Skip to Content

Friday, September 18th, 2020

گه‌مارۆی سه‌ر قه‌ندیل: ده‌سه‌ڵاتی کوردی و هه‌وڵی ئازادیخوازانه‌ی رۆژنامه‌نووسان …. شاخه‌وان شۆڕش

Be First!
by February 12, 2008 گشتی

وه‌کو ده‌زانین جێبه‌جێکاری هه‌رێمی کوردستان گه‌ماڕۆی خستۆته‌سه‌ر قه‌ندیل و ناوچه‌کانی بناری قه‌ندیل، ئه‌و ناوچانه‌ی کۆمه‌ڵێ گوندی تێدایه‌ و ژینگه‌ی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دێهاتیی بۆ سه‌دان خێزان ده‌گرێته‌ خۆی. جگه‌ له‌و خه‌ڵکه‌ گوندنشینه‌ گه‌ریلاکانی پ.ک.ک به‌ره‌گا و بنکه‌یان له‌ هه‌ندێ شوێنی ئه‌و دۆڵه‌دا هه‌یه‌. ئه‌و گه‌مارۆیه‌ یه‌کێکه‌ له‌و کرده‌وانه‌ی دژ به‌ پ.ک.ک که‌ له‌ ئه‌نجامی ڕێککه‌وتنی سێقۆڵی نێوان ئه‌مه‌ریکا و تورکیا و ئێراق کراوه‌. ئه‌مه‌ریکا له‌رووی زانیاری هه‌واڵگریه‌وه‌ هاوکاری تورکیا ده‌کات، جێبه‌جێکاری هه‌رێمی کوردستان وه‌کو به‌شێک له‌ ئێراق و ملکه‌چی به‌رژه‌وه‌ندی ناسیونالیستانه‌ی ئێراق له‌ ڕێکه‌وتنه‌که‌دا به‌شداره‌ و هه‌ندێ له‌ خاڵه‌کانی ڕێکه‌وتنه‌که‌ جێبه‌جێ ده‌کات.  له‌ ڕێکه‌وتنه‌که‌دا ڕێگه‌ به‌ هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر قه‌ندیل دژ به‌ باره‌گاکان و شوێنی جموجۆڵی گه‌ریلاکانی پ.ک.ک دراوه‌. واته‌ ئه‌و ناوچانه‌ی ده‌که‌ونه‌ ناو چوارچێوه‌ی گه‌مارۆکه‌ بۆ بۆردومان و تاوانکاریه‌کانی تورکیا به‌ره‌ڵا کراون.
فرۆکه‌ جه‌نگیه‌کانی تورکیا به‌رده‌وام له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕبردوودا قه‌ندیل و ناوچه‌ی دیکه‌یان تا به‌ری بادینان لێره‌ و له‌وێ بۆردومان کردووه‌. بۆمبابارانه‌کان بوونه‌ته‌ هۆی ده‌ربه‌ده‌ری به‌ سه‌دان خێزان، کوشتن و بریندارکردنی هه‌ندێ له‌ گوندنشینه‌کان، کوشتنی به‌ سه‌دان مه‌روماڵات و ئاژه‌ڵی دیکه‌، تێکدان و ڕماندنی خانوو و خوێندگه‌ی منداڵان، هه‌روه‌ها زیانی ماددی دیکه‌ی به‌ ناوچه‌کان و گوندنشینه‌کان گه‌یاندووه‌.

له‌ دوای بۆردومانه‌ گه‌وره‌که‌ی سه‌ر گونده‌کانی ناوچه‌ی قه‌ندیل، که‌ بووه‌هۆی ئه‌وه‌ی ژنێک گیانی له‌ده‌ست دا، هه‌ندێکی تر بریندار بوون و به‌سه‌دان خێزان ئاواره‌ بوون، مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان سه‌ری به‌رکه‌وتووانی دا و به‌ڵێنی به‌ خه‌ڵکه‌که‌ دا، که‌ ئه‌و بۆردومانه‌ چیتر په‌سند ناکرێت و نابێ دووباره‌ بێته‌وه‌.
هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ی بارزانی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی دایه‌ خه‌ڵکه‌که‌، فرۆکه‌کانی تورکیا قه‌ندیلیان بۆردومان کرده‌وه‌ و له‌و ساوه‌ به‌ده‌یانجار له‌ قه‌ندیله‌وه‌ تا ناوچه‌کانی نزیک دهۆک و ئامێدی ناوه‌ ناوه‌ بۆردومان کراون. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی کوردی دژی هێرشه‌کان بن و ئه‌و گوتنانه‌ هه‌ر تاکتیک نه‌بن، هه‌ڵوێستی جێبه‌جێکاری هه‌رێمی کوردستان و سه‌رۆکی هه‌رێم تا ئێستا له‌ چه‌ند وته‌یه‌ک تێنه‌په‌ڕیووه‌ و نه‌یتوانیووه‌ هێرشی تورکیا ڕابگرێت. دیاره‌ بوونی گه‌مارۆکه‌ و ڕێگرتن به‌ ئاشکرابوونی تاوانکاریه‌کانی تورکیا ئاماژه‌ به‌ ئاراسته‌یه‌کی پێچه‌وانه‌ی ئه‌و گوتنه‌ لاوازانه‌ ده‌که‌ن. هه‌روه‌کو تورکیا له‌ بۆردوومان به‌رده‌وامه‌، بێئه‌وه‌ی که‌سێ بزانێ زیانی ئه‌و بۆردومانانه‌ چییه‌ و تورکیا کوێ بۆردومان ده‌کات. به‌کورتی تورکیا به‌ ئاره‌زووی خۆی لێده‌دات و تێک ده‌دات، ده‌سه‌ڵاتی کوردیش لێناگه‌ڕێت که‌سێ بزانێ له‌و ناوچانه‌ چێ ڕوو ده‌ده‌ن.
هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ مه‌سعود بارزانی بانگاشه‌ی بێلایه‌نی ده‌سه‌ڵاتی باشوری کوردستانی له‌ کێشه‌که‌ ڕاگه‌یاند، ره‌نگه‌ ئه‌و دابرین و گه‌مارۆیه‌ش ئه‌و بانگاشه‌یه‌ی بۆ بکرێت، به‌ڵام جگه‌ له‌ ناوچه‌کانی قه‌ندیل تورکیا ناوچه‌ی دیکه‌شی بۆردومان کردووه‌ و ده‌کات، بۆیه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی ناتوانێ خۆی له‌به‌رپرسیارییه‌ مۆرالی، ڕامیاری و کانونیه‌کان ده‌رباز بکات.
له‌رووی کانونی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ بۆردوومانی تورکیا بۆ چیاکانی قه‌ندیل و ناوچه‌کانی دیکه‌ به‌ بیانووی بوونی هێزه‌کانی پ.ک.ک، بۆردومانی ناوچه‌یه‌که‌ که‌ ده‌که‌ونه‌ژێر سه‌روه‌ری ستاتی ئێراق به‌گشتی و هه‌رێمی کوردستان به‌ تایبه‌تی، بۆیه‌ ئه‌وه‌ پێشێلی سه‌روه‌ری ئه‌و ستاته‌ به‌گشتی و هه‌رێمی کوردستان به‌تایبه‌تییه‌، که له‌هه‌مان کاتدا‌ پێشێلکردنی کانونی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌. دیاره‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا کێشه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نییه‌، چونکه‌ له‌گه‌ڵ تورکیا له‌سه‌ر لێدانی پ.ک.ک ڕێککه‌وتوون. هه‌ڵوێستی پاسیڤ و گه‌مارۆکه‌ی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی هه‌رێمی کوردستان ملکه‌چیی ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن. به‌کورتی ده‌سه‌ڵاتی کوردی په‌سندی پێشێلکردنی سه‌روه‌ری ناوچه‌که‌ی ژێرده‌ستی خۆی کردووه‌.

هه‌ندێ ڕیکخراوی ئازادیخواز، رۆژنامه‌نووس و نووسه‌ر هه‌ڵمه‌تی دژایه‌تی گه‌ماڕۆکه‌یان ده‌مێکه‌ ده‌ستپێکردووه‌، کار بۆ نه‌هێشتنی گه‌مارۆکه‌ ده‌که‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن خه‌ڵک له‌ رووداوه‌کانی ئه‌و دیو گه‌ماڕۆکه‌ ئاگادار بن و کرده‌وه‌کانی تورکیا بۆ خه‌ڵک ئاشکرا بکرێن. سه‌ره‌تا واژوو کۆکرایه‌وه‌ و داوای لابردنی گه‌ماڕۆکه‌ کرا، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات نه‌جوڵا. رۆژنامه‌نوسان بڕیاریان دا هه‌ندێ کرده‌وه‌ بۆ شکاندنی ئابڵووقه‌که‌ ئه‌نجام بده‌ن، گوێ به‌ گه‌ماڕۆ نه‌ده‌ن و بچنه‌ ناوچه‌ به‌رکه‌وتووه‌کان و ریپۆرتاژ له‌سه‌ر زیانه‌کان بگه‌یه‌ننه‌ خه‌ڵک و تاوانه‌کانی تورکیا ئاشکرا بکه‌ن. پۆلیسی کوردی سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم به‌ره‌نگاریان بوونه‌وه‌، ڕێگه‌یان پێگرتن، هه‌ندێکیان ئازار دان و چه‌ندانێکیان گرتن. به‌ڵام رۆژنامه‌نوسان ملیان نه‌دا و هه‌ندێکیان له‌ژێر ناوی مه‌فره‌زه‌ی قه‌له‌م ڕێچکه‌ی قاچاغیان گرته‌به‌ر، خۆیان گه‌یانده‌ ناوچه‌که‌، هه‌ندێ زانیاریان له‌سه‌ر رووداوه‌کان کۆکرده‌وه‌ و پاشان بڵاویان کردنه‌وه‌. جموجۆڵه‌کانی رۆژنامه‌نووسان به‌رده‌وامه‌ و ئاکسیۆنی تر ره‌نگه‌ ئه‌نجام بدرێن.

‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی وه‌کو به‌رپرسیار له‌ ئاسایشی خه‌ڵکی کوردستان ده‌بوایه هه‌رگیز له‌ زیانگه‌یاندن به‌ ناوچه‌کانی ژێرده‌ستی و هاوڵاتیانی ناوچه‌که‌ بێده‌نگ نه‌بێت و هه‌ڵوێستی گونجاوی به‌رپرسیارانه‌ بنوێنێت. ده‌بوایه‌ دژی ئه‌و پێشێلکاریانه‌ بوه‌ستێت، چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد له‌ باکوری کوردستان بخاته‌ ناو تورکیا و جیهانی لێ به‌ئاگا بێنێت. ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌ باشوری کوردستان مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ئه‌و‌ گوشاره‌ بکات له‌ کاتێکدا تورکیا پێشێلی سه‌روه‌ری هه‌رێمی کوردستان ده‌کات، هه‌روه‌ها وه‌کو به‌رگری له‌ مافی گه‌لی کورد له‌ باکور که‌ هاونه‌ته‌وه‌ن له‌گه‌ڵ کوردی باشور.

ئه‌و کاره‌ی رۆژنامه‌نووسانی ئازاد ده‌یکه‌ن کارێکه‌ ده‌چێته‌خانه‌ی هه‌وڵه‌کان له‌ پێناو ئازادی به‌هه‌موو واتاکانیه‌وه‌، دیاره‌ ئه‌و کاره‌ ته‌نها ئه‌رکی  رۆژنامه‌نووسان نییه‌، به‌ڵکو هه‌موو که‌س و ڕێکخراوێک که‌ بانگاشه‌ی ئازادی ده‌که‌ن ده‌گرێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌نووسان ده‌یانه‌وێ له‌ چوونیان بۆ ناوچه‌ به‌ره‌که‌وتووه‌کان بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕاستی ڕووداوه‌کان ئازادکرێن، ئه‌وا له‌سه‌ر که‌سانی دیکه‌ی ئازادیخوازه‌ بۆ ئازادی خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ تێبکۆشن، دژی پێشێلکاریه‌کانی تورکیا بۆ سه‌ر مافه‌کانی مرۆڤ له‌ ناوچه‌که‌دا بوه‌ستنه‌وه‌. ئه‌وه‌ی تورکیا و ده‌سه‌ڵاتی کوردی ده‌یکه‌ن جگه‌ له‌ خنکاندنی ئازادی رۆژنامه‌گه‌ریی له‌ ناوچه‌که‌دا، به‌ڵکو پێشێلکردنی ئازادی خه‌ڵکی ناوچه‌که‌یه‌ و ره‌واکردنی ئه‌نجامدانی تاوانکارییه‌ به‌رامبه‌ریان‌.
 
بۆ گه‌مارۆ ده‌خرێته‌ سه‌ر قه‌ندیل؟ گه‌مارۆ له‌ قازانجی کێ دایه‌؟ جگه‌له‌وه‌ی گه‌مارۆکه‌ تورکیای له‌ تاوانکاریی ئازادکردووه‌، ئه‌وه‌ی رووده‌دات ڕێگه‌ له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی راستیه‌کان ده‌گرێت، چاوپۆشی له‌ کوشتن و ئاواره‌بوونی خه‌ڵکی سڤیل و بێده‌سه‌لاتی گونده‌کان ده‌کرێت.
ئه‌گه‌ر ناوچه‌کانی قه‌ندیل گه‌مارۆیان نه‌خرابایه‌سه‌ر، خه‌ڵک چ وه‌ک دانیشتوانی ناوچه‌که‌، چ وه‌ک رۆژنامه‌نووس و نووسه‌ر، چ وه‌ک چاودێری بێگانه‌ به‌ ئازادی ده‌چوونه‌ ناوچه‌که‌، ئه‌و ڕووداوانه‌ی له‌وێ هه‌بوون، له‌ چه‌ندین لایه‌ن و دیده‌وه‌ ده‌بیستران و بڵاوده‌کرانه‌وه‌، خه‌ڵک ئازادانه‌ له‌ بارودۆخی ناوچه‌که‌ ده‌گه‌یشتن، ئه‌مه‌ش وایده‌کرد ڕاستیه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی گونجاو بگه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌، هه‌روه‌ها پێشێلکاریه‌کانی تورکیا باشتر ئاشکرا ده‌بوون. ده‌کرا پاراستنی مافی مرۆڤ باشتر هه‌وڵی بۆ بدرێت و مسۆگه‌ری ئاسایشی خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ بکرێت، کێشه‌که‌ بخرێته‌به‌ر ڕای گشتی جیهانی و به‌مشێوه‌یه‌ هه‌ڵوێستی جیهانی. چونکه‌ وه‌کو گوترا تورکیا وه‌کو ستاتێکی بێگانه‌ مافی ئه‌وه‌ی نییه‌، ناوچه‌ی وڵاتێکی دیکه‌ بۆردومان بکات، بیانوه‌که‌ی هه‌رچی بێت. گه‌یاندنی پێشێلکاریه‌کانی تورکیا ده‌کرا به‌کاربهێندرێت له‌ لایه‌ک بۆ زیاتر گوشار خستنه‌سه‌ر تورکیا بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد به‌ ڕێگه‌یه‌کی ئاشتیانه، له‌ لایه‌کی تر بۆ باشوری کوردستان سوودی ده‌بوو، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌ستدرێژی تورکیا ریسوا ده‌کرا، ده‌کرا سۆزداری بۆ ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌ باشور به‌هێزتر بکات. دیاره‌ ئه‌وه‌ کاتێ ده‌کرا ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌ باشور هاوکاری تورکیای له‌ لێدانی پ.ک.ک نه‌کردبایه‌ و نه‌چووبایه‌ ژێر گوشاری ئه‌مه‌ریکا له‌مباره‌یه‌وه‌. به‌ڵکو وه‌کو ده‌سه‌ڵاتێک که‌ مه‌به‌ستی پارستنی سه‌روه‌ری ناوچه‌که‌یه‌تی هه‌وڵی پیاده‌کردنی مافی سه‌روه‌رێتی خۆی ده‌کرد.

له‌کۆتاییدا پێویسته‌ بگوترێت، هه‌وڵه‌کان به‌گشتی و به‌تایبه‌تی هه‌وڵی رۆژنامه‌نوسان بۆ شکاندنی ئابلوقه‌ی ڕاگه‌یاندن که‌ له‌داوایه‌کی ره‌واوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ و مه‌به‌ستی ئاشراکردنی ڕاستیه‌کان و پاراستنی مافی مرۆڤه‌ له‌ ناوچه‌که‌دا، بێگومان سوودی بۆ هوشیارکردنه‌وه‌ و ئاگادارکردنه‌وه‌ی خه‌ڵکی کوردستان و جیهان له‌ پێشێلکاریه‌کان و ناڕه‌وایه‌تیه‌کاندا هه‌یه، هه‌روه‌ها گوشارێک بۆسه‌ر ده‌سه‌ڵاتی کوردی دروست ده‌کات و به‌روه‌رووی ئه‌و راستیه‌یان ده‌کاته‌وه‌ که‌ ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یکه‌ن دژی ئازادییه‌ و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی تورکیا دایه‌. دیاره‌ واپێناچێ ده‌سه‌ڵات گوێ به‌و هه‌وڵانه‌‌ بده‌ن، به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵه‌ بوێرانه‌ی رۆژنامه‌نوسان به‌لایه‌نی که‌م ده‌سه‌ڵات به‌ره‌وڕووی راستیه‌کان ده‌کاته‌وه‌، هه‌ڵوێست و بۆچوونێکی جیا که‌ به‌رگری له‌ ئازادی ده‌کات و ڕیسوای پێشێلکردنی مافه‌کانی مرۆڤ ده‌کات، به‌روویاندا ده‌درێته‌وه‌. ئه‌و هه‌وڵه‌ ئه‌و تروسکاییه‌ گرنگه‌یه‌ که‌ هیوای ئازادبوونی کوردستان و گه‌ل به‌ زیندووی ده‌هێلێته‌وه‌.

12.02.2008

Previous
Next

Leave a Reply