Skip to Content

Wednesday, September 23rd, 2020

گۆرانى ڕەسەن ماناى چییە؟ … نەبەز گۆران

Be First!
by February 24, 2008 گشتی

گەڕانەوە بۆلاى عەلى مەردان، گەڕانەوەیە بۆلاى  ڕۆحى كورد….


 دەبێت بەرلە هەمووشتێك دان بەوەدا بنێم من نە هونەرمەندم بەمانا ڕاستەقینەكەى، نەتواناى وتنى گۆرانیم هەیە، نە كەسێكیشم دەزانم مۆسیقا بژەنم، من تەنها دەزانم گوىَ لەگۆرانى بگرم، هەرگۆرانیەكیش بێدەنگم نەكات گوێى بۆناگرم، هەرگیز رێگەش بەخۆم نادەم گوىَ لەهەموو گۆرانیەك بگرم، نەكاڕۆحم درزێكى تێكەوێت بەئاوازێكى ناشازو نەتوانم جارێكى دى ئەو درزەپڕ بكەمەوە، ئەم نووسینە هەوڵێكە بۆ وەڵامدانەوەى ئەو پرسیارانەى تاكوئێستە هونەرمەندانى ئێمە وەڵامێكى قایلكەریان نەداوەتەوە، پرسیارى ئەوەی ئایا گۆرانى رەسەن چیە؟ و كىَ گۆرانى بێژى رەسەنە؟ یان بۆچى ئەو هونەرمەندە دەبێتە گۆرانى بێژێكى رەسەن و ئەوى دى نابێت؟ ئایا هەموو ڕابردویەك  دەبێتە رەسەن و هەموو تازەیەك رەسەنیەتى تێدا نابینرێت؟ ئەم پرسیارانە هێشتا لەو جۆرە پرسیارانەن هونەرمەندان نەیانتوانیوە وەڵامێكى تەواوى بدەنەوە، بۆگەڕان بەشوێن ئەم پرسیارەدا  نابێت گوىَ لەهونەرمەندان بگرین، دەبێت گوىَ لەرۆحى خۆمان بگرین و بگەرێینەوە بۆناو خۆمان تاوەڵامێكى قیلكەر بۆئەو رەسەنیەتە بدۆزینەوە كەلاى برێك لەهونەرمەندان دەردەكەوێت و لاى برێكى دی بوونى نیە، من لەم نووسنەدا پێنج نمونەى جیاواز دەهێنمەوە تالەرێگەى ئاوازى ئەم پێنج كارەكتەرەوە ڕەسەنیەتى ئاواز دەرخەم، و پەنجەش بخەمە سەرئەو گۆرانیانەى لەزەمەنێكى دیاریكراودا دێن و كتوپڕ لە گوێى بیسەرەكانیاندا كۆتاییان دێت.
 نمونەى (( عەلى مەردان، عەدنان كەریم، دیارى قەرەداخى، هەڵكەوت زاهیر وەك ئاوازدانەر، عەزیزى وەیسى )) وەردەگرم وەك پێنج نمونەى جیاواز بۆ تێگەیشتن لەسەر ئاوازى رەسەن و ئاوازى تێپەڕ بەناو جەستەو چاودا.
 
عەلى مەردان رۆحێكى  رەسەن ، عەدنان كەریم پاسەوانى ئەو ڕۆحە….
 
 مەردان رۆحى كوردە لەبەرگى هونەرى گۆرانى وتندا، رۆحێكە بەئاواز كوردبوونى خۆى دەردەخات، ئەم پیاوە مەزنە كاتێك گۆرانى دەڵێت رۆحى بیسەر  پێویستى پێیبێت، دەستبردنى عەلى مەردان هێندەى دەستبردنە بۆرۆحى كورد هەرگیز  دەستبردن نیە بۆشتەكانى دى، گۆرانیەكیش توانى بچێتە ناو رۆحى گوێگرەكانیەوە دەتوانێت رەسەنیەتى خۆى دەرخات، وەختێك گۆرانیەك دەبێتە رەسەن ئەو گۆرانیە زۆرترین ئاوازەكانى ئەو رۆحانەى لەدەورى خۆى كۆكردبێتەوە كە گوێى لێدەگرن، ڕەنگە هەریەك لەئێمە رۆحمان پێویستى بەئاوازێك هەبێت، بەڵام سەرجەمى ئەم رۆحانە كە رۆحێكى كوردیە لەشوێنێكدا كە كورد بوونە كۆدەبێتەوە و خۆى تیا دەبینێتەوە، عەلى مەردان نایەت  بەپێى زەمەن گۆرانى بچڕێت، بەڵكو دێت دابەش دەبێت بەسەر رۆحەكاندا، یان دێت بۆئەو خاڵە دەگەڕێت سەرجەم رۆحەكان تێیدا كۆدەبنەوە و هەست بەكوردبوونى خۆیان دەكەن، ئالەوێدا گۆرانى دەڵێت، كاتێكیش توانى دەرك بكات بەناساندنى ئەو رۆحانە ئیدى دەزانێت لەچ دەرگایەكەوە بچێتە ناو رەسەن بوونەوە، رەسەن بوونى گۆرانى جگە ئاشنایەتى لەگەڵ رۆح دا شتێكى دى نیە،  ئەم كارەش بەكەسێك دەكرێت رۆحى خۆى گەیشتبێتە ئەو ئاستەى بتوانىَ ئاوازى رۆحەكانى دى بناسێت، بۆیە عەلى مەردان گەر گۆرانى بۆرۆحى خۆشى وتبێت بۆرۆحى هەموومانى وتووە، چونكە رۆحى ئەو لەو شوێنەى گۆرانى دەڵێت رۆحى ئێمەیە،  تەماسێك لەنێوان سەرجەم رۆحەكاندا بوونى هەیە تەنها بەگۆرانى بێژى راستەقینە ئەو رۆحانە لێك نزیك دەكرێنەوە، هەرگۆرانیەكیش نەیتوانى لەگەڵ رۆحەكاندا ئاشنایەتیەك پەیدابكات حەتمەن ئەو گۆرانیە تواناى مانەوەى كەمتردەبێت، و ناتوانێت رەسەنیەتى خۆى بپارێزێت، ئاوازى رەسەن رۆح بریارى لەسەردەدات، بۆیە عەدنان كەریمیش لەوشوێنەوە دەست پێدەكات عەلى مەردان دەستى لێهەڵگرتووە، كاتێكیش دەنگى عەدنان وەك وێنەیەكى رەسەن دەردەكەوێت پەیوەندى بەو حاڵەتە رۆحیانەوە هەیە لەناو كارەكتەرى كوردیدا هێشتابوونى هەیەو پێویستى بەئاوازێكە جارێكى دى بیگەرێنێتەوە دۆخى خۆى.
 ئەوەى عەدان كەریم دەیكات پڕكردنەوەى درزەكانى ناو رۆحى ئێمەیەو كامڵ بوونى ئەو رۆحەیە، تا بەئاوازێك ببێت بەپاسەوانى ئەو رۆحە، هەرچۆن عاشقێك كاتێك رۆحى كامڵ بوو ئیدى پێویستى بەمەعشوقێك هەیە پاسەوانى رۆحى بكات، بەهەمان شكڵ پرۆسەكە لەعەلى مەردانەوە دەست پێدەكات بۆكامڵكردنى رۆحى كورد بەو ریتمەى خۆى، لەسەردەمى عەدنانیشدا لەرێگەى ئاوازەكانیەوە خۆى دەكات بە پاسەوانى ئەو رۆحە.
 ئێمە كاتێك گوىَ لەعەدنان دەرگرین گەر كەمێك ورترو هێمنتر گوێى بۆبگرین وەك ئەوە وایە گوێمان لەرۆحى خۆمان گرتبێت، ئەو دەرگایەى عەلى مەردان كردیەوە بۆچونە ناو رۆحى كورد لەرێگەى گۆرانیەوە، ئەمرۆِعەدنان دەیوێت حەكیمانە ئەو درزانە پڕبكاتەوە كە پاش عەلى مەردان كەوتنە ناو ئەو رۆحەوە، دەكرێت ئێمە بەعەدنان بڵێن رەسەن، چونكە عەدنان بەچەشنى عەلى مەردان گۆرانى بۆئیحساس ناڵێت، بەڵكو رۆح بەخەبەر دەهێنێتەوە لەو دووریەى ڕوبەڕوى بوەتەوە، خۆى گۆرانى وتنیش تێگەیشتنە لەرۆح، ئەوانەى تەنها گۆرانى دەڵێن و پەیوەندیەكیان نیە لەگەڵ رۆحى گوێگرەكانیاندا ئەمانە ماناى هونەر بەدەست ناهێنن، وەلىَ عەدنان و عەلى مەردان كەوەك دوو نمونەى رەسەنیەتى ناویان دەبەین، دوو كارەكتەرن تواناى ڕوناككردنەوەى ئەو رەسەنیەتەیان هەیە كە لەناو رۆحى كوردا مت بووە، ئەو مت بوونەش كە لەرۆحى كوردا هەیەو رۆحێكى رۆژهەڵاتیە بەزەحمەت وایلێدەكرێت بدۆزرێتەوە، ئەوانەشى دەیدۆزینەوە ئەو هونەرمەندانەن بەتەواوەتى رۆحى خۆیان دۆزیوەتەوە، بۆهونەرمەند زۆرگرنگە بتوانێت بگەرێتەوەناو خۆى پاشان بڕیارى هاتنەدەرەوەبدات، بەس ئێستە زۆربەى ئەوانەى گۆرانى دەڵێن بەبىَ گەڕانەوە بۆئەسڵى خۆیان دەیانەوێت بێنەدەرەوە، هاتنەدەرەوەى لەم جۆرەش تەمەنیان هێندەى شكۆفەى خونچەیەك زیاتر تێناپەرێت، هەرئەمەشە وادەكات هەركاتێك گوىَ لەگۆرانیەكى عەلى مەردان یان عەدنان كەریم دەگرین هەست بەكەین گوىَ لەئاوازێك دەگرین رۆحمان دەیەوێت نەك جەستەمان، ئەوانى دیش كاتىَ گوێیان لێدەگرین هەست بكەین تەنها بەزمێكەو لەبیردەچێت، چونكە دەسكارى رۆحمان ناكەنو لەیادمان دەچن، دەسكارى شوێنێكمان دەكەن یادەوەرى نیە، ئەو شوێنەش چاو جەستەیە.
 
دیارى قەرەداغى گەریدەى ناوبرینەكانى كورد….
 
 دیارى هونەرمەندى یادەوەریەكان، دیارى هونەرمەنێكە لەو گەریدەیە دەچێت بیەوێت لەهەرشوێنێكەوە برین هەبێت دەست بۆئەو برینە ببات و بیكولێنێتەوە، ئەوەى دیارى دەیڵێت گێڕانەوەى چیرۆكى برینەكانى كوردە، هونەرمەندێكە بەناو یادەوەریەكانى كوردا هەنگاو دەنێت، كارى ئەم هونەرمەندە ئەوەیە هەوڵى گەڕانەوە بدات بۆناو یادەوەرى سەخت، دەیەوێت بەئاوازەكانى بەردەوام پیشانمان بدات برینێك هەیە لەیادەوەریماندا دەبێت ئەو برینەمان بیرنەچێتەوە.
  كوردیش یەكێكە لەو میلەتەى رۆحێكى بیمارى هەیە، دیاریش وەك بیمارناسێك بەردەوام سێبەرى خۆى كێشاوە بەسەر ئەو برینانەداو لەبرى تیماركردنیشیان دیانكولێنێتەوە، جورئەتى ئەم كوڕە لەوێدایە هەرگیز لەدەنگیدا هەست بەوەناكەى بیەوێت یەكێك لەو برینانە سارێژبكات، كولانەوەى برینیش بۆمیلەتێكى پڕبرین كارێكى قورسە، ئەمكارە قورسەش دیارى بەردەوام لەسەرى دەوەستێت، بۆیە وەختى  نزیك بووینەوە لەیادەوەرى برینەكان دیارى دێتـەوە ناومان، ئەمەش گوناهى دیارى نیە، بەڵكو ئەمە پەیوەندى بەو یادەوەریەوە هەیە دیارى لەئاوازەكانیدا بەشوێنیاندا دەگەرێت و لەناو خەیاڵى ئێمەدا زیندودەبنەوە، دەركەوتنى دیارى پەیوەندى بەیادەەوەرى برینەكانەوە هەیە، بۆیە دیارى ئەوەندەى دەبێـتە گۆرانى بێژێكى یادەوەریە سەختەكانى كورد ئەوەندە نابێتە گۆرانى بێژێكى رۆحى بەردەوام، وەلىَ لەسەر رۆحى ئێمە بیرن هەیە بۆیە دیاریش هەیە، تابرین بمێنىَ دیارى دەمێنىَ، رەسەنى دیاریش لەخودى برینەكاندایە نەك لەسەرتاپاى بوونى رۆحى كوردا، ئەمەش وەزیفەیەكى جیاوازە لەو وەزیفەییەى ئەمڕۆعەدنان دەیبینێت، عەدنان جگە لەئاوازەكانى كە ئاوازگەلێكن نزیكن لەرۆحەوە زۆربەى ئەو پارچەشیعرانەش دیانخاتە ناوگۆرانیەكانەوە هى ئەو شاعیرانەیە رۆحیان شیعرى پێ نووسیووون، ئەمڕۆ ئەویش بەهەمان رۆحەوە دەیانكات بەگۆرانى، شوناسێك دەدات بەگۆرانیەكانى كە سەرتاپا پڕبن لە رۆح چ وەك شیعر چ وەك ئاواز.
 كەچى دیارى تەماس لەگەڵ ئەو شاعیرانە دەبەستێت لەگۆرانیەكانیدا سەرقاڵى گێرانەوەى كارەساتەكانى كوردن بەزمانى شیعر، بۆیە هەرچۆن عەدنان زەحمەتە بمرێت دیاریش بەهەمان شێوە، لەیەك حاڵەتدا ئەم دوو هونەرمەندە كاڵ دەبنەوە، ئەویش ئەوكاتەى رۆحى كورد وەك رۆحێك شپرزە ببێت و بمرێت و سەرجەم یادەوەریەكانى  لەبیربچێتەوە و پشت لەبرینەكانى خۆى  بكات، گەر ئەمە رویدا ئیدى كاتى ئاوابوونى ئەم دوو هونەرمەندەش دێت، كەئەمەش زۆر زەحمەتە روبدات، بەتایبەتى لەكۆمەڵگەییەكى رۆژهەڵاتیدا كە زیاتركۆمەڵگەییەكى رۆحیە، و دیاردەكان لەناویدا وون دەبن، رۆح شوێنیان دەگرێتەوە.
 
هەڵكەوت زاهیر سەمالەگەڵ چاودا….
 
 كارەكانى هەڵكەوت زاهیر غەریبن بە رۆحى كورد، بۆیە دەڵێم هەڵكەوت زاهیر، چونكە ئەو مۆدێلەى ئەمڕۆ كۆمەڵێك لەگۆرانى بێژان بەكارى دەهێنن بنەماسەرەكیەكەى خودى هەڵكەوت زاهیرە، گەر بىَ ئەدەبیش نەبێت دەتوانین بەو گۆرانى بێژانەى كە هەڵكەوت زاهیر ئاوازیان بۆدادەنێت و دەستیان دەگرێت،  بڵێن منداڵانى هەڵكەوت زاهیر، ئەمەش بۆ ئەوەى كارەكەمان بۆئاسان بكاتەوە و ناوى كەسیان نەهێنین و بەمنداڵانى هەڵكەوت ناویان بهێنین،  چونكە ئەوانە هیچكامیان پێشتر پاشخانێكى هونەریان نەبوەو مامۆستاكەیان كە خودى هەڵكەوتە دەستیان دەگرێت و دەیانهێنێـە ناوگۆرەپانەكەوە، باوەریشم وایە هیچ كام لەوانە تواناى بەردەوامیان نیە، چونە لەبنەرەتدا خۆیان پەرەوەردە نەركردوە بەڵكو دەستیان گیراوە، ئەو مۆدێلى گۆرانى وتنەش هەڵكەوت زاهیر لەرێگەى منداڵەكانیەوە پەخشى دەكات، جۆرێكە لەو مۆدێلەى بەیانى جەستەدەكات و هیچ كات كارەكتەرى كورد ناچارناكات بگەرێـتەوە بۆناو خۆى، دەیەوێت لەرێگەى گۆرانیەوە ئازادى بەجەستەبدات و فەزایەك بكاتەوە بۆچاو، ئەمەش وایكردوە زۆربەى نەوەى نوىَ بەتایبەتى گەنجان ببنە گوێگرى ئەو مۆدێلى گۆرانیانە، ئەوانەش كەسانێكن چاویان پێویستى بەتێربوونە، و رۆحیشیان كامڵ نەبووە، بۆیە بەزوترین كات لەسەرخوانەكەى هەڵكەوت كۆدەبنەوەو زۆر بەزویش بەجێى دەهێڵن، ئەم نەوەیە كاتێك ئەو تەمەنەیان بڕى و بەرەو كامڵ بونى رۆح گەڕانەوە ناچنەوە لاى هەڵكەوت، بەڵكو دەگەرێنەوە سەر خوانە ئەسیڵەكەى خۆیان كە رۆحە و ئەویش لاى وێنەكانى وەك عەدنانە، هەڵكەوت تائێستەش بەس توانیویەتى چاویان تێربكات و دەرگایەك بكاتەوە بۆئازادى جەستەیان، نەیتوانیوە دەسكارى رۆحیان بكاتو لەگەڵ خۆى بیان هێڵێتەوە، بۆنمونە سیدیەكى گۆرانى بێژێك دەردەكات، دەبینین تەنها ئەو گۆرانیە زۆر گوێگرى هەیە كە كلیپى بۆكراوە، ئەمەش لەبەرئەوەى لەو گۆرانیەدا چاوى بینەرەكان و بیسەرەكانى تێردەكات، ئیدى هەرخودى ئەو گۆرانى بێژە گۆرانیەكانى دى ناو هەمان سێدى  نابنە جێى سەرنجى گوێگرەكان، ئەمە بۆخۆشى هەوڵێكە بۆتێك شكانى ئەورۆحەى كە ئاشنانیە بەو میلۆدیانە، هەڵكەوتیش دەیەوێت بەم میلۆدیانە درزێك بخاتە ناو ئەو رۆحەوە، بەڵام ئەمە زەحمەتە لەرۆژهەڵاتدا بتوانى بەئاواز كارێك بكەى نەوەیەك دەست لەرۆح هەڵبگرن و لەرێگەى چاو و بینین و جەستەوە خۆیان تێربكەن.
 هەڵكەوت بەپێچەوانەى عەدنانەوە لەرێگەى منداڵەكانیەوە دەیەوێت لەبرى رۆح سەما بەجەستەو چاویان بكاتو بۆشایەكى بیسەرەكانى پڕبكاتەوە، رۆحێكیش گەربۆشایى هەبوو رۆحێكى تەندروست نیە، ئەو كەنجانەى بەهۆى بوونى فەراغى رۆحیەوە سەرگەردانن، بەهەموو شێوەیەك لەهەوڵى پڕكردنەوەى ئەو بۆشایەن لەناویاندا دروست بووە، بۆیە  هەڵكەوت دێت لەرێگەى چاو جەستەیانەوە ئەم پڕكردنەوەیان بۆدەكات، بەڵام كاتێك ئەو رۆحەیان كەفەراغى تێكەوتوە پربویەوە ئیدى پێویستى بەپاسەوان هەیە، لەوحاڵەتەدا ئەو پاسەوانە هەڵكەوت نیە، بەڵكو پاسەوانەكە عەدنانە كەپێشترئێمە باسمان لێیكرد، واتە هەڵكەوت شنەیەكە بۆ جوڵاندنى چاو جەستەیان، نەك بۆجوڵاندنى رۆحیان،  تەنها جەستەو چاویان پڕدەكات و ئیحساسیان دەجوڵێنێت، بڕێكجاریش ئەو شنەیە زۆر نائاشنایە بەچاو جەستەشیان، بۆئەوەى ئیدامە بەمانەوەى خۆشى بدات لەبرى ئەوەى ئەم شنەیە بەرەو لاى رۆح ببات، دێت ئیدامە بەزۆركردنى ئازادى جەستەو چاو دەدات،  ڕەنگە باشتر بێت جارێك دەست بۆرۆحە ئەسڵەكەببات و ئاوازێك بدۆزێتەوە لەرۆحى كوردەوە نزیكبێت، تاجارێك ببێتەمیوانى رۆحى كورد، بۆئەو لەم حاڵەتەدا بوونەپاسەوان گرنگترە تاپركردنەوەى درزەكان، وەلىَ پێدەچێت هەڵكەوت نەیەوێـت دەست بۆرۆح ببات و هەرسەرقاڵبێت بە سەماكردنى چاو جەستەى بیسەرانى، ئەم جۆرەكارانەش لەزەمەنێكدا دەمێنەوە بیسەركانى هێشتا لە فەراغى ئازادى جەستەو ئازادى چاودابن، كە ئەم دوو حاڵەتە تێربوون ئیدى دەست لە دیاردەگەراى هەڵدەگرن و بەشوێن رەسەنیەتیدا دەگەرێن، بۆئەوەى منداڵەكانى هەڵكەوتیش لەم دیاردەگەرایە رزگاریان بێت گرنگە مامۆستاكەیان بیانگەرێنێتەوە بۆلاى رۆح.
 
 عەزیزى وەیسى ڕاهێنەرى جەستە
 
 كارەكتەرى كورد جەستەى زۆربەى كاتەكان مەحكومە بەجوڵان، بۆیە هەمیشە راهێنەرێكى پێویستە بۆجوڵاندنى ئەو جەستەیە، لەئێستاى كوردا عەزیز یەكێكە لەوڕاهێنەرانى جەستەى كورد نەك هونەرمەند بەمانا قوڵەكەى، عەزیز دەنگێكە تەنها تواناى جوڵاندنى شانى بیسەران و قاچى بیسەرانى هەیە، لەو شوێنەشدا جەستە ماندوو بوو لەجوڵان كە (( هەڵپەركێیە )) ئیدى لەو شوێنەدا عەزیز كۆتایى دێت، گوێگرانى كورد كاتىَ پێویستیان بەعەزیز دەبێت غەریزەى جوڵەو غەریزەى هەڵپەركێیان سەرى هەڵدابێت، گەر لەپشت عەزیزەوە ڕاهێنەرێكى باشتر هەبێت بۆ تێركردنى غەریزەى جەستە لەرێگەى دەنگەوە عەزیز دەكەوێتە پەراوێزەوە، بۆیە هەمیشە عەزیزەكان دێن و دەچن بىَ ئەوەى جارێك یەكێكیان بمێنێتەوە.
 هەڵپەركێش گەر بەشێوەیەكى گشتى تەماشاى بكەین كە بەشێكە لەهونەرى كوردى، كەسى هەڵپەركىَ كەر مەحكومە بەكۆمەڵێك پرنسیپ و یاسا، ئەم پرنسیپ و یاسایانەش جارێكى دى بۆئەوە دانراون جەستەى كورد ئازاد نەبێت، هەڵكەوت لەرێگەى منداڵەكانەوە دەیەوێت ئەم پرنسیبە تێك بشكێنىَ و ئازادییەك بدا بە چاو و جەستەى بیسەران، كەهێشتا نەیتوانیوە ئەو تەوقە بشكێنىَ، بەڵام عەزیز ئەمەشى پێناكرێت، تەنها كارى بەجوڵەخستنى جەستەیە، گەر بەرودى تەماشاى هەڵپەركێى كوردى بكەین دەبینین، هێندەى لەگروپێكى دیلكراوى یان سەرباز دەچن كەدەستى یەك دەگرن و بەیەك ریتم دەڕۆن لەكاتى جوڵەدا لە تیمێك ناچن جەستەیان ئازاد بێت و بیانەوێـت بەئازادانە چۆنیان بوێت سەمابكەن, ئەمەش دانانى رێگرییە لەو جەستەیەى كە دەیەوێت بجوڵێت، عەزیز جگەلەوەى ناتوانێت ئەم جەستانە ئازاد بكات، تواناى ئەوەشى نیە ئەم جەستانە والێبكات لەم كۆتو بەندانە جیاببنەوە، بۆیە وەزیفەى عەزیز لەوەزیفەى راهێنەرێك دەچێت، كاتێكیش جەستە بەدەنگ كەوتە جوڵە ئیدى رۆح ماقولیەتى خۆى لەدەست دەدات و جەستە لەرێگەى جوڵەوە دەیەوێت ئەو ناماقوڵیەتە پردەكاتەوە، ئالەم خاڵەدا مەترسى عەزیز و عەیزەكانى دى ناو هونەرى كوردى دەردەكەوێت كە چەن خەتەرن بۆتێكشكانى ئەورۆحە مۆسیقیەى كوردكە بەمت بوى خۆى حەشارداوە.
 دەنگى لەجۆرى عەزیز هەرگیز ناچێـتە خانەى ڕەسەن بوونەوە، بەڵام دەتوانرێت وەك راهێنەرێكى جەستە تەماشاى ئەو جۆرە دەنگانەى وەك عەزیز بكرێـت، بۆیە عەزیز زوو دەردەكەوێـت و زووش ئاوادەبێت، ئەوە جەستەى كوردە داواى عەزیز دەكات نەك رۆحى كوردبێت، ئەو جەستەیەش پاش هیلاك بوونى پێویستى بەئارامیە، ئەوكاتەش ئارامى رۆح دەركەوت عەزیز دەبێت ماڵئاواى بكات، دەنگى لەشێوەى عەزیزیش لەناو كوردا زۆرن، بەڵام لەیادەوەرى رۆحى كوردا نامێنێنەوە.
 ئەمانە هەموو لەبیر دەچن، ئەوەى دەمێنێتـەوە دەنگى رەسەنە، ئەوەى دەمێنێتـەوە ئەو ئاوازەیە لەگەڵ رۆحدا ئاشت دەبێـتەوە، واتە ئاوازى رەسەن كە تواناى سەماكردنى هەیە بەرۆح، رۆحەكان بریاردەدەن گوىَ لەكىَ بگرن و كىَ بەرەسەنى دەمێنێـتەوە نەك چاوەكان و جەستەكان، ئەوكاتە چاو تێر بوو جەستە ماندوو بوو، ئیحساس باى باڵى خۆیدا، گەڕانەوە بۆناو رۆح سەرهەڵدەدات، ئەوكاتەش بریتیە لەوكاتانەى ِرۆح بەرەو كامڵى هەنگاودەنێت و دەچێت بۆباوەشى ئەو ئاوازانەى لە خۆیەوە نزیكە، ئەم سەرهەڵدانەش دەستى پێكرد دەبێت بچینەوە لاى عەدنان كەریم و عەلى مەردان و بەهجەت و كامكاران و سەى عەلى ئەزغەرو………..ئەوانەى پاسەوانى ئەو رۆحەن، نەك ئەوانەى رامان دەهێنن دوور لەئاوازى رۆحەوە گۆبگرین لە جوڵەو ئیحساس.
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply