Skip to Content

Saturday, December 5th, 2020

گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سه‌ڵاح ئه‌حمه‌د.. سازدانی : ئاراس ڕەشید

Be First!
by July 8, 2012 گشتی

 

 

 

ماوەی پتر لە ٤مانگە مانگرتن و ناڕەزایەتیەکانی خوێندکارانی پەیمانگاو زانکۆکانی هەرێمی کیبەک لە کەنەدا بەردەوامە. تێچوونی خوێندن لەو هەرێمە لە چاو هەرێمەکانی دیکەی کەنەدا نیوەیە. لە بەهاری سالی ٢٠١١دا حکومەتی ئەو هەریمە کە لەلایەن پارتی لیبرالەوە نوێنەرایەتی دەکرێت بڕیارێکی هێنایە پەرلەمان بۆ پەسەند کردنی بەرزکردنەوەی تێچوونی خوێندنی باڵا لەو هەرێمە بە ڕێژەی نزیکەی %٧٥ لەماوەی ٥ساڵی داهاتوو کە بڕەکەی ١٦٢٥$ بوو و لە پاییزی ئەمسالدا بەبری ٣٢٥$ دەست پێ بکات.هەر لەو کاتەوە دەنگی ناڕەزایەتی خوێندکاران لەو هەرێمە بەرز بۆوە دژ بەو بڕیارە . ڕێکخراوەکانی خوێندکاران کەوتنە خۆڕێکخستن و دانووسان لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی خوێندن بەڵام دانیشتنەکان هیچیان لێ بەدی نەهات .بۆیە خوێندکاران ناچار بوون دەست بدەنە مانگرتن و خۆپیشاندانی سەر شەقامەکان هەڵبژێرن. لە ١٣/٢/٢٠١٢ خوێندکارانی پەیمانگای ” سەیژاپ”( بەرنامەیەکی خوێندنی تایبەتە بەو هەرێمە لە دوای خوێندنی قۆناغی ١١دەست پێ دەکات)و زانکۆکان کە ژمارەیان ٢٠٠هەزار خوێندکار دەبێ لەو هەرێمە نزیکەی ٣٠هەزاریان لەو رۆژەدا نەچونە پۆلەکانیان و هاتنە سەر شەقامەکان، بە تایبەت شاری مۆنتریال کە یەکێکە لە شارەگەورەکانی کەنەدا.

شایانی باسە شیعاری ناڕەزایەتیەکان لە ڕۆژانی یەکەمەوە لە ناڕەزایەتی دژ بە بەرزکردنەوەی تێچوونی خوێندن واوەتر چوو و شیعاری ” خوێندن دەبێ بۆ هەموان فەراهەم بێ ” بەرز کرایەوە. ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌یخوێننه‌وه‌ دیدارێکه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌ڵاح محه‌مه‌د، خوێنکارو کاندیدی دکتۆرا لە  زانکۆی ئۆتاوا، به‌شی فه‌لسه‌فه‌، که‌له‌نزیکه‌وه‌ چاودێری ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌ی کردووه‌:

ئۆکتۆبه‌ر: هه‌رزانترین نرخی زانکۆ له‌ که‌نه‌دا له‌ هه‌رێمی کیبه‌که‌ ،سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی حکومه‌تی ئه‌و هه‌رێمه‌ به‌ سه‌رۆکایه‌تی حیزبی لیبراڵ بڕیاری دا له‌ ماوه‌ی 5ساڵی داهاتوو( دوای ناڕه‌زایه‌تیه‌کان کردیان به‌ 7ساڵ) نزیکه‌ی $1500 زیاد بکرێت ،ئه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ 3 مانگه‌ ناڕه‌زایه‌تی گه‌وره‌ی لێ که‌وتۆته‌‌وه‌. هۆکاری ئه‌وه‌ چیه‌؟ ئایا په‌یوه‌ندی به‌ ئاستی بزووتنه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی ئه‌و هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌ یان نا؟چۆن به‌و ئاسته‌ گه‌یشت ؟

 

سه‌ڵاح ئه‌حمه‌د: بزوتنەوەی ناڕەزایەتیی خوێندکاران لە هەرێمی کیبێک مێژوویەکی هەیە. ساڵی ١٩٩٠ کە حکومەتی هەرێەمەکە ویستی نرخی ساڵانەی خوێندن لە زانکۆ گشتییەکاندا لە ٥٠٠ دۆلارەوە بەرز بکاتەوە بۆ ١٦٠٠ ، بە رێژەی ٢٨٠ دۆلار بۆ ماوەی چوار ساڵ، خوێندکاران خۆپیشاندانی گەورەیان رێکخست.  ساڵی ١٩٩٦ دیسان حکومەت ویستی نرخی خوێندن بە رێژەی ٣٠% بەرز بکاتەوە، نزیکەی سەد هەزار خویندکار مانگرتنی گشتییان راگەیاند. ئەمجارەیان حکومەتی هەرێمەکە پاشگەزبووەوە. ساڵی ٢٠٠٥ کە حکومەتی لیبڕاڵەکان بودجەی یارمەتی خوێندنی بە بڕی ١٠٣ ملیۆن کەمکردەوە، دوو سەد هەزار خوێندکار مانیان گرت. مانگی ئازاری ساڵی رابووردوو، وەکو جەنابت ئاماژەتدا، حکومەت دیسان پێشنیاری بەرزکردنەوەی نرخی خوێندنی باڵای کرد بەو جۆرەی کە ئاماژەت پێیدا، واتا نرخی ساڵانەی خوێندن لە ١٦٢٥ وە بکرێت بە  ٣٧٩٣  دۆلار. بەڵام  لە مانگی ئابی ٢٠١١ خوێندکاران دەستیان بە خۆرێکخستن کرد بۆ دروستکردنی پەستان لە سەر حکومەت تا لەو بڕیارە پاشگەز ببێتەوە.  رۆژی ١٠/١١/٢٠١١ خوێندکاران خۆپیشاندانێکی فراوانیان ئەنجامدا. ١٣/٢/٢٠١٢ هەندێ رێکخراوی خوێندکاران لە دەنگدانی گشتییدا بڕیاری راگرنتی دەوامیان دا. لەو کاتەوە ژمارەی خویندکارە مانگرتووەکان و ئەو خەڵکانەی کە پشتگییریان لێ دەکەن لە زیادبووندایە. رۆژی ٢٢/٥/٢٠١٢ لە یادی ١٠٠ رۆژەی مانگرتندا گەورەتریین خۆپیشاندان لە شاری مۆنتریاڵ بەڕێوە چوو. ژمارەی بەشداربووان بە چوار سەد هەزار کەس خەمڵێندرا. خۆپیشاندانەکە هیچ کردەوەیەکی تووندووتیژیی لێ نەکەوتەوە (هەرچەندە شەوی دوایی پۆلیس دەستی کرد بە گرتنی ژمارەیەکی زۆری چالاکوانی ناو بزووتنەوەکە). هەموو مۆنتریاڵ سووری دەکردەوە بە هۆی بەیداخی سوورەوە کە لە سەرەتای بزووتنەوەکەوە بوو بە هێما بۆ پرۆتێستی خوێندکاران. هێشتا حکومەت لە پلانەکەی پاشگەز نەبووەتەوە. بەڵام  بزووتنەوەی ناڕەزایەتی دەمێکە داوای یەکەمی بەجێهێشتووە. ئێستا بزووتنەوەکە بزووتنەوەیەکی فراوانی چەپە کە بە سەدان گرووپی جیاجیا، وەکو ئەنارکیستەکان و کۆمۆنیستەکان، بوونە بە شێک لێی و تیایدا دژی سیاسەتی نیۆلیبراڵی حکومەت لە ململانێدان.  رۆژی ٢٢/٥/٢٠١٢ دەیان هەزار کەس بە سەدان ئیتنیسیتی و باکگراوندی جیاجیاوە بە کردەووە پیشانی هەموو دەسەڵاتدۆستان و راستڕەوانیاندا کە شۆڕش بۆ ئامانجی یەکسانی چیدی لە خانەی مەحاڵدا نییە. لە سەر جادەکان خەڵکت دەدی سڵاوی شۆرشیان لە یەکدی دەکرد.  هەڵبەت ئەم بزووتنەوەیەش هێشتا زۆر سنووردارە، بەڵام لانی کەم ئەوەی سەلماند کە هێزی بەرگریی چەپانە لە بەهێزبووندایە. بوونی ئەم جۆرە هوشیارییە مەرجێکی سەرەکییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هیجەمۆنی سەرمایەداریی و درۆ و دەلەسەکانی بازاڕی ئازاد و جەبەروتی دەوڵەت. 

 

زۆر کەس پێیان وایە کە ئەو ناڕەزایەتییانە پەیوەندییان بە کولتووری بەرهەڵستکارییەوە هەیە لەو هەرێمە فەرەنسی زمانە، بەڵام دەبێ ووریا بین ئەو جۆرە دیدە لە چی سیاقێکدا دەخرێتە روو. واتا هەم راستە و هەم هەڵەیە. راستە، تا ئەو ئاستەی شارێکی وەکو مۆنتریاڵ شاری سەدان رەگەز و دەیان هەزار ناسنامەی کولتووریی و ئایدیۆلۆجی و سیاسییە، شارێکە لە سەرووی پێناسەی ناوچە و کولتووری میللەتێک یان نەتەوەیەک. ئەو جۆرە شارە بەرهەمی مرۆڤایەتییە بە هەموو مەزنیی و توڕەهاتەکانی  مرۆڤایەتییەوە.  یەکێ لە دیووە رۆشنەکانی ئەم حاڵەتە کۆزمۆپۆلیتانییە ئەوەیە کە هوشیاریی چەپانە لەو شارەدا زیندووە. 

 

دیارە ئەو جۆرە خەڵکەش هەن کە پێییان وایە مۆنتریاڵ موڵکی ئەوانەیە کە بە رەگەز و بە لە دایکبوون کیبێکین، بەڵام ئەوانە ئەو شۆڤینیستانەن کە ئەگەر بشکەونە ناو بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتیی ئاوهاوە، بەهەڵە تێی دەکەون، و بەڵێ هەندێکی کەم لەو شۆڤینیستانەش دەبینران لە ناو خۆپیشاندانەکاندا. بەم مانا رەگەزپەرستیی و ناوچەگەرییە هەڵەیە بڵێین بزووتنەوەکە پەیوەستە بە تایبەتمەندییەکانی ئەو هەرێمەوە. 

 

یەکەم: ئەو مانگرتوو و خۆپیشاندەرانەی کە لە مۆنتریاڵ  بەرەنگاریی دەکەن خەڵکی هەموو شوێنێکن. دووەم: خودی بزووتنەوەکە ئینەرناسیۆنالیستە بە بەڵگەی ئەوەی لە زیاتر لە سەد شاری جیهاندا بزووتنەوەی هاوچەشن درووستبووە بۆ هاوپشتیی بزووتنەوەی سوور لە کیبێک. سێیەم: کیبێک مەڵبەندی توندڕەوتریین شۆڤێنیزمە کانیشە لە کەنەدادا. کەواتە هەتا ئەو شوێنەی چەپ ئالوودەی پرسی گشتییە، بزووتنەوەی سوور لە کیبێک بزووتنەوەی چەپەکانە لە هەموو کەنەدا. هەتا ئەو شوێنەی دەردی ناوچەگەریی باوەڕی توندی راستڕەوەکانە، ڕاستڕەوەکانی ئەو هەرێمە دوژمنی یەکەمی بزووتەنەوەی لەم جۆرەن. 

 

ئۆکتۆبه‌ر: پشتیوانی یه‌کێتی و نه‌قابه‌ کرێکاری وفه‌رمانبه‌ران و به‌شه‌کانی تری کۆمه‌ڵگا به‌ تایبه‌تی دوای ده‌رکردنی یاسای 78 بۆ به‌رته‌سک کردنه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌کان فراوانتر بۆوه‌ وسه‌رتاسه‌ریش بۆوه‌. ده‌توانیت ناوه‌رۆکی ئه‌و یاسایه‌ روون که‌یته‌وه‌ و لێکدانه‌وه‌ جیاکان چی بوون بۆ ئه‌و یاسایه‌ و کاریگه‌ری چیه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ئازادی بیرو راو بڵاوکردنه‌وه‌ له‌ که‌نه‌دا؟ 

 

سه‌ڵاح ئه‌حمه‌د: یاسای ٧٨ یاسایەکی حاڵەتی ئامادەباشییە کە بۆ خەفەکردنی بزووتنەوەی مانگترنی خوێندکاران لە لایەن پەرلەمانی کیبێکەوە  لە رۆژی ١٨/٥/٢٠١٢ دەرکرا.  دەقی یاساکە لە شەش بەش پێکهاتووە کە ٣٧خاڵ  لە خۆی دەگرێ. بە گشتیی یاسایەکە بۆ کۆتایهێنان بە خۆپیشاندانەکان. بۆ نموونە بە پێی ئەو یاسایە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە مەودای ٥٠ مەتر لە هەر مەڵبەندێکی خوێندنەوە قەدەغەیە. هەروەها هەر گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لە سەرانسەری هەرێمی کێبیکدا کە لە ٥٠ کەس تێپەڕێت بە بێ مۆڵەتی پێشوەختی پۆلیس قەدەغەیە.  یاساکە دەسەڵاتی ئەوە دەدات بە دەزگای پۆلیس کە کات و شوێن و رەوگەی خۆپیشاندانەکان بگۆڕێت بە پێی پێویستییەکانی ئاسایشی گشتیی و هەتا دوایی لەم قسانە کە هەمیشە  گوێمان لێ دەبێتەوە لە هەر شوێنێک دەوڵەت بزانێت ناڕەزایەتی خەریکە ترس دروست دەکات لە سەر زەبری دەزگاکانی. 

 

ئۆکتۆبه‌ر: هیچ په‌یوه‌ندیه‌ک له‌ نێوان ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌و بزووتنه‌وه‌ی ۆڵ ستریت که‌ له‌ زوربه‌ی شاره‌کانی ووڵاتانی خۆرئاوا و به‌تایبه‌ت پتر له‌ 10شاری که‌نه‌دای گرته‌وه‌ هه‌یه‌؟

 

سه‌ڵاح ئه‌حمه‌د: بزووتنەوەی داگیرکردنی ۆڵ ستریت و بزووتنەوەی نێونەتەوویی داگیرکردنەکان بە گشتیی بەرەو کوژانەوە چوون.  بزووتنەوەکانی داگیرکردنەکان بە گشتیی لێڵ بوون لە سەر ئاستی داواکاریی و ئامانجدا. بەشێک لە بەشداربوان تەنها داوای سزادانی خاوەن و بەڕێوبەرانی بانکەکانیان دەکرد. هەندێکی تر ناڕەزەیەتییان لە دژی بێکاریی دەردەبڕیی. لە هەمان کاتدا دەیان گرووپی رادیکاڵی ئەنارکیست و کۆمۆنیست لە تەقەلای ئەوەدابوون کە بزووتنەوەکە فراوان بکەنەوە تا بگاتە ئاستی دژایەتیکردنی رژێمی سەرمایەداریی و دەسەڵاتی دەوڵەتە سەرمایەدارە گەورەکان.  بەڵام ئەم بزووتنەوەیەی کە لە کیبێک دروستبووە زەخمی زیاترە، خاڵی تەرکیزی زیاترە (بۆ نموونە زۆر پێ لە سەر مافی خوێندن دادەگرێ، هەرچەندە جێگای بۆ دەیان ئامانجی پێشکەووتووخوازانەی دیکە کردووەتەوە لە پەیوەند بە یەکسانی و ئازادی گشتی).

ئۆکتۆبه‌ر: له‌ کوردستان بزووتنه‌وه‌یه‌کی ناڕه‌زایه‌تی خوێندکاران هه‌یه‌ ،به‌تایبه‌ت له‌م دواییانه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ته‌نیا منداڵی به‌رپرسه‌کان وده‌وڵه‌مه‌نده‌کان له‌ زانکۆ تایبه‌ته‌کان وه‌رده‌گیرێن له‌ گۆڕێدایه‌ . خوێندکارانی کوردستان چۆن ده‌توانن سوود له‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ی خوێندکارانی کیبه‌ک وه‌رگرن ؟ سه‌رنج و ڕێنوێنیه‌کانت بۆ خوێندکارانی کوردستان چیه‌؟

سه‌ڵاح ئه‌حمه‌د: زانکۆی تایبەت لە هەموو شوێنێک بۆ منداڵی دەوڵەمەندانە. بگرە زانکۆ گشتییەکانیش لە ئەمریکا و کەنەدا هەر بۆ منداڵی دەوڵەمەندانە. ئەگەر هەژارێک بیەوێت بخوێنێ ئەوا دەبێ بچێتە ژێر باری قەرزێکی پشتشکێنەوە کە رەنگە تا مردن پێوەی بناڵێنێت. یەکێ لە دروشمە بڵاوەکانی خۆپیشاندانەکانی کیبێک ئەوەیە کە خوێندکار نابێ حوکمی قەرزی بەسەرا بدرێ بەڵکو خوێندن دەبێ بە خۆڕایی بێت. هەڵبەت، وەکو دەزانی،  ململانێی بزووتنەوەکە لە سەر زانکۆ گشتییەکانە نەک تایبەتەکان. 

دیسان وەکو دەزانی، خوێندن لە زانکۆ گشتییەکاندا لە کوردستان بە خۆڕاییە و دەبێ واش بێت. کێشەگەلی دیکە لە سیستمی خوێندندا هەن لە کوردستان، بەڵام دیارە ئەو باسە دەکەوێتە دەرەوەی سنووری ئەم پرسیارانە. .. سوپاس

 

تێ بینی: 

سه‌لاح ئه‌حمه‌د ساڵی 1996  له‌ کوردستان ده‌ستی به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ کردووه. پاشان له‌ سوریا هه‌ندێ کاری به‌ عه‌ره‌بی کردووه‌. ساڵی 2006 فه‌لسه‌فه‌ی له‌ زانکۆی کارڵتن له‌ که‌نه‌دا ته‌واو کردووه‌. ساڵی ٢٠٠٨ ماسته‌ری له‌ فه‌لسه‌فه‌ی هاوچه‌رخی ئه‌وروپی له‌ زانکۆی برۆک و ساڵی ٢٠٠٩ ماسته‌ری له‌ زمانه‌وانی له‌ زانکۆی کارڵتن ته‌واو کردووه‌. ئێستاش له‌ زانکۆی ئۆتاوا له‌ که‌نه‌دا کاندیدی دکتۆرایه‌ له‌ فه‌لسه‌فه‌. بۆپه‌یوه‌ندگرتن به‌نوسه‌ره‌وه‌ و خوێندنەوەی زیاتری نووسینەکانی سەردانی لاپەڕەی تایبەتی نووسەر بکەن لەم ناوونیشانەی خوارەوە:

 Saladdinahmed.wordpress.com

 

 

 

Previous
Next

Leave a Reply