گۆزه‌و شه‌ڕاب … هێمن عومه‌ر خۆشناو
له نێوان جوانی و خۆشه‌ویستی دا هاوبه‌ش و جیاوازی هه‌س، ئه‌وڕۆ جوانییه‌كان پێوه‌ریان ون بووه‌و گه‌له‌ك جوانی، پیس و، گه‌له‌ك پیسیش جوان بوونه, زۆر مه‌كروهـ مه‌حبوب و زۆر مه‌حبوبیش مه‌كروهـ بوونه، كه‌سیش نه‌هات بێژێ ئیدی به‌سه‌و لێره بوه‌ستن و ته‌واو…
مه‌ولانا ده‌یگوت: “هه‌موو خۆشه‌ویست-ێك جوانه، به‌ڵام مه‌رج نییه هه‌موو جوانێك خۆشه‌ویست بێت، چونكه جوانی به‌شێكه له خۆشه‌ویستی و خۆشه‌ویستی-یش ئه‌سڵ و بنه‌مایه. كاتێك شتێك خۆشه‌ویست ده‌بێت، ئه‌وا ببڕای ببڕیش جوان ده‌بێ، پارچه‌ی شت (جزْ ) ێك له گشت (كل) جیانابێته‌وه‌و به‌یه‌كه‌وه هاوتا ده‌بن”.
مرۆی ئه‌م سه‌رده‌مه ئه‌وه‌نده‌ی شه‌یدای جوانیی رووكاره، ئه‌وه‌نده حه‌زی به ئه‌سڵی شته‌كه نایه‌ت، كه‌یف پێهاتن به شتێك، جوانیشی لێ ده‌فامرێته‌وه، بۆیه شه‌یدابوون و قوڕپێوان بۆ گه‌یشتن به ته‌لاری به‌رز به‌رز و بڕوانامه‌ی سه‌یر سه‌یر و جل و پۆشاكی گران به‌ها و پایه‌ی بڵندی دونیایی و ناو‌و ده‌نگ، له روانگه‌ی جوانییه‌كی كاتی و لاساییكردنه‌وه‌یه‌كی كوێرانه هاتووه. ئه‌وانه ناوه‌ڕۆك ویست و مه‌حبوب دۆست نین، به‌ڵكو به ئافه‌رینێك هه‌ڵده‌په‌ڕن، به چه‌پڵه‌یه‌ك ته‌زوویان به له‌شدا دێت و به ستایشێك له خۆشییان پێ یان عه‌رد ناگرێت و ده‌كه‌ونه هه‌له‌كه سه‌ما.
خودای بینایی چاوان، مه‌حبوبی یه‌كه‌مه‌و ئه‌سڵه‌و جوانه‌و جوانانیشی خۆشده‌وێن، به‌زه‌یی یه‌و به‌خشنده‌یه‌و به‌خشنده‌كانیشی خۆش گه‌ره‌كه، بۆیه ناشێ كه‌س بانگه‌شه‌ی مه‌حبوبی یه‌كه‌م بكا. ده‌شێ پله‌ی تری هه‌بێ و به دوای جوانیدا بگه‌ڕێ، به‌ڵام مه‌رج نییه ئه‌و جوانییه‌ی ئه‌م به دوایدا وێڵه لای من و تۆ جوان بێت، چونكه ده‌شێ ئه‌م به‌دوای خۆشه‌ویستیدا بگه‌ڕێ و ئه‌گه‌ر خۆشیشی ویست جوان و جوان و جوان ده‌بێ.
مه‌ولانا ئه‌م ته‌رزه بیركردنه‌وه‌مان بۆ دێنێته‌وه باس و ده‌بێژێت: له سه‌رده‌می مه‌جنووندا ئه‌سپێكی جوانتر له له‌یلا هه‌بوو، چونكه ئه‌وان مه‌حبوبی مه‌جنون نه‌بوون، هه‌میشه به مه‌جنونیان ده‌گوت: ئه‌سپێكی جوانتر له له‌یلا هه‌یه هه‌تا بۆت بێنین. ئه‌ویش ده‌یگوت: باشه! به‌ڵام خۆ من له‌یلام بۆ رووخسار‌و وێنه‌كه‌ی خۆش ناوێت، له‌یلا وێنه نییه، له‌یلا له ده‌ستم دا به وێنه‌ی گۆزه‌یه، منیش له‌م گۆزه‌یه ده‌خۆمه‌وه، بۆیه من عاشق و ئه‌وینداری ئه‌و خواردنه‌وه‌م كه له‌ناو گۆزه‌كه‌دایه، ئێوه ته‌نیا گۆزه ده‌بینن و مه‌عریفه‌تان له‌باره‌ی شه‌ڕابه‌كه‌وه نییه، ئه‌گه‌ر كاسه‌یه‌كی له زێڕ دروستكراوو به لوئلوئو مه‌رجان نه‌خشێنراو هه‌بێ به‌ڵام خه‌ل و ژه‌هری تێدا بێ چ فایده‌م ده‌دا ؟ لێ كاسه‌یه‌كی شكاوی كۆن بوو كه شه‌ڕابی تێدا بێ لام چاتره له‌م گۆزه‌و سه‌دانی هاوشێوه‌ی ئه‌م گۆزه.”
بۆیه عیشقی ئه‌وه‌ی له‌ناو گۆزه دایه شتێكه‌و عیشقی كاسه‌و گۆزه‌یش شتێكی تر. كاره‌سات و نه‌خۆشییه ده‌رونییه‌كانی ئه‌مڕۆ زۆربه‌ی له ئه‌نجامی عاشقبونه به گۆزه‌و له‌بیركردنی ئه‌وه‌ی له‌ناو گۆزه‌كه‌دایه، به ئومێدی ئه‌وه‌ی هه‌موومان ناخ بكه‌ینه پێوه‌رو چیتر جوانی به باق و بریقه‌ی خۆیه‌وه فێڵمان لێ نه‌كاو تۆوی خۆشه‌ویستی له كاروكرده‌وه‌مان دا بچێنینه‌وه تا هه‌رچی زووه به‌رهه‌می خۆشه‌ویستی بخۆین و له‌بن سێبه‌ری ئه‌و دره‌خته‌دا سه‌رخه‌وێك بشكێنین.
هێمن عومه‌ر خۆشناو (شه‌قڵاوه)
Hem992003@yahoo.com
تێبینی: ئه‌م بابه‌ته گۆشه‌یه‌كه به‌ناوی (ئه‌لف) له ژماره هه‌شتی گۆڤاری ئاینده‌سازی بڵاوبۆته‌وه,