Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
گفتوگۆ لەگەڵ  گەزیزە عومەری شانۆكار

گفتوگۆ لەگەڵ گەزیزە عومەری شانۆكار

Closed
by June 8, 2013 شانۆ

 

 


گەزیزە عومەر
 شانۆ.. دەریایەكە تا مەلەی تێدا بكەیت هەر پێویستت بەوە هەیە پەل بهاویت
یوسف خەلیل

گەزیزە عومەری شانۆكار لە دایك بووی 1961 لە سلێمانی و لە 1969وە بۆ یەكەم جار چووەتە سەر شانۆ و لە 1988 لە ئەكادیمیای هونەرەجوانەكانی بەغداد بەشی شانۆ / نواندن بڕوانامەی (بكالۆریۆس) ی بەدەست هێناوەو كچی مامۆستا(عومەری عەلی ئەمین) ی نوسەر و شانۆكارە و هەروەها هاوسەری هونەرمەندی شێوەكار (ئیسماعیل خەیات) ە واتە لە سەرچاوەیەكی هونەرییەوە چاوی هەڵهێناوە.. ئێستاش خاوەنی مێژوویەكە بۆ شانۆی كوردی بۆیە بەم چەند پرسیارە تاوێ‌ دواندم :

یوسف : ئەزموونێكی درێژخایەنت لەگەڵ شانۆدا هەیە.. رووانگەت بۆی چییە ؟

گەزیزە : من سەرەتا بە كاری نوواندنەوە خۆم خەریككرد پاشان هەوڵم دا بۆ نووسین جا كاركردن لە بواری دەرهێناندا ، هەستم كرد دەتوانم جموجوڵێك دروست بكەم بۆ نووسینی دەق بە قەڵەمی ژنێك و وروژاندنی ئەو كێشانەی كە كەمتر ئاماژەی پێدەكرێت ئەمە بووە ئەزموونێك بۆ هونەری من ، وە ئەو حاڵەتانەی كەوای لەمن كرد كە بتوانم وەككاری دەرهێنان كاربكەم هەستم كرد پێویستم بەوەیە زیاتر چالاك بم و وەكو ژنێك بوونم هەبێت لەسەر شانۆ و زیادەیەك بخەمە سەری ، چونكە كاركردنی ژنان لە شانۆدا هەر ئەوە نییە بۆشاییەك پڕ بكاتەوە .. پێش هەموو شتێك پێویستە هونەرمەند و هۆشمەند و رۆشنبیربێت ، ئێمە كێشەمان لە چەندایەتی ئەو كچانەدا نییە كە كار دەكەن بەڵكو كێشەی ئێمە لە چۆنایەتییاندایە ! پێویستە ئەو كچانەی كار ئەكەن زۆر رۆشنبیر بن تا بتوانن عەشقێكی تەواویان هەبێت بۆ شانۆ ،وە پێویستە رێزیان لێبگیرێت چونكە كاركردن لە شانۆدا لە هەموو بوارەكانی دیكە گرانترە .. كەم كاركردنیشیان بێگومان گەلێك هۆكار هەیە بۆی لەوانە ژنێك كە ئەبێتە خاوەن ماڵ و منداڵ لێپرسراوێتی گەورەتری دەكەوێتە ئەستۆ لەوەی بتوانێت لە شانۆدا كار بكات ،وە هەتا كاركردنی هونەر نەبێتە پیشە ئێمە كێشەمان هەر ئەبێت لە ئەكتەری ژندا جا لە ئەكتەری پیاودا ، پێویستە ژیانمان بۆ شانۆ تەرخان بكەین جا دەتوانین شانۆیەك لە ئاست خۆزگەكانی خۆماندا بە دەست بهێنین .

یوسف :  بێ بوونی بینەر پێتوایە شانۆ دروست ببێت .. ؟ 

گەزیزە : تەواوكەری كاری شانۆیی بوونی بینەرە .. كە نەبێت شانۆش نابێت چونكە كار بۆ ئەو دەكرێت .. شانۆ بریتییە لە (دەق + ئەكتەر + دەرهێنەر + بینەر + رەخنەگر) ئەمانە هەموویان زنجیرەیەكن یەك بە دووای یەكدا دێن بۆ تەواوكردنی كارێكی شانۆیی ، بینەر بەردەوام گڕ و تینێكی تازەتر ئەداتەوە بە شانۆ .. ئەو تازەكردنەوەیە وا دەكات كە شانۆ هەناسەی درێژتر بێت .. بەڵام گەلێك جاریش ناتوانین بوونی بینەری زۆر ! بەسەركەوتنی بەرهەمی شانۆیی دیاری بكەین بۆ نموونە گەلێك بەرهەممان هەبووە كە ئاستی هونەری لاوازبووە و ماوەی چەند مانگێكیش بەردەوامی هەبووە و بینەرێكی زۆر زۆریشی هەبووە .. بەهەرحاڵ بینەر بەشێكی زۆر سەرەكییە و وەهیچ شانۆیەكیش بێ بوونی نابێت بە شانۆیەكی تەواو .

یوسف : كە خۆت لەسەر شانۆ بینییەوە .. ئەو هاندەرانە چیبوون كە تۆیان هاندا سەما لەگەڵ خەونەكاندا بكەیت ؟

گەزیزە :بوونی من لەسەر شانۆ سەرچاوەیەكی درێژتری هەیە كە ناتوانم بە هەنگاوێك بڵێم بەو شێوەیە خۆم لەسەر شانۆ بینیەوە ، بەڵام هەر لەسەرەتاوە هەستم كردووە كە بۆ شانۆ خوڵقاوم  ، خەونەكانم زۆر گەورەن كە تەنیا من ئەتوانم بە شانۆ گوزارشتیان لێبكەم ، خەونی ئەو ژنانەی كە كێشەكانیان لە شوێنێكی داپۆشراودایە و ناتوانرێ‌ بهێنرێتە دی ، زۆر جار ئەخرێتە سەر شانۆ بەڵام مەرج نییە بێتە دی ! بەڵام دەرخستنی راستییەكان گەلێك جار رێگەیەكت بۆ ئەكاتەوە كە تۆ بتوانیت ئەو چارەسەرە بدەیت بەدەستەوە ، زۆرجار لە دەركەدانی حەقیقەتەكان بۆخۆی هاتنەدی خەونێكە ، وەهەر رۆژێكیش هەستم كرد بەرەو ئەوە ئەچێت گڕوتین نەمێنێت لەوانەیە بووەستم یا بچمە سەر شێوەیەكی تر لە كاركردنمــدا .

یوسف : ئەو میكانیزمانە چین تۆ كاریان لەسەر دەكەیت و ئەوانەی لەگەڵت كاردەكەن چۆن و لەسەر چ پێوەرێك رایاندەهێنیت ؟

گەزیزە : بە حوكمی ئەوەی زەمەنێك لە ئەكادیمیای هونەرەجوانەكان خوێندكار بووم وە سودێكی زۆرم وەرگرتووە لە شێوەی كاركردن لەلای دەرهێنەرە جیهانییەكان هەرلە (ئارتۆ ، پیتەر بروك ، كرۆتۆفسكی ،مایەر هۆڵد ،….) كۆمەڵێك لەو تیۆرییانەی كە دایانناوە ، بەڵام من كەكار ئەكەم گەلێك جار نزیك دەبمەوە لە واقیعەوە .. نامەوێ‌ بە شێوەیەك كاربكەم نامۆبێ بە جەماوەرەكەم ، پێوەرێك هەیە پێویستم بەوەیە كە كاری لەسەر بكەم كە ئەكتەر تیایدا خاوەن هەڵوێست و رەوشتێكی هونەری تەواوی هەبێت ، ئەو رەوشتەی هەر لە بناغەی زانستی شانۆوە فێربووین لە تیۆرەكانی ستانسلافسكیەوە كە پێی دەوترێت رەوشتی هونەری ، ئەمانەخاڵی سەرەكین ئەگەر بتوانین كاری لەسەر بكەین ، هەر كاتێك هەستت كرد كارەكتەرەكان ئەیانەوێ‌ بەو شێوەیە كاربكەن هەر لە عەشقیانەوە بۆ هونەری شانۆ هەر لە پابەندبوونیانەوە بەكاتی پڕۆڤەكردن و راهێنانەوە ، من پێم خۆشە ئەو ئەكتەرانە وتاری خۆیان هەبێت تەنها بوونی من هەموو شتێك نەبێت بەقەدەر ئەوەی ئەوانیش زیادەیەك بخەنە سەر كارە هونەرییەكە ، من بۆ ئەو ئەكتەرانە ئەگەڕێم كە بتوانن لەسەر شانۆ دەوڵەمەندییەك بدەن بە كارەكە نەك تەنها ئەو شتانە جێبەجێ بكەن كە من لێیانم ئەوێت ، هەرچەندە ئەوە بۆخۆی خاڵێكە بۆ پێشكەوتنی كارەكە ، پێویستە ئەكتەریش خاوەنی پەیام و وتار و هەڵوێستی خۆی بێت و بە هەردوولا بتوانن كارێكی دەوڵەمەند و هونەری تر پێشكەش بكەن
.
یوسف : دەمەوێ‌باسێكی شانۆی پێش راپەڕین و ئێستامان بۆ بكەیت و ئەو كاردانەوانە چیبوون ئەوسا هانی هونەرمەندانیان ئەدا بۆ نمایش و لە ئێستاشدا چین ؟

گەزیزە : ئەو كاتە زەمەنێك بوو زۆر جیاواز لە ئێستا ، ئەگەر پێش راپەڕین شانۆ شانۆیەك بوبێت ..بینەر و هونەرمەندی بە توانا هەبووبێت وەك ئەڵێن شانۆیەكی زێڕین بووە ، پێم وایە ئەو زێڕینی شانۆیە تەنیا ناگەڕێتەوە بۆ زیرەكی و توانای هونەرمەندان كە لەو كاتەدا شانۆ ئاوا بە گڕوتین بووە بێگومان بارودۆخێك یارمەتیدەربووە كە بەو شێوەیە بێت بۆ نمونە ئەو كاتە هەموو كەس هونەرمەند نەبووە هۆڵی شانۆ زۆر نەبووە .. خەڵك دەست بەتاڵ بووە و توانیویەتی بەردەوام شانۆ بكا و جەماوەریش لە شانۆیەك و یەك كەناڵی تەلەفزیۆنی زیاتری نەبووە كە خۆی پێوە خەریككا و بچێت بۆی ، لەسەرووی هەموو ئەمانەشەوە ئەو كاتە شانۆ بۆخۆی كێشەیەك بووە وتارێكی سیاسی بووە .. خەڵك خۆی تێدا دۆزیوەتەوە ، هەوڵی داوە بەردەوام بچێت تا خۆی لەوێدا ببینێتەوە ، زۆرینەی دەقەكانی ئەوكاتە كە پێشكەش كراون دەقێك بوون ئەشكەنجە و خۆزگەی میللەتی كوردیان تێدا دۆزیوەتەوە ئینجا نمایشیان كردووە ، كە ئەمە هاندەرێكی سەرەكی بووە كە تۆ بەردەوام بینەرت بوبێت ، بەڵام دوای راپەڕین ئەو شتانە هەمووی گۆڕانكاری بەسەردا هات وەك بوونی كەناڵ و دەزگای راگەیاندنەكان بە رادەیەكی زۆر كە بووە هۆی قووتدانی زۆرینەی هونەرمەندان ، جاری وا هەیە دەتەوێ‌ كارێكی هونەری بكەیت ئەكتەرێكت دەست ناكەوێت .. دەرامەت وایلێكردووە بە دووای بژێوی ژیاندا رابكات ، جاران شانۆ كێشەیەكی سیاسی بووە و خەڵك بۆی هاتووە ئێمە ئەمڕۆ چ شتێك بدۆزینەوە خەڵك بە هەڵپەبێت بۆ شانۆكەمان و بگەڕێنەوە باوەشمان ؟ بێگومان ئەگەر تۆ شانۆ و دەق و گروپی ئیشكردنت هەبوو جەماوەریش ناتەكێتەوە لە شانۆ ، بەڵام تۆ لە ساڵێكدا ئێشێك یا دوو ئیش دەكەیت ئەمە بێگومان وا لە خەڵك دەكات دووركەوێتەوە ، كەواتە چۆن سەركەوتنی شانۆ لە پێش راپەڕیندا تەنیا هونەرمەندان بەرپرس نەبوون ئێستاش ئەگەر سستییەك هەبێت تەنیا هونەرمەند بەرپرس نییە ! بۆ نمونە ئەمڕۆ شانۆ خەڵك بە خۆڕایی دێت بۆ سەیری كە وای كردووە ئەو رێزەی كەمتر بێتەوە ، یا تۆ لە هۆڵێكدا نمایش دەكەیت رۆژانە ئەبێت بڕێكی زۆر بدەیت بۆ كرێی ئەو هۆڵە تا بتوانیت نمایشەكەتی تێدا بكەیت ، ئەمانە هۆكارن بە ئاسانی ناتوانین ئێستا بەسەرپێیی باسی بكەین هیوام وایە هونەرمەندان و ئەوانەی عەشقی شانۆیان هەیە بتوانن كاری شانۆیی بەردەوام پێبدەن
 .
یوسف : لە دوێنێدا دایالۆگ بنەمای سەرەكی نمایش بوو، لە ئێستادا پانتاییەكی فراوانی بێ دیكۆر شانۆی داگیركردووە و لە هەمان كاتدا هێما و جوڵەی كارەكتەرەكان جێی دایالۆگی گرتۆتەوە ، لەم حاڵەتەدا كامیان دەتوانن سەرنجی بینەر و هەست و نەستی داگیربكەن ؟

گەزیزە :شانۆ شتێك نییە تۆ یاسایەكی بۆ دابنێیت ، كە دایالۆگ یا جوڵەی زۆر بێت سەرنجی خەڵك رادەكێشێت .. نەخێر ! شانۆ دنیایەكی زۆر بەرفراوانە و هەموو شێوەكان لەخۆ دەگرێت ، ئەگەر سەردانێكی وڵاتانی دەرەوە بكەیت لە شەوێكدا سەد شێوە كاركردن لە جێگەی جیاجیا دەبینیت كە هەریەكەیان جۆرێكە لە سەما لە جوڵە لە دایالۆگ هەمووشی بینەری خۆی هەیە ! لەبەر ئەوە تۆ كاتێك كە بابەتێك هەڵدەبژێریت نابێت بڵێیت ئەم بابەتە بینەری نییە بەڵكو پێویستە چۆن ئیشی تێدا بكەیت بۆ ئەوەی بینەر پەیدا بكەیت ؟ چۆنێتی كاركردن سەرنجی بینەر رادەكێشێت .. ئێدی تۆ ناتوانیت فەزلی شانۆیەك كە دایالۆگی هەیە بیدەی بەسەر شانۆیەكدا كە تەنها جوڵەیە یان بە پێچەوانەوە ، چونكە شانۆ خوێندنەوە نییە بەڵكو بینیینە .. بە چ شێوەیەك بگەڕێین بە دوای هۆكاردا ئەوە ئەبێت بە خاڵی سەركەوتن بۆ كارە هونەرییەكە .

یوسف : ئەو ئەكتەرە كامەیە كە ســەرنجی تۆی راكێشاوە و كردودەتە بنەما بۆ كاری خۆت ؟

گەزیزە :سودم زۆر لە ئەكتەرانی دنیا وەرگرتووە چ وەك كاری نواندن چ  وەك  دەرهێنان ،وە ئەو ئافرەتانەی كە زۆر كاریان تێكردوم (سۆفیا لۆرین) ە كە یەكێكە لەوانەی زۆر سەرنجی راكێشاوم لە كاتی كاركردنیدا ،وە هەندێ‌ لە ئەكتەرە عەرەبەكانیش .. بەڵام بۆ بنەما .. بنەمایەكی تایبەت نییە كە لەوانەوە وەرمگرتبێت ، من ئەتوانم سود لە واقیعی خۆمان ببینم لە كاركردنمدا كە رۆژانە لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستان دەیبینم كە بۆ خۆیان كاریگەری تەواویان هەبووە بە سەرمەوە .. گەلێك جار لەوانەوە لە خوێندنەوەی دێرێك شیعرەوە لە گوێگرتنم لە گۆرانییەك یا بینینی روداوێكی واقیعی لەسەر شەقامێك یا لە ماڵێكدا یا لە شوێنێكدا ئەمانە بوونە هاندەر بۆم كە بتوانم بیانكەمە بنەمایەك بۆ كاری هونەری خۆم
.
یوسف : دوو هونەرمەند كە هەریەكەیان ئەزمونێكن گەر ئاوێتەی یەك بوون دەبێت بچنە سەر رێگەیەك یا هەریەكەیان بۆخۆیان كاربكەن یا تەواوكەری یەكتربن ، لەم نێوەندەدا ئێوە چۆن خۆتان دەبیننەوە ؟

گەزیزە : ئەوە دوو شێوەی كاركردنە زۆر شێوەكاری و زۆر شانۆییانە ، پێم وایە هەموو هونەرەكان ئاوێتەن لەگەڵ یەكدا .. زۆرجار كە لە بواری شانۆدا كاردەكەین هەمیشە ئەڵێین شانۆ دایكی هەموو هونەرەكانە واتە هەموویان لە ئامێز دەنێت ، ئەم دوو شێوە ئاوێتەبوونە دەوڵەمەندییەك دەبەخشێت لە بواری كاركردنمدا .. زۆرجار رای ئیسماعیل وەردەگرم لە دانانی رەنگ و رووناكی و پۆستەر و دیكۆردا چونكە ئەو وەك هارمۆنییەك لەوانەیە لە گونجاندنی رەنگەكاندا ئەزموونی لەمن زیاتر بێت بە حوكمی كاركردنی لە هونەری شێوەكاریدا وە زۆر یارمەتیدەریشم بووە ، كاری هونەری شانۆ گەلێك جار دەبێتە تابلۆیەكی زۆر كارپێكەر .. چونكە زۆر دیمەنت هەیە تابلۆیەكە بۆخۆی ، كەواتە هیچ كاتێك ناتوانیت هونەری شانۆ داببڕیت لە شێوەكاری و میوزیك چونكە هەرسێكیان ئاوێتەن لەگەڵ یەكدیدا و پێكەوە مۆركی هونەری رەسەن دەبەخشن .

یوسف : ئەو كارە شانۆییانەی لێرە و لەوێ‌ دەكرێ‌ بە حوكمی ئەوەی ئەزمونێكت هەیە چ جیاوازییەك لە نێوانیاندا دەبینیتەوە ؟

گەزیزە : ئەو بزوتنەوەیەی لێرە دەبینرێ‌ بە هیچ شێوەیەك ناكرێت بەراورد بكرێت بەوەی كە لە دنیای دەرەوە دەبینرێ ! جیاوازییەكان زۆرن هەر لە توانای ئەكتەرەوە هەتا ئەو شتانەی كە كارە هونەریەكە تەواو دەكەن ، لەوێ‌ هونەر بەشێوەیەك بووەتە پیشە خەڵك رێزێكی تایبەتی لێدەگرێت ، یەكێك لەو هونەرانەی زۆر لە ئاستێكی بەرزدایە و زۆرگرانە هونەری شانۆیە ! بەڵام ئەوان بارودۆخیان باشترە بە حوكمی ئەوەی دەوڵەتن و هونەر بووەتە پیشە لایان لە هەمان كاتدا جێگە و رێگە و شانۆیەكی زۆر باشیان هەیە كە دەوڵەت باڵا دەستە و كارەكانیان بۆ دەبات بەڕێوە.. هەر هونەرێكیش بەم شێوەیە بێت بێگومان زۆر پێشكەوتوو ئەبێت لەوەی كە ناوەكیانە هەوڵی بۆ بدرێت وەكو تیپێكی سەربەخۆ وەك ئەوەی كە لێرە هەیە ، بەڵام لە ئەنجامی ئەوانەی من دیومە لە دەرەوە هونەرمەندی كورد توانایەكی زۆر باشی هەیە ئەگەر ئەو تەكنیكانەی بۆ بڕەخسێنرێ ! كە ئەمڕۆ لە ئەوروپا رەخسێنراوە ، بەڵام تۆ ئێستا لە شوێنێكدا كارئەكەیت ئەو شتانەی كە ئەتەوێ‌ زۆر بە زەحمەت دەستت ئەكەوێ‌ .. داهێنانیش پابەندە بە تەكنیكەوە .

یوسف : ناوەرۆكی بابەتەكانت لەسەر خەونە خەفەكراوەكانی ژن ئەدوێن ئەمانە لە كوێوە سەرچاوە ئەگرن وە چی وا لە تۆ ئەكات بەم شێوەیە كار بكەیت ؟

گەزیزە : زۆر خۆم لە قەرەی ئەو بابەتانە داوە كە لە ناخی ئافرەتدا كۆبۆتەوە .. تا بتوانم جارێكی دیكە بیوروژێنم وە هەندێ‌ جاریش لەوانەیە توانیبێتم پەیامی خۆم بگەیەنم ! هەستدەكەم ئەزمونێكی نوێیە كە بتوانم لە بواری كێشەی ژناندا كار بكەم چونكە پەیوەندیمان پێكەوە هەیە ، كە دەڵێن ژن زەرەرمەندە و قوربانی دەرە و بە حوكمی سۆز و خۆشەویستی بەردەوام باج دەدات لە پێناو ئەوەی بتوانێت بەردەوام بێت لە ژیان بێئەوەی هیچ شتێكی پێ ببەخشرێت ! لەوانەیە باشتر بتوانم لە باری سایكۆلۆژیای ژنێك بدوێم بە حوكمی نزیكبوونەوەم لێیان وەك كەسیەتییەكی ژن ، وە چەندە كۆمەڵ ئەو كێشانە بۆ ژن دروست بكات گەلێك جاریش ژن خۆی حوكمێكی دیكتاتۆریانە ئەدات بەسەر بەرامبەریدا یا بەسەر خۆیدا كە وای لێبكات لەناو ئەو كێشانەدا بمێنێتەوە ، دەمەوێ‌ لەم بازنەیەدا بخولێمەوە تا بتوانم بگەمە ئەوەی بڵێم ئێدی بەسە و پێویستە لە دەرگای تر بدەم بەڵام كێشەكان ئەوەندە زۆرن رەنگە زەمەنێك یا مێژوویەكی تری بوێت تا بەردەوام بم تیایدا .

یوسف : پاش ئەم تەمەنەت دەتەوێ‌ چی بڵێیت بۆ ئایندەی شانۆی كوردی ؟

گەزیزە :هەستدەكەم سەرەتای كاركردنمە و ئەزموونەكانم لەمڕۆوە دەست پێدەكات ، ناتوانم وەك نوسەرێكی ئاقڵ و دەرهێنەرێكیش خۆم لە قەڵەم بدەم چونكە دنیای شانۆ بەرفراوانە .. بێ سنوورە .. دەریایەكە تا مەلەی تێدا بكەیت هەر پێویستت بەوە هەیە پەل بهاویت ، من ناتوانم شتێك بەشانۆی كوردی بڵێم تەنیا ئەو تاقیكردنەوانە نەبێت ساڵانە لە بەرهەمەكانمدا پێشكەشی بینەرانی دەكەم ، بۆیە من ئەمەوێ‌ بزانم ئاخۆ شانۆی كوردی چی لە ئێمە دەوێت تا خۆمانی بۆ بكەینە قوربانی ؟!

          
سەرنج :
شانۆ ئەو دونیا جوانەیە كە راستگۆیانە چی لە دڵیدایە بێ پەردە هەمیشە ئامادەیە پێمان بڵێت .. هەموو شۆڕشێكیش بێگومان سەرەتایەكی هەیە .. كۆمەڵێك سوارچاك رابەرایەتی دەكەن .. ئەم رێڕەوەش بێ قوربانیدان هەركیز ترۆپك بەدەست ناهێنێ  ئەمە بە شێوەیەكی گشتی .. بەڵام بۆ ژن بەشێوەیەكی تایبەتمەند لەبەرئەوەی ئێمە نەوەی رۆژهەڵاتین و خاوەن كۆت و بەندی كەلتوور و كۆمەڵایەتین ..سانا نییە ژنێ‌ بتوانێ‌ بێتە سەر شانۆ و نەفرەت لە كەم و كورتییەكانی كۆمەڵگا بكات .. (گەزیزە عومەر) یش یەكێكە لەو شێرە ژنانەی كە سنووری هەموو كۆت و بەندەكانی پساند و بووە سەربازێكی كارامەی ئەم بوارە ..

Yousif_kazh@yahoo.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.