Skip to Content

Thursday, May 6th, 2021

گفتووگۆ لەگەڵ سۆران ئازاد

Be First!

 

تەوەری گرووپی ڕوانگە

 

 

بێماناترین بیانوو ئەوەیە، کە گوایە ئێمە بە هۆی قەیرانەکانەوە نەمانتووانیوە کەلتوورێکی جێگیر و خۆییمان هەبێت. من پێم وایە پێچەوانەی ئەوە ڕاستە، کە بە هۆی نەبوونی کەلتوورێکی گەشەکردوو هەمیشە لە قەیرانداین. 

ئەدەبی کوردی لە روانگەوە دەست پێ ناکات و لەوێشەوە کۆتایی نایەت، بەڵکو پرۆسێسی داهێنان بەندە بە چالاکییە مەعریفییەکان، کە دەشێت لە هەموو زەمەنێکدا ئەو چالاکییانە هەبن. ئەوەندە هەیە لە دوای (ڕوانگە)وە ئاستی گەشەی مەعریفی و ڕەخنەیی ئاراستەی تەواو جیاواز وەردەگرێت، ئەویش پەرەپێدانی کەلتووری سڕینەوە و حوکمدانی خێرایە.

 

سازدانی: دەوەن مەعروف

 

پرسیار : لەدوای ئەدەبی ڕوانگەوە، ڕووناکبیران و نووسەرانی کورد،چیان بە ئەدەبی کورد بەخشیوە ؟  

سۆران ئازاد:

دۆخێکی گشتگیر لای زۆربەی داهێنەرەکانی دنیا هەستی پێ دەکرێت، ئەویش دەتوانم بە (گەڕانەوە لەپێناو تێپەڕاند) ناوی بنێم. کاتێ دەبینین (لاکان) بۆ (فرۆید) دەگەڕێتەوە، ویستی مانەوەی نییە، بەڵکو دەیەوێت (فرۆید) تێبپەڕێنێت. (لاکان) لە (فرۆید)دا بە دوای شتی دیکەدا دەگەڕێت. دەتوانین بڵێین ئەو کەرەستانەی (لاکان) بە کاری هێناون، هەمان ئەو کەرەستانەن، کە (فرۆید) بونیادی ناون، بەڵام جیاوازییەکەیان ئەوەیە، (لاکان) لەناو (فرۆید)دا توانیویەتی دژی ئەو بیر بکاتەوە. هیچ فیکرێک بە بێ دژەکەی خۆی ناتوانێت درێژە بە خۆی بدات. بە ئێستایشەوە فەلسەفە نەیتوانیوە لەو دابەشبوونە فیکرییەی (پلاتۆ) و (ئەریستۆ) جیا ببێتەوە. بۆیە بەشێکی فەیلەسووفەکان یان سەر بە ئاڕاستەکەی (پلاتۆ)ن، یان ئاڕاستەی (ئەریستۆ)یان گرتووەتە بەر. ناتوانین بڵێن ئەو ئاڕاستە دژیەکەی (ئەریستۆ) لە بەرانبەر فەلسەفەی (پلاتۆ)دا گرتیەبەر، نەیتوانی فەلسەفەی (پلاتۆ) تێکبشکێنێت، بەڵکو دەتوانین بڵێین بە هۆی ویستی تێپەڕاندن گەشەی بە فەلسەفەکەی ئەویش دا. هەر فیکرێکی قووڵ لەگەڵ خۆیدا پەرە بە دژەکەی دەدات، چونکە ئەوەیان وا دەکات زۆرترین دیالۆگ و ڕەخنە بەرهەم بهێنێت. لێرەدا ئێمە ڕووبەڕووی واقیع دەبینەوە، بەوەی ئەو فیکرە تا چەند توانیویەتی بەربەرەکانێی واقیع بکات و ڕووبەڕووی تەکانی بکاتەوە. تێکشکاندنی واقیع و دەرکەوتەکانی، ئاستی قووڵی و رووکەشیی فیکر پێشان دەدات. بەڵام ئایا چ شتێک دەتوانێت پەرە بەو فیکرە قووڵە بدات؟ ئایا تاکە جووڵێنەر و بەکاربەری ئەو فیکرە چییە؟ لێرەدا ڕووبەڕووی ئەرکی ڕەخنە دەبینەوە. بەڵام بەر لە هەر شتێک پێویستە بزانین ڕەخنە خۆی چییە؟ ڕەخنە چۆن دەتوانێت بەشداری لە گەشەسەندنی مەعریفی و کەلتووریمان بکات؟ 

(کاڕڵ مارکس) لە بابەتی (A Contribution to the Critique of Hegel’s Philosophy of Right) ئاماژە بە دۆخی ئەو کاتی ئەڵمانیا دەدات. لەوێدا چەند سەرنجێکی خێرا لەبارەی ڕەخنە و ڕۆڵی ڕەخنە لە تەکانی کەلتووریدا دەورووژێنێت. ئەو پێی وایە ڕەخنە هێزی جووڵێنەری کۆمەڵگا و کەلتوورەکەیەتی. لە دیدی (مارکس)دا هەر کاتێ ڕەخنە توانی خۆی بگەیەنێتە ئاست پرسە واقیعییەکان، توانای تێپەڕاندنی دۆخی واقیعی خۆی دەبێت. ئەگەر نا، لەو ئاستەی هەیە بگرە نزمتریش، دادەبەزێت. (مارکس) پێی وایە ئەڵمانیا لە رێگەی فیکرەوە دەتوانێت (پۆست مێژوو/ post-history) تێبپەڕێنێت. بە هەمان شێوەی دەڵێت فەلسەفەی ئایدیاڵی ئەڵمانی درێژەپێدەری مێژووی ئەڵمانیایە. لەو کاتەدا فەلسەفەی ئەڵمانیا لەژێر هەڕەشەی بەدرۆخستنەوە (negation) دابوو، بەڵام لە دیدی (مارکس)دا ئەو ڕەخنانە جگە لە چەند هەوڵێکی رووکەش، کە بە کەرەستە و دەستەواژەی توڕە و بەسەرچوو (trite) ویستی بەدرۆخستەنەوەیان هەیە، هیچی دیکە نین. 

لەو بۆچوونەی (مارکس)دا بۆمان دەردەکەوێت ڕەخنە تاکە جووڵێنەری کۆمەڵگا و کەلتوورەکەیەتی. بە سەرنجدانمان لە مێژوو و کەلتووری پێنجسەد ساڵەی ئەڵمانیا، بۆمان دەردەکەوێت بەردەوام فەیلەسووف، ئەدیب و هونەرمەندی گەورەی پێشکەش بە جیهان کردووە. ماوەی چەند سەدەیەکە کۆمەڵگای ئەڵمانیا ساڵ لە دوای ساڵ تەکانی گەورەی بە خۆوە بینیوە. بە ئاسانی دەتوانین میتۆدە ڕەخنەییەکانی ئەڵمانیا بناسینەوە. 

بە هەمان شێوە ئەم هاوکێشەیە بۆ فرەنسایش هەر گونجاوە، بە تایبەت کاتێ بمانەوێت هەڵوێستە لەسەر مێژووی پێش شۆڕشی فرەنسی بکەین. شۆرشی فرەنسی ساڵی 1789 هەر بە تەنیا رووداوێک نییە، کە لە ئەنجامی توڕەیی و هەژاریی خەڵکەوە سەرچاوەی گرتبێت، بەڵکو زادەی هۆشیاربوونەوە و گەشەکردنی مەعریفی و ڕەخنەیی کەلتووری فرەنسا خۆیەتی… بۆیە کاتێ ناوی ئەو شۆڕشەمان بەر گوێ دەکەوێت، (رۆسۆ)، (مۆنتیسکۆ) و (ڤۆڵتێر)مان بیر دێنەوە. ئەوان لە رێگەی خوێندنەوە ڕەخنەییەکانیانەوە واقیعی ئەو کاتی کۆمەڵگایان ڕووبەڕووی تەکانی گەورە کردەوە. لەم ڕوانگەیەوە دەتوانم بڵێم ئاستی گەشەی فیکری و مەعریفی لەگەڵ خۆیدا گەشەکردن لە سرووشت و شێوەی ژیانی تاکەکان دەئافرێنێت. کەلتووری ئەڵمانیا و فرەنسا زادەی ئەو هەوڵە ڕەخنەییانەن، کە بە درێژایی چەندین سەدە بەرهەمیان هێناون. تەنانەت لەسەر ئاستی زمان و دەربڕینیشدا ئەو کەلتوورە بەردەوام لە گەشە دایە.

لێرەدا دەتوانین بپرسین خوێندنەوەی ئێمە بۆ واقیع و مێژووی خۆمان چییە؟ ئایا تاکو ئێستا توانیومانە بە دیدگایەکی تەواو ڕەخنەیی هەوڵی تێگەیشتن لە خۆمان و دەوروبەر بدەین؟ ئایا توانیومانە لە پێناو تێپەڕاندا بگەڕێینەوە؟ ئێمە دەتوانین بڵێن ساڵانی حەفتا و هەشتاکان تەواو جیاوازن لەگەڵ دۆخی ساڵانی دوای ڕاپەڕین، چونکە لە زەمەنی پێش ڕاپەڕین کۆمەڵگای کوردی لە بەردەم هەڕەشەی سڕینەوە و بەیەکدادانی کەلتووریدا بوو. لەو کاتەدا کۆمەڵگا توانی تەکانی گەورە بە خۆی بدات، ئەویش سەرهەڵدانی خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە بوو بۆ مێژوو و واقیعی خۆی، بەڵام ئەو هەوڵانە لە ڕێگەی ئایدۆلۆجیاوە گەیشتنە کۆمەڵگا. ڕەخنە لەگەڵ خۆیدا گەشەکردنی کەلتووری و کۆمەڵگایشی ئافراند. بەڵام لەگەڵ جەنگی کەنداودا هاوکێشەکان پێچەوانە دەبنەوە، ئەویش بە هۆی گەڕانەوە بۆ هەناوی کۆنی کۆمەڵگا، کە پشتبەستووە بە بەیەکدادانی دژبەیەکی کەلتووری. لە دوای ڕاپەڕینەوە کاتێ گۆڕان سەرتاپێی بوارەکان ژیان دەگرێتەوە، کەلتوور و گەشەی مەعریفی تەواو گۆڕانیان بەسەردا دێت. هەرچی لەبارەی (ڕوانگە)وەیە، دەتوانین بڵێن لەو کاتەدا کاریگەریی گەورەی جێ هێشت هەم لەسەر ئاستی زمان و هەم لەسەر ئاستی گەشەی مەعریفی و فیکریدا. هەڵبەتە سەرهەڵدانی گروپی (ڕوانگە) کاریگەریی گەورەی هەبوو لە گەشەکردنی ڕەخنە و کەلتووردا. بەڵام من پێم وایە دەستەواژەی (داهێنان) گونجاوترە لە (بەخشین)، چونکە ئەدەبی کوردی لە روانگەوە دەست پێ ناکات و لەوێشەوە کۆتایی نایەت، بەڵکو پرۆسێسی داهێنان بەندە بە چالاکییە مەعریفییەکان، کە دەشێت لە هەموو زەمەنێکدا ئەو چالاکییانە هەبن. ئەوەندە هەیە لە دوای (ڕوانگە)وە ئاستی گەشەی مەعریفی و ڕەخنەیی ئاراستەی تەواو جیاواز وەردەگرێت، ئەویش پەرەپێدانی کەلتووری سڕینەوە و حوکمدانی خێرایە. ئەم کەلتوورە ڕەگێکی مێژوویی لە هەناوی کۆمەڵگای ئێمەدا هەیە، بەڵام کاتێ بۆ کایە مەعریفی و فیکرییەکان دەگوازرێتەوە، چەندین دیاردەی جیاواز لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. بە ئێستایشەوە کەسانێک وا بیر دەکەنەوە ڕەخنە دوو جۆرە، یەکەمیان، رووخێنەر، دووەمیان، بنیاتنەر. بۆیە زۆر بە ئاسانی لایەنگری خۆی بۆ جۆری دووەم دەردەبڕێت و پێی وایە ئەوە تاکە هۆکاری گەشەکردنە. حوکمدانی خێرا، وەک ئەوەی بڵێن ئەو تێکستە خراپە، ئەوەی دیکەیان باش، شتێکە لە دەست هەموو کەسێک دێت. 

لە دوای ڕاپەڕینەوە چەند هەوڵێکی کەم نەبێت، ئەگینا ڕەخنەی کەلتووری و مەعریفیی ئێمە خۆی لە بەردەم هەژارییەکی بێوێنەدا بینیوەتەوە. تاکو ئێستایش رۆشنبیر و ڕەخنەگرمان هەیە هەر بە شێوەی ساڵانی حەفتا و هەشتاکان حوکم لەسەر تێکست و دیاردەکان دەدات. گرووپی (ڕوانگە) بە مەبەستی تێپەڕاندن زمانی پێش خۆی خستە ژێر پرسیارەوە. ئەگەر ئەو دابڕانە نەبووایە، ئەوا هەوڵی ئەوان بۆ تێپەڕاندن نەیدەتوانی ئاڕاستەی داهێنان وەربگرێت. دیارە ئاستەکانی دەربڕین تەواو گۆڕانیان بەسەردا هات. زمانی (شێرکۆ بێکەس) زادەی ئەو تەکانەیە، کە لەسەر دەستی ئەو گرووپە بە کۆمەڵگا درا. بەشێکی ئەو گوتارانەی ئەو کات لەسەر ئەو گرووپە نووسران، حوکمدانی دوالیزمی بە چاک و خراپی زەقتر کردەوە، چونکە لە کەلتووری ئێمەدا داهێنان بەر لە هەر شتێک دەکەوێتە بەردەم مەترسیی سڕینەوە و دژایەتیکردن. 

 

پرسیار : بۆچی داهێنانەکانی ئێمەی کورد،لەئاست داهێنانەکانی ئێستای ئەدەبی دنیا بەراورد ناکرێت،ئەی چۆن دەتوانین ژانرە گرنگەکانی دنیای ئەدەب بۆ خوێنەری کورد فراوانتر بکەین ؟

سۆران ئازاد:

کەلتوور هۆکاری سەرەکییە بۆ ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگا و ئەو پێشهاتانەی دێتە بەردەمی. کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان ئەوانە نین، کە لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا خاوەنی دەرامەتی سرووشتین، بەڵکو ئەو کۆمەڵگایانەن، کە خاوەنی کەلتووری دەوڵەمەندن. هۆشیاریی تاکەکان ئاڕاستەی شێوەژیان و بیرکردنەوەی کۆمەڵ لە خۆ دەگرێت. بیری جیاواز کۆمەڵگای جیاواز بەرهەم دەهێنێت. ئێستا دەتوانین قسە لەبارەی دیاردەیەکەوە بکەین، ئەویش ئازادیی بیروڕایە، کە یەکێکە لەو بابەتانەی زۆرترین دروشمی بۆ داندراوە. ئایا ئێمە خاوەن بیری جیاوازین تاکو ئازادیی بیروڕامان هەبێت؟ ئایا ئازادیی بیروڕا لە ڕێگەی یاسا و دامودەزگاکانەوە دەسەپێندرێت؟ کۆمەڵگای ئێمە تاکو ئێستا نەیتوانیوە هزری جیاواز و گەورە بەرهەم بهێنێت تاکو ئازادیی پێ ببەخشێت. ئێمە ئەگەر خاوەنی بیری جیاواز نەبین، ناتوانین ئازادیی بیروڕامان هەبێت.

هەر کۆمەڵگایەک لە بەردەم گۆڕانی خێرادایە. قسەکردن لە بارەی خراپی و باشیی ئەو گۆڕانە نامانگەنەێتە هیچ دەرئەنجامێک، بەڵکو ئەوەی گرنگە چۆن خۆمان بۆ پێشهاتە لەناکاوەکان ئامادە بکەین. (مارشاڵ بێرمەن) پێی وایە هەموو ئەو شتانەی (نیتچە) و (مارکس) لە سەدەی نۆزدەیەمدا بە هەڕەشەیان زانیوە، لە سەدەی بیستدا هاتوونەتە دی. هۆشیاریی ئەو دوو فەیلەسووفە لە پێشبینییەکەیاندا دەرناکەوێت، بەڵکو تێگەیشتنیان لەو گەشەکردنە بەردەوامەی مۆدێرنەتییە جێگەی بایەخپێدانە. ڕەخنەکانی (مارکس) و (نیتچە) لە ئەنجامی هەستکردن بە مەترسی و دەرهاویشتە جیاوازەکانی مۆدێرنەتییە، چەندین ڕەهەندی جیاوازیان لە خۆ گرتووە، کە لە سەدەی بیستەمدا دەرکەوتە ترسناکەکانی مۆدێرنەتییە بە ئاسانی دەردەکەون. هیچ گەشەکردنێکی جیهان هێندەی مۆدێرنەتییە جێگەی سەرنج نییە. هیچ گۆرانێک لە دۆخی جیهاندا هێندەی مۆدێرنەتییەی خۆرئاوا کاریگەریی بەسەر تەواوی جیهاندا جێ نەهێشتووە. هەر بە تەنیا (نیتچە) و (مارکس) پێشەنگی ڕەخنەگرتن لە مۆدێرنەتییە نین، بەڵکو (رۆسۆ) و  (بۆدلێر)یش لە فڕەنسا هەستیان بەو مەترسییە کردووە، لە دەرەوەی ئەوانیشدا چەندان نموونەی دیکەمان هەن. لە کاتێکدا مۆدێرنەتییە گەشەکردنێکی زۆر شاراوە بوو، بەڵام نەیتووانی باز بەسەر هۆشیاریی (نیتچە) و (مارکس) و چەند داهێنەرێکی دیکەدا بدات. باشە بۆچی کۆمەڵگای ئێمە سەرەڕای بچووکیی قەیرانەکان توانای ڕووبەرووبوونەوەی نییە؟ بۆچی ڕەخنەگرانمان لە بەردەم قەیرانەکاندا هێندە دەستەپاچەن؟ کۆمەڵگای ئێمە لەو کۆمەڵگایانەیە، کە دەگمەن وایە تەکانی کەلتووری بە خۆیەوە ببینێت، وەکو تر ئەو قەیرانانەی هەیەتی گەورەتر نین لەو قەیرانانەی، کە وڵاتێکی وەکو ئەڵمانیا یان فڕەنسا لە ناویدا ژیاون. (ناپلیۆن پۆناپارت) بە خێراییەکی لەناکاو دەستی بەسەر بەشێکی زۆری ئوروپای خۆرهەڵات و ناوەڕاستدا گرت، تەنانەت ئەڵمانیا یەکێک بوو لەو وڵاتانە. بۆچی لە جەنگی دووەمی جیهانیدا ئەڵمانیا بووە وڵاتێکی زلهێز؟ بۆچی ئەڵمانیا لە دەستبەسەرداگرتنی فڕەنسادا سەرکەوتوو نەبوو؟ پێم وایە ئەوەیان پێوەندیی بە گەشەی کەلتوورییەوە هەیە. ئەڵمانیا جارێکی دیکە نەیدەتوانی بچێتە ژێر ڕکێفی داگیرکاریی فڕەنسا، چونکە هەم گەشەی کەلتووری ئەو وڵاتە رێگەی ئەوە نادات، هەم هۆشیاریی تاکەکانیش، کە لە دەرەوەی هەستی ناسیۆنالیزم ئەوەیان پێ قبوڵ ناکرێت. بە هەمان شێوە فڕەنساش بە هۆی گەشە کەلتوورییەکەیەوە ناتوانێت لە بەرانبەر کەلتوورێکی دیکە سازش بکات. هێزی ڕەخنە لە گەشەکردنی کەلتوورییەوە بە دیار دەکەوێت، کاتێ ئێمە لە بەردەم کەلتوورێکی لاواز داین، مانای ئەوەیە ڕەخنەی جووڵێنەرمان نییە. هەموو ئەو نەهامەتییانەی بەسەر کورددا هاتوون، لە ئەنجامی هەژاریی کەلتوورییەوە بووە، نەک نەبوونی هێز. کەلتووری بەهێز تاکی بەهێز بەرهەم دەهێنێت. 

بێماناترین بیانوو ئەوەیە، کە گوایە ئێمە بە هۆی قەیرانەکانەوە نەمانتووانیوە کەلتوورێکی جێگیر و خۆییمان هەبێت. من پێم وایە پێچەوانەی ئەوە ڕاستە، کە بە هۆی نەبوونی کەلتوورێکی گەشەکردوو هەمیشە لە قەیرانداین. ئایا ئەو کەلتوورە گەشەکردووە چۆن دروست دەبێت؟ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ ڕۆڵی ڕەخنە لە گەشەکردنی کەلتوورییدا. 

ئاماژەم بە نەبوونی بیری جیاواز دا، کە پێم وایە جیاوازی هۆی سەرەکییە بۆ بوونی کەلتوورێکی گەشەکردوو. ئەرکی ڕەخنە لە ئافراندنی کەشی جیاوازبووندا دەردەکەوێت. ڕەخنە پرۆسێسی ڕەتدانەوەیەکی رووکەش نییە، بەڵکو پرۆسێسی قووڵبوونەوەیە، کە لە ئەنجامی ئەو قووڵبوونەوەیە ڕەتدانەوەش دەبێتە ئافراندنی جیاوازی، نەک سڕینەوە. لێرەدا قووڵبوونەوە دەبێتە هۆکاری سەرەکی لە دیاریکردن و ئاڕاستەکردنی گەشەی کەلتووریدا. ئەگەر سەرنج بدەین (سارتەر) و (فوکۆ) سەر بە دوو ئاڕاستەی تەواو جیاوازن، بەڵام لە گەشەی کەلتووریدا هەردووکیان وەکو یەک بەشدارییان هەیە لە ئاڕاستەکردن و ڕەخنەدارکردنی کەلتوور. 

خاڵێکی دیکە پێویستە ئاماژەی بۆ بکرێت، باسی زمانە. داهێنەران ئەوانەن، کە هەمیشە لە هەوڵی تازەکردنەوەی زمان دان. هەڵبەتە ئەوە لە ئەدەبیاتی گشت زمانێکدا تێبینی دەکرێت. زمانی (شەکسپێیر) تەواو لە زمانی (چاڕڵس دیکنیز) جیاوازە، چونکە هەر یەکەیان داهێنانی تایبەت بە خۆیان لە نوێکردنەوەی زماندا هێناوەتە دی. لەم سەردەمەدا بەشێکی زۆری کارەکانی (دیکنیز) وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی ئێستای ئینگلیزی، چونکە ئەو زمانەی ئەو پێی نووسیوە تەواو لە زمانی ئێستای ئینگلیزی جیاوازە. لەو نموونەیەدا بۆمان دەردەکەوێت زمانی ئینگلیزی بەردەوام لە گەشە دایە، چونکە داهێنەرەکانیان بە هۆی داهێنانی تازەوە زمانی پێش خۆیان تێدەپەڕێنن. ئەوە بە مانای ئەوە نایەت، کە لە (شەکسپێیر) داهێنەرترن، بەڵکو ئەوە پێوەندیی بە گەشەی زمانەوە هەیە، کە ئەوەیان خۆی یەکێکە لە خەسڵەتە دیارەکانی ئەدەبی (شەکسپێیر). دیارە لە شیعریشدا شاعیرێکی وەکو (ئیلۆت) گەمەیەکی یەکجار جوانی زمانەوانی دەکات، تا ئاستێک دابڕان لەگەڵ زمانی پێش خۆی دەهێنێتە کایەوە. دیارە ئەو گەمە زمانەوانییە لە دەربڕیندا زادەی قووڵیی تێڕامان و بیرکردنەوەیە. نموونەیەکی دیکە (ئێدگار ئالان پۆی)ە، کە بە بڕوای زۆر لە ڕەخنەگران ئەو گەمە زمانەوانییەی (ئالان پۆی) دەیکات، لە ئەدەبیاتی ئینگلیزییدا نموونەیەکی نەوازەیە. ئەدەبیاتی ئینگلیزی پڕیەتی لەو داهێنەرانەی، کە بەردەوام ئیش لە زماندا دەکەن. لەوانە (ئەندری بریتۆن)، (تۆماس هاردی)، (رۆبێرت گراڤس)، (ئەمیلی دیکنسۆن) و دەیان داهێنەری دیکە.

لە ئەدبی کوردییشدا ئێمە نموونەی لەو شێوەیەمان هەیە، (مەحوی) یەکێکە لەو شاعیرانەی، کە خاوەنی ئەو داهێنانەیە. (مەحوی) لە دەربڕیندا خاوەنی زمانێکی تەواو جیاوازە. هەڵبەتە ئەو زمانەی (مەحوی) زادەی قووڵاییەکەی خۆیەتی. کاتێ دەڵێت: 

“کە سەر بۆ گەینە پەت بێ، پێ لە کورسی و ئەسکەمل چ بکا؟”

ئەوا لەو دێرەدا لە یەککاتدا ڕووبەڕووی هۆ و دەرئەنجامێکی تراجیدیمان دەکاتەوە. وەرگێڕانی ئەو وێنە شیعرییە بۆ زمانێکی دیکە، چێژی زمانەوانییەکەی بەو شێوەیە نامێنێتەوە. یاخود لە وێنەیەکی دیکەدا گوزارشت لە شێوە ژیانی مێگەل دەکات و دەڵێت:

لە بەنگ ئەم بەنگییانە چی دەبینن، خۆ لە خۆ گۆڕان

لە دنیادا مەداری عەیش و خۆشی، خۆ نەناسینە

(خۆ لە خۆ گۆڕان) ئەو دەستەواژەیە، کە لە ئاست گوزارشتکردن لە تاکی مۆدێرنەتی، لە ئاستێکی هەرە بەرزدایە. مرۆڤی مۆدێرن لە یەککاتدا دەیان رووخساری جیاواز پێشان دەدات، چونکە ژیانی رۆژانەیی ئەو پڕیەتی لە ڕۆتین و دووفاقی. )مەحوی( لەو کاتەدا هەستی بەو مەترسییە کردووە، کە ئێمە تێی دەکەوین. رۆژانە دەیانجار ڕووبەڕووی (خۆ لە خۆ گۆڕاوەکان)  دەبینیەوە. ئەم وێنەیەی )مەحوی( زۆر نزیکە لە بەدگۆڕانەکەی )کافکا(، دەتوانم بڵێم تەواو گوزارشتە لەو دۆخە. ئەرکی ڕەخنە لێرەوە دەست پێ دەکات، کە پێویستە هەر وەک چۆن ڕەخنەگرانی فرەنسا ئەدەبی فرەنسیمان پێ دەناسێنن، ئاواش ئێمە داهێنەرێکی وەکو (مەحوی) بە دنیا بناسێنین. دیارە مەبەستم نییە لێرە لەو بارەیەوە بدوێم، هێندەی مەبەستە بڵێم لە ئەدەبی کوردییشدا نموونەی زۆر تایبەتمان هەیە لە بارەی مامەڵەکردن لەگەڵ زمان و هەوڵدان بۆ تێپەڕاندن. هەڵبەتە ڕەنگە ئێمە دەیان (مەحوی) دیکەمان هەبووبێت، بەڵام لەنێو خولانەوەی زەمەن ون بووینە. من پێم وانییە پرسیاری سەرەکی ئەوەیە، کە بۆچی داهێنانەکانی ئێمە لە ئاست ئەدەبی دنیا بەراورد ناکرێت، بەڵکو پێویستە قسە لەبارەی نەبوونی پردی کەلتووری لەنێوان ئەدەبی کوردی و دنیادا بکرێت. پێم وایە تاکو ئێستا ئەدەبی کوردی نەیتوانیوە لەو سنوورە لۆکاڵییە دەربچێت، لەبەر ئەوە نا، کە لە ئاست ئەدەبی دنیادا نییە، بەڵکو کۆمەڵێک فاکتۆری کەلتووری هەن، کە پێوەندییان بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە هەیە. بنکەی سەرەکیی هەڵسەنگاندنی ئەدەب لە ئێستادا نێوەندە کەلتوورییەکانی خۆرئاوایە. هەڵبەت خۆرئاوا بە چەندین قۆناغی جیاواز گوزەری کردووە، کە هەمووشیان بە هۆی گەشەی کەلتوورییەوە بوون. هەرچی لەبارەی خۆرهەڵاتە، دەتوانم بڵێم خاوەنی کەلتوورێکی ئایدۆلۆجییە. دەشێت ئەو ئایدۆلۆجیایە دین، یان بەجێمان بێت لە شێوە ژیانی خێڵەکی، کە تاک تاکو ئێستا ناتوانێت لە دەرەوەی گرووپ بیر بکاتەوە و خاوەنی داهێنانی خۆی بێت، جگە لەوەی تاکو ئێستا قۆناغی بێڕابەری تێنەپەڕاندووە. لە کەلتووری ئێمەدا ڕابەر شوێنێکی هەمیشەیی هەیە، بۆ نموونە ڕابەری سیاسی، ڕابەڕی رۆشنبیری، ڕابەری دینی، ڕابەری کۆمەڵایەتی و … تاد. کۆمەڵگای ئێمە هەمیشە ویستی دەستنیشانکردنی ڕابەر هەیە، چونکە کەمترین جار فرەدەنگی بە خۆوە بینیەوە، ئەمەیش بووەتە هۆی پەراوێزخستن و دوورخستنەوەی فرەدەنگی و جیاوازی. 

پێم وانییە کەلتوورێک جیاوازیی قبوڵ نەبێت، بتوانێت داهێنانی گەورە پێشکەش بە دنیا بکات. هەڵبەتە ئەوە مانای ئەوە نییە داهێنەری گەورە لەو کەلتوورانە دروست نابن، بەڵکو پێوەندیی بەو ژینگەیە هەیە، کە داهێنەر تێیدا دەژیێت. (مەلا سەدرەدینی شیرازی) بە درێژایی ژیانی بە ئاوارەیی دەژیێت. (سوهرەوەردی) لە تەمەنێکی کەمدا دەکرێتە قوربانی قسە و داخراویی حەشامەت. (مەنسووری حەلاج) هەر زوو هەستی بەوە کرد، کە چارەنووسی لە مەسیح باشتر نابێت. ئێمە نموونەی لەو شێوەیەمان لە خۆرئاواش هەیە، بەڵام جیاوازیی خۆرئاوا لەگەڵ خۆرهەڵات ئەوەیە، کە خۆرئاوا لەسەر ئەو گەشە کەلتوورییە بەردەوام بوو، هەرچی خۆرهەڵاتە تاکو ئێستا نەیتوانیوە لەژێر زەبری ئایدۆلۆجیا بێتە دەرەوە. خەونی دەرچوونیش لەژێر ئەو زەبرە یەکجار لاوازە، چونکە بەر لە هەر شتێک ئەوە پێوەندیی بە جووڵاندنی هەناوی کۆمەڵگاوە هەیە، کە تەنیا بە جێگرەوەیەکی گەورەی کەلتووری دەکرێت. لە کەلتووری کوردییشدا ئێمە ڕووبەڕووی هەمان قەیران دەبینەوە، ئەویش نەبوونی جێگرەوەیەکی کەلتووری بەهێزە. کەلتوورێک نەتوانێت داهێنەرەکانی لە سڕینەوە و پەراوێزخستن بپارێزێت، چۆن دەتوانێت بە جیهانیان بناسێنێت؟ کەلتوورێک تاکو ئێستا پێی وابێت ڕەخنە رووخێنەر و بنیاتنەری هەیە، چۆن دەتوانێت تەکانێکی ڕەخنەیی بە خۆی بدات؟ کێشەی هەرە گەورە لە نەناسینی داهێنان و داهێنەرەکانە. من لە پێشەکیی کتێبەکەم (گوزارشتی خود) ئاماژەم بەوە داوە ئەوە ڕەخنەگرانی فرەنسا خۆیانن، کە ئەدەبی فرەنسیمان پێ دەناسێنن. بە هەمان شێوە ئەڵمانەکانیش خۆیان ئەدەب و هونەری ئەڵمانیمان پێ دەناسێنن. ئایا تاکو ئێستا ڕەخنەی ئێمە توانیویەتی داهێنەرانی خۆمان بە خۆمان بناسێنن؟ هەڵبەتە دەیان داهێنەری ئێمە بوونەتە قوربانیی ئەو سڕینەوە و پەراوێزخستەنە. ئەدەبی کوردی خاوەنی (بێسارانی)، (مەولەوی)، (نالی)، (مەحوی)، (سالم)، (پیرەمێرد)، (بێکەس)، (هێمن)، (ئەحمەد موختار جاف)، (جەمیل سائیب) و دەیان داهێنەری دیکەیە. ئایا تاکو ئێستا ڕەخنەی ئێمە توانیویەتی ئەوانەمان بە دیدگایەکی ڕەخنەیی پێ بناسێنن؟ ئایا تاکو ئێستا ئێمە میتۆدێکی ڕەخنەیی قووڵمان هەیە و بەو هۆیەوە (گۆران)ی شاعیری پێ خوێندرابێتەوە؟ قسەی من لەبارەی هەوڵی تاکەکەسیەوە نییە، هێندەی مەبەستم ڕەخنەدارکردنی سەرتاپێی کەلتوورە، کە پێڕەوی لە دوالیزمێکی ناتەواو دەکات، ئەویش سڕینەوە یان گەورەکردنی ناوە. 

تێکست پێکهاتەیەکی مێتافیزیکیی ئاڵۆزە و لەگەڵ خۆیدا چەندین خوێندنەوەی جیاواز دەئافرێنێت. ئیشی ڕەخنەگر لێرەوە دەست پێ دەکات، بەوەی هەوڵی دۆزینەوەی پێکهاتەکانی بدات. بۆیە ناکرێت لە حوکمدانێکی سادە وەکو باش یان خراپ کورت بکرێتەوە. هەڵبەتە ئیشی ڕەخنەگر وربوونەوەیە لە نهێنییە مەعریفییەکانی تێکست و ئەو دەرکەوتانەی، کە تێکست لەگەڵ خۆیدا دەیانهێنێت. ئەوانەی بەو میتۆدە ئیش دەکەن، لە بەردەم ئەرکێکی گەورەدان، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت لە چەند هەوڵێکی کەم تێناپەڕێت، کە مەودای ئەو هەوڵانەیش سنووردارە. ئایا دەکرێت ڕەخنەگر بە بێ شارەزایی لە میتۆدە ڕەخنەییەکان لە بارەی تێکستەوە بدوێت؟ ئەوەیان یەکێکە لە کێشەکانی ڕەخنەی ئێمە، بەوەی ڕەخنەگر ساڵانە کتێب چاپ دەکات بە بێ ئەوەی بتوانێت چەند دێرێکی جیاواز لە بارەی بوارەکەی خۆیەوە بڵێت، چونکە ئەو تەنیا بە حوکمدانە سادەکەی خۆی ڕاهاتووە. 

چۆن و بە چ شێوەیەک دەتوانین لە تێکستدا ئەو کۆدە نهێنیانە بدۆزینەوە، کە زادەی واقیع و تێڕامانن لە بوون و دیاردەکان؟ هیچ شتێک نییە بێمانا بێت، چونکە خودی ئەو بێماناییە مانایە. ئەو قسەیە لەبارەی تێکستیشەوە گونجاوە. تێکستی بێمانا بوونی نییە، بەڵکو تێکستی رووکەش و قووڵمان هەن. لە رێگەی تێکستەوە ئێمە دەتوانین لە شێوەژیان و واقیعی خۆمان تێبگەین. کاتێک (فایەق بێکەس)ی شاعیر شیعر دژی دواکەوتوویی کۆمەڵگا دەنووسی، ئەوا مانای ئەوە نییە بە تەواوەتی لەوە تێگەیشتبێت، کە سەرقاڵی چ پڕۆژەیەکی رۆشنبیرییە، بەڵکو ئەوە تێڕامان و بیرکردنەوەی خۆیەتی، کە وای کردووە دژی شتە باوەکان بوەستێتەوە، بەڵام بەو هۆیەوە تەکانی بە نەخوێندەواری و دواکەوتوویی کۆمەڵگا دا و ویستی تێانبپەڕێنێت. لە تێکستدا کۆدی هێندە شاراوە هەن، کە مەحاڵە نووسەریش بە تەواوەتی هەستیان پێ بکات. فراوانکردنی ژانرەکانی دیکەی ئەدەب، تەنیا لە ڕێگەی ڕەخنەوە دەکرێت، چونکە بەو هۆیەوە خوێنەر بۆی دەردەکەوێت ئەو تێکستەی دەیخوێنێتەوە چ دەرکەوتەیەکی لەگەڵ خۆیدا ئافراندووە. ئەو نووسینانەی بەناوی ڕەخنەوە بڵاو دەکرێنەوە خوێنەری وەهمی دروست دەکەن. تاکو ئێستایش وا لە ڕەخنە ناڕوانرێت، کە داهێنانێکی سەربەخۆیە. بۆچی؟ پێم وایە هۆکاری سەرەکی ئەوەیە، کە خۆ لە قەرەدانی تێکستە قووڵەکان پێویستیی بە پاشخانێکی گەورەی مەعریفی هەیە، کە ئەوە لە بەشێکی زۆری خوێندنەوە و لێكۆڵینەوەکان بەدی ناکرێت. بۆیە پێم وایە تاکە بزوێنەری ئەو دۆخە کەلتوورییەی ئەمڕۆمان، بوونی ئەڵتەرناتیڤێکی بەهێزی هزرییە، کە بتوانێت تەکانێک بە کۆمەڵگا و کەلتوورەکەی بدات، ئەو تەکانەش بە بێ هێزی ڕەخنە ناتەواوە.  سەرنج بدە کەلتووری ئەمەریکا چەند بڵێی کەلتوورێکی پەرت و نمایشییە. ئەوە لە شێوازی جلوبەرگ، سینەما، سیاسەت و تاکەکانیشیان بەدی دەکرێت، بەڵام سەڕەڕای ئەوە، هێشتا ناتوانن لە دیبەیت و ڕووبەڕووبوونەوەدا زمانێکی پڕ لە توندوتیژی بەکار بهێنن. بۆ نموونە یەکەم دیبەیتی  (باراک ئۆباما) و (میت رۆمنی) رکابەری بۆ پۆستی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆت دەردەکەوێت سەڕاڕی رەخنەدارکردنی یەکتر، بەڵام هێشتا نەیاندەتوانی زمانێکی توندوتیژکارانە بەکار بهێنن و تۆمەت بخەنە پاڵ یەکتر بە مەستی سڕینەوە. هەڵبەتە من داوا ناکەم وەها ڕووبەڕووبوونەوەیەک لەنێوان سیاسییەکانی ئێمەدا ڕوو بدات و بە بەرچاوی خەڵک و میدیاکان یەکتری بەو شێوەیە رەخنەدار بکەن، بە مەرجێ دوور لە هەر توندوتیژییەک، کە لە ڕێگەی زمانەوە دەرببڕدرێت، چونکە هەموو توندوتیژیەکان لە زمانەوە دەست پێ دەکەن. بەڵام بۆچی ئەو کەلتوورە لەنێو رۆشنبیرانیشدا بوونی نییە؟ لە هەر کۆمەڵگایەک کەلتوورێکی لاواز بوونی هەبێت، لەوێدا رۆشنبیرێکی نەخۆش بوونی هەیە. رۆشنبیرانی ئێمە دەبێت ئیش لەسەر تێکشکاندنی کەلتووری ڕەتدانەوەی یەکتر بە مەبەستی سڕینەوە بکەن، نەک پەرەی پێ بدەن و یەکتری پێ تۆمەتبار بکەن. 

ئەگەر رۆشنبیرانی ئێمە دەستپێشخەری نەکەن، ئەی کێ بیکات؟ بە ئاسانی دەتوانین دەیان گوتەی ئەو نووسەر و رۆشنبیرانە بدۆزینەوە، کە یەکتری پێ تۆمەتبار دەکەن. نووسەرمان هەیە نووسەرانی تر بەوە تۆمەتبار دەکات، کە ترسنۆکن و هەڵوێست وەرناگرن. نموونەی ئەوە دەهێنەوە، کە (فوکۆ) و (سارتەر) و بەشێکی تری رۆشنبیرانی فرەنسا لە کاتی خۆپیشاندانەکەی خوێندکارانی فرەنسا لە ئایاری 1968 بەشدار بوون. بەڵام ئایا فەیلەسووفەکانی فرەنسا ئەوەیان وەکو پڕۆژەیەکی گەورەی رۆشنبیری پێشان دا؟ ئایا هەموو پرۆژەکانی خۆیان لەو خۆپیشاندانەدا کورت کردەوە؟ بێگومان وەڵامەکەی نەخێرە. (فوکۆ) کاتێ لەو خۆپیشاندانەدا بەشدار بوو، خاوەن چەندین پڕۆژەی فیکری بوو، جگە لەوەی ئامادەیی ئەو لەوێدا کاریگەری لەسەر ئەوە نەبوو زمانی (فوکۆ) بەرەو لاوازی بڕوات و ڕووکەش ببێتەوە. ئامادەیی (سلاڤۆی ژیژەک) لە (وۆڵ ستریت) چەند بڵێی ئامادەییەکی فیکری بوو. ئەو گوتارەی (ژیژەک) لەوێدا پێشکەشی کرد، بە هیچ جۆرێک رووکەشبوونەوەی ئەو نەبوو بە مەبەستی ورووژاندانی خەڵک. رۆشنبیرانی ئێمە وا دەزانن بەشداریی فیزیکی واتە بەشدارییەکی فیکری لەو شوێنانەدا. ئایا ئەگەر (ژیژەک) لە (وۆل ستریت) بە هەمان زمانی ئامادەبووان قسەی کردبا، چ جیاوازییەکی لەگەڵ کەسێکی ئاساییدا هەبوو؟ ئایا (ژیژەک) هیچ فەیلەسووفێکی دیکەی تۆمەتبار کرد بەوەی ترسنۆکن و نەهاتوون لەگەڵ ئەو لە (وۆل ستریت) ئامادە بن؟ لە کاتێکدا چەندین نووسەر و فەیلەسووف لەو شارەدا هەن و ئامادەیی ئەو گردبوونەوەیە نەبوون، کەچی هیچ کەسێک ئەوی دیکەی تۆمەتبار نەکرد. ئایا ئەرکی رەخنەگر و رۆشنبیرە حوکمی بەسەر ئەوانی دیکەدا بدات و تۆمەتباریان بکات بەوەی، کە ترسنۆکن؟ کێشەی هەرە گەورەی ئێمە کەلتوورە، چونکە دەستەڵاتیش بەرهەمی ئەو کەلتوورەیە. رۆشنبیران تاکو نەتوانن گۆڕان لە ئەقڵیەتی خۆیاندا بکەن، چۆن دەتوانن داوای گۆڕینی شتەکانی دەورووبەر بکەن؟ 

خاڵێکی تر، کە زیاتر لەو کێشەیە نزیکمان دەکاتەوە، رووکەشیی تێکستەکانی ئێستایە. تێکستی قووڵ بەرهەمێکی هەر لە خۆوە نییە، بەڵکو زادەی قووڵبوونەوە و تێڕامانە. ئەگەر نووسەر بەردەوام قووڵ نەبێتەوە، دەمرێت. لە کەلتووری ئێمەدا نووسەر کاتێ دەردەکەوێت، داهێنان نابێتە پێوەری هەڵسەنگاندنی، بەڵکو دەرکەوتن و ئامادەیی نووسەر پێوەری سەرەکییە. ئەو نووسەرە هەوڵ دەدات بەردەوام لە گشت شوێنێک دەر بکەوێت و خۆی نمایش بکات، چونکە ترسێکی گەورەی لەوە هەیە، کە لە بیر ئەوانی دیکە بچێتەوە. ئەو ترسە بە هۆی نەبوونی داهێنانە، واتە لە نائامادەیی داهێنان نووسەر دەیەوێت خۆی ئامادە بێت، کە پێچەوانەی ئەوە دروستە. نائامادەیی نووسەر هیچ لە ئاڕاستەی تێکستی داهێنەرانە ناگۆڕێت. بەشێک لەو نووسەرانە هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی قسە نەک نووسین خۆیان بچەسپێنن، چونکە وەکو (دریدا) پێی وایە نووسین جیاوازیی دەردەخات. شاعیرمان هەیە ساڵانە کتێبی شیعری چاپ دەکات، بەڵام لە گفتوگۆکانیدا شتێکی تازە لەبارەی شیعرەوە ناڵێت. (رۆماننووسی گەورە!)مان هەیە ساڵانە ڕۆمان چاپ دەکات، بە بێ ئەوەی خوێندنەوەیەکی جیاوازتری بۆ ڕۆمان هەبێت. بێگومان قووڵی و رووکەشیی تێکست بە ژمارەی خوێنەرەکانی دیاری ناکرێت. (جەیمس جۆیس) یەکێکە لە داهێنەرە هەرە گەوەرەکانی جیهان، بەڵام چارەگی (پاولۆ کۆیلۆ) خوێنەری نییە. (ساموێڵ بێکیت) بەردوام خۆی بە خوێندکاری (جەیمس جۆیس) زانیوە، کەچی ئەو خەڵاتی نۆبڵی وەرگرت و بە (جەیمس جۆیس) نەبەخشرا. کامە رۆمانووسمان لەو چەند ساڵەدا شتێکی نوێی لەبارەی رۆمانەوە گوتوە؟ ئەو هەوڵانەیش هەن، بەڵام یەکجار کەمن. (کاروان کاکەسوور) لەوان جیا دەکەمەوە، چونکە ئەگەر ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ (کاروان) کراون بخوێنینەوە، بۆمان دەردەکەوێت لەسەر دەستی (کاروان) گفتوگۆی ئەدەبی ئاڕاستەیەکی دیکەی وەرگرت بۆ دوان لە بارەی ڕۆمان و ئەزموونی رۆمانووس لەگەڵ بەریەککەوتنە جیاوازەکاندا. لە زۆربەی گفتوگۆکانیدا (کاروان کاکەسوور) شتی نوێ لەبارەی کایە جیاوازەکانەوە گوتووە. بێگومان هەر دەبێت وا بێت، چونکە رۆماننووس ئەگەر خاوەن ڕۆشنبیرییەکی قووڵ و تێڕامانێکی فەلسەفی نەبێت، چۆن دەتوانێت تێکستێکی قووڵ و جیاواز بنووسێت؟ ژانرە ئەدەبییەکان پێویستی بە خۆ تەرخانکردنەوە هەیە، بە بێ ئەو قووڵبوونەوەیە ئەستەمە داهێنان لەو ژانرانە بکرێت. دەمەوێت نموونەیەکی دیکە بهێنمەوە ئەویش قەسیدەی (ئەو ڕۆژەی دەمرم)ی (تەیب جەبار)ی شاعیرە. ئەو قەسیدەیە یەکێکە لە قەسیدە قووڵەکان. ئەگەر هایدیگەریانە ئەو قەسیدەیە بخوێنینەوە، بۆمان دەردەکەوێت (تەیب جەبار) هەموو شتە نەکردەکان بە هۆی مردنەوە دەکاتە کردەیەکەی ئاسایی. رەخنەگر نابێت ڕەچاوی ئەوە بکات ئەوەی دەنووسێت، کێیە؟ بەڵکو ئەوەی نووسراوە لەسەر ئاستی زمان جیاوازە یان نا؟ چاوەڕێ بووم و نووسینێکم لەبارەی ئەو قەسیدەیە نەخوێندەوە، کە لەو قەسیدەیەدا بە دوای کۆدە شاراوەکان بگەڕێت. (شەهید کەوڵۆسی) خاوەنی چەند قەسیدەیەکی قووڵە، بەڵام تاکو ئێستا ئەو شاعیرە بە قووڵی نەخوێندراوەتەوە. زمانی (مەهدی ساڵح) لە شیعردا تەواو جیاوازە، بەڵام ڕەخنەی ئێمە فەرامۆشی کردووە. هەڵبەتە دەیان نموونەی دیکەمان هەیە، بەڵام مەبەستم ئەوەیە لە کەلتووری ئێمەدا چارەنووسی شتی جیاواز و قووڵ فەرامۆشکردنە. 

دەبێت ئەو دیاردانە لەسەر ئاستی زمان تێک بشکێندرێن و هەڵ بوەشێندرێتەوە، چونکە پەرەسەندی بە شێوەیەکی بەردەوام هیچی جیاواز ناخاتە سەر گەشەی کەلتووری، کە ئەوە بۆ ماوەی دەیان ساڵە کەلتووری ئێمە قوربانیی ئەو دیاردانەیە. هەڵبەتە ئەوەیان ئەرکێکی چەند بڵێی پێویست و قورسە، چونکە پێویستیی بە قووڵبوونەوەی بەردەوام و رۆشنبیرییەکی بەرفراوانەوە هەیە.

 

 

 

 

 

 

 

Previous
Next

Leave a Reply