Skip to Content

Monday, November 30th, 2020

گفتوگۆ له‌گه‌ڵ روناكبیر مه‌ریوان وریا قانع

Be First!
by May 18, 2009 گشتی

گفتوگۆ له‌گه‌ڵ  روناكبیر مه‌ریوان وریا قانع
سازدانی : سۆران عه‌زیز- به‌همه‌ن عومه‌ر

 

: له‌كوردستاندا له‌گه‌ڵ زۆربون و به‌رز بونه‌وه‌ی باڵه‌خانه‌كاندا كه‌چی هه‌ژاری رۆژ دوای رۆژ له‌زیاد بوندایه‌ به‌رای تۆ هۆكاره‌كانی ئه‌م هه‌ژارییه‌ چییه‌؟

مه‌ریوان وریا: دەبێت لەو ڕاستییە سادەیەوە دەستپێبکەین کە ھەژاری دیاردەیەکی سیاسییە نەک سروشتی. ھەژاری شتێک نییە لەناو جیناتەکانی ئینسان و خڕۆکە سورەکانییەوە بێت، بەڵکو لەناو ئەو دونیایەدا دروستدەبێت کە مرۆڤ دەکەوێتە ناوییەوە و تێیدادەژی. ھەژاری بەم مانایە شتێک نییە سروشت یان خودا یان ھێزێکی بان جیھانی بەسەر ئینساندا سەپاندبێتی، بەڵکو دەرەنجامی دۆخێکی سیاسی کۆمەڵایەتییە و شێوازێکی نایەکسان و بێدادی ڕێکخستن و دابەشکردنی سەروەت و سامانی کۆمەڵایەتی دەیخولقێنێت. ئەمەش مانای ئەوەی بەرپرسیاری ھەرە سەرەکی لە ھەژاریی لەھەرشوێنێکی دونیادا سیاسەتە. بێگومان سیاسەت بە مانای چۆنیەتی ڕێکخستن و شێوازی بەکارھێنان و دابەشکردنی سەروەت و سامانی نەتەوەیی لە وڵاتێکی دیاریکراودا. سیاسەت ئەو ئامرازەیە کە کۆمەڵگایەکی دیاریکراو بەھۆیەوە چاودێری چۆنیەتی دابەشکردنی ئەو سەروەت و سامانە نەتەوەییە دەکات کە لەو کۆمەڵگایەدا بەرھەمدەھێنرێێت و وەگەڕدەخرێت. سیاسەت یاسا بۆ ئەم دابەشکردنە دادەنێت، ڕێکیدەخات، دەزگای چاودێری و کۆنترۆڵکردنی بۆدادەنێت، بڕیاری ستراتیژی ئەدات لەسەر شێوازی بەڕێوەبردن و بەگەڕخستنی ھتد…  لەم دیدەوە ئەوەی لە کوردوستاندا ھۆکاری سەرەکی دروستبوونی ھەژارییە ئەو سیاسەتە باڵادەستەیە کە سەروەت و سامانی وڵاتەکە بەڕێوەدەبات. پارەیەکی زۆر دێتە وڵاتەکەوە بەڵام تاریکییەکی گەورە لەدەوری چۆنیەتی سەرفکردن و دابەشکردن و خستنەگەڕیی ئەو پارەیە ھەیە. سەرمایەی نەتەوەیی لە کوردوستاندا سەرمایەیەکی نادیارە و لەدەستی نوخبەیەکی زۆربچووک و بێچاودێری و بێلێپرسینەوەدایە. لەزۆرکاتیشدا ئەم نوخبەیە ئەم سەرمایە نەتەوەییە وەک سەرمایەیەکی شەخسی بەکاردەھێنێت و لەھەمان لۆژیکەوە بەگەڕیدەخات. یەکێک لەدەرکەوتە سەرەکی و بەرچاوەکانی ئەم بەگەڕخستنە شەخسییەی سەرمایەی نەتەوەیی کردنەوەی ئەو ھەموو باڵەخانە و بازاڕ و ئوتێل و چێشتخانە گەورە و گرانانەیە کە بڕێکی زۆریان کەس نازانێت خاوەنەکانیان کێن و بەچ شێوەیەک دروستکراون و ئەو خەرجییەی تیایاندا کراوە لە ماڵی گشتییەوە ھاتووە یان لە ماڵی تایبەتییەوە. بە کورتی یەکێک لە بێچاودێریترینی ئەو شتانەی لە کوردوستاندا ئامادەیە مەجالی پارە و داھاتی گشتییە، لە داھاتی حکومەتەوە بیگرە بۆ داھاتی حیزبەکان و لە داھاتی حیزبەکانەوە بۆ داھاتی بەرپرسە سیاسییە گەورەکان لە وڵاتەکەدا. وەک خۆتان ئەزانن ئەم دۆخە وەک  چۆن ھێما بۆ دروستبوونی کۆمەڵێک دەوڵەمەنی نوێ دەکات کە لەدوای ڕاپەڕینەوە بە خێراییەکی ئەفسانەیی بوون بە ملیۆنێری گەورە گەورە، ئاواش ھێما بۆ لەدایکبوونی چەندان شێوازی کوشندە و نوێی ھەژاری دەکات کە ئەویش بەھیچ کەس و لایەنێک ناشاردرێتەوە. ناکرێت دروستبوونی خێرای ملیۆنێرەکانی دوای ڕاپەڕین لە ھەژارکەوتنی خێرای بڕێکی بەرچاوی کۆمەڵگای دوای ڕاپەڕین جیابکەینەوە. ھەم ئەو دەوڵەمەندبوونە و ھەم ئەو ھەژاربوونە دوو دیاردەی سیاسین و پەیوەندیان بەو پەیوەندییە مافیاوییەوە ھەیە کە سیاسەت و ئابوریی لە کوردوستاندا بەیەکەوە دەبەستێتەوە. دونیای دوای ڕاپەڕین دونیای تەرجەمکردنی سیاسەتە بۆ پارە، دونیای گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسییە بۆ دەسەڵاتی ئابوریی، دونیای گۆڕینی نوخبەی سیاسییە بۆ نوخبەیەکی سەرمایەداری نابەرپرسیار کە بێھیچ چاودێری و لێپرسینەوەیەک سەروەت و سامانی نەتەوەیی وڵاتەکە لەنێوان خۆیان و گروھە بچووک و ھاوکارەکانی دەرەوەی خۆیاندا دابەشدەکەن. ئەم دۆخەیە وایکردوە و وادەکات کوردوستان گەرچی لە دوای کەوتنی سەدامەوە و لەڕاستیدا چەندساڵێک پێش لەو کەوتنەش خاوەنی داھاتێکی ئەوەندە گەورەبێت کە لەمێژووی خۆیدا بەخۆیەوە نەبینوە، بەڵام لەھەمانکاتدا خاوەنی جۆرێک لە ھەژاری و نائومێدیش بێت کە مێژووی ئێمە بەزەحمەت بەخۆیەوە بینیبێتی. ڕۆژانە دەبیستین خەڵک لەبەر ھەژاری خۆیاندەکوژن، بە ژمارەی زۆر وڵات بەجێدەھێڵن، مناڵەکانی خۆیان لە خەستەخانەکان وەرناگرنەوە. ئەمە جگەلەوەی  ژمارەی ئەو خێزانە گەورانەی کە دەببێت بترنجێنە ناو چەند ژوورێکی بچووکەوە ڕۆژ بە ڕۆژ گەورەتردەبێت و ھەواڵی ژمارەی ئەوانەش لەسەر دزیکردن دەگیرێن لەھەمووکات زیاتر لەسەر لاپەڕەی ڕۆژنامەکان دەبینرێن. بێگومان بەشێکی بەرچاوی ئەو گەندەڵیەش لە ئاستەکانی خوارەوەی جیھازی ئیداری وڵاتەکەدا ھەیە پەیوەستە بە ھەژارییەوە. ھەموو ئەمانە وایکردوە خەڵک، بەتایبەتی نەوەی نوێ، ئەوانەی کە دوای خوێندن ڕووبەڕووی بازاڕی کار و ئەو شێوازە لە ئابوریی دەبنەوە کە سیاسەت لە کوردوستاندا باڵادەستیکردوە، لەدۆخی نائومێدی و توڕەبوونێکی ترسناکدا بژین. دۆخێک گەر چارەسەری خێرا و ڕادیکاڵی بۆنەدۆزرێتەوە لە ساڵانی داھاتوودا تەقینەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی گەورە گەورەی لێدەکەوێتەوە. بەکورتی وەکچۆن ھەژاری دیاردەیەکی سیاسییە، بەگژاچونەوەی ھەژاریش دیسانەوە دیاردەیەکی سیاسییە. شتێک سیاسەت دروستیکردبێت ھەر بە سیاسەتیش چاکدەکرێتەوە. بۆیە یەکێک لەو دەرگا سەرەکییانەی کە ئەمڕۆ پێویستە سیاسەت لە کوردوستاندا لەڕێگایەوە بگەڕێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگا دەرگای ھەژاراییە. ئەم گەڕانەوەیەش پێویستی بە شێوازێکی تری کار و بڕیار و بەڕێوەبەردنی سیاسی ھەیە. سیاسەتێکی نوێ پێویستە واز لەو خەونە نوخبەییانە بھێنێت کە دەستەیەکی زۆر بچووکی وڵاتەکە لەماوەیەکی کەمدا دەکاتە ملیۆنێری بێحیساب، بەڵام دەرچووانی زانکۆکان توشی نائومێدییەکی گەورە و ترسناک دەکات. سیاسەتێک وایکردوە نرخی زەوی لە کوردوستاندا وەک نرخی زەویلێبێت لە سەنگافورا و ھۆڵەندادا.  بە کوتری ھۆکارەکانی ھەژاری لە کوردوستاندا بە پلەی یەکەم پەیوەندی بەو مۆدێلە سیاسییەوە ھەیە کە لە وڵاتەکە  شێوازی بڕیاردان و کارکردن و بەڕێوەبردنی ئەو نوخبە سیاسییەوە ھەیە کە وڵاتەکەیان لەبەردەستدایە. شێوازێک کە کیشوەرێکی گەورە لە گەندەڵی لەھەموو سانتیمەترێکیدا ئامادەیە بەبێئەوەی کۆمەڵگای ئێمە ھیچ ئامراز و ھۆکارێکی لەبەردەستدابێت بتوانێت لەلانی ھەرەکەمی ئەو گەندەڵییە بپرسێتەوە.  دووھەمیشیان پەیوەندی بەو سیستم و مۆدێلە ئابورییەوە ھەیە کە لەوڵاتەکەدا کاریپێدەکرێت و بەناوی بازاڕی ئازادەوە ھەموو ئازادییەکی ئابوریی ڕاستەقینەی لە وڵاتەکەدا کوشتوە و بە عەمەلی ھەموو بازاڕی خستۆتە ژێر مۆنۆپۆڵی کۆمەڵێک خێزان و گروپ و تاقمی تایبەتەوە. لەھەمانکاتدا ئەو مۆدێلە ئابورییەی کە سەروەرکراوە مۆدێلێکە لەسەر بەھێزکردنی تواناکانی بەرھەمھێنان و گەورەکردنی فرسەتی کارکردن بۆ خەڵک کارناکات، بەڵکو مۆدێلێکە بەدەستھێنانی قازانجێکی خێرا و نابەرپرسیار جوڵێنەرە سەرەکییەکەیەتی.  ھەموو ئەمانە بەسەر یەکەوە دونیایەکیان دروسکردوە لەسەرێکەوە نوخبەیەکی ھێجگار بچووکی بە شێوازێکی ئەفسانەیی دەوڵەمەندببێت بەڵام لەسەرێکی دیکەوە بەھەمان خێرایی بڕێکی گەورەی خەڵکی وڵاتەکە ھەژارببێت. 

  سۆران:: له‌كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا هه‌ست ده‌كرێ‌ چینێك به‌راده‌یه‌كی باش ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بن چینێكی تریش رۆژبه‌رۆژ هه‌ژار ده‌بن ئه‌وه‌ی جێگای قسه‌ له‌سه‌ر كردنه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چینی ناوه‌ند نه‌ماوه‌ ئایا نه‌بونی چینی ناوه‌ند مه‌ترسیه‌كانی چین؟ 

 مه‌ریوان وریا: پێموایە لە کۆمەڵگای ئێمەدا نوخبەیەکی بچووک بەڕادەیەکی ترسناک دەوڵەمەند دەبێت و بڕێکی گەورەی کۆمەڵگاش ڕووی لە ھەژارکەوتنێکی ترسناکە. واتە ئەوەی کە بەشێوەیەکی سەرسوڕھێنەر و خێرا دەوڵەمەند ئەبێت چین نییە، بەڵکو نوخبەیە، نوخبەیەکی ھێجگار بچووکیش، ئەوەش کە ھەژار دەکەوێت دیسان چین نییە، بەڵکو زیاد لە چین و گروھێکی کۆمەڵایەتییە. لەپێش ھەمووشیانەوە ئەو ھێزەی ئێوە لە پرسیارەکەتاندا بەچینی ناوەند ناویدەبن. سەرەتا زەحمەتە لێرەدا و لە چوارچێوەی ئەم چاوپێکەوتنەدا پێناسێک یان پێویەرێک بدۆزینەوە کە بکرێت بە ھۆیەوە چینی ناوەند لە کوردوستاندا بناسێنین، بەتایبەتی لەدۆخی نەبوونی سەرەتایترین لێکۆڵینەوەی زانستیدا لەسەر پێکھاتی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای ئێمە و ئەو گۆڕانکارییانەی بۆ نموونە لە دوای ڕاپەڕینەوە بەسەر نەخشەی کۆمەڵایەتی و ڕیزبەندی ھێزە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردوستاندا ھاتووە. بۆیە ئەوەی من لێرەدا دەیڵێم جگە لە کۆمەڵێک سەرنج و تێڕامانی گشتیی زیاتر نییە. پێوامبێت ئەوەی کاراکتەری سەرەکی چینی ناوەندی لە کوردوستاندا تا سەرەتای نەوەدەکان دەستنیشاندەکرد دوو شت بووە. یەکەم خوێندەوارییە، دووھەم بوونی داھاتێکی مامناوەندیی بوو کە مەودای ئەوە بە چینە دەبەخشی بەشێوی سەربەخۆییەکی ڕێژەیی بژی. چینی ناوەند لە کوردوستاندا بەو چینە دەگوترا کە بڕێکی باش خوێندەواری ھەبوو و ئەم خوێندەواریەش سەرچاوەی داھات و دەسکەوتە ئابورییەکانی بوو، واتە ئەم چینە چینێک بوو نەدەکرا ھێزە ئابورییەکەی لە کاراکتەری ئەو وەک چینێکی خوێندەوار جیابکەینەوە. بەشێوەیەکی گشتی ئەم چینە پێکدھاتبوو لە بڕێک لە بازرگانان، لە فەرمانبەران، لە کرێکارە خاوەن بەھرەکان و بڕێکی تایبەت لە جوتیاران و خاوەن پیشە جۆربەجۆرەکان.  پێموایە ئەوەی ئەمڕۆ لە پەیوەندیدا بەم چینەوە گۆڕانێکی ھێجگار گەورەی بەسەرداھاتووە ئەوەیە کە بەشێوەیەکی ترسناک کورتبۆتەوە بۆ فەرمانبەران. خاوەن پیشەکان و جوتیاران و بڕێکی زۆری فەرمانبەران چیدی ناکرێت لە سنووری ئەم چینەدا جێیانبکەینەوە و زۆربەی زۆری ئەمانە گۆڕاون بۆ فەرمانبەری ھەژار. پێکھاتی ناوەکی ئەم چینە بەر لە ڕاپەڕین ئاڵۆزتر و فراوانتربوو لە پێکھاتی ئەم چینە لەمڕۆدا. بڕبڕەپشتی ئەم چینە لەمڕۆدا فەرمانبەرانن، ئیدی لە مامۆستایەکی زانکۆوە بیگرە بۆ موحاسیبێک لە فەرمانگەیەکی ئیداریدا، بێگومان بە تێپەڕین بەناو ژمارەیەکی زۆر لە پارێزەر و دکتۆر و پیاوانی دین و ڕۆژنامەنووس و ھتد…. پێموایە جگە لە مەترسی بچووکبوونەوەی قەبارەی ئەم چینە، ئەوەی ئەمڕۆ لەژێر فشارێکی گەورەدایە ھەردوو ئەو شتەیە کە کاراکتەرەی سەرەکی ئەم چینە لە کوردوستاندا دەستنیشاندەکات. مەبەستم لەوەش خوێندەواربوونی ئەم چینە و توانای پیادەکردنی لانیکەمی ژیانێکی سەربەخۆیە. خوێندەواری چیتر ناتوانێت بۆ ئەندامانی سەر بەم چینە ئەو بڕە داھاتە مسۆگەربکات کە بتوانن لانیکەمی پێداویستییەکانی ژیانێکی سەربەخۆی پێدابینبکەن. پێموایە یەکێک لە ترسناکترین ئەو گۆڕانانەی کە دونیای دوای ڕاپەڕین دروستیکردوە لەم خاڵەدایە. ئەمە جگەلەوەی پەیداکردنی داھات لەڕێگای خوێندەوارییەوە زۆر بەتوندی بەستراوەتەوە بە مەرجی حیزبیبوون و حیزبینەبوونەوە. بە کورتی ئەو داھاتەی ئەمڕۆکە ئەندامانی ئەم چینە وەک فەرمانبەر وەریدەگرن زۆر لەوە کەمترە بتوانن ژیانی خۆیانی پێ مسۆگەربکەن و بڕێکی زۆری ئەندامانی ئەم چینە لە داخلیسکانێکی بەردەوامدان بۆناو چینەکانی خوارەوە. دووھەمیش ئەو گۆڕانکاریانەی بەسەر ماناکان و ھێزی خوێندن لە کوردوستانی دوای ڕاپەڕیندا ھاتووە زیانی زۆر گەورەی بە ئەندامانی ئەم چینە بەخشیوە. لە کوردوستانی دوای ڕاپەڕیندا چیدی خوێندن ئەو ڕێگا سەرەکییە نییە بەھۆیەوە ئەندامانی ئەم چینە شوێن و جێی کۆمەڵایەتی خۆیان بگۆڕن و بەروپێشەوەی ببن. نرخە ڕەمزییەکانی خوێندن، یان وردتر بدوێین خوێندن وەک شێوەیەکی تایبەت لە سەرمایەی ڕەمزی ئەو توانایەی بەر لە ڕاپەڕینی نەماوە بۆ کەڵەکەکردن و گۆڕانی بۆ سەرمایەی ئابوریی. واتە ئەو پەیوەندییەی کە خوێندن لەنێوان سەرمایەی ڕەمزی و سەرمایەی ئابوریدا دروستیدەکرد ئەمڕۆ قرتاوە و پێوەری دیکە لەدایکبوون بۆ دروستبوونی سەرمایەی ڕەمزی و کەڵەکەبوون و گۆڕانی بۆ سەرمایەی ئابوریی. ئەمڕۆ خوێندن پێوەری بەرزبوونەوە نییە لە سیستمی ئیداری و سیستمی سیاسی وڵاتەکەدا، بەڵکو ئینتیمای حیزبی و نزیکی لەم یان لەو سەری ناو پارتە سیاسییە باڵادەستەکانی کوردوستان بۆتە ئەو پێوەرە. لەمەش بترازێت ئەمڕۆ خاوەنئیشی نومرە یەک لە وڵاتەکەدا کارگە و پرۆژەی ئابوریی گەورە و کەرتی پیشەسازی و کەرتی کشتوکاڵ نییە، بەڵکو حیزبە. حیزب گەورەترین ھێزی ئابورییە و یەکێکە لە خاوەن ئیشە ھەرە سەرەکییەکان لە کوردوستاندا. ئەوانەشی کە فەرمانبەری دەوڵەتن دیسانەوە بەناو تۆڕ و بڕیار و تەزکییەکانی حیزبدا تێپەڕیون و بەبێ حیزب زەحمەتە بتوانن وەک ئەندامێکی چینی ناوەند لە کوردوستاندا کاربکەن و بژین. وەک دەبینین دونیای دوای ڕاپەڕین ھەردوو خەسڵەتە سەرەکییەکەی چینی ناوەندی لە کوردوستاندا لەناوبردوە، لەسەرێکەوە خوێندن ئەو بایەخەی جارانی نەماوە و ڕێگایەک نییە بۆ دەسخستنی داھاتێکی ڕاستەقینە. دووھەم ئەو سەربەخۆییە ڕێژەییەی ئەم چینە ھەیەتی بەتەواوی لەدەستیداوە و بۆتە یەکێک لە پاشکۆ لاوازەکانی حیزب لە کوردوستاندا. لە شوێنی ئەمانەشدا سەرەتاکانی دروستبوونی چینێکی ناوەندی نوێ دەردەکەوێت کە لەسەر ئەو دوو کۆڵەکەیەی باسمانکردن بەند نین، واتە یەکەم خوێندەواری سیفەتی سەرەکیان نییە، دووھەم لەناو حیزبەوە دێن و خاوەنی عەقڵیەتیەتێکی سەربەخۆ نین. ئەم چینە تازەیە ئەو ھێزەیە کە حیزب لە ساڵانی ڕابردوودا بەدەوری خۆیدا دروستیکردوە و ھەستدەکەم بەشێکی زۆریشیان خەڵکی لادێکانی کوردوستانن و بەدورن لە عەقڵیەت و خولیای شار.   بێگومان دەکرێت بڕێکی بەرچاوی ئەو لەشکرە گەورەیەی فەرمانبەران لە کوردوستاندا ھەیە ھەر بە چینی ناوەند ناوببەین، بەڵام بڕێکی گەورەی ئەم لەشکرە نەک ھەر ھەژارە، بەڵکو ئەگەری ئەوەی لە ئایندەدا ھەژارتر بێت و لەوەبکەوێت بتوانێت وەک کەسێکی سەر بە چینی ناوەند بژی، ئەگەرێکی گەورەیە. واتە وەک کەسێک بژی کە بتوانێت لانیکەمی سەربەخۆیی ئابوریی ھەبێت و بتوانێت کاراکتەری خۆی وەک کەسێکی خوێندەوار بپارێزێت.  لەڕاستیدا چینی ناوەند لەزۆربەی کۆمەڵگاکانی دونیادا خوێندەوارترین چینی کۆمەڵگان و بەشی ھەرەزۆری میھەنیی و شارەزا و لێزانانی ئەو کۆمەڵگایانە لەناو ئەم چینەوە دێن. لاوازبوون و نەمانی ئەم چینە مانای لاوازبوونی گشتی ئەو کۆمەڵگایەی تێیدا دەژین. ئەوەی لە کوردوستاندا تێبینی دەکرێت ئەوەیە ئەم چینە بە توێژێکی نوێ جێیدەگیرێتەوە کە سیفەتەکانی چینی ناوەندی تێدا نییە. واتە نە خوێندەوارە و نە سەربەخۆشە، لەھەمانکاتدا بەشێوەیەکی ترسناک بە ڕەوڕەوەکانی حیزب و کەسە بەھێزەکانی انو حیزبەوە بەستراوەتەوە. ئەم گۆڕانکارییەش وابەستەی ئە سیستمە سیاسی و بەتایبەتی ئابورییەیە کە لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا سەروەرکراوە. ئابوری کوردوستان لەمڕۆدا ئابورییەکە پێویستی بە خوێندەواری شارەزا و لێزان و میھەنی ڕاستەقینە نییە. ئەوەی بەر لە کەوتنی ڕژێمی سەدام پارەی دەھێنایە وڵاتەکەوە ئابوری قاچاغ و بڕیاری ٩٥٦ بوو، ئەمانەش ئابورییەکیان دروستکردبوو کە تێکەڵێکی ناقۆڵا و گەندەڵ بوو لە بارگانی ڕەسمی و بازرگانی قاچاغ. ھیچ یەکێک لەم دووانەش پێویستی بەو ھەموو دەرچووی زانکۆ و مەعھەدانە نەبووە و نییە کە لە پێشوەخت لە کوردوستاندا ھەبوون و بەردەوامیش لەدروستبووندان. لەدوای کەوتنی ڕژێمەکەی سەدامیشەوە پارەی نەوت بۆتە سەرچاوەی داھاتی سەرەکی لە وڵاتەکەدا و ئەم پارەیەش تا ئێستا لە کۆمەڵێک پرۆژەی نوخبەوی و ئابورییەکی بازرگانی ناشەفاف و گەندەڵدا سەرفدەکرێت کە ئەویش دیسانەوە پێویستی بە لێزان و شارەزا و میھەنی ڕاستەقینە نییە. ئەوانەشی کە ڕەوڕەوەی ئەم ئابورییە تازەیە دەبەنبەڕێوە خەڵکانێکن کە لەپاڵ پیاوە گەورەکانی ناوحیزبدا دەژین و کاردەکەن.   بێگومان نەمانی چینی ناوەند کۆمەڵێک دەرەنجامی ھێجگار پڕ مەترسی لێدەکەوێتەوە. لەپێش ھەمووانیشەوە نەمانی ئەم چینە مانای نەمانی ئەو ھێزەی کە زۆربەی داھێنانە کولتوری و کۆمەڵایەتی و فەھەنگییەکانی پێوەبەندە. ئەو ھێزەی کە داینامۆی تازەکردنەوە کۆمەڵایەتییەکانە و بەکۆمەڵگایەکی دیاریکراو لەسەردەمێکی دیارکراودا شوناسێکی تایبەتی دەبەخشێت. ژیانی شار ژیانێکە چینی ناوەند ھەڵقە گرنگ و گەش و دینامیکییەکانی بەڕێوەدەبات. لەڕاستیدا بەبێبوونی چینێکی ناوەندی گەورە ناکرێت باس لە دروستبوونی شاری ڕاستەقینە بکەین، دروستبوونی شاری ڕاستەقینە و دروستبوونی چینی ناوەند دوو دیاردەی کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی و شارستانین لێکجیاکردنەوەیان زەحمەتە. ئەمەش ڕێک پێچەوانەی ئەو تازەبوونەوانەیە کە شارەکانی کوردوستان بەخۆیانەوە دەبینن. ئەم شارانە ئەو نوخبە سیاسییە ئابوورییە و ئەو توێژە تازەیەی کە باسمکرد تازەیاندەکاتەوە کە نە خەڵکی شارن نە ھەڵگری ئەو سەلیقە و زەوق و خواستانەن کە ژیانی شار خوازیاریانە. ئەمەیە وادەکات بەشی ھەرەزۆری پرۆژە ئابورییەکانی ئەم نوخبەیە و شێوازی تازەکردنەوەی شارەکان لەزەوق ق خەیاڵی لادێییەکی دەوڵەمەند و خاوەن پارەوە نزیکبێت لە زەوقی خەڵکی شارەکان خۆیانەوە. ئەو پرۆسەی تازەبوونەوەیەی ئەمڕۆ شارە کوردییەکان بەخۆیانەوە دەیبینن پەیوەندیەکی ئەوتۆی بە چینی ناوەندەوە نییە. بەم مانایە نەمانی ئەم چینە، یان لاوازبوون و بێئومێدبوونی ئەم چینە، شەپازلەیەکی توندە لەڕووی ھەموو تازەکردنەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەو وڵاتەدا، وەک چۆن ھێمایە بۆدروستبوونێکی دونیایەکی پڕ پشێوی کۆمەڵایەتی و ھەژاریی کە ئەگەری تەقینەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بەڕادەیەکی ترسناک گەورەدەکات. کەمنین ئەو تیوریستە سیاسییانەی کە گەشەکردنی دیموکراسیەت و ئامادەگییەکی بەھێز و ھەمەلایەنی چینی ناوەند بەیەکەوە گرێدەدەن. گۆڕانی چینی ناوەند لە چینێکی خوێندەوار و کراوە و دینامیکییەوە بۆ جمھورێکی بێشوناس و ھەژار و نائومێد نەک تەنھا ئەگەری تەقینەوەی کۆمەڵایەتی و پشێوی ئەمنی دروستدەکات، بەڵکو ڕێگەش بۆ دروستبونی سیستمێکی دیکتاتۆری و ستەمگەر خۆشدەکات کە پڕبێت لە مەیلی تۆتالیتارییانەی ترسناک. بە کورتی لاوازبوونی چینی ناوەند لە کوردوستاندا یەکێکە لە پرۆسە کۆمەڵایەتییە ھەرە ترسناکەکانی دوای ڕاپەڕین و ئەوەشی لێیبەرپرسیارە دروستبوونی ئەو سیستمە حیزبۆکراتییە ناشیرینەیە کە لە ھەموو بستێکی کوردوستاندا سەروەرکراوە. جگە لەمە دروستکردنی ئەو پەیوەندیی کوشندەیەی لەنێوان سیاسەت و ئابوریدا دروستکراوە، پەیوەندییەک کە ھێڵەکانی گەشەکردنی ئابوریی بەتوندی بە ھێڵەکانی گەشەکردنی سیاسییەوە دەبەستێتەوە و لەنێوان سیاسەت و ئابوریدا فاسیلەیەکی بچووکی نەھێشتۆتەوە، ھۆکارێکی دیکەی کارەساتەکانە. پرۆسەی بە سیاسیکردنی ئابوریی و بە ئابوریکردنی سیاسەت لە کوردوستاندا ھەڕەشەی گەورە لە چینی ناوەند دەکات و سەرچاوەی کارەساتەکانیشیەتی. ئەمە جگە لەو ڕادە ترسناکەی گەندەڵی کە دەرەنجامێکی حەتمی ھەموو ئەو سیستمانەیە کە حیزبۆکراتین و سیاسەت و ئابورییان بەشێوەیەکی ترسناک بەیەکدی تێکەڵکردوە. سیستمێک لە ئەدەبیاتی سیاسیدا پێی دەگوترێت ”کرۆنی کاپیتالیزم“، واتە سەرمایەداری دز و جەردەکان. 

 سۆران: كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ حه‌زێكی زۆری بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند بوون هه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ده‌كرێ‌ به‌مه‌ترسی بزانین ئه‌وه‌یه‌ ده‌یه‌وێ‌ به‌بێكار ده‌وڵه‌مه‌ند ببێت ئایا هۆكای ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ چییه‌؟ 

 مه‌ریوان: ھەموو کۆمەڵگایەک حەزی بە دەوڵەمەندبوون ھەیە، کەم ئینسانیش ئەدۆزینەوە حەز بەوەنەکات دەوڵەمەند ببێت. یەکێک لە خاڵە ھەرەسەرەکییەکانی زۆربەی ھەرەزۆری تیورییە سیاسییەکانی فیکر و فەلسەفەی سیاسیش لە ئەفلاتونەوە تاسەر ھابرماز بریتییە لە چۆنیەتی گەیشتن بە کۆمەڵگایەک کە ئەندامەکانی ژیانێکی باش و ئارام و ھاریکاریان ھەبێت، ژیانێک کە دەوڵەمەندی مادی و دەوڵەمەنی ڕۆحی ئەم ئەویدیکەیان تەواوبکات. بەمانایەکی دیکە عەیبێک لەوەدا نییە کە ئینسان و کۆمەڵگا حەز بە دەوڵەمەدنی بکەن، کێشەکە لە دەوڵەمەندبوون خۆیدا نییە، کێشە لە ڕێگاکانی گەیشتن بە دەوڵەمەندبووندان. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە دەوڵەمەندبوون چۆن ڕووئەدات، لەسەر چ بنەمایەک، چەند کراوەیە و چەند داخراوە و چ جۆرە چاودێرییەکی یاسایی و ئەخلاقی و ویژدانی ڕێگاکانی دەوڵەمەندبوون دەباتبەڕێوە؟  لە دوای ڕاپەڕینەوە شێوازەکانی دەوڵەمەندبوون لە کۆمەڵگای ئێمەدا گۆڕانێکی گەورە و ترسناکی بەسەرداھاتووە و تەواو جیوازن لە شێوازەکانی دەوڵەمەندبوون بەر لە ڕاپەڕین. لەڕاستیدا یەکێک لەو گۆڕانە ھەرە ڕادیکاڵ و ڕیشەییانەی کۆمەڵگای ئێمە لەدوای ڕاپەڕینەوە بەخۆیەوە بینیوە گۆڕانە لە شێواز و ڕێگاکانی دەوڵەمەندبوون و ئەو کەسانەشدا کە دەوڵەمەنددەبن. کۆمەڵگای ئێمە لەھیچ شوێنێکدا گۆڕانی ڕادیاکاڵ و ڕیشەیی بەسەردانەھاتبێت لە شێوازەکان و ڕێگاکانی بەدەوڵەمەندبووندا بەسەریداھاتوە. پرسیار ئەوەیە خەسڵەتی سەرەکی ئەم گۆڕانە لە شێواز و ڕێگاکانی دوڵەمەندبووندا چییە؟ بۆئەوەی درێژەی نەدەمێ و سەری ئێوە و خوێنەریشی پێوەنەیەشێنم زۆر بە کورتی دەڵێم، ئەوەی مۆدێلی دەوڵەمەندبوونی لە دوای ڕاپەڕینەوە بەشێوەیەکی ڕیشەیی گۆڕیوە، بریتییە لە دروستبوونی ئەو پەیوەندییەی لەنێوان سیاسەت و دەوڵەمەندبووندا دروستبووە. لەدوای ڕاپەڕینەوە سیاسەت دەبێتە شاڕێگای دەوڵەمەندبوون لە کوردوستاندا. بەر لە ڕاپەڕین بە دەگمەن نەبووبێت سیاسەت سەرچاوەی دەوڵەمەندبوون نەبووە لە کۆمەڵگای ئێمەدا، بەدرێژایی سەدەی بیستەم دەوڵەمەندبوون لە کوردوستاندا تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەندی بە بازرگانیکردن و ئیشکردن و بەرھەمھێنانەوە ھەبووە. پرۆسەیەکی ھێمن و لەسەرخۆ و درێژخایەن بووە، بەناو ھەموو ھەڵبەز و دابەز و ڕیسکەکانی کارکردندا تێپەڕیوە. ئینسان زۆرجار لە کۆتاییەکانی ژیانیدا و وەک بەری ڕەنج و تەقالا و ماندووبێنێکی دورودرێژ دەوڵەمەند بووە. بەڵام لەدوای ڕاپەڕینەوە دەوڵەمەندبوون بۆتە پرۆسەیەکی خێرا و لەپڕ و بێڕیسک، ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بەو مەوقیعە سیاسییەوە کە کەسێک لەناو ھەرمی دەسەڵاتی حیزبی و حکومیدا داگیریدەکات. واتە دەوڵەمەندبوونی دوای ڕاپەڕین بەری پرۆسەیەکی دوردرێژی ئابوریی نییە، بەڵکو دەرەنجامی شێوازێکی تایبەتی ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان سیاسەت و ئابورییە. بڕیارە سیاسییەکان و سەفەقە سیاسییەکان و پیاوە سیاسییەکان دەبنە ھێزە ھەرە سەرەکییەکانی ناو دونیای ئابوریی و سەرمایەگوزاری دوای ڕاپەڕین لە وڵاتەکەدا. لەدوای ڕاپەڕینەوە نوخبەیەک لە ملیۆنێری کۆنە شۆڕشگێڕ دروستدەبن کە سیاسەت سەرچاوەی دەوڵەمەندبوونە خێرا و لەپڕ و بێچاودێرییەکەیانە، نوخبەیەک بەدەستێک سیاسەت دەکات و بەدەستەکەی دیکەی سەرمایەگوزارییەکی یاساغ و نایاسایی بێنۆرم ئەنجامئەدات. بە حوکمی ئەم تێکەڵبوونە بەرفراوانەی سیاسەت و دەوڵەمەندبوون بەیەکیش دۆخێک دروستدەبێت سنووری سەرمایەگوزاری ئەم نوخبە تازەیە یەکساندەکات بە سنووری پەیوەنییە سیاسییەکانی و سنووری پەیوەندییە سیاسییەکانیانی بە سنووری سەرمایەگوزارییەکانی. بۆیە ئەوەی لەدوای ڕاپەڕینەوە ڕوودەدات نە سیاسەتە بەتەنھا و نە ئابورییە بە تەنھا، بەڵکو تێکەڵێکی کوشندە و گەندەڵی ھەردووکیانە بەیەکدی. دەوڵەمەندەکانی دوای ڕاپەڕین بەرھەمی ئەم گەمە ناشیرنەی نێوان ئابوریی و سیاسەتن.   ڕێگایەکی تری دەوڵەمەندبوونی دوای ڕاپەڕین نھێنیکاری و شاردنەوە و دروستکردنی ئەو تاریکاییە گەورەیە کە ئابوریی ھەرێمەکەی داپۆشیوە. نەبوونی ھیچ زانیارییەک لەسەر داھاتی وڵاتەکە و لەسەر بڕی ئەو پارەیەی کە ماڵی گشتیی و ماڵی کۆمەڵگایە و نابێت کەس گەمەی پێبکات و بۆ مەبەستی تایبەتی و شەخسی باکاریبھێنێت، مەودایەکی بەم نوخبە تازەیە بەخشی کە دەغیلەکانی خۆی و دەغیلەکانی دەوڵەت بەشێوەیەکی ترسناک بەیەکدی تێکەڵبکات و ماڵی دەوڵەت وەک ماڵی شەخسی خۆی مامەڵە بکات. دەوڵەمەندەکانی دوای ڕاپەڕین ئەو کەسانەن کە بەردەوام پرۆژەکانی دەوڵەت و پرۆژەکانی خۆیان بەشێوەیەکی فرەلایەن بەیەکەوە گرێئەدەن و لەنێوان ئابوریی دەوڵەت و ئابوریی شەخسی خۆیاندا سنوورێکی ئاشکرایان نەھێشتۆتەوە. بە کورتی دەوڵەمەندەکانی دوای ڕاپەڕین ئەو دەوڵەمەندان کە لەناو سیاسەتەوە ھاتوونەتە ناو پارەوە، نەک لەناو قەیسەری و بازاڕ و کارگەکانەوە. ئەم شێوازەش لە دەوڵەمەندبوون چونکە بێچاودێرییە، چونکە دەرەنجامی بەگەڕخستنێکی ناشارعی و زۆرجار دزینی ماڵی گشتییە، چونکە پرۆسەیەکی ھێجگار خێرا و لەپڕیشە، وایانکردوە جۆرێکی زۆر خراپ لە ئەخلاقیاتی دەوڵەمەندبون و چاوەڕوانی دەوڵەمەندبوون لە وڵاتەکدا دروستببێت. دونیای دوای ڕاپەڕین مۆدێلی دەوڵەمەندبوونی لەپڕ و نایاسایی سیاسییە گەورەکان دەکاتە ئەو مۆدێلە کۆمەڵایەتییە نوێییەی خەیاڵی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای ئێمە داگیردەکات. ئەم گۆڕانە لە مۆدێل و شێواز و ڕێگاکانی دەوڵەمەندبووندا وادەکات تاوانی سیاسییەکانی دوای ڕاپەڕین تەنھا لەوەدا نەبینن کە ئەو دونیایەیان پڕکرد لە شەڕ و پێکدادان و خوێن و نەھامەتی، بەڵکو لەوەشدا کە مۆدێلێکی زۆر ناشیرین و تاریک و مافیایی دەوڵەمەندبوونیان سەروەرکرد کە بەر لە ڕاپەڕین کۆمەڵگای ئێمە نەیناسیوە. مۆدێلێک لەدەرەوەی ھەر پرۆسەیەکی ئابوریی ھێمن و عەقڵانی و لەسەرخۆ، کە ھەم یاسا و دەزگای تایبەتی چاودێریکردن و لێپرسینەوە بەڕێوەیببات، ھەم ویژدانێکی کۆمەڵایەتی و ئینسانی ئەخلاقی تەندروست. 

   سۆران:: له‌م رۆژانه‌دا چه‌ندین هه‌واڵی خۆكوشتن ده‌بیستین كه‌ هۆكاری ئه‌ساسی هه‌ندێ‌ له‌و خۆكوشتنانه‌ هه‌ژاریه‌ ئه‌مه‌ دیارده‌یه‌كی تاراده‌یه‌ك نوێیه‌ له‌كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا ئه‌مه‌یان چۆن ده‌خوێنیته‌وه‌؟

مه‌ریوان: ھەستئەکەم لە وەڵامی پرسیارەکانی پێشوودا وەڵامی ئەم پرسیارەم دابێتەوە، ئەوەی لێرەدا دەمەوێت زۆر بە کورتی و بەشێوەیەکی ئاشکرا تیشکی بخەمەسەر مەسەلەی ئەو بێئومێدییە گەورەیەیە کە چینی ناوەند لە کوردوستاندا کەوتۆتە ناوی. خۆکوشتن دیاردەیەکە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە بێئومێدییەوە ھەیە. ئینسان گەر ئومێدێکی بچووکیشی بە دونیا و بە ژیان بمێنێت، خۆیناکوژێت. خۆکوشتن بڕیاری دوای داخستنی ھەموو دەرگاکانی ئومێدە. بێئومێدی چینی ناوەند و چینە ھەژارەکانی دیکە لە کوردوستاندا بێئومێدییەکی گەورەیە. مۆنۆپۆڵکردنی ھەموو دەروازەکانی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ھەموو گۆڕانە پۆزەتیڤەکان لە ژیانی شەخسی و تاکەکەسیدا لەلایەن حیزبەوە و ئەو مۆدێلەش لە پارەپەیداکردن و دەوڵەمەندبوون کە باسمکرد بەسەریەکەوە دۆخێکیان دروستکردوە کە بڕێکی بەرچاوی خەڵکی کوردستانیان نەک تەنھا ھەژار خستوە، بەڵکو ئومێدێکی بۆ دەربازبوون لەو ھەژارییەش بۆ نەھێشتونەتەوە. ئەمڕۆ دکتۆرێک کە خوێندن تەواودەکات و دادەمەزرێت موچەکەی بەشی ئەوەی ناکات خانویەکی لەھیچ یەکێک لە شارە گەوەرەکانی کوردوستاندا پێبەکرێبگرێت، چجای ئەوەی دەرەقەتی دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی بێت.  بە کورتی لەدایکبوونی ملیۆنێرەکانی دوای ڕاپەڕین و لەدایکبوونی شێوە تازەکانی ھەژرای لەدوای ڕاپەڕینەوە وایانکردوە نەک تەنھا خەڵک لەدونیایەکی پڕ لە ناھەقی کۆمەڵایەتیدا بژی و سەرەتایترین شێوازەکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتییان تێدانەبێت، بەڵکو دۆخێکی سایکۆلۆژی واشی دروستکردوە کە نائومێدی کۆڵەکە ھەرەسەرەکیەکانیەتی. ئەو خۆکوشتنانەی ئێوە ئاماژەتان پێدا لە سیاقێکی لەم بابەتەدا ڕوودەدەن و گومانم نییە کە پەیوەندییەکی توندیان بە نائومێدبوون لەژیان لەو وڵاتەدا ھەیە. نائومێدی یەکێکە لە نەخۆشییە ھەرە سەرەکییەکانی کوردوستانی ئەمڕۆ کە گومانم لەوە نییە کە کاریگەریی زۆر خراپ لەسەر سەرجەمی ژیانی سیاسی و ئابوریی و فەرھەنگی بەجێدەھێڵێت. یەکێک لەپێداویستییە ھەرە گرنەگکانی کۆمەڵگایەک کە گۆڕانی خێرا و ڕیشەیی بەسەرداھاتبێت، وەک کۆمەڵگای کوردی دوی ڕاپەڕین، پێویستی ئەو کۆمەڵگایە بە ئومێد و گەشبینی بەرامبەر بەو دونیایەی تێیدادەژین و بەرامبەر بەو دونیایەش بەڕێوەیە دروستببێت. واتە گەشبینی بەرامبەر بە ڕەوتی گۆڕانی ڕووداوەکان و نەخشەکان و شتەکان. ئەم گەشبینییە خۆی دەبێتە ھێزێکی گرنگ بۆ گۆڕان، دەبێت پاڵپشتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی گرنگ بۆئەوانەی پرۆسەی گۆڕانکاری لە وڵاتەکەدا دەبەنبەڕێوە. بەڵام لای ھەموو کەسێک ئاشکرایە لە مێژووی ھاوچەرخی ئێمەدا کەمجار بێئومێدی و بێزاریی ئینسانی ئێمە بەمڕادە ترسناکەی ئەمڕۆ گەیشتبێت. نوخبەیەکی دەڵەمەند و ملیۆنێری گەورەنەبێت لە وڵاتەکەدا کەم کەس ھەیە چاوەڕوانی ئەوەبێت ژیانی مناڵەکەی لە ژیانی خۆی بەختەوەرتر و خۆشتربێت. لەڕاستیدا کوردوستان ئێستا دوو وڵاتە لەناویەکدا، یەکێکیان بە پێوەر و شێوەژیان و ئاستی دەوڵەمەندترین شارەکانی دونیا دەژی. ئەویدیکەیان بە پێوەری ھەژارترین وڵاتەکانی دونیا. کوردوستان لەیەککاتدا ھەم سۆماڵە و ھەم کالیفۆرنیا، سۆماڵی ھەژارە تازەکانی دوای ڕاپەڕین و کالیفۆرنیای ملیۆنێرە تازەکانی دوای ڕاپەڕین. ڕەگەکانی نائومێدی لە کوردوستاندا لەم گەشە شیزۆفرینییە دووفاقەدایە کە وڵاتەکەی بەشێوەیەکی شاقوڵی بۆ دوو دونیای ناکۆک و دژ بەیەک دابەشکردوە. دوو دونیا ئەوەی پێکەوەیاندەبەستێتەوە ڕقێکی گەورەیە لەیەک.   کە باس لە نائومێدی دەکەم مەبەستم لە نائومێدی نییە وەک دۆخێکی سایکۆلۆژی بەتەنھا، وردتر بدوێم من لێرەدا باس لە نائومێدی وەک دیاردەیەکی سایکۆلۆژی ناکەم، بەڵکو وەک دیاردەیەکی سیاسی باسیدەکەم و دەیبەستمەوە بەپێکھاتی ئەو دونیا تازەیەوە کە لەدوای ڕاپەڕینەوە سیاسەت لە کوردوستاندا دروستیکردوە. واتە ئەم نائومێدییە لەناو کۆمەڵێک گرێی دەرونی تایبەتەوە نایەت، بەڵکو لەو فەزا سیاسییەوە دێت کە کۆمەڵگای ئێمەی کردۆتە کۆمەڵگایەکی شیزۆفرینی دوو کارەکتەریی. نائومێدی دوای ڕاپەڕین نائومێدییەکی سیاسیی دەستەجەمعییە و گۆڕاوە بۆ ھێزێکی دەرونی خۆکوژ لەناو تاکەکەسەکاندا. ئەو کەسانەی ئەمڕۆ خۆیان دەکوژن دەکرێت سبیەنێ ئەو دونیا بکوژن کە بەرەو خۆکوژیان دەبات. ئەمەش گەورەترین زەنگی خەتەرە کە لەمڕۆی کوردوستاندا ھەندێک کەس بە خۆکوشتنی خۆیان بۆئێمەی لێبدەن. ھیوادارم سیاسیەکانی کورد گوێی ئەوەیان ھەبێت ئەم زەنگە ترسناکە ببیستن.  

 سۆران: ئه‌وه‌ی ئێستا له‌كوردستان به‌ناوی بازاری ئازاده‌وه‌ له‌ناو واقیعی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ هه‌یه‌ تاچه‌ند هۆكاری ئه‌و هه‌ژارییه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ باسمان كرد ئه‌ی به‌جۆرێكیتر تاچه‌ند هۆكاره‌ بۆنه‌مانی چینی ناوه‌ند دواتر ئه‌مه‌ بازاری ئازاده‌ به‌ستاندارێكی جیهانی؟

مه‌ریوان: با لە ئەفسانەی بازاڕی ئازادەوە دەستپێبکەین. لە ڕاستیدا کەم شوێن لە دونیادا ھەیە بازاڕ تیایدا بە ئەندازەی بازاڕی کوردوستان مۆنۆپۆڵکراو و کۆنترۆڵکراو و نائازاد بێت. بازاڕی کوردوستان مۆنۆپۆڵی کۆمەڵێک کارخانە و شەریکەی گەورەیە کە بەسەدان سەرداو بە حیزب و بەرپرسە گەورە و دەسەڵاتدارەکانەوە بەستراوەتەوە. ھیچ پرۆژەیەکی ئابوریی گرنگ لە وڵاتەکەدا نییە حیزب یان چەند بەرپرسێکی حیزبی شەریک یان بەش یان لانیکەم قامکێکیان تیانەبێت. سەرمایەگوزاری لە کوردوستاندا بەبێ ئیزنی حیزب و کەسە بەھێزەکانی ناو حیزب ناچێت بەڕێوە. ئەوەی پێیوایە بازاڕ لە کوردوستاندا ئازادە وەک ئەوە وایە باس لە ئازادی بکات لەسەردەمی بەعسدا. چەندە بەعس ئازادی بەخەڵک دابوو، ھەر ئەوەندەش لەمڕۆدا ئازادی بە بازاڕەکانی کوردوستان دراوە. ڕەنگە ھیچ شتێک ھێندەی کێشەی نێوان (کۆڕەک تێلی کۆم) و (ئاسیا سێڵ) یارمەتیدەرمان نەبێت بۆ تێگەیشتن لە ڕادەی کۆنترۆڵکردن و خنکاندنی بازاڕ لە کوردوستاندا. ھەموو کوردێک دەزانێت کۆڕەک کارگەیەکە بە سەدان سەرەداوەوە بەسەرکردایەتی پارتییەوە گرێدراوە و ئاسیا سێڵیش دەست و پێیەکانی یەکێتی تێدایە. ئەم دوو کارگەیە زیاد لە دەساڵ لە پەیوەندییەکی یەکدینەفیکەری گەورەدابوون بەجۆرێک بوونی ئەمیان لە شوێنێکدا لەسەر حیسابی ئەویتریان بوو. پێکیشەوە ئەو دۆخە کاریکاتێرییەیان دروستکردبوو کە خەڵک ناچاربێت دوو تەلەفۆنی مۆبایلیان پێبێت بۆئەوەی بتوانن لەنێوان سلێمانی و ھەوڵێردا یەکدی بدوێنن. ئەم نمووونەیە نیشانداین ئازادی سەرمایەگوزاری لە وڵاتەکەدا چ درۆیەکی گەورەیە، نیشانیداین حیزب، یان ڕاستر بدوێین چەند کەسێکی ناو حیزب دەستنیاشانی بڕ و ڕادە و جوڵەی سەرمایە لە وڵاتەکەدا دەکەن و ئەوەی ناو بازاڕی ئازادە لە جەوھەردا بازاڕێکی حیزبیی تەواو مۆنۆپۆڵکراوە. سەرمایە لە کوردوستاندا بە پلەی یەکەم سەرمایەیەکی حیزبییە، یان سەرمایەیەکە سەدان سەرداو دەیباتەوە ناو گیرفانیحیزب و باخەڵی بەرپرسە باڵاکانیان. یەکێتی لەناوچەکانی پارتیدا چەندە ئازادە و چەندە دەستیدەڕوات و چەندە دەسەڵاتی ھەیە، بەھەمانئەدزاەش ئەو سەرمایەی کە لەپاڵ یەکێتیدا دەژی و دروستدەبێت لەو ناوچانەدا ئازادە. پارتیش لە سلێمانی و کۆیە و چەمچەماڵ و ناوچەکانی تری ژێر دەسەڵاتی یەکێتیدا چەندە دەستیدەڕوات، ئەو سەرمایەی لە پارتییەوە سەرچاوەدەگرێت ھەر ئەوەندە ئازادی ھەیە. ئەو سەرمایە کەمەش کە ئازادە و ھی پارتی و یەکێتی و بەرپرسە گەورەکانیان نییە، سەرمایەیەکی برابچووکە و دەبێت لە سێبەری سەرمایەگوزاری پارتی و یەکێتیدا بژی. بۆیە بازاڕی کوردوستان نەک بە ستانداردە جیھانییەکان، بەڵکو تەنانەت بە ستاندردەکانی ئەردەن و تورکیا و ئێرانیش، بازاڕی ئازاد نین. وەک ووتم بازاڕ لە کۆمەڵگای ئێمەدا بازاڕێکی کۆنترۆڵکراوە و بەشێکی گرنگی ئەو گرانییەش کە لە وڵاتەکەدا ھەیە لەم کۆنترۆڵکردنەوە سەرچاودەگرێت. بێگومان یەکێک لەسەرچاوەکانی قەیرانی چینی ناوەند پەیوەندی بەم بازاڕە کۆنترۆڵکراوەوە ھەیە. چونکە لۆژیکی سەرەکی ئەم بازاڕە بریتییە لە کارکردن بەقازانج و سوودی ئەو نوخبە ئابورییە کە ھەمان نوخبەی سیاسییە لە وڵاتەکەدا.  

سۆران: ئایا بۆ چاره‌سه‌ره‌ی ئه‌م گرفته‌ ده‌بێت له‌كوێوه‌ ده‌ست پێبكه‌ین چیبكرێ‌ به‌رای تۆ بۆ ئه‌وه‌ی تاراده‌یه‌ك كه‌م بكرێته‌وه‌؟

 مه‌ریوان: زەحمەتە لە کوردوستاندا ھیچ یەکێک لە کێشەکانی گەندەڵی و قەیرانی ئابووریی و سیاسی و مەدەنی چارەسەربکرێت تا ژیانی ئابوریی و ژیانی سیاسەت لەیەکدیجیانەکرێتەوە. جیاکردنەوەی کایەی ئابوریی لە کایەی سیاسیەت ھەنگاوی ھەرە پێویست و ھەرە سەرەتای دەستکردنە بە ڕیفۆرمی ئەو سیستمە گەندەڵەی لە وڵاتەکەدا ئامادەیە. ئەو گرێدانە ترسناکەی ئابوری لە کوردوستاندا بە سیاسەتەوە گرێدراوە و ئەو لێکجیانەبوونەوەیەی نوخبەی ئابوری و نوخبەی سیاسی لەیەکدی لەپشتی زۆربەی ھەرەزۆری نەھامەتییەکانی ئەو وڵاتەوە وەستاوە. بەڵام جیاکردنەوەی ئابوری لە سیاسەت یان چی؟ بێدرێژەپێدان ئەم جیاکردنەوەیە مانای جیاکردنەوەی وەزیفە سیاسییەکان لە وەزیفە ئابورییەکان و جیاکردنەوەی مەوقیعە سیاسییەکان لە مەوقیعە ئابوورییەکان. ئەمەش مانای ئەوەی ئەو کەسەی کە سیاسەت دەکات و بڕیارە سیاسییەکانی لەدەستە نابێت ھەمان ئەو کەسەبێت کە کاسبیدەکات و بڕیارە ئابورییەکانی وڵاتەکەش ئەدات. نوخبەی سیاسی و نوخبەی ئابوریی نابێت یەک نوخبەبن، نابێت مەوقیعی سیاسی تەرجەمەبکرێت بۆ مەوقیعێکی ئابوریی، نابێت ھێزی سیاسەت شاڕێگابێت بۆ بەدەستھێنانی ھێزی ئابوریی، یان شاڕێگای کەڵەکردنی سەرمایە تەرجەمەکردنی مەوقیعە سیاسییەکان بێت بۆ مەوقیعی ئابوریی. تێکەڵکردنی ئەم دوو کایەیە بەیەکدیبوو وایکرد ماوەیەکی درێژ شەڕی ناوخۆ لە کوردوستاندا بەرپاببێت، وایکرد ھەریەکێک لە ھێزە سیاسییەکان بچنە تەحالوفاتی ترسناکەوە، ڕێکنەکەون و وڵاتەکە وەک دوو دەغیلەی گەورە و جیا مامەڵەبکەن. کە ڕێشیشکەوتن ھەر ئەم تێکەڵکردنەی سیاسەت و ئابورییە وایکردوە وەزارەتە گرنگەکانی ئەو وڵاتە تا ئەمڕۆکەش یەکنەگرێتەوە، وایکردوە نەھێڵێت لە کوردوستاندا ئۆپۆزیسیۆن دروستببێت و دەزگاکان بتوانن ڕۆڵی چاودێریکەر ببینن. بێگومان ھەریەکێک لەو کێشانە ھۆکاری زیاتریان ھەیە لەوەی کورتیانبکەینەوە بۆ ھۆکاری ئابوریی بەتەنھا، بەڵام تێکەڵاوکردنی سیاسەت و ئابوریی، دەوڵەمەندبوون و سیاسەتکردن، ئەو دۆخە جەھەنەمییەیە کە لەپشتی زۆربەی ھەرەزۆری کێشە سیاسییە گەورەکانی دونیای ئێمەوەیە لە ڕاپەڕین بەدواوە. ئیشنەکردنی کۆڕەک تیلی کۆم و ئاسیا سێڵ بەیەکەوە لەناوچە جیاوازەکانی کوردوستاندا ئەم لۆژیکەی تێکەڵبوونی سیاسەت بە ئابوریی دروستیکردبوو. ئیشنەکردنی ئەم دوو کارگەیەش بەیەکەوە دەربڕی ئەو ئیشنەکردنە نەتەوەییە پێکەوەییەیە کە تا ئەمڕۆش بەشێکی دانەبڕاوی عەقڵیەتی سیاسی کوردییە. بەکورتی ئەم تێکەڵبوونە نەخۆشەی سیاسەت و ئابوریی بەیەکدی وەکچۆن دابەشبوونەکانی ناو سیاسەت ئەدات بە ئابوریی و ئاواش ململالنێ ئابورییەکان دەکات بە ململانێی سیاسی. لەھەمانکاتدا ھەم ھێزی سیاسەت دەبەخەشێت بە ئابوریی و ئیدی کەس ناتوانێت لە مەسەلە ئابورییەکان بپرسێتەوە، ھەم ھێزی ئابوریش دەبەخشێت بە سیاسەت ئیدی وادەکات سیاسییەکان دەست بەسەر بازاڕ و گەمە ئابورییەکاندا بگرن و ببنە سیاسی تا ھەتاھەتا و تا مردن. لەھەردوو دۆخەکەشدا ئێمە لەبەردەم دوو دونیای زۆر ترسناکداین. یەکەمیان ناھێڵێت ئابورییەکی سەربەخۆ و گەشەکردو و دابڕاو لە ناکۆکییە سیاسییەکان دروستببێت، دووھەمیان نوخبەیەکی سیاسی وا بەھێز دروستدەکات کە نەکرێت ھێز و دەسەڵاتی بەھیچشتێک کۆنترۆڵ و چاودێریبکرێت. دەربارەی ئەوەی چیبکرێت بۆ دەرچوون لەم دۆخە پێموایە دەبێت لە خاڵی جیاکردنەوەی ئابوریی و سیاسەت لەیەکەوە دەستپێبکەین. ئەمەش ناکرێت بەبێئەوەی سیستمێکی سیاسی دروستببێت کە تێیدا ئاشکرابێت سەرمایەگوزاری لە وڵاتەکدا چۆن دێت و چۆن دەڕوات. کێ چی ھەیە و چۆن پەیدایدەکات و لە کوێوەی ھێناوە. بۆئەمەش دەبێت کۆمەڵگای ئێمە ببێتە خاوەنی ھێزێکی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە، ئۆپۆزیسیۆنێک کە بتوانێت گزی و فزی ئەو دونیایە ئاشکرابکات و دەزگاش ھەبێت بتوانێت لێیانبپرسێتەوە.  پێموایە دروستبوونی ”دەستەیەکی کارپاک، یان نەزاھەت“ کارێکی گرنگبێت بۆ پێداچوونەوەی ئەوەی تا ئێستا کراوە، یان لانیکەم ئەوەی لەمەولا دەکرێت بخاتە ژێر چاودێری و لێپرسینەوە. چاککردنەوەی ئەو دۆخەی لە کوردوستاندا دروستکراوە کارێکی ھێجگار زەحمەتە، سیاسەت و ئابوریی، سیاسیبوون و دەوڵەمەندبوون بەجۆرێک بەناویەکداچوون، زەحمەتییەکی گەورەی دەوێت شتەکان بخەینەوە سەر ڕێگای ڕاستی خۆیان. بەڵام گەر بمانەوێت دونیایەکی ھێمن بەلانیکەمی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە بۆ خۆمان و نەوەکانی دوای خۆمان دروستبکەین دەبێت لەم خاڵەوە دەستپێبکەین. کارنەکردن بۆ ئەم خاڵە کارنەکردنە بۆ ئەمڕۆ و ئایندەی کوردوستان.

 

تێبینی ئه‌م گفتوگۆیه‌ له‌ رۆژنامه‌ی كوردستان راپۆرت بڵاوبۆته‌وه‌

Previous
Next

Leave a Reply