Skip to Content

Monday, May 17th, 2021

گۆڕان و گۆڕانكاری….سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم

Be First!
by July 3, 2009 گشتی

گۆڕان و گۆڕانكاری
سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم

 

گۆڕان هه‌م وه‌ك چه‌مك هه‌م وه‌ك تێگه‌یشتن ناكرێ‌ وه‌ك پڕۆسه‌یه‌كی سیاسی له‌ چوارچێوه‌ی بیركردنه‌وه‌یه‌كی سیاسی به‌رته‌سك لێكبدرێته‌وه‌ و قه‌تیس بكرێ‌ ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ گۆڕان پڕۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامه‌ ، ته‌نیا غۆناغی گوستنه‌وه‌كه‌ی پێویستی به‌ لێكدانه‌وه‌و هه‌ستیاری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابورییه‌كی زۆره‌وه‌ هه‌یه‌ ، دواتر ده‌كرێ‌ باشتر به‌ پێی به‌ره‌و پێشه‌وه‌چونی غۆناغه‌كان و له‌به‌رچاوگرتنی هه‌لومه‌رجه‌كه‌ ، هه‌نگاوی پێویست بهاویشترێ‌ ، ئه‌گه‌ر هه‌مووشتێك ره‌نگدانه‌ی په‌رچه‌كردار بێت ، ئه‌وه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناكرێ‌ پڕۆسه‌ی گۆڕان له‌ سه‌ر بنه‌مای رق و كینه‌و تۆڵه‌ بنیاد بنرێ‌ ، چونكه‌ گۆڕان به‌ تێگه‌یشتنه‌ فراوانه‌كه‌ی زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ كه‌سانێك وه‌ك ئامرازێك بۆ گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات  به‌كاری بێنن ، له‌ كاتێكدا ده‌كرێ‌ ئه‌و چه‌مكه‌ وه‌ك مافێكی گشتی سه‌یر بكرێ‌ و رێگه‌ نه‌درێ‌ به‌ هه‌ر هۆیه‌كه‌وه‌ بێت بۆ مه‌رامی تایبه‌تی سوودی لێوه‌ربگیرێ‌ و سه‌ره‌نجام له‌به‌رچاوی هاوڵاتیان سووك بكرێ‌ و له‌به‌رچاو بخرێ‌ و ئه‌و گڕوتینه‌ش له‌ به‌ین ببه‌ن كه‌ له‌ ئاینده‌دا كۆمه‌ڵگه‌ هه‌رچی زیاتر پێویستی پێیه‌تی بۆ به‌ ئاكام گه‌یاندنی پڕۆسه‌ی گۆڕان و چاكسازی ، ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت ئێستا هه‌ست ناكرێ‌ له‌ بنچینه‌دا تێگه‌یشتنێكی فكری و رۆشنبیری بۆ ئه‌م چه‌مكه‌ له‌ ئارادا بێت و ئه‌وه‌ی ده‌گوترێ‌ ته‌نیا بۆ روپۆشكردنی نیه‌ته‌كانی پشته‌وه‌ی په‌رده‌یه‌ ، به‌شێكی زۆری هاوڵاتیانیش له‌ بێئاگای و زۆرجاریش وه‌ك چاولێكه‌ری و دوای دروشمه‌ بریقه‌داره‌كان ده‌كه‌ون .
ئه‌گه‌ر به‌ جدی قسه‌ له‌ سه‌ر گۆڕان و چاكسازی ده‌كرێ‌ و وه‌ك پڕۆسه‌یه‌كی حه‌تمی سه‌یر ده‌كرێ‌ ، ناكرێ‌ به‌ هه‌مان ئه‌قلیه‌ت و ئامرازه‌وه‌ ، به‌هه‌مان ده‌نگ و ره‌نگه‌وه‌ ، به‌ هه‌مان هوتاف و دروشمه‌وه‌ ، به‌ هه‌مان زاق و زیقه‌وه‌ كه‌ له‌سه‌رتای راپه‌رین بینیمان بانگه‌شه‌ی بۆ بكرێ‌ ، قسه‌كردن و كاركردن بۆ گۆڕان و چاكسازی زۆر له‌وه‌ گشتگیرتره‌ له‌ رێگه‌ی عه‌رزی عه‌زه‌ڵاته‌وه‌ جێگیربكرێ‌ ، چونكه‌ پڕۆسه‌ی گۆڕان و چاكسازی پڕۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابورییه‌ ، ناكرێ‌ له‌ چوارچێوه‌ی گروپێكی دیاریكراو ته‌فسیر بكرێ‌ .
به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌ مه‌ترسییه‌كی زۆر گه‌وره‌ ده‌زانم بۆ تێگه‌یشتن له‌  گۆڕان و چاكسازی له‌ ئێستا و ئاینده‌دا ، به‌ درێژایی دوای راپه‌رین به‌ هۆی به‌ هه‌ڵه‌ لێكدانه‌وه‌ و له‌بار نه‌بوونی زه‌مینه‌و تێڕوانینی ناواقعی و باوه‌ڕ نه‌هێنان و نه‌گه‌یشتن به‌و راستییه‌ی كه‌ ده‌كرێ‌ هه‌موومان به‌ یه‌كه‌وه‌ بین زۆر شت ناشرینكرا ، دواین شت كه‌ پێویسته‌ رێگه‌ نه‌درێ‌ به‌م شێوه‌یه‌ بچووك بكرێته‌وه‌ ، یان ناشرین بكرێ‌ چه‌مكی گۆِران و چاكسازییه‌ .
جگه‌ له‌و دیارده‌ سواوانه‌ی كه‌ له‌ دوای ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا جارێكی دیكه‌ ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ ، هێڵی راست و چه‌پ هێنانه‌ به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه‌ كراون و ده‌كرێن .
ئه‌و هیڵی راست و چه‌پهێنانه‌ به‌سه‌ر هه‌موو شتێكدا ته‌نیا له‌ پێناو ئه‌وه‌ی چی دادپه‌روه‌ری و راستی و پاكی هه‌یه‌ لای خۆت كۆی بكه‌یته‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ هه‌مان ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ سه‌قه‌تانه‌ی رۆژێك له‌ رۆژان به‌ هه‌رهۆیه‌كه‌و بووبێت كه‌سانێك باوه‌ڕیان پێی هه‌بووه‌ .

 

Previous
Next

Leave a Reply