Skip to Content

Sunday, October 17th, 2021

گومانم هه‌یه‌ ئه‌وانه‌ی نه‌زارخه‌زره‌جیان به‌بێتاوان له‌قه‌ڵه‌م داو…..ئه‌میر قادر

Comment
by December 23, 2008 جینۆساید

 گومانم هه‌یه‌ ئه‌وانه‌ی نه‌زارخه‌زره‌جیان به‌بێتاوان له‌قه‌ڵه‌م داو ئه‌وانه‌ی وه‌فیق سامه‌ڕاییان کرده‌ موسته‌شاری خۆیان، ئه‌وانه‌ی سوڵتان هاشمیان کرده‌ ئه‌فسه‌ری نایاب،هه‌رئه‌وانه‌ش فرۆکه‌وانه‌که‌یان له‌سلێمانی له‌ده‌ستی دادگا ڕزگار کردبێت !.
 
 ئه‌میر قادر –  هۆڵه‌ند
 hangau@gmail.com
 
 
  دوێنێ دادگای باڵا له‌سه‌ردۆزی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ستی به‌کاره‌کانی کرد،هه‌موو شته‌کان خه‌ریکبوون ڕاڕه‌وی نۆرماڵی خۆیان ده‌گرت، ته‌نها ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ ئاماده‌یی کوردیه‌وه‌ هه‌بوو وه‌ک پینه‌یه‌کی زۆر ناقۆڵا و ده‌لاقه‌یه‌ک به‌دۆزه‌که‌وه‌ دیاربوو،کێشه‌ی وه‌رگێره‌کان و هێنانی که‌سانێک بۆکاری وه‌رگێران که‌ ناتوانن ئه‌وکاره‌بکه‌ن و دۆزه‌که‌ زه‌ره‌رمه‌ند ده‌که‌ن،شتێک که‌له‌که‌س شاراوه‌نیه‌و هه‌موو ئه‌زانن ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ بۆدۆزی جینۆسایدو ئه‌نفال که‌مترین کارده‌کرێت و ده‌سه‌ڵاتی کوردی که‌ پێچکه‌ی کورسیه‌کانی له‌سه‌ر ئێسک و پروسکی ئه‌نفاله‌کان و خه‌ڵکی زوڵم لێکراوی کوردستان داناوه‌،باڵام به‌رانبه‌ر به‌م دۆزه‌و به‌م خه‌ڵکه‌ وه‌ک منداڵانی ئه‌ستێره‌یه‌کی نه‌فره‌ت لێکراو هه‌ڵس و که‌وت ئه‌کات،ئه‌نفال ده‌خیله‌یه‌ک بۆ حیزب و ده‌سه‌ڵات،مه‌جبوورئاواو کاولاواو له‌برساکوشتن و هه‌ژارکردنی ئه‌وانه‌یه‌ که‌ ئه‌نفال پێی نه‌کوژران..
 
 ده‌لاقه‌ی دووه‌م ئه‌وه‌ بوو که‌ ئه‌وفڕۆکه‌وانه‌ی که‌ به‌شداری کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ بووه‌و له‌ئاسایشی سلێمانی زیندان بووه‌  و ده‌بوو له‌دادگا ئاماده‌بێت و شایه‌دی له‌سه‌ر ئه‌وه‌بدات که‌به‌ڵی عێراق هه‌ڵه‌بجه‌ی کیمیاباران کرد و باڵۆنه‌که‌ی عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جیدی بته‌قاندایا که‌ده‌ڵێت ئێمه‌ نه‌بووین،به‌پێی نامه‌یه‌کی ئاسایشی سلێمانی که‌دادوه‌ر محه‌مه‌د عرێبی باسی کرد گوایه‌ فڕۆکه‌وانه‌که‌ که‌ناوی تارق موحه‌مه‌د ڕه‌مه‌زانه‌و  له‌ ئاسایشی شاری سلێمانی‌ ده‌ستبه‌سه‌ر بووه‌ له‌ ئوكتۆبه‌ری 2008 دا له‌خه‌سته‌خانه‌ یان ڕێگای خه‌سته‌خانه‌ ڕایکردووه.
 
 له‌سه‌ر یه‌که‌میان که‌مه‌سه‌له‌ی وه‌رگێڕه‌ زۆر به‌ند نابم،ده‌زانم عه‌قڵی جامد بووی حیزب و ڕۆژهه‌ڵاتی هه‌میشه‌ بۆهه‌رکارێکی دیاریکراو له‌ناو دیزه‌و گۆزه‌ڵه‌کانی حیزبدا ده‌گه‌ڕێ و عه‌نتیکه‌ترین گۆزه‌ ئه‌دۆزێته‌وه‌،هه‌موو شت له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م عه‌نتیکه‌ خانه‌یه‌و مۆزه‌خانه‌یه‌ی حیزب مردووه هه‌تا بۆ وه‌رگێڕێکێش ده‌بێت مه‌حسوبیه‌ت و حیزبایه‌تی ده‌وری هه‌بێت ئه‌گه‌ر که‌س نه‌بوو زمان نه‌زانێکی حیزبی و یان خزمێک له‌سه‌دان که‌س که‌ بواریان ته‌رجومه‌یه‌و زمان‌زانن و به‌ڵام سه‌ربه‌م ده‌سه‌ڵاتو حیزبه‌ نین باشتره،نموونه‌ی بێکارخانه‌کانی سه‌فاره‌ته‌کانی عێراق که‌به‌کورد پڕکراونه‌ته‌وه‌ له‌ده‌ره‌وه‌و په‌یوه‌ندی حیزبه‌کان،ڕاگه‌یاندنی حیزبه‌کان،کامێره‌مانی حیزبه‌کان که‌زۆریان فه‌رقی کامێره‌و كڵاشینکۆف ناکه‌ن نـموونه‌ی زۆرساده‌ن .
 
 به‌ڵام ده‌لاقه‌ی دووه‌م له‌سه‌ر وه‌ستانی زیاتری ئه‌وێت،وون بوونی فڕۆکه‌وانێکی ده‌ستبه‌سه‌ری عه‌ره‌بزمان له‌ ناو ئاسایشی سلێمانیدا یان له‌ڕیگای نه‌خۆشخانه له‌ 25 ئۆکتۆبه‌ردا که‌ده‌کاته‌ نزیکه‌ی 2 مانگ له‌مه‌و به‌ر که‌شایه‌دێکی زۆرگرنگه‌و ده‌وری کارای ده‌بوو بۆ بڕاندنه‌وه‌ ی هه‌ندێک شت به‌تایبه‌تی ساغ کردنه‌وه‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌ عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جیدو ڕوونبوونه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌مه‌ ئێران نه‌بوو هه‌ڵه‌بجه‌ی کیمیاباران کرد به‌ڵکو به‌فرامانی ئه‌وان و به‌ فڕۆکه‌ی عێراقی و عێراق ئه‌م کاره‌ی کردووه‌ ئه‌گه‌ر چی تاوانی ئێران و خودی به‌ره‌ی کوردستانیش له‌مه‌دا دیاره‌و به‌ڵام ئه‌مه‌ شوێنی باسه‌که‌ی من نیه‌ لێره‌دا.
 من که‌ ئه‌م قسانه‌م بیست داچڵه‌کیم،زۆر خراپه‌کاریم له‌ده‌سه‌ڵات و حیزبی کوردی دیووه‌،ئه‌زانم نه‌ک هه‌رحیزب به‌ڵکو تاکی کورد بۆ جوانکردنی خۆی یان هه‌ندێک جار بۆ کردنه‌وه‌ی گڕێیه‌کی خۆی ئاماده‌یه‌ و ڕووشیداوه‌ له‌گه‌ڵ خراپترین هێزدا گۆڕی بۆ هاونیشتیمانی یان هاوڕێکه‌ی خۆی هه‌ڵکه‌ندووه‌ به‌ڵام سیناریۆی‌ هه‌ڵاتنی شایه‌دێکی واگرنگ و به‌زیندانیش له‌شاری سلێمانیدا هێشتا له‌سه‌روه‌ستان و شۆك بوونێک هه‌ڵده‌گرێت،ته‌نانه‌ت بۆکه‌سێکی وه‌ک منیش که‌ نه‌باوه‌ڕم به‌م حیزبانه‌ بووه‌و نه‌ له‌ژیانیشمدا ده‌نگم پێداون هه‌رگیزیش پێیان خۆش خه‌یاڵ نه‌بووم!
 
 من له‌ 6 ساڵی سه‌روکارم له‌سه‌ر دۆزی جینۆسایدی خه‌ڵکی کوردستان زۆر شتم بینی،به‌تایبه‌تی له‌په‌یوه‌ند به‌تاوانباران و بکه‌رانی ئه‌م تاوانه‌وه‌،ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ به‌تایبه‌ت یه‌کێتی و پارتیی  ئیسلامیه‌کانیش هه‌رخه‌ریکی شه‌فاعه‌ت وکاری ژێربه‌ژێرن له‌گه‌ڵ ئه‌م تاوانبارانه‌دا،نامه‌ی ته‌نزیمی بوونی خه‌زره‌جی به‌ ئیمزای به‌رپرسانی یه‌کێتی و پارتی و ئیسلامیه‌کان بۆ داگای دانیمارک هێشتا له‌بیر نه‌چووته‌وه‌،وه‌فیق سامه‌ڕایی ئه‌ندازیاری ئه‌نفال موسته‌شاری تاڵه‌بانی بوو بۆکارو باری سه‌ربازی که‌ دادگاو ناڕه‌زایه‌تی ئێمه‌و خه‌ڵک و بێپه‌رده‌بوونی تاوانه‌که‌ی جێگه‌ی پێته‌سک کورده‌وه‌ له‌عێراقدا ملیان له‌ قه‌فه‌سی دادگا ڕزگارکردوو ده‌ستیان وه‌ردایه‌ کاره‌کانی دادگاو وه‌فیق سامه‌ڕاییان ڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ کردو له‌به‌ر چاوی میدیاو دادگا شاردیانه‌وه‌،سوڵتان هاشم و جه‌نه‌ڕاڵه‌ تاوانباره‌کانی سوپای عێراقی له‌سه‌ر زمانی سه‌رانی کورده‌وه‌ کران به‌ ئه‌فسه‌ری نایاب!،هه‌موو هه‌وڵیکاین داو به‌نامه‌ی ڕه‌سمی داوایان له‌به‌رپرسانی دادگای باڵای عێراق و لۆبیه‌کانیان کرد که‌هه‌وڵبده‌ن ناوی موسته‌شاره‌کان و مه‌فره‌زه‌خاسه‌کان و ته‌واریه‌کان که‌ گه‌وره‌ترین ده‌وریان بوو له‌ئه‌نفالدا له‌لیستی تاوانباران ده‌ربێنن له‌داگادا،ئه‌وه‌شیان بۆ چووه‌ سه‌ر،نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵکو ئه‌م حیزبانه‌ مۆڵگه‌و په‌نای ئه‌م جاش و تاونبارانه‌ن وخه‌رج و پۆست و داهاتی ئه‌وان و سه‌ڵاحیه‌تیان له‌ده‌سه‌لات و ئیمکانیاتدا سه‌د به‌رابه‌ری هه‌موو ناوچه‌ ئه‌نفالکراه‌وکان و داهات و تێچوون و توانای هه‌ڵه‌بجه‌یی و که‌سو کاری قوربانیه‌کانه‌،ئه‌وانه‌ی هاوڕێ پێشمه‌رگه‌کانی خۆیان تیئێنتی ڕێژکردو سه‌ری شوانه‌کانیان کرد به‌ قوربانی و پاسدار بۆ به‌عس، به‌عس ته‌نها پیکابێک و ده‌سته‌ جلێکی ته‌واری و چه‌ند چه‌کێک و ماڵه‌وێڕانه‌یه‌کی موساده‌ره‌کراوی سیاسیه‌کی ئێعدام کراوی پێده‌دان و به‌رهه‌می ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی کوردستان ئه‌م که‌سانه‌ی له‌ حه‌ره‌سی به‌رده‌می ئه‌منه‌سوره‌که‌وه‌ کرد به‌ ئامر لیواو فه‌وج له‌ناو پارتی و یه‌کێتیدا،موسته‌شارێک که‌ته‌نها کاری وێرانکردن و که‌مین دانان و پێش له‌شکری بوو له‌به‌رده‌م ئه‌منێکی به‌عسدا ئه‌له‌رزی ئێستا به‌ پشتیوانی پارتی و یه‌کێتی گاڵته‌ی به‌دادگای کوردستان و شکاتی قوربانیه‌کان و داگای باڵاش دێت..
 
 به‌وورد بوونه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌م کارنامه‌ی ئه‌م هێزانه‌ ڕه‌نگه‌ شۆکه‌که‌مان که‌مێک بڕه‌وێته‌وه‌و له‌وه‌ حاڵی ببین و یان گومانێکی واقعیمان لادروست ببێت ! که‌فرۆکه‌ وانه‌که‌ به‌ڕاست خۆیشاردۆته‌وه‌ و له‌ده‌ست دادگاو ئاسایش رایکردووه‌ یان ده‌ستێکی به‌ده‌سه‌ڵات و گیرفان پڕ چۆن ڕیگاو ته‌ته‌ری بۆ سامرایی کرد که‌له‌به‌غداوه‌ هێنایانه‌ هه‌ولێرو سلیمانی و دواتر ده‌ره‌وه‌ی وڵات، یان هه‌مان ده‌ست که‌ شێخ جه‌عفه‌ری تاوانباری به‌هونه‌رمه‌ندانه‌ ترین شێوه‌ شارده‌وه‌و ڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی کرد ئه‌میشی ڕه‌وانه‌ کردووه‌،ئه‌م سینارۆیه‌ ده‌کرێت ڕاستی زۆری تێدابێت،ئه‌وه‌ی پرسیارێکی زۆر گرانترو توندتر دێنێته‌ ئاراوه‌،په‌یوه‌ندی سه‌رانی ئه‌م هێزانه‌ چیه‌ به‌م تاوانبارانه‌وه‌؟ هۆی چیه‌ ئه‌م هه‌موو قایمکاریه‌ ئه‌که‌ن؟ئه‌گه‌ر له‌سیاسه‌تدا مۆراڵ هه‌بێت ئه‌م هه‌موو دیزه‌ به‌ده‌رخۆنه‌ کردنه‌ له‌پای چی؟ ئه‌گه‌ر سیاسه‌ت به‌دواداچوونی به‌رژه‌وه‌ندی بێت کام به‌رژه‌وه‌ندی به‌هێزه‌ که‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد به‌عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جیدو سوڵتان هاشم و خێزانی سه‌دامه‌وه‌ گڕیده‌دات و ده‌شیانکات به‌دوژمنی که‌سوکاری ئه‌نفالکروه‌کان و له‌کاتی ناڕه‌زایه‌تی و ده‌نگ هه‌ڵبڕینان هێزه‌تایبه‌ته‌کان و لیواکانی تایبه‌ت و پێشمه‌رگه‌ ئه‌نێرێت بۆ سه‌رکووتکردنیان، ده‌نگه‌ ئازاده‌کان و خه‌ڵكی و  ناڕزیش ئه‌بن به‌وسه‌گانه‌ی که‌له‌برساندا یان به‌سێبه‌ره‌کانی مانگ ده‌وه‌ڕن ؟
 

Previous
Next

Leave a Reply