Skip to Content

Saturday, October 31st, 2020

گیلگامش و ئەنکیدوو

Be First!
by February 17, 2012 شانۆ

گیلگامش و ئەنکیدوو
دوو شانۆنامە
 وەرگێڕان (لە فەڕەنسییەوە)و ئامادەکردنی بۆ شانۆ
سەرکاو هادی گۆرانی


پێشەکی و هەندێ ڕوونکردنەوەی گرنگ

(گیلگامش و ئەنکیدوو) پێکهاتووە لە دوو شانۆنامە. یەکەمیان: دارستانی سنەوبەرەکان، دووەمیان: نەمردم من. هەر شانۆنامەیەکیان بریتییە لە یەکێک لە دوو بەشەکانی ئەفسانەکە.

سەرچاوەی شانۆنامەکان

ئەفسانەی گیلگامش بریتییە لە کۆکراوەی بەردەنووسەکانی نەینەواو ئوورو شوێنەوارەکانی باکووری مێزۆپۆتامیا(کوردستانی ئەمڕۆ)و باشووری مێزۆپۆتامیا (عێراق)، کە لە لایەن ئاسەوارناسە ئەڵمانی و ئینگلیزی و فەڕەنسی و ئەمریکیەکانەوە دۆزراونەتەوە. بەتایبەت ئەو دۆزینەوە گرنگەی کۆتایی سەدەی نۆزدە لە نەینەوا لە لایەن ئەڵمانەکانەوە: کتێبخانە خشتینەکەی ئاشووربانیپاڵ، کە چەندەها بەردەنووس و خشتی نەخشکراوو هەڵکۆڵینی مزماری لێ دۆزرایەوە. ئەم دۆزینەوەیەی دوایی، کۆمەڵێ بەردەنووسی تێدا بوو کە ئەفسانەی گیلگامشی بە شێوەیەکی کەم تا زۆر تەواو دەکرد. چونکە هەموو ئەوانەی پێشوو کەموکوڕییەکی گەورەو بۆشاییێکی فراوانیان تێدا بوو کە وای دەکرد هێڵی گشتی ئەفسانەکە بە ڕوونی نەبینرێ. هەموو ئەم دۆزراوانەش لەلایەن ئاسەوار ناسی فەڕەنسی (ژان بۆتێرۆ)وە ڕاستەوخۆ لە ئەکەدییەوە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی فەڕەنسی. وە لە دووتوێی پەڕتووکێکدا بەناوی (ئەفسانەی گیلگامش) کۆکراونەتەوە کە نموونە فەڕەنسیەکەی ساڵی ٢٠٠٦ لە لایەن خانەی چاپەمەنی گالیمارەوە بڵاو کراوەتەوە. ئەم دوو شانۆنامەیە لەم کتێبەوە وەرگیراون و ئامادەکراون و هەندێجار ڕاستەوخۆ وەرگێڕانیان بۆ کراوە.

گیلگامش کێیە
گیلگامش ناوێکی سۆمەرییە کە خۆیان بە بیلگا ـ مش ناویان بردووە. واتای ناوەکەش بەمە دێ: مرۆڤە دێرینەکە هێشتا لە هەڕەتی لاوێتیدایە. گیلگامش پێش ئەوەی ببێتە ئەفسانە بوونێکی ڕاستەقینەی هەبووە. لە سەدەی شەشەمی هەزارەی سێیەمی پێش زاییندا، واتە دەوروبەری ٢٧٠٠پێش زایین، پاشای ئوورۆک (وەرکا) بووە. بەپێی ڕیزبەندی نەخشەی پاشاکان، (ئەم نەخشەیە لە هەزارەی دووەمی پێش زاییندا لە لایەن بابیلۆنیەکانەوە وەک شانامە داڕێژراوە)، یپێنجەم پاشایە لە یەکەمین بنەماڵەی پاشایەتی لەدوای لافاوە گەورەکە (لافاوە گەورەکە بۆ یەکەمجار لە ئەفسانەی گیلگامش و لە گێڕانەوەو نەخشە سۆمەریەکاندا باسکراوە. دواتر لە تەوراتدا. کتێبە ئاسمانی و مێژووییەکانی تر لە تەوراتەوە وەریانگرتووە. کارەکتەری نووح لە گیلگامشدا (ئووتاناپشتی)ە. ئووتاناپشتی، لەبەر ئەوەی خوداکان هەڵیانبژارد بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤ و گیانلەبەرەکانی تر لە فەوتان، دوای ئاوەدانکردنەوەی زەوی نەمرییان پێ بەخشی). بۆیە گیلگامش کە گەشتەکەی خۆی دەکات بۆ بەدەستهێنانی نەمری، تا ئەو شوینە دەچێ کە ئووتاناپشتی لێی نیشتەجێیە. داوا لەو دەکات کە ئایا چۆن بگاتە نەمریی، چونکە ئەو تاکە مرۆڤە کە گەیشتبێت بە نەمریی.

ئەنکیدوو کێیە
ئەنکیدوو بە زمانی سۆمەری پێکهاتووە لە دوو وشە: ئەنکی لەگەڵ دوو. ئەنکی (خوداوەندی دۆزەخ و نەمان و قووڵاییەکان) کە درووسکەری ژیان و مرۆڤە لەسەر زەوی، لەسەر داواکاری ئینلیل (خوداوەندی ئاسمانەکان) ئەنکی دەهێنێتە دنیاوە. دوو واتە درووستکراو، یان ئافەریدە. کەواتە ئەنکیدوو واتە دروسکراوی ئەنکی.

مێژووی ئەفسانەکە
ساڵی٢٦٥٠پ ز دوای مردنی، گیلگامش وەک ئەفسانە ناوی دەچێتە مێژووەوە. لە نووسینی مزماریدا هەر ناوێک نیشانەی ئەستێرەیەکی خرایە پاڵ، واتە ئەو کەسە وەک خوداوەند دەژمێردرێ. لە نەخشەی ڕیزبەندی پاشاکاندا ناوی گیلگامش لەو ساڵە بەدواوە ئەستێرەی دەخرێتە پاڵ.
لەوڕۆژانە بەدواوە جەندەها چیرۆک و ئەفسانە دەماودەم دەگێردرێنەوە کە باس لە پاڵەوانچێتییە ئەفسانەییەکانی دەکەن. بەڵام وەک نووسین، ئەفسانەی سۆمەری گیلگامش بۆ یەکەمجار لە سەردەمی یەکەمین ئیمپراتۆریەتی سامی و دواتر سەردەمی مەملەکەتی سێ بنەماڵەکەی ئووردا، واتە سەردەمی سەرگۆنی مەزنی ئەکەدیدا تۆمارکراوە (٢٠٠٠ـ ١٣٣٠ پ ز).
لە سەردەمی حامووڕابیدا ١٧٥٠ ـ١٦٠٠پ ز ڤێرچنە سۆمەریە کۆنەکەی تۆمار دەکرێ.
نزیکەی ساڵی ١٠٠٠ پ ز، نووسەری نەینەوایی سەنلەق ـ ئوننەنی هەموو ئەفسانەکە بە زمانی ئەکەدی دەنووسێتەوەو ئەم ڤێرچنە نەینەواییەی بە هەموو شوێنێکدا بڵاو دەبێتەوە. ئەم تۆمارە پێکهاتووە لە سێ هەزار بەیت، کە ئەمڕۆ تەنها دوو لەسەر سێمان پێ گەیشتووە، گرنگترین و کامڵترین تۆمارە کە لەسەر ئەم ئەفسانەیە کرابێت.

ئەم شانۆنامانە
تاکە سەرچاوەو گرنگترین سەرچاوەی عەرەبی ئەم ئەفسانەیە ئەو وەرگێڕانە عەرەبیەیە کە لەلایەن زانای عێراقی طهی بکرەوە داڕێژراوە. ئەم وەرگێڕانە عەرەبیەش نە هێندە کۆنە لەو سەردەمەدا کرابێت کە هێشتا بەردەنووس و خشتەکان نەفەوتابوون، وە نە هێندە نوێیە کە دۆزینەوەکانی ئەم دواییەی ئاسەوارناسەکان پەیڕەو بکات. وە هیچ سەرچاوەیەکی وەرگێڕدراوی عەرەبی نییە کە لەلایەن ئاشوورناسێکەوە کرابێت و ڕاستەوخۆ لە ئاشووری یان ئەکەدییەوە کرابێت. واتە ئێمەش وەک عەرەبەکان هەمان کێشەمان هەیە لەم بارەوە. بۆیە بەباشمزانی، تا ئەو ڕۆژەی کە ئاسەوارناسێکی کورد بەم کارە هەڵدەستێ من لە فەڕەنسییەوە وەری بگێڕم و لە هەمان کاتدا ئامادەی بکەم بۆ شانۆ.
سەرەتا ویستم تەنها وەرگێڕانێکی ڕاستەوخۆ لە فەڕەنسییەوە بۆ کوردی کۆی دۆزراوەکان بکەم کە لەبارەی ئەم ئەفسانەیەوە گەیشتوونەتە دەست ئاسەوارناسان و بە زمانە زیندووەکان تۆمار کراون. بەڵام زۆر بە گرنگم زانی کە شانۆکارانیش بتوانن وەک تێکستی شانۆیی بەکاری بهێنن و بینەرانی شانۆ وەک نمایش سوودی لێ ببینن. دواتریش بینەری ئاسایی و تەنانەت نەخوێندەواریش بتوانێ بە ڕاستی ئەم ئەفسانەیە ئاشنابێت. هەروەها بە باشم زانی لە شێوەی شانۆنامەدا ئەم وەرگێڕان و ئامادەکردنانە دابڕێژم. چونکە لە لایەک ئازادییەکی گەورەترم دەداتێ. لەوەدا کە زۆر لەو لایەنە مێژوویی و مرۆییانەی کە لە پاشماوەکاندا فەوتاون و نەماون، درووست بکەمەوە. ئەمەش لەڕێی بەکارهێنانی هەموو ئەو سەرچاوانەی کەلەسەر مێژووی ناوچەکە بەگشتی و ئەفسانەکە بەتایبەتی لەلایەن ئاسەوارناسانەوە نووسراون. لە لایەکی تریشەوە بەهۆی بیرو ئەندێشەی شانۆییەوە وێنایان بکەم.
ئەم شانۆنامانە زۆر نزیکن لە ئەفسانە نووسراوەکانەوە. بگرە هەندێ جار وەرگێڕانێکی ڕاستەوخۆن. لە هەندێ شوێنی دۆزینەوە ئاسەوارییەکاندا تەنها چەند دێڕێکی پەرشوبڵاو ماوەتەوە کە ئەگەر وەرم بگێڕانایە هیچ واتایەکیان درووست نەدەکرد بۆ خوێنەر، هەوڵمدا لەڕێی نووسراوی مێژوویی و شیکاری تری ئەو سەردەمەوە بزانم ئەو کەم و کورتیانە چۆن بدۆزمەوە کە هێڵی گشتی ڕووداوەکان ڕوونتر بکاتەوەو مانایەکی تەواوتریان پێ ببەخشێت. دەکرێ ئەم شانۆنامانە وەک کتێبێکی مێژوویی و وەک تێکستی شانۆ تەماشا بکرێن و سوودیان لێ وەربگیرێت. لەهەمان کاتیشدا نە تەواو ئەمیانن و نە ئەویان. گرنگ ئەوەیە هەرکەس مەبەستی خۆی تێیاندا بدۆزێتەوەو سوودی تایبەتی خۆی لێیانەوە هەڵبهێنجێت.

چ باسە لەم دوو شانۆنامەیەدا
شانۆنامەی یەکەم دارستانی سنەوبەرەکان: باس لە درووستبوونی ئەنکیدووو یەکتر ناسینی دوو پاڵەوانەکەو گەشتەکەیان دەکات بۆ دارستانی سنەوبەرەکان. دارستانی سنەوبەرەکان پاسەوانێکی هەیە بەناوی هوومبابا. کە شای خوداکان (ئینلیل) لەوێ دایناوە بۆ پاراستنی دارسەروەکان.
دووەم شانۆنامە: نەمردم من، باس لە گەشتی گیلگامش دەکات بۆ بەدەستهێنانی نەمریی.

ئەو خوداوەندانەی کە لەم سانۆنامانەدا ناویان هاتوون:
لەلای سۆمەری و ئەکەدی و ئاشووریەکان دەیەها خوداوەند هەبوون. هەریەک بەپێی پلەو پایەو گرنگیان ڕیزبەندی کرابوون. هەر یەکەشیان پارێزەرو خاوەنی شارو مەملەکەتێک بوو. واتە هەر یەک لە خوداکان گەورەترین پەرسگایان لە شارێکدا هەبوو، بێگومان ئەمە بەو واتایە نییە کە خوداوەندەکانی تر لەو شارەدا ناپەرسترێن. لە سەروو هەموویانەوە خودای خوداکان کە دایکی سێ کوچکەی خودا ئافەریندەکانە. دواتر ئەو خودایانەی کە چارەنووسسازن. دواتر خودای تەنە ئاسمانیەکان (خۆر، ئەستێرە، مانگ…)، دواتر ئاجووجەکان کە کۆمەڵێک خوداوەندی پلەوپایە نزمترن و لە خزمەتی خوداوەندە گەورەکاندان. هەندێ خودا لەلای سۆمەریەکان سەرەکی و پلە یەک نین، دواتر لەلای ئەکەدی یان ئاشووریەکان دەبنە پلە یەک. هەندێکیشیان بە پێچەوانەوە گرنگیان کەم دەبێ، بگرە ناویان نامێنێت و پەرسگاکانیان کوێر دەبنەوە. هەر خوداوەندەش زۆرتر لە شارێک و ناوچەیەک پەرستراوەو پەرسگای هەبووە. پەرسگای گرنگی خوداوەندە هەرە گرنگەکان لە شارە گرنگەکان بووە.
نوونسوونا: خوداوەندی شیردەرەکان، دایکی گیلگامش. (پلە سێ)
ئیشتار (ئیناننا): خوداوەندی جەنگ و خۆشەویستیی. (پلە دوو)
شاماش (ئۆتوو): خوداوەندی هەتاو. (پلە دوو)
ئان (ئانوو): خوداوەندی ئاسمان، شای خوداکان.(پلە یەک، سێ کوچکەی ئافەریندەکان)
ئیشکوور: خوداوەندی زریان و گەردەلوول. (پلە سێ)
ناموو (ئارووروو): دایکی خوداوەندەکان.
ئینلیل: خوداوەندی هەوا.(پلە یەک، سێ کوچکەی خودا ئافەریندەکان)
ئەنکی (ئێیا): خوداوەندی دۆزەخ و قووڵایی ئاوەکان.(پلە یەک، سێ کوچکە)
سین (ناننا): خوداوەندی مانگ. (پلە سێ)
نابوو: خوداوەندی زانین و نووسین و دانایی.(پلە دوو)
نووموورتا: خوداوەندی جەنگاوەر.(پلە سێ)
گالا: خوداوەندی ئەستێرەکان، دڵداری شاماش (پلە سێ).

یه‌که‌م به‌رده‌نووس
دارستانی سنەوبەرەکان

په‌رده‌ی یه‌ک
تابلۆی یه‌ک: شاری ئوورۆک. گلیگامێش، نوونسوونا
گیلگامش: دایه‌! هاتم خه‌ونه‌که‌مت بۆ بگێڕمه‌وه‌.
له‌ ده‌شتێکی کاکی به‌ کاکیدا بووم. سه‌رم به‌ ئه‌ستێره‌کان ته‌نرابوو. بیابانێک بوو، تا چاو بڕکا لم بوو. کوتوپڕ خشتێک له‌ ئاسمانه‌وه‌ که‌وته‌ خوارێ، خشتێکی پته‌وی په‌ستێوراو. چوومه‌ پێشه‌وه‌ لێی، دانه‌ویمه‌وه‌ هه‌ڵی بگرم، ئه‌وه‌نده‌ سه‌نگین بوو نه‌متوانی له‌ زه‌ویه‌که‌ی ببڕم. ویستم جێبه‌جێی پێ بکه‌م، ته‌نانه‌ت نه‌متوانی بیبزوێنم له‌جێی خۆی. خه‌ڵکی ئوورۆک هه‌موو ده‌وریان دابوو، لێی ورد ده‌بوونه‌وه‌. هه‌رچی کوڕی ئازاو پاڵه‌وانه‌کانن، هاتن داوێنی ماچ بکه‌ن. منیش به‌ سۆزه‌وه‌ ده‌ستم به‌ سه‌ریدا ده‌هێنا، وه‌ک ئه‌وه‌ی هاوسه‌رم بێ. دواجار هێنام له‌به‌رپێکانتدا دامنا. تۆش پێشوازیت لێ کردو وه‌ک هاوڕێیه‌کی خۆم هه‌ڵسوکه‌وتت له‌گه‌ڵ کرد.
نوونسوونا: ئه‌ستیره‌کان ده‌ستوپێوه‌نده‌که‌ته‌. ئه‌و خشته‌ی له‌ ناکاو له‌ ئاسمانه‌وه‌ هاته‌ خوارو که‌وته‌ به‌رده‌مت، که‌ خه‌ڵکی ئورۆک هه‌موو ده‌ور‌یاندا، تۆش ویستت له‌ زه‌ویه‌که‌ی ببڕیت و نه‌تتوانی، ویستت چێبه‌جێی پێ بکه‌یت بۆت نه‌جووڵا، پاڵه‌وانه‌کانی ئورۆک هه‌موو هاتن پێکانی ماچ بکه‌ن، تۆش هێنات و له‌به‌ر پێمدا داتنا، منیش وه‌ک هاوڕێیه‌کی تۆ پێشوازیم لێ کرد، وه‌ک هاوسه‌رتبێ به‌ میهره‌وه‌ ده‌ستت به‌سه‌ریدا ده‌هێنا: ئه‌وه‌یه‌ که‌ هاوڕێیه‌کت بۆ په‌یدا ده‌بێ، له‌م وڵاته‌ هیچ که‌س له‌و به‌هێزتر نییه‌، بۆت ده‌بێته‌ پشت و په‌نا. پته‌وه‌، وه‌ک خشتێکی په‌ستێوراو له‌ ئاسمانه‌وه‌ که‌وتبێته‌ خواره‌وه‌. ده‌ستت به‌ سه‌ریدا ده‌هێنا، چونکه‌ ئه‌و هه‌رگیز جێت ناهێڵێ. خه‌ونه‌که‌ت باشترینه‌، نیشانه‌ی ڕووناکیه‌، به‌خت یارت ده‌بێ.
گیلگامش: ئای، خۆزگه‌ ئه‌وها ده‌بوو. خۆزگه‌ به‌خت هێنده‌ یارم ده‌بوو، هاوڕێیه‌کی وام بۆ په‌یدابوایه‌، هاوڕازو هاوه‌ڵم بێ.

تابلۆی دوو: لە هەمان شوێن. گیلگامش، ئیناننا ئیشتار
ئیناننا ئیشتار: ئایا گیلگامشی برام ده‌مناسێته‌وه‌؟
گیلگامش: سوێندبێ به‌ڵێ، تۆ ئیشتاری خوداوه‌ندی. گه‌وره‌ت کردم به‌م سه‌ردانه‌ت. جێپێکانت ماڵه‌که‌م پیرۆز ده‌که‌ن، چاوو دڵم ڕۆشن.
ئیناننا ئیشتار: دانیشتوانی ئه‌م وڵاته‌، له‌ به‌رزاییه‌کانی باکوور دارچنارێکیان دۆزییه‌وه‌، قه‌ڵه‌می نه‌مامێکیان لێ بڕی، له‌گه‌ڵ خۆیاندا هێنایانه‌وه‌و له‌ که‌ناره‌کانی فوڕاتدا ناشتیان. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زه‌وی ئێره‌ خاکه‌که‌ی پته‌و نییه‌و فشه‌ڵه‌، که‌ بوو به‌ دارێکی به‌رز، ڕه‌شه‌بای باشوور له‌ ڕیشه‌ی کێشا. منیش هێنامه‌وه‌ له‌ باخه‌که‌مدا ناشتم. نیازم بوو بۆ خۆم ته‌خته‌خه‌وێک و کورسیه‌کی لێ درووست بکه‌م. ‌بینیم مارێکی ناشیرین له‌ ناو ڕه‌گه‌کانیدا که‌پکه‌ی به‌ستووه‌. داڵێکیش به‌سه‌ر چڵوپۆپه‌که‌یه‌وه‌ هێلانه‌ی کردووه‌. له‌ نێوانیشدا، دێوێکی ڕمۆزن مه‌نزڵی خۆی خۆشکردووه‌. چه‌ند جار له‌ خوداوه‌ندی خۆر شاماشی برام داوامکرد له‌ ناویان ببات نه‌یکرد.
گیلگامش: داڵه‌که‌ هه‌ڵده‌فڕێنم بڕواته‌وه‌ بۆ کێوه‌کانی باکوور. دێوه‌که‌ش راوده‌نێمه‌وه‌ به‌ره‌و بیابانی باشوور. به‌ڵێن بێ، ماره‌که‌ش له‌ناوده‌به‌م.
ئیناننا ئیشتار: منیش به‌شێک له‌و داره‌ت ده‌ده‌مێ بیکه‌یته‌ سه‌وڵه‌جان و پێی ببیته‌ خاوه‌ن شکۆ. هه‌ر له‌و داره‌ش، تەختەت ده‌ده‌مێ تەختی پاشایەتی لێ درووست بکەیت و فه‌رمانڕه‌وایی لەسەر بکه‌یت.
گیلگامش: ئه‌ککا، پاشای کیش، مه‌مله‌که‌ته‌که‌ی وشک و بێئاوه‌. ده‌یویست هه‌موو خه‌ڵکی ئوورۆک بیریان بۆ لێ بدا، منیش په‌سه‌ندم نه‌کرد. وا بۆ ماوه‌یه‌که‌ به‌خۆی و له‌شکره‌که‌یه‌وه‌ ئابڵووقه‌ی ئوورۆکی داوه‌…
ئیناننا ئیشتار: وا ده‌که‌م ئه‌و سوپایه‌ ببه‌زێنیت و پاشاکه‌ی به‌دیل بگریت. مه‌رجم ئه‌وه‌یه‌ تا ماوی به‌وه‌فا بیت بۆم و له‌ من زیاتر هاوڕێی تر نه‌گریت.

تابلۆی سێ: لە ئاسمان. ئیناننا ئیشتار، سین (مانگ).
ئیناننا ئیشتار: سینی خۆشه‌ویست، گوێ بگره‌ لێم! مرۆڤه‌کان نه‌دانن، ته‌نها له‌و دووره‌وه‌ تۆیان بینیوه‌. نازانن تۆ ته‌نها پاسه‌وانێکی شه‌ویت، هیچی تر. به‌ڵام تۆ ده‌بینی ئه‌م تریفه‌یه‌ت، که‌ بووه‌ به‌ وێردی سه‌ر زمانی دڵداران، بووه‌ به‌ بابه‌تی هۆنراوەی دەنگبێژان، ته‌نها له‌وه‌دایه‌ هێنده‌ شه‌ونخوونی ده‌کێشی ڕه‌نگت پێوه‌ نه‌ماوه‌ هاهاها.
سین: تۆش ڤینۆسی به‌و هه‌موو ڕه‌نگانه‌وه‌ ئاخ. هەزار ئاخ خۆزگه‌ ته‌نها خوداوه‌ندی خۆشه‌ویستی ده‌بوویت، خوداوه‌ندی جه‌نگیش نه‌ده‌بوویت. که‌مێکی تر لام بمێنه‌ره‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ی نه‌ماوه‌ شاماشی دڵپیس له‌ خه‌و هه‌ستێ. سڵ له‌ لاوازی و ڕه‌نگ زه‌ردیم ده‌که‌یته‌وه‌؟ بێزاریت له‌وه‌ی هه‌ر به‌ شه‌و ده‌مبینی؟  ناتوانم به‌ ڕۆژ، وه‌ک گیلگامش، له‌ که‌نار فوڕاتدا پیاسه‌ت له‌گه‌ڵ بکه‌م؟
تابلۆی چوار: لە هەمان شوێن. ئاروورووی (خوداوه‌ندی دایک)، ئان (ئاسمان)، ئیشکوور (زریان و گه‌رده‌لوول) دێنه‌ ژوورێ.
سین: له‌ ئورۆکه‌وه‌ دێن گه‌وره‌م؟ ئیشکوورتان له‌گه‌ڵدایه‌، هه‌ور نیشانه‌ی نیگه‌رانییە. هه‌موو جار که‌ له‌وێوه‌ دێینه‌وه‌، ئیشکوور به‌ لووته‌ ڕه‌شه‌کەیه‌وه‌ پێشتان که‌وتووه‌.
ئارووروو: دنیا ته‌نها نێوان ئه‌و دوو ڕوباره‌ نیه‌، ئورۆکیش تاکە شار نیه‌ له‌سه‌ر زه‌وی.
سین: ئاخر ته‌نها ئه‌وان بێ سنوورو بێ مەرج ده‌مانپه‌رستن و نوێژمان بۆ ده‌که‌ن. ئه‌وه‌ نییه‌ وا ده‌زانن که‌ ئان به‌سه‌ر دوو چیاوه‌ به‌نده‌؟ یه‌کێک له‌ ڕۆژهه‌ڵاتیانه‌وه‌ یه‌کێک له‌ ڕۆژئاوایان، ئه‌گه‌ر ئه‌و چیایانه‌ نه‌بن ده‌که‌وێته‌ سه‌ر زه‌وی؟ هاهاها.
ئان: به‌ڵێ، ئاگاداری ئه‌وه‌شن که‌ تۆو شاماش دانووتان پێه‌که‌وه‌ ناکوڵێ. هه‌رگیز هه‌ردووکتان، له‌هه‌مان کاتدا ناتوانن بێن بۆ سه‌ردانی من.
سین: به‌ڵێ، که‌ جه‌نابی ئه‌و ده‌رکه‌وت، ده‌بێ ته‌شریفی من بڕوا. ئه‌وه‌تا، باسی مارمان کرد، لێره‌وه‌ ده‌بینم کاژه‌که‌ی ده‌خات! وا من ڕۆیشتم، تا سبه‌ی شه‌و.
ئارووروو: ئیشکوور! ناته‌وێ تۆش له‌گه‌ڵ سیندا بڕۆیت و که‌مێک به‌رچاوم ئازاد بکه‌ی؟
ئیشکوور: ببووره‌ گه‌وره‌م، نه‌خێر نیازم وایه‌ بمێنمه‌وه‌. ده‌مه‌وێ بزانم ئینلیل و شاماش بۆچی بۆ لای ئێوه‌ دێن. چییان له‌ژێر سه‌ردایه‌.
تابلۆی پێنج: لە هەمان شوێن. ئینلیل (هه‌وا، شای خوداکان)، شاماش (خۆر)، نابوو (دانایی)، ئه‌نکی (نه‌مان)، دێنه‌ ژوورێ. که‌ سین شاماش ده‌بینێ، ده‌چێته‌ ده‌رێ.
ئان: ده‌مگوت، هه‌بێ و نه‌بێ، هه‌واو خۆرو دانایی له‌م ناوه‌ن، بۆیه‌ وا مانگ و زریان که‌وتوونه‌ته‌ جموجۆڵ. خۆزگه‌ بۆ هه‌میشه‌یی ده‌هاتنه‌ لامان و هه‌رگیز جێتان نه‌ده‌هێشتین. چۆنه‌ وا ڕێتان که‌وته‌ ئه‌م به‌رزاییانه‌؟
ئینلیل: سڵاو، باڵابه‌رزترین خوداوه‌ند. جا من که‌ له‌سه‌ر زه‌ویشم، پێیه‌کم هه‌ر لای ئێوه‌ میوان نه‌بووه‌؟
شاماش: تیشکه‌کانم ده‌توانن هه‌موو جار بگه‌نه‌ زه‌وی، ئه‌گه‌ر به‌لای ئێوه‌دا تێپه‌ڕ نه‌بن و سڵاوی منتان پێ نه‌گه‌یه‌نن؟
نابوو: نابوو، په‌روه‌رده‌ی خۆتانه‌ و هه‌ر له‌ لای خۆتانه‌وه‌ هاتووه‌. هه‌میشه‌ که‌ دابه‌زیوم، دوای سوڕێک گه‌ڕاومه‌ته‌وه‌ لای خۆتان، تازه‌ترین هه‌واڵتان بۆ بهێنم.
ئان: ئیره‌ییم پێت نایه‌ ئینلیل، به‌ڵام خۆزگه‌ت پێ ده‌خوازم. تۆ سه‌ر به‌ هه‌موو شوێنیکدا ده‌که‌یت، ته‌نانه‌ت دۆزه‌خیش. منیش ده‌بێ هه‌ر به‌م به‌رزاییانه‌وه‌ بمێنمه‌وه‌و هه‌رگیز نه‌توانم بۆ چرکه‌ساتێکیش پشوو بده‌م و دابنیشم. تازه‌ هه‌رچییه‌کیش ڕوو بدات له‌سه‌ر زه‌وی و له‌ بن زه‌وی، گله‌یی و سه‌رزه‌نشت هه‌ر بۆ من دێن.
ئینلیل: به‌داخه‌وه‌، ئه‌م جاره‌ش هاتووم گله‌یی خوداوه‌نده‌کانت بۆ بهێنم.
ئارووروو: جا کێ بیری ئاسمانی ده‌که‌وێته‌وه‌، بۆ گله‌یی و گازه‌نده‌ نه‌بێ.
ئان: ڕاهاتووم.
ئارووروو: ئه‌م جاره‌شیان له‌باره‌ی ئوورۆکه‌وه‌یه‌، دڵنیام.
ئینلیل: له‌ باره‌ی شاره‌که‌وه‌ نیه‌، له‌ باره‌ی فه‌رمانڕه‌واکه‌یه‌وه‌، گیلگامش. ئوورۆک شاری تۆ نییه‌ ئانووی مه‌زن؟ گیلگامش تۆ داتنه‌ناوه‌؟ ئه‌وه‌تا، له‌خۆی بایی بووه‌. لووت به‌رز، به‌ فیزه‌وه‌ به‌سه‌ر دیواری قه‌ڵاکانه‌وه‌ دێت وده‌چێ. چه‌که‌که‌ی ڕوو ده‌کاته‌ تۆو، هاوار له‌ هه‌موو جه‌نگاوه‌ره‌کان ده‌کات بچن بۆ جه‌نگ. جووتیاری به‌سه‌ر زه‌ویه‌وه‌ نه‌هێشتووه‌، کرێکاری به‌سه‌ر کاره‌وه‌ نه‌هێشتووه‌. ته‌نانه‌ت لاوی هه‌رزه‌کار نه‌ماوه‌ ڕاپێچی جه‌نگی نه‌کردبێ. کچی هه‌رزه‌کار نه‌ماوه‌ له‌ دایکی نه‌کردبێ و نه‌چووبێته‌ لای، ئه‌گه‌ر کچی جه‌ربه‌زه‌ترین گه‌وره‌پیاوی شاریشه‌. خوداوه‌نده‌کان هه‌موو بێزارن لێی.
ئان: سکاڵاکەتان گەیشت. گوێم لێ گرت. هەر ئێستا چارەسەری دەکەم. ئارووروو! تۆ که‌ مرۆڤت درووست کرد! ئه‌مێستاکه‌ به‌ پێی ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی ئه‌نکی بۆت ده‌کێشێ، بوونه‌وه‌رێک درووست بکه‌. به‌سه‌ر دیواره‌کانی ئوورۆکه‌وه‌، له‌گه‌ڵ گیلگامشدا، ده‌سته‌ویه‌خه‌ ده‌بن و ده‌که‌ونه‌ زۆرانبازی. ئاشتی و هێمنی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئوورۆک.
تابلۆی شه‌ش: هەمان شوێن. ئارووروو، ئه‌نکی
ئه‌نکی: ده‌سته‌کانت بشۆ دایه‌! له‌و قوڕه‌، تۆپه‌ڵێک جودا بکه‌ره‌وه‌. بیپه‌ستێوه‌ره‌وه‌. که‌مێک له‌ له‌شی نینوورتای جه‌نگاوه‌ری تێکه‌ڵ بکه‌. دواجار فڕێیده‌ره‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌و ده‌شته‌. که‌سێکی لێ ده‌رده‌چێ، هێنده‌ی نینوورتا پته‌وه‌. تووکنه‌ و قژی وه‌ک ئافره‌ته‌کان درێژه‌. به‌ته‌نیا، له‌ نێوان ئاژه‌ڵه‌ کێوی و دڕنده‌کاندا ده‌ژی. له‌گه‌ڵ ئه‌واندا ڕاو ده‌کات و ده‌له‌وه‌ڕێ. له‌گه‌ڵ ئه‌واندا ده‌چێته‌ سه‌ر چه‌مه‌که‌ بۆ ئاو خواردنه‌وه‌. (ئارووروو بە سەرپەرشتی ئەنکی کارەکان ئەنجام دەدات)

په‌رده‌ی دوو
تابلۆی یه‌ک: ماڵی ڕاوچی. ڕاوچی، باوک
ڕاوچی: باوکه‌! پیاوێکم بینی، چاوتیژو توندڕه‌و. له‌ بیابانه‌وه‌ هاتووه‌‌. به‌هێزترینی ئه‌م وڵاته‌یه‌، پته‌وترینه‌. ماسوولکه‌کانی هێنده‌ ئه‌ستوورن، هه‌ر ده‌ڵێی تاشه‌ به‌ردێکه‌و له‌ ئاسمانه‌وه‌ که‌وتۆته‌ خوار. به‌رده‌وام وێڵی ئه‌و گردانه‌یه‌، ده‌شته‌کان ته‌ی ده‌کا. له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵه‌ کێویه‌کاندا ده‌له‌وه‌ڕێ. له‌گه‌ڵ دڕندکاندا ڕاوده‌کا. هه‌میشه‌ وه‌ک ئه‌وان به‌ڕێی سه‌رچه‌مه‌وه‌یه‌. ئه‌وه‌نده‌ ترسام، نه‌موێرا لێی نزیکبمه‌وه‌. ئه‌و چاڵانه‌ی هه‌ڵمکه‌ندبوون، هه‌موویانی پڕکرده‌وه‌. داوه‌کانی نابوومنه‌وه‌، هه‌موویانی پساند. چه‌نده‌ها نێچیری فڕاندو لێ ته‌ری کردم. ڕێم لێ ده‌گرێ وه‌کو جاران بڕۆم بۆ ده‌شت.
باوک: ئورۆک، گیلگامشی لێ ده‌ژی. هیچ که‌س له‌و به‌هێزتر نییه‌. ماسوولکه‌کانی هێنده‌ پته‌ون، وێنه‌ی خشتێکی برژاو له‌ ئاسمانه‌وه‌ هاتبێ. بڕۆ بیدۆزه‌ره‌وه‌و ئاگاداری بکه‌ره‌وه‌!. بۆی بگێڕه‌وه‌، ئه‌و مرۆڤشێوه‌یه‌ی بینیوته‌، چه‌ند شه‌ڕانگێزه‌. ئافره‌تێکی سۆزانیت له‌گه‌ڵدا ده‌نێرێته‌وه، به‌ ناوی شادیهێن. تۆش ده‌یهێنیته‌وه‌ بۆ ئێره‌و له‌گه‌ڵ خۆتدا ده‌یبه‌یت بۆ ڕاو. پێشوه‌خت، بۆی باس ده‌که‌یت، ئه‌و پیاوه‌ سه‌رسه‌خته‌ چه‌نده‌ به‌گوڕوتینه‌. ئەو کاتەی کە گه‌له‌ ئاژه‌ڵه‌ کێویه‌که‌ دێت بۆ سه‌ر چه‌مه‌که‌، جله‌کانی له‌به‌رخۆیدا داده‌که‌نێ. جوانی ئه‌ندامه‌کانی بۆ ئاشکرا ده‌کا. ئه‌ویش که‌ به‌م شێوه‌یه‌ ده‌یبینێ، خۆی بۆ ناگیرێت و په‌لاماری ده‌دا و لەگه‌ڵیدا جووت ده‌بێ. ئه‌و کات، مێگه‌له‌که‌ی که‌ له‌گه‌ڵیدا گه‌وره‌بووه‌، پشتی تێده‌کات و لێی ده‌بێته‌ نه‌یار.

تابلۆی دوو: ئوورۆک. گیلگامش، ڕاوچی
ڕاوچی: باش گوێم لێ بگره‌ گیلگامش. پیاوێکم بینی، چاوتیژو توندڕه‌و. له‌ بیابانه‌وه‌ هاتووه‌‌. به‌هێزترینی ئه‌م وڵاته‌یه‌، پته‌وترینه‌. ماسوولکه‌کانی هێنده‌ ئه‌ستوورن، هه‌ر ده‌ڵێی تاشه‌ به‌ردێکه‌و له‌ ئاسمانه‌وه‌ که‌وتۆته‌ خوار. به‌رده‌وام وێڵی ئه‌و گردانه‌یه‌، ده‌شته‌کان ته‌ی ده‌کا. له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵه‌ کێویه‌کاندا ده‌له‌وه‌ڕێ. له‌گه‌ڵ دڕندکاندا ڕاو ده‌کا. هه‌میشه‌ وه‌ک ئه‌وان به‌ڕێی سه‌رچه‌مه‌وه‌یه‌. ئه‌وه‌نده‌ ترسام، نه‌موێرا لێی نزیکبمه‌وه‌. ئه‌و چاڵانه‌ی هه‌ڵمکه‌ندبوون، هه‌موویانی پڕکرده‌وه‌. داوه‌کانی نابوومنه‌وه‌، هه‌موویانی پساند. چه‌نده‌ها نێچیری فڕاندو لێ ته‌ری کردم. ڕێم لێ ده‌گرێ وه‌کو جاران بڕۆم بۆ ده‌شت.
گیلگامش: ئافره‌تێکی سۆزانیت له‌گه‌ڵدا ده‌نێرمه‌وه به‌ ناوی شادیهێن. تۆش ده‌یبه‌یته‌وه‌ بۆ ئه‌وێ و له‌گه‌ڵ خۆتدا ده‌یبه‌یت بۆ ڕاو. پێشوه‌خت، بۆی باس ده‌که‌یت، ئه‌و پیاوه‌ سه‌رسه‌خته‌ چه‌نده‌ به‌ گوڕوتینه‌. کاتێ گه‌له‌ ئاژه‌ڵه‌ کێویه‌که‌ دێن بۆ سه‌ر چه‌مه‌که‌، جله‌کانی له‌به‌رخۆیدا داده‌که‌نێ. جوانی ئه‌ندامه‌کانی بۆ ئاشکرا ده‌کات. ئه‌ویش، که‌ به‌م شێوه‌یه‌ ده‌یبینێ، خۆی بۆ ناگیرێت و په‌لاماری ده‌دات و لەگه‌ڵیدا جووت ده‌بێ. ئه‌و کات، ئاژه‌ڵه‌ کێوی و دڕنده‌کانی له‌گه‌ڵیدا گه‌وره‌بوون، پشتی تێده‌که‌ن و لێی ده‌بنه‌ نه‌یار.

تابلۆی سێ: سه‌رچه‌م. شادیهێن، ڕاوچی
ڕاوچی: چه‌نده‌ به‌هێزبێت و سرووشتی وه‌ک خوداوه‌نده‌کان هه‌ڵکه‌وتبێ، هه‌ر پێویستی به‌ ئاوخواردنه‌وه‌ ده‌بێ.
شادیهێن: دوو ڕۆژه‌ نه‌هاتووه‌ بۆ سه‌رچه‌م، که‌واته‌ دوو ڕۆژه‌ ئاوی نه‌خواردۆته‌وه‌. له‌مه‌دا سرووشتی زۆرتر وه‌ک وشتری بیابانه‌کان هه‌ڵکه‌وتووه‌. که‌واته‌ ئه‌مڕۆش دڵنیا نین که‌ دێ؟!
ڕاوچی: ئه‌وه‌تا! مێگه‌له‌که‌ ده‌بینم له‌ گرده‌که‌وه‌ دێنه‌ خوارێ. ئه‌و ئاژه‌ڵه‌یان که‌ له‌وانی تر ناچێ ده‌یبینی؟ ئه‌وه‌ ئه‌وه‌. هه‌رکه‌ گه‌یشت، خۆت ڕووت بکه‌ره‌وه‌. ئه‌ندامه‌کانتی پیشان بده‌. هه‌موو جوانی خۆت بخه‌ره‌ گه‌ڕ که‌ بۆ لای خۆت ڕایکێشی. لێت نزیک بووه‌وه‌، له‌سه‌ر گیاکه‌ ڕاکشێ با بێته‌ سه‌رت. له‌گه‌ڵیدا جووت ببه‌و تا توانیت بیگوشه‌و هێزی تێدا مه‌هێڵه‌. که‌ ته‌واو خۆی خاڵی کرده‌وه‌و لاواز بوو، ئیتر ئاژه‌ڵه‌کان به‌جێی ده‌هێڵن.
(ڕاوچی دەڕوات. شادیهێن هەموو ئامۆژگاریەکانی جێبەجێ دەکات. ئەنکیدووش وەک چاوەڕوانکراو دەکەوێتە داوەکەوەو تەواو وا هەڵسوکەوت دەکا کە بۆی دەسنیشان کراوە)
تابلۆی چوار: هەمان شوێن. ئەنکیدوو، شادیهێن
شادیهێن: پێنج ڕۆژ هیچ نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی فێری زمانێک ببیت. به‌ڵام تۆ دیاره‌ زۆر زیره‌کی وا زوو فێر بوویت. یان من مامۆستای باشم. له‌ ڕێی خۆشه‌ویستیه‌وه‌، هه‌موو شته‌کان باشترو خێراتر ده‌گه‌ن. بینیت؟! ها ها ها.
ئەنکیدوو: پێنج ڕۆژ.. من و تۆ.. خۆش بوو.. زۆر زۆر.. ئێستا.. سەر گرد.. بۆ ناو مێگه‌ل.. هاوڕێکانم.. سه‌رچه‌م.. دەڕۆم.. من تۆ جێ دەهێڵم..
شادیهێن: باشه‌ بڕۆ. من که‌مێکی تر لێره‌ ده‌مێنمه‌وه‌، تا خۆم بپێچمه‌وه‌. دوایی ده‌ڕۆمه‌وه‌ بۆ ئوورۆک. چاوه‌ڕێ ناکه‌م سه‌ر له‌ هاوڕێ ئاژه‌ڵه‌کانت بده‌یت و بێیته‌وه‌ ماڵئاواییم لێ بکه‌یت. مه‌یه‌ره‌وه‌ بۆ ئێره‌.. باش! ده‌ی بڕۆ! ماڵئاوا.
ئەنکیدوو: من ڕۆشتم..

شادیهێن: چ زوو هاتیته‌وه‌! چ زوو هۆگرم بوویت! چی بوو؟
ئەنکیدوو: هاوڕێ..
شادیهێن: هاوڕێکانت نه‌ده‌وه‌ستان.
ئەنکیدوو: هاوڕێکانم نه‌ده‌وه‌ستان، که‌ بانگم ده‌کردن دوور دەکەوتنەوە. هەر کە نزیک دەبوومەوە ئەوان دوور..
شادیهێن: که‌ تۆ لێیان نزیک ده‌بوویته‌وه‌، ئه‌وان دوور ده‌که‌وتنه‌وه‌.
ئەنکیدوو: که‌ من لێیان نزیک ده‌بوومه‌وه‌، ئه‌وان دوور ده‌که‌وتنه‌وه‌. کە ویستم بەدوایاندا ڕاکرد بینیم ئه‌ژنۆو ڕان..
شادیهێن: ویستت به‌ دوایاندا ڕا بکه‌ی، به‌ڵام ڕانه‌کانت به‌ دووتدا نه‌ده‌هاتن. ئه‌ژنۆکانیش شل بوون. هه‌ستت ده‌کرد شتێک له‌ له‌شتدا گۆڕاوه‌، ئه‌و هێزه‌ی جارانت نه‌ماوه‌. ئاژه‌ڵه‌کانیش، چه‌نده‌ هۆگرت بوون، چه‌نده‌ به‌ بێ تۆ پێیان نه‌ده‌کرا، که‌چی ئێستا تۆ بوویت به‌ بێگانه‌و سڵت لێ ده‌که‌نه‌وه‌.. خه‌م مه‌خۆ! ئه‌وه‌ ته‌نها شتێکی کاتییه‌، نه‌خۆشی نییه‌. ڕۆژێک نابا هێزت پێدا دێته‌وه‌. هێزت دوو هێنده‌ له‌ جاران زۆرتر ده‌بێ. ده‌بینم بەم ماوە کەمە مێشکت گۆڕا. ئێستا زۆرتر تێ ده‌گه‌یت، زمانیشت ته‌واو کراوه‌ته‌وه‌. به‌ڵام بۆ هاوڕێ ئاژه‌ڵه‌کانت، ئه‌وا چاوه‌ڕێ مه‌به‌ وه‌کو جاران ببنه‌وه‌ به‌ هاوڕێت. تۆش هه‌رگیز نابیته‌وه‌ به‌و دۆسته‌ی پێشویان. تازه‌ له‌ نێوان تۆو ئه‌واندا شتێ پچڕا، بیر له‌ گرێدانه‌وه‌ی مه‌که‌رەوە، هه‌وڵی دنیا بێ سووده‌، شووشه‌یه‌ک بوو شکا. ئا.. ڕاسته‌ تۆ نازانی شووشه‌ چییه‌. ڕۆژێ له‌ ئوورۆک شووشه‌یه‌کت پیشان ده‌ده‌م.
ئەنکیدوو: ئای.. ئای له‌ تۆ.. تۆ.. به‌ڵێ، هه‌ست ده‌که‌م.. تۆیت هۆکاری ئەو نەهامەتییە..
شادیهێن: ئەنکیدوو! تۆ زۆر جوانی.. زۆر زیره‌کی.. زۆر به‌هێزی.. جێی تۆ ئێره‌ نیه‌.. چی ده‌که‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌دا! وه‌ره‌ له‌گه‌ڵ من! ده‌تبه‌م بۆ ئوورۆک. شاری پیرۆزی ئوورۆک.. هه‌وارگه‌ی خوداوه‌ندان ئیشتارو ئانوو. له‌وێ گیلگامش ده‌بینی. ئه‌و ئازاترین و به‌هێزترین که‌سی وڵاته‌. ماسوولکه‌کانی هێند پته‌ون، وه‌ک بڵێی خشتێکی برژاوه‌و له‌ ئاسمانه‌وه‌ که‌وتۆته‌ خوار. هێند تۆکمه‌یه‌، مه‌گه‌ر خوداوه‌ندی جه‌نگاوه‌ر نینوورتا له‌و تۆکمه‌تر بێ. وه‌ره‌ ده‌تبه‌م بۆ لای.
ئەنکیدوو: بمبه‌، بمبه‌ بۆ ئه‌و ئورۆکه‌ی هه‌وارگه‌ی خوداوه‌نده‌کان ئیشتارو ئانووه‌.‌
شادیهێن: ده‌چین بۆ ئوورۆک. له‌وێ، پاڵه‌وانه‌کان پشتێن ده‌به‌سن. له‌وێ هه‌موو ئێواره‌و شه‌وێک شایی و زه‌ماوه‌نده‌، ده‌هۆڵه‌کان له‌ لێدان ناکه‌ون، کچه‌ سۆزانیه‌کان که‌ جوانترینن، هه‌میشه‌ پێکه‌نین و تریقانه‌وه‌یان ده‌بیسترێ. که‌سایه‌تیه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌کان شه‌وان ماڵی خۆیان جێ ده‌هێڵن و دێنه‌ ده‌ره‌وه‌. وه‌ره‌ بۆ ئه‌وێ، تۆ که‌ نازانی ژیان چییه‌ ئەنکیدوو!. گیلگامشت پیشان ده‌ده‌م، من ده‌زانم له‌ کوێ نیشته‌جێیه‌. ده‌چین ئه‌و گیلگامشه‌ت پێ ده‌ناسێنم، که‌ له‌ ترۆپکی جوانیدایه‌، به‌و کاریزمایه‌ی که‌ هه‌یه‌تی،  که‌س له‌به‌ری خۆی بۆ ڕا ناگیرێ، له‌ تۆشی ده‌باته‌وه‌. ئه‌و شه‌وو ڕۆژ ماندووبوونی بۆ نیه‌. شاماش خۆی به‌ تایبه‌ت خۆشی ده‌وێ. ئانوو، ئینلیل و ئێیا سنووره‌کانی داناییان سڕیوه‌ته‌وه‌ له‌ مێشکیدا. پێش ئه‌وه‌ی تۆ له‌ بیابانه‌که‌ته‌وه‌ بچیت بۆ لای، ئه‌و خه‌وی پێوه‌ بینیویت. ها بگره‌! له‌ دوو پارچه‌ جله‌که‌م یه‌کێکیان ده‌ده‌م به‌ تۆ، له‌به‌ری بکه‌!.
ئەنکیدوو: بمبه‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌ی گیلگامشی لێیه‌، که‌ له‌ ئه‌وپه‌ڕی هێزدایه‌، که‌ هیچ پاڵه‌وانێک خۆی ناگرێ به‌رامبه‌ری بوه‌ستێته‌وه‌. من به‌ره‌نگاری ده‌بم، زۆرانی له‌گه‌ڵدا ده‌گرم. له‌ ناوه‌ڕاستی ئوورۆکدا، ڕایده‌گه‌یه‌نم که‌ “منم به‌هێزترین”. هه‌ر که‌ گه‌یشتمه‌ ئه‌وێ، ڕێڕه‌وی شته‌کان ده‌گۆڕم، من که‌ له‌ بیابانه‌وه‌ دێم.
تابلۆی پێنج: له‌ ژێر که‌پرو له‌ناو ڕه‌شماڵی شواناندا. ئەنکیدوو، شادیهێن، شوانه‌کان
شوان ١: ئه‌م پیاوه‌ چه‌نده‌ له‌ گیلگامش ده‌چێ!! باڵای هێنده‌ی ئه‌و به‌رزه، سه‌ربڵند، له‌ قه‌ڵاکان ده‌کات. هه‌بێ و نه‌بێ ئه‌مه‌ ئەنکیدوویه‌ که‌ له‌ بیابانه‌وه‌ هاتووه‌.
شوان ٢ : به‌خێرهاتی بۆ ژێر ئه‌م که‌پره‌!
شوان ٣: فه‌رموو، ئه‌وه‌ نان!
ئەنکیدوو: ناخۆم.
شوان ٣ : ئه‌وه‌ش بیره‌.
ئەنکیدوو: نامه‌وێت.
شادیهێن: به‌و گومان و بێزلێکردنه‌وه‌ له‌و خواردنه‌ مه‌ڕوانه‌. مرۆڤه‌ شارستانیه‌کان له‌جێی ئه‌وه‌ی وه‌ک ئاژه‌ڵه‌کان بله‌وه‌ڕن، خۆیان خواردن بۆ خۆیان خۆش دەکەن و لێده‌نێن. مه‌ترسه‌! تام بکه‌!
ئەنکیدوو: نان تاڵه‌! بیره‌ش تفته‌! ناخۆشن ئه‌مانه‌.
شادیهێن: ماوه‌یه‌ک نابات له‌گه‌ڵیاندا ڕادێیت. ئه‌وه‌ی تاڵه‌ شیرین ده‌بێ له‌لات و ئه‌وه‌ی شیرین بوو، تاڵ ده‌بێت له‌لات.
تابلۆی شەش: هەمان شوێن. ئەنکیدوو، شادیهێن
شادیهێن: وا بۆ ماوه‌یه‌که‌ بوویته‌ هاوڕێ و هاوکاری ئه‌م شوانانه‌. مه‌ڕه‌کانیان ده‌له‌وه‌ڕێنیت، ئاژه‌ڵه‌کێوی و دڕنده‌کان له‌ مێگه‌له‌کانیان دوور ده‌خه‌یته‌وه‌. به‌ڵام ئامانجه‌که‌ی خۆت له‌بیر مه‌که‌، ئێمه‌ ویستمان بچین بۆ ئوورۆک، گیلگامش ببینین. ئێره‌ ته‌نها وێسگه‌یه‌که‌ له‌ ڕێدا، نابێ چیدی لێره‌ خۆت گل بده‌یته‌وه‌. پێش ئه‌وه‌ی تۆ بناسن، ئه‌م شوانانه‌ بێ تۆ گوزه‌رانیان کردووه‌، پاش تۆش هه‌ر ده‌توانن بیگوزه‌رێنن.
ئەنکیدوو: چ زوو مرۆڤ لەگەڵ هەموو شتێکی نوێدا ڕادێت. چ زوو هۆگری ژیانێکی نوێ دەبێ. وا ئێستا جل له‌به‌ر ده‌که‌م و که‌ برسیم بوو نان ده‌خۆم و که‌ تینووم بوو له‌ جامدا ئاو ده‌خۆمه‌وه‌ و که‌ هه‌ستم به‌ لاوازی کردوو ئاره‌زووم کرد، بیره‌ ده‌خۆمه‌وه‌. با تا ئه‌م ژیانه‌ نوێیه‌ ته‌واو نه‌بووه‌ته‌ به‌شێک له‌ سرووشتم لێرە بڕۆین. به‌ره‌و ئوورۆک، ڕێی سه‌فه‌ر بگرمه‌وه‌به‌ر.

په‌رده‌ی سێ
تابلۆی یه‌ک: ئوورۆک. له‌به‌رده‌م ده‌رگای ماڵی بووکێکدا. گیلگامش، ئەنکیدوو، خەڵکی شار.
ئەنکیدوو: وا من پێ ده‌خه‌مه‌ نێوان ئه‌م ده‌رگایه‌و چوارچێوه‌که‌ی، که‌ تۆ نه‌توانیت ده‌ربازی ژوورێ بیت.
گیلگامش: خۆت لاده‌ له‌ ڕێم.
ئەنکیدوو: خۆت بپارێزه‌ لێم!
گیلگامش: تۆ ده‌زانی من کێم؟
ئەنکیدوو: ئه‌ی تۆ دزانی من کێم؟
گیلگامش: تۆ کێویه‌کیت و له‌ بیابانه‌وه‌ هاتوویت، تۆ ئەنکیدوویت.
ئەنکیدوو: تۆ زۆرداری ئێره‌یت و له‌ شاره‌وه‌ هاتوویت.
گیلگامش: که‌س هه‌یه‌ لێره‌ من نه‌ناسێ؟
ئەنکیدوو: ئینجا با هه‌مووانیش لێره‌ بتناسن. ئه‌و که‌سه‌ی که‌ پێویسته‌ بتناسێ، ناتناسێ. به‌ڵێ که‌سێک هه‌یه‌ تۆ نه‌ناسێ.
گیلگامش: کێ؟ کێیه‌ ئه‌و که‌سه‌ی سه‌روه‌ری خۆی ناناسێ؟
ئەنکیدوو: خۆت، تۆ خۆت ناناسیت. بۆیه‌ وا ده‌ته‌وێ به‌ره‌نگارم بیته‌وه‌.
گیلگامش: باشتر وایه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ نه‌ده‌یت خۆت به‌ بازووی من پێوانه‌ بکه‌یت.
ئەنکیدوو: ڕه‌وا نیه‌ له‌ تۆ پێش زاوادا بچیته‌ ژوورێ بۆ لای بووک. ده‌بێ ئه‌م یاسایه‌ بگۆڕدرێ. تا من لێره‌بم ناهێڵم بەکار ببرێت و په‌یڕه‌و بکرێ.
گیلگامش: تۆ له‌ بیابانه‌وه‌ هاتوویت فێری یاساکانمان بکه‌یت؟ خۆت لاده‌ لێم!
ئەنکیدوو: که‌ من لێره‌دا وه‌ستاوم، هه‌ڵبه‌ته‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ ڕێگریت بکه‌م. بچۆ ژوورێ ئه‌گه‌ر توانیت!
تابلۆی دوو: کۆشکی پاشایەتی. نوونسوونا، گیلگامش، ئەنکیدوو
گیلگامش: دایه‌ ئه‌وه‌ ئەنکیدووه‌.
نوونسوونا: بۆچی به‌جه‌نگ هاتن؟ ئەنکیدوو له‌ ناوه‌ڕاستی شاردا سه‌رزه‌نشتی کردیت و ڕه‌خنه‌ی لێ گرتیت.
گیلگامش: دایه‌ ئەنکیدوو له‌ بیابانه‌وه‌ هاتووه‌. به‌ ته‌نیا ژیاوه‌و بێکه‌سه‌. دایک و باوکی نییه‌. هیچ  شتێک فێر نه‌کراوه‌. که‌س نه‌بووه‌ ڕێی پیشان بدات و ئامۆژگاری بکات. ئاژه‌ڵه‌ کێویه‌کان چۆن ژیاون، ئه‌میش ئه‌وها. وه‌ک نموونه‌ ته‌نها ئه‌وانی له‌به‌ر چاو بووه‌. ڕووبه‌ڕووی من بووه‌وه‌، جه‌نگاین، به‌ڵام هیچمان له‌ویتر به‌هێزتر نه‌بوو. ته‌ماشاکه‌ چه‌نده‌ باڵابه‌رزو پته‌وه‌، هه‌ر ده‌ڵێی ته‌نێکی سه‌نگینه‌و له‌ ئاسمانه‌وه‌ که‌وتۆته‌ خوار.
نوونسوونا: ئه‌وا هاوه‌ڵ و هاوڕازت بۆ په‌یدا بوو. ده‌ با چیدی ئه‌م هاوڕێیه‌ت کارێ بکا که‌ له‌ خراپه‌کاری به‌ دوور بیت، ئه‌و بێزارییه‌ت نه‌هێڵێ که‌ وای لێ ده‌کردی شه‌ڕ له‌ به‌تاڵی باشتر بێ له‌لات.
تابلۆی سێ: گۆشەیەکی تر لە هەمان کۆشک. ئەنکیدوو، گیلگامش
گیلگامش: بۆ چی ده‌گری هاوڕێی خۆشه‌ویست؟ ئایا دایکم هێنده‌ی من خۆشی ناوێیت؟ ئایا ده‌ستوپێوه‌نده‌که‌م وه‌ک من به‌ده‌مته‌وه‌ نایه‌ن و فه‌رمانه‌کانت جێ ناهێنن؟ ئایا ئوورۆک وه‌ک خوداوه‌ندێ پێشوازی لێ نه‌کردی؟ ئه‌ی من هه‌میشه‌ گوێڕایه‌ڵی ئاره‌زووه‌کانت نیم؟ یان هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌ دڵی تۆیان نه‌کردووه‌و ڕووی خۆیان گۆڕیوه‌ لێت؟
گیلگامش: نا.. ئه‌وه‌یه‌ که‌ من به‌م ژیانه‌ ڕانه‌هاتووم. به‌م بێکاری و پشووه‌ دوورودرێژە. بێزارم له‌وه‌ی هیچ ناکه‌م. هه‌رچیه‌کم بوێت له‌به‌ر ده‌ستدایه‌. هه‌موو شوێنێک به‌ خشت و کاشی درووست کراوه‌. ئاژه‌ڵی کێوی لێره‌ نابینی. دره‌خته‌ خۆڕسکه‌کان لێره‌ نین. ئاو له‌ ده‌فره‌کاندا ده‌خۆمه‌وه‌. له‌سه‌ر چه‌م و گۆمه‌کان خۆم ناشۆم، کاره‌که‌ره‌کان له‌ ژووری داخراودا ده‌مشۆن. به‌ ده‌سته‌کانم نان ناخۆم، به‌ که‌وچک نان ده‌خۆم. ئه‌وکاتە بێزار بووم که‌ هاوشێوه‌ی خۆمم نه‌ده‌بینی، ئێستا بێزارم له‌وه‌ی که‌ هه‌مووان هاوشێوه‌ی خۆمن.
گیلگامش: ده‌چین بۆ دارستانەکانی باکوور. ده‌چین سنه‌وبه‌ره‌کان ده‌بڕین و ده‌یانهێنینه‌وه‌. هه‌موو کات که‌ له‌ ئوورۆک دارو ته‌خته‌ ڕوو له‌ کزی بووه‌، له‌ دارستانه‌کانی زاگرۆس هێناومانن، بەڵام ئێستا ئەوێ داری پێوە نەماوە. تا ئێستەش هیچ کەس نەیتوانیەوە هێندە سەرەڕۆبێت خۆی لە قەرەی ئەو سەفەرە دوورودرێژەو ئەو وڵاتە دڕندەیە بدات. دەمێکە بیرم لێ کردووەتەوە، بەڵام کەسێکی وام شک نەدەبرد کە متمانەی پێ بکەم هاوسەفەرم بێت. من بەم سەفەرە گەورەترین پالەوانچێتی لە هەموو مێژوودا ئەنجام دەدەم. گومانی تێدا نییە کە ناوم بۆ هەتا هەتایی دەچێتە مێژووەوە. ئه‌م گه‌شته‌ش پیاوی خۆی ده‌وێت، دڵنیابه‌ کاتی ئه‌وه‌ت نابێ بێزاربیت.
ئەنکیدوو: به‌ڵام ئینلیل هوومبابای له‌وێ داناوه‌، هوومبابا هه‌رگیز ڕێگامان نادات داره‌کان ببڕین.
گیلگامش: هوومبابا.. ئه‌گه‌ر هه‌ر ڕێگای پێ نه‌داین، ده‌یکوژین. ئه‌وکات ناو ده‌رده‌که‌ین و وه‌ک پاڵه‌وانه‌ کۆنه‌کان ده‌چینه‌ مێژووه‌وه‌. پێویسته‌ کارێکی ئه‌وها مه‌زن ئه‌نجام بده‌ین تا ببێته‌ داستان و نه‌وه‌کان بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ له‌دوای ئێمه‌ بیڵێنه‌وه‌. ئەم سەفەرە گەورەترین هەلی ژیانمە، دڵنیاشم کە خوداکان تۆیان بۆ ئەوە ناردووە کە پێکەوە ئەنجامی بدەین.
ئەنکیدوو: ئینلیل هوومبابای بۆ پاسەوانی سنەوبەرەکان لەوێ داناوه‌. هوومبابا هاوارکردنی سامناکیه‌، ده‌می ئاگر پرژێنه‌، هه‌ناسه‌ی مردنه‌. له‌ دووری شه‌ست کیلۆمه‌تره‌وه‌ گوێی له‌ هه‌موو ده‌نگ و چرپه‌یه‌که‌ له‌ ناو دارستانه‌وه‌ بێت. ئه‌وها کێ ده‌توانێ ده‌ربازی دارستان بێت؟ ئینلیل بۆ ترساندنی خه‌ڵک له‌وێ دایناوه‌. هه‌رکه‌س بچێته‌ ئه‌و دارستانه‌ له‌ترسا وشک ده‌بێ.  ئه‌گه‌ر بیکوژین خوداوه‌نده‌کان تا دنیا دنیایه‌ لێمان نابوورن. بۆ هه‌رکوێ بڕۆین ئینلیل هه‌ر به‌سه‌رمانه‌وه‌ ده‌بێ. سزامان ده‌دا.
گیلگامش: هاوڕێم، ئه‌گه‌ر خوداوه‌نده‌کان پیاویان دروست کردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ بێکار دابنیشن. ئه‌ی ژیان بۆ چییه‌ ئه‌گه‌ر نه‌خرێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌؟ ئه‌ی جیاوازی ئێمه‌و ژنه‌کان چییه‌؟
ئەنکیدوو: ئه‌سته‌مه‌ بگه‌ین به‌ ئامانج، ئه‌سته‌مه‌ هوومبابا بدۆزینه‌وه‌، ئه‌سته‌مه‌ بتوانین له‌گه‌ڵیدا بجه‌نگین.
تابلۆی چوار: گیلگامش، ئەنکیدوو، جه‌نگاوه‌ران، ئاسنگه‌ران، ڕیش سپیان
گیلگامش: ئاسنگه‌ران، چه‌ک دروست و ئاماده‌ بکه‌ن بۆ جه‌نگ. با دوو شمشێر له‌ قاڵب بدرێن، هه‌ر یه‌ک سی کیلۆ کێشیان بێت. با دوو قه‌ڵغان له‌ قاڵب بدرێن هه‌ر یه‌ک سی کیلۆ کێشیان بێت. با تاقم و تفاقی جه‌نگ بهێنرێن بۆ ئێره‌.
جه‌نگاوه‌رانی ئوورۆک، وا من خۆم ئاماده‌ ده‌که‌م بۆ دارستانی سنه‌وبه‌ره‌کان بڕۆم. ئه‌م گه‌شته‌ مەترسی زۆری تێدایەو چاره‌نووسی نادیاره‌، نه‌ له‌ ڕۆشتنداو نه‌ له‌ هاتنه‌وه‌دا دڵنیایی تێدا نییه‌. به‌ڵام من هه‌ست ده‌که‌م که‌ هێنده‌ به‌هێزم بتوانم ئه‌م کاره‌ ئه‌نجام بده‌م، باوه‌ڕم به‌ خۆم هه‌یه‌. هیوای سه‌رکه‌وتنم بۆ بخوازن. سه‌ره‌تا ده‌چم بۆ ده‌روازه‌ی گه‌وره‌که‌ی ئوورۆک، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ریته‌کانی چوونه‌ سه‌فه‌ری جه‌نگ به‌جێ بهێنم. که‌واته‌ با جه‌ژن و شایی ده‌ست پێ بکات.
ئەنکیدوو: ئه‌و به‌ گوێی من ناکات، ئێوه‌ پێی بڵێن. ئامۆژگاریه‌کی بکه‌ن، که‌ ئه‌مه‌ کاری کردن نیه‌. مه‌ترسی زۆره‌و سه‌رکه‌وتن به‌ ده‌ست ناهێنێ.
ڕیش سپیان: گیلگامش! تۆ هێشتا لاویت و خوێن گه‌رمیت. دڵه‌ ئازاکه‌ت ڕاپێچی کردوویت، بۆیه‌ نازانیت له‌ چی ده‌دوێیت. ئه‌و هوومبابایه‌ ته‌نها هاواره‌کانی ترس و له‌رز ده‌خه‌نه‌وه‌، ده‌می له‌ ئاگره‌، هه‌ناسه‌ی مه‌رگه‌. له‌ دووری شه‌ش سه‌د کیلۆمه‌تره‌وه‌ گوێی له‌ چرپه‌یه‌که‌ له‌ دارستانه‌وه‌ ببیسترێ. کێ ده‌توانێ بچێته‌ ناو دارستان؟ ڕوخساری دزێوو ترسئاوه‌ره‌، کێ ده‌توانێ ڕووبه‌ڕووی ده‌مامکی ئەجیجی بێته‌وه‌؟ ئینلیلی مەزن بۆ ترساندنی خه‌ڵک و بۆ پاراستنی سنه‌وبه‌ره‌کان له‌وێ دایناوه‌.
گیلگامش: به‌ڕێزان! ئوورۆک پێویستی به‌ داره‌، داریش ته‌نها له‌وێ هه‌یه‌. ئێمه‌ که‌ گه‌نجین ئه‌و کاره‌ نه‌که‌ین، ئه‌ی کێ بیکات؟ ئه‌ی گه‌نج بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌کان نه‌بێ بۆچی باشه‌؟ دوایی په‌شیمانی دادمان نادات. هه‌رچۆنێک بێت، بڕیارێکه‌و داومه‌، هه‌وڵی هه‌موو دنیا بێسووده‌و په‌شیمانم ناکاته‌وه‌.
ڕێش سپیان: که‌واته‌ گوێ له‌ ئامۆژگاریه‌کانمان بگره‌. پشت مه‌به‌سته‌ ته‌نها به‌ هێزی بازووه‌کانت. جوان بڕوانه‌، چاوه‌کانت تیژ بکه‌ره‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی که‌ گورزه‌کانت کاریگه‌ر بن. ئه‌وه‌ی له‌ پێشه‌وه‌ ده‌ڕوا، ده‌بێته‌ قه‌ڵغان بۆ هاوه‌ڵه‌که‌ی. ئه‌وه‌ی ڕێگا ده‌ناسێ، پاریزگاری له‌ هاوسه‌فه‌ره‌که‌ی ده‌کات. که‌واته‌ با ئه‌نکیدوو پێشت بکه‌وێ، ئه‌و دارستانی سنه‌وبه‌ره‌کان باش ده‌ناسێ، ڕاهاتووی جه‌نگه‌. ئه‌و بەرپرسیارە له‌وه‌ی هاوڕێکه‌ی بپارێزێت و بیگه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر ناچاریش بێت له‌ کۆڵی بکات. ئەنکیدوو، ئه‌وا پاشاکه‌مانت به‌ ئامانه‌تی پێ ده‌سپێرین، به‌ ساغی و سه‌لامه‌تی ده‌یهێنیته‌وه‌ بۆ لامان.
گیلگامش: ئەنکیدوو! ده‌ڕۆین بۆلای دایکم نوونسونا، شاژنی گه‌وره‌و دانا، ئه‌و که‌ هه‌موو شتێک ده‌زانێ، با نه‌خشه‌ی ئه‌م سه‌فه‌ره‌مان بۆ بکێشێت.
تابلۆی پێنج: باڵەخانەکەی نوونسوونا. نوونسوونا، گیلگامش، ئەنکیدوو
گیلگامش: دایه‌! هه‌ست ده‌که‌م که‌ ئاماده‌م و ئێستا له‌ توانامدایه‌ ڕێیه‌کی دوور بگرمه‌به‌ر. بڕۆم بۆ دارستانی سنه‌وبه‌ره‌کان و، له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌کدا که‌ چاره‌نووسی نادیاره‌، هوومبابای دزێوو نه‌گریس بکوژم، که‌ خودی شاماش به‌ نه‌فره‌تی کردووه‌. تا ده‌گه‌م و تا ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌، تا ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ له‌ناو ده‌به‌م و زه‌وی ئازاد ده‌که‌م له‌ ده‌ستی، له‌ مه‌ترسیدا دەبم، بەڵام متمانەم بە خۆمە.
نوونسوونا: نامه‌وێ بڕۆیت، ئاره‌زوو ناکه‌م ئه‌و ڕێیه‌ بگریته‌ به‌ر که‌ ڕێی هاتونه‌هاته‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ یاسای ژیانه‌، کوڕان هه‌ر ده‌بێ ڕۆژێک پێ بگرن و له‌ دایکیان دوور بکه‌ونه‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ که‌ ناچار نیت ڕێگایه‌کی ئه‌وها شووم و دوورو ترسناک بڕۆیت تا سه‌ربه‌خۆبیت. ئه‌گه‌ر ڕه‌زامه‌ندیش بووم، هه‌رگیز ڕێت ناده‌م به‌ ته‌نها بڕۆیت.
گیلگامش: ئەنکیدوو هاوڕێگام ده‌بێ. پێکه‌وه‌ ده‌چین و پێکه‌وه‌ دێینه‌وه‌.
نوونسوونا: که‌واته‌ ئەنکیدوو، ئامانه‌تی تۆو ئه‌و کوڕه‌م. ده‌زانم ئه‌مه‌ کاری شاماشه‌ که‌ بیرۆکه‌یه‌کی ئه‌وهای خستۆته‌ مێشکته‌وه‌. بۆیه‌ بێسووده‌ هه‌وڵی په‌شیمانکردنه‌وه‌ت. من ناتوانم به‌ره‌نگاری شاماش ببمه‌وه‌، به‌ڵام ده‌چم به‌ڵێنی لێ وه‌ربگرم که‌ بتپارێزێ. ئێوەش بە هەمان شێوە برۆن خۆتان ئامادە بکەن بۆ سەفەر. ئەرکی نوێژو پاڕانەوەتان بەجێ بهێنن. با شاماش و خوداوەندەکان پشتیوانتان بن.
(نوونسوونا خۆی ئامادە دەکات کە بچێتە خزمەتی شاماش. بە ئاوی پیرۆز خۆی دەشوات. کراسێکی تەسک و ملوانکەیەک کە شایانی شاماش بێت لە مل دەکات. کڵاوزەڕ لەسەر دەکات و لالەیەک لە نێوچەوانی دەدات. بۆن و بوغورد ئامادە دەکات و دەچێتە سەربان بۆ بینینی شاماش.)
تابلۆی شەش: سەربانی کۆشک. نوونسوونا، شاماش
نوونسوونا: بۆچی دڵێکی سەختی بەردئاسات خستە سنگی ئەو کوڕەمەوە؟ نەدەبوو کوڕێکم بدەیتێ کەلەی لەوە نەرمتربێ؟ هەموو خولیاو ئارەزوویەکی جەنگاوەری و زۆرانبازی نەبێ؟ بۆچی ئەم سەفەری هاتونەهاتەت خستە مێشکیەوە؟ ئەو ئەگەر بشگات ناتوانێ بەرەنگاری ئەو هوومبابایە بێتەوە کە خۆت کینەت بۆی هەیە. ئەگەر توانیشی، کە کاری نەکردەیە ئەو کارە، ئەوا گەڕانەوەی لە ڕۆشتنی ئاسانتر نییە. مادام تازە ناکرێ پەشیمانکردنەوەی، داواکارم بیپارێزیت تا دەچێت و دێتەوە. بەڵێنم بدەرێ بە درێژایی ئەو ڕێگایە چاوی لێ نەپۆشیت. کە شەوانیش لە باوەشی نۆبووکەکەت گالادا خەو دەتباتەوەو لە ئاسمان نامێنی، فەرمان بدە بە گالا کە ئەستێرەکانی چاودێری بن و بیپارێزن لە ونبوون.
تابلۆی حەوت: شوێنێکی تر لە کۆشک. پیران، جەنگاوەران، دواتر نوونسوونا
پیران: وەک پێمان وتی ئەنکیدوو، دووبارەی دەکەینەوە: با هەمیشە تۆ لە پێشەوە بڕۆیت. ئەویش هەمیشە بکەوێتە دوای تۆ. تۆ ئەو ڕێیە شارەزاتریت. لە دارستان و دەشتدا ژیاویت و راهاتوویت. هەموو کێشەو مەترسی و سەختیەکانی سەفەر دەناسی. پاڵپشی بە، پشتوپەنا بە بۆی. ئامانەتی تۆو پاشاکەمان. چۆن بە تەندروستی دەتدەینە دەست، ئەوهاش بە لەشی ساخەوە بۆمان دێنیتەوە..
جەنگاوەران: ئێرە تا دارستانی سنەوبەرەکان شەش هەزار کیلۆمەترە. شەش قۆناغە. هەر قۆناغەو وڵاتێکە. هەر سنوورەو ڕووبارێک، کێوێک یان بیابانێکە. بۆ کەسێکی ئاسایی هەر قۆناغەو سی ڕۆژ ڕۆشتنی دەوێ.
نوونسوونا: (دێتە ژوورێ) ئەنکیدوو ڕێبەری بکە تا دەگەن و دێنەوە. لە توولە ڕێی قەدپاڵە سەختەکاندا کە تەنها جێی یەک کەسە تێپەڕێت، تۆ پێش دەکەوی. با ئەگەر تەڵەو بەربەندو بەربەست و دڕندە لەسەر ڕێتان هەبوو نەکەون بە سەریاندا. لە ڕووبارەکاندا ڕێگایەکی بێ مەترسی بۆ پەڕینەوە دەدۆزنەوە. ئەگەر لە بیابانێکدا لە تینواندا یەکێکتان توانای ڕۆشتنی نەما، بە کۆڵیش بێت با ئەویتر هەڵی بگرێت و دەری بکات. کۆڵ بدەن دەمرن و داڵە کەرخۆرە لاشەتان دەخۆن. گیلگامش کوڕم! ئێواران کاتی خۆرئاوابوون نوێژی خۆتت بیر نەچێ. نوێژی خۆت بۆ شاماش دەکەیت. پێش خەوتن بازنەیەک بە دەوری جێی خەوەکەتدا دەکێشی. کە بتپارێزێ لە ئاژەڵی دڕندەو تارمایی دزێوو زیندەوەرە زیانبەخشەکان.

پەردەی چوار
تابلۆی یەک: کێوی دوونوو. گیلگامش، ئەنکیدوو
ئەنکیدوو: تا شوێنی وچانی یەکەم، دوو سەد کیلۆمەتر هاتین. مرۆڤە ئاساییەکان بە مانگ و نیوێک ئەم دووریە دەبڕن کە ئێمە بە چەند کاتژمێرێک بڕیمان. دوای ئەو پشووە کورتە چەندە هاتبووین هێندەی ترمان بڕی و ئیتر نانمان خوارد. ئەمڕۆ شەش سەد کیلۆمەترمان بڕی. ئەوەش کێوی دوونوو. قۆناغی یەکەم تەواو.
گیلگامش: با چاڵێک هەڵکەنین و گۆزەکەی بکەینە ناو. ئەگین ئاوەکەی گەرم دەبێت، دوایی ناخورێتەوە. من دەچمە سەر کێوەکە نوێژێک بۆ شاماش دەکەم تا خەوێکم بۆ بنێرێت بەڵێنی خۆشبەختی تێدا بێت.
ئەنکیدوو: تا تۆ نوێژەکەت تەواو دەکەیت من جێگاکانم ئامادە کردوون…. ئەم بازنەیە لە هەموو شت دەتپارێزێ. ئەوەتا هەورێک بەرەو ئێرە دێ! دیارە نیازی نییە بمێنیتەوە، بۆیە دەیبینم تێدەپەڕێ.
گیلگامش: (نوێژ دەکا) شاماش! تکایە ئەم شەو خەونێکم بۆ بنێرە نیشانەی بەختێکی گەشبێ… (دواتر) ئەنکیدوو! لەناو ئەو بازنەیەدا بخەوم من؟
ئەنکیدوو: بەڵێ، بۆ تۆم ئامادە کردووە. (دەخەون)
تابلۆی دوو: هەمان شوێن. گیلگامش و ئەنکیدوو
گیلگامش: (بەخەبەر دێ) هاوڕێ! تۆ بانگت نەکردم؟
ئەنکیدوو: (بەخەبەردێ)…
گیلگامش: خۆ هیچ خوداوەندێک و هیچ تارماییەک بەر من نەکەوت، ئەی بۆچی وا بەخەبەر بوومەوە؟! گوێ بگرە، با خەونەکەمت بۆ بگێڕمەوە! پێکەوە لەبەردەم کێوێکی بڵنددا بووین. لە ناکاو کێوەکە کەوت بە سەرماندا. ئێمەش وەک دوو مێش گیزەگیز بکەن، هەر پێدەکەنین. کەچی پان بووبووینەوە لەژێر کێوەکەدا.
ئەنکیدوو: خەونەکەت باشترینە. ئەو کێوە ئێمەین کە هێرش دەبەینە سەر هوومباباو لەناوی دەبەین. سبەینێش شاماش خەونێکی ترت بۆ دەنێرێ. ئێستاش کە خەومان زڕا، هەرچەندە تەواو تێرخەو نەبووین، با بکەوینەوە ڕێ.
تابلۆی سێ: کێوی کارزان. گیلگامش، ئەنکیدوو
ئەنکیدوو: تا شوێنی وچانی دووەم، دوو سەد کیلۆمەتری تر هاتین. مرۆڤە ئاساییەکان بە مانگ و نیوێک ئەم دووریە دەبڕن کە ئێمە بە چەند کاتژمێرێک بڕیمان. دوای ئەو پشووە کورتە چەندە هاتبووین هێندەی ترمان بڕی و ئیتر نانمان خوارد. ئەمڕۆ شەش سەد کیلۆمەترمان بڕی. ئەوەش کێوی کارزان. قۆناغی دووەم تەواو.
گیلگامش: با چاڵێک هەڵکەنین و گۆزەکەی بکەینە ناو. ئەگین ئاوەکەی گەرم دەبێت، دوایی ناخورێتەوە. من دەچمە سەر کێوەکە نوێژێک بۆ شاماش دەکەم. تا خەوێکم بۆ بنێرێت بەڵێنی خۆشبەختی تێدا بێت.
ئەنکیدوو: تا تۆ نوێژەکەت تەواو دەکەیت من جێگاکانم ئامادە کردوون…. ئەم بازنەیە لە هەموو شت دەتپارێزێ. ئەوەتا هەورێک بەرەو ئێرە دێ! دیارە نیازی نییە بمێنیتەوە، بۆیە دەیبینم تێدەپەڕێ.
گیلگامش: (نوێژ دەکا) شاماش! تکایە ئەم شەو خەونێکم بۆ بنێرە نیشانەی بەختێکی گەشبێ… (دواتر) ئەنکیدوو! لەناو ئەو بازنەیەدا بخەوم من؟
ئەنکیدوو: بەڵێ، بۆ تۆم ئامادە کردووە. (دەخەون)
تابلۆی چوار: هەمان شوێن. گیلگامش و ئەنکیدوو
گیلگامش: (بەخەبەر دێ) هاوڕێ! تۆ بانگت نەکردم؟
ئەنکیدوو: (بەخەبەر دێ)…
گیلگامش: خۆ هیچ خوداوەندێک و هیچ تارماییەک بەر من نەکەوتن، ئەی بۆچی وا بەخەبەر بوومەوە؟! گوێ بگرە، با خەونەکەمت بۆ بگێڕمەوە! پێکەوە لەبەردەم دارستانێکدا بووین. لە ناکاو دێوێکی گەورەمان لێ هەڵکەوت. ویستمان ڕابکەین، دێوەکە دەستی درێژکردو هەریەکەمانی بە دەستێک گرتەوە. لەناو دەستیدا بووین فشاری دەداین و لە دەموو چاوە ڕمۆزنەکەی نزیک دەکردینەوە. منیش وێنەی خۆمانم لە ئاوێنەی دانە سوورەکانی و چاوە گەورەکانیدا دەبینی.
ئەنکیدوو: خەونەکەت باشترینە. ئەوە ئێمەین کە هێرش دەبەینە سەر هوومباباو لەناوی دەبەین. دانەکانی بەردەنووسەکانن کە سەرگوزشتەی پاڵەوانیەتیەکانمانی لەسەر تۆمار دەکرێ. چاویشی ئەم جیهانە فراوانەیە کە وێنەی ناوەکەمانی تێدا بڵاو دەبێتەوەو بۆ هەتا هەتایە نەمر دەبین. سبەینێش شاماش خەونێکی ترت بۆ دەنێرێ. ئێستاش کە خەومان زڕا، هەرچەندە تەواو تێرخەو نەبووین، با بکەوینەوە ڕێ.

پەردەی پێنج
تابلۆی یەک:
نزیک دارستانی سنەوبەرەکان. گیلگامش، ئەنکیدوو، شاماش
ئەنکیدوو: ئەوەش کێوی سنەوبەرەکان. گەیشتین. ئەها لێرەوە دارستانەکە دیارە! گیلگامش، دەبینم ترست لێ نیشتووە. لێت ناشارمەوە منیش ئێستا هەست بەو بێهۆشیە دەکەم کە سەری پێ هەڵگرتین و هێندە لەخۆبایی کردین وا بزانین لە تواناماندایە ئەم کارە ئەنجام بدەین کە کاری کردن نییە. ئێستەش ئەگەر تۆ ڕازیت نەچووە بچێت دەتوانین بگەڕێینەوەو واز لەم شێتیە بهێنن.
گیلگامش: (بانگی شاماش دەکات، شاماش دەردەکەوێ) شاماشی مەزن ئەو بەڵێنەت بیر نەچێ کە بە دایکمت دا. وتت پشگیریم دەکەیت و لەم کارەدا بە تەنیا جێم ناهێڵی. ئێستا کاتی ئەوەیە بەڵێنەکەت جێبەجێ بکەیت. (شاماش دەردەکەوێ. گیلگامش بە ئەژنۆدا دێت و دەگری) فریام بکەوە، هانا بۆ تۆ دەهێنم شاماشی مەزن. پێم بڵێ چی بکەم و چۆن بکەم. ڕێنماییم بکە!
شاماش: هوومبابا نائاگایە، ئێستا کاتیەتی هێرشی بکەیتەسەر، پێش ئەوەی فریای ئەوە بکەوێت بچێتەوە ناو لانەکەی خۆی و بەرگە ئەفسووناویەکەی لەبەر بکاتەوە. ئەو بەرگەی کە حەوت برووسکەی لێوە دەردەچن. ئێستا تەنها خۆی و پێستەکەیەتی، تەنها بەرگێکی لەبەردایەو لاوازە. تا بواری نەبێت خۆی چەکدار بکات زووبەو پەلاماری بدە. من پشتت دەگرم.
(ئەنکیدووو گیلگامش خۆیان ئامادەی پەلامار دەکەن، دەنگی سامناکی هوومبابا دەبیسترێ، ئەوانیش دەوەستن و لە ترسا لەجێی خۆیاندا وشک دەبن)
گیلگامش: با دابەزین، ئێرە خلیسکەو پێکانمان جێگیر نین! وەرە ئەنکیدوو با پێکەوە بین. بە تەنیا کارەکە سەختترە، ئەگەر هێزی خۆمان بخەینە سەر یەک ئاسانترە.
ئەنکیدوو: من پێم باشترە کە واز لەم شێتییە بێنین و بگەڕێینەوە.
گیلگامش: هاوڕێ ئەوە تۆیت وا دەڵێیت؟ تۆ کە ڕاهاتوویت لەگەڵ سەختییەکانداو هەموو ژیانت لە کێوو دەشتەکان لەگەڵ گیانلەبەرە دڕندەکاندا بەسەر بردووە؟ تۆ کە هەموو هونەرەکانی جەنگاوەری شارەزایت؟
ئەنکیدوو: تەنانەت ئەگەر توانیشم بچمە ناو دارستانەکە، پێکانم لە ڕۆشتن دەکەون و وشک دەبم.
گیلگامش: هاوڕێ! ئێمە ئەو هەموو ڕێگایەمان بڕیوە بۆ ئەوەی بگەینە ئێرە. ئەوەتا ئێستا لەبەردەم دارستانی سنەوبەرەکانداین. تاوان نییە پێش ئەوەی سنەوبەرەکان ببڕین و بار بکەین بگەڕێینەوە؟ ئەی ئەگەر بە دەستی خاڵی بگەڕێینەوە خەڵک چیمان پێ دەڵێن؟! کەواتە بیر لە مردن مەکەرەوە، تەنها بیر لە ژیان بکەرەوە کە دوای ئەم کارە مێژووییەمان چۆن دەبێ. دەست بخەرە ناو دەستم هاوڕێ، با پێکەوە بجەنگین. هاواری جەنگ بچڕە کە گوڕو تین بە لەشت بدا. دوور بێ لەتۆ پێکانت لە جووڵە بکەون. ئەو کەسەی کە بڕیارە ڕێبەری بکات و چاودێری ئەوانیتر بکات دەبێ ئازابێت و لە ئاستی ئەوەدابێت. ئەوەی لە پێشەوە دەڕوا دەبێ هاوڕێکەی بپارێزێ. ئێمە بەم کارە ناوێک دەردەکەین کە یەک لەدوا یەک نەوەکان دەیگێڕنەوە. وەرە با بڕۆین، چیتر بیر لە مردن مەکەرەوە، تەنها بیر لە ژیان بکەرەوە.
تابلۆی دوو: سنووری دارستانی سنەوبەرەکان. گیلگامش، ئەنکیدوو، هوومبابا
هوومبابا: ئەگەر هەوڵ بدەیت ئازارم پی بگەیەنیت، ئینلیلی مەزن هەرگیز لێت خۆش نابێت و بە نەفرەتت دەکا. مەگەر ئەو کەسانە هەموو ژیری و هۆشی خۆیان لەدەست داوە کە وا تۆیان خستۆتە سەر ئەم ڕێیە. مەگەر ئەو کەسانە شێتن کە باوەڕیان بە تۆ هێناوە تا ئێرە بێیت و بەرەنگاری من بیتەوە. ئەی تۆ ئەنکیدوو! تۆ کە لە هیچەوە هاتوویت. نە دایکت هەیەو نە باوک. تۆ لەو دارستان و دەشتانەدا بەرەڵڵا بوویت. دەمبینیت، بەڵام هەرگیز نەمویستووە هاوڕێیەتی و هاتوچۆت بکەم. هەر لە سەرەتاوە دەمتوانی بتکوژم و لەناوت ببەم. لاشەکەت بدەمە مارو قەل و داڵ بیخۆن. تۆ شایانی ئەوەیت لەناو بچیت چونکە تۆ ڕێبەری گیلگامشت کردووەو تا ئێرە هێناوتە. ئەگەر بتکوژم گیانم ئاسوودە دەبێ. گیلگامش، نەدەبوو دوای قسەی بێگانەیەکی کەس نەزانی وەک ئەم زۆڵ و بەرەڵڵایە بکەویت.
گیلگامش: ئەنکیدوو هاوڕێم، بینیت چۆن هوومبابا دەموچاوی خۆی گۆڕی؟ دڵم سار دەبێتەوە. تۆ ڕاستت دەوت کە ئەم کارەمان کاری کردن نییە. ئێستا درک بەو شێتییە دەکەم کە سەرەڕۆی کردین.
ئەنکیدوو: نا هاوڕێ، وا مەڵێ. ئێستا کە دوو هەنگاومان ماوە کارەکەمان ئەنجام بدەین، تاوانە دەس هەڵگرین و ساردبینەوە لێی. گوڕێک بە خۆت بدەرەوە. من لەگەڵت دام و تا کۆتایی پاڵپشتت دەبم. لەجێی ئەوەی بیر لەوە بکەیتەوە پشت بکەیتەوە بیر لەوە بکەرەوە کە بەهێزتر ڕووبەڕوو ببیتەوەو توندتر زەبر بوەشێنیت.
تابلۆی سێ: جەنگی نێوان گیلگامش و هوومبابا
گیلگامش شمشیر هەڵدەکێشێت هێرش دەکاتە سەر هوومبابا. شاماش پشتیوانی لێ دەکات، هەموو باکان هەڵدەکات و ئاراستەی هوومبابایان دەکات: ڕەشەبای باشوور، ڕەشەبای باکوور، ڕەشەبای ڕۆژهەڵات، ڕەشەبای ڕۆژئاوا، ڕەشەبای مەرگەسات، ڕەشەبای شەختەو سەهۆڵبەندان، ڕەشەبای دەردو ئافەت، ڕەشەبای تۆزو خۆڵ و لم، گەردەلوول، زریان. هوومبابا ڕەش هەڵدەگەڕێت و لەجێی خۆی وشک دەبێت و توانای جووڵەی نامێنێ. گیلگامش یەکەم گورزی خۆی دەوەشێنێ. دنیا تاریک دەبێت و ڕووناک دەبێتەوە…
هوومبابا: گیلگامش دایکت تۆی هێنایە ئەم دنیایە. لووگالباندای باوکت مرۆڤ بوو کە لەگەڵ نینسوونای دایکتدا، کە خوداوەندی شیردەرەکانە، هاوسەر بوون. ئەگەر توانیت بەم پایەیە بگەیت و ببیت بە خاوەن شکۆو دەسەڵاتدار، ئەوە بەهۆی چاکەی شاماشەوە بوو. منیش هەرگیز لە ویست و خواستی شاماش دەرناچم. چیت دەوێ ڕێگری ناکەم. تەنها ژیانم لە مردن بپارێزە. ها ئەوە دار، ئەوە سەروو سنەوبەر، چەندت دەوێ ببە. شارەکەت چەندە پێویستیەتی، چەندت دەوێ بۆ کۆشک و تەلارەکانت ئازادبە، ببڕەو ببە. ئیتر چ پێویستت بە کوشتنی منە.
ئەنکیدوو: گوێ مەگرە لە پاڕانەوەی هوومبابا گیلگامش! پێش ئەوەی ئینلیلی خوداوەند گوێی لە سکاڵاکەی بێت لەناوی ببە. پێش ئەوەی خوداوەندە گەورەکان پێمان بزانن، لێمان تووڕەبن و نەفرەتمان بکەن ناوبانگێکی هەمیشەیی بۆ خۆت دابین بکە. با هەموو کەس بزانێ ئەوە تۆ بوویت بە دەستی خۆت هوومبابات کوشت.
هوومبابا: ئەنکیدوو ئێستا تەنها تۆ دەتوانی لە فەوتان و نەمان ڕزگارم بکەیت. تۆ نیازت بوو کە باشترین دار تەرخان بکەیت بۆ پەرسگاکەی ئینلیل لە نەیپوور، ویستت جوانترین بەرهەمی گەشتەکەتان پێشکەشی ئەو خوداوەندە بکەیت، من ئامادەم هەر دارێکت بوێت خۆم بۆتی ببڕمەوەو سواری پشتی دیجلەی بکەم بیبەیتەوە تا پەرسگای نەیپوور. بەڵێن بێ خۆم بۆت دەسنیشان دەکەم لە کوێیەو کامە باشترین داری دارستانەکەمە. تەنها تۆ وا بکە کە نەکوژرێم و ژیانم ڕزگار بێ.
ئەنکیدوو: گوێ مەگرە هاوڕێ. گورزی خۆت بەهێزتر بوەشێنە. تا ئینلیل و خوداوەندە گەورەکانی تر پێیان نەزانیوین هوومبابا لەناو ببە. با ناوێک بۆ خۆت درووست بکەیت و بۆ هەتا هەتایە ببێتە وێردی سەر زمانی نەوەکانی داهاتوو. هوومبابا بە دەستی خۆت بکوژە.
هوومبابا: کەوابوو، کە هیچ نویژو پاڕانەوەیەک سوودی نەما، کە ئێستا دەزانم هەموو هەوڵێکم لە ئاست دڕندەییتاندا بێسوودە، گوێبگرن، با هەموو خوداوەندەکانیش لەگەڵ ئێوەدا گوێیان لێبێت: یاخوا هەرگیز ئاسوودە نەبن، یاخوا هەرگیز ڕووناکی نەیەتە سەر ڕێگەتان، یاخوا بە تەنیایی و بە خەم و کەسەرو نەخۆشی و ئۆجاخی کوێرەوە بمرن. یاخوا هەردووکتان جوانەمەرگبن و هەرگیز بە مەرگی خودایی نەمرن و پیری بە چاوی خۆتان نەبینن…
ئەنکیدوو: من وتم زوو بیکوژە هاوڕێ، پێش ئەوەی نەفرەتمان بکات و نوێژی خراپەمان لێ بکات. وا خۆم دەیکوژم. (ئەنکیدوو هێرش دەکاتە سەر هوومبابا. گیلگامشیش دوای دەکەوێ. دوای ماوەیەک جەنگ کردن، هوومبابا دەبەزێنن و دەیکوژن)

دوا تابلۆ
گیلگامش و ئەنکیدوو دارەکان دەبڕن و ڕایاندەکێشنە سەر گوێ ڕووباری فوڕات.
ئەنکیدوو: هاوڕێ، سنەوبەرێکی زۆر باشم بینی سی مەتر بەرزیەتی، شەش مەتر دەوری قەدەکەیەتی، نیو مەتر پانیەتی. ئەوە دەبڕمەوە، دەرگای پەرسگاکەی ئینلیلی لێ دادەتاشم.
گیلگامش و ئەنکیدوو دارەکان دەخەنە ڕووبارەکەو سواری چارۆگەکەیان دەبن و بەسەر دیجلەوە بەرەو باشوور سەوڵ لێدەدەن.

کۆتایی بەردەنووسی یەکەم

Previous
Next

Leave a Reply