Skip to Content

Thursday, November 26th, 2020

گه‌نده‌ڵی به‌سه‌ر لووتی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ….جه‌مال حاجی

Be First!
by April 8, 2009 گشتی

{ گه‌نده‌ڵی به‌سه‌ر لووتی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ } …..جه‌مال حاجی

به‌ره‌و دووسه‌دو بیست ساڵ ده‌چین به‌سه‌ر بانگه‌شه‌کردنی مۆنتسکیۆ به‌ جیاکردنه‌وه‌ی هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاته‌کانی (یاسادانان و جێبه‌جێکردن  و دادوه‌ری ) له‌یه‌کتری ،ئه‌وه‌ش هه‌تاکو هه‌ریه‌ک کاره‌کانی خۆی به‌کاملی ڕاپه‌ڕێنێ و له‌وێشه‌وه‌ بیردۆزه‌ی (ماف) وه‌کو کیانێکی سه‌ربه‌خۆ بلکێنرێت به‌ وجودی هاوڵاتیه‌وه‌و له‌وێشه‌وه‌ هاوڵاتی له‌باتی ئه‌وه‌ی ئه‌رک و مافه‌کانی ته‌نیا ڕوبه‌ڕووی یه‌ک ئاڕاسته‌ بکاته‌وه‌ له‌ ئه‌نجامی بێئومێدیش له‌و په‌نایه‌ ،ئیدی بۆخۆی جۆش دامێنێ ،لێره‌وه‌ به‌پێی بیرۆکه‌که‌ی مۆنتسکیۆ ،داواکاریه‌کانی هاوڵاتی به‌پێی شێوه‌یان ڕوبه‌ڕوی ده‌زگای تایبه‌ت و پسپۆڕتر ده‌کرێته‌وه‌ و ئه‌مانه‌ش هه‌ریه‌ک به‌جۆرێک له‌جۆره‌کان چاودێری یه‌کتر ده‌که‌ن ،به‌تایبه‌تی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری.

له‌هه‌موو ئه‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌دا ته‌نیاو ته‌نیا دادگاکان هه‌بوون ،ده‌کرا واتێبگه‌ین که‌وا حیزب که‌مترین کارتێکردنی له‌سه‌ریان هه‌یه‌.که‌چی ده‌ره‌نجامه‌کان و به‌تایبه‌تی هێندێ له‌ڕاپرسیه‌کان ی دواتر (به‌داخه‌وه‌ ) له‌و په‌نا ئارامه‌شیان بێ په‌نا کردین.
مافناسێک له‌وانه‌ی که‌ڕاپرسیه‌کیان ئه‌نجامداوه‌ ،له‌ ( که‌ی ئێن ئێن ) دا باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ له‌سه‌دا بیستوهه‌شتی دادوه‌ران ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر هه‌ندێ جۆر له‌ده‌ستێوه‌ردانیش ببینین ئه‌وا قسه‌ ناکه‌ین،.و له‌نێو پارێزه‌رو فه‌رمانبه‌رانیشدا زۆربه‌ ( ئه‌غله‌بیه‌) ده‌ڵێت که‌ ده‌ستێوه‌ردان له‌ دادگاکاندا هه‌یه‌.
ئه‌مه‌ ڕاسته‌وخۆ ڕوبه‌ڕووی ئه‌و پرسیاره‌مان ده‌کاته‌وه‌ که‌ ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵی له‌ناو دادگاکانماندا چوارمشقی لێی دانیشتبێت،ئیتر له‌مه‌ودوا کێشه‌کانمان له‌کوێ چاره‌سه‌ر بکه‌ین،خۆ مه‌کته‌به‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی حیزبیش (شوکور) به‌ره‌و داخستن ده‌چن،.که‌واته‌ ته‌کیه‌ی شێخ  و خانه‌ی فاڵچی و ساحیران خۆت بگره‌ هاتم.

له‌ولاوه‌ په‌رله‌مانه‌که‌مان که‌ده‌بایه‌ بۆ تامی ده‌م هیچ نه‌بێت مودیر عامێکی بانگهێشت بکردایه‌و بۆ نمونه‌ بیپرسیایه‌ ئایا پێدانی بیست ده‌فته‌ر دۆلار بۆ گۆرانیبێژێکی فارس ،یان پێبه‌خشینی زه‌ویوزاری زۆر به‌کوڕی فڵان مه‌سئول،یان قوچاندنی کۆمپانیای پرۆژه‌کان ،یان سه‌رفکردنی پاره‌و پولێکی زۆر بۆ کڕینی دارودره‌خت و پاشان وه‌ک چۆن چاوه‌کانمان ڕۆژانه‌ ته‌پوتۆز ناشیرینیان ده‌کات ئاوهاش ئه‌وان له‌بێدادیان سپی هه‌ڵگه‌ڕاون …..

که‌چی و به‌داخه‌وه‌ تاکو ئه‌م له‌حزه‌یه‌ش هیچ که‌س ناتوانێت نکوڵی له‌و ڕاستیه‌ بکات که ده‌سه‌ڵاته‌کانی کاک نێچیر ( وه‌کو حیزب) له‌سه‌رووی بزاوتی په‌رله‌مانه‌که‌مانه‌وه‌یه‌.

حکومه‌تیش ،که‌ده‌بایه‌ وه‌کو وڵاتانی دیموکراتی فلته‌رێکی له‌سه‌ربایه‌ تاکو ڤایرۆسی گه‌نده‌ڵی (هه‌ر هیچ نه‌بێ) وه‌زاره‌ت به‌وه‌زاره‌ت،به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی،.هاتوچۆ نه‌کات،چونکه‌ له‌وڵاتانی  دیموکراتی ته‌ندروستدا( دوور له‌خۆمان) ،ئه‌و حیزبه‌ی که‌ حکومه‌ت دروست ده‌کات به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت هه‌وڵ ده‌دات که‌ سیایه‌ت له‌ حکومه‌ت دوور بخاته‌وه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر بێت و به‌جۆرێک له‌جۆره‌کان له‌لایه‌ن ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ له‌و جۆره‌ موداخه‌لانه‌ بکریت ئه‌وا ،حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ڕێگه‌ی یاساوه‌ بایکۆت له‌سه‌ر ئه‌و حیزبه‌ داده‌نێت ،ئه‌مه‌ش تاوه‌کو حکومه‌ته‌که‌ی که‌ئه‌و لێپرسراوه‌ به‌رامبه‌ری ،ڕوبه‌ڕووی ڕه‌خنه‌ی بارگاویبوون به‌سیاسه‌ت نه‌بێته‌وه‌،.
که‌چی لێره‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌و بگره‌ کادیره‌کانی حیزب ئه‌و حکومه‌ته‌ وه‌ک ماڵی باوکیان ته‌ماشا ده‌که‌ن،که‌ده‌توانن به‌ئاره‌زووی خۆیان لێی بخۆن و لێی بخۆنه‌وه‌و لێشی به‌رن.

له‌ولاشه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کورد نه‌ک هه‌وڵی باشبوون نادات،به‌ڵکو ده‌مانچه‌ ده‌کات به‌لاقه‌دی ئه‌وانه‌ی که‌ پرۆژه‌یان له‌بیابان ده‌کردو میلله‌ته‌که‌ی خۆیان له‌وشکه‌ساڵیدا به‌جێ ده‌هێشت.
ئه‌وانه‌ به‌نێوی حکومه‌ته‌وه‌ قسه‌ ده‌که‌ن که‌قسه‌ نازانن و که‌گوێت لێیان ده‌بێت یه‌که‌وڕاست شایه‌ری به‌رده‌م خه‌لیفه‌کانی ئومه‌ویت بییر ده‌که‌وێته‌وه‌.
له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ چۆن عومه‌ر حه‌سه‌ن ئه‌لبه‌شیر وه‌ک ئه‌وه‌ی بیهه‌وێت خۆڵ بکاته‌ چاوی ڕای گشتی دونیا،فه‌رمانبه‌رو خوێندکار و هه‌موو ئه‌وانه‌ی نانیانی به‌ده‌سته‌ دێنێته‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و پێیان ده‌ڵێت هاوارم بۆ بکه‌ن ،لێره‌ش بێ ئه‌وه‌ی بزانین که‌ئێمه‌ی به‌نیگا  به‌ره‌و سیستمێکی مودێرنی ڕۆژاوایی،تازه‌کێ….( چه‌ند له‌به‌شیریه‌کان ده‌چین ) .

 

 Jrar31@yahoo.com

 

Previous
Next

Leave a Reply