Skip to Content

Friday, November 27th, 2020

گوزاره‌ی نه‌وه‌ی دووه‌می کورد له‌ هه‌نده‌ران …… دڵشاد تاقانه‌

Be First!
by April 10, 2009 گشتی

گوزاره‌ی نه‌وه‌ی دووه‌می کورد له‌ هه‌نده‌ران ..
     کۆڕسی دیشله‌مه‌ …
 
ڕۆڵه‌ کوردی ئه‌سمه‌ر و موو ڕه‌ش ، هێمن سروشت ، ڕوح په‌ره‌ی چاوگه‌ش جه‌سته‌یه‌ک له‌ بارگه‌‌ی سۆز و خۆشه‌ویستی بوو هه‌رکه‌سێک ده‌یدیت گه‌وره ‌و بچوکی بارگاوی ده‌کرد هه‌ر هه‌مووان حه‌یرانی ده‌بوون . له‌ گه‌شتی سه‌ردانی کوردستان و تا گه‌ڕانه‌وه‌ ‌له‌گه‌ڵ تاقه‌خوشکی په‌یمانیان به‌ستبوو به‌هیچ شێوه‌یه‌ک له‌ کاتی قسه‌کردن له‌وێ وشه‌ی بیانی به‌کارنه‌هێنن له‌لایه‌ک بۆ خاتری خزمه‌کان تا له‌ هه‌مووشتێک تێبگه‌ن ، له‌ لایه‌کی تریش کوردیه‌که‌یان ‌به‌هێز بکه‌ن پاک بێ له‌ هه‌موو وشه‌ی زمانی دیکه‌ وادام له‌ خاکی کوردستانن ته‌نیا ده‌بێ به‌کوردی بدوێن . ڕه‌شه‌ هه‌رده‌م پرسیاری ده‌کرد و چاوه‌کانی وا به‌سه‌رنجه‌وه‌ ده‌یان ڕوانی وێنه‌ی هه‌موو شتێکیان خێرا ده‌گرت ، له‌ دیوی مێوان و ناو گه‌وران خواردنه‌وه‌ی دیشله‌مه‌ سه‌ری سوڕمان ، زمانی پژان : هه‌ر ئه‌وه‌ چی یه‌ چایه‌که‌ ده‌ڕێژن‌ و شه‌کر ده‌خه‌نه‌ ده‌متان ؟ ئه‌وجا ده‌یخۆنه‌وه‌ ! دوای پێکه‌نین تێیان گه‌یاند ئه‌وه‌ دیشله‌مه‌یه‌ دیارده‌یه‌کی خوونه‌ریتی کورده‌واری ، شێوازێکی ڕازانه‌وه‌ی دانیشتنه‌ به‌تام و چێژی چا خواردنه‌وه‌ وه‌ک پێ ی ده‌ڵێن “ گوڵی مه‌جلیس  “هه‌روه‌ها ده‌ست پێوه‌گرتنی به‌کارهێنانی شه‌کره‌ ده‌توانێ ئه‌ویش تاقی بکاته‌وه‌ . هه‌رچه‌نده‌ باش نه‌یده‌زانی بێ کورسی له‌ سه‌ر زه‌وی دانیشێ ده‌یویست خۆی فێرکا و ڕابێ به‌ هه‌ر جۆرێ به‌ لاسایی لاقه‌کانی چارمشقی لێک چه‌سپاند وه‌ک نیشانیان دا گلۆتێک شه‌کری خسته‌ نێوان ددانه‌کانی به‌ دوو په‌نجه لێوی ئیستکانه‌که‌ی گرت ناو ناوه‌ چایه‌که‌ی ڕووی ده‌کرده‌‌ ژێر پیاڵه‌که‌وه‌ ، ئه‌وجا ژێر پیاڵه‌ی به‌رز ده‌کرد چه‌ند فووێکی هێواشی به‌سه‌ردا ده‌کرد ، هه‌روه‌ک ئاماده‌بووان فڕه‌ و لوشه‌یه‌کی لێوه‌ده‌هات به‌ لێوه‌کانی قومێ چای فڕ ده‌کرد مرچه‌ی مژینی شه‌کره‌که‌شی وه‌ک مه‌رجێکی سه‌ره‌کی وه‌رگرتبوو که‌ هه‌ر ده‌بێ وابێ . له‌م که‌ش و هه‌وای گه‌وره‌بوونه‌ له‌ڕیزی گه‌وران دانیشتبوو یه‌کیان پرسیاری لێ کرد ها دیشله‌مه‌ چۆنه‌ ؟ ئه‌ویش گۆتی : زۆرخۆشه‌ به‌س ده‌ستم و ده‌مم سوتا خۆ هه‌ر قه‌یناکا کۆڕسی فێربوونی دیشله‌مه‌ خواردنه‌وه‌م ته‌واوکرد .

                                             دڵشاد تاقانه‌
                                         
 Dlshadtakana@yahoo.com                               

Previous
Next

Leave a Reply