Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
گەشتێک بە هێلی فلای ئۆلۆمپیک ….

گەشتێک بە هێلی فلای ئۆلۆمپیک ….

Closed
by July 18, 2013 گشتی

 

 

گەشتێک بە هێلی فلای ئۆلۆمپیک… ڕۆشتن و گەڕانەوە… دواپلەی بێ پرانسیبی! 

 

 

ڕۆشتن:

٢٥/٦/٢٠١٣ بریار بوو کاتژمێر ٢ ی دوای نێوەرۆ فرۆکە بەرەو سلێمانی بەڕێبکەوێت، بۆ ئەو مەبەستە بەر لە سێ سەعات لە کاتی دەرچونی فرۆکەکە، ریزی گەشتیاران لە فرۆکەخانەی ستۆکۆکهۆڵم درێژو درێژ تر دەبوو، کە هەواڵی دواکەوتنی فرۆکەکە، خۆی خزاندە ناو ریزی گەشتیارانەوە… هێشتا هەر باسی داوکەوتنی فرۆکەکەبوو، باسی هێڵە خراپەکان و بێ پرانسیبی کۆمپانیا فرۆکەوانییە کوردیەکان بوو، باسی بەسوک روانینی ئەم کۆمپانیا چاوچنۆک و گرانبەهایانە بوو، بەرامبەر بە گەشتیارانی کە هەوڵی دواکەوتنی بۆ ماوەی زیاتر لە چوار سەعات، زوربەی هەرە زۆری گەشتیارانی نیگەران کرد… سەیر ئەوە بوو هیچ کەسێک نەیدەزانی و بۆ فرۆکەکە داوادەکەوێت، ئایا فرۆکەکە کێشەی تەکنیکی هەیە؟ ئایا کەش و هەوا گونجاو نییە؟ ئایا کرێکاران و کارمەندانی مانیان گرتووە… هیچ سەرچاوەیەک دەست نەدەکەوێت هۆکاری ئەم دواکەوتنە رابگەیەنێت… ئەم مامەڵەیە زۆر لە دواکەوتنی فرۆکەکە خراپتر بوو… هەروەها وەرگرتنی جانتاو بارکردنی بەردەوام بوو بۆ ئەوەی دەست بەسەراگرتنی جانتاکان  ببنە بارمتەی مانەوەی گەشتیاران… لەوەش خراپتر لەسەر راوروتی ئاشکرای خۆیان بەردەوام بوون ئەگەر دەیان گەشتیار کێشی جانتاکانیان ١٠ کیلۆ کەمتر بوایە، بەڵام گەشتیارێک یەک دوو کیلۆی زیاد بوایە، دەبوو بەپارە سزا بدرێت، کەچی راگرتنی گەشتیاران بۆ ماوەی پێنج سەعات، هیچ قەرەبوویەکی نەبوو!! دیارە هەر کاتێک و لەهەرشوێنیکی دنیادا گەشتیک دوا بکەوێت زوو هەوڵ و هۆکاری دواکەوتنەکە رادەگەیەنرێت و ئەگەر ئەم دواکەوتنە زۆر بخایەنێت ئەوا گەشتیاران قەرەبوو دەکرێنەوە…بەڵام بەرپرسانی کۆمپانیای گەندەڵ و بێ پرانسیبی فلای ئۆلۆمپیک… ئەوەی بۆیان گرنگ نەبوو راستگۆیی و بەرپرسیاریەتی بوو بەرامبەر گەشتیارانیان و داوکەوتنیان، نواندنی وەفا بوو بۆ گەندەڵی و چاوچنۆکی… دوای نزیک بە پێنچ سەعات دواکەوتن فرۆکە کەوتە جوڵە… فرۆکەیەکی کۆنی جێناخۆش… بی خزمەتگوزاریەکی باش،… سەرئەنجام فرۆکە لە جێگای کاتژمێر هەشتی شەو سەعات یەکی شەو گەیشتە سلێمانی…گەڕانەوەش لەوە خراپتر.  

گەڕانەوە: 

هەروەها بڕیار بوو ٩/٧/٢٠١٣ کات ٨:٥٠ فڕۆکەکە بەر ستۆکهۆڵم بەرێبکەوێت… هێشتا ریزی گەشتیاران خامۆش بوو… کە نیگەرانی سزای ئەو کەسانەی کێشی زیادیان هەبوو، هۆڵی چاوەراونی خستە جوڵە. زۆرێک لە گەشتیاران نیگەران بوون لەو مامەڵەیە، بەتایبەت بۆ هێڵێک کە نەکاتی دەچوونی و نەکاتی گەرانەوەی دیار نییەو هەمیشە دوادەکەوێت و هیچ خزمەتگوزاریەکی گونجاوی نییە، هەروەها فرۆکەیەکە تابڵێی نائاسودەو کۆنە و هیچ بەرپرسیاریەتێک هەڵناگرێت بەڵام لە کیلۆیەک کێشی زیاد خۆش نابێت… کاتژمێر بوو بە ٩ هێشتا گەشتیاران لە هۆڵی چاوەروانیدا بوون و پشکنینیش بەردەوام بوو… سەرئەنجام دیسان پاش نزیکەی سەعاتێک لە دواکەوتن، گەشتیاران بەرەو فرۆکەکە بەڕێکەوتن و هەموویان چاوەروان بوون دوای سەرکەوتنی تەواوی سەرنشینەکان، فرۆکەکە دەست بکات بەجوڵەو بەڕێبکەوێت… بەڵام دیسان بێ راگەیاندنی هیچ هۆیەک و بێگوێدانە دۆخی گەشتیاران و دەیان مناڵ و گەرمای ناو فرۆکەکە… فرۆکەکە لە جێگای خۆی وەستا بوو… ماوەی زیاتر لە کاتژمیرێک دیسان هەواڵێک لە رۆشتنی فرۆکەکە نەبوو… ئەمە زۆرێک لەسەرنشینەکانی نیگەران و تورە کرد، هەریەکە لە جێگای خۆیەوە نارەزایی دەردەبڕی، هەر کەسە باسی بیرەوەری ناخؤشی خۆی لەگەڵ ئەم هێڵانە دەکرد، کە سەرئەنجام بە دەستپێشکەری چەند گەشتیارێک ئەم چاوەروانییە بێ پاساوە بەرەو تەقینەوە رۆشت و کەوتنە نارەزایەتی دەربڕین لەدژی ئەم مامەڵە ناتەندروست و نائینسانییە. زوربەی هەرەزۆریان دەیانوت دادەبەزین و سەفەر ناکەین… تەنانەت سەرباری رێگری زۆری تیمی فرۆکەکە و کارمەندانی فرۆکەخانە ژمارەیەک لە گەشتیاران دابەزین و کەوتنە نارەزایەتی دەربرێن بەدژی ئەم سوکایەتیەی کە ئەم هێڵانە بە گەشتیارانی دەکەن… دوای بێنەو بەردەیەکی زۆر لە جیاتی بەرپرسانی فرۆکەو فرۆکەخانەکە، هۆکارو پاساوی راستی رابگەیەنن، کەوتنە درۆی شاخدار… دەیانوت پلەی گەرما سەرو ٤٠%ە بۆیە ناتوانرێت فرۆکەکە برفێت… ئەمە لە کاتێکدا هەموو کەس دەزانێت پلەی گەرمای، بەغدا، کویت و سعودیە دەیان شوێنی تری دنیا… زۆر لەوە زیاترە و گەشتیش راناوەستێت… پاشان وتیان کێشەی بەنزینیان هەیە، کە ئەمەش درۆیەکی تری شاخدار بوو…چونکە ماوەیەکی زۆر لەبەردەست بوو تا بەنزین وەربگرن… ئەم بێنەو بەردەیە، نارەزایەتی گەشتیاران لە لایەک و درۆ کاربەستانی فرۆکەو فرۆکەخانەکەو هەڕەشەو چاوسورکرنەوەیان لە گەشتیاران هەر بەردەوام بوو کە پاشان دوای نزیک بە سێ کاتژمێر دواکەوتن، لەژێر گوشاری سەرنشینەکاندا فرۆکەکە ناچار بوو دەست بکات بەجوڵە… فرۆکە رۆشت بەڵام ئەمجارە نە بە ئاراستەی شوێنی مەبەست و ویستی گەشتیاران کە ستۆکهۆڵم بوو، بەڵکە بەبیانویی وەرگرتنی بەنزین بەرەو وارشۆی پۆڵۆنیا رۆشت و لەویش نزیکەی ٤٥ دەققەیەک وەستا… ئەمە لە کاتێکدا درۆی وەرگرتنی بەنزینیان هێنایە گۆڕی کە ماوەی نێوان سلێمانی بۆ وارشۆ، لەگەڵ ماوەی نێوان سلێمانی ستۆکهۆلم زۆر لەیەک نزیکە… هەموو کەس دەیزانی ئەمەش درۆیەکی ئاشکرایە بۆ پاساودانی چاوچنۆکیەک و ئەنجامدانی کارێک کراوە… لەوانە وەکو هەندێک مێدیا بڵاویاکردەوە، بۆ گواستنەوەی پارە بووە… یان هەر راسپێردراوێکی تر…بەهەر حاڵ دواگەیشتنیشی بۆ ستۆکهۆڵم ژمارەیەکی زۆر لە جانتای گەشتیاران نەگەیشتبوون…سەرئەنجام فرۆکە لە جیاتی ئەوەی کات ١٢:٤٥ بگاتە ستۆکهۆڵم نزیک سەعات پێنجی بەیانی گەیشتە ستۆکهۆڵم… ئەمە کوتەی گەشت کردنە بە کۆمپانیای فلای ئۆلۆمپێک، بە پارەیەکی زۆرو بە سوکایەتیەکی کەم وێنەو بە خزمەتگوزاریەکی کەم و بە بەرپرسانی درۆزن و بێپرانسب و چاوچنۆکیەکی بێ ئەوپەرێ کۆمپانیاکە و هەوڵیان بۆ گواستنەوەی گەندەڵی کوردستان بۆ دەرەوە… دیارە کرێکاران و کارمەندانی ناو فرۆکەکەو فرۆکە خانەکە بەرپرسی ئەم دۆخە نین، بەڵام دەشیت ئەوانیش لەبەرامبەر بەم سوکایەتی و بێ پرانسیبی و چاوچنۆکی و درۆزنیەی ئەم کۆمپانیایەو هاوشێوەکانی دەنگی نارەزایەتی خۆیان هەڵبرن و خۆیان لە ریزی گەشتیاران و نارەزایەتیەکانیاندا بە بەشدار بزانن… لە کۆتایدا بانگەوازی من بۆ گەشتیاران ئەوەیە… کە سەفەر کردن بەو هێڵە بایکۆت بکەن و پەردە لەسەر ناوەرۆکی ئەو کۆمپانیایە و چاوچنۆکیەکەی و بێپرانسیبیەکانی هەڵبماڵن… 

 

                         عەبدوڵا مەحمود

abdulla.mahmud@gmail.com

١٦/٧/٢٠١٣

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.