Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
گومانێك لە بێگوناهیم….هاوڕىَ خالید

گومانێك لە بێگوناهیم….هاوڕىَ خالید

Closed
by January 26, 2009 ئەدەب

   گومانێك لە بێگوناهیم
       هاوڕىَ خالید

  بێگوناهم
 من بێگوناهم باخچە خونچەكانى پیربووە
 بێگوناهم شیعر گەمژەییم ناناسێتەوەو
 باوكم بە قسەكانى دایكم فریو نۆشدەكات
 من بێگوناهم سوراوەكانى ئێرە كاڵترن
 لە بێشەرمى قەڵەمێكى درۆزنى ئەوىَ
 تەنهایم باكى لە خواحافیزیم نییەو
 وردە وردە ئەمداتە دەست ئەوان
 ئەمداتە دەست ئاوێنەیەكى زۆربڵىَ
 كە رەنگە هەر كچێكى بێدەنگ
  باوەڕ بە قسەكانى بكات
 كە نایەوىَ قسمەتو نسیبى لە دەست بچێت
 ئاه من بێگوناهم كە ناتوانم
 چەپكێك هەناسەم بە دیارى بدەم
 بە كلارنێتێكى ڵاڵ
 تا بەشەرمەوە پێیبڵێم قسەكردنت پیرۆز
 بێگوناهم كە ناتوانم ببمەوە بە تاق تاقكەرەى
 سەر دەرگاكانى بیركردنەوە
 تا پێًیبڵێم:
 پرسیار دەمێكە لەبەردەرگا چاوەڕێیە
 تكایە رێگەبە بێتە ژوورىَ
 من ئەتوانم چیبكەم
 تا سەعاتى ژوورەكەم هەنگاوى بیربچێتەوەو جێمنەهێڵىَ
 ئاه..ئەى عەشق
 چەند پڕم لە خەونە بەجێماوەكانى تەمەنو
 چەند پڕم لە تەمەناى دزینى شیعرێك لە خەیاڵ
 لە رفاندنى چارەكە سەعاتێك یاریكردنى مناڵى
 چەند باڵ راوەشاندنێك لە فڕین
 من پیاوێكم بێگوناه
 بێگوناهترم لە ژنێكى تەڵاقدراو
 كە ناویان ناوە قەحپە
 بێگوناهترم لەشەڕى پرتەقاڵێكى قەیرە
 كە نایەوێت مێژووى خڕبوونى خۆى بیرچێتەوە
 من پیاوێكم سەرتاپا بێگوناه
 وەك سێوێك بەربوومەوەو فڕینم دوَڕاند
 عەشقى زەوى ئەو فێڵەى لێكردم
 بە چەقۆیەكى ژەنگاوییەوە
 هەموو میوە خڕەكانم برینداركرد
 لەبەرئەوەى چوون مەمكى ژن
 بۆنى شەهوەتیان لێدێت
 كلتوور ئەو تاوانەى پێكردم
 زیناكەرترین پیاوى دونیام
 سەدان زۆڵم لە دەستەكانى خۆم هەیە
 پیاوەكانى شەرەف ئەمەیان فێركردم
 مناڵیم داواى یارییەكانى خۆیم لێدەكاتو بۆم نادرێتەوە
 تەمەن ئەو قەرزەى پێكردم
 من بێگوناهم بێگوناه
 نانا رەنگە گوناهبارترین پیاوى دونیابم
 كە نەمتوانى كچێك لە تووڕەبونەكانى باوك
 لە هەڕەشەو تەشەرەكانى برا رزگاربكەم
 لەبەرئەوەى ئێوارەیەكى عەشق
 شعرێكى نارد بۆ ئەبەدییەت
 یان رەنگە گوناهباربم
 كە ئایەتەكانم لەبەركرد
 كچێكى ئێرەم خۆشنەویستو
 گۆرانییم بۆ حۆرییەكانى خوا چڕى
 باوەڕم بەوەكرد
 شەرەف لەناوگەڵى ئێمەدا خۆى شاردۆتەوە
 خۆ رەنگیشە گوناهباربم بەوەى
 باوەشێك تەنهایم بۆ ئیوارەیەكى غەمگین
 پۆست نەكرد
 یان جامێك بارانم
 لەیەخەى كراسى پیاسەیەك نەدا
 گوناهبارم
 دەستم بەسەرى مناڵێكدا نەهێنا
 لەژێر ئەرخەوانێكى نەزۆكدا
 نەمتوانى ماچى كچێك بكەم لەبەرچاوى مەلایەكدا
 گوناهبارم ئەى عەشق گوناهبارم
 بمبەرەوە لاى یاساكانى خۆت
 با هەر نەوەكانى تۆ جەڵدەكانى پاكبوونەوەم لێدەنو
 كەسیترنا
 تا دوا ژمارەى فەرمانەكانت تەسلیمبوون
 تا ئەوپەڕى ئازار خۆڕاگرى
 تا دوورترین مەودا دابڕان
 بەس تەنهایم لەگەڵ ئاشتكەرەوە.
          2008-12-3
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.