Skip to Content

Friday, September 25th, 2020

گمەى دوو كۆترى فرمێسك

Be First!

     حەمە سەعید كەلارى……

 كات……….
  وەختى رشتنى ئەشكە بەسەر ریشى ماش و برنجیى پایزى تەمەنا
 زەمەن…….
 زەمەنى سەرگەردانیى عەقڵە لە پایتەختى عەشق و ئازارا
 شوێن……..
 دوا پەناگەى رۆحە لە مەملەكەتى سەبووریدا
 خەیاڵ……..
 لە  قووڵایى روبارى  زاما  نوقمە و
  لە حەسرەتى دڵى  یاقوتێك ئەڕوانىَ
    دەسپێك ……
  لە بۆسەدا رامانێكى  قووڵە
 لە راوى ئاسكە كچێكى سەلارى دەشى تینویەتیم ئەگەرێتەوە
 لەوێندەر…….
 ترس منداڵێكى بێنەوایە لەبن بێخەفى بێكەسییدا
 گرمۆڵە ئەبىَ وشەوانە چەقۆى هەنسك گەردنى ئەسوىَ
 سات…….
 ساتى عەسرە چایەكى درەنگ وەختى  تاڵە
 لە تەك بارانى حەزە جوانەكانا چاوشاركىَ ئەكا
 لەژێر بارینى زەردەپەڕ و  رۆشنیى ئاوى ئارەزووا
 نێركسە جاڕى نیعمەتى لە بێركردن ،  پاراو ئەكا ،
  نووكى پەنجەى نەرمى قەدەر
  سەهوێكى  پڕ  بەرەكەتە
 ژمارەى پەنجەى هەردوو دەس ئەنوسێتەوە
 ئا لەو گەمە چێژبەخشەدا
 ژمارەى  سێى ماندویەتیم  ئەنوىَ و
 دووى شكستەى بەختم بە خەبەر دێتەوە
 ئێمە سیانەین
 "" باوك و كوڕ ، رۆحى موقەدەس ""
 لە بەهەشتى عەشقیكدا وا ئەبرژێین و هەڵئەقرچێین
 ئیتر ژوان……….
 درەنگ وەختێكى شەوانە
 پەڕەسێلكە چپەى  پڕچنگ
 تاریكى رۆحم لێئەكا بە چراخان
 مەودا………….
 سەدان فەرسەخى ساردو سڕ ، نێوانمانە
 رۆحى شێتى كەناریەك
 گوێى تامەزرۆیى بیستنم  ، هەردوو ئەكاتە هێلانە ،
 كەناریەكە بچكۆلە
 دڵ گەورەتر
 بە قەد خەمى ئەنفالبارێ
 لە ویژدانى وتەبێژێ
 هەشاو هەشت هەزار جا قورستر
 كەناریەك
 دوانزە مانگ بین ئەچریكێنىَ و
 سات لە دواى سات ،
 ئێمە هەرتك ئەگرێین و پێئەكەنین
 گەورە ئەبین
 ئەو شەوانە……..
 نوتقى شەكەربارى لەزەت
 پەڵپ و وڕكى مناڵانە
 شەپۆلە مسكى هەناسەىگەرمى ،لەتەك
  بۆى بوخوردى سوتانما
 ئاوێزانى یەكدى ئەبن
 هەموو شەوىَ
 ئیمراتۆریەتى بەهار
 مەملەكەتى درەختى سەوز
 كۆمارى گوڵ ، داگیرمەكەن
 هەموو كاتىَ
 پایتەختى شانشینى مێهەنگى ئەوین
 ئیمارەتى شووشەى عەتر ،  ئەمدوێنن
 هەموو ساتىَ
 شەتاوى كەڵكەڵەى خەم و
 زەردەخەنەى زنە و كانى
 نركەى هەورى سەرهەڵگرتوو
 داخورمان و هەرەسى بەفر
 لە كوێستانى خۆشبەختیما
 كەرنەڤاڵى گریەو پێكەبین ئەگێڕن
 تاك        تاك
 جووت جووت
 بەكۆ دێن و
 زیارەتى كەعبەى شیعرى چاوتەڕمەكەن .
 دەمەو بەیان
 بەرلەوەى یەكەم چۆلەكە بجریوێنىَ
 پەرداخىَ  شەرابى  تازەى
 ترێى نازەنینى ناز و
 قەرەداخى دڵى رۆژانى داخ چەشتوو
 ئەخۆینەوەو
 وەك سەهۆڵبەندانى قوتبى ئاخر زەمان
 چاوى رۆحمان ئەكرێتەوە
 وردە وردە ئەتوێینەوەو
 لە ناو هەڵمى هەڵچوونێكا ئەبین بە یەك
 بە هەور 
 چەخماخەى مەحەبەت ،
 دەبینە رێژنە باران و
 جوتىَ كۆترە بەفرى فرمێسك
 بە دەنووكى پڕ تامى ماچ
 گمەى عەشق ئە نووسینەوە .
 

Previous
Next

Leave a Reply