Skip to Content

Sunday, October 24th, 2021

گوناه ……. هەردى شەفیق

Be First!
by November 8, 2008 ئەدەب

 گوناه  …….   هەردى شەفیق
 كەسەكەم ….
 ئەوان چەقۆكانیان لەناو زەرفى نامەكاندا ئەنارد بۆكچە تەنیاكانى شار
 من لەتەنهایی ژورە خەیاڵیەكەمەوە
 لەچواردیوارى حەسرەتەكانى ڕۆحەوە
 دڵێكم ئەنارد پڕبوو لەبرین و خوێن و بەرائەت
 بەفیراقى ئەویندارێكەوە گوڵەكەى دڵیت بەكەسێكى تربەخشیبىَ
 لەسەرسەخت ترین جەنگا بووم لەگەڵ ژیان
 لەگەڵ پێكەنینى هەموو ئەو یاساوڵانە بەشەڕهاتم
 باخچەكانیان پڕئەكرد لەپیسى گۆشت خۆرەكان
 دەستى هەموو ئەو نابینایانەم ئەگرت
  دوكەڵى شەڕەكان كوێرى كردبوون
 دڵى هەموو ئەو خۆڵەمێشانەم دایەوە
 هیچ ئومێدێكیان نەمابوو باخچە لەجەستەیاندا سەوز بكەن
 لەناو تف بارانى ئەو دایكانەى جلەڕەشەكانیان لێنابێتەوە
 بەئاسمانەكانم وت:
 لەدەرگاى ئەم مەرگەمان پێمەدەن و
  فڕینى پەپولە لەخۆتان حەرام مەكەن
 
 سەیركە كەسەكەم ……..
 مناڵیمان لەچ گەورەبوونێكى پوچدا دۆڕاند!
 لەگەڵ ئەو سۆزانیانەدا ئاهەنگمان گێڕا
  ئەوین تەڵاقى دابوون
 بەئەقڵى ئەو یاساوڵانەوە
 بەدرێژایی عومرێك شەڕئەكەن تاجەكە لەسەرى كامیاندابىَ
 لەباوەشى ئەو سۆزانیانەدا نوستین
 عیشق تەعاروفى سۆزانیبوونى پێكردبوون
 بەحیكمەتى ئەو فاڵچیانەوە
 وتەى پەیامبەرو شەیتانەكانیان لەفنجانى قاوەكانیاندا تێكەڵ ئەكرد
 ئەو هەموو فرمێسكەمان نوسیەوەو گوناهبار  نەبووین
 ئەو هەموو خوێنەمان ڕشت و قەرزار نەبووین
 بەحیكمەتى ئەو سوپاسالارانەوە وەك لەزگە مێژویان بەخۆیانەوە متوربەكرد
 بەلێهاتویى ئەو شێخانەوە ساویلكەیی ژنەكان،
 فێرى كەسابەتى نوشتە نوسینى كردبوون
 هەموو ئەو گوڵە زەردانەمان بردەوە ئینجانەكان
 عاشقەشێتەكان لەسەر گۆڕى یار ڕیزیان كردبوون
 
 ڕامێنە ئەى دواین هەناسەى من
 مامۆستا كانمان لەبیریانكرد
  لەسەر تەختەڕەشەكەى مناڵى
  وێنەى پەپولەیەك بكێشن
 بەڵام ئێمە، قەت بیرمان نەچوو بەبىَ دارولاستیكەكان سەفەر بكەین
 لەوقوتابخانەدا خۆمان دۆڕاند پڕبوو لەئاوێنەكانى پیربوون
 مرۆڤمان خوڵقاند لەئەزەلەوە ڕۆحى تیا نەبوو
 شارمان دروستكرد مرۆڤى تیانەبوو
 ڕۆشنایمان خوڵقاند تروسكایی تیانەبوو
 باخچەمان ناشت گوڵى سورى  تیانەبوو
  ئێمە دەچووینە سەر خێلێك كەسەر بە عەشیرەتى هیچ قەدەرێك نەبوو
 بۆ گۆرانیەكانى مردن لەدەرگاكانى ژیانماندا
 لەسەر كارتۆنەكانى شەقام
 خەومان بە خۆشگوزەرانى ێەگەكانەوە بینى
  بەخیلیمان بەئەمەكدارى ێەگەكان خواست لەهەور بڕەكاندا
 
 ئەمەچ قەدەرێكە نازەنین؟!
 دەست خۆشى لەو باڵندانە بكەین لەقەفەزدا هێلكەكانیان نابەخشن بەژیان
 دەست خۆشى لەو بێدەنگیە بكەین خوێن و دوكەڵ خوڵقاندویەتى
 بگرین بۆ ئەو دێوانانەى ئەوین شێتى كردون و بەدواى عیبادەتدا دەگەڕێن
 ڕامێنە كەسەكەم چەند گەمژەبووین
 لەژێر درەختە وەهمیەكانى سەرابدا بۆ شیرینترین میوەی تەمەن گەڕاین
 بەدەم سواو ترین گۆرانیە بێزەوقەكانى ئومێدەوە
 بەو هەموو برینەى ڕۆحەوە
 وتمان عیشق بەبىَ فرمێسك لەدۆزەخێكى تاڵ ئەچىَ
 لەپێكەنینێكى جوانەمەرگ ئەچىَ
 پێكەنێنێك هیچ جوانیەك نادات بەژیان و
 دۆزەخێك هیچ مانایەك نادات بەئینسان
 
 نازەنین ….
 ئەو دیو پەنجەرەكەت بەگوڵەكانى خەیاڵ مەڕازێنەرەوە
 پشت پەنجەرەكەت پایزێكە ئەبەدى
 ویڵى كام سەفەرى خەیاڵى ؟
 كەهەموو ڕێگاكان بەبن بەست گەشتوون
 هەموو ڕێگاكان ماندوو بوون وگریانت پێئەدەن و
 كەشكۆڵى عومرت بەخەساردەبەن
 هەموو باخچەكانى شار
 گوڵى نایلۆن و گوڵى بێهودەییان تیا ئەڕوىَ
 ئیدى دڵخۆشبوونت بەم سەفەرەمایە پوچە
                                  دەتباتە كوىَ؟؟
 
 نازەنین …
 ئەوە خۆمان بووین بەگریانى هەموو كۆترەكانى بەرائەت پێكەنین
 گڕمان بەردایە هەموو سنەوبەرە سەوزەكانى قەراغ شار
 زبڵ و پیسیمان كردە جێژوانەكانى كەنار دەریا
 كەچى من وەك دەروێشێكى فێگرتوو بەعیشقەوە
 وەك مەیزەدەیەكى حاڵگرتوو بەئەوینەوە
 لەناوتاندا ئەگریام بۆنابوتیەكانى مەرگ
 وەك بایەقوشێكى میهرەبان گۆرانى مەرگم ئەوت بۆسوڵتانەكانى جەنگ
 بۆ ئەو خەیاڵانە گریام لەگەڵ تاڵانكردنى شارەكاندا بردنیان
 بۆ ئەو ئومێدانە گریام لەگەڵ كوشتنى كوكوختیەكاندا كوشتنیان
 بۆدابەزینى ئەو هەموو پێغەمبەرەى  وەك باران هاتن لەگوناه بمان شۆنەوەو
 بەكۆڵىَ نائومێدیەوە گەڕانەوە لاى خوا
 بۆئەو كەناریانەى ڕەنگى تەلبەندێكیان گرتووە
 لەگوناهەكانى مرۆڤ و لەمیهرەبانى خوا
 شەوان مردووەكانم لەخۆم كۆكردەوەو چیرۆكى مردنیانم پێگێڕانەوە
 بەئیدمانى گریانێكى دێرینەوە
 تەلیسمى یەكەمین مردنم شكاند و
 بەهەموو  كەنارى و باڵدارە ئەتككراوەكانم وت:
 مردن لەژیاندایە نەك لەمەرگ!!
 
 هەناسەكەم ……….
 ئێمەڕۆحمان نەخۆشە كەچى بۆلاى پزیشكى جەستە ئەچین !
 جەستەمان نەخۆشە كەچى بۆلاى شێخى نوشتە ئەچین!
 بەتاقەتى ئەو جەنگاوەرانەى تادەمەو بەیان
 لەكەمیندابوون بەدیاروێنەى كچێك و
 گوڵێكى ژاكاوەوە
 بەتاقەتى ئەو كچانەى بەدیار تەنهاییەكى لەبیركراوەوە ئەمردن
 گوَرانیەكانى مەحرومیمان بۆ یەكترى وت و
 تەلیسمى ئەو مۆمیانەمان بۆ نەشكێنرا
 بەمیراتى بۆ عیشق مابوونەوە
 نەلەئاسەوارى ماچێك تێگەیشتین بەلێوى قەیرەكچێكى دڵتەڕەوە
 نەلەلێوى ئەو جەللادانەى گوللەیان لێدێتەدەرو
  ماچیشیان لێ سەوز ئەبآ
 
 سەیركە،كەسەكەم….
 ئەوەى بەگریان ئەكرىَ، بەشەراب ناكرىَ
 ئەوەى بەشەراب ئەكرىَ، بەگریان ناكرىَ
 
 نازەنین…….
 كەلاوەكۆنەیەك بەسە بۆشكاندنى تەلیسمەكانى موقەدەس بوون
 فرمێسكى چاوێك بەسە بۆ تەفسیرى ئازارەكانى ڕۆح
 ماتى ئەو ڕاوچیانەى بەقاقایەكى خنكاوەوە
 چیرۆكى مەحرومى خۆیان ئەگێڕایەوە
 بەدزى یەكتریەوە بۆمەرگى بێچوە كوكوختیەكان ئەگریان
 پێكەوە لەبەرچاوى یەكتریدا كەرامەتیان پێ ئەكڕیەوە
                     بەسە بۆ نابووتى ژیان
 
 نازەنین…….
 وێنەى پەپولەیەكت لەسەچرپاكە بۆجێدێڵم
 پەپولەیەك باڵەكانى لەدڵى دوو مرۆڤ
 جەنگ، پڕى كردین لەگریان و دوكەڵ و خۆڵەمێش
 لەسەر ئەسپى خەیاڵ بەرەو مەرگ غارماندا و هەرپێكەنین
 وەك لۆتیەك بەشاباشى هەموو ئەو هەرزە هەوەسانە پێكەنین
 جگەلە ئەبوئەڵقەیەك و پەڕە ژاكاوەكانى گوڵێك
 هیچى تر لەگیرفانیاندا نەبوو
 برینى هەموو ئەو سەروەتمەندانەمان كولاندەوە
 دەوڵەمەندیان گەنجینەى عیشقێكى لەدەست چووبوو
 
 كەسەكەم ئەى باڵندەسەرابیەكە
 لەئاسمانێكدا لەشەقەى باڵدە
  جگە لەمەرگ ڕێگایەكى ترى تیابێت بۆفڕین
 ڕوو لەشارێك بكە
  دانیشتوانەكەى سیماى تاعونیان نەگرتبىَ و
 ڕەشەباى مرۆڤ كوژى لەوىَ هەڵى نەكردبىَ
 لەوىَ مرۆڤ لاى باڵندەكان متمانەى خۆى لەدەست نەدابێت
 ئەوباڵندانەى بەسڵەمینەوەكانیان پێیان وتین:
 بەفشەكانى میهرەبانیاتان ناخەڵتێن
 وەك خۆتان دەتان ناسین
 شارێك دەریاوانەكانى بەمەستى ئەو كەنارانە پێنەكەنن
 ماسیەكانى بەعیشقەوە پەلامارى قولاپ ئەدەن
 
 سەیركە كەسەكەم…..
 كەسێك، لەپرسەیەكدا پێشنیارى نەكرد بۆ ڕۆحى مردومان بگرین نەك بۆدڵى مردومان
 ئاخر گریانێك نەماوە بەشێك لەئازارەكانمانى تیا نەبێت
 ئەو ڕۆحەبریندارەى برینەكانى یەشتا خوێنیان لێ ئەچۆڕىَ
 ئەو ئێوارەى خوێنەكان وەك باران دەبارێن ناپرسىَ
 ئەشىَ سایەى چەترێك قیمەتى چەند بێت؟
 
 هەناسەكەم……..
 ئەو عاشقانەى لەتەنهایی هەڵدەهاتن و بۆ تەنهایی دەچوون
 خەڵكى وڵاتەكەى من بوون
 ئەو عاشقانەى لەئاوێنەكان هەڵدەهاتن و بۆ وێنەكەى خۆیان دەگەڕان
 خەڵكى وڵاتەكەى من بوون
 وەك سوتانى جگەرەیەك لەنێو پەنجە لەرزۆكەكانى موعتادێكدا
 وردو خاشترین پارچەئاوێنەى یادگاریەكانیان كۆدەكەنەوەو
 بەشێواترین سیماى نائومێدیان پێئەكەنن و
 ئولفەتیان بەمەرگێكەوە گرتووە
 هەموونائومێدیەكانیان بگەیەنێتە كۆتا
 
 نازەنین…..
 من وتۆ چەند لەقاپێكى سەفەرى ئەچین
 ئەو قاپانەى تەنها بۆ پیسكردن بەكاردێن!
 پیرە ئێوارەیەك من و تۆ هێندە لەخەیاڵدا یەكتریمان لەئامێزگرت
 حەقیقەتێك وجودى نەمابوو بۆتێكەڵبوونمان
 هێندە بەخەم وێنەى ڕوخسارى یەكتریمان كێشا
 سیمایەكى خەیاڵى نەمابوو بۆ جواینەكان
 
 نازەنین ……….
 ئەو بولبولانەى لەزمانى هەموو فلوت ژەنەكانى شار دەگەیشتن زمانیان بڕن
 بۆیە ناتوانم ئاغاى خۆم و كۆیلەى خۆم بم
 عیشقەكانى من ئێستا هەمووى سەرابن
 سەرابەكانى تۆش هەمووى عیشقن
 
 كەسەكەم …..
 چارەنوس چیە جگەلەگریانێك لەئاوابوون ؟
 جگەلەپێكەنینێك لەخۆ خەڵەتاندن؟
 كەسێك نەیتوانى شەریعەتێك لەزمانى پەپولە بخوڵقێنىَ
 بەزمانى چەقۆ نامۆبىَ و
 چەقۆى هەموو ڕاوچیەكان بشكێنىَ و
 زارى یارى لە قومارچیەكان بسێنىَ
 گریان چیە جگەلەزمانى ئەو باڵدارانەى
 لێوان لێو بون  لەگۆرانى و
 ئاسمانێكیان نەبوو بۆخوێندن؟
 خوێندن چیە جگەلەوەى
  لەبەر پەنجەرەكانەوە
 دوكەڵى پشت پەنجەرەكان ببینى ؟
 كەچى خوێندمان
 تاعون و بۆنى خوێنمان جیا نەكردەوە
 بۆنى گوڵ  و بۆنى باروتمان لەیەكترى نەكردەوە
 
 كەسەكەم …….
 ئەوچەقۆیەى بەمناڵى باوكم بۆى كڕیم
 هەمان چەقۆیە لەگوڵدانەكەى ماڵدا دامناوە
 هەمان چەقۆیە دەمنارد بۆكچەتەنیاكانى شارو پەشیمان دەبوومەوە
 چەقۆكەم نایە گۆڕو شەرمى ئەو ڕۆژگارەم لانافەوتىَ
 شەرمێك من و تۆ لەنەبوون هێنامانە بوون و
 نەیتوانى ڕێگرى لەڕژانى دەریایەك خوێن بكات و
 كەچى ناهێڵى پەروانەیەك بەكامى دڵ بسوتىَ
 
 نازەنین……..
 فاڵچیەكان پشتاوپشت هەریەكێكمانیان دەبردە سەر حەزرەتێكى ئەو تاریكستانە
 وەك ئەوەى زەمانێك كەسێك نەبووبێت جگەلەوەچەكانى تاریكى
 وەك دوولەت سێوى لاسور بەشیان كردین
 وەك ئەوەى لایەكیان لەدەست پیاوێك كەوتبێتە ناو زبڵدانێك
 پیاوێك كەبەسەر پشتى ئەسپێكى خۆڵەمێشەوە تێپەڕى
 قامچیەكى سەرابى بەدەستەوەبوو
 پیاوێك بەسەر پشتى ئەسپێكى تەلیسماویەوە گوزەرى كرد
 ئەوقەفەزانەى بۆگوڵ و باخچەكان جێهێشت
 لەزێڕى ڕوت و ئەڵماسى گران بەهابوو
 پیاوێك لەوقافڵانەى بەردەبازەكانیان كەللەسەرى مرۆڤ و
 قەڵغانەكانیان دڵى مەملەكەتێك بوو!!
 
 كەسەكەم…….
 لەنمایشى ئەو وەرزە ئێسك سوكە تێنە گەیشتین
 بەدەم وەرینى گوڵەكانەوە پَى وتین:
 هەرئەمەیە حەقیقەتى بوون
 لەتێكەڵ بوونى گوڵ و پەپولە گریانمان خوڵقان
 شیعرو درۆمان خوڵقاند
 ئیدى گوڵە ڕەشەكانى قەدەر
 بەبەرۆكى كام لەعاشقە درۆزنەكانى شارەوە بناسینەوە
 لەناو ئەو هەموودەرگاى بەڕوى بەدبەختیماندا كرانەوەو
 ئەو هەموو پەنجەرەى بەڕوى خۆشبەختیماندا داخران؟؟
 
 هەناسەكەم …..
 ئێمە سێبەرەكانى یەكتریمان بەلاشەى پەپولەكان مەرگ بارانكردو 
 خۆمان قاقاپێكەنین
 كەچى دەمان وت دەبوو من عاشقى فریشتەیەك بام
 ئیحساسى لەباڵى پەپولەو پەڕەى گوڵ بێت
 نەمانزانى شاردنەوەى گوناهەكانمان لەحزورى یەكتریدا
 نەلەحزورى خوادا و
 نەلە ویژدانماندا دادمان نادا
 ئیدى دەبێت چاوەڕوانى خواوەندێك بین
 وەك عیسا میهرەبان لەبەخشینى سزادا!
 
 كەسەكەم……..
  عیشق وەك ماسیەكى ئەویندارى دەریا
 بەقولاپى  جادویی ماسیگرێكى مەستەوە
 چی پێدەكرىَ؟
 بۆیە ئەستێرەكانى خۆكوژیمان بەئاسمانى هیوا كانەوە دەژمێرین
 ئەوشەوەى تۆلیرەنەبووى
 ڕۆحم بەو شارە خەیاڵیە دەخەڵەتاند
 پڕمكردبوو لەباخچەى جوانى و
 فریشتەكانى میهرەبانى
 بەدواى مەرگێكەوە بووم كۆتایی بەمەرگەساتى ڕۆح بێنىَ
 ئاخر گۆڕەكانمان تەنها لەپلیكانەیەكى خەیاڵى ئەچىَ
 سوڵتانێك بەفیزەوە بۆلوتكەى دەسەڵات هەنگاو ئەنىَ و
 لەپشت دیوارەسەرابیەكانى تینوێتیمانەوە
 بەگەدایمان پَىَ ئەكەنىَ
 
 كەسەكەم…..
  ئەم خۆڵباران و خەمبارانە
 دوكەڵى ڕۆح بوو لەپەنجەرەى كچە تەنیاكانى شارەوە ئەهاتەدەر
 ئەو گۆڕهەڵكەنە پیرەى
 هەمووعومرى لەهەڵكەندنى ئەو چاڵانەدا بەسەر بردووە كەئازیزانى من و تۆ ئەشارنەوە
 غوبارى ئەو ئەسپانە بۆ ئەڵماسێكى بەجێماو ئەگەڕىَ بەرەو مەغریب ڕۆشتون
 لەگومڕایى خومان ئەم غوبارەمان خوڵقاند
 نەیەكترى تیائەدۆزینەوەو نەیەكتریشى تیا جێدێڵین
 تالەلێوارى پەتەكەدا بەیەكترى دەڵێین ماڵئاوا
 نیوەمان بۆ ژیان ئەگەڕێینەوە
 نیوەشمان بەرەو سەفەرێكى نادیار ئەچین
 
 كەسەكەم…….
 هەرگیز دەرگاكانى مەرگمان نەشكاند بۆ ژیان
 بۆیە ژیان لەگریانى ئەویندارێك ئەچوو
 بەزەردە پەڕى ئێوارەیەكەوە
 لەماڵئاوایی زەمەن ئەچوو
 لەو باخچانەى بە خوێنى خۆیان گوڵەكانیان ئاوئەدا
 بەفرمێسكى خۆیان بەختەوەریان بەخێو ئەكرد
 چى هەڵەیەكمان كرد
 حكایەتى ئەو كوڕە كەچەڵەى مناڵیمان بیرى خۆمان بردەوە
 ماڵى دەوڵەمەندەكانى ئەبەخشى بەهەژاران!!
 
 نازەنین …….
 دەستم ناگاتە (ناستاتیا)ى شەوەسپیەكان پىَ ى بڵێم
 (دیستۆفسكى )ئەو چوارشەوە عاشق نەبووایە
 نەیئەتوانى بەو هەموو ئیحساسەوە بت خوڵقێنىَ
 تاتەڕەشوعى ژورەكانى زەمەن
 نەیكردوین بەكەڕوى ژورەخۆڵەكانى تەمەن
 بهێڵە ژورەكانى تەنهاییمان پڕبێت لەگۆرانى حەسرەتەكانى خۆش ویستن
 نەك ڕاوچیەكانى ژیان وەك دوو مۆمیایى
 بمان بەخشن بەمۆزەخانەیەك!
 وەك ئەو فەیلەسوفەى حیكمەتەكانى مردنى ئە ژماردو
 بەخشیان بەشێتخانەیەك!
 وەك ئەو دۆلفینەى لەكەنارەكانى دەریایەكدا
 هاناى بۆ ماسیگرێك بردوو
 فرۆشتى بەقەێابخانەیەك!!
 Jgarsoz8181@yahoo.com
 12/1/2005
 

Previous
Next

Leave a Reply