Skip to Content

Thursday, October 1st, 2020

گەشتێك بە جیهانی پەرتوكێكی بەناوبانگدا…بژار…به‌شی چواره‌م

Comment
by January 2, 2008 گشتی

                                                 
                                                                      بەشی چوارەم
 
… بژار…
 
 ئەنگڵس بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خێزان نادات . چوونە پێشەوەی خێزان لە دووتوێی پەیوەندییە ناوەكییەكانیدا , تا ئەو جێگایە بە فەرمی دەناسێت كە زەمینەی خۆشەویستی بۆ هەردوو هاوسەرەكە تیا فەراهەم دەبێت . خۆشەویستی بەلایەوە , فاكتەری دروست بوونی خێزان و دابیین كردنیەتی . ئەنگڵس پێی وایە لە داهاتوودا خێزان لەسەر بنەمای خۆشەویستییەوە بنیات دەنرێت . باسە مێژووییەكەی لەمەر خێزانەوە , تەنیا بە دەوری چاكسازیدا تەوەرە دەبەستێت . ئەو لە لایەكەوە ڕزگار بوونی مرۆڤایەتی لە دەستووری كاریایەتی و لە لایەكی تریشەوە ناتوانێت سیستمی دەسەڵاتداریەتی و نوێنەرایەتی و عەقڵسالاری وەلا بنێت . ناڕۆشنی ئەو باسە گرنگەی لێرەدایە . مەسەلەی خێزان و خۆشەویستی , لە پرۆسەی مێژووییاندا , لە یەك دادەبڕێت و دەیانبەستێتەوە بە یەكەوە . خۆشەویستی لای ئەنگڵس بناغەیە بۆ دروست بوونی خێزانێكی سەركەوتوو . خۆشەویستی لای ئەو " واتە لای ئەنگڵس " تاكڕەوییە و تاكڕەوێتیش لەو بوارەدا لە هاوسەرێتی واوەتر ناڕوات . ئەم تاكڕەوێتییە لە خۆشەویستی نێوان ژن و پیاودا, دەیگەیەنێتە بازنەیەكی داخراو لە پەیوەندییە كۆمەلایەتییەكاندا . واتە بە فەرمی ناسینی تاكڕەوێتی لە خۆشەویستیدا , دەیگەیەنێتە دروست بوونی خێزانێكی نموونەیی . دەیگەیەنێتە ترۆپكی ئاڵوگۆڕە ناوەكییەكان لە خێزاندا . دەیگەیەنێتە ئەو چاكسازییەی كە ئامانجیەتی . لە رَاستیدا ڕزگار بوونی مرۆڤایەتی و خێزان , دوو شتی ئێجگار ناكۆكن بە یەكتری . هێشتنەوەی خێزان لە ژێر ناوی هەر بڕوبیانوویەكدا بێت , وەستانەوەیە بە دژی ڕزگار بوونی مرۆڤایەتی . دواكەوتووترین یەكەی كۆمەڵایەتی و بنەمای لێوەهەڵسانی دەسەڵاتە كۆمەڵایەتییەكان , خێزانە . داسەپاندنی خۆشەویستی لە خێزاندا , لە دوو لاوە نێگەتیڤانەیە . لە لایەكەوە لەقاڵبدانی خۆشەویستییە و لە لایەكی تریشەوە گۆڕینی خۆشەویستییە بۆ ئامڕازی سەركوت كردن . پێش ئەوەی بێمە سەر پێناسە كردنی خۆشەویستی , ئەو ڕەخنەیە لە ئەنگڵس دەگیرێت كە بۆ ناڕواتە ناو پرۆسەی ناساندنی خودی خۆشەویستی یەوە . تاوتوێ كردنی خۆشەویستی وەكو چەمكێك , دەبێت لە هەموو لایەكەوە بدرێتە بەر نەشتەری شیكردنەوەوە . ئایا خۆشەویستی تاكگیرە یان گشتگیرە ؟ لە پرۆسەیەكی مێژوویی لێكدانەبڕاودا دەژی , یان دابڕ دابڕ و لە دایك بووی قۆناغە جیاوازەكانە ؟ هێڵی بەرز بوونەوەیەكی ڕانەوەستاو , ئاستە نزم و بەرزەكانی بەیەكەوە دەبەستێتەوە , یان كۆمەڵێك ئاستی تەریب بەیەكتری بەخۆوە گرتووە و دەگرێت ؟ هۆكارەكانی خۆشەویستی دەچنەوە سەر یەك سەرچاوە , یان سەرچاوەكان زۆر و هەمەڕەنگ و دوور و نامۆن بەیەكتری ؟ وەكو دیاردەیەك لە خودی پێكهاتەكانیەوە پێناسەكەی دەردێت , یان لە چۆنیەتی بزاوتنی و گرتنەبەری ئاراستەكانی كار كردنیەوە ؟ ئەڵبەتە ئەنگڵس لە باسەكەیدا , خۆی لە قەرەی ئەم پرسیارانە و هەموو ئەو پرسیارانەی دیكەش كە هەمان ڕێچكەیان گرتووە , نادات . ئەو " واتە ئەنگڵس " خۆشەویستی – یان با بڵێین خۆشەویستی سێكسییانە ئەگەر مەبەستی بێت _ لە مەیدانە كۆمەڵایەتییە بەرفراوانەكەیدا دەردەكێشێت و لە خێزانێكی بچوكدا كە دوو هاوسەرن , جێگیری دەكات . خۆشەویستی لەم حاڵەتەدا و لەم بوارە بەرتەسكەدا كە خێزانێكی دوو كەسی یە لە مانا و ئەركە گشتییەكەی دادەماڵرێت و دەگۆڕدرێت بۆ ئامڕازێك كە سەركوتی یەكتری پێدەكەن و لە هەمان كاتیشدا سەركوتی هەموو ئەو كەسانەشی پێدەكرێت كە بیانەوێت جێپێیان لە ناو ئەم مەیدانە بچوكەدا كە خێزانە هەبێت . خۆشەویستی خۆی ئەو ئامڕازی سەركوتە نییە , بەڵام بە هەڵكەندنی لە شوێنی خۆیدا كە مەیدانە بەربڵاوەكەی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی سەرجەم كۆمەڵگای مرۆڤایەتی یە , دەكرێ و دەبێت لە ڕێڕەوی خزمەت كردنیدا بە بەرەی تاكی تایبەت , بگۆڕدرێت بە ئامڕازێكی گەورەی سەركوتی كۆمەڵایەتی . مێژووی مرۆڤایەتی پڕیەتی لە سەركوتی كۆمەڵایەتییانەی مرۆڤەكان بە ئامڕازی خۆشەویستی (دابونەریت و ئایین و یاسا و پیاو سالاری و خێزان , كۆمەڵێكن لەو هێزانەی كە خۆشەویستی دەگۆڕن بە ئامڕازی سەركوت ) . چۆن خێزان و مرۆڤایەتی دوو شتی دژبەیەكن , خێزان و خۆشەویستیش هەر بەو جۆرە دوو شتی دژبەیەكن . ئەنگڵس , دامەزراندنی ژنومێردایەتی تاكلایەنە " زەواج ئوحادی " و بەردەوام بوونی تا ئەو كاتە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت , دەگەڕێنێتەوە بۆ بەرژەوەندی مادی " موڵكایەتی تایبەتی " . واتە ئەنگڵس لەوە نیگەرانە كە ئەم ژنومێردایەتی یە لەسەر بناغەی خۆشەویستییەوە دروست نەبووە , وە هەر لەوێشەوەیە كە ئەم جۆرە لە ژنومێردایەتی ڕەت دەكاتەوە . لە پرۆسەی هێنان و بردنی ئەم ڕەوشەدا , دەگاتە ئەوەی كە ژنومێردایەتی دەبێت لەسەر بناغەی خۆشەویستییەوە دابمەزرێت و ئەوەش ناكرێت هەتا سەرمایەداری نەڕوخێت و لە جێگەیدا سۆشیالیزم و بە دوایشیدا كۆمۆنیزم نەیەت . یانی ئەو لە لایەكەوە خۆشەویستی دەخاتە قەفەسی خێزانەوە و لە لایەكی تریشەوە لە مەسەلەی خێزاندا بەوەندە ڕازی دەبێت كە شێوەیەكی دیكە بە خۆیەوە بگرێت . بێگومان سەرلەبەری ئەم ئایدیایەی ئەنگڵس هەڵەیە , بەڵام ئەم هەڵەیە لە كوێوە سەرچاوە دەگرێت ؟ دابەش كردنی كۆمەڵگا بەسەر چین و توێژەكانەوە , لە سەر بناغەی بەرهەمهێنان و پەیوەندییەكانییەوە , ئەو هەڵە گەورەیەیە كە ماركس و ئەنگڵس تێی كەوتوون . بەرهەمهێنان كە پرۆسەیەكە لەژێر كۆنترۆڵی مرۆڤەكاندایە , لای ماركس و ئەنگڵس دەبێت بەو پرۆسە و بارودۆخەی كە مرۆڤەكان كۆنترۆڵ دەكات . ئەم هەڵەیە كە لێرەوە دەست پێدەكات , ئیتر ئەیتەنێتەوە بۆ هەموو بوارەكانی ژیانە كۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگییەكانی هەر هەموو كۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە سەرتاپای جیهاندا . لێرەوەیە كە دەگەنە كۆكردنەوەی هێزی چینایەتی , بۆ قڵم كردنەوەی كۆمەڵگای سەرمایەداری و دانانی سۆشیالیزم و كۆمۆنیزم لە جێگەیدا .
 شەڕی دەسەڵات دەكەن بۆ نەمانی دەسەڵات . شەڕی چینایەتی دەكەن بۆ نەمانی چینەكان . واتە بە وەرگرتنی دەسەڵات , دەسەڵات لەناو دەبەن . بە جێگۆڕكێی چینایەتییانە بۆ دامەزراندنی دەوڵەت , دەوڵەت و چینەكان لەناو دەبەن . سەرتاپای ئەم ئایدیایە بە لۆجیك ناكۆكە . چونكە لە لایەكەوە دەسەڵات , هەرگیز لەناو ناچێت و لە لایەكی دیكەشەوە یەكسانی لە دەسەڵاتدا لە دەستوری كاریدا نییە . ئەم ئایدیایە كە لەسەر بناغەی ناوەندێتییەوە " مەركەزیەتەوە " داڕێژراوە , لە جیاتی لەناو بردنی دەسەڵات و جیاوازی چینایەتی , تۆكمە بوونەوەی دەسەڵات و زەق بوونەوەی زیاتری جیاوازی چینایەتی پیادە دەكات . رَزگار بوونی مرۆڤایەتی كە لە فكری ماركس دا جەوهەرە , دژ بە هەموو ڕێگاچارەیەكی ماركسیزم بۆ گەیشتن بەو ڕزگارییە , دەوەستێتەوە . هەموو ڕێگاچارەكان بۆیە لەگەڵ ڕزگار بوونی مرۆڤایەتیدا نایەنەوە , چونكە لە بەرهەم و پەیوەندییەكانییەوە سەرچاوە دەگرن . تەنانەت مەسەلەی خۆشەویستی و خێزانیش هەر لە بازنەی بەرهەم و پەیوەندییەكانیدا , مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت و پەرەسەندن و داهاتوویان دیاری دەكرێت . ئەوەتا ئەنگڵس لە لاپەڕە 64 دا دەڵێت : ( كەواتە ئازادییەكی بێ كەموكوڕی لە ژنهێناندا بە شێوەیەكی تەواو و گشتی نایەتە دی تەنها پاش ئەوەی كە بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و پەیوەندییەكانی موڵكدارێتی كە دروستكراوی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییە , دانەماڵرێ , ) .  هەر لە هەمان لاپەڕە و لاپەڕەكەی دیكەش بە دوایدا دەڵێت : ( لەبەر ئەوەی سروشتی , خودی دڵداری سێكسی , بە خۆشەویستی تاكە كەسییەوە بەستراوە _ سەرەڕای ئەوەی كە ئەم سروشتە , بە گشتی تەنها لە لایەن ژنانەوە پەیڕەو دەكرێ _ بەوجۆرە هەرچ ژنهێنانێك لەسەر دڵداری سێكسی بنیات نرابێ , لە خۆیدا , تاكە ژنومێردایەتی یە . ئێمە بینیمان كە باهۆڤن چەندی ڕاست فەرموو كاتێ كە گوتی گوێزانەوە لە بەگەلە ژنومێردایەتییەوە بۆ تاكە ژنومێردایەتی هەنگاوێكی پێشكەوتنخوازانە بوو و لە بنەڕەتدا ژنان هاویشتیان . بەڵام هەنگاوی دووەم لە جووتە ژنومێردایەتییەوە بۆ تاكە ژنومێردایەتی تەنها پیاوان بەرپایان كرد ) .
 ( جا ئەگەر تەنها ئەو ژنومێردایەتییەی كە بە خۆشەویستییەوە بەندە مۆركێكی ڕەوشتگەری هەبێت , ئەوە تەنها هەر ئەو , تاكو ئەو ڕۆژەی خۆشەویستی لە ئارادا بمێنێ ) لاپەڕە 65 .
 ( هەروەها نەوەیەك لە ژنان دروست دەبێت , كە هەرگیز لە هەموو ژیانیاندا بۆیان نەڕەخسێ لەبەر هۆێیك جگە لە خۆشەویستی ڕاستەقینە خۆیان بە دەست پیاوێكەوە بدەن , ) لاپەڕە 65 .
 كەواتە سێ شێوەی سەرەكی ژنومێردایەتی هەیە كە بە گشتی پڕ بە پێستی هەرسێ قۆناغی سەرەكی پەرەسەندنی مرۆڤایەتین . بەكۆمەڵ ژنومێردایەتی پڕ بە پێستی دڕندایەتی یە , جووتە ژنومێردایەتی پڕ بە پێستی بەربەریزمە , تاكە ژنومێردایەتی كە داوێن پیسی و سۆزانی بە دواوەیە پڕ بە پێستی ژیاری یە ) 59 .  ئەنگڵس كە باسی " ئازادییەكی بێ كەموكوڕی لە ژنهێناندا " دەكات , نە پێناسەی ئازادی دەكات و نە لایەنە پۆزەتیڤەكانی ژنهێنانیش باس دەكات . ئەمە جگە لەوەی كە هاتنەدی ئەم ئازادییە لە ژنهێناندا دەبەستێتەوە بە نەمانی سەرمایەدارییەوە . ئەو لە مەسەلەی ژنومێردایەتیدا كە خۆشەویستی بە بناغە دادەنێت , نە پیناسەی خۆشەویستی دەكات و نە ڕاڤەی ئەو پەیوەست بوونەشی " واتە پەیوەست بوونی ئەنگڵس خۆی " دەكات بە ژنومێردایەتییەوە . تاكە ژنومێردایەتی قۆناغی ژیاریی " شارستانێتی " بەو مانایە ڕەت دەكاتەوە كە لە سەر خۆشەویستی بنیات نەنراوە , وە بەو مانایەش لە كۆمۆنیزمدا بەرقەراری دەكات كە لە سەر خۆشەویستییەوە بنیات بنرێت . خۆشەویستی لەم نێوەدا بووە بەو گرێیەی كە بۆی ناكرێتەوە .
 خۆشەویستی ئامڕازێكە بۆ خزمەت كردن بە خۆویستنی مرۆڤ . كە دوو كەس یەكترینیان خۆش دەوێت , هەر یەكەیان لە پێناوی وەرگرتنەوەی وەڵامی پۆزەتیڤانە بە خۆویستنەكەی خۆی , ئەوی تریانی خۆش دەوێت . خۆشەویستی , دڵ ڕاگرتنی یەكتری یە , بەڵام دڵ ڕاگرتنی یەكتری لە پێناوی خۆویستنی خۆیاندا . خۆشەویستی هەمیشە بە دەوری خۆویستنی مرۆڤدا تەوەرەی بەستووە و دەیبەستێت . خۆویستنی مرۆڤ فاكتەرێكی گرنگی مانەوەی مرۆڤە . پێداویستییەكی حاشاهەڵنەگری ململانێیەتی لە بەرانبەر سروشتدا . یەكێك لە پێكهاتەكانی ژیانیەتی . خۆشەویستی , نە ئەفسانەیەكی دوور لە كەتوار " واقیع " ە و نە تەلیسمێكی دوور لە تێگەیشتنە . خۆشەویستی لەبەر ئەوەی ئامڕازی خزمەت كردنە بە خۆویستنی مرۆڤ , خاسیەتی تاكایەتی هەیە . لە تاكایەتییەكەیەوە , گشتایەتی دەبێتەوە . واتە گشتگیری خۆشەویستی لە تاكگیرییەكەیەوە سەرچاوە دەگرێت . خۆشەویستی هەمیشە لە دووتوێی سوود گەیاندن بە تاكەوە , بزواوە و دەبزوێت . پێكهاتەكانی خۆشەویستی گەلێكن , لەوانە : دەسەڵات و خاوەندارێتی و خەیاڵ و عاتیفە , دەچنە بەشە بنەڕەتییەكانیەوە . دەسەڵات كە بریتییە لە هەبوونی هێز و بەكارهێنانی بۆ سەروەری , لە ناو خودی خۆشەویستیدا وەكو پێكهاتەیەك , ئامادەیی هەیە . دوو كەس كە یەكترینیان خۆش دەوێت , هەر یەكەیان هێزی قسە و ڕوانین و جووڵە و پێكەنین و سۆزی بەكار دەهێنێت بۆ ڕاكێشانی مەیلی بەرانبەرەكەی . لە جەوهەردا , هەوڵدان بۆ ڕاكێشانی مەیلی بەرانبەرەكەی , بۆ ئاسوودە بوونی خۆیەتی . واتە بەرانبەرەكەی لە پێناوی خۆیدا دەوێت . كاتێك كە بەرانبەرەكە بەم حاڵەتە ڕازی دەبێت , یانی دەسەڵاتێكی بەسەر خۆیدا داسەپاند . ئەڵبەتە بەرانبەرەكەشی هەمان حاڵەت بەسەر ئەوی تردا , دادەسەپێنێتەوە . كەواتە هەموو دوو كەسێك كە یەكترینیان خۆش دەوێت , لە ژێر دەسەڵاتی یەكتریدان . سەبارەت بە خاوەن بوونی یەكتریش هەر هەمان شتە . لە جیاتی ئەوەی یەكتری ئازاد بكەن , یەكتری داگیر دەكەن . هەر یەكەیان ئازادی خۆی – لەو بوارەدا – لە داگیر كردنی ئەوی دیكەدا دەبینێتەوە . هەر یەكەیان موڵكی ئەوی تریان دەبێت . چەندە ئەم موڵكایەتییە ڕوو لەسەر بێت , ئەوەندە لە باری دەروونییەوە ئاسوودە دەبن . خاوەنداریەتییان بۆ یەكتری , تەوەرە پێبەستنی یەكترییە بە دەوری خۆویستنەكانیاندا . ئەم مەسەلەی دەسەڵات و خاوەنداریەتییە لە خۆشەویستیدا , ناكۆكە بە عەقڵ و گونجاوە بە خەیاڵ . خەیاڵ كە هەمیشە یەكگرتنی دەوێت لەگەڵ سروشتدا , ئەم یەكگرتنە لە ڕێگای عاتیفەوە بۆ خۆشەویستەكان پیادە دەكات . عاتیفە , لە ڕێگای خەیاڵەوە , پەیوەندی مرۆییانەی مرۆڤە بە جیهانی دەرەوە . عاتیفە حاڵەتی توانەوەی مرۆڤە لە ناو سروشتدا . وون كردنی خودێتی مرۆڤە لە پێناوی خودێتی مرۆڤدا . واتە وون كردنی خودێتی كەتوار " واقیع " یانەی مرۆڤە لە پێناوی خودێتی سروشتییانەی مرۆڤدا . ئەم پرۆسەیە , پرۆسەی دووركەوتنەوەی هەرچی زیاترە لە عەقڵ و پرۆسەی نزیك بوونەوەی هەرچی زیاترە لە خەیاڵ . هێزی بزوێنەری ئەم پرۆسەیە كە عاتیفەیە , پلەكانی ئاسوودەیی مرۆڤ تیایدا بە پێی پلەكانی پێگەیشتنی خودی پرۆسەكە دیاری دەكرێت . خۆشەویستی چونكە لە چركەساتی دیاریكراودا , عەقڵ و دەسەڵات و خاوەندارێتی , تیایدا شاراوەن و عاتیفەش لە بەرزترین پلەی خۆیدا ڕژاوەتە خەیاڵەوە . بە پێی بەرفراوانی خەیاڵ و بەرز بوونەوەی عاتیفە , ڕادەی پتەو بوونی یەكێتی نێوان خود و سروشت دیاری دەكرێت . خەیاڵ ئامڕازی پەیوەست بوونەوەی مرۆڤە بە سروشتەوە . نوێنەری سروشتە لە مرۆڤدا . خەیاڵ هەڵگری كۆدی سروشتە . دەسەڵات و خاوەندارێتی و خەیاڵ و عاتیفە , سنوور نەناسن . ئەڵبەتە خۆشەویستیش هەر وەك ئەوان , سنوور نەناسە . ئەم سنوور نەناسینە , خاسیەتی سروشت خۆیەتی , هەڵیان گرتووە . واتە سروشت خۆی سنوور نەناسە , بۆیە ئەمانیش سنوور نەناسن . سنوور نەناسینی هەر یەكێكیان پێكهاتووە لە ژمارەی سنووربەندییەكانیان . چونكە ژمارەی سنووربەندییەكانیان بێكۆتاییە , هەرگیز هیچ یەكێكیان لەگەڵ سنوور نەناسینەكەیدا جووت نابێت . خۆشەویستیش هەر بەو جۆرە , لەگەڵ سنوور نەناسینەكەیدا جووت نابێت . خۆشەویستی ڕاستەقینە , ووشەیەكی ناتەواوە . خۆشەویستی هیچ كاتێك ڕەها نییە . واتە هەرگیز لەگەڵ ڕەها بوونی خۆیدا جووت نابێت . خۆشەویستی هەمیشە ڕێژەدار بووە و هەر ڕێژەداریش دەبێت . خۆشەویستی ڕاستەقینەش هەر ڕێژەدارە . كەواتە خۆشەویستی ڕاستەقینە , جیاوازییەكەی لەگەڵ خۆشەویستییەكانی تردا , جیاوازی پلەی ڕێژەدار بوونیەتی . جگە لە دەسەڵات و خاوەندارێتی و عاتیفە و خەیاڵ , كە چوار پێكهاتەی بنەڕتییانەی خۆشەویستیین و سنوور نەناسن , پێكهاتەكانی تریشی كە كۆمەڵێك لەوانە : دەنگ و ڕەنگ و كات و شوێن و جووڵە و ڕوانینن , هەر سنوور نەناسن . ئەم سنوور نەناسینەی خۆشەویستی هەرچەندە لە تاكەوە سەرچاوە دەگرێت , بەڵام گشتگیرە . سنووربەندی لەگەڵ تاكایەتیدا دێتەوە و سنوور نەناسینیش لەگەڵ گشتایەتیدا دێتەوە . چۆن سنووربەندی و سنوور نەناسین لە یەكتری جیا نابنەوە , هەر بەو جۆرە , تاكایەتی و گشتایەتیش لە یەك جوێ نابنەوە . چۆن سنوور نەناسینەكە بەسەر ژمارەیەكی بێكۆتایی لە سنووربەندییدا , دابەشكراوە ,,گشتایەتییەكەش بەسەر ژمارەیەكی بێكۆتایی لە تاكایەتییدا , دابەشكراوە . چۆن سنوور نەناسین لە سنووربەندیدا لە قاڵب نادرێت , گشتایەتیش لە تاكایەتیدا لە قاڵب نادرێت . هەر بەم پێودانگە " پێوەرە " خۆشەویستیش كە گشتگیرە , لە تاكایەتیدا لە قاڵب نادرێت . خۆشەویستی لە گشتگیرییەكەیدا , هەمیشەییە ,, بەڵام لە تاكگیرییەكەیدا " تاكایەتییەكەیدا " كاتبەندییانەیە . كەواتە خۆشەویستی نێوان دوو كەس كە لە چوارچێوەی كۆمەڵێك سنووربەندیدا هەڵدەسووڕێت , ’هەمیشە خۆشەویستییەكی كاتبەندییانەیە و هەرگیز هەمیشەیی بە خۆیەوە نابینێت . داسەپاندنی خۆشەویستی هەمیشەیی بە ناوی خۆشەویستی ڕاستەقینەوە , گۆڕینی خۆشەویستییە لە ئامڕازی ئاسوودە بوونەوە بۆ ئامڕازی سەركوت كردن . مەسەلەی خێزان با لەسەر بناغەی خۆشەویستیشەوە دابمەزرێت , مەسەلەی لە قاڵبدانی خۆشەویستییە . مەسەلەی گۆڕینی خۆشەویستییە بۆ ئامڕازی چەوساندنەوە . مەسەلەی بەند كردنی سنوور نەناسینی خۆشەویستییە لە سنوور بەندیدا . مەسەلەی بەند كردنی هەمیشەییە لە كاتێكی كورتماوە یان درێژماوەدا . ئەمەیە ئەو هەڵەیەی كە ئەنگڵس تێی كەوتووە لە مەسەلەی خۆشەویستی و خێزاندا . دروست كردنی خێزان لەسەر بناغەی خۆشەویستی , پێش هەموو شتێك دیل كردنی خۆشەویستی خۆیەتی " واتە دیل كردنی خودی خۆشەویستی " . خۆشەویستی هەرچەندە لە تاكەوە سەرچاوە دەگرێت و بۆ تاكیش هەڵدەسووڕێت , بەڵام گشتگیر و سنوور نەناس و سروشت ئامێزە . دروست كردنی خێزان لەسەر بناغەی خۆشەویستی , كۆسپ دانانە لە بەردەم خۆشەویستیدا . بۆ ئەوەی خۆشەویستی حاڵەتی سروشتی خۆی وەربگرێت , دەبێت خێزان لەسەر ڕێگایدا لاببرێت .
 گرفتێكی تری ئەنگڵس لەم بارەیەوە , نەبینینی خۆشەویستییە وەك هەموانییەك " كولیەتێك " . خۆشەویستی دایك و باوك و خوشك و برا و ژن و خزم و هاوڕێ و خەڵك و خوا و نیشتمان و مرۆڤایەتی و ئاژەڵ و سروشت , هەر هەمووی , یەك سەرچاوەی هەیە . خۆشەویستییەكان چەند زۆر و جیاواز بن , هەڵسووڕانیان لە دووتوێی هەموانییەكدایە كە لە خۆیان پێك هاتووە . خۆشەویستی وەكو هەموانییەك لە بەرانبەر سروشت و دیاردەكانیدا , بە مرۆڤیشەوە , سنوور نەناس و هەمیشەییە ,, بەڵام لە بەرانبەر تاكەكاندا سنوور بین و كاتبەندییانەیە " كاتییە " . خۆشەویستی لە مامەڵەی ڕۆژانەیدا لەگەڵ هەر كەسێكدا بێت , , لە دووتوێی سنووربەندییەكانیەوە , سنوور نەناسینەكەی پیادە دەكات ,, ڕێك وەكو ئەوەی چۆن لە دووتوێی كاتە دیاریكراوەكانەوە , هەمیشەییەكەی پیادە دەكات . چۆن سنوور نەناسینەكەی بریتییە لە سنووربەندییە بێكۆتاییەكانی ,, هەمیشەییەكەشی , ئاوا, بریتییە لە كاتە بێكۆتاییەكانی . خۆشەویستی چ وەك هەموانیەتییەكەی و چ وەك گشتگیرییەكەی , هەمیشە تاك , خاڵی لێوە دەرچوون و گەڕانەوەیەتی . خزمەت كردن بە خۆویستنی مرۆڤی تاك ئامانجیەتی . گشتگیری خۆشەویستی , لە پێداویستی بردنە پێشەوەی تاكایەتییەوە هاتووە . خۆویستنی تاكایەتی , گشتگیری خۆشەویستی , دروست دەكات . خۆشەویستی ڕاستەقینە لە خێزاندا , چونكە خۆشەویستییەكی دابڕاو و تاكڕەوە , خزمەت بە خۆویستنی مرۆڤ ناكات . خزمەت كردنی خۆشەویستی بە خۆویستنی مرۆڤ , لە هەموانێتی و گشتگیری و هەمیشەیی و سنوور نەناسینەكەیدایە . جوڵانەوەی سەربەخۆی باڵە جیاوازەكانی " جۆرە جیاوازەكانی " خۆشەویستی , لە دووتوێی هەموانێتییەكەیدایە . سەربەخۆ بوونی جۆرەكانی خۆشەویستی لە یەكگرتنێكەوە سەرچاوە دەگرێت كە هێناویانەتە بەرهەم (پێداویستی ژیان و مانەوە و هەڵسووڕان و ئازادییان , یەكگرتنی وەك هەندەكییەكانی دیاردەیەك پێبەخشیوون _لە ڕاستیدا یەكگرتنەكە بەرئەنجامە نەك سەربەخۆیی بوونەكە . واتە هۆكاری دروست بوونی یەكگرتنەكە , سەربەخۆیی بوونەكەیە , نەك بە پێچەوانەوە _ . بە واتایەكی دیكە , یەكێتی لە پێناوی سەربەخۆییدا دروست دەبێت ) ئەم یەكگرتنەیە كە پێداویستی هەڵسووڕانی ئازادانەی بەشە جیاوازەكانی خۆشەویستی دروستی دەكات و دەیشبێت ببێتەوە بە مەیدانی هەڵسووڕانی ئەو بەشە جیاوازانەی خۆشەویستی . لێرەوەیە كە یەكگرتنەكە ناچارە بە شوێن سەربەخۆیی بوونەكەوە بێت . وە هەر لێرەشەوەیە كە بە دەربڕینێكی هەڵگەڕاوە , دووترێت : یەكێتییەكەیان سەربەخۆییان پێدەبەخشێت . واتە سەربەخۆیی هەر جۆرێك لە خۆشەویستی لە یەكێتییەكەیدایە (سەبارەت بە مرۆڤیش ,دەكرێت بووترێت كە سەربەخۆ بوونی تاكایەتی لە یەكگرتنیایەتی , بەڵام یەكگرتنێك كە لەسەر بناغەی ئازادی تاكەوە _هەر هەموو تاكەكان بەبێ جیاوازی _ دامەزرابێت , نەك لەسەر چەوساندنەوەی تاكەوە . تەنیا ڕێگە بۆ سەربەخۆیی تاك لە یەكگرتنە كۆمەڵایەتییەكەیدا , تەوەرە پێبەستنی ڕێكخستنی كۆمەڵگایە بە دەوری تاكدا نەك بە دەوری یەكەی سیاسی و كۆمەڵایەتیدا ) . سەربەخۆ بوونی ڕەهاییانەی هەر جۆرێك لە خۆشەویستی , بە مانای فەوتانی ئەو جۆرە لە خۆشەویستی دێت ( واتە لەوە دەردەچێت كە هەندەكییەكی " جوزئێكی " ناو هەموانییەك " كولیەتێك " بێت ) . هەموو جۆرەكانی خۆشەویستی , لەسەر بنەمای سەربەخۆ بوونیانەوە  وەكو دیاردەیەك یان هەموانییەك هاتوونەتە ئاراوە " دروست بوون " . یەكگرتنی جۆرەكانی خۆشەویستی لەسەر بنەمای سەربەخۆ بوونی یەكەیەكەی ئەو جۆرە جیاوازانەی خۆشەویستییەوە دروست بوون . یەكگرتنەكە " یەكێتییەكە " , وەك ئاماژەم پێدا , لە پێناوی سەربەخۆ بوونیاندایە . لەشی مرۆڤ لەسەر بنەمای كۆیلە كردنی خانەكانەوە دروست نەبووە , بەڵكو لەسەر بنەمای سەربەخۆ بوونی خانەكانەوە دروست بووە . یەكگرتنی خانەكان پێش ئەوەی لە پێناوی مرۆڤدا بێت , لە پێناوی مان و هەڵسووڕان و سەربەخۆ بوونی خانەكاندایە . نەخۆشییەكان , بەرئەنجامی زەوت كردنی ووردە ووردەی سەربەخۆ بوونی خانەكانە . لەم زەوتكردنەی سەربەخۆ بوونی خانەكانەوەیە , سیستمی یەكێتی خانەكان تێك دەچێت " واتە مرۆڤەكە نەخۆش دەكەوێت " . بۆ كۆمەڵگای مرۆڤایەتیش هەر وایە . سەربەخۆیی تاك زەوت كراوە , بۆیە كۆمەڵگا نەخۆشە . پلەی نەخۆش بوونی كۆمەڵگا بەپێی پلەی زەوت كردنی سەربەخۆیی تاك پێوانە دەكرێت . كۆمەڵگاكانی ووڵاتانی ڕۆژئاوا كەمتر نەخۆشن لەچاو كۆمەڵگاكانی ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا . ئەڵبەتە پلەی بەرزی نەخۆشیی كۆمەڵگاكانی ووڵاتانی ڕۆژهەڵات دەگەڕێتەوە بۆ پلەی بەرزی زەوت كردنی سەربەخۆیی تاكەكان . خۆشەویستی و مرۆڤ و كۆمەڵگا و هەموو دیاردەكانی دیكەش , بەگوێرەی هەڵسووڕانی ئازادانەی هەندەكی " جوزەیئات " كانی , ساغ و بەهێز و تۆكمە دەبێت . خاسیەتێكی دیكەی خۆشەویستی , ڕانەوەستانە . خۆشەویستی هیچ كەسێك لە یەك كەسدا قەتیس ناكرێت . قەتیس كردنی خۆشەویستی دوو كەس بۆ یەكتری بە ناوی ژنومێردایەتی یەوە , ڕاگرتن و بەند كردن و بەقوربانی كردنی خۆشەویستی هەردووكیانە . ئەو خۆشەویستییەی كە ئەنگڵس بە ناوی خۆشەویستی ڕاستەقینەوە دەیكات بە بناغە بۆ دامەزراندنی خێزان , دابڕینی خودی خۆشەویستی خۆیەتی لە هەموانییەتی " واتە هەموانێتی خۆشەویستی لادەبات و ئەم بەشەی _خۆشەویستی سێكسی_ كە هەندەكییە وەكو هەموانییەك سەربەخۆی دەكات " و سنوور نەناسین و گشتگیری و هەمیشەیی و ڕانەوەستان . سنوور نەناسینی خۆشەویستی سنووردار دەكات لە چوارچێوەی خێزانێكی دوو نەفەریدا كە بە فەرمی لە لایەن ئایین و دەوڵەت و دابونەریتەوە , بڕیاری لەسەر دراوە و دەدرێت . گشتگیری دەگۆڕێت بۆ تاكگیری و دەبێت خۆشەویستی ئەو دوانە " ئەو ژن و مێردە " تەنها لە نێوان هەردووكیاندا ئاڵوگۆڕی پێ بكرێت . هەمیشەیی وەكو خاسیەتێكی تری خۆشەویستی وەلا دەنرێت و كاتێكی " وەقتێكی " دیاریكراوی نەگۆڕ دەخرێتە  جێگەی . ڕانەوەستان , ڕاوەستاو دەكات و ڕێگای دەربازبوونی بە هەر لایەكدا بێت , لێدەگرێت . خۆشەویستی و خێزان ناكۆكن بە یەكتری , بەڵام خۆشەویستی و مرۆڤایەتی ناكۆك نین بە یەكتری . خێزان گەورەترین كۆسپی بەردەم ڕزگار بوونی مرۆڤایەتییە . هۆكانی وەستانەوەی خێزان بە دژی ڕزگار بوونی مرۆڤایەتی زۆرن . 
 
bizharpoet@yahoo.com
 ماویەتی          
 

Previous
Next

Leave a Reply