Skip to Content

Tuesday, December 1st, 2020

گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خاڵی سفر

Be First!

گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خاڵی سفر 
سمكۆ محه‌مه‌د

ئه‌و مشتومڕه‌ درێژخایه‌نه‌ی كه‌له‌نێو مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی هه‌بوو, دواجاریش بوون به‌چه‌ند فراكسیۆنێكی دژ به‌یه‌ك و ته‌واوی میدیاكانی ناوخۆ ده‌ره‌وه‌ و مه‌حفه‌لی سیاسی سه‌رقاڵ كردبوو، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌پارتی زۆربه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی قۆرخ كردووه‌ و یه‌كێتی لاوازتر دێته‌ به‌رچاو به‌رامبه‌ر به‌پارتی، بۆئه‌مه‌ش له‌نێو ریزه‌كانی یه‌كێتی و سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی, مام جه‌لال وه‌كو كه‌سی یه‌كه‌م و به‌شێك له‌مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی كه‌وتنه‌ به‌ر ره‌خنه‌ی ئه‌و فراكسیۆنانه‌، له‌م هه‌لومه‌رجه‌ سیاسیه‌دا ره‌وشێكی جیاوازتر و رچه‌ شكێن هاته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ئه‌گه‌ر هه‌ردوو حیزب چاره‌سه‌ری ناكه‌ن، ئه‌وا ده‌بێت هه‌ڵبژاردنی پارله‌مان حه‌سمی بكات، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی ته‌واوی بۆچوونه‌كان كه‌هه‌ڵبژاردن ئه‌مجاره‌یان به‌لسیتی كراوه‌ ده‌بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ دواجار پارله‌مانی كوردستان به‌زۆرینه‌ ده‌نگیان بۆ لیستی داخراودا، ئه‌و لیسته‌ داخراوه‌ی كه‌درێژه‌ به‌ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتدارێتی ره‌های پارتی و یه‌كێتی ده‌ده‌ن كه‌ زیاتر له‌18 ساڵه‌ موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی كوردستان ده‌كه‌ن..
ئه‌وه‌ی كه‌جێگای موناقه‌شه‌ كردنی ئه‌م به‌حسه‌یه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵك تائێستاش داوا له‌پارتی و یه‌كێتی ده‌كه‌ن چیتر به‌ستایلی لیستی داخراو نه‌چنه‌ به‌رده‌م پارله‌مانه‌وه‌ و ده‌رفه‌ت به‌خه‌ڵكی تر بدرێت، به‌ڵام به‌رژه‌وه‌ندیه‌ شیاسیه‌كانیان رێگه‌ نادات ئه‌م داوایه‌ی خه‌ڵك قه‌بوڵ بكه‌ن، هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار  به‌ر له‌ساڵێك رێكه‌وتنی ستراتیژیان ئیمزا كردوو كه‌مترین كه‌سیش زانیاری له‌و باریه‌وه‌ نه‌بوو به‌ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ردوو حیزبیشه‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی نهێنی ئه‌و رێكه‌وتنه‌ فه‌شه‌ل نه‌هێنێت و هیچكامیان ئه‌و رێچكه‌یه‌ نه‌شكێنن, له‌به‌رامبه‌ریشدا كه‌سیش قسه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و مه‌ترسیه‌ سیاسیه‌ نه‌كرد، وه‌كو ئه‌وه‌ی كه‌هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری كوردستان، دوو هێزی جیاوازی غه‌یره‌ كوردی بن، یان دوو ده‌وڵه‌تی دراوسێ‌ بن..
رووه‌كه‌ی تری ئه‌م به‌حسه‌ سیاسیه‌ی ئێستا ئه‌وه‌یه‌ كه‌تائێستا پارله‌مان له‌ژێر كۆنتڕۆڵی پارتی و یه‌كێتیدایه‌ و دانانی یاساكه‌ش له‌رووی شه‌رعی و یاساییه‌وه‌ ته‌نها پارله‌مان ده‌توانێت دیاری بكات، پارله‌مانیش له‌وه‌ڵامی لۆژئیكی خۆیدا ده‌ڵێ‌ ” نه‌ك هه‌ر له‌كوردستان لیستی به‌داخرا و كارده‌كات، به‌ڵكو له‌زیاتر له‌سی ده‌وڵه‌ت به‌لیستی داخراو ده‌چنه‌ به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ و ره‌خنه‌شی له‌سه‌ر نیه‌” به‌ڵام وه‌ڵامی پارله‌مان له‌و لۆژیكه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ راپرسی كردن به‌خه‌ڵك سه‌باره‌ت به‌مه‌سه‌له‌یه‌كی وه‌ها چاره‌نووسساز، خراوته‌ په‌راوێزی سیاسه‌ته‌وه‌ و ته‌نها لایه‌نه‌ ركابه‌ره‌كان موناقه‌شه‌ی ده‌كه‌ن, ته‌واوی ئه‌م به‌حسه‌ سیاسیه‌ش هه‌رچی كێشه‌ی نێوان كوردو عێراق هه‌یه‌ به‌هه‌ڵواسراوی ماوه‌ته‌وه‌, ئامریكاش كه‌داینه‌مۆی گه‌مه‌ سیاسیه‌كانه‌ تائێستا به‌ده‌نگی به‌رز قسه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م وه‌زعه‌ سیاسه‌ نه‌كردووه‌, له‌كاتێكدا ناو به‌ناو له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له‌سه‌رانی هه‌ردوو پارته‌كه‌و نه‌وشیروان مسته‌فا كۆبوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن, چه‌ونكه‌ ئه‌وه‌ ده‌زانن كه‌كورده‌كان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی سیاسه‌تی ئامریكا گۆڕاوه‌ به‌رامبه‌ر كوردستان و به‌دوای ئه‌لته‌رناتیڤیكی تره‌وه‌ن, كورده‌كانیش به‌دوای ئه‌لته‌رناتیڤێكی ترن كه‌پشتگیری وه‌زعی كوردستان بكه‌ن به‌رامبه‌ر حكومه‌تی ناوه‌ندی عێراق به‌گشتی و مالیكی به‌تایبه‌تی ..
گه‌مه‌ی لیسته‌ جیاوازه‌كان
ئه‌گه‌رچی به‌شێكی زۆر له‌خه‌ڵكی كوردستان و سیاسه‌توانه‌كان پێیان وایه‌ لیسته‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا و حیزبه‌كانی تر به‌ناو ئۆپۆزسیۆنی كوردستانین، ده‌توانن به‌راستی ركابه‌ری پارتی و یه‌كێتی بكه‌ن و ده‌نگ بهێنن، پارتیش ئه‌مه‌ی پێ‌ قه‌بوڵ ناكرێت و یه‌كێتی ئاگادر كردۆته‌وه‌ له‌هه‌ر جموجۆڵێكی سیاسی مه‌ترسی بۆسه‌ر هه‌ردوو حیزب، بۆیه‌ نه‌ئه‌و چه‌ند حیزبه‌ی كه‌ به‌نیازن یه‌كبگرن و ببن به‌لیستێك و بڕواشیان به‌بنكه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كه‌ی خۆیان هه‌یه‌، نه‌ نه‌وشیروان تائێستا خۆی له‌كێتی جیاواز كردووه‌, به‌پێچه‌وانه‌وه‌ تائێستا خۆی به‌یه‌كێتیه‌كی تر ده‌زانی له‌و یه‌كێتیه‌ی كه‌له‌گه‌ڵ پارتی یاری سیاسی ده‌كه‌ن، بۆیه‌ پارتی به‌جۆرێك له‌ گه‌مه‌ی دژ به‌خۆی ده‌زانێ‌، یه‌كێتیش كه‌وتۆته‌ به‌رده‌م هه‌ڵوێستێكی شه‌رمنانه‌وه‌ له‌ترسی هه‌ڕه‌شه‌ی پارتی سه‌باره‌ت به‌ رێكه‌وتنه‌ ستراتیژییه‌كه‌یان، بۆیه‌ یه‌كێتی ناچار بوو سه‌ره‌نجام  بۆجارێكی تر رێكه‌وتنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ پارتی نوێ‌ بكه‌نه‌وه‌ و به‌یه‌ك لیست بۆهه‌ڵبژاردنه‌كان داده‌به‌زن، به‌ڵام تائێستا قسه‌ له‌سه‌ر ده‌رچوون و ده‌رنه‌چوونی لیسته‌كان ده‌كرێت، له‌بری ئه‌وه‌ی قسه‌ له‌سه‌ر ستایلی ده‌سه‌ڵاتدارێتی كوردی بكرێت كه‌ده‌بێ‌ دابڕانێكی ته‌واو سیاسی و ئیداری بێت, چونكه‌ مه‌ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌زۆرینه‌ی خه‌ڵك موقاته‌عه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن, له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌شدا هه‌ر یه‌ك له‌پارتی و یه‌كێتی خه‌ریكی ئه‌وه‌ن كار بۆ ئه‌وه‌ بكه‌ن خه‌ڵك قه‌ناعه‌ت پێبكه‌ن جارێكی بێنه‌وه‌ نێو پرۆسه‌ سیاسیه‌كه‌وه‌ و ده‌نگیان بۆ بده‌ن, هه‌روه‌ها پارتی خه‌ریكه‌ لیستی تر دروست بكات، بۆئه‌مه‌ش چاودێرانی سیاسی پێیان وایه‌, راگه‌یاندنی لیست له‌لایه‌ن هه‌ر یه‌ك له‌ ئه‌ده‌هه‌م بارزانی و جه‌وهه‌ر نامیق, هه‌مان ئه‌و ستایله‌ ده‌بێت كه‌یه‌كێتی سیاسه‌تی پێده‌كات .
پێده‌چێت ئه‌و گه‌مه‌ سیاسیه‌ی كه‌یه‌كێتی و پارتی ده‌یكه‌ن و لیستی جیاواز له‌خۆیان دروست ده‌كه‌ن، گه‌ڕانه‌وه‌ی سیستمی ته‌وافوقی سیاسی بێت و  جارێكی تر ده‌سه‌ڵاته‌كان به‌شێوه‌یه‌ك تر دابه‌ش بكه‌ن، هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ ته‌واوی ده‌زگاكانی حكومه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ و كایه‌ سیاسی و ئابوری و په‌روه‌رده‌یی ته‌ندروستی و هتد كۆنتڕۆڵ بكه‌ن، كه‌ئه‌مه‌ نه‌ك هه‌ر دیموه‌كراسیه‌ت نیه‌ به‌ڵكو جۆرێكی تری دیكتاتۆریه‌ته‌..
هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا ناكرێ‌
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه‌هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و یه‌كێتی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌كاتی خۆیدا ئه‌نجام ده‌درێت, به‌ڵام دواخستنی بۆمانگی ته‌مووز ئه‌گه‌رێكی تری مه‌ترسیداره‌ كه‌هه‌ڵبژاردنی پارله‌مان له‌كاتی خۆیدا ئه‌نجام نادرێت، چونكی تائێستا هیچ زه‌مینه‌ سازی و ئاماده‌ كارییه‌ك نه‌كراوه‌ بۆهه‌ڵبژاردن، بۆنمونه‌ كۆمیسۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنی كوردستان داوای 90 رۆژ ده‌كات كه‌رێوڕه‌سمی هه‌ڵبژاردن مه‌یسه‌ر بكات، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ كورده‌كان داوای ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنی عێراق چاودێری هه‌ڵبژاردنه‌كان نه‌كه‌ن, بۆئه‌مه‌ش حكومه‌تی مالیكی ناڕازییه‌ و ده‌یهه‌وێ‌ كۆمیسۆنی باڵای عێراق چاودێری بكه‌ن، ئه‌گه‌ر نا بودجه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان نادرێت، ئه‌گه‌ر واماندا كۆمیسۆنی باڵای عێراقی ده‌ست وه‌رناداته‌ هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی كوردی، به‌ڵام تائێستا رێكه‌وتنێك له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی نیه‌ كه‌لیستی تری وه‌ك نه‌وشیروان مسته‌فا قه‌بوڵ بكه‌ن یان نا، یان ئه‌وه‌ی كه‌ ئامارێك نیه‌ چه‌ند كه‌س ده‌نگ ده‌ده‌ن، تائێستا بودجه‌یه‌ك دانه‌نراوه‌ بۆریكلام كردن له‌لایه‌ن لیستی حیزبه‌كانه‌وه‌، له‌هه‌موو حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك ئه‌نجامبدرێت, ئه‌وا له‌واده‌ی خۆیدا ناكرێت و خه‌ڵكش چاوه‌ڕوانی گۆڕانی سیاسی ده‌كه‌ن.

Previous
Next

Leave a Reply