەپێی سەرەتای دەستپێکردن دەبوو هەر کەسێک کەبێتە ریزەکانی کۆمەڵە، لەو حەلقە رۆشنبیریانەوە گەڵاڵە بێت، یان تێ بگات و پی بگات، زەمینەی پێویست بۆ سەرهەڵدانی بڕەخسێنرێت، بەوشێوەیش دەتوانرا ئەو تەنزیمە بکرێتە تەنزیمێک کە زەرورەت بوایە بۆ ئەو سەردەمە، ئەو شێوازە دروستەش لە تەنزیمات، من بیرم بێت کاک شاسوار جەلال”ئارام” شاسواری  ئەو مەیدان و بیرکردنەوە بوو، بۆیە کاتێک ساڵی ١٩٧٤ بەشداریان لە شۆڕشی چەکداری کرد، لەلایەن سەرکردایەتی کۆمەڵە پشتگوێ و پەراوێز خرابوو، بەهۆی ئەوەی ئەو باوەڕی بە تەنزیمی دەستکردو پەلەپڕزە و کاتیی نەبوو، بەڵکو ئەو بڕوای بەتەنزیماتێک هەبوو، کە لەو سەرەتا حەلقە رۆشنبیریانەوە هەنگاوی بۆ هەڵبگیرێت، بتوانێت کادرەکانی پێبگەیەنرێت، ئەوکات بڕیاری یەکجارەکی بدرێت، بۆیە ئەگەر بێمەوە سەر پرسیارەکەی تۆ ئەتوانم بڵێم ئەوە شتێکی مێژووییە، کە بەهۆی ئەوەی ئەو کۆمەڵەیە لەو چوارچێوەیەی کە بیری لێکرابووەوە و داڕێژرابوو، وەک حەلەقاتی رۆشنبیری نەیتوانی هەنگاوی فعلی و عەمەلی بۆ هەڵگیرێت و بیخرێتە واری جێبەجێکردنەوە، بیرو بۆچونەکانیش یەکلا نەبوونەوە، بۆیە بیروبۆچونی عێراقی بوون و کوردستانی بوون لەسەرەتای دروستبونی یەوە وجودی هەبووە، لەناو سەرکردایەتی خەڵک هەبووە باوەڕی بە عێراقی بوون هەبووە، بۆ نمونە کاک فازیلی مەلا مەحمودو دەیانی تر کە رەنگە ناوەکانیانم لەیاد نەبێت، هەر لەسەرەتاوە جیابونەوە لەکۆمەڵەو کاک فازیل بەگەڵ قیادەی مەرکەزی حزبی شیوعی عێراقی کەوت، کە دواتر لە ڕوداوی تیرۆرکردنی قاسملۆ لەنەمسا ئەویش لەناو چوو، دوای ئەوەش بڕوای عێراقی بون و کوردستانی بوون کەم و زۆر لەناو کۆمەڵە کاریگەری و جودی هەبووەو کاری لەسەر دەکرا، بەڵام ئەوەی من تێی گەشتبم ئەوکات و ئێستاش، بەڕاستی ئەوە ناکۆکی ئەساسی ناو کۆمەڵە نەبووە، تا بەستنی کۆنفرانسی یەکەمی کۆمەڵە لەشاخ، دواتر ئەو مەسائیلانە بەشێوەیەکی تر کەوتنەوە پراکتیزەکردن. دەبێت ئەوەشم لەیاد نەچێت کە لەدوای ساڵی ١٩٧٥ و دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول ئەندامانی کۆمەڵە کەلەو شۆڕشەدا بەشدارییان هەبوو، بیریان لەهەنگاوێکی مەردانە کردەوە کە بۆ درێژەپێدانی خەباتی چەکداری و تەسلیم نەبوونەوە بەڕژێم و ئاشبەتاڵ نەکردن لە شۆڕش، درێژە بەخەبات بدرێت، بۆیە بەشێک لە ئەندام و کادیرەکانی کۆمەڵە کە لەشۆڕشی ئەیلولدا بوون لەناوچەی ماوەت کۆبونەوە، بەڵام دیسان کۆمەڵە، یان ئەوانەی کە پێیان دەوتن سەرکردایەتی کۆمەڵە، لەگەڵ ئەو بڕوای کۆمەڵە راستگۆ نەبوون، کە دەبێت بەرەنگاری لەکورد بکرێت، وەک کورد دەڵێت ئەوانیش “لەگەڵ عامێ چونە شامێ” هەموو بەشێوەیەکی بەرچاو تەسلیم بەڕژێمی عێراق بوونەوە، هەروەها لەوکاتیش کە سەرکردایەتی کۆمەڵە ئاشکرا بوو، بەهۆی هەڵەیەکی ناهەموارەوە لە رێکخستنەکانی بەغدا، سەرکردایەتی کۆمەڵە دووبارە لەئاستی بەڕێوەبردنی کۆمەڵەدا نەبوو، ئەوەی رێگای خۆ دەربازکردنی لەتەنگەژەکان هەڵبژارد، چوونە ئێران و لەلایەن دەسەڵاتی ئەوکاتی شای ئێران تەسلیم بەڕژێمی عێراق کرانەوە، لێرەدا کۆمەڵە توشی شپرزەیی و شۆکێکی زۆر گەورە هات، بەشێکی زۆری ڕێکخستنەکانی کەوتە هەڵوەشاندنەوەو لێکدابڕان، هەتا بەر شاڵاوی گرتن و ڕاوەدوونان کەوتن. بەڵام لێرەدا دیسان هەنگاوێکی تری کاک ئارام بەرجەستە بوو، ئەگەر چی وەک کۆمەڵێک برادەری دیکە ئەمری دەسگیرکردنی هەبوو، بەڵام کاک ئارام وەک پیاوێکی شۆرشگێر وەک پیاوێکی دنیا دیدە، وەک پیاوێکی لەخۆڕادیتوو و باوەڕ هەبوو بەخەباتی ڕەوای خەڵکی کورد، لەکوردستان مایەوەو کەوتەوە کار کردن بۆ کۆمەڵە، لەکاتێکدا کە دەرچون وجێهێشتنی وڵات، بۆ ئەو ئاسانتریش بوو کە هاوسەرەکەی بیانی بوو، ئەبێ ئەوەشم لەیاد بێت کۆمەڵێ تێکۆشەری تریش کە هەندێکیان شەهید بوون هاوشانی کاک ئارام وێڕای هەبونی بڕیاری دەستگیرکردنیان کۆمەڵەیان جێ نەهێشت و خەریکی سەرپێ خستنەوەی کۆمەڵە بوون. لەوکاتە کاک ئارام نوسێنێکی هەبوو بەناوی بەیاننامەی شوبات لە بەیاننامەی شوباتتدا، تا رادەیەک تەقیمێکی بۆ ئەوکاتی کۆمەڵە هەبوو، لێرەشدا باسی هەندێ لەو مەسائیلانە بەشێوەیەکی واقیعی دەکات، کە ئێمە وەک کۆمەڵە کاتێک دەتوانین بڕیار بدەین کە کوردستانین یان عێراقین کە فیعلەن خاوەنی دیراسەو لێکۆڵینەوە توێژینەوەیەکی ورد بین، لەهەموو مەسائیلە ئایدۆلۆژی و سیاسی و ئابوری کۆمەڵایەتییەکان تادوایی… نەک لەخۆڕا باسی ئەو لایەنە بکرێت، کاک ئارام زۆر بڕوای بە بەستنی کۆنفرانسێک هەبوو، لە دۆخێکی سروشتی و گونجاودا، تا کۆمەڵە بتوانێ بڕیاری یەکجارەکی خۆی بدات، هەر لێرەشەوە کاک ئارام هەنگاوی هەڵگرت و بیرو باوەڕی ماوستۆنگی لەسەر ناوی کۆمەڵە لابرد، بەهۆی ئەوەی کە ئەو بڕوایە ئەزمونێکی تایبەت بە ناوچەیەکە پەیوەندی بە ئایدۆلۆژیای مارکسی و  لینینزم نییە و تەنیا تەجروبەی وڵاتێک نەتەوەیەکە، نابێتە تێکهەڵکێش لەگەڵ بیرو باوەڕی مارکسیزم و لینینزم، بۆیە کۆمەڵە بووە کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستانی عێراق، بەڵام وەک باسم کرد لەسەرەتای کۆمەڵەوە جۆرە بیرکردنەوەیەک هەبوو کە فڵان عێراقچێتی دەکات و فڵان کوردستانی یە، ئەو تۆمەتەش کە تۆ لەپرسیارەکەت باسی دەکەی سەرچاوەکەی ئەوەیە، نەک بنەمایەکی دروستی هەبێت، هەموو ئەوانەش لە نوسینێکی فەرەیدوون عەبدولقادرەوە دەستی پێکرد، کە لە نوسینەکەدا کوردستانی بونی بۆخۆیان کردە پێناسەو، ناوی عێراقچێتیشی بەکار هێنا بۆ هەندێ برادەری تری لەناو سەرکردایەتی هەرێمەکان کە پێشتر هەبوون، وەک مەلا بەختیارو سالار و ئەو کادیرانەی یەکەم وەجبەی خەڵکی تێکۆشەر بوون، کە لەگەڵ دروستبونی مەفرەزە سەرەتاییەکانی کۆمەڵە، قوربانیان بەهەموو ژیان و خۆشییەکی خۆیان داو دەستیان بەخەباتی چەکداری کرد، لەوێوە ئەو کێشانە دروسبوو، کە فەرەیدون عەبدولقادر شاسواری تەقاندنەوەی ئەو ناکۆکییە شەخسیانەبوو، بە خستنەڕووی ئەو ڕایانەی خۆی عێراقچێتی دایە پەنای ئەو برادەرانەی لای سالارو مەلا بەختیار و دەروبەری ئێمەمان، کە لەناوچەکانی خوارەوە کۆمەڵێ کادیرو خەڵکی شۆڕشگێڕو تێکۆشەرو رەوشتبەرز و ئازاو بوێرمان لەدەوور بوو، کە ئامادەنەبوون ئەلقە لەگوێی بکەن، بەڵکو بۆ ئەوە هاتبوونە سەنگەری خەبات کردن کۆمەڵە بکەن بە تەنزیمێک کە پێشڕەوایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بکات.

رزگار رەزا چوچانی/ بەپێی قسەکانت پێت وایە کە ئەو کەسانەی کۆمەڵەیان دەبردبەڕێوە، کە دواتر تەسلیمی عێراق کرانەوە توانای رابەرایەتی کردنیان نەبووە؟

حاجی مەمۆ/ نا بەو مانەیە قسەم نەکردووە، من ناتوانم لەوبارەوە بەو شێوە بڵێم، چونکە ئەوانە قوربانیان بەژیانی خۆیان داوە بۆ کۆمەڵەو بیرو باوەڕەکانی کۆمەڵە، بەڵکو باسی ئەوە دەکەم کە سەرەتاتکێی ئەو بیرکردنەوانە لەگەڵ دروستبونی هەبووەو لەگەشەکردن و لەخەفەکردندا بووە، هەندێجار بەرز بووە و هەندێ جار نزم، بەڵام ئەبێ ئەوەش بڵێم کە کۆمەڵە لەگەڵ دروستبونی سکرتێری فعلی و بەڕێوەبەرو بەرپرسی ئەساسی کۆمەڵە مام جەلال خۆی بووە، ئەو سەرکردایەتیەی هەبووە لەلایەن مام جەلالەوە رێنمایی و پێشڕەوی کراوە، ئەو برادەرانەی کە بەفعلی لەکوردستانی خوارو سەرپەرشتی کۆمەڵەیان کردووە، زۆتر لەگەڵ بیرو باوەرو بیرکردنەوەکانی مام جەلال بوون و کاریان لەسەر کردووە.

رزگار رەزا چوچانی/ باسی ئەوەت کرد فەرەیدوون عەبدولقادر شاسواری تەقینەوەی ناکۆکییە شەخسییەکان بوو، هەر ئەو نوسینەی فەرەیدوون عەبدولقادر بوو دواتر ترازانی لەناوکۆمەڵە دروست کردوو ئێوە ئاڵای شۆڕشتان دروست کرد؟ یان چی تر؟

حاجی مەمۆ/ باسی ئەوەم کرد کە ئەو نوسینەی فەرەیدوون عەبدولقادر ناکۆکییە شەخسییەکانی تەقاندەوە، ئەوەش دەربڕینێکی کەم نییە، کە کۆمەڵە خەڵکێکی شۆڕشگێڕ بە عێراقچێتی تۆمەتبار بکەی، عیراقچێتی بخەیتە پەنای ئەوانەی کە دەیان ویست کۆمەڵە مەوقیفی هەبێ، لە بەرەنگاربونەوەی رژێم، هەڵوێستی هەبێت لە موفاوەزات لەگەڵ بەعس، هەوڵیان دەدا کۆمەڵە نەبێتە بەشێک لەشەڕو ناکۆکییە نێوخۆییەکان، کە بەداخەوە دواجار وایلێهات، بەڵام ئەو برادەرانە مەبەستیان بوو لە شەڕی خۆ کوژی کورد کوژی رۆڵێکی باشتری هەبێت، بۆ لێکنزیکبونەوەو ئاشتبونەوەی هێزە چەکدارەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی کوردستانی خواروو، نەك شەڕو یەکتر کوشتن، لەگەڵ ئەوانەدا  بیرکردنەوە لە پراکتیزەکردنی رۆژانەی خەبات هەموو ئەوانە ببوونە مۆرکی جیاوازییەکانی بیرکردنەوە.
هەروەها دەبێت ئەوەش بڵێم کەیف پێ نەهاتنی شەخسی بەیەکتری، بەتایبەت ئەو برادەرانەی کە زیندانەوە هاتبوونە دەرەوە ببوونە پێشمەرگەو بەرپرسیارەتی گەورەشیان پێ درابوو، بەڵام خۆیان بە موستەحەقتر دەزانی، لەو خەڵکەی تر کە لە ١٩٧٦ ەوە ببونە پێشمەرگە، دەیانویست خۆیان هەموو شت بن و هەموو بڕیارێک بەدەست خۆیان بێت، نەوشیروان مستەفاش لێرەدا لەجیاتی ئەوەی سیمبولی هاو خەباتی و پێکەوەیی و بەڕێوەبردنی بێ لایەنانەی کۆمەڵە بێت، بەخشکەیی خۆی خستە پشتیوانی کردن و هاندانی زیاتری ئەو برادەرانە، کە رەنگە هۆکاری ئەو هاندانی نەوشیروان مستەفاش، بڕوانەمانی بوبێت بە ئامانج و ئایدۆلۆژیای کۆمەڵە، چونکە ئەو خۆی نەیدەشاردەوە کە بڕوای بە مارکسیزم و لینینیزم نەماوە، ئەوە دەرفەتێکی دروست بوو بۆ ئەو کە توانج و بەربەرەکانێی خۆی ڕووبەڕوی ئەو کەسانە بکاتەوە، کە نەیاندەشاردەوە بیرو باوەڕیان بە بیرو باوەڕی مارکسیزیم لینی نیزم هەیە و کار بۆ ئەوە دەکەن، کۆمەڵە فیعلەن رێکخستنێکی مارکسیسزمی لینیزم بێت لەکوردستانی خواروو، ئەو کاتە خەڵکێکی زۆر هەبوون هەمان بروایان هەبوو، تەنزیمەکانی تریش سودیان لەو فەلسەفەیە وەردەگرت، کەسێک نەبوو بەوئاشکرایە لەکوردستانی خواروو هەتا لە پارچەکانی تری کوردستان بڵێت، ئێمە لەگەڵ مارکسیزمی لینینزم نین، یان ئەوە فەلسەفەیەکی خراپەو کۆتایی پێ هاتووە، هیچ ئیستیفادەیەکی نییەو دەبێت وازی لێبینین، ئیتر ئەوکات کە نەوشیروان لەدەرەوە هاتبووەوە خاوەنی سەقافەت و تێگەشتنێکی تری ئەو کاتی ئەوروپا بوو، توانای زیاتر لێکۆڵینەوە و لێتوێژینەوە و بەئەنجام گەیاندنی شتە فکرییەکانی خۆی بوو، ئەتوانم بڵێم خاوەنی ڕێچکەیەکی تا ڕادەیەک نوێ بوو، لەناو بەڕێوەبردنی کۆمەڵە توانی هەموو سەرکردایەتی کۆمەڵە مەگەر چەند کەسێکی لێ دەربچێت بخاتە ژێر ڕێکێف و دەسەڵاتی خۆی، بۆیە لەناو کۆمەڵە دەسەڵاتێک لەژێر دەستی نەوشیروان مستەفا دروست بوو، ئەوانەی کە کۆمەڵەیان دەبرد بەڕێوە خۆیان چییان بویستایە ئەوەیان دەکرد، ئەمانە وایان کرد تا ڕادەیەک دوو جۆر بیرکردنەوە لەناو کۆمەڵەدا بەرجەستە ببێ، بیرکردنەوەیەک دەیویست کۆمەڵە بگەڕێتەوە ئەو سەرەتای خۆی کە لەئەنجامی لێکۆڵینەوەو دیراسات و خۆ پێگەیاندن و وشیاری کادر لە کۆنفرانسێک بڕیار لەسەر مەسەلە هەڵواسراوەکان بدات و بە پلارو توانج لەیەکدان یەکتر پەراوێز نەخەن، لایەنێکیش ڕای پێچەوانەی هەبوو، کە دەتوانم بڵێم بونە لایەنی زۆربەی زۆری کۆمەڵەو لە کۆنفرانسی سێیەم، ڕایەکانیان بەرەجەستەبوو، لایەنەکەی تر ئەتوانم بڵێم ئەو خەڵکانەی کە لەگەڵ ئەو شێوە کارەی کۆمەڵە نەبوون، هەموو نەدەگەشتینە ٨٠ کەس کە لەکۆنفرانس دەرچوین و هاتینە دەرەوە و هەڵوێستمان وەرگرت، بەڵام دواتر بەشێوەیەکی زۆر کۆمیدی سەرلەنوێ چوینەوە ناو کۆنفرانسی کۆمەڵە و وەک دەیان وت کۆمەڵەمان لەیەکتر ترازان و جیابونەوە پاراست و  کۆمەڵە خرایەوە بەردەستی نەوشیروان مستەفا.
 بەڵام لەجێی ئەوەی کە نەوشیروان مستەفا دەبوو کۆمەڵە بپارێزی و بەشێوەیەکی بێلایەنی کۆمەڵە بەڕێوە ببات، خۆی یەکلاکردەوە کە دژی هەر جۆرە خەڵکێکی خاوەن فکر پراکتیک پاک و شۆڕشگێڕبێت و خەڵکێک بێت کە دەیان ویست کۆمەڵە خاوەنی کەسایەتی خۆی بێت، باشترین بەڵگەشم بۆ ئەو قسانە، حەلکردنی کۆمەڵەیە لە شەوورۆژێکدا، بەبێ ئەوەی هیچ حسابێک بۆ خەبات و سەروەرییەکانی بکرێت و بڕیاردانی تەواوکردنی کۆمەڵە لەلایەن خودی نەوشیروان خۆیەوە.

رزگار رەزا چوچانی/ واتە پێتوایە ئەو خۆ یەکلاکردنەوەی نەوشیروان مستەفا بۆ دژایەتی ئەو کەسانەی کە باستکردن، بووە هۆی جیابونەوەی ئێوەو دروستکردنی ئاڵای شۆڕش؟

 حاجی مەمۆ/ بەڵێ وایە، لەو بارودۆخەدا و لەسەرەتاکانی دروستبونی کەرتەکانی ڕێکخستن، بڵاو بونەوەی ئەو جیاوازییانەش کاری لەسەر کرا، من دەتوانم زۆر بەڕاشکاوانە ئەو راستییە بڵێم کە چومە شاخ ، لە کۆنفرانسی یەک هەستم بەو جۆرە جیاوازییانە نەدەکرد، لەو بڕوایەدا نەبووم ناکۆکییەکان ئەوەندە تۆخکرابنەوە، بۆ بەڵگە من زۆر باسی کاک ئارامم دەکرد، کە داینەمۆی سەرلەنوێ بەگەڕخستنەوەی کۆمەڵەیە و ئەگەر کاک ئارام نەبوایە، یەکێکی وەک من نەدەهاتەوە سەرلەنوێ لەناو کۆمەڵە خەبات بکات، ئەو جۆرە شتانەم وەک راستیەکی ویژدانی دەوت، ناویان لەمن نابوو خەتی ئارام، بەبێ ئەوەی بیرم لەوە کردبێتەوە، رۆژێک نەوشیروان بانگی کردم، وتی “ئەوەندە باسی ئارام مەکە، ئەو خەڵکە وا سەیر دەکەن کە تۆ خەتی ئارام بیت”، وتم من نازانم خەتی ئارام مانای چی؟. ئارام پیاوێکی وابوو کە گیانی خۆی بەختکرد بۆ کۆمەڵەو گەورەترین قوربانی داوە، نەوشیروان بە حساب ئەو کات ئامۆژگاری منی بەوە کرد کە لەو مەسەلانەدا ئاگام لەخۆ بێت، بەڵام دەبێت ئەو مەبەستێکی تایبەتیشی هەبوبێت کە من بەناو دڵی ئەو ئاشنا نەبووم، دەکرێت بەپێی بارودۆخەکە خوێندنەوەی بۆ بکەین، کە لەو کاتەدا چی هەبوو؟ لەوکاتەدا بەهۆی نوسینەکانی فەرەیدون و وەڵامەکانی سالار و ئەو شتانە کێشەکان قوڵتر بوبونەوە، وای لێهاتبوو بەئاشکرا بە خەڵکانێکی وەک ئێمەیان دەوت عێراقچی، بە خۆشیان دەوت کوردستانی، پێموایە دەبێت بیرکردنەوەیەک هەبوبێت کە مەبەستی بوبێت کۆمەڵە، بێ ناوەڕۆک بکات و بیکاتە قاوغێکی بۆش و لەگەشەکردنی دابماڵێت، ئەو جۆرە موستەڵەحانەشی داهێنا، تابتوانێت هاوڕێ ئەندامە تێکۆشەرەکان لەیەک داببڕێت، ئێمەش ئەو هاوڕێیانە بەڕاستی نەمانتوانی بەرپەرچی ئەو جۆرە شاڵاوە ئیعلامی و نوسینانە بدەینەوە، کۆمەڵە رزگار بکەین لەو تەنگەژەی تێی کەوتووە، تا خەباتی خۆمان و مێژوی خەباتی پڕسەروەری کۆمەڵەو شەهیدەکانی بپارێزین، هەرچەندە هەندێ لە برادەران چەند دەستنوسێکیان نوسی، کە خەباتی چینایەتی چییە؟ عێراقی بون و کوردستانی بون چییە؟ شەڕی بێهودەی برا کوژی ئەنجامە خراپەکانی چییە؟. بەهەر حاڵ ئێمە ئەو کۆمەڵە برادەرەی کەلەیەکتر نیزیک بوین، کۆنفرانسی سێیەمان بەجێهێشت و دواتر چوینەوە ناو کۆنفرانس، لەپاش هەڵبژاردنەوەی سەرکردایەتی تەنها مەلا بەختیار دەرچوو بۆ سەرکردایەتی، کە ئەویش بەشێوەیەک لە شێوەکان پەراوێز خرابوو، هیچ ئەرکێکی دیاری کراوی نەبوو، بۆیە بیرمان لەوە کردەوە کە ئێمە چی بکەین؟. دووبارە گەڕاینەوە سەر ئەو سەرەتایەی کە کۆمەڵە پێی هاتبووە مەیدان، واتە دروستکردنی بازنەی رۆشنبیری، من بۆ مێژوو ئەوە دەڵێم هەرگیز لەناو کۆمەڵە ڕێکخستنی تر نەبووە، کە بڵێن ئەوە ڕێکخستنە لەناو رێکخستن، بەڵام لە کۆنفرانسی سێ لیژنەیەکی تەحقیقی لەسەر بەندەو هەشت تا دە هاوڕێی تر دروستکرا، بەتۆمەتی ئەوەی کە ئێمە خەریک بەو تەنزیمەین، ئەوەش بێگومان هەوڵی بەئەنجام گەیاندنی ئەو ناکۆکیانە بوو کە لەگەڵ ئەو خەڵکە هەیان بوو. ئەو لیژنەیە نەیتوانی بەهیچ شتێک بگات، چونکە هیچ بەڵگەیەکیان لانەبوو، کە ئێمە خەریکی تەنزیم لەناو تەنزیمین، دیسان بۆ مێژوو ئەوەش دەڵێم هەر لەناو ئەو پرۆسەی لیژنەو لێپرسینەوە، جارێکیان لە پشتی مەرگە مام جەلال بەدوایدا ناردم چوم قسەم لەگەڵ کرد ئەوکات مام جەلال بیرکردنەوەکانی فرەوانتر بوو، چاکتر بۆ مەسەلەکان دەچوو بەئاشکرا پێی وتم، کاکە ئێوە ئەگەر ناتوانن لەناو کۆمەڵە هەڵبکەن، لەناو یەکێتی دەرمەچن، تەنزیمێکی سەربەخۆی خۆتان دروست بکەن و وەرن بەڕاشکاوی ئەوەم لەگەڵ باسبکەن، ئەتوانن ببنە باڵێکی تری یەكێتی نیشتیمانی، با پێکەوە کار بکەین ئینشیقاق و لێکدابڕان و سەریەشە بۆیەک دروست نەکەین، بەڵام راستی تا ئەو کاتیش ئێمە کۆمەڵەمان بە موڵکی خۆمان دەزانی، دڵمان هەر بۆکۆمەڵە لێی دەدات و دڵمان بەخەبات و قوربانی و ماندوبونی دەسوتا، بەدڵ مەبەستمان بوو کۆمەڵە بە چارەنوسێکی باش بگات، دیارە خۆشتان دەزانن خەباتی شاخ و خەباتی چەکداری، خەبات و قۆناغێکی ئەوەندە سەخت و دژوار، بۆ ساخکردنەوەی مەسەلە فکرییەکان زەمینەیەکی زۆر نالەبار و پڕ گرێ کۆرەو سەریەشەیە، نەتوانرا شتێکی ئەوتۆ بکرێت، بۆیە دروست بونی ئاڵای شۆرش و جیابونەوەی ئەو برادەرانە کەوتە دەست قەدەر، وای لێهات کۆمەڵێک برادەر لەناوچەی قەرەداغ کۆببنەوە، کەمن تێیدا بەشدار نەبووم، بڕیاری دامەزراندنی ئاڵای شۆڕشیان دا، حەلقەیەکی ئەساسیان هەڵبژاردبوو بۆ بەڕێوەبردنی ئاڵای شۆڕش و من لەوێ نەبووم بەڵام منیشیان هەڵبژاردبوو بە ئەندامی سەکردایەتی ئەو حەلقە ئەساسییە، لەوێوە بەناوی ئاڵای شۆرش دەستمان بەکار کردن کرد هەر یەکەمان لە شوێنی خۆی کەوتە چالاکی و خەبات، بێگومان ئەگەر کۆمەڵە لە بنەماکانی سەرەتای کاری خۆی لای نەدایە، ئەو برادەرانە جیا نەدەبونەوە یان ئەگەر نەوشیروان خۆی نەخستایەتە پەنای لایەنێک و بێ لایەنانە چارەی کێشەکانی هەبوایە ئەو کێشانە رویان نەدەدا و ئاڵای شۆڕش دروست نەدەبوو.

رزگار رەزا چوچانی/ وتت نوسینێکی فەرەیدون عەبدولقادر بووەتە هۆی تەقاندنەوەی کێشەکان، ئایا ئەمە مانای هەبونی ناوکۆکییەکی قوڵی رەگداکوتاو نەبووە لەنێوانیان؟

حاجی مەمۆ/ کۆمەڵە لە چەند بیرو بیرکردنەوەیەکی تاڕادەیەک لەیەک جیاواز لەدایک بووە، کاتێک باسی نوسینەکەی فەرەیدون عەبدولقادرم کردووە، مەبەستم نەبووە بڵێم ئەوە سەرچاوەی ئەسڵی کێشەکە بووە، بەڵکو بووەتە هۆی تەقاندنەوەی زیاتر و ئاشکراتری ئەو ناکۆکیانە، من ئەو کات و ئێستاش کەدوای دەیان ساڵ بیرم لێ کردۆتەوە و لە داهاتووش لە بیرەوەری و یادەوەرییەکانی خۆم کە چاپی دەکەم، وتومە خودی ئەو ناکۆکیانەی کە ئەوکات من لەشاخ هەستم پێ کردووە، زیاتر ناکۆکی شەخسی و وەک ئێمەی هەولێری دەڵێین کەیف بەیەکتر نەهاتن و یەکتر بوغزاندن و یەکتر قبوڵ نەکردن بووە، لەژێر سێبەری تفەنگ و دەسەڵاتی شاخ، ئەوەش بووەتە مایەی ئەوەی هەرکەسەو لای خۆیەوە، کار بۆ مەسەلە فکریەکانی خۆی بکات و خۆی پێ چەکدار بکات، من مەسئولی ئەو قسەم لە هەشتاکان ناوکۆکییەکانی ناو کۆمەڵە ناکۆکی فکری ئەوتۆ نەبووە، کە لە پێناوی سەنگەر لەیەکتر بگرن، بەڵکو ناکۆکیەکان زیاتر ئەو لایەنانە بووە کە باسم کرد، کە دواتر کۆمەڵێ خەڵکی شۆڕشگێڕو قارەمان و پاک بووەتە سوتەمەنی ئەو بۆر بۆرێنە ناشەریفانە، مەسەلەی ئەساسی و هۆکاری گەورەبونی ناکۆکییە شەخسیەکانی ناو کۆمەڵەش، ئەو سەردەمە ئەوە بوو، کە کۆمەڵە خاوەنی سەرکردەیەکی لێهاتوو نەبوو، بۆ شایی کاک ئارام پڕ بکاتەوە، کۆمەڵە لەو مەسائیلانە بپارێزێت و بەرەو ئاقارێکی باشترو پڕ هیواتری ببات، کۆمەڵە لەدوای کاک ئارام خاوەنی رابەرو سەرکردەیەکی بەتواناو خاوەن ئەزمون نەبوو لەڕوی ئایدۆلۆژی و فکری و سیاسی و خاوەن پراکتیکێکی شۆڕشگێڕانەی پاک بێت، کە کۆمەڵە ئیدارە بدات و بیپارێزێت لەو ناکۆکییانە، یان وا بکات بیرکردنەوەی جیاوازو ناکۆکییەکان بکاتە مایەی گەشەسەندنی کۆمەڵە نەک لێکترازان.

رزگار رەزا چوچانی/ پرسیارێکی ترت پێشتر وروژاند، باسی ئەوەت کرد ئەو برادەرانەی کۆمەڵە کە لەزیندان هاتنە دەرەوە خۆیان بە شیاوتر زانییوە لەو برادەرانەیان کە لە ٧٦ ەوە خەریکی خەبات بوون، کەوایە یەکێک لە هۆکاری کێشەکان شەڕی پۆست و پایە بووە؟ ئەی ئەگەر کۆمەڵە خاوەنی ئایدۆلۆژیایەک بوایە، فکرەکە کاریگەری نەدەبوو لەنەهێشتنی شەڕی پۆست و پایە؟

حاجی مەمۆ/ بێگومان ناکۆکیەکان ناکۆکی شەخسی و کەیف بەیەکتر نەهاتن بووە، ناکۆکی بووە لەسەر پۆست و پلەو پایە، یەکێک لە کێشەکانی رێکخستنی کوردی لەبنەماوە ئەوەیە، کە هیچ کاتێک ئەو رێکخستنە نە بەشێوەیەکی سروشتی گەشەی کردووە، نە گیانێکی دیموکراتی بەڕێوەی بردووە، نە خاوەنی بەرنامەیەکی ساخکراوە و دیراسە کراوبووە لە نێوان رێکخستنەکە، بۆیە بەداخەوە کێشەیەک کە ئێستاش حزبەکان پێوەی دەناڵێنن، ئەوەیە کە زۆر مەسەلە هەڵواسراوە و لەم کۆنفرانس بۆ ئەو کۆنفرانس، لەم کۆنگرە بۆ ئەو کۆنگرەو لەم ساڵ بۆ ئەو ساڵ، هەڵگیراوە، بە پاساوی نەگونجاوی دۆخ و نالەباری کات و هەبونی مەترسی، ئەمەش رەنگدانەوەیەکی زۆر نێگەتیڤی هەبووە کە ئەو رێکخستنانە لە شوێنی خۆیان قەتیس ماوە بن و نەتوانن مەسەلە ئەساسییەکانی خۆیان چارەسەر بکەن، دیارە کۆمەڵەش لەو واقیعە بەدەر نەبووە، کۆمەڵە لەناو کۆمەڵ و نەتەوەیەکی چەوساوەو ستەم دیدەی زۆر لێکراوی پڕ دەردەسەری لەدایک بووە و هاتۆتە مەیدان، کۆمەڵە لە کارگەیەکی پیشەسازی پێشکەوتوو دروست نەبووە، یان لە کۆمەڵێکی هۆشیاری بێ کێشە دروست نەبووە، تا بێ کەمو کوڕی بێت و بەشێوەیەکی سروشتی گەشە بکات، زەخیرەی لەدایک بونی حزبی نوێ خەڵکی نوێیە، زەخیرەی لەدایک بونی بیرو باوەڕو تەنزیمی نوێ زەخیرەیەکی کلاسیک و سەقەتکراوو پڕ گرێ کۆرە نییە، یەکێک لە گرێ کۆرەکانی خەباتی خەڵکی کورد ئەوەیە هەمان ئەو زەخیرە بەکار دەهێنێتەوە بۆ شتی نوێ، کە لە ئەنواع خەبات و گێرەو کێشە، توشی فەشەل و ژێر کەوتن و ناسەرکەوتن هاتوون، هەر ئەوانە بەبەرگ و ناوێکی نوێ، بەشێوەیەکی نوێ، هاتوون ئیدیعای سەرلەنوێ خەبات و فکری نوێیان کردووە، کە بەبڕوای من ئەمە بناغەی تێکڕای ئەو تەنگەژانەیە، کە لەداهاتوودا ئەو تەنزیمەو ئەو خەڵکانەی کە دوای کەوتوون پێوەی دەناڵێنن، بێگومان کۆمەڵەش لەباری فکرییەوە لەناو هەموو هاوڕێیان خۆی ساخ نەکردبووەوە، بەشێوەیەک بە سەر بەرژەوەندییە زاتیەکان زاڵ بێت، بۆیە نیوەی بەوی دەوت عێراق چی، نیوەی ئەوی بە خەتی ئەوی تر ناو دەبردو هەشی بوو رایدەگەیاند بڕوای بە فکرەی کۆمەڵە نەماوە.

رزگار رەزا چوچانی/ باسی ئەوەت کرد کە مام جەلال سەرپەرشتی کۆمەڵەی کردووە، بەڵام خەڵکێک پێیان وایە دروستکردنی یەكێتی لەلایەن مام جەلالەوە بۆ حەلکردنی کۆمەڵەبووە؟

حاجی مەمۆ/ من پێم باشە قسەکەم ساخ بکرێتەوە، بەپێی ئەو هێمایانەی کەلای من هەیە لە ساڵی ١٩٧٠- ١٩٧٥ مام جەلال سکرتێر یان بەپرسی یەکەمی کۆمەڵە بووە، دیارە کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش دروست بووە، یەکێک لە سەرچاوە ئەساسییەکانی ئەو یەكێتی یە کۆمەڵە بووە، بەڵام دوای ئەوەی سەرکردایەتی کۆمەڵە توشی ئەو بارودۆخە هاتن، چونە ئێران و لەوێ تەسلیمی عێراق کرانەوە، دوو لەسەرکردە هەرە دیارەکانیان، شەهید خاڵە شەهاب و شەهید مامۆستا جەعفەر لە سێدارە دران، ئەوانی تریش کەمابوونەوە وەک فەرەیدوون عەبدولقادرو عومەری سەید عەلی و ئاوات عەبدولغەفور و عەلی بچکۆل چەندی تر حوکمی درێژیان درا لە زیندان، ئەوانە واقیعێکی تاڵ و سەخت بوو کە بەسەر کۆمەڵە هات، بەڵام لەو بارودۆخەداو کاتی راگەیاندنی دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەدەرەوەی وەڵات، لەلایەن خودی کاک ئارام و بە پشتیوانی کۆمەڵێک هاوڕێی تێکۆشەرو ماندو نەناس هەستان بە سەرلەنوێ کارکردنەوە بۆ کۆمەڵە و ڕێکخستنەوەی ریزەکانی، بەشێوەیەکی تا ڕادەیەک هیوا بەخشتر لەجاران، یەکێک لە مەبەستە هەرە ئەساسییەکانی کاک ئارام ئەوەبوو، کە کۆمەڵە بەشێوەیەکی بەرجەستە بتوانێ لەناو کۆمەڵانی خەڵکدابێت، بۆیە هەستان بە دروستکردنی دەیان مەفرەزەی بانگەشەو سەرەتایی بۆ خەباتی چەکداری، لەو کاتە مام جەلال بەرپرسی ئەساسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بووە، ئەوەی من بزانم تەنها لەدوورەوە کاریگەری بەسەر کۆمەڵەوە هەبووە، ئەویش وەک لایەنێک لەناو یەکێتی، وەکوتر ئەو کاتە مام جەلال لێپرسراوو بڕیار دەری ئەساسی کۆمەڵە نەبووە، تا ئەو کاتی لەژیان مابوو کاک ئارام بەرپرسی ئەساسی و بەڕێوەبەری کۆمەڵە بووە، دوای شەهید بونی کاک ئارام بۆ شاییەکی گەورە لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵە دروست بوو، بەدوای شەهید بونی کاک ئارام کۆبونەوەیەکی بەرفرەوان لە نێوان کادیرەکانی کۆمەڵە لە سەر سنور و ئەودیوی زنجیرەکانی چیای قەندیل بەستراوە، لەوێ سەرکردایەتیەکی تاڕادەیەک نوێ، بۆ کۆمەڵە دروستکراوەو نەوشیروان مستەفا لەوێ بۆتە دەمڕاست و بەڕێوەبەری کۆمەڵە و هەرلەوێ بڕیاری دروستکردنی ناوەندی کۆمەڵە دراوە، ناوەندەکەش بۆتە بەرپرسی ئەساسی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵە، بۆیەش ئەوەندەی من هەستم کردبێ و ئەوەندەی لەگەڵ خودی مام جەلال دانیشتبم و بەنهێنیش بۆ کارو بارەکانی سەرکردایەتی ناوخۆو کۆمەڵە چوبمە دەرەوە، چەندین کاتژمێر لەگەڵ مام جەلال دانیشتووم بەهیچ شێوەیەک هەستم بە تەسەورێکی لەو شێوەیە نەکردووە، کە مام جەلال مەبەستی بێت کۆمەڵە حەلبکات، بە پێچەوانەوە مام جەلال خۆی بە خۆی بە پشتیوانی کۆمەڵە زانیوەو مەبەستی بووە کۆمەڵە بەشێوەیەکی باش و سروشتی گەشە بکات و کۆمەڵە ببێتە بەڕێوەبەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و یەکێتی بەرەو پێشەوە ببات.
بەڵام لە ساڵی ١٩٨٥ ەوە من تاڕادەیەکی باش لە کۆمەڵەوە دوور بووم، بەهۆی کارکردنم لەگەڵ ئاڵای شۆڕش، رەنگە ئەو شتانەی دوای ئەوە هاتنە پێش لەناو یەکێتی، وەک پێویست من پێی شارەزا نەبم، لە نزیکەوە بە شتەکان ئاشنا نیم و دوور بەدوور شتەکانم دیووە، بەڵام بەڕێوەبەری ئەساسی کۆمەڵە نەوشیروان مستەفا بووە، نەوشیروان مستەفا زەمینە خۆشکەربوو، کە کۆمەڵە و چینەکانی تری ناو یەکێتی خۆیان لە یەکێتی دا حەل بکەن، نەوشیروان لە یادەوەرییەکانیدا بە ئاشکرا ئەوە دەگێڕێتەوە، کە ئەو بەهیچ جۆرێک باوەڕی بە مارکسی لینینزم و بەبیرو باوەڕی کۆمەڵە نەبووە، ئەو بیرەوەرییانە دەیگێڕێتەوە کە عەلی عەسکەری و برادەرانی تریان، کە بڕوایان بە حزبی جەماوەری هەبووە، نەوشیروان زۆر لەگەڵیان هاوڕا بووە و رەنگبێ ئەو بیرانە لە پراکتیک بە مێشکیدا هاتبێت، لە وتارو نوسینەکانیشی هەمیشە نکۆڵی لەوە نەکردووە کە باوی بیروباوەڕی مارکسیزم لینینزم نەماوەو دەبێت خەڵکی کورد زیاتر بەلای ئەوەدا بچێت کە حزبێکی جەماوەری سەرتاسەری و پان و پۆڕ دروست بکرێت، ئەوەش یەکێکە لە خاسیەتەکانی حزبەکانی خواروی کوردستان، یان سیاسیەکانی ئەوێ بووە، کە هەمیشە کاریان لەسەر ئەوەکردووە خۆیان حزبی گەورەو سەرتاسەری بن، ئەوە یەكێک لە سەرنجەکانی منە لەسەر تێکڕای خەباتی کورد، سیاسیەکانی کوردستان بە مارکسی لینینزمیەکانیشەوە هەمیشە ویستویانە خودی خۆیان بەرپرسی هەموو کوردستان بن، نەک  بەشێوەیەکی سروشتی خەبات و کاروانی خەبات بەڕێوە ببەن، بۆیە ئەوە رەنگە وەڵامێکی دروست بێت کاتێک شەخسی یەکەمی کۆمەڵە نەوشیروان مستەفا بڵێ :بڕوام بە باوەڕی کۆمەڵە نەبووە، بێگومان بڕواشی بەحەلکردنی کۆمەڵە هەبووە.

رزگار رەزا چوچانی/ لەجێگەیەکی تر باسی ئەوەت کرد کە کاک نەوشیروان هاندەری ئەو برادەرانە بووە، کە تۆمەتی عێراق چێتیان خستە پەنای هەندێکتان، ئایا ئەمە ناچێتە خانەی هاندانی گەورەتر کردنی کێشەکان؟

حاجی مەمۆ/ من مەبەستم نەبووە بڵێم کاک نەوشیروان هانی ئەو برادەرانەی داوە، بەڵکو وتومە و ئێستاش دوپاتی دەکەمەوە، نەوشیروان مستەفا کە بووەبە سکرتێری کۆمەڵە، دەبوو بەشێوەیەکی سەرکردانەو بێ لایەنانە ئیدارەی کۆمەڵەی بکردایە، بەڵام نەیکردووە خۆی کردۆتە لایەنگری بەشێک لەو کادیرانەی کە گەرەکیان نەبووە کۆمەڵە بەئاراستەیەکی باش بەڕێوە بچێت و گەشە بکات، زیاتر کۆمەڵەیان کردە تاپۆی مەسەلە شەخسییەکانی خۆیان، نەوشیروان نەیتوانی کۆمەڵە بەهەموو گرفتەکانییەوە بپارێزێت و پێشی بخات. تێکڕای ئەو ناکۆکیانەی کە هەبوون بکاتە بنەمای گەشەسەندنی کۆمەڵە، بەڵکو خۆی بووە لایەنگر. دیارە بە تەبیعەتی حاڵ دەبێت مەبەستێکی تایبەتی خۆی هەبووبێت، ئایا خۆ شاردنەوە لە باوەڕی مارکسیزم لینینزم جەوهەری ئەو مەسەلە بووە یان چی؟ من لەناو دڵی نەوشیروان نیم، کە لە ئەساسەوە مەبەستی ئەوە بووە کۆمەڵە لەناو ببات یان مەبەستی چی بووە.
بەڵام بەبێ بێگومانی گەشەکردنی خەڵکانی خاوەن دیسپلین و خەڵکانی شۆرشگێڕ و خەڵکانی تێکۆشەری پاک و بێ گەندەڵی و بێ پەیوەندی ئەملاو ئەولا لەناو کۆمەڵە دەبووە هۆی ئەوەی کۆمەڵە لەو دەستەپاچەیی و پاشا گەردانییە رزگار بێت، ببێتە تەنزیمێکی فعلی مارکسی لینینی، ئەو کات بەڕێوەبردنی بۆ نەوشیروان بەزەحمەت دەکەوتەوە و نەیدەتوانی جڵەوی بەڕێوەبردنی بگرێتە دەست، لەبەرانبەر ئەو خەڵکانە کە باشەی کۆمەڵەیان دەویست، خەڵکانی دیکە کە لە بیرو بۆچونەکانی ئەو نیزک بوون لە بەرژەوەندی ئەو بوو کە خۆی بکاتە لاگیریان و بکەوێتە بەربەرەکانی خەڵکانێک کە بەرۆژی ئاشکرا ئیدیعای مارکسی لینیزم دەکەن، یان گەشەکردنی کۆمەڵە لەسەر ئەو ئایدۆلۆژییە بەگرنگ دەبینن.

رزگار رەزا چوچانی/ بۆچی لە کۆنفرانسی ٣ی کۆمەڵە خەڵکێک هاتنە دەرەوە، کە هاتنە دەرەوە بۆچی بەو شێوە کۆمیدییە گەڕانەوە کە تۆ ناوی دەبەیت؟

حاجی مەمۆ/ دیارە ئەو برادەرانە، بە سەرپەرشتی و پێشڕەوایەتی نەوشیروان مستەفا ئیشیان بۆ مەسەلەیەک کردبوو، کە ئەوەی مەبەستیانە لەو کۆنفرانسە ساخی بکەنەوە و یەکجارەکی خۆیان لەو کۆمەڵە خەڵکە رزگار بکەن، کە خۆیان بە بیرو باوەڕی مارکسزیمی لینینزم دەبەستنەوە، کە گەرەکیان بوو کۆمەڵە لەسەر بنەمای دروستبونەکەی خۆی بەرەوپێشەوە بچێت، جەو هەری مەسەلەکە لەسەر شتێک تەقێنرایەوە، کە یەکێک لەو نوسینانەبوو کە پێشتر باسم کرد، یەکێک لەو کەسانەی کە لە کۆنفرانسەکە دەرچوو، نوسراوێکی نوسیبوو لەسەر مەسەلەی کوردستانی و عێراقی بوون، تا ڕادەیەک ڕەخنەی لە مەسەلەی کورستانی گرتبوو، بەو چوارچێوەی کە برادەرانی تر باسیان کردبوو، بەگوێرەی ئەو بیرو باوەڕەی کە خۆی هەیبووە باسی لەو مەسەلە کردبوو، کە ئەو مەسەلانە بەندن بە زیاتر لێکۆڵینەوەو دیراساتی قوڵ لەسەر کۆمەڵی کوردستانی و کۆمەڵی عێراقی و ئەو شتانە، ئیتر لەوێ مەسەلەی بڵاوکردنەوەی ئەم نوسینە بەناو برادەران و خەڵک وەک مادەیەک بەکار هێنرا، بۆ شکاندن و ئیهانەکردنی ئەو کەسانەی کە گوایە لە پشت بڵاوکردنەوەی ئەو نوسینە بوون، کۆمەڵێک تۆمەت بەرانبەر هەندێ برادەر خرایە ڕوو، کە ئەوانە بەمەستی تەنزیم لەناو تەنزیم ئەو کارەیان کردووە، بەندەو برادەرێک لەهەولێر و برادەرێک لەسلێمانی و چەندی تر دراینە دادگا، خراینە ژێر لێکۆڵینەوە و بگرەو بەردە لەسەر ئەو مەسەلە، بۆ مێژوو دەڵێم مەلا بەختیار بەشێوەیەکی چاو نەترسانە و بەجورئەتەوە بەرپەرچی ئەو ئەو رایانەی دایەوە لەبەرانبەر تێکڕای ئەندامانی کۆنفرانس، کار گەشتە ئەوەی بە ئاشکرا وتی ئێمە قبوڵی هیچ جۆرە ئیهانە پێ کردن و ئەزیەتدان و ڕاوەدوونانی هیچ کادرێک لەو کادیرانە ناکەین، بەڵکو ئێمە خەبات بۆ ئەوە دەکەین کۆمەڵە بەشێوەیەکی سەرتاسەری و بەشێوەیەکی هاوڕێیانەو هاو خەباتیانە بهێڵینەوە، تا کۆمەڵە لەو تەنگەژەی تێی کەوتووە سەرکەوتوانە هەنگاو بنێ بەرەو پێشکەوتن، لەناو ئەو برادەرانەی نزیک لە کاک نەوشیروان خەڵکی وا هەبوو بەدەنگی بەرز هاواری دەکرد و دەیوت دەبێ ئەوانە دادگایی بکرێن و لە سێدارە بدرێن، چونکە لەناو کۆمەڵە تەنزیمی جیاوازیان دروستکردووە، بۆیە بەناچاری ئەو کۆمەڵە خەڵکە لە کۆنفرانس دەرچووین، دوای ئەوە کۆمەڵێک خەڵی دڵسۆز بۆ کۆمەڵە وەک لەبیرم بێ، ئازاد هەورامی، ملازم عومەر، دلێری سەید مەجید، ئەوانە کەتنە نێوانمان، هەتا خودی مام جەلالیش لەو بارەیەوە دەوری هەبوو کە ئەو کێشەیە بە شێوەیەکی هاوڕێیانە و بەشێوەی لەیەکتر گەشتن و یەکترقبوڵکردن، چارەسەر بکرێ، کۆمێدیەکە مەبەستم ئەوەیە کە چارەی بنەڕەتی کێشەکان نەکراو گەڕاینەوە، گەڕانەوەشمان لە دوای کۆبونەوەبوو کە کاک مەلا بەختیار و پشکۆ نەجمەدین و شێخ عەلی و چەندانی تر، لەگەڵ ئەوبرادەرانەی تر دانیشتن و بڕیاری گەڕانەوەیاندا بۆ ناو کۆنفرانس، ئەویش لەدوای کۆمەڵێک بەڵێن بوو، کە واز بهێنرێت لە ئستفزازی یەک و خەڵک راونان و تۆمەت دروستکردن بۆ یەک، بەڕاستی ئەو رۆژانە رۆژگار گەلێکی دژوار بوون، کە بۆ من بەبیر هاتنەوەی زۆر ئازار بەخشە و زۆر ئازارم دەدات، چونکە بۆ بەندە لە دۆخێکدا بوو کە تازە لە نەخۆشخانە دەرچوبوم، لە دوای بریندار بوونم، دۆخی نەفسی و ئازارەکانی سەرم و پشتم، بەردەوام بوو.

رزگار رەزا چوچانی/ کاتێک مام جەلال هەستی بەکێشەکردووە، لەگەڵ بەڕێزت دانیشتووە پێی وتوون ئەگەر کێشەکانتان لەناو کۆمەڵە حەلنابێ ئەتوانن تەنزیمێکی تر دروست بکەن هەر لەناو یەکێتی، بەڵام دوای دروست بونی ئاڵای شۆڕش، یەكێتی مەلا بەختیار زیندان و دادگای دەکات، ئایا کە مام جەلال پێی ئاسایی بوو تەنزیمی تر دروست بکەن، بۆ یەکێتی ئەو بڕیارەی لە دژی مەلا بەختیار دا؟.

حاجی مەمۆ/ ئەوکات من تا ڕادەیەک لەم بێنەو بەردە دوور بووم، بەشێوەیەکی نهێنی لەناوچەکانی هەلێر دەژیام، بەڵام ئەوەی بە من گەشت کاتێک کۆمەڵێک هاوڕێ لەناوچەی قەرەداغ کۆنفرانسێکی نهێنیان بەست و بڕیاری دروستبونی ئاڵای شۆڕشیاندابوو. یەکێتی بەو مەسەلەی زانیبوو ئەڵقەی ناوەندی ئاڵای شۆڕشیان بانگکردبوو بۆ کۆبونەوە لەگەڵ سەکردایەتی یەکێتی، دیارە ئەوکاتیش رەوتەکەی نەوشیروان مستەفا لەناو کۆمەڵەو لەناو یەکێتی باڵا دەستبوون، تا ئەو کاتیش زۆربەی هێزی پێشمەرگە کۆمەڵە بوون، نەوشیروان مستەفاو سەرکردایەتی کۆمەڵە بەڕێوەی دەبردن، بۆیە نەوشیروان و برادەرەکانی بڕیاری یەکێتی یان لەدەست بوو، دیارە من لە مەسەلەکەدا نەبووم، بەڵکو لەڕێی نامەی برادەرانەوە ئاگاداربووم، برادەرانی ئاڵای شۆڕش بەنیازێکی پاک و دروست چوون لەگەڵ سەرکردایەتی یەکێتی دانیشتوون، کە نەوشیروانیش تێیدا بەشداربوو، لەوێ تا ڕادەیەک لەسەر ئەوە ساغ بونەتەوە، کە ئاڵای شۆڕش خەبات بۆ ئەوە دەکات یان هەوڵ دەدات ریزەکانی خۆی رێکبخات و بیر لە ئینشیقاقی پێشمەرگە نەکرێتەوە، بەڵکو بەشێوەیەکی پراکتیکی کار لەسەر ئەوە بکات، کە لەناو یەکێتی نیشتیمانی بمێنێتەوە، بەڵام دیارە ئەو ڕێککەوتن و بڕیارانە هەمووی بەزارەکی بووە و ئەو برادەرانەی کە کۆمەڵەیان بەڕێوە بردووەو لەناو یەکێتی هێزی ئەساسییان بەدەستەوە بووە، ئەوەیان پێ قبوڵنەکراوەو پێیان هەزم نەبووە، کە خەڵکێک لەگەڵ خۆیان لێیان جیابێتەوە، وەک پێشتر وتم ئەوەش بۆ ئەو گرفتە ئەگەڕێتەوە کە واقیعی هێزەکوردیەکان وابووە کەس لەدەرەوەی دەسەڵاتی خۆی کەسی تری بەئاسانی پێ قبوڵ ناکات، هەمان شت لەناو یەکێتیش هەبووە. بۆیە تەنها لەسەر جیاوازی بیرو بۆچۆن ئازادی خەباتکردن و بڕیاردانی لەچارەنوسی خۆیان. هەر لەناو خودی یەکێتیدا بڕیاری گرتن و ئازاردانی کۆمەڵێ هاوخەباتی خۆیانداوە.

رزگار رەزا چوچانی/ لەو کێشانەوە بۆ کێشەکانی ئەمڕۆ، پێت وانیە جیابونەوەی گۆڕان لەیەکێتی هەمان كێشەکانی جاران هۆکار بێت؟. یان تا چەند ئەو رایە بە دروست ئەبینی کە برادەرانی گۆڕان بێ هیوا بوون لە چاککردنی یەکێتی بۆیە جیابونەتەوە؟.

حاجی مەمۆ/ من هەرگیز بەو شێوەیە کێشەکان نابینم، ئەو برادەرانەی کە ئێستا لە یەکێتی جیابونەتەوە، هەمیشە خاوەن بڕیاری ئەساسی بوون لەناو یەکێتی، بۆیە ئەو جیابونەوەیە زیانی یەکێتی و خودی خۆشیان بوو، ئەوە پاساو نییە کە توانای چاکسازییان نەبوبێت، چونکە خۆیان بەرپرسی ئەساسی و خاوەن دەسەڵات بوون.

 


رزگار رەزا چوچانی / سوید
www.nuche.net

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.