Skip to Content

Friday, September 18th, 2020

گه‌ر کوردێک به‌ پ.ک.ک بڵێ تیرۆریست،ئیتر بۆچی لۆمه‌ی عه‌ره‌بێک بکه‌ین

Be First!
by April 16, 2008 گشتی

  مه‌جید دڵنیا…..  

برایه‌ک به‌ناوی سه‌ڵاح گه‌رمیانی، له‌ وه‌ڵام به‌ لێداونێکی وته‌بێژی حیزبی ئیسلامی عێراقی عبدا‌لکریم سامه‌ڕڕائیدا،که‌ له‌چاوپێکه‌و‌تنێکی رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌ی ژماره‌114دا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌،که‌ سامه‌ڕڕائی له وێدا، پارتی کرێکارانی کوردستانی به‌ تیرۆریست له‌قه‌ڵه‌مداوه‌.
دیاره‌ من له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆکی بابه‌ته‌که‌ هیچ شتێکم نییه‌،جگه‌ له‌ ده‌ستخۆشی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێویسته‌ بووترێ ئه‌وه‌یه‌ که‌،ئێمه‌ پێشئه‌وه‌ی لۆمه‌وگله‌یی له‌ عه‌ره‌بێکی وه‌ک تارق هاشمی،سامه‌ررائی،مالکی یا هه‌رکه‌س ولایه‌کیتر بکه‌ین،ده‌بێ گله‌یی له‌خۆمان بکه‌ین.سه‌رکرده‌و لێپرسراوانی کوردی وه‌ک تاڵه‌بانی و نێچیر بارزانی وهۆشیار زێباری چه‌ندین جار به‌به‌رچاوی کامێراکانی دونییاوه‌ به‌( پ.ک.ک )یان وتووه‌ تیرۆریست، هه‌مووشمان ده‌زانین ئه‌و لێداوانانه‌ جگه‌ له‌ درۆیه‌کی گه‌وره‌ هیچیتر نین و ته‌نیا بۆمه‌به‌ستێکی کاتی خۆیان و حیزبه‌کانیانه‌.
پێویسته‌ لێره‌دا قسه‌یه‌ک بۆ مێژوو بکه‌ین،هه‌تا سه‌رکرده‌و لێپرسراوانی  کورد به‌ (پ.ک.ک) یان نه‌ووتبوو تیرۆریست  لێپرسراوێکی عه‌ره‌بی عێراقی و غه‌یری عێراقی زاتی ئه‌وه‌یان نه‌کردبوو به‌ پ.ک.ک بڵێن تیرۆریست! به‌ڵام کاتێک به‌ ناو سه‌رکرده‌و لێپرسراوێکی کورد بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و حیزبه‌که‌ی و ماستاوکردن بۆ دڕنده‌ترین دوژمنی کورد،رێکخراوێکی کوردی به‌ تیرۆریست ناوده‌بات، کاره‌سات له‌ نێوماڵی کورددا، ئاله‌وێوه‌‌ ده‌ستپێده‌کات! گه‌ر تاڵه‌بانی وه‌ک کوردێک و وه‌ک سه‌رۆکی عێراق به‌ پ.ک.ک بڵێت تیرۆریست ،ئیتر بۆعاجباتی بێت،جێگرو سه‌رۆک وه‌زیرانه‌که‌ی که‌ عه‌ره‌بن به‌ پ.ک.ک بڵێن تیرۆریست! ئێمه‌ پێویسته‌وه‌کو کورد له‌ پێشا هه‌ڵوێستی کامیان شه‌رمه‌زار بکه‌ین؟بۆ ئێمه‌ی کورد لێدوانی ئاوا هی کامییان قێزه‌ونترو شه‌رمهێنتره‌؟
بۆیه‌ به‌بڕوای من زۆر ئاساییه‌ لای که‌سانێکی وه‌ک هاشمی وسامه‌ڕرائی و هاوشێوه‌کانی نه‌ک ‌ پ.ک.ک به‌ ڵکو به‌هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌کی کوردی له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستاندا،بڵێن تیرۆریست،گێره‌شێوێن و تێکده‌ر،چونکه‌ بۆچوونی ئه‌وانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ کورد  بۆ هه‌موومان رۆشنه له‌ هه‌ر سه‌رده‌م و له‌ژێر هه‌رناوێکدا بێت.دیاره‌ ئه‌مڕۆش ئه‌وانه‌ له‌ ژێر په‌رده‌ی ئیسلامه‌تیدا،هیچ نین
جگه‌ له‌ درێژکراوه‌ی عروبه‌که‌ی قه‌عقاع وسه‌دام.دیاره‌ میدیای تورکی و حکومه‌ته‌ به‌ناو ئیسلامییه‌که‌ی ئا.که‌.په‌ش له‌م رووه‌وه‌ رۆڵی خۆیان  بینیووه‌،ئه‌وه‌ میدیا وحکومه‌ت ولێپرسراوانی کوردن له‌ ئه‌رکه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌که‌ی خۆیاندا ‌،که‌مته‌رخه‌من.
بۆیه‌ گه‌ر کارێکی وا بۆ خه‌ڵکانێکی غه‌یره‌ کورد ئاسایی بێت،ئه‌وه‌ هه‌رگیز بۆ سه‌رکرده‌و لێپرسراێکی کورد ئاسایی نییه‌،هاوزمان وهاوخه‌باتێکی خۆی به‌ تیرۆریست ناوببات.زوبێر ئایدار( وته‌نی ئه‌وه‌ زۆر جیاوازه‌ که‌ دوژمنه‌که‌ت پێتبڵێ تیرۆریست یا   کوردێک وابڵێ)چونکه‌ به‌راستی بۆ کوردێک ئه‌وه‌ زۆرنیشانه‌ی پرسیارو گومان  هه‌ڵده‌گرێ! قسه‌کانی سامه‌ڕڕائی له‌و چاوپێکه‌تنه‌دا باشترین به‌ڵگه‌ن،که‌ رۆژنامه‌ نووسه‌که‌ چه‌ند ده‌یهێنێ وده‌یبا به‌ڵام زمانی نه‌یهێناوه‌ به‌ حه‌ماس و جیهاد و حیزب الله‌ی لوبنانی بڵێ تیرۆریست! به‌ڕاستی کاتێک سه‌رکرده‌و لێپرسراێکی کورد ئه‌و قسانه‌ی سامه‌ڕڕائی به‌رامبه‌ر به‌و‌ رێکخراوه‌ عه‌ره‌بییابه‌ ده‌خوێننه‌وه‌،ده‌بێ له‌ ئاست به‌ تیرۆریست ناوبردنی پ.ک.کدا عاره‌قی خه‌جاڵه‌تی بڕێژن وملی شه‌رمه‌زاری شۆڕبکه‌ن!
ئه‌وه‌ی له‌و وتاره‌دا تێبینیمکرد،که‌ دیاره‌ ئه‌مه‌ چه‌ندین جاره‌ لای نووسه‌ران دووباره‌ ده‌کرێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ نووسه‌رانێک بابه‌تێکی به‌ کوردی نووسراوو چه‌ندین پرسیاره‌وه‌  ئاڕاسته‌ی  خه‌ڵکانێکی غه‌یره‌ کورد ده‌که‌ن ،که‌ شتێکی ناجۆریان دژ به‌ کورد وتووه‌، ئێمه‌ فێربووین ته‌نیا قسه‌ بۆ خۆمان ده‌که‌ین بابه‌تێکی ئاوا مادام وه‌ڵامێکه‌ بۆ عه‌ره‌بێکی وه‌ک سامه‌ڕڕائی و چه‌ندین پرسیاری ئاڕاسته‌ کراوه‌، زۆر لۆژیکانه‌ترو جوانتر ده‌بوو گه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بی  بنووسرایه‌، خۆ زۆر باشتریشده‌بووگه‌ر له‌ سایتێکی عه‌ره‌بی یا رۆژنامه‌یه‌کی وه‌ک (شرق الاوسط یا حیاه‌ یا زه‌مان)دا بڵاوبکرابایه‌وه‌. دیاره‌ بابه‌تگه‌لێکی وه‌ها بۆ زمانه‌کانی ئینگلیزی،تورکی و فارسیش هه‌ر هه‌مان بایه‌خی خۆی و بگره‌ زیاتریشی هه‌یه.‌
ئاخر بابه‌تگه‌لێکی  ئاوا چۆن سامه‌ڕڕائییه‌کان  به‌رچاویان  ده‌که‌وێ یا هه‌واڵیان پێده‌گات و کێ بۆیان وه‌رده‌گێڕێت؟گه‌ر وانییه‌ ئه‌ی که‌واته‌ ئێمه‌ بۆ کێ ده‌نووسین؟ ئێمه‌ ده‌زانین چیمان به‌سه‌رداهاتووه‌ و ئێستاش له‌ پارچه‌کانی تردا ،چیمان پێده‌که‌ن و له‌ژێر جۆره‌ها
ناووناتۆره‌دا،چۆن شه‌رعییه‌تی کوشتنمان ده‌ده‌ن.به‌ڵام زۆر شت، زۆر ڕاستی بۆ خوێنه‌رو خه‌ڵکانی نه‌ته‌وه‌کانی غه‌یره‌ کورد رۆشن نییه‌، ئالێره‌وه‌ میدیا و هه‌ڵسوڕێنه‌رانی  رۆڵی کارا ده‌توانن  ‌ببینن.
که‌ به‌ داخێکی زۆره‌وه‌ ،له‌م  سه‌رده‌می گڵؤبالیزه‌یشنه‌شدا،میدیای کوردی وه‌ک پێویست به‌ ئه‌رکه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی خۆی هه‌ڵنه‌ستاوه‌ و میدیایه‌کی شلوشاوو که‌مته‌رخه‌مه‌.بۆیه‌ زۆر پێویسته‌ میدیا لۆکال وکاراکان و ئه‌وانه‌ی که‌ ئه‌رکی  مێژووییان ده‌که‌وێته‌ سه‌رشان له‌کات و ساته‌وه‌ختی خۆیدا قسه‌و وه‌ڵامی ده‌موده‌ستیان هه‌بێ.
کاتێک جۆرج بۆش پارتی کرێکارانی کوردستان به‌ دوژمنی ئه‌مێرکا ناو ده‌بات،زۆر زه‌رووره‌ کۆنسه‌ی سه‌رۆکایه‌تی ده‌ستبه‌جێ وه‌ڵامی خۆی هه‌بێ!نامه‌و روونکردنه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی گه‌لی ئه‌مێرکاو خودی بۆش و حکومه‌ته‌که‌ی بکات.گه‌لانی ئه‌وان وه‌ک گه‌لانی رۆژهه‌ڵات نیین ،ئه‌وان ده‌توانن فشار بخه‌نه‌ سه‌ر حکومه‌ته‌کانییان ،ئه‌و حکومه‌تانه‌ش گه‌ر نه‌ڵێم زۆر به‌ڵام تاڕاده‌یه‌ک گوێ
بۆ خه‌ڵکانی خۆیان راده‌گرن.نامه‌یه‌کی ئاوا گه‌ر له‌ سه‌ره‌تاشدا هیچ کاریگه‌ری نه‌بێت ،به‌ڵام له‌ درێژماوه‌دا گه‌ر کاریگه‌رییه‌کی که‌میشی هه‌بێ ،یا خه‌ڵکانێک له‌ واقیعیه‌تی ئێش و ئازاره‌کانی ئێمه‌ تێده‌بگه‌ن،که‌واته‌ توانیمان شتێک بکه‌ین.
یا که‌سێکی وه‌ک عمرو موسا یا هه‌ر عه‌ره‌بێکیتر که‌ به‌ پ.ک.ک ده‌ڵێن تیرۆریست ،نامه‌یه‌کی ئاوا لایه‌نی که‌م گۆڕانێک له‌ زهنییه‌ت و عه‌قڵییه‌تی خه‌ڵکانێک ده‌کات که‌ هیچیان ده‌رباره‌ی کورد نه‌بیستووه‌.
ده‌بێ ئه‌وه‌شمان له‌یاد نه‌چێت میدیای نه‌ته‌وه‌ سه‌رده‌سته‌کان و به‌تایبه‌تی تورکی له‌ شێواندنی سومعه‌ی بیووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی کورددا رۆڵی سه‌ره‌کیان بینیووه‌.
کاتێک تورکه‌کان ده‌ست له‌ ناوده‌ست له‌گه‌ڵ ئیسرائیلیه‌کاندا،دژایه‌تی کوردانی باکووری کوردستان و به‌تایبه‌تی پ.ک.ک ده‌که‌ن و باشووریش به‌ ئیسرائیلی دووه‌م ده‌چوێنن وپڕوپاگه‌نده‌ی مه‌شقپێکردنی کورد له‌ لایه‌ن کۆماندۆی ئیسرائیلیه‌وه‌ بڵاوده‌که‌نه‌وه‌،ئه‌مه‌ سیاسه‌تێکی دووفاقیی و زۆر هه‌رزانه‌ که‌چی زۆر به‌ساده‌یی به‌سه‌ر میدیای کوردیدا تێپه‌ڕده‌بێ!
له‌ مێژه‌ تورکان له‌سه‌ر ئه‌م په‌ته‌ یاری به‌ کورد ده‌که‌ن و به‌داخیشه‌وه‌ تا ئێستاش هه‌ر سه‌رکه‌وتوون و ئێمه‌ هه‌ر فێرنه‌بووین ئه‌و سیاسه‌ته‌ سوواوه‌ ‌ پووچ بکه‌ینه‌وه‌..
میدیا ئاله‌م کاته‌دا ده‌توانێ سیاسه‌تێکی وا دوفاقی ریسوا و ئیبراز بکات و زۆر هه‌وڵی شێوێندراو رۆشن بکاته‌وه‌.زۆر گرینگه‌ بزانین به‌ چ زمان و شێوازێک رووبه‌ڕوو ده‌بینه‌وه‌.چونکه‌ هه‌ندێ جار میدیا له‌ شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه‌ کاریگه‌رتره‌!

diyako_8@hotmail.com

                                                           
-سه‌ڵاح گه‌رمیانی ،کوردستان نێت.7.4.08
-زوبێر ئایدار،هاووڵاتی،12.7.08

Previous
Next

Leave a Reply