گه‌نده‌ڵی له کوردو‌ستان به مه‌لا به‌ختیار چاره‌سه‌ر ناکرێت !
مه‌لا به‌ختیار نوسینێکی سه‌رسورهێنه‌ری نوسیوه سه‌باره‌ت به هه‌لومه‌رجی ئابوری له کوردستاندا. له وتارێکدا مه‌لا به‌ختیار به‌نێوی” مه‌ترسی قه‌یرانی بانکه‌که‌نی سلێمانی… به‌ره‌و کوێ؟”که له 18 ئازار 2013 سایتی چاودیر نیوز دا بڵاوبۆته‌وه، ڕاستییه حاشاهه‌لنه‌گره‌کان ده‌خاته ڕوو، ئه‌و ڕاستیانه‌ی که لایه‌نی که‌م 10 ساڵه جیگای مشومڕو ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵکی کوردوستانه. خه‌ڵکی کورد‌ستان بۆ به‌ده‌ستهێنانی بژیوی خۆی له به‌رانبه‌ریدا خه‌باتی کردوه. مه‌لا به‌ختیار ئاماژه به دوو مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌کی ده‌کات: نه‌بونی سیاسه‌تێکی ئابوری گونجاو وه گه‌نده‌ڵی. به‌لام منیش وه‌کو مه‌لابه‌ختیار ده‌مه‌ویت ” ره‌خنه‌یه‌ك بێئومێده‌كان ئومێده‌وار بكات” ده‌نوسم به‌لام دیاره هه‌م بێ ئومێده‌کان و هه‌م ئومێده‌وارکردن مانای جیاوازی هه‌یه لای من.
سیاسه‌تی ئابوری
ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له کوردوستاندا دوو له‌ته، وه دوو ناوچه‌ییه. پیداویستی سه‌رمایه له‌ئاستی ناوچه‌که‌و جیهانیدا وا ده‌خوازێت که ده‌سه‌ڵاتی بو‌ژوایی له کوردوستاندا دووپارچه بێت، له ئێستادا. ناونیشانی وتاره‌که‌ی مه‌لا به‌ختیار نیشانی ده‌دات که ئه‌م ئیراده سیاسییه له کوردوستاندا دوو پارچه‌یی یه، ئه‌گه‌ر نا هه‌روه‌ک خۆی ئاماژه‌ی پێده‌دات بۆ ته‌نها له سلێمانی؟!. من لیره‌دا واز له ناوه‌رۆکی ئه‌و ئیراده سیاسییه ده‌هێنم، که ده‌سه‌ڵاتی بورژوایی کورده‌و تا ئێستا خاوه‌ن ئیراده‌یه‌کی یه‌کگرتوو نییه، وه پێم وانییه له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی ئێستادا ده‌سته‌به‌ر ببێت، وه هه‌روه‌ها واز له کاریگه‌رییه‌کانی بودجه‌ی عیراق ده‌هێنم له په‌یوه‌ند به سیاسه‌تی ئابورییه‌وه. به‌ڵام ئیراده‌ی سیاسی مانا‌و ناوه‌رۆکی سیاسی دیاریکراوی خۆی هه‌یه، ناوه‌رۆکه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که خاوه‌نی قه‌زییه‌یه‌ک بیت، که کۆمه‌لگا خستویه‌تیه سه‌ر مێزی هێزه سیاسیه‌کان، له کورد‌ستان ئه‌م قه‌زییه‌یه ده‌وڵه‌ته. ده‌سه‌ڵاتی بورژوایی کورد له ئێستادا خاوه‌نی ئه‌م قه‌زه‌ییه نییه. کاتێک خاوه‌نی ئه‌م قه‌زه‌ییه نییه، ئاماده‌یه هه‌موو ئامێر‌و پێداویستیه‌کانی به‌رهه‌مهێنان ئه‌ودیو بکات له‌سالێ 1991-1992دا، وه ئاماده‌یه سه‌روه‌ت و سامانی کوردو‌ستان له ژیر ناوی هێنانی سه‌رمایه‌گوزاریدا هه‌رزان فرۆش بکات، یاسای ژماره( 4 )ی ساڵی 2006 (یاسای وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمی كوردستان- عیراق) به رۆشنی به یاسایی کردنی ئه‌م هه‌رزان فرۆشی یه‌یه، له ڕاستیدا به‌رتیل دانی سیاسییه.
به‌لام ئایا ده‌سه‌لاتی کوردی نه‌خشه‌ی ئابوری نه‌بوه؟! به‌بروای من بوویه‌تی، وه ئه‌وه‌یه که جێبه‌جێکراوه. ئابوری کوردو‌ستان، بازاڕی ئازاده، بازاڕی ئازادێک که له ڕاستیدا له وانه‌یه بێ وێنه بێت له ئاستی جیهانیدا. له‌باری یاساییه‌وه ئه‌وه‌نده‌ی ئاگاداری یاسای وه‌به‌رهه‌مهێنانی ئه‌مه‌ریکا بم هێشتا ناگات به‌وه‌ی کوردو‌ستان، مه‌به‌ستم لایه‌نی یاسایی و ئاسانکاری و لێبوردنه‌کانه له باج ، گومرگ وپیدانی زه‌وی و …. به‌لام ئه‌مه یه‌ک لایه‌نی مه‌سه‌له‌که‌یه. بازاری ئازاد، به‌لام بازارێکی هه‌رج ومه‌رج له‌سایه‌ی باوه‌ری نیولیبرالیزمه‌کاندا ده‌چێته پێشه‌وه که له‌سالی 2002وه و ته‌نانه‌ت پێش هاتنی ئه‌مریکا ده‌ستی پێکردوه، که تایبه‌تمه‌ندییه‌که‌ی فه‌سادێکی بێ وێنه‌یه وه‌ک کۆله‌که‌یه‌کی سه‌ره‌کی له بونیادی به‌ڕیوه‌بردنی ئابوری‌دا، به‌لام فه‌ساد له‌بناغه‌وه کۆله‌که‌یه‌کی سه‌رمایه‌یه، له ڕیگای یاسا ئابورییه‌کانه‌وه، کراوه‌ته یاسا‌و نه‌ریتێکی ئابوری سه‌رمایه‌داری، به‌تایبه‌ت له بواری وه‌به‌رهێنانی سه‌رمایه‌ی مالی دا به‌شیوه‌یه‌کی هێجگار ڕۆشن ده‌رده‌که‌وێت. له کورد‌ستان ئه‌م فه‌ساده یاسایه‌کی نه‌نوسراوه وه‌ک توخمێکی سه‌ره‌کی بۆ به‌رێوه‌بردن و وه‌به‌رهێنانی سه‌رمایه له کوردوستانداو به پالپشتی ئه‌مه‌ریکاو ڕۆژئاوا‌و وولاتانی ناوچه‌که… بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م سیاسه‌ته ئابورییه ئامانجی خۆی بپیکێت ده‌بێت کۆنترۆلکراوبێت له‌لایه‌ن هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه، وه‌ک باشترین شیوه‌ی ده‌سه‌لاتی بورژوایی له هه‌لومه‌رجی ئه‌مڕۆدا که کوردو‌ستان نه ده‌وڵه‌ته، وه نه به‌شیکی یه‌کپارچه‌یه له گه‌ڵ عێراقدا. ئێستا کوردو‌ستان له ئاستی ناوچه‌یی و جیهانیدا جێگا‌و ڕیگه‌یه‌کی ئابوری په‌یدا کردوه‌و وه‌ک به‌شیک له دابه‌شکردنی کاری جیهانی، کوردو‌ستان به‌شیکه له سیسته‌می به‌رهه‌مهێنانی وزه له ئاستی جیهانیدا که کۆمپانیا گه‌وره جیهانیه‌کان ئومێدێکی زۆریان له‌سه‌ره، هه‌ر به‌م هۆیه‌وه‌یه که نیچیرڤان بارزانی ده‌توانێت به‌شداری بکات “ له کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاسایشی وزە‌و کاروباری دەرەوە” که له‌رۆژی 20 ئازار له به‌رلین به‌سترا . ئه‌م ئومێده‌و ئه‌و شیوه ده‌سه‌ڵاته‌ی بورژوایی کورد، جێگا‌و ڕیگای ناجێگیری کوردو‌ستان له ئاستی عیراقدا، ئه‌و نه‌خشه ئابورییه‌ی نه‌خشاندوه که ئێستا ده‌چیته پێشه‌وه. کۆنترۆلی بازار به‌ته‌و‌اوی له لایه‌ن هه‌ردوو حزبه‌وه جێگای ره‌زامه‌ندی وولاتانی ناوچه‌که‌و ئه‌مه‌ریکاو کۆمپانیاکانه، ئه‌وان به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان هه‌یه‌و به‌شیوه‌یه‌کی بابه‌تیش به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان له‌م شیوه ئابورییه فه‌راهه‌م ده‌بێت. ئه‌وه به‌رژه‌وه‌ندی ئابوری سه‌رمایه‌یه له ئاستی جیهانیدا که واده‌کات له ووڵاتێک یان ناوچه‌یه‌ک پێداگری بکرێت له‌سه ئه‌وه‌ی که ده‌سه‌لات بازار ئازاد بکات و ده‌خاله‌تی تێدا نه‌کات یان به پێچه‌وانه‌وه….. نه‌ک باوه‌ڕیکی جێگیری لیبرالیزم به هه‌ردوو شیوه کلاسیکی و نیولیبرالییه‌که‌یه‌وه. به‌لام ده‌سه‌لاتی بورژوای کورد خۆی دوو پارچه‌یه، ئه‌م دووپارچه‌ییه کۆمه‌کی کردوه که هه‌موو بازار له‌لایه‌ن هه‌ردوو حزبه‌و سه‌رمایه‌دارانی ده‌وروبه‌ریانه‌وه کۆنتڕۆل بێت ته‌نانه‌ت ” چه‌رخ” و جۆره‌کانی جگه‌ره‌ش… ج جای بگات به نه‌وت و پاڵاوگه نه‌وتیه‌کان و هێنان وبردنی نه‌وت و به‌نزین و گرێ به‌سته گه‌وره بازرگانی و پیشه‌سازییه‌کان. وه هه‌روه‌ها وه‌ک به‌شیک له به‌هیزبون ومانه‌وه‌ی خۆیان له‌لایه‌ک و وه‌ستانه‌وه به‌رانبه‌ر به یه‌کتری له لایه‌کی تره‌وه زه‌وی شاره‌کانی کوردوستانیان ته‌خشان و په‌خشان کرد، به‌سه‌ر ئه‌ندامانی حزبه‌کانی خۆیاندا و هه‌ندێ جاریش به ناوی ” شه‌هیدو ئه‌نفاله” ه‌وه…. به‌لام پشکی شێر له‌م نێوه‌دا بۆ ده‌وروبه‌ری خۆیان بوو. ده‌ڵین له کاتی سه‌رؤکایه‌تی خالی یه‌که‌می نیچیرڤان بارزانیدا نه‌وه‌دو پێنج هه‌زار پارچه زه‌وی دابه‌شکراوه له هه‌ولیرو دهۆک، له سڵیمانیش به‌هه‌مان شیوه زه‌وی ته‌خشانو په‌خشان ده‌کرا به‌تایبه‌ت له‌کاتی پارێزگاری حاکم قادردا….. ئه‌و سه‌رمایه‌دارانه‌ی که هه‌لتۆقیون له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا سیاسی و ئابورییه‌دایه که به‌رده‌وام هه‌لده‌تۆقن، وبه پالپشتی هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتدار پیاده ده‌کرێت. به‌لام مه‌لابه‌ختیار بیه‌وێت یان نا، هاوبه‌شه له‌مکاره‌دا، ئه‌و به‌رپرسی بالاترین ئۆرگانی حزبێکی نیو ده‌سه‌لاته ناتوانێت وه‌ک هه‌رکه‌سێکی دیکه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌لات و بڕیاری سیاسی ته‌نها ره‌خنه‌گرێک بێت و یان بلی خه‌بات بۆ نه‌هێشتنی ده‌که‌م. ئه‌و بیه‌وێت یان نا به‌رپرسه له به‌رانبه‌ر خه‌ڵکی کوردستاندا وسه‌روه‌ت و سامانی فه‌رهودکراوی دا. ده‌شی مه‌لا به‌ختیار ئاگاداری گری به‌سته‌کانی پارتی نه‌بێت وه ده‌شی به‌رپرس نه‌بێت له سه‌روه‌تی فه‌رهودکراوی برایم خه‌لیل دا به‌لام ئه‌و به‌رپرسه له به‌رانبه‌ر دابه‌شکردن و به‌هه‌ده‌ر بردنی هه‌زاره‌ها پارچه زه‌وی نێو‌و ده‌ره‌وه‌ی شاری سلێمانی، ئه‌و به‌رپرسه له‌وه‌ی که چوارده‌وری شه‌ستییه‌کی سلێمانی چۆن فرۆشراوه وبه ناوی کێ وه‌یه‌و پاره‌که‌ی چۆته گیرفانی کێ وه؟ ئه‌و به‌رپرسه له‌وه‌ی که زیاتر له په‌نجا هه‌زار که‌س چوار تا پینج موچه‌یان هه‌یه له کاتێکدا بێکارانی شاره‌که یه‌ک پولی قه‌ڵب وه‌رناگرن، ئه‌و به‌رپرسه له‌وه‌ی که ته‌واوی گری به‌سته‌کانی سڵیمانی و ده‌وروبه‌ری و پرۆژه‌کانی خانوبه‌ره که به‌قه‌ولی خۆی ” نه كێشه‌ی نیشته‌جێبونی له كوردستاندا، چاره‌سه‌ركردبێ” . ئه‌و به‌ر پرسه له‌وه‌ی که رێژه‌ی له 40% که له‌لایه‌ن یه‌کیتیه‌وه وه‌رده‌گیرێت بۆ هه‌ر پرۆژه‌یه‌کی گه‌وره ده‌چیته گیرفانی کێیه‌وه‌و ئایا ئه‌م رێژه‌یه هیچ پیشتوانه‌یه‌کی یاسای هه‌یه ته‌نانه‌ت به یاساکانی خۆشیان؟ ئه‌و به‌رپرسه له‌وه‌ی که بۆچی هه‌نارده کردنی نه‌وت له سنوری ده‌سه‌ڵاتی یه‌کیتی دا ته‌نها بۆ 3-4 که‌س قۆرغکراوه…. باسه‌که هه‌ر ئه‌وه نی یه که ئایا مه‌لابه‌ختیار له‌م گه‌ندڵیه‌دا سودی بینیوه یان نا؟ ئه‌و سودی بینیبێت یان نا به‌رپرسه له بونی ئه‌م گه‌نده‌ڵییه. به‌لام گه‌نده‌لی ده‌ستوره له کورد‌ستان نه‌ک دیارده‌یه‌ک که بتوانرێت له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئێستادا چاره‌سه‌ر بکرێت…. وه ئه‌وه‌ی که هه‌یه زۆربه‌ی خه‌ڵکی کورد‌ستان ئاگادارییه‌تی نه‌خشه‌ی ئابورییه سه‌رمایه‌یه له کورد‌ستان و جێگای ڕه‌زامه‌ندی کۆمپانیا جیهانیه‌کان و ده‌سه‌لاته‌که‌یانه، هه‌ر بۆیه ئۆپۆزیسیۆنی سێ کوچکه‌ی بورژوای کورد‌ستان له‌مباره‌وه هیچیان پێناکرێت.
گه‌نده‌ڵی
به‌لام گه‌نده‌ڵی هه‌روه‌ک له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پیدا پایه‌یه‌کی چه‌رخاندنی سه‌رمایه‌یه له کورد‌ستان. نا‌توانیت له کوردستانی ئێستادا باسێک له وه‌به‌رهێنانی سه‌رمایه‌یه بکه‌یت بێ ئه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی دیباجه‌که‌ی بێت. ئه‌وه‌نده‌ی بگه‌ڕیته‌وه بۆ گرێبه‌سته نه‌وتییه‌کان ده‌سه‌ڵاتی بورژویی کورد وه‌ڵامه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که وه‌کو به‌رتێلێکی سیاسی به‌کارده‌هنینی له‌به‌رانبه‌ر کۆمپانیا جیهانیه‌کاندا بۆ ” به‌هێزکردنی ئه‌زمونه‌که‌یان” یان له‌وه زیاتر بۆ ئه‌وه‌ی ” کورد‌ستان بکه‌نه ده‌وڵه‌ت” که ئه‌مه‌ی دووه‌میان پشت به‌ستوو نییه به هیچ فاکتێکی سیاسی… بۆیه وه‌ڵام به گه‌نده‌ڵکار ” دادگایی‌کردن” نییه هه‌روه‌ک مه‌لا به‌ختیارو حاکم قادر ده‌ڵین وه ئه‌و کاره ناکرێت…. چونکه پرسیارێکی ساده ئه‌وه‌یه کێ دادگای بکرێت؟ ڕۆشنه که گرێ به‌سته نه‌وتییه‌کان کێ ئیمزای ده‌کات وه بائاگاداری پشتیوانی کێ…. ده‌بڕۆن دادگاییان بکه‌ن!! ڕۆشنه که هه‌موو گرێ به‌سته گه‌وره‌کانی بازرگانی وه پیشه‌سازی ئه‌وه‌ی که هه‌یه به‌کێ ده‌درێت وه چۆن، وه ئه‌وه رؤشنه که له ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌لاتی یه‌کیتی 40% هه‌ر پرۆژه‌یه‌کی گه‌وره به‌شی یه‌کێتی یه‌و له ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌لاتی پارتی 51% ده‌بات بۆ خۆی!! گه‌وره‌ترین گه‌نده‌ڵی لێره‌وه ده‌ست پیده‌کات. ئه‌گه‌ر ئه‌وه باجه‌و ده‌چیته صندوقی باجی سلێمانی و هه‌وڵیره‌وه وه بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی شاره‌کان و خزمه‌تگوزارییه‌کان ته‌رخان ده‌کرێت ئه‌وه کارێکی باشه، به‌ڵآم رۆشنه که بۆ ئه‌وه نییه…. ده‌بڕۆن یه‌کێتو پارتی دادگایی بکه‌ن؟! گه‌نده‌ڵی کرۆکی ده‌سه‌لات و توانییه‌کانی پێکده‌هێنێت به‌م پێیه باسی نه‌هێستنی گه‌نده‌ڵی باسی نه‌هێشتنی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌یه ،،، باسی کاری ده‌سه‌ڵآت و هێزێکه که ده‌ستورو جیهان بینییه‌که‌ی ته‌نها له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی زۆربه‌ی زۆری خه‌ڵکی کوردوستاندا بێت…. ده‌سه‌ڵاتێک که به‌ندێکی ده‌ستوره‌که‌ی قه‌ده‌غه‌کردنی کاری به‌کرێ بێت، وه ئه‌مه جیهان بینی بێت بۆ به‌رێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگا….24 ئازار 2013
سامان که‌ریم
Saman.karim5@gmail.com