Skip to Content

Friday, January 22nd, 2021

گفتووی سایتی ستاندارد لەگەڵ دکتۆر کەمال میراودەلی

Be First!
by January 24, 2013 گشتی

 

 


لە دوای هەڵبژاردنی پێشووەوە، هیچ هیزێک هێندەی گٶڕان خزمەتی بارزانی و بەهێزکردنی دەسەلاتی هەردوو بنەماڵەی نەکردووە!!

چاوپێکەوتنێکی گرنگی  راستگۆیانەو روونکەرەوەی  د. کەمال میراودەلی لەگەڵ سایتی ستاندار دا

 

* لە دوای هەڵبژاردنی پێشووەوە، هیچ هیزێک هێندەی گٶران خزمەتی بارزانی و بەهێزکردنی دەسەلاتی بنەمالەیی نەکردووە

* ئۆپۆزیسیۆن پاشکۆی دەسەلاتن، خەتەرن لە سەر ژیانی خەلک نەک لە سەر دەسەلات

* هیچ کەسێک نییە بتوانێ شوێنی تالەبانی پڕ بکاتەوە.

* دەسەلات و دەسکەوتە بنەمالیی یە نادەستووری و نایاساییەکانی بارزانی و بنەمالەکەی کە بە تەنازولی تالەبانی کراون دەبێ چاویان پێدا بخشێندڕێتەوە

* من تەزویر نەبووبایە سەدی سەد لە هەموو کوردستان من دەرچوو بوم

* بەلام خۆ ئەوە ئاشکرایە لە دوو پارێزگای گەورەی گەرمیان و سلێمانی من بە دەنگی %٥٧-%٦٠ بە سەرۆک هەلبژێردرام

* مادام دوو ئیدارەیی هەیە دەبوو لە ناوچەی سەوز من سەرۆک بوومایە نەک بارزانی، بەلام خیانەتی گۆران بوو کە بە هیچ شێوەیەک ئامادەنەبوون من ببینن و دەرگای راگەیاندنەکانی خۆیان لە سەر داخستم و هەر دوای دوو حەفتە بوونەوە بە کۆیلەی بارزانی و کردیانە موقەددەس و مەرجەعی مەرجەعەکان

 *لەوەتی هەلبژاردنی پێشووەوە، گۆڕان دژایەتی من و کاک کۆسرەت و د. بەرهەم – ی بۆ خاتری بنەمالەی بارزانی و کۆکردنەوەی پۆستەکان لە دەستیاندا کردووە

* گۆران و ئۆپۆزیسیۆن درۆیان کرد بە هێج شێوەیەک لە راپەرینی شوباتدا نەیاندەویست لە هیچ ناوچەیەکی پارتی خۆپیشاندان ساز بکەن.

* من تەنیا ئەو کاتە خۆم کاندید دەکەمەوە کە تەزویر نەمینێت، دەستووری دیمۆکراتی کوردستان بریاربدرێ و بەپێی دەستوور هەلبژاردن بکڕێت و هێچ تەلەفزیۆن و رادیۆو میدیایەکی حیزبی نەمێنێت و تەلەفزیۆنێکی نەتەوەەیی پرۆفێشنال وەک بی.بی.سی دابندرێت  ودەرفەتی یەکسان بە کاندیدەکان بدات.

* گەر من سەرۆک بوومایە تەنیا دووسال سەرۆکایەتیم دەکرد، سەرۆکایەتی هەرێمم هەلدەوەشاندەوەو ئەنجومەنی پیران م دروست دەکردو داوای هەلبژارنی نوێم دەکردو خۆم وازم لە سیاسەت دێنا. 

 

 

د.کەمال میراودەلی رەخنەی توند لە بزووتنەوەی گۆڕان دەگرێت و باسیش لە خۆ کاندیدکردنەوە دەکات 

22/1/2013سایتی ستنادارد   

 

لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ ستاندەر د. کەمال میراودەلی ڕەخنەی تووند ئاراستەی ئۆپۆزیسۆن دەکات و لاشیوایە بزووتنەوەی گۆڕان پارتی بەھێز و قەبە کردووە نەک لاواز.

گفتوگۆی: خدر ئیبراھیم

 

ئایا ئەم کۆدەنگییەی یەکیتی و ئۆپۆزسیۆن بۆ لاوازکردنی پارتی یە یان سەرۆکی ھەرێمە؟

 

ناتوانین بلیین کۆدەنگیی لە نێوان ئۆپۆزسیۆندا هەیە

تا ئێستا نازانین کۆدەنگی ئۆپۆزیسیۆن ھەیە یان نا؟ 

دەڵین لە سیاسەت ھاوپەیمانی ھەمیشەیی نییە بەرژەوەندی ھەمیشەیی ھەیە. بەلام لای ئۆپۆزیسیۆنی کوردی بە راستی نە سیاسەتەکە، نە بەرژەوەندییەکە ، نە ھاوپەیمانییەتەکە روون و سابیت نییە. کۆدەنگی بە کۆبوونەوەی ناوبەناوی سەرکردەکان پێک نایە، بەلکو بە پەیمانێکی روونی ستراتیجی قبولکراو لە ئاستی رێکخراوەیی و سەرۆکایەتی حیزبەکاندا، ئیمزاکردنی و پابەندبوونی ئەخلاقی پێیەوەو ھەولدان بۆ جێبەجێکردنی بە نەخشەیەکی کات بۆداندراو. راستە شەش پاکیج ھەیە گوایە زەمینەی ھاوبەشن. بەلام ئەمە پاکەتن وفڕێدراون و پەیمان نین. چەند کار بۆ ئەم پاکیجانە کراوە؟ چەند بە گرنگ و ستراتیجی و بەرنامەی کار دانراون: ھیچ. وەک پێوەندیش لەگەڵ پارتی و یەکێتی ئەوە کۆبوونەوە دوو قۆلییەکان زیاتر بوون، زۆر جار ھەست بە لێکدابڕانیش لە نێوان بەرەی ئۆپۆزیسیۆندا دەکرێ. بۆیە من ناتوانم کۆبوونەوەی سیقۆڵی ئۆپۆزیسیۆن لەگەل بارزانی بە ھاودەنگی ناوبەرم. دەیی پێش ئەوە ئەو ھاودەنگییە لە ئاستی حیزبەکانیان و خەلکدا بسەلمێنن تا ببنە جێی باوەڕ

ئۆپۆزیسیۆن ھەرگیز نەیویستوە پارتی یان بارزانی لاواز بکات. هیچ هێزێک هێندەی گٶران خزمەتی بارازنی و دەسەلاتی بنەمالەیی نەکردووە. 

بۆ بەشی دووەمی پرسیارەکەشت: ئۆپۆزیسیۆن ھەرگیز نەیویستوە پارتی یان بارزانی لاواز بکات بە پێچەوانەوە. راستی ئەوەی ئۆپۆزیسیۆن بەتایبەتی گۆڕان لە دوای ھەلبژاردنی ٢٠٠٩ ەوە کردوویەتی بۆ بەھێزکردنی پارتی و بارزانی و بنەمالەکەی بووە، گەرچی ھەندێ جار بۆ شاردنەوەی ئەوە راگەیاندنی کەی ئێن ئێن بە شیوەیەکی دیماگۆگیانە یاری بە عاتیفەو رای خەلکەوە دەکات. گەر گۆڕان گۆرینی دیمۆکراتی بویستایە [ کە جێگەی سەرنجە قەت وشەی دیمۆکراتی بۆ خۆی بەکارناھینێت] ئەوا ئەو دوو ئیدارەییەی کە باسی دەکاو رەخنەی لیدەگرێ، دەبوو بە کاری بھێنابایە بۆ ئەوەی رێز لە دەنگ و رای خەلکی کوردستان بگرێت کە منیان ھەر نەبێ لە ئیدارەی سەوز بە سەرۆکی ھەرێم ھەلبژاردو بارزانی یان رەفزکرد، دەبوو بارزانی یان نەکردبایەوە بە سەرۆکی دوو پارێزگای گەورەی گەرمیان و سلێمانی و بەشێک لە ھەولیڕیش و ھاوکاری منیان کردبایە. ئەمە بۆ خاتری من نا، بۆ پشتگیری دیمۆکراسی و بێھێزکردنی سیسیتمی بنەمالەیی و رێزگرتنی دەنگی دیمۆکراتی خەڵک. 

ئەوسا دەیانوت ھەر باوەریشیان بە سەرۆکایەتی نییە کەچی کەمتر لە مانگێک دوای ھەلبژاردن رێک لە سی یان سیویەکی ئابدا بە زەلیلی چوونە خزمەت بارزانی و کردیانە سەرۆکی موقەددەس و مەرجەعی مەرجەعەکان لە کاتیکدا زۆر بە ناشیرینی ھەموو ھەولیکیان داوە من عەزل کەن. ئەمە ستراتیجی یەکەمیان بوو بۆ خزمەتی بنەمالەی بارزانی. ستراتیجی دووەمیان دژایەتییەکی لە نەکاوو بێ ھۆی کاک کۆسرەت بوو، کە ئەمەش زیاتر بۆ مەرایی بارزانی بوو، ستراتیجی سێیەم و لە ھەمووی ناشیرینتر ئەوە بوو کە راپەرینی شوباتیان بەکار‌ھینا سەدی سەد تەنیا بۆ دوژمنایەتی و رووخاندنی د. بەرھەم و گێرانەوەی پۆستی سەرۆکوەزیرانیی بۆ کاک نیچیروان. جگە لەمەش کاک د. پشتیوان ھەولێکی تاکەپالەوانیی زۆری دا بۆ سازکردنی خۆپیشاندان لە ھەولیر و لە ھەولی دووەمیدا منیش ھەوڵم دا بە جیددی یارمەتی بدە م وخۆشم بچم بۆ ھەولێر، بۆ ئەم مەبەستە بۆ ھەندێ یارمەتی لۆجیستیکی پێوەندیم بە گۆڕانەوە کرد تا ھەندێ ھاوکاری بکەن، بە ھیج جۆرێ وەلامیان نەدامەوە

ئۆپۆزسیۆن نەیدەویست لە ناوچەی پارتی خۆپیشاندان بکرێت.

ھیچ لایەکی ئۆپۆزیسیۆن راستی نەیاندەویست ھیچ خۆپیشاندانێک لە ناوچەکانی پارتیدا بکرێت. ئاگادارن من بە راگەیاندنی رەسمی پیشنیازم بۆ کردن کە تەنیا ئەندام پەرلەمانەکانیان لە بەردەمی پەرلەمانەکەی خۆیاندا خۆپێشاندانێک وەک خۆپێشاندان بۆ شکاندنی زەبری پارتی و پشتگیری مافی دیمۆکراتی خۆپیشاندان بکەن نەیانکرد. دوای ئەو کەمپەینە جیھانییە گەورەیەش کە بۆ سەردەشت عوسمان کرا، و ئەو ھەموو خۆپیشاندانە جەماوەرییە لە ھەولێریش، نامەیەکی کراوەم بۆ سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆن نووسی کە نەھێلن ئەم ھەموو خەبات و جیھانیبوونەی ئەم کەمپەینە بە فیرۆ برواو بارزانی وا بە ئاسانی سەردەشت عوسمان بکوژێ و ئەوسا بیشیکاتە تیرۆڕیست، داوام لێکردن رەمزیش بێت لە کۆبوونەووەکانی پەرلەما ن ماوەیەک بکشێنەوە تا ئەم کەمپەینە نەمرێت. کەچی ھەر وەلامیان نەدامەوەو ھەر ھیچیان نەکرد و کەمپەینەکەیان کوشت و دووبارە خۆیان تەسلیمی بارزانی کردەوە. بۆ بەلگەی ئەمە وتارەکەی بارزانی لەپەرلەمان و ھەلوێستی ئۆپۆزیسیۆن ماوە. لە کاتی کێشەش لەگەل مالکی دا گەرچی ھەموو ئەو شتانەی بارزانی بە مالکیان دەلێت دە قات زیاتر لە خۆیدا ھەیە، نەک ھەر ئەم کێشەیان بەکارنەھینا تا گوشاربخەنە سەر بارزانی تۆزێک لە بارزانیزم و بنەماڵەجێتی دوور کەوێتەوە، دیسان ئۆپۆزیسۆن بە بیانووی بۆشی یەکێتی نەتەوەیی یەوە چوونە ناو باندواگۆنەکەی بارزانی یەوە بە بێ ئەوەی دەسکەوتی سفربۆ خەلک یان پاکەتەکانیان بەدەست یێنن. بەلای ئۆپۆزیسیۆنەوە راپەرینی ١٧-ی ی شوبات و ٦٢ رۆژ خۆپیشاندان و خوێن و گرتن و تێھەلدان و نانبرین ئەفسانەیەو ھەر رووینەداوە. ئەمانە مشتێکن لە خەرواری خیانەتی ئۆپۆزیسیۆن بە رامبەر خەلک و خزمەتکردنی بنەمالەی بارزانی. بۆیە بارزانی ھێندە شەیدای ئەوەیە لەگەڵ سەرانی حیزبەکان کۆ بێتەوە [ چونکە دەزانێ پارەکەیان لە کوێوە بۆ دەچێ و چەند وەردەگرن] لە کاتێکدا نایەوێ بەرامبەر ھێچ میکانیزمێکی دیمۆکراتی بێتەوە وەک کۆبوونەوە لەگەڵ پەرلەمان و وەلامدانەوەی پرسیارەکانیان. برازاکەشی بە ھەمان شیوەو چالاکانە تر یاری بە سەرانی حیزبەکان دەکات

پێشوازی بنەمالەکان و  خامۆشکردنی نارەزایەتی خەلک. 

وەک دەشزانن لە گەرمەی نارەزاییەکاندا دروست لە وکاتەدا کە بەناز جەواد لەبەر بێکاری لە ھەولێر خۆی سووتاندو دووکەلی جەستەی دانەمرکابوو، کاک نەوشیروان لە سلیمانی پێشوازی لە بارزانی کردو لە گەلیدا کۆبۆوە. گەرچی ھیچ ئەنجامی نەبوو بە ھەمان شیوە لە گەل کاک نێچیروان کۆبۆوە، ئەوە لەگەل تالەبانی و خانمەکەشی ئەوە ھەر باسی مەکە. لە بەر ئەو ە ئۆپۆزیسیۆن بەشێکی جەوھەری سسیستمی گەندەلی کۆیلایەتی مووچەو کۆیلایەتی بودجەن و راستی بە بیدەنگی و ھەلپەرستییان و بێدەنگییان خەتەری بەردەوامن لە سەر خەلک و ژیانیان [بە سەدان ھاولاتی مانگانە بە ناھەق بە ھۆی جیاواز دەمرن] و بەھیج جۆر خەتەر نین لە سەر بارزانی و دەسەلات.

 ئایا بە غیابی تاڵەبانی رێکەوتننامەی یەکیتی و پارتی لاوازبوە؟ 

 

تالەبانی کەسێتی و مـێژوو-و دیاردەو مودێلێکی تایبەتی سیاسەتکردنە کە کەسیكی تر نییە بتوانێت جێگەی بگرێتەوە

بێگومان غیابی تالەبانی زۆر شت دەگۆرێ ئەوەش یەکەم پێوەندی بە کەسێتی و تواناو دەوری تالەبانی یەوە ھەیە. ھیج کەسێک نییە لە ناو یەکێتی و کوردیشدا بتوانێ جێگەی تالەبانی و دەورەکەی بگرێتەوە. لە پێش ھەموو شتێکدا تالەبانی خۆی بەرھەمی مێژوویەکی دوورو درێژە کە لە زۆرکاتدا خۆی ئەو میژووە بووە یان ئەکتەری سەرەکی بووە لە دروستکردنیدا بە چاک و خراپەوە. ئێمە باسی بەلای کەمەوە ٥٠ ساڵ دەکەین. جگە لە مەش ھەندێ توانای شەخسی خۆی وەک زانینی چوار زمان بە باشی: کوردی/ ھەردوو دایەلیکتە سەرەکییەکان،، عەرەبی، ئینگلیزی و فارسی ، و بیرەوەرییەکی مەزن و توانایەکی گەورە لە پێوەندی بەستن و دۆستایەتی کردن و ناسینی سەرۆک و سەرکردەو خەلکی سیاسی زۆر بێگانەو عەرەب و فارس و تورک و کورد، قسەخۆشی وبێباکیی لە موساوەمەو تەنازول و بەتایبەتی توانای بریاردان لە کاتی ئاسان و سەختدا، ئەمانە ھەموو کۆمەلە سیفەتێکن کە ئاوا بەیەکەوە لە کەسدا دووبارە نابنەوە. 

بەلام ئەوەی ئەو سیفاتانەی گرنگترو بریارسازتر کردووە شوێنی تالەبانی یە وەک مەرکەزی بریاری یەکەم و دەسەلاتی یەکەمی بریاری بێ رکابەر لە ناو یەکێتیدا تا ئاستی دەسەلاتێکی دیکتاتۆریش. گەر ئەمریکا، ئێران، تورکیا، مالکی، ھت پرسێکی گرنگیان دەربارەی کوردستان یان عێراق ھەبایە، خالی یان کەسی پێوەندی یەکەمیان بۆ ھەموو کورد تالەبانی بوو. ئەویش ئەو شارەزایی یە قووڵەی دەربارەی وردو درشتی سیاسەت و پێوەندییەکانی عێراق ھەبوو بتوانێ یەکسەر بریار بدات تەنانەت بە بێ گەڕانەوە بۆ ھیچ میکانیزمێکی بریاردان لە ناو حیزبەکەی خۆشیدا. ئەمە مەحالە لە ھەموو ئاستەکانی بریاردا کەسێکی تر نییە بتوانێت بیکات. خۆ لە ئاستی کوردستان و حیزبەکەی خۆیدا ئەوە وەک دەوترێ [کۆلفیکول] خۆی بوو تا ئەوئاستەی یەکێتی و تالەبانی ناوی ھاوواتا بن، ئەمەش بەرای من بووە ھۆی ناکۆکییەکان لەگەڵ کاک نەوشیروان، و یاریکردنی مام جەلال بە دەستەکانی ناو حیزبەکەی بۆ پاراستنی دەسەلاتی رەھای خۆی لە جیاتی یەکخستنیان وەک تیم و سیستم، ئەو دەسەلاتەشی بەو شێوە بەکاردێنا کە بە پلەی یەکەم ئەو دەسەلاتە شموولییەی خۆی بپارێزێت ھەندێ جار بیگوێدانە بەرژەوەندی حیزبەکەشی وەک حیزبی خەلک، یان بەرژەوەندی خەلک، ئەمە بەتایبەتی لە پێوەندی لەگەل پارتی و بارزانیدا خۆی دەردەخست.

پەیمانی ستراتیجی تالەبانی سەپاندی و ئەو دەسەلات و  بەرژەوەندییە نا دەستووریی و ناشەرعییانەی بارازنی بە هۆی تەنازولاتی تالەبانی یەوە دروستی کردوون دەبێ هەڵبوەشیندرێنەوە

 بۆیە بە باوەری من و تا ئەو ئاستەی ئاگاداریش بم ئەوەی پێی دەوترێ پەیمانی ستراتیجی لەگەڵ پارتی یەکەمجار بە بریاری تاکرەوی تالەبانی و بۆ بەرژەوەندی سەرەکی خۆی و بنەمالەکەی ئەوسا گەندەلانی حیزبەکەی، ئەو پەیمانە تێپەڕێندرا و ھەندێ نھێنی و تایبەتمەندی ھەیە کە تەنیا تالەبانی و بارزانی دەیزانن. تالەبانی لەگەڵ ھەولی چڕی خێزانەکەشیدا نەیتوانی دەسەلاتیکی بنەمالەیی حەریفی بنەماڵەی بارزانی پێکبێنێ، تا بتوانرێ لە ئاستی بنەمالەییدا، ھاوپەیمانی ستراتیجی بەردەوام وفەرز بکریت.ئەمە مەحاڵ بوو.. نە کاتی تەواوی بۆ ئەمە ھەبوو، نە کەلتووری یەکێتی و سلێمانی ئەمە قبووڵ دەکات. بۆیە بێگومان بە غیابی تالەبانی ھەم مەرکەزی قەرار و دەسەلاتی یەکەم لەناو یەکێتیدا و تارادەیەکی زۆر کوردیشدا، پەکی دەکەوێت، ھەم ھاوپەیمانی ستراتیجی لەگەل پارتی دەبێتە کێشەیەکی کراوە. بە تایبەتی کە مام جەلال لە پێناوی سەرۆک کۆماریی عێراقدا گەورەترین تەنازولی بۆ بارزانی لە کوردستان کرد. نەک ھەر ڕێگەی بە بارزانی دا کە ئەو سەرۆکی ھەرێم و برازاکەی سەرۆکی حکومەت بێت، بەلکو چاوی لەوەش پۆشی کە بارزانی ئەم دەرفەتەی تەنازولی تالەبانی و خەریکبوونی لە بەغدا، قۆستەوە تا بە شێوەیەکی نادەستووری، ناشەرعی، نادیمۆکراتی حکومەت بکاتە حکومەتی بنەمالەیی و سەدان کەسوکاری خۆی لە پلەی دەسەلاتی بەرزدا بنێ و بە ئاشکرا حیزبەکەی خۆشی بکاتە حیزبی ھەزارپیاوەی بنەماڵە و بە ئارەزووی خۆی یاری بە پێوەندییەکانی دەرەوەو ناوەوەی ھەرێم بکات و ئاسایش و ‌ھێزی سەربازیی و نەوت و سەرچاوە سروشتییەکان و داھات و بازاری کوردستان بۆ دامەزراندنی میرنشینییەکی بنەمالەیی ئەماراتیی بەکار بێنێ و ھەلوێستی نانەتەوەیی تێکدەرانە بۆ خاتری تورکیا بەرامبەر کوردی خۆرئاوا بنوێنێت. گەر تەنازولاتی تالەبانی نەبووایە ئەمانە ھیچیان نەدەبوون. دیارە ئێستا ئەمانە دەبێت ھەموو پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت و راستبکرێنەوەو سسیتمیکی دەستووری دیمۆکراتی موئەسسەساتی دروست بکرێت. ھیوادارم نە برادەرانی یەکێتی نە گۆران ھەلپەرستانە ئەو رەوشە بۆ بەرژەوەندی گەندەڵی خۆیان قبول نەکەن و سووربن لە سەر ھەموارکردنەوەی دەستوورو ریکەوتن لە سەر دەستوورێکی دیمۆکراتی بەر لە ھەلبژاردنی داھاتوو تا لەگەل دەنگداندا دەستوورەکەش رێفراندۆمی لەسەر بکرێت.

ئەی بۆچی ئێستا یەکیتی ھاوڕایە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن؟

یەکێتی تا کۆنگرەی نائاسایی نەبەستێت ناتوانیت بریاری سیاسەتی نوێ بدات، گەندەلەکان بۆ پاراستنی خۆیان بە هەموو موساوەمەیەک رازین

بەداخەوە دیسانەوە بۆچوونەکان زانستی نین. کام یەکێتی ھاوڕایە؟ چۆن بڕیاری ئەو ھاوراییە دەرچووە: گەر مام جەلال نەتوانێت دەسبەکار یێتەوە، یەکێتی پێویستی بە کۆنفرانسێکی نائاسایی ھەیە تا حیزبەکەی بەشدار کات لە ھەر بریارێکی گرنگ. ئەمە نەکراوە تەنیا راگەیاندنی ئەم و ئەوە لێرە و لەوێ. لەم ئاستەدا ھاورایی یان بریاری بەربەرەکانی نەکردن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆ ن بناغەیەکی زانستی نییە چونکە بوونی یان نەبوونی بەربەرەکانی بریاری شەخس و حیزب نییە، پێوەندی بە ژیان و سیاسەت و خەلک و ناکۆکی بەرژەوندییەکانەوە ھەیە. لەبەر ئەوە ھاورایی لەگەل ئۆپۆزیسیۆن لەم کاتەدا تەنیا یەک شت دەگەیەنیت: با ھەموومان بە گەندەڵی و سسیتمی کۆیلایەتی بودجەو کۆیلایەتی مووچە رازی بین. ئەوی ملکی خوایە بۆ خوا ، ھی قەیسەر بۆ قەیسەر. نە لە تۆ دەنگ ، نە لە من دەنگ، میللەت بەشی ھەموو کەس دەکا، ملکومالە داگیرکراوەکان، پارە دزراوەکان، ملیۆنەرە دروستکراوەکان، تاوان وغەدرەکان ، گەندەڵیی خەلککوژ، ھتد با ئەمانە ھەموو ببنە رابردوو، ئەمری واقیع، باری باوی ھەلنەوەشاندراوە، راپەرینی شوباتیش قەت رووینەداوە. ئەمەیە نیازی ھەندێ کەس لە ماستاوکردن بۆ ئۆپۆزیسیۆن. لە کاتێکدا بەرای من ئەرکی گەورەی یەکێتی و ئۆپۆزیسیۆن و پارتیش بریاردانی دەستوورو دامەزراندنی سسیتمی دەستووری دیمۆکراتی یە.

 

ئایا بەڕای تۆ سەرۆکی ھەرێم لەلایەن خەڵکەوە راستەوخۆ دەنگی پێبدرێت یان لە پەرلەمان، بۆچی؟ ئایا سەرۆکی ھەرێم ھێندە گرنکە بۆیە پارتی دەڵێت نابێت لە پەرلەمانەوە ھەڵبژێردرێت، ئایا پارتی بۆچی رازی نیە لەچی دەترسێت؟ ئایا مسعود بارزانی دەیەوێت ھەمیشە سەرۆکی ھەرێم بێت؟

دەربارەی سەرۆکی ھەرێم ھەندێ شتم لە وەلامی پێشوو روونکردنەوە

ئەوە گرنگە سسیستمی حوکمرانیمان هەبێت و سیستمەکە دیمۆکراتی بێت ەسەلاتی سەرچاوەیی بۆ پەرلەمان بێت .

بەلای منەوە ئەوەی گرنگە ئەوەیە یەکەم: سسیتمی حوکمرانیمان ھەبێت ٢. ئەو سسیتمە دیمۆکراتی بێت، سسیتمی دیمۆکراتی دەشێ مەلەکی بێت یان کۆماری بێت. 

من زۆر جار وتوومە بە ھچ جۆرێک بەرامبەر ھیچ سەرکردەیەکی کورد، ھیچ بنەمالەو عەشرەتێک، ھێج گروپێک، ھیچ تاکەکەسێک لە کوردستان تاقە یەک تۆز رق و ناحەزی شەخسی یان ئایدیۆلۆجیم نییە.و ھیچ بەرژەوەندییەکی شەخسیشم لە سفر زیاتر نییە. گەر بنەمالەی بارزانی بیانەوێت ببنە عائیلەی مالیکە یان میرزادە من ھیچ گرفتێکم لە وەدا نییە، چونکە ئەمە پرسێک نییە پێوەندی بە تاکەکەسەوە ھەبێت ئەمە مەسەلەیەکی مێژوویی دیمۆکراتی و پرسی ھەلبژاردنی جۆرو شیوەی سسیتمی حوکمرانییە کە ئەمەش پرسێکە تەنیا دەنگی خەلک یەکلایی دەکاتەوە. بۆیە گەر سسیتمی دیمۆکراتی مەلەکی [بنەمالەیی] ھەلبژیرین دەبێ ئەمە لە دەستووردا بە تەوافوق دیاری بکرێ و خەلک لە رێفراندۆمدا یان قبولی بکەن یان رەفزی بکەن. بەلام بە بی تەوافوق و دەستوورو رێفراندۆم سەپاندنی ھەر جۆرە حوکمرانییەکی بنەمالەیی یان دیکتاۆری یان مافیایی دوو ئیدارەیی ناشەرعی و نادەستووریی و دژەنەتەوەیی یە

بنەماکانی سسیتمی دیمۆکراتی. 

حوکمرانی دیمۆکراتیش ئەم بنەمایانەی ھەیە کە دەبوو ٢٠ سال لەمەوبەر بمانچەسپاندبان نەک ئێستا بۆ جاری سەدەم دووبارەی بکەینەوە:

١ دەستوورێکی دیمۆکراتی نوێنەری ئیرادەی نەتەوەیی یەکگرتوو-و عەقڵی بەکۆمەلی گەل و زامنی ئیدارەی دیمۆکراتی بەرپرسی ولات و ئەوپەری ماف و ئازادیی و یەکسانی بۆ ھاولاتییان بێت.

٢ پەرلەمانی نوێنەری راستەقینەی خەلک و سەرچاوەی دەسەلات و بریارو یاسادانان و چاودێریی و زامن و پێشخەری ماف و ئازادییە دەستوورییەکانی ھاولاتیان بێت. سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ھەرێم [گەر وەک خۆی بمێنیتەوە] و وەزیرەکان دەبێ بەرامبەر پەرلەمان بەرپرسیار بن ولەلایەن پەرلەمانەوە چاودێری بکڕێن جگە لەو دەسەلاتە دەستوورییە ئیجرائییانەی دەستوور بە سەرۆکی ھەرێمی دەدات.

٣. دادگایەکی دەستووری ھاوشێوەی دادگای فیدرالی عێراق بۆ چارەسەری و یەکلاییکردنەوەی ناکۆکی و کێشە دەستوورییەکان چ ھی ئیدارەو دیمۆکراسی و چ ھی گلەیی و سکالای ھاولاتییان لە دەسەلات. 

٤. یاسای یەکسانی دەرفەت و یەکسانی تەواوی ھاولاتیان بەرامبەر یاساو زامنی ھەقسەندنەوە و ماف و دەرفەتی یەکسان بۆ ھەموو کەس بە یاسا.

٥. رۆژنامەگەری سەربەخۆو ئازادو دروستکردنی میدیایەکی مەرکەزی نەتەوەیی پرۆفێشنال و نەمانی میدیای حیزبیی

٦.سەربەخۆیی و کاریگەری تەوای کۆمەلگای مەەدنی واتە ھەزاران رێکخراوی مەەدنی سەربەخۆ، دوور لە خۆتێگەیاندن و کۆنترۆلی حیزب.

٧. سەلماندن و برەوپێدان وپێشخستنی کەلتووری ھاونیشتمانی کوردی یەکسان و حکومەتی ھاونیشتمانییان و خەلک لە جیاتی کەلتووری حیزبایەتی و حکومەتی حیزب یان کۆنترۆلکراوو خنکێنراوی حیزب.

ھەر کەسێ، حیزبێ ، دەستەیە بۆ ئەوانە کار بکات من بە ھەموو دڵ و توانام پشتگیری دەکەم.

 بۆچی تۆ بەڵێنی ئەوەت دابوو کە ئەگەر ببیت بە سەرۆکی ھەرێم سەرۆکایەتی ھەرێم ھەڵدەوەشێنیتەوە ئەوە ریکلام بوو یان راستی بوو، ئێستاش ئەو قەناعەتەت ھەیە؟

هەلوەشاندنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم پەیمانێکی ئەخلاقیی بوو

ئەوە بەلێنێکی ھەلبژاردن بوو ئەمەش دەیکاتە پەیمانیکی ئەخلاقی لەگەڵ دەنگدەران بۆیە ناکرێ وەک ریکلام سەیری بکرێت. بەلێ من قەناعەتی تەواوم بەوە ھەیە بۆ دروستکردن و بەھێزکردنی دامەزراوەی دیمۆکراسی و بۆ ئەوەی دیمۆکراسی بە راستی [دیمۆ]-کەی واتە خەلک – کە بەراستی دینامۆکەیەتی- لەگەڵی بێت و ھەر ئەوە نەبێت لە رۆژێکدا خەلک دەنگ بدەن و دوایی [کراسی] واتە کورسی دەسەلات دروست کەن و ئەو دەسەلاتە نەک نوێنەری ئەوان نەکات بیشیان چەوسێنتەوەو ستەمیان لێ بکات. بوونی ئەنجومەنی پیران زامنە بۆ ئەمە. 

گەر سەرۆک بوومایە لە دوو ساڵ زیاتر سەرۆکایەتیم نەدەکرد، هەڵدەوەشاندەوە

گەر من سەرۆک ھەرێم بوومایەو پشتگیری پەرلەمانم بەدەست بھێنایە وەک بەلێنێکی ترم دابوو لە سێ مانگی یەکەمدا دەستووری دیمۆکراتیم بریار دەداو لە دەستووردا سەرۆکایەتی ھەرێمم ھەلدەوەشاندەوەو لە جیاتی ئەوە دامەزراندنی ئەنجومەنی پیران – م دادەناو بە ھیچ شێوەیەک لە ماوەیەکی ئینتیقالی دوو سال زیاتر سەرۆکی ھەرێم نەدەبووم دوای ئەو دوو سالە داوای ھەلبژاردنی پێشوەختم بۆ ھەلبژاردنی ئەنجومەنی پیران و پەرلەمان بە یەکەوە دەکرد و خۆم بە تەواوەتی وازم لە سیاسەت دەھێنا

مادام دوو ئیدارەیی و هەیەو ئیرداەی دیمۆکراتی خەلک بوو، دوو سەرۆکێش پێویست بوو بۆ هەرەسپێهێنانی  سیسیتمی بنەمالەیی

ئەم جارەش خۆت ھەڵدەبژێریتەوە (ئەگەر خۆت ھەڵبژێریتەوە ئۆپۆزسیۆن پشتگیریت دەکات، ئەمەت لەگەڵ باس کردوون)، لە ھەڵبژاردنەکەدا % چەند دەنگت ھێنا؟

خۆھەلبژاردنەوە بۆ؟ من بە دلنیایی یەوە جاری پێشوو براوە بووم و تەزویرو کەلتووری د ژە دیمۆکراتی و ناحیزبێتی ھەموو حیزبەکان و بێھەلوێستی ئۆپۆزیسیۆن ورٶشنبیران وای کرد بارزانی کۆدیتا تەزویرییەکەی بۆ بچێتە سەر. لەگەل ئەوەشدا کە ھەموو دەسەلات بە مام جەلال خۆیەوە، بانگاشەی بۆ بارزانی دەکردو من ئۆکسجینی راگەیاندنم لێ قەدەغەکرا بوو تەلەفزیۆنە حیزبییەکان، جگە لە ھی بزوتنەوە، مەجالی دەنگو رەنگی منیان نەدەدا. تەنانەت خەلک نەیدەزانی ژمارەکەم چەندە. مابۆوە سەر خۆم ئەوەندەی بتوانم بچمە ناو جەماوەرەوە لە ھەموو کوردستان و رۆژنامەی ئەھلی بەکاربێنم، لە لەگەل ئەوەشدا ، خۆ ئەوە قسەی خۆم نییە کە لە ھەموو ناوچەی یەکێتیدا خەلک دەنگی بە مندا و من بە سەرۆکی ھەرێم لەو ناوچانەدا ھەڵبژێردرام. مادام سسیتمەکە خۆی دوو ئیدارەیی یە ئەوا ھەقی دیمۆکراتی خەلک وخۆم بوو کە لە پارێزگاکانی گەرمیان و سڵیمانی من وەک سەرۆکی ھەرێم لە لایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە بناسرامابایە . گەر دوو ئیدارەیی نەماباو دەستوورمنا هەبایە  من  ئەو کاتە ئامادە بووم تەنازول بۆ هەر کەسێک بکەم. لە ناوچەی یەکێتی من لە نێوان %٥٧ تا %٦٠ دەنگم ھێنا، لە تەقتەق گەیشتە سەدی نەوەد %٩٠. لە ھەولێر بە باوەری خۆم لە نێوان سەدی ٤٥ تا سەدی ٥٠ بوو پێش شالاوی تەزویر. لە دھۆک نازانم چونکە تەواو کۆنترۆل کرابوو، بەلام پییان وتم کە لە زاخۆ ١١٠٠٠ دەنگم ‌ھێنابوو، بەس راستی ئەمەم بۆ ساغ نەبۆوە. 

گەر من سەرۆکی ھەرێم نەبووم و ئەو سسیتمە دیمۆکراسییەی لە سەرەوە باسم کرد و ئەنجومەنی پیران دانەمەزراو سەرۆکایەتی ھەرێم ھەڵنەوەشایەوە ئەوە بە پلەی یەکەم تاوانی کۆمپانیای وشەیە کە دەیان وت باوەریان بە سەرۆکایەتی ھەرێم نییە کەچی دوای دوو ھەفتە بوونەوە بە مریدی سەرۆکی ھەرێم و ھەموو ھەولێکیان بۆ بیدەنگکردن و عەزلکرنی من دا. سێ مانگ دوای ھەلبژاردن لە سلێمانی مامەوەو زۆر ھەولم دا کاک نەوشیروان بببینم رازی نەبوو. بەردەوام بوون لە داخستنی ھەموو راگەیاندنی خۆیان لە سەرم. کە باسی ئەوەم لای زەلامێک کرد، کە بەبرادەری خۆشم دەزانی: زۆر بە ناشیرینی وتی برۆوە لەندەن و تا چوار سالی تر بۆ خۆت بێدەنگ دانیشە! جا گەر من کاندیدی ئەوان بوومایە دەبوو چییان بوتایە! لە لەندەن جەماوەری گۆران داوایان دەکرد سیمیناریان بۆ پشتگیریی گۆران بۆ بکەم، ریگریان دەکرد تەنانەت بۆ پشتگیری گٶرانیش سیمینار بکەم !!

گەر گۆڕان و ئۆپۆزیسیۆن منیان وەک سەرۆکی ھەرێمی ناوچەی سەوز بناسیایە کە ئەمە کارێکی دیمۆکراتی بوو، سیستمی بنەمالەیی خۆی ھەرەسی دێنا. بەلام گۆران ھەموو ھەولێکی بەخت کرد تەنانەت د. بەرھەم یش فت کەن تا سەرۆکایەتی وەزیرانیش بکەوێتەوە دەست بنەمالە. بەلام لە رووی عەمەلیی و ئیجرائییەوە ئەوە یەکێتی بوو کە دیسان تەنازولی بۆ مەسعود بارزانی کردو کردیە سەرۆکیکی رەھا. لەگەل ئەوەشدا خۆیان لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکەدا بوون و لایان ئاشکرا بوو چەندە لە سەرۆکایەتیدا تەزویر کراوە چاوپۆشیان لێکرد. لە سەرەتاوە [کە پارتی خەریک بوو بە بیانووی ئەوەی زۆربەی ھەرەزۆری دەنگی لیستی کوردستانی ھی پارتییەو دەنگی یەکێتی بۆ گۆڕان چووە نەھێلن سەرۆکایەتی حکومەت بۆ د. بەرھەم بێت ] بە کزی ئەم تەزویرەیان باسکرد کە پارتی موساوەمەی کرد ئەوانیش بێدەنگ بوون. بەم جۆرە دەرفەتێکی گەورەی گۆرینی دیمۆکراتی بۆ خاتری بەرژەوەندی حیزبیی و کەلتووری دژەدیمۆکراتی لە دەست درا.

 ئۆپۆزیسیۆن بە بەشیکی جیانەبۆوە لە سسیستمی گەندەڵ و ناعادلانەو نانەتەوەیی دەسەلات دەزانم. 

ھیچ شتێ نەگۆردراوە بلێین سیستمەکە باشتر بووە تا ئەگەر ئەم جارە خۆم کاندید بکەمەوە، پرۆسەو ئەنجامەکان باشتر بن. بەلای منەوە زۆر شت لە روانگەی دیمۆکراسی و ئازاد یی و مافەکانی خەلک بۆ دواوە گەراوەتەوە. من بە دوای دەسەلات و ھیچ بەرژەوەندییەکی شەخسیدا ناگەرێم. من لە شیعرەوە بۆ فەلسەفەو ئەوسا بۆ کاری کۆمەلگای مەدەنی و زۆر بە نابەدڵیی بۆ سیاسەت چووم. تەنیا لە بەر ھەستکردن بە خەم و ئازاری خەلک و خەفەتی دۆراندنی دەرفەتە گەوھەرییەکان بۆ سەربەخۆیی و نارەحەتی رۆحی دەربارەی ئەو ھەموو ستەم و بێدادی و جیاوازی و نایەکسانی و گەندەلییە مرۆڤکوژەی لە ھەرێمی کوردستاندا ھەیە، بریارم دا دەرفەتی ھەلبژاردنی سەرۆک لە لایەن خەلکەوە بەکاربێنم و گەر سەرکەوم ئەو چاکسازییە دەستووریی و ئیداریی و یاسایی یە سەرەکییانە بکەم کە باسم کردن. من ئامادەنیم داوای ھاوکاری لە ئۆپۆزیسیۆن بۆ پۆست و دەسەلات لە سەر حیسابی پرینسیپی ئەخلاقیی و ئینسانی و دیمۆکراتی خۆم بکەم. من وەک دەبینن ئۆپۆزیسیۆن بە بەشیکی جیانەبۆوە لە سسیستمی گەندەڵ و ناعادلانەو نانەتەوەیی دەسەلات دەزانم. لای من ئەمە مەبەست نییە. مەبەست راستکردنەوەی سیستمی سەقەتی دەسەلاتە لە کوردستان و دامەزراندنی سیستمێکە دەستوور و دادو پێشکەوتنی مەدەنیی و ئابووریی و کۆمەلایەتی و رۆشنبیریی بەردەوام و ئازادی و یەکاسنیی بۆ گەلەکەم و یەکێتی نەتەوەیی بالاتر زامن بکات

  لە هەلومەرجی ئێستادا تەزویر لە  هی پێشوو خراپتردەبێت  

گەر تا کاتی ھەلبژاردن سێ مەرج دروست بن ئەگەری ئەوە ھەیە خۆم کاندید بکەمەوە:

١ رێکەوتن لە سەر دەستورێکی دیمۆکراتی و روونەدانی ھیچ ھەلبژاردنیکی تر بە بی دەستوورو رێفراندۆمکردنیش لە سەر دەستوور لە رۆژی ھەلبژاردندا.

٢ نەمانی تەلەفزیۆن و رادیۆی حیزبی ھی دەسەلات وئۆپۆزیسیۆن و لە بری ئەوە حکومەت لە ئاستی سەرۆکایەتی وەزیران دەزگایەکی تەلەفزیۆن و رادیۆو راگەیاندنی نەتەوەیی دروست بکات کە سیاسەتێکی ئیعلامی سەربەخۆی بێلایەنی حیزبی و نەتەوەیی سەربەخۆ رەچاو بکات و کراوە بێ بۆ دایەلۆگی ئازادو پێشخستنی زمان و ئەدەب و کەلتووری رەسەنی خۆمان و وەستاندنی درامای بێگانە و کەلتووری تورکاندن. لە کاتی ھەلبژاردنیشدا ماوەی یەکسان بە ھەموو کاندیدەکان بدات.

٣. ڕێکەوتن لەگەل ئۆپۆزیسیۆن یان ھەر حیزبێ باوەری بە دامەزراندنی سیستمی دەستووری دیمۆکراتی موئەسساساتی و دادپەروەری کۆمەلایەتی رادیکالی ھەیەو بە پێی پەیماننامەیەک ئیلتیزامی ئەخلاقی بەو بەرنامەیەوە دەبێت.

من باوەر ناکەم کە ھیچ لەمانە بەدەست بێن لە بەر ئەوە ھیچ ئاسۆیەکی ھیوابەخش بۆ خۆکاندید کردنەوەم نابینم بەلام وەک ئینگلیز دەلێ: بە مێشکێکی کراوەوە چاوەدێری رەوش ورووداوەکان دەکەم.

 

 

http://www.skurd.net/Dreje.aspx?B=1&id=5709

Previous
Next

Leave a Reply