Skip to Content

Monday, November 30th, 2020

گوروپگه‌رایی له‌ رۆشنبیری كوردیدا

Be First!
by May 20, 2009 گشتی

گوروپگه‌رایی  له‌ رۆشنبیری كوردیدا
سۆران عه‌زیز

 

قسه‌کردن شتێکه‌ و به‌ پرۆژه‌کردن و به‌ ده‌زگاییکردن شتێکی تره‌. ئه‌و قسانه‌ی له‌ پێناوی قسه‌دا ده‌کرێن هیچیان لێ شین نابێت، به‌ڵام ئه‌و قسانه‌ ئه‌گه‌ر بکرێن به‌ پرۆژه‌ به‌رهه‌میان ده‌بێ و خۆ ئه‌گه‌ر پرۆژه‌کانی ڕۆشنبیریش به‌ شێوه‌یی ده‌زگایی کاری بۆ بکرێت، ئه‌نجامه‌که‌ی ده‌بینرێت و زۆر به‌ ڕوون و ڕه‌وانیش کاریگه‌رییه‌که‌ی ده‌رده‌که‌وێت و بێگومان گۆڕانیش دروست ده‌کات. ئه‌وه‌ ڕاستییه‌که‌ که‌ پرۆسه‌ی گۆڕان له‌ نێو کولتووری ئێمه‌دا هێنده‌ خاوه‌ که‌ ئه‌گه‌ر زۆر لێی ورد نه‌بیته‌وه‌ واده‌زانی له‌جێی خۆی ڕاوه‌ستاوه‌ و نابزوێت، هۆکه‌شی ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌وڵه‌ ڕۆشنبیرییه‌کانی ئێمه‌ که‌متر به‌ پرۆژه‌ کراوه‌ و زیاتر له‌ قسه‌کردندا ماوه‌ته‌وه‌. به‌ ڕواڵه‌ت هه‌ندێ داموده‌زگا دامه‌زراون بۆ کارکردن له‌سه‌ر کایه‌ ڕۆشنبیرییه‌کان، به‌ڵام سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و ده‌زگایانه‌ به‌ عه‌قڵێکی ده‌زگاییانه‌ به‌ڕێوه‌ ناچێت و له‌و ده‌زگایانه‌شدا هه‌ژموونی گروپگه‌رایی زاڵه‌ و هه‌ر ده‌زگایه‌ک کۆمه‌ڵێ که‌س کاری تێدا ده‌که‌ن که‌ خزمی یه‌کترین و په‌یوه‌ندی خوێن به‌هێزترین په‌یوه‌ندییه‌ و له‌ باشترین حاڵه‌تیشدا ئه‌و هاوڕێیانه‌ش ده‌گرێته‌ خۆ که‌ وه‌ک یه‌ک بیر ده‌که‌نه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر که‌سێک زه‌ڕه‌یه‌ک بیروباوه‌ڕی جیاوازی هه‌بوو، وه‌لاوه‌ ده‌نرێ و له‌و ده‌زگایانه‌ جێگای نابێته‌وه‌. خۆی ئه‌مه‌ ئه‌و میکرۆبه‌یه‌ که‌ ناهێڵێ له‌ کوردستاندا ده‌زگا دروست ببێت. ده‌زگاکان ته‌نها ته‌لار و داروپه‌ردوون، عه‌قڵی ده‌زگایی مه‌خابن وجودی نییه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگا سه‌رۆک خێڵه‌ و ئه‌وانه‌شی کاری تێدا ده‌که‌ن ڕه‌عیه‌تن و ده‌بێ ته‌ماشای ده‌می به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگا بکه‌ن. جا وه‌ره‌ له‌ ده‌زگای وادا داهێنان بکه‌! داهێنه‌ر و قاڵبیان نه‌گووتووه‌. گروپ قاڵبه‌ و سنوور بۆ داهێنه‌ر داده‌نێت. داهێنه‌ر ته‌نها له‌گه‌ڵ کولتووری تاکگه‌ریدا ده‌گوونجێ، چونکه‌ له‌وێدا تاک سه‌نته‌ره‌ و تاک خۆی به‌ به‌هێز و به‌توانا و ئافرێنه‌ر ده‌زانێ، به‌ڵام له‌ کولتووری کۆلێکتیڤدا تاک له‌ نێو گروپدا گیرۆده‌ی ئه‌و سنوورانه‌ ده‌بێت که‌ گشت بۆی داناوه‌. دیاره‌ من مه‌به‌ستم له‌و ده‌سته‌ و گروپانه‌یه‌ که‌ لێره‌ هه‌یه‌ و زیاتر شێوه‌ی تایفه‌ی هه‌یه‌ و هه‌ر گروپێک سه‌رۆکی تایفه‌که‌ی به‌ باشترین ده‌زانێ و ده‌بێته‌ توتی ئه‌و، ئه‌ویش هه‌مووانی نێو گروپه‌که‌ به‌ تابعی خۆی ده‌زانێت و له‌وێوه‌ هه‌ست به‌ به‌هێزی خۆی ده‌کات و ئه‌وانی دیکه‌ش خۆیان له‌ نێو هێزی ئه‌ودا ده‌توێننه‌وه‌ و خۆیان هیچی نوێ به‌رهه‌م ناهێنن. ئه‌گه‌ر گوێ له‌ وته‌ی ئه‌و که‌سانه‌ بگری که‌ خۆیان به‌ هه‌واداری نووسه‌رێکی دیاریکراو ده‌زانن، به‌ ته‌واوی هه‌ست به‌وه‌ ده‌که‌ی ئه‌و مرۆڤه‌ تواوه‌ته‌وه‌ و هیچی خۆی ناڵێت و ته‌نها فیکری ئه‌و نووسه‌ره‌ ده‌ڵێته‌وه‌ که‌ کردوویه‌تی به‌ بت بۆ خۆی، ئا ئه‌م ده‌رده‌یه‌ که‌ خوێنه‌ری داهێنه‌ری قاتی کردووه‌. خوێنه‌ر ده‌بێ به‌ ڕۆحێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی داهێنه‌رانه‌وه‌ له‌ هه‌موو ده‌قێک بڕوانێت و هیچ نووسه‌رێکیش نه‌کات به‌ نموونه‌ی ڕه‌ها، ته‌نانه‌ت نموونه‌ی باگش نابێت به‌ چاوی ڕه‌هاوه‌ ته‌ماشا بکرێت. گه‌وره‌ترین زیانی گروپبه‌ندی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ڕه‌خنه‌ی ساخته‌ دروست ده‌کات و ئه‌ندامێکی گروپێک به‌ ناوی ڕه‌خنه‌وه‌ به‌ ئه‌ندامێکی تری گروپه‌که‌ی خۆی هه‌ڵده‌ڵێ و ئه‌م جۆره‌ ڕه‌خنه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ ساختانه‌ش بتی رۆشنبیریمان بۆ دروست ده‌که‌ن. ئه‌مانه‌ ناهێڵن خوێنه‌ری خۆڕسک دروست ببێت، خوێنه‌ری بیرکه‌ره‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگێنه‌ر، خوێنه‌ری مولته‌زیم و داهێنه‌ر. ئه‌و جۆره‌ ڕه‌خنه‌گره‌ ساختانه‌ی به‌ براده‌ری خۆدا هه‌ڵده‌ڵێن پێش هه‌ر شتێکیتر.
تێبینی ئه‌م بابه‌ته‌ له‌رۆژنامه‌ی كوردستان راپۆرت بڵاوبۆته‌وه‌

 

Previous
Next

Leave a Reply