گفتوگۆ له‌گه‌ڵ مه‌دام دانیال میتێران
سازدانی: نه‌زه‌ند به‌گیخانی- پاریس
مه‌دام میتێران: " هه‌ڵبژاردنه‌کان خۆیان قسه ده‌که‌ن…. خه‌ڵکی وڵاته‌که بڕیاری خۆی ده‌دات؛ ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه هه‌لومه‌رجێکی پێویستن بۆ ئاشتبوونه‌وه…"
پێشه‌کی:
ماوه‌یه‌ک بوو عه‌وداڵی دیدار و گفتوگۆیه‌ک بووم له‌گه‌ڵ مه‌دام میتێران که له فه‌ڕه‌نسا وه‌کو دایکی رۆحانیی نه‌ته‌وه‌ی کورد ناسراوه. به‌ڵام مه‌دام میتێران که ئێستا له ته‌مه‌نی 85 ساڵیدایه، هه‌روه‌کو جاران سه‌رقاڵی چالاکیه‌کانی فۆنداسیۆنی فرانس-لیبه‌رتێیه و به‌رده‌وام له سه‌فه‌ر و کۆبوونه‌وه و چالاکیدایه. بۆیه ده‌رفه‌تی دیداره‌که دواکه‌وت. چوارده ساڵ پێش ئێستا کاتێ بۆ یه‌كه‌م جار چاوپێکه‌وتنم له‌گه‌ڵ مه‌دام میتێران کرد، به هه‌مان شێوه مه‌شغول بو و دابه‌ش ببوو له نێوان به‌ڕێوه‌بردنی فۆنداسیۆنه‌که‌ی و کار‌و کۆبوونه‌وه و سه‌فه‌ره‌کانی بۆ به‌ره‌وپێشبردنی دیموکراسی و چاککردنی بارودۆخی منداڵان له‌و وڵاتانه‌ی که هه‌لی خوێندن و فێربوونیان وه‌کو پێویست بۆ نه‌ڕه‌خساوه.
یه‌که‌م جار که په‌یوه‌ندیم به مه‌دام میتێرانه‌وه کرد بۆ ئه‌م چاوپێکه‌وتنه، ئه‌و پێخۆشحاڵی خۆی پیشاندا و به شه‌وقه‌وه پێشوازی لێکرد، به‌ڵام چالاکیه زۆره‌کانی، بواری ئه‌وه‌ی نه‌دا کاتی ته‌واوی بۆ ته‌رخان بکات. بۆیه چه‌ند پرسیارێکی تایبه‌ت به بارودۆخی ئێستای سیاسی کوردستان و مه‌سه‌له‌ی گه‌نده‌ڵی و هه‌ڵبژاردنه‌کانی ته‌موزی کوردستان و ده‌رکه‌وتنی لیستی نوێ که پێویستیان به بیرکردنه‌وه و کاتی زیاتر هه‌بوو، بی وه‌ڵام مانه‌وه.
مه‌دام میتێران که قسه ده‌کات، زۆر به هێمنی له پرسیاره‌کان راده‌مینێ و بیر ده‌کاته‌وه؛ ئه‌و وشه‌کانی به ورددبینیه‌وه هه‌ڵده‌بژێرێ. وه‌ڵامه‌کانی ئه‌و دوورودرێژ نین، به‌ڵام وا ده‌کات که خوێنه‌ر بیر بکاته‌وه و پاسیڤ نه‌بێ یا رای ته‌واوکه‌ری هه‌بێ. ئه‌و هه‌رده‌م فه‌زایه‌ك جێده‌هێڵێ بۆ بیرکردنه‌وه‌ی فراوانتر و تێگه‌ییشتنێکی دیکه له دیارده و رووداوه‌کان.
له‌م چاوپێکه‌وتنه‌دا، مه‌دام میتێرانم داوه‌ت کرد قسه له‌سه‌ر سه‌ره‌نجامه‌کانی جه‌نگی ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی له‌گه‌ڵ عێراق (ساڵی 2003) بکات که ئه‌و هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه له‌گه‌ڵی ناکۆک بوو، به‌ڵام ئه‌و ئه‌م شه‌رعیه‌ته به خه‌ڵکی عێراق ده‌دات و داوه‌تی میلله‌ت ده‌کات سه‌ره‌نجامی ئه‌و جه‌نگه هه‌ڵسه‌نگێنن. ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی کوردی عێراق و ئه‌مریکاش، ئه‌و باس له هاوکێشه‌یه‌كی کێشه‌ئامێز ده‌کات که به "سیسته‌می داگیرکردن" ناوی ده‌بات و داوای کۆتاییهێنان به‌و "داگیرکردنه" ده‌کات.
ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی ته‌موزی داهاتوو له کوردستان، مه‌دام میتێران زۆر به وردبینیه‌وه ده‌ڵێ " هه‌ڵبژاردنه‌کان خۆیان قسه ده‌که‌ن…. خه‌ڵکی وڵاته‌که بڕیاری خۆی ده‌دات؛ ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه هه‌لومه‌رجێکی پێویستن بۆ ئاشتبوونه‌وه…"
له وه‌ڵامی پرسیارێکدا ده‌رباره‌ی سه‌رهه‌ڵدانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له کوردستان، مه‌دام میتێران ژیرانه ده‌ڵێ: "پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی به پێشکه‌وتنی دیموکراسیه‌وه به‌نده هاوتا له‌گه‌ڵ پێشکه‌وتنی چینی ناوه‌ڕاست…"
سه‌باره‌ت به زیادبوونی توندوتیژی دژ به ژنان له جیهاندا، مه‌دام میتێران "ده‌مارگیری" به هۆکار ده‌زانێت و داوای وازهێنان له فۆرمه‌کانی ده‌مارگیری ئایینی و رۆژئاوایی، هی وڵاتانی داڵده‌ده‌ری موهاجیران، ده‌کات.
له کۆتایدا، مه‌دام میتێران هیوای ئه‌وه ده‌خوازێت که له ئایینده‌یه‌کی نزیکدا سه‌ردانی کوردستان بکات و کار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه بکات که تا ئێستا کاریان له‌سه‌ر نه‌کراوه. به پێی تێگه‌ییشتنی من، مه‌دام میتێران ئێستا نیگه‌رانیی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵیه له کوردستانی عێراق و داوای ئه‌وه‌ش ده‌کات که پاره‌ی فرۆشتنی نه‌وتی کوردستان "به شێوازێکی کاریگه‌رانه بۆ پێشخستنی وڵاته‌که به‌کاربهێنرێت"، چونکه، "ده‌بێ میلله‌ت خاوه‌نداریه‌تی ئه‌و سامانه بکات…"
نه‌زه‌ند: رۆژباش خانم میتێران، شه‌ڕه‌فێکی گه‌وره‌یه بۆ من که دوای تێپه‌ڕبوونی چوارده ساڵ به‌سه‌ر یه‌که‌مین چاوپێکه‌وتنم له‌گه‌ڵ جه‌نابتان، ئیمڕۆ ئه‌و دیمانه‌یه‌تان له‌گه‌ڵ ئه‌نجام ده‌ده‌م. له یه‌که‌مین چاوپێکه‌وتنه‌وه تا ئێستا گۆڕانکاری و رووداوی زۆر روویانداوه. له ساڵی 2003 هێرش کرایه سه‌ر عێراق و ئێوه‌ش دژی ئه‌م شه‌ڕه بوون. جه‌نابتان ئێستا چۆن سه‌ره‌نجامی ئه‌و جه‌نگه هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
مه‌دام میتێران: ئه‌م جه‌نگه له سه‌ر بنچینه‌ی زانیاری هه‌ڵه، زانیاری تایبه‌ت به چه‌كی کۆمه‌ڵکوژی، هه‌ڵگیرسا و دواتر به بیانووی چه‌سپاندنی دیموکراسیه‌وه له عێراق پاکانه‌ی بۆ کرا. له توانای مندا نیه ئیمڕۆ رێژه‌ی ئه‌و دیموکراسیه‌ته هه‌لسه‌نگێنم، ئه‌مه کاری میلله‌تی عێراقیه؛ ته‌نها میلله‌تی عێراقی ده‌توانێ گۆڕانکاریه به‌ده‌ستهێنراوه‌کان هه‌ڵسه‌نگێنێ.
نه‌زه‌ند: جه‌نابتان وه‌کو مه‌دام میتێرانی دایکی رۆحانیی نه‌ته‌وه‌ی کورد و هه‌روه‌ها وه‌کو سه‌رۆکی فۆنداسیۆنی فرانس- لیبه‌رتێ، ئێستا که‌متر له جاران په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ کوردستانی عێراقدا هه‌یه. ده‌توانن پێمان بڵێن هۆکاری ئه‌مه چیه؟
مه‌دام میتێران: من له جاران که‌متر چالاک نیم بۆ کورد. کاتێ ئێمه ده‌ستمان به کار‌و چالاکی کرد، کورد ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ی زۆری هه‌بوو، له کاتی بۆردومانکردنی هه‌ڵه‌بجه و شه‌ڕی 1991 دا بوو. ئه‌وکاته من به‌شداریم کرد له پرۆسه‌ی داننان به نه‌ته‌وه‌ی کورد و دامه‌زراندنی دیموکراسی که من له هه‌ر شوێنێ مافه سه‌ره‌کیه‌کانی مرۆڤی تێدا پێشێڵ بکرێ، کاری بۆ ده‌که‌م. ئیمڕۆ ئاشتی له کوردستان به‌رقه‌راره له‌گه‌ڵ هه‌ندێ له شێوازه‌کانی ئازادی؛ ئێستا په‌رله‌مان هه‌یه له‌گه‌ڵ ره‌وتێکی دیموکراسی. من چاوه‌ڕوانی پێشکه‌وتنی دیکه‌م و بیر له‌وه ده‌که‌مه‌وه که له داهاتوویه‌کی نزیکدا له‌سه‌ر داوای میلله‌تی کورد سه‌ردانی کوردستانی عێراق بکه‌م بۆ دیاریکردنی ئه‌و رێگایه‌ی که تا ئێستا کاری بۆ نه‌کراوه.
نه‌زه‌ند: رات چیه له‌سه‌ر هاوکاریکردنی ده‌سه‌ڵاتی کوردی له عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌مریکیه‌کان؟
مه‌دام میتێران: زاراوه‌ی هاوکاری زاراوه‌یه‌کی گونجاو نیه و ده‌مانخاته به‌رامبه‌ر وێنه‌یه‌ک که له‌گه‌ڵ بارودۆخی عێراق ناگونجێ. کوردستان ئیمڕۆ به‌شێك له خاکی عێراق پێکده‌هێنێ و وه‌کو سه‌رجه‌م وڵاته‌که که‌وتۆته ژێر هه‌مان سیسته‌می داگیرکردنه‌وه. هیوادارم سه‌رۆکی وڵاته یه‌کگرتووه‌کان ئۆباما به زووترین کات کۆتایی به‌م داگیرکردنه بهێنێت و دانیشتوانی عێراقیش هه‌لومه‌رجی ئاشتبوونه‌وه‌یان بۆ بره‌خسێ. ئیمڕۆ خه‌می من په‌یوه‌ندیی نێوان عێراقیه‌کان و ئه‌مریکیه‌کان نیه، به‌ڵکو ئه‌وه‌یه که له نێوان عێراقیه‌کان خۆیان رووده‌دات ، به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر به خێرایی کار نه‌کرێت بۆ چه‌سپاندنی پره‌نسیپه‌کانی دیموکراسی، به عیلمانه‌تیشه‌وه.
نه‌زه‌ند: ئێستا کوردی عێراق سه‌رگه‌رمی خۆ ئاماده‌کردنن بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مان و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم که بڕیاره له 25 ی ته‌موزدا به‌ڕێوه بچێت. ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه گرنگی زۆریان هه‌یه بۆ میلله‌تی کورد و له هه‌لومه‌رجێکی جیاوازدا رووده‌ده‌ن، به‌ڕای جه‌نابتان له‌م بارودۆخه‌دا چ رێوشوێنێک بۆ خه‌ڵکی کوردستان گرنگه؟
مه‌دام میتێران: هه‌ڵبژاردنه‌کان خۆیان قسه ده‌که‌ن. با چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامه‌که بکه‌ین له 26 ی ته‌موزدا. خه‌ڵکی وڵاته‌که بڕیاری خۆی ده‌دات. ئه‌مه هه‌ڵبژاردنانه هه‌لومه‌رجێکی پێویستن بۆ ئاشتبوونه‌وه و میلله‌تی کوردیش ده‌توانێ، به پێی پێوه‌ره دیموکراتی و ئاشتیخوازه‌کان، ئاره‌زووی خۆی بۆ ئۆتۆنۆمی ده‌ربڕێ.
نه‌زه‌ند: رات چیه به‌رامبه‌ر به سه‌رهه‌ڵدانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له کوردستان؟ بۆ نمونه: له ساڵی 1995 که یه‌که‌مین چاوپێکه‌وتنم له‌گه‌ڵ کردن، تاکه رۆژنامه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ و ئه‌هلی له کوردستان نه‌بوو، به‌ڵام ئیمڕۆ چه‌نده‌ها که‌نالی سه‌ربه‌خۆ هه‌ن له کوردستان، له‌وانه هه‌فته‌نامه‌ی ئاوێنه که ئه‌م چاوپێکه‌وتنه‌ی جه‌نابتی تێدا بڵاوده‌بێته‌وه؟
مه‌دام میتێران: ئه‌مه مایه‌ی خۆشحاڵیه، به‌ڵام پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی به پێشکه‌وتنی دیموکراسیه‌وه به‌نده هاوتا له‌گه‌ڵ پێشکه‌وتنی چینی ناوه‌ڕاست. من هیوادارم که چالاکیه‌كانی فرانس-لیبه‌رتێ له پێناوی په‌روه‌رده و فێربووندا به‌رهه‌می خۆی هه‌بووبێت. لێره‌دا به پله‌ی یه‌كه‌م بیر له‌و منداڵانه ده‌که‌مه‌وه که کاتی خۆی له‌و مه‌کته‌بانه ده‌یانخوێند که فرانس-لیبه‌رتێ خستبوونیه گه‌ر و ئێستا ئه‌و منداڵانه مرۆڤی کامڵ و خاوه‌ن لێپرسراویه‌تین.
نه‌زه‌ند: حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له یه‌کی حوزه‌یرانی 2009دا و بۆ یه‌که‌م جار له مێژووی کورددا پێترۆلی نارده ده‌ره‌وه. روانینی ئێوه چیه بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه؟ به تایبه‌تی کاتێ حکومه‌تی ناوه‌ندی له به‌غدا دژی ئه‌م هه‌نگاوه‌یه؟
مه‌دام میتێران: ئه‌مه کارێکی باشه که میلله‌تی کورد سامانه سروشتیه‌کانی خۆی به‌کارده‌هێنێت، به‌ڵام پێویسته ئه‌و پاره‌یه به شێوازێکی کاریگه‌رانه بۆ پێشخستنی وڵاته‌که به‌کاربهێنرێت؛ ده‌بێ میلله‌ت خاوه‌نداریه‌تی ئه‌و سامانه بێت. ئه‌مه خاڵێکی سه‌ره‌کیه که فرانس-لیبه‌رتێ بیری لێده‌کاته‌وه.
نه‌زه‌ند: ئیمڕۆ فه‌ڕه‌نسا نوێنه‌ری ر‌ه‌سمی له هه‌رێمی کوردستان هه‌یه که پێکهاتووه له قونسولیه و ئۆفیسی سه‌فیر. ئێوه چۆن په‌یوه‌ندیی نێوان فه‌ڕه‌نسا و کورد ده‌بینن؟
مه‌دام میتێران: مایه‌ی خۆشحاڵیه که فه‌ڕه‌نسا قونسولیه‌ی هه‌یه له کوردستان و سه‌فاره‌تی فه‌ڕه‌نسیش له خه‌می ئه‌وه‌دایه که کار له‌سه‌ر تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی کێشه‌ی کورد بکات.
نه‌زه‌ند: ئه‌ی راتان چیه له سه‌ر په‌یوه‌ندیی دیپلۆماسی هه‌رێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ، به تایبه‌تی ئێران و تورکیا؟
مه‌دام میتێران: ئه‌مه کێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه، چونکه له‌و وڵاتانه‌ی دراوسێدا خه‌ڵکی کورد هه‌یه و له خه‌می ئه‌وه‌دایه که ناسنامه و کولتوری خۆی بپارێزێت جا چ له تورکیا بێت چ له عێراق و ئێران. رۆژئاوا ئه‌م بارودۆخه‌ی له دوای شه‌ڕه جیهانییه‌کان دروست کرد و نه‌ته‌وه‌ی کورد تا ئێستاش ده‌ره‌نجامه زیانبه‌خشه‌کانی ئه‌و کاره‌ی رۆژئاوا ده‌کێشێ.
نه‌زه‌ند: حه‌ز ده‌که‌م ده‌رباره‌ی بارودۆخی ئافره‌ت چه‌ند پرسیارێکتان لێبکه‌م؛ ئێوه به‌رهه‌ڵستی ئه‌و یاسا فه‌ڕه‌نسیه‌تان ده‌کرد که سه‌رپۆشی له ناو دام‌و ده‌زگاکانی په‌روه‌رده قه‌ده‌غه کرد. هه‌ندێ له داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ به فێمینستانیشه‌وهه ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئێوه‌یان به پێچه‌وانه‌ی مافی مرۆڤ ده‌خوێنده‌وه و که گوایه رێگا بۆ نسبیه‌تی کولتوری خۆش ده‌کات. وه‌لامی ئێوه چیه بۆ ئه‌و که‌سانه؟
مه‌دام میتێران: من دژی یاسای فه‌ره‌نسی نه‌بووم، به‌ڵام به راشکاوی ده‌موت له‌وانه‌یه ئه‌م یاسایه ببێته مایه‌ی ده‌مارگیری. له راستیدا، ئه‌و کچه گه‌نجانه‌ی که تازه ده‌گه‌نه فه‌ڕه‌نسا و سه‌رپۆشیان لێ قه‌ده‌غه ده‌کرێت ، هیچ چانسێکی ئه‌وه‌یان نابێ هه‌ڵسه‌نگاندنی خۆیان له‌سه‌ر کولتورێکی ئازادتر له هی پێشوویان بکه‌ن و ئیختیارێکی گونجاویان هه‌بێ بۆ رزگاربوون. واته مافی ئه‌وه‌یان نادرێتێ بڕیار له‌سه‌ر رزگاربوونی خۆیان بده‌ن.
نه‌زه‌ند: به پێی دوا راپۆرتی یۆ ئێن، توندوتیژی دژ به ئافره‌ت به گشتی و توندوتیژیه‌کانی تایبه‌ت به شه‌ڕه‌ف له سه‌رانسه‌ری جیهان به راده‌ددیه‌کی به‌رچاو زیادیان کردووه. ئێوه روونکردنه‌وه‌تان چیه له‌سه‌ر ئه‌م بارودۆخه و به رای جه‌نابتان ده‌بێ چی بکرێ بۆ کۆتایهێنان به‌و توندوتیژیانه؟
مه‌دام میتێران: یه‌کێ له‌و شێوازانه‌ی که ده‌کرێ توندوتیژی رابگرێت ئه‌وه‌یه که وازبهێنرێ له ده‌مارگیری، ئه‌وانه‌ی که له ته‌ته‌روفی ئایینیه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن هاوتا له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌مارگیرییانه‌ی که هه‌ندێ جار، به نه‌زانی بێ یا به پلان داڕشتن، له وڵاته خانه‌خوێکاندا (ئه‌و وڵاتانه‌ی داڵده‌ی موهاجیر ده‌ده‌ن- ن.ب) به ناوی ئاسایشی گشتیه‌وه، رێکده‌خرێن.
نه‌زه‌ند: حه‌ز ده‌که‌ن چ په‌یامێک بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد به گشتی و کوردی عێراق به تایبه‌تی بنێرن؟
مه‌دام میتێران: په‌یامی دۆستایه‌تی و هیوا، له‌گه‌ل ئاواتی ئه‌وه‌ی که له ده‌رفه‌تێکی نزیکدا به دیداریان بگه‌مه‌وه.
کۆتایی
تێبینی: ئه‌م گفتوگۆیه له هه‌فته‌نامه‌ی ئاوێنه بڵاوبۆته‌وه، ژماره 181، 14/ 7/ 2009، ل3 .