Skip to Content

Saturday, October 31st, 2020

گفتوگۆی سایتی دەنگەکان لە گەڵ قادر نادر

Be First!
by January 1, 2013 جینۆساید

 

 

 

 دەنگەکان :- کاک قادر هەڵ و مەرجی کار کردنتان لە سەرەتا چۆن بوو ، یان وردتر بڵێین چۆن دەستی پێ کرد ؟ هەڵوێست و پەرچەکردارەکانی کەسایەتی و حیزبە سیاسیەکانی سوید چۆن بوو ؟ ئێوە چۆن توانیتان و لە دەستان هات لۆبی بۆ ئەم کەیسە دروست بکەن ؟ ڕۆڵی ئەندام پەرلەمانە کوردەکان لە سەرەتا چۆن بوو ؟

 

قادر نادر :-  گەرچی ئێمە کارەکانمان کەم بەدۆکۆمێنت کراوە  ، بەتایبەتی کەکارو چالاکیەکانمان لە مالپەری چاک کۆدەکردەوە ئەویش تائیستا  ٨ بۆ ٩ مالپەری جیای پێکراوە ، بەلام ئەوەی وەک بەلگە ئیستا لەبەردەستە  و دیتەوە یاد ،  لەسوێد چاودێری کوردۆساید /چاک کەئەوکات بەناوی ناوەندی هەلەبجە و ئەنفال دژ بە جینۆپسایدی گەلی کورد ( چاک ) کارمان دەکرد  ، توانیمان لە ماوەیەکی کەم دا کۆمیتەیەک لە  کۆتایی ٢٠٠٥ دروست بکەین ، لەگەل دەستێکی کارەکان وەنزیک بونەوەی ١٨یەمین ساڵڕۆژی یادەکانی هەلەبجە و ئەنفال  ، هەلساین بەناردنی نامەیەک بۆ سەرجەم پارتە سویدیەکان ، سەرۆک وەزیرانی سوید ، میدیا …. کەبەرواری ئەو بەیانامەیە ١٣/٠٣/٢٠٠٦ لەسەرەو داوامان ئاراستەی پارتە سویدیەکان کرد ( ناساندنی ئەنفال بە جینیۆساید یەکێک لەداواکان بوو .

     خۆشبەختانە بێ هیوا نەکراین ، سەرۆکی پارتی چەپی سوید چەند ڕۆژێک دوای ئەوە   لە١٦ی مانگی ئازار بەیانامەیەکی بلاوکردەوە پەیمانی دا کەمەسەلەی ١٦/٠٣ وەک رۆژی دژی چەکی کۆمەلکوژی بکەنە بەرنامەی خۆیان ،هاوکات بەناوی سەرۆک وەزیرانیشەوە وەلام دراینەوە . بەڵام ، وەلامەکە تەنیا لەو روانگەوە خۆش بوو کە هێزی پێ بەخشین و گوێمان لێ دەگرن .

 ئەم دوو وەڵامە؛ لەتەک  ئەوەی  کەدۆسیەی فرانس ڤان ئەنرانت نەگەیشتە ئەو ئاستەی بۆردومانی هەڵەبجە بە جینۆساید بناسێنێ ، ئەمە زۆر کاری لەمن کرد کەهەوڵ بدەین مەسەلەی ئەنفال گەورە بکەین . بۆیە  قورسایمان خستە سەر کەیسی ئەنفال . بەڵام ، ئەنفال بەقەد هەڵەبجە کەرەسەو دۆکیۆمێنت وبەڵگە و فلیمی لە سەر نەبوو ، جگە لە چەند نوسین و ژمارەی ١٨٢ هەزار قوربانی .

      ” ئامینە کاکە باوە ”  لەساڵی ٢٠٠٥ بووە ئەندامی کۆمیتەی سویدی چاک . دەبێ بۆ مێژوو بلێم هاوڕێی  ڕوناک شوانی هاوڕی و ئەندامە سەرەتایەکانی چاک سوێد بوو . ئامینە خۆی لەیەکێک لەبەرنامەکانی رادیۆی دەنگی  ژنان لەستۆکهۆلم  داوای لەخەڵک کردبوو کە ببن بە ئەندامی چاک ! خۆشی هەر لەسەر ئێزگە رای گەیاندبوو کەدەبێتە ئەندام.

     بۆیە بۆ مێژوو دەڵێم ئامینە بووە دەروازەیەک بۆ ئێمە ، دەروازەیەک کە لە دەرگای کۆمەڵگەی سویدی بدەین . ئامینە خان هێشتا لەپەرلەمان نەبوو ، بەڵکو لەرێگای ئەندام بونی حزبیەوە ، دەستی بە لۆبی کردن و بردنە پێشەوەی مەسەلەکە کرد . ئەو دەمە ئامینە توانی دیدارێکمان لەگەل ” ئۆلە هۆفمان ” بۆ ڕیک بخات کەئەوکاتی بەرپرسی دۆسیەی کورد بوو لەپارتی چەپ و ژنێکی زۆر دۆستی کورد بوو ، هاوکات ئەندامی گروپ نیتی پەرلەمانتاری کورد سوید بوو کەلە٦ پارت پێکیان هێنابوو ، دانیشتنێکمان لەپەرلەمان لەگەل سازکرد و داخوزیەکانمان پێ گەیاند بۆ گروپ نێتەکە ، ئەمە سەرەتایەک بوو بۆ دۆستایەتی ئێمە لە گەڵ ” ئۆلە هۆفمان ” . ئێمە کاک”  حەمە دۆستان ” مان لەگەڵ بوو ، کە خەرمانێک نووسین ، ڕۆمان  ی هەبوو لەسەر ئەنفال و هەڵەبجە . ئولە  هۆفمان  داوای لە کاکە ” حەمەدۆستان ” کرد کۆرێک یان باسی رۆمانەکانی  خۆی بۆ  ئەو گروپ نێتە بکات ، ئەوەبوو لە ڕۆژی ١/٠٦/٢٠٠٦ لەکتێبخانەی کوردی بۆمان رێکمان خست. 

     دوای ئەوە ئێمە بریارمان دا ، کەمپینێک بۆ ناساندنی ئەنفال بە جینۆساید  دەست پێ بکەین ، کاک” شاخەوان شۆرش ” بەکوردی بەیانامەیەکی  بۆ ئامادە کردین ، ئێمەش لەرێگای چەندین کەسایەتی دۆست  کردمان بە  سویدی .  سەرەتا ی هەنگاوەکە لە ئاهەنگی ساڵانەی رادیۆی (دەنگی ژنان) لە ئۆکتۆبەری ٢٠٠٦ دەستم پێکرد . سەرەتا واژوی نزیکەی ٦٠ کەسمان کۆکردەوە . بەڵام ، تەنیا یەک ئەندام پەرلەمانی تیابوو کەهاوڕێی ئامینە بوو ( میکائیل یۆهانسۆن ) کەلە پارتی ژینگە بوو .دواتر ئامینە واژوی کرد لەگەل دەیان کەس کەلەئاهەنگەکەبون ، دواتر کاک خدر کوردستانی لەئیسکلستۆنە ، فەتحی کەریم لە ڤێکخۆ ، رەفعەت هەلەبجەیی لە یۆتۆبوری ، ئۆمێد  جەباری لە بلێکینگە ، ئاسۆ بیارەیی لەزانکۆ یەک دەیخوێند لەناو هەندێ قەشەدا واژوو ی کۆکردەوە  ، ڕوناک شوانی بەشێکی باش ناوی کۆکردبۆوە   ، هاوکات لەپەیجەکانمان دا بەپەیجەکەی ئێوەش( دەنگەکان )خەڵکانێک واژویان کرد . 

     بریار بوو سەرەتا ئەو واژوانە زۆر کۆکەینەوە دواتر بیدەینە پەرلەمان .بەڵام ، ژمارەکە کەم بوو نەدەگەیشتە ٥٠٠ دانە بۆیە هەڵمەتەکەمان بردە ناو پەرلەمان . سەرەتا ٥ ئەندام پەرلەمان واژویان کرد ، هەستمان بەسەرکەوتنێکی زۆر کرد . ئەمە زۆر گرنگ بوو ، چونکە ئەو ٥ واژۆیە دەروازەو شەرعیەتێک بوو کەیسەکەو جموجۆڵی ئێمە ، بەتایبەتی کە توانیبومان لەژیر ناوی ( ئامینە ، ئۆلە هۆفمان ، لارش ئۆهلی ، جەبار ئەمین ….. خۆمان بە هەموو پەرلەمانتارە چەپ و ژینگەکان بناسێنین ، چونکە ئەوان دەیان وت :- (( ئیوە کێن ؟ تا شتی واتان بۆ ئیمزا بکەین ! ))

      بەرە بەرە ژمارەکان زۆربوو .  دۆستمان لەناو هەموو پارتەکان پەیدا کرد ، بەتایبەتی کەقورسایمان دەخستە سەر بەرپرسەکانی ” دۆسیەی کورد و سیاسەتی  دەرەوە ”  لەناو پارتەکانی پەرلەمان . گرتنی ئەو دوو بەشە بەتایبەتی بەرپرسانی سیاسەتی دەرەوە وای کرد بەرەو کۆنفرانس بڕۆین بەتایبەتی کەهەستمان پێ کرد ژمارەی پەرلەمانتارەکان چەندە زۆر بێ ئەگەر نەکرێت و نەگاتە “پێشنیاز ” سودی نیە . 

     دەبێ ئەوە بڵێم ئیمە بەبەردەوام لەپەرلەمانتارە دۆستەکانمان دەپرسی چی بکەین ؟! ،چونکە هیچ ئەزمونمان نەبوو  وەبەر لەئێمەش لەناو کوردا ئەزمونی هاوشێوە نەبوو ، بۆیە رۆژێک پێشنیازمان کرد کە کۆنفرانسێک لەپەرلەمان ساز بکەین . ئەوەبوو ” یاکۆب یونسۆن ” لەپارتی جەپ وتی :- زۆر باشە  ، ” هەدیە گوزێلیش ” کەسکرتێری رۆژنامەگەری سەرۆکی پارتی چەپ بوو خۆی هاتەناو مەسەلەکەو ووتی :- دەمەوێ کارتان لەگەل بکەم ئەگەر پێتان خۆشە  .

    لە ٢٠٠٧/٠٥/٠٧  کۆنفرانسی یەکەممان  لەگەل پارتی چەپی سویدیی     سازدا ، کە نوێنەرانی ( سۆشیال دیموکرات ،  پارتی خەڵک ، سەنتەر ، ژینگە ، چەپ  ) بەشدار بوون . لەکۆتایی کۆنفرانسەکە ، پارتی چەپ و ژینگە وتیان ئێمە دەیکەینە پێشنیاز بۆ ئەمساڵ ، بۆیە لە هەمان ساڵدا  ٥ پەرلەمانتار ( چەپ ، ژینگە ، سۆسیال ، کرسیست دیموکرات ، پارتی خەڵک.. کردیانە پێشنیاز . بەداخەوە لە ١٣/٠٦ خرایە گفتگۆی لیژنەی دەرەوە بەڵام ، ڕەت کرایەوە ! ئەو کاتە ئێمە لەبەردەم پەرلەمان خۆپیشاندانمان بۆ پالپشتی داواکەمان ئەنجام دەدا و  بەناوی زیاتر لە ٣٥ ڕێکخراو واژومان پێدابوون .

     کێشەکانی ناوەوی ” چاک ” بەتایبەتی ئەوەی ساڵی ٢٠٠٧  دابڕانمان لەیەکتر ، بێتاقەتی کردین  لەو هەوڵانە بۆماوەیەک . بەڵام ، لەسوید هیچ کێشەی وانەکەوتە نێوانمان چونکە تەنیا یەک ئەندام  لەکۆی دەیان ئەندام وازی لە ئێمە هێناو لەگەڵ برادەرەکانیتر ڕۆیشت .  بۆیە هەر زوو خۆمان کۆکردەوە و دەستمان پێکردەوە .

    بۆ جاری دوەم   پارتی جەپ پێشنیازی دا بەلیژنەی دەرەوە  کەتوانرا ئەمجارە تێپەڕێ بۆ دەنگدانی پەرلەمان . ئەوجارەیان بە هاوکاری پارتی ژینگە و  فرێدریک مالم ( بەپرسی سیاسەتی دەرەوە لەپارتی خەلک ) تێپەریبوو ( ئەوە بەئێمە گوترا ) بەڵام ، بەداخەوە لە ١١ /٠٣/٢٠١٠  لەدەنگداناتەنیا  ٣٤ پەرلەمانتار دەنگی پێ د ا  لە ٣٤٩ پەرلە مانتار.   ئەمەش بوە دوەم جار لەسوید رەتکرایەوە ، هاوکات تا ئەوکات لەهیچ ولاتێکی تر نەگەیشتبوە پەرلەمان .

بیانووی دەنگ نەدانی لەلایەن سۆسیال دیموکرات ئەوەبوو کە ئەوان لەتێکستێکدا کەئەندامانی هەموو لیژنەی دەرەوە واژویان کردوە نوسیویانە کە (( ئەوان ڕێز دەگرن لەبریاری دادگای عێراق کەئەنفالی بەجینۆساید ناسیوە )) لەکاتێکدا  وەئەوان لە بەرواری ٢٠٠٩/١٠/ ٣٠     بەپێێ بریاری  کۆنگرەی حزبیان کە بە  ((j28 بریاریان دابوو کەسۆسیال دیموکراتی سوید خەبات بۆ ناسینی ئەنفالی کوردان و ئەرمەن لەپەرلەمانی سوید و ئەوڕپا و نەتەوەیەکگرتوەکان بکات .  بۆیەئەو هەڵوێستە هەم ئازاری داین هەمیش   تێری نەدەکردین  گەرچی بریارێکی گرنگ و یەکەمی پەرلەمانێک بوو لەسەر ئەنفال ! بۆیەسمینارێکی کراوەمان بەپەلە  لە٢٨ی مارس ٢٠١٠ بۆ ٦ پارت ڕێکخست . 

بەرەی ڕاست وتیان :- (( ئێمە دان بەوە دەنێین کەئەنفال جینۆسایدە . بەڵام ، ئەوە ئەرکی دادگا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانە نەوەک پەرلەمان ! سۆسیال دیموکراتیش دەیانگوت :- (( نوسیومانە رێز دەگرین لەبریاری دادگا )) 

بەکورتی ئیمە بەردەوام بوین کەوشەی ڕیزگرتن بکەینە ناسین . بەڵام ، کارو چالاکی زۆری تر دەهاتە پێشمان لەدەرەوەی تایبەتمەندی ئەو ئەرکە سەرەکیەی خۆمان ، بەتایبەتی لە بابەتی ؛ پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن دەسەلاتی کوردی ، هێرش و شەڕی داگیرکەرانی کوردستان ، کەئێمە لەسوید بێجگە لەمەسەلەی جینۆساید کارمان لەسەر هەموو ئەوانەش دەکرد ! بۆیە ئەرک وتواناکانمان پەرش وبڵاوبوو . بەڵام ، دەبێ ئەوەش بڵێم بێجگە لە ئەندامانی خۆمان ،بەدەیان کەسایەتی کورد و سویدیش هاریکار بوون ، بۆنمونە ١٠ کەسایەتی پەرلەمانتار و ڕۆژنامەنوسی سویدی ئەندامی فەخری ئێمە بوون ، کە لە نێویان دوو سەرۆک پارت هەبوو ، هاوکات توانیشمان سەرۆکی سۆسیال دیموکراتیش بکەین بە دۆستی ئەم کەیسە . 

     دەنگەکان :- ئەو مێژویەی باست کرد ، گرنگیەکی زۆری هەیە . بەڵام ، ڕەنگە هەنگاوێک ، یان مۆتیڤێک و هاندەرێکی دیاری کراو هەبێت ، کە سەر لە نوێ تینی بە ئێوە دا ، کە چالاکانەتر بە شوێن تەواو کردن وبە جێ گەیاندنی ئەو ئامانجە بن ؟

      قادر نادر :-  من لەدوای روداوەکانی ١٧ شوبات بەدواوە نەگونجام لەگەل سیاسەتەکانی هەندێ برادەر ، بۆیە تەنیا وەک ئەندام مامەوە . خۆم لەهەموو بەرپرسیاریەتێکی چاودێری کوردۆساید /چاک دوورە پەرێز گرت . بەڵام ، ڕۆژێک عەلی محمود (عەلی سیاسی ) هاورێم تەلەفۆنێکی بۆ کردم و ووتی :- 

           (( زانیاریم هەیە  کەپارتی و یەکێتی بەنیازن ، کار لەسەر بەروبوم و هیلاکی ئێوە بکەن ، ئەوان واخەریکی پرۆژەن لە سوید )) بێجگە لەو تەلەفۆنەش ، خۆشم ئاگادار بوم لە سوێد هەولێکیان لەبەردەست بوو کەکارێک بکەن . بەڵام ، ئەوان تازە بوون بۆ ئیش کردن لەسەر ئەم پرۆژەیە . ئەوان وەک ئێمە خاوەن ئەزمون نەبوون . بۆیە بەپەلە  داوام لەهاوڕێم  ئامینە کاکە باوە کرد کە ئەگەر کۆنفرانسێکمان لەسەر ژنانی ئەنفال  بۆ رێک بخات ، هەر بەتەلەفۆن دوای یەک کاتژمێر بۆ ڕۆژی ٢٠١٢/٠٦/٠٧ هۆڵی گرت . بەپەلەش لەگەل چەند ئەندامێکی  کۆمیتەی سوێد  دەستمان بەپەیوەندی کردو توانیمان لەماوەی ٣ رۆژدا ئەم بەڕێزانە( ئالا تالەبانی ،عەدالەت عومەر ، ئەفراش ئەسەد ( فەیلی ) پەیام ئەحمەد  ) کۆبکەینەوە لەو سیمنارە ،لەوێ بریار درا کەمەسەلەی ئەنفال دوبارە بخرێتەوە بەردەم لیژنەی دەرەوەی پەرلەمان  .

      دیارە ئیمە بەر لەمەش پلانمان هەبوو ؛ لە٢٤یەمین ساڵیادی ئەنفال و هەڵەبجە لە ڕێگەی کۆکردنەوەی ( ٤ ) کەسایەتی دیاری کورد ،چوار هونەرمەندی بە ناوبانگ لە سوید (کۆمیدیکار و  گۆرانی بێژ) گەورەترین یاد بکەینەوە ، بەر لە یادکردنەوەکەش هەموو پارتە سویدیەکان  سمیناریان بۆ رێک بخەین  تابزاین بۆچی دان بە کەیسی جینۆسیادی کورد دانانێن ؟ هەروەها  ئەو ٤ کەسایەتیەش کەکاریگەریان لەسەر گەلی سوید  هەیە قسە لەم بارەوە بکەن. بەڵام ، ئەو پلانە سەری نەگرت ، بەهۆی نەگونجانی کاتی ئەو ٤ کەسایەتیەو بە ناچاری دوامان  خست . بەڵام ، کە هەستم کرد  بەوەی کە بەرووبومی نزیک ٧ ساڵمان دەخورێت ،   دەستمان پێ کرد و توانیمان لە گەڵ هەوڵی پارتی ژینگە  و چەپ  وەک ٥ پەرلەمانتاری سۆسیال دیموکرات  ، لە٨ی ١١/٢٠١٢  ببێتە یەکەم دانیشتنی پەرلەمان ، لەژێر فشاری رەوەندی کوردی کە سەدان نامەیان ناردبوو ، لەدووەم دانیشتنیشیان لە ڕۆژی ١٥/١١/٢٠١٢  لە ڕێگەی لیژنەی دەرەوە ی پەرلەمانی سوید ، کە سەلاحیەتی ئەوەی هەیە  ئەو باسانە بخاتە نێو ئەجێندای پەرلەمان و گفوتگۆی لەسەر بکات،توانرا لەسەر ئەو تێکستەخوارەوە ڕێک کەون :- 

(( ئێمه‌ هه‌موو لیژنەکانی دەرەوەی پارتەکانی پەرلەمانی سوید ، پێمانوایە لەژێر رۆشنایی لێکۆلینەوە زانستیەکان ، ڕیکخراوە نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان ، هەروەها بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانه‌کانی ئێراق، هیچ گومان له‌وه‌دا نییه‌ کە  ئەنفالی کوردان لەسالی ١٩٨٨ دا ژینۆسایدە  )) . لە٢٨ی مانگ لەپەرلەمان بووە بابەتی گفتوگۆ ، بەهۆی ئەوەی هیچ لایەنێک دژی نەبوو هەموو کۆک بوون لەسەری  نەخرایە دەنگدانی پەرلەمانەوە .

 

         دەنگەکان :- لە ماوەی ئەم کارکردنەتان گرفتەکانتان چی بوو ؟ بێ ئومێدی ، رەشبینی ، هیلاک بوون ڕووی تێدەکردن ؟

          قادر نادر :-  بێگومان مرۆڤ کەکارێک دەکات زۆر جار دووچاری بێتاقەتیش دەبێ ، بەتایبەتی لەم سەردەمەدا کە قاتی بوونی گیانی کارکردنی خۆبەخش و فیداکاریە . لەم ڕووەدا ڕێکخراوێکی ناحکومی وەک چاودێری / کوردۆساید دەرگیری شێوازی جۆراوجۆری مەحدودیات بوو !  زۆرجار هەستم دەکرد قەڕەباڵغ و بارکراوین بە کێشەی زۆر ، یان دەوردراوین بە مرۆڤی بەبۆلە بۆل ، یان هەریەکەمان بە پێ ی باکگراوندی فیکری دەیویست کارەکان بە پێ ی تێگەیشتنی خۆی بەڕێوەبچێ ! 

لە ژێر ئەم بارودۆخە مەوزوعیەدا  زوو زوو توشی کێشە دەبوین . گیرۆدە بوونی ڕێکخراوێکی ناحکومی و خۆبەخشێش بە کێشەی ناوخۆیی و دژایەتی کردنی لەلایەن دەسەڵات ئەرکەکانی زۆر زۆر ئاستەم کردبووین . ململانێکردن لەگەل دەسەڵاتی کوردی بەتایبەتی بۆئێمە لەسوێد کەلەهەموو کۆمیتەکانی تر کارو چالاکیمان دژ بە داکۆکیە بەردەوامەکانی دەسەلاتی کوردی دەکرد لەهەموو بوارەکاندا  ، رکابەری وبەریەکەوتنەکانمان ، سوربوونمان بۆ ئەوەی ئەو رێکخراوە بە پێشڕەوەی خۆی بمێنێتەوە لە بەرامبەر دەسەڵاتدا ، وەکو شەڕو فشاری بەردەوام لەسەرمان بوو . ئەم فشارە ناوخۆیی و دەرکیانە لەسەرمان ڕووبەڕوی چەندین جارەی تەنگانەی کردین ؛ ئێمە لە ژێر ڕەحمی پرتەو بۆلە رەخنەی دروست ونادروست بووین ،نەمانی کادیرو دوورکەتنەوە چ وەکو تاک چ وەکو کۆ لە حەساسترین کاتەکاندا و نەبوونی ئیمکاناتی مادی هەمیشە یەخەی گرتبوین .بەڵام ، سەرەرای هەموو ئەوانەی باسم کرد ، یەک شت تینی پێدەداین و تازەی دەکردینەوە ، ئەویش تەنیاو تەنیا ڕەوابوونی کەیسەکەمان بوو ، ئازاری نەتەوەیی و حورمەتی قوربانیەکان بوو  کەهەستمان دەکرد بەتەنیان .

 

     دەنگەکان :- ئێوە چالاکی زۆرتان دەکرد ، ئەگەر کەسێک موراجەعەی ئەرشیفی کاروچالاکیەکانتان بکات ، ڕەنگە پرسیارێکی واقیعی بە زەینی دابێت کێ مەسرەفی ئەم چالاکیانەی لە ئەستۆ دەگرت ؟

 

           قادر نادر :-   کۆی ئەو کارو  چالاکیانەی لەسوید دەمان کرد  کۆمەکی ئەندام  و دۆستەکان بوو ، وەک قۆناخی شاخ لەسەر گیرفان و  شەونخونی خۆمان ، یان کۆمەکمان لەهەندێ دۆست وەردەگرت ، کە بۆ مەسەلەی ناسینی ئەنفال بە جینۆساید  هیچی وامان پیویست نەبوو .

لەکۆنفرانسی یەکەم کاک رەفعەت هەلەبجەیی ١٠٠٠ دۆلاری لەبەرپرسی سەنتەری سانا ( دەولەمەندێک بوو وابزانم ناوی ئاسۆی  بەمۆکی بوو )  وەرگرت . هەر خۆشیان بۆ خەرجی ڕیگا و خواردنی خۆی هاورێکانی لەگەل بلیتی  شەمەندەفەر بۆ ڕێزدار د.بورهان یاسین  و چەند ئەندامێکی شارەکانی تر تەرخان کرد ، هۆڵ و  کەرەسەکانی تر هەمووی پارتی چەپ گرتبووی .

لەکۆنفرانس و سمینارەکان ئێمە لەگەل هۆڵی  ABF   وارێکەوتوبوین کەبەخۆرایی هاریکاریان دەکردین ، یان کە لە پەرلەمان دەمان کرد لەرێگای پەرلەمانتارێکەوە دەمان گرت  کەپارەی پێویست نەبوو ، دیدارمان ساز دەکرد خەرجی نەدەویست . خۆپیشاندانەکانمان تەنیا  ١٠٠٠ کرۆنی پێدەویست ( مۆلەت و دوو لافیتەی هەژارانمان )  دەنوسی  و موکەبیرە و کەرەسەکانی ترمان لە هاورێیانی پ.ک.ک وەردەگرت !  لەدواین سیمناردا ( ژنانی ئەنفال )  کاک ئازاد حەیدەری نزیک بە ٤٠٠ دۆلاری دابوو بە پەرلەمان هەقی قاوە و کێک بۆبەشداربوانی کۆنفرانس  ، ئەگەر نا ئێمە هەرکەسێکمان داوەت دەکرد تەنیا دەمانوت :-ڤیزەکەی لەسەر ئێمەیە خۆتان دەبێ خەرجیەکانی نوستن و  هاتوچۆی خۆتان لەئەستۆ بگرن .

 بۆیە ئەگەر بۆ بەڕێوەبردنی کارەکان لە لایەن چاک بە گشتی پارە لەهەر شوێنێک و دەولەمەند و ( حکومەتی کوردستان جار جار وەرگیرابێ ) ئەمە کۆمیتەی سوید یەک کرۆن ی لێ وەرنەگرتووە ، بەلکو شاخ ئاسا ، خۆمان ئەندامان ی سوید خەرجیەکانمان لەئەستۆ دەگرت . واتا کۆی خەرجیەکانی ٧ سال کارکردن ئەوەی دیارە  و ئەو سەرکەوتنە نەتەوەیەی بەدەست هێنا  ١٤٠٠ دۆلار بوو بۆ دوو کۆنفرانس بوو ، بەلام لەتەک شەونخونی و تەمەن هەلوەرینی بەشێکمان لە کارکردنی بەردەوام بۆی لەو ئەوڕپایە بێ کات و پڕ لە هەلپەرستیەدا کەدەیان هاوڕیمان هەبوو بەتەکمان تێدەپەرین و بەدوای بەرژوەندیە مادی و خوێندن و  پشودانەکانی خۆیان بوون ، پێچەوانەی بەشێکیمان کە لەو بڕوایەبون کەئەو مەسەلانە قەت  بەپارە ناپێورێت .

 دەنگەکان :- کاک قادر ئێمە پرسیارەکانمان تەواو ، خۆت شتێکت ماوە حەز بکەی ئاماژەی پێ بکەی ؟

قادر نادر :-  سوپاسی ئەو دەرفەتە دەکەم ، هاوکات دەمەوێ دوو خال بلێم 

١/ ئەوەی لەسوید ئەنجامدرا  ، وەک سەرەتا و یەکەم ولات لەناسینی ئەنفال بەجینۆسایدلەپەرلەمانی سوێد ، وەک هەموو کارێکی  سەرەتا هەندێ کەم و کورتیمان هەبوو    وەک هەڵنەسەنگاندن و وردنەبوونمان  لەنێوان دەقە یاسایەکان  ( بڕیار ،  دانپیانان ،  ناسین ….  چونکە ئیمە دەمان پرسی لەهاوڕییە پەلەمانتارەکان ئایا پەرلەمانی سوید ئەنفالی بە جینۆساید ناسی !!  وورد نەبوین لەو وشانەی باسم کرد  و ئەزمونی بەر لەئێمەش  نەبوو ، هاوکات ئێمە بەشیوازێکی زۆر سەرەتایی  و هەژارانە ، دوور لەبونی ستافی ئەکادیمی و هەلسەنگاندنی یاسا ، نەبوونی دەرکی ڕۆشن لەسەر دەستوری ولاتی سوید و ڕیکەوتنامەکانی ئەم ولاتە لەسەر کەیسی جینۆساید کەواژوی کردیە چۆنیەتی گونجانی لەگەل کەیسی ئەنفال هەمووی یەخەی گرتین ،  جا بەهیوام لەولاتانی تر بۆیان ببێتە ئەزمون بەپێی لیژنەی ( ئەکادییمی   و ( یاسایی  ) ئەو ولاتە کارەکان وردتر بکرێ .

٢/ حەزدەکەم بێجگە لە وەڵامەکانم ، ئەم لینکانەی بۆتان دەنێرم بۆمان بڵاوبکەنەوە ، چونکە خزمەت بە خوێنەران دەکا لەبارەی دەرکێکی مێژوویی و واقیعی دەربارەی ئەو پڕۆژەیەی کە ئێمە خەریکی بووینە و دووبارە سوپاس .

یەکەم داخوازی ئاراستەی سەرجەم پارتەکانی سویدمان کردوە لە ٢٠٠٦/٠٣/١٣ 

http://www.dengekan.com/doc/2006/3/chak_swed15.pdf

 

یەکەم دانیشتن لەپەرلەمانی سوید لەگەل گروپ نێتی کورد .سویدی لە ١٨/٠٥/٢٠٠٦ 

http://kurdistannet.org/arshif/biz/2006/5-2006/20-5/rekxrawi.pdf

 

یەکەم کەمپینی ناساندنی ئەنفال بە جینۆساید لەپەرلەمانی سوید کە ٤٢ پەرلەمانتار و سێ پارت و سەرۆک پارت واژوی کرد 

2006-10-22

http://www.dengekan.com/doc/2006/10/chak23.pdf

 

یەکەم کۆنفرانس بۆناسانندی ئەنفال بەجینۆساید لەپەرلەمانی سوید لە ٢٠٠٧/٠٥/٠٧ کەبوە هۆکاری پێشنیازدانی یەکەمین هەول لەمیژوی کورد بۆ ناسینی ئەنفال بەجینۆساید لەپەرلەمانی سوید کە ٥ پارت بەشداری تیا کرد و لە ١٣ /٠٦/٢٠٠٨ بوە گفتوگۆی لیژنەی دەرەوەی پەرلەمان بەداخەوە رەت کرایەوە

http://www.dengekan.com/doc/2007/5/chak_sued9.pdf

 

لەم٢  لینکەدا  کۆمەلێ وێنەی مێژویی و بەلگەدا ر هەیە  جگە لەپەیجەکەم لەدوای ١٥ ی مانگی نۆڤەمبەرەوە ەوە بەبەردەوام وێنە و زانیاریم بلاوکردۆتەوە  بۆ بەلگەدای زیاتر بەو قسانە …

http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=1a439dd8

http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=30d66fe5

 

Previous
Next

Leave a Reply