Skip to Content

Thursday, October 1st, 2020

گەشت و ترس لە نەمانى باوك

Comment
by August 25, 2008 گشتی

 گەشت و ترس لە نەمانى باوك
 نەجات حەمید ئەحمەد

 
 لە پاش گەشتەكانى سەرۆكى حكومەتى كوردستان بۆ ئێران و سەرۆكى هەرێمى كوردستان بۆكەركووك و دەرەوەو سەرۆك كۆمارى عێراق بۆ ئەمریكا ..هەروەكو زۆر لە جارانى پێشووهەڵاو هەرایەكى نا سیاسى و نا فیكرى لە ڕۆژنامەى ئەلیكترۆنى و چاپ كراودا نرایەوە ..لە ڕاستیدا پرسیارەكانى ئەم جۆرە نووسینانە ئەوەندە كڵۆڵ و سادەن كە مرۆڤ هەست دەكات كارى ڕۆژنامەگەرى كوردى كارێكە منداڵێكیش دەتوانىَ بیباتە ڕێوە ..لەم نووسینەدا شیكردنەوەى شایەستە بەو گەشتانە نابەخشین بەڵكو لە چۆنێتى بیركردنەوەى ئەو نووسینانە دەكۆڵینەوە كە لە چ پێگەیەكى سیاسى و فیكرى و مێژووییەوە دەست بۆ قەڵەم دەبەن كە لەم بۆچوونە كورتانەدا ڕوونیان دەكەینەوە بەو هیوایەى زیاتر لە خۆمان بگەین:
 گەلى كوردستان پاش ڕوخانى بەعس ڕكابەرێكى گەورەو ترسێكى گەورە و خولیایەكى گەورەى مەیلى ئازاد بوونى لە دەست دا ..بەعس هاوواتاى باوكێكى خوێن ڕێژو دكتاتۆرى بووبەڵام لە هەمان كاتدا پڕكەرەوەى ئەو مەیلانەى مرۆڤى كوردو بزوێنەرى هیواكانىبوولە گەڕان بە دواى ئازادى ئەم مەیلە كۆنە لە هەمان كاتدا هاو بەهاى خەونێكى تۆز لىَ نیشتووبوو بەرەو ئازادى ..هەربۆیە پاش ڕوخانى بەعس بیركردنەوەى نەوەكان كەلەبەرێكى جیاوازیان تىَ كەوت بەوەى دوونەوە لە پاش نەمانى بەعس هۆیەكى بزوێنەرو هاندەرى كەوتنە كار ى لە لادا نەما..نەوەى پێش ڕاپەڕین خۆى لە ئازادیەكدا بینیەوە كە پێویستیى بە گۆڕینى دنیا بینیى تاكەكان دەكرد پێویستیى بە قەبووڵ كردن و هەزم كردنى واقیعێكى تازە دەكردو هەر لەوێوە دەبوایە هەڵوێستى خۆى دیارى بكات بەرامبەر بە دەورو بەرى خۆى و ئەوانى دىوبەرامبەر بەو دەسەڵاتەى كە ژیان و چارەنووسى ئەوى كەوتە دەست ..لە ڕاستیدا ئەو نەوەیە هەستى بە بەتاڵاییەكى گەورە كرد لە نەمانى دەسەڵاتێكدا كە دەیویست نەك بیركردنەوەى مرۆڤەكان بەڵكو كۆنترۆڵى وردترین شتە بچووكەكانى ژیانى مرۆڤ بكات بۆیە مرۆڤى كورد هەموو بۆشاییەكانى ژیانى پڕكرابوونەوە لە چۆنێتى ڕووبەرَووبوونەوەى دەسەڵاتێك ودەست تێوەردانەكانى ..ئەوانەى غەریزەى قەبووڵ كردنى باوك سالارى لە مێشكیاندا بوو ئەوانەى ژیان گرفتاریانى كرد كەوتنە خانەى دەست بەردارى بوونەوە بەعسیان وەكو باوكێك لە ناخەوە قەبووڵ كرد هۆكارەكەش ئەوەبوو دەرەنجامەكانى یاخى بوون لە باوك زۆر زۆر گرانترو قورستر بوو لە قەبووڵ كردن و دەست بەردارى بوون ..دووەم نەوەش نەوەى دواى ڕاپەڕین بوو ئەو نەوەیەى خۆى لە ئەزموونێكى دەسەڵاتدارێتى نە سەربەخۆو نە ژێر دەستەدا بینیەوە ئازادیەكى نیمچە سەربەخۆ كە نەیدەتوانى نە لەڕووى ئابووریەوەو نە لە ڕووى سیاسیەوە و نە لەڕووى كۆمەڵایەتیەوە حەزو خولیاو هیواو خواستەكانى هەموو تاكەكان دابین بكات هەر بۆیە نەوەى پاش ڕاپەڕین چاوى لە بارو دۆخێكدا كردەوە كە نە نرخى ئەو ئازادیەى بە تەواوەتى دەزانى ونە بە ئاسانیش دەیتوانى لێى بگات و وەكو كارەكتەرێكى ئەكتیف لە گەڵ ئەو بارو دۆخەدا خۆى بگونجێنىَ بە پێچەوانەى نەوەى كۆنەوە كە زۆر بە چاكى لە نرخى ئەو ئازادیەو بەها دەروونى و سیاسیەكەى تىَ دەگەیشت بەڵام هێشتا ئەوەى لە لادا ڕوون نەبووكە شوێنى ئەوو دنیا بینیى ئەو لەو بارودۆخەدا چیە ..ئەمەش واى كرد كە باوك سالاریەكى داسەپاوى لە ناوچوو كە هەر لە سەرەتاوە هێڵى كاركردن و هەڵوێستى ئەوى دەخوێندەوەو بڕیارى لىَ دەدا شوێنى بە باوكێكى كوردپڕكرایەوە كە لە ناوجەرگەى خوێن و شۆَڕش و ئەنفالەوە خەون بە دنیایەكى نوىَ دەبینىَ و كارى بۆ دەكات و هەڵویستى لىَ وەردەگرىَ ..ئەم پارادۆكس بوونەى بیركردنەوە تەنانەت چینە ڕۆشنبیرەكانیشى گرتەوە ئەو چینەى كە زۆربەیان تەنانەت تاكو ئەمڕۆش لە ناخ و عەقڵى ناوەوەیان هێشتا باوكى كور لە لایاندا سەیرەو قەبووڵى ناكات گەر ئامارێك بكەین لە نێوانى ئەو نووسینانەى لە گەڵ هەواو عەقڵى بەعس و جیهانەكەى دەگونجان هەر لە ستایش كردنى بەعس و نەفرەت كردن لە دوژمنەكانى بەعس لەگەڵ ئەو نووسینانەى كە پاش ڕاپەڕین لە جیهانى دەسەڵاتى كوردو حكومەتەكەیەوە نزیك بوون ((بە دەركردنى ڕاگەیاندنێكى لایەندار كە ئەویش سەرنجى زۆرى لە سەرە)) دەبینین نووسینەكانى سەردەمى بەعس لە نزیكیى لە دەسەڵاتەوەزۆر زۆرترن..شوێنى پرسیارە پاش ئازادى شەرم كردن لە نووسین و بیركردنەوە بۆ خزمەت كردنى دەسەڵاتى كورد كەخەونى دێرینى ئەم گەلە بوو هاو بەهاى شەرم و دوودڵى و هەڵبژاردنى ڕەش و سپى كرا…هەربۆیە دەبینین جۆرێك لە مامەڵە كردن و سازش كردن لە هەڵوێستدا هاتە كایەوە ..بە لایەنى نەوەى نوێوە كێشەكانى دەسەڵاتى كورد زۆر لەوە ئاڵۆزتربوون كە ئەو نەوەیە لێى بگات چونكە ئەو واقیعە ئەو هاوبەشیى دروست بوونى  هەموو كێشەكانى نەبووبوو بە پێچەوانەى نەوەى
 كۆنەوە كە هاوبەش بوو بە چاك و بەخراپ..ئەمەش واى كرد نەوەكان لە سەر بناغەى دوو ئایدیالى ئەفسانەیى و وەهمى دابەش بن نەك لە سەر بناغەى داهێنان و بیركردنەوە لە چەسپاندنى بارو دۆخێكى سیاسیى زۆر هەستیار كە وا دەخوازىَ هەموو پێكەوە دەست لە نێو دەست تیایدا هاوبەش بین..خۆنیشاندانەكانى ئەم دواییەى ڕەت كردنەوەى بڕیارى 24ى پەرلەمانى عێراقى و چەندین خۆنیشاندانى ئەو پرسە نەتەوەییانەى ئەم دواییەى شوێنى كوردو مەسەلەكەى لەم بارو دۆخەدا فراوانترین دەروازەى بە یەك گەیشتنەوەى بىَ شەرم و ترسى نەوەكان بوو .. چونكە لەوێدا خۆ بە خاوەن كردنى بڕیار لە لایەن هەر تاكێكەوە ئەو ئارەزووەى ئەوان تێر دەكات لەوەى كە ئەو لە دەرەوەى هەموو فەرمان و قەبووڵ كردنى هەر بڕیارێكەوەیە كە كەسانى دى دەیدەن وپراكتیكى سەربەخۆیى خۆى دەكات و خۆى دەخاتە ئاستى هاوبەشى بوونەوە ئەم كردارەش لە دەرەوەى چاودێرو ئاراستە كاردا دێتە دى و لەو هەست بە شەرم و گوناهەى ڕزگار دەكات كە چەندین ساڵان بوو لە سایەى دەسەڵاتە خۆسەپێنەكاندا بە زۆردارى پراكتیكى دەكرد..هەست كردن بە سەربەخۆیى كردارو هاوبەشى بوونێك كە تاك هەر خۆى دەبێتە خاوەن بڕیار لە دەرەوەى ڕێنماییەكانى باوكەكان بە تەواوەتى هەست بە كەمى و بچووكیى تاك لادەباو تاك دووبارە دروست دەكاتەوە ..سەیرە كەمیى ئەو نووسینانەى لە سەر دنیایەك تراژیدیاو كارەسات و
 ڕووداوو سەركەوتن و نوشوستیى زوڵم و زۆرداریى سەر مێژووى كورد لە نووسینى ئەدەبى و هونەریى كوردا هۆیەكەى دان نەنانى مرۆڤى كوردە بە كەسایەتى باوك كە ئەو هەستە لە لایدا پاش ڕوخانى سەدام هێشتا دەروونى داگیر كردووە نموونەیەك لە سەر كاریگەریى ئەم هەستە ئەوەیە كە هاوڵاتیەك تەنانەت ڕۆشنبیرێكیش كاتێك لە سەر پێشێل كردن و جىَ بە جىَ نەكردنى یاساكانى ژیاندا پرسیاریان لىَ دەكرىَ هەروەك لە خاڵەكانى پشكنین و پرسگەوپۆلیسەكانى كوردا ڕوودەدات كاردانەوەى هاوڵاتى زۆر توندە لەو كاتەى لە سەردەمى بەعسدا ئەو توتدو تیژیە بە مل كەچى و ترس بەدى دەكرا لە لاى هەمان مرۆڤدا هەروەك ئەوەى پۆلیسى ئێمە پۆلیس نەبن پرسگەمان پرسگە نەبن و لە پاشاندا هەروەك ئەوزەى ئێمە شایەنى ئەو نەبین دەسەڵاتمان هەبىَ هەردەسەڵاتێك…ئەمەش كاریگەریى زۆر خراپى هەیەو هەبووە لە سەر ڕێز گرتن لە یاسا لە ووڵاتى ئێمەدا …كاتێك سەركردەیەك یا سەرۆكێكمان بزر دەبىَ بە هۆى كارى سیاسى و دیبلۆماسیەوە ڕاگەیاندنى كورد یەكەمین كەسە كە دەیان شیكردنەوەى نا سیاسى و نا عەقڵانى بۆ ئەو گەشتانە دەكات كە تیایاندا زۆر لە ڕەوایەتى و زۆر لە مافەكانى ئەوان پێشێل دەكرىَ ..ئەو ڕاگەیاندنە پێش هەموو شتێك پراكتیكى هەست بە كەمیى خۆى دەكات بەرامیەر بە دەیان بزربوونى سەركردەو سەرۆكەكانى دوژمنەكانمان هەروەها پراكتیكى بە هەند هەڵنەگرتنى كەسایەتیى سەرۆكەكانى خۆى دەكات چونكە ئەوەتانىَ سەرۆكەكانى دەوڵەتە گەورەكان لەو ڕاگەیاندنەدا مافێكى سروشتى و ئاسایى خۆیان هەیە لە بیركردنەوەماندا..لە هەمان كاتیشدا هەر ئەم خۆبینیە بە بچووكیەیە كەوا لە ڕۆشنبیرى كورد دەكات دیارنەمانى سەركردەیەك بە گوناهێكى زۆر گەورە لە قەڵەم بدات هەروەك ئەوەى سەرۆكى كورد قسەكانى لە نێو عێراق و وڵاتانى عەرەبى و
 ئەوروپاو ئەمریكا قسە گەلێك بن لە هێزێكى ناوچەیى و دەوڵەتیى زۆر گەورەوە دەرچن
 كە دەبىَ هەربڕگەیەكى هەزاران حسێبى بۆ بكرىَ ..لە ڕاستیدا لە واقیع ئەم وەهمە بوونى نیە چونكە تاكو ئێستاش ئێمەى كورد بە سەرۆك و سەركردەو ڕۆشنبیرانیەوە
 لە هەوڵى ئەوەداین ا گوێمان لىَ بگرن ..كیانى ڕاستەقینەو شەرعیى ئێستاى كوردیش هەر لە چوار چێوەى ئەو یاسا ئیتیحادیەوەیە كە بە عێراقمانەوە دەبەستێتەوەو وێڕاى ڕێز گرتنى تەواوى سەركردایەتى كورد بەو یاسایانەوە ئەوەتانىَ ئەوە ئەوانن كە ڕێز لە ئیرادەو شارستانێتى بوونمان ناگرن..نموونەیەك لە سەر دەبەنگیى ئەو ڕاگەیاندنە لە بە هەند هەڵنەگرتنى باوكى سیاسیى كورد وەكو دەسەڵات لە لایەن ڕۆشنبیرى كوردەوە ناونانى ئەو گەشتانەیە بە ووشەى ((هەڵاتن)) ئەم بیر كردنەوەیە ئەوەندە ساویلكەیە ئاخۆ هەڵاتن چ گەڕانەوەیەكى بە دواوە دىَ یا نایا و سەرۆك چۆن دەتوانىَ بە گەشتێكى خۆى لەو هەموو كێشە قورسانەى كورد بشارێتەوە وەكو ئەوەى كێشەكان هەورێك بن و بەسەر ئەم خاكەدا گوزەر بكەن و ئیتر قەت بە سەر ئاسمانى ئەم وڵاتەدا تێپەڕ نەبن
  سەرۆك مافى خۆیەتى گەشت بكاولە ڕووى سیاسیشەوە وا پێویست دەكات كە پەردە لە سەر هەندێك لە گەشتەكانى لا نەبات و كە بۆ نەتەوەو حكومەتێكى وەكو حكومەتەكەمان ئەمە شتێكى زۆر سروشتیە ئەو لایەنانەى كە بە دیارنەمانى سەرۆكەكانى كورد نیگەران و دڵ پڕ لە گومان و ترس دەبن دوژمنانى كوردن كە ئابڵوقەمانیان لە چوار لاوە داوە وەكو ئەوەى چارەنووسمان بە دەست ئەوانەوە بىَ و دەبىَ بە پرسى ئەوان گەشت بكەین و بە پرسى ئەوانیش ئەو كەس و لایەنانە ببینین كە كە ئەوان لەسەرى ڕازین ئەو ڕاگەیاندنە ئەوندە یادەوەریى لاوازە ئەوەى لە بیرچوەوە لە سەرو داوى سەردانى كردنى سەرۆكى هەرێم و سەرۆكى حكومەت بۆ ئەمریكاو پێشوازى لێكردنیان بە شێوەیەكى شایەستە لە لایەن ئیدارەى ئەمریكاوە چ گەردەلوولێكى ڕەخنەو ناڕەزایى دژ بە ئەمریكاى لە نێو دوژمنەكانماندا نایەوە ..ئەوە ئەوانن كە دەزانن دەسەڵاتى وڵاتەكەیان وەكو باوكێكى نوێنەرایەتى كردنى
 گەل و خاكەكەیان سەیر بكەن باوكانى دوژمنەكانیشیان بە تێرۆریست و تێكدەرو دەرچوو لە یاسا لە قەڵەم بدەن كاتێك كوردێك بەم سیفەتەى هەڵاتن سەیرى سەركردەیەكى كورد دەكات بچووكترین جیاوازیى نابێت لە گەڵ دوژمنەكانى كورد..كارەساتە نەتەوەیەك ڕۆشنبیرەكەى هێشتا هەڵسەنگاندنێكى دروستى نەبێت بۆ دەسەڵاتى خۆى..كە تیایدا هەم لێپرسراوو هەم خاوەن ماف بێت هەروەكو چۆن هاوبەش بێت و ترسى ئایندەى وڵاتەكەى و گەلەكەى لە ناخى خۆیدا بە پیرۆزى هەڵگرىَ نەك وەكو كەس بەڵكو وەكو نوێنەرایەتیەك كە چارەنووسى ئەوان وەكو چارەنووسى ئێمە بێت ..ئەم خۆ داماڵینەى ڕۆشنبیرى كورد بەرامبەر بە كەسانى خۆى لە ڕاستیدا لە پێشانگایەكى هەڵبژاردن و ڕەت كردنەوەو گۆڕینەوەى باوكەكان زیاتر شتێكى دیكە نیە ئەوەى هاوڕازو هاو دنیا بینى و هاو ڕاى دوژمنانى خۆى بێت بێگومان لە ناخەوە باوكى خۆى ڕەت دەكاتەوە بە قەبووڵ كردنى باوكێكى دیكە نموونەمان ئەوندە زۆرن كە لە ژماردن نایەن ماوەیەك بوو بانگەشەى ئەوە دەكرا تاكو كورد ببێتە گەلێك ئایندەى هەبێت وا پێویست دەكات خۆى بداتە پاڵ یەكێك لە نەتەوەكانى دەرو بەریەوەو زمان و كولتوورى دەوڵەمەندى ئەوان هەڵگرێتەوە لە پاشاندا بانگەشەى ئەوە دەكرا كە سەركردەكانمان بدرێنە دادگا ..ئەم بانگەشانە لە بزربوونێكى ناسنامەیى و هەوڵدان بۆ قەرەبوو كردنەوەى هەست بە گرێى كەمى و بچووكى بەرامبەر بە زۆردارانى سەر كورد شتێكى دیكە نیە كە تیایدا ئەو مرۆڤە كوردانە لە ناخەوە باوەڕ بەو لۆژیكە دێنن كە ئەگەر من خاوەن باوك بم دەبىَ خاوەنى باوكێكى زۆر بە هێزترو بە توانا ترو مێژوویى تر بم ئەمەش بزربوونە لە نێو بیركردنەوەیەكى تاك لایەنە…مەترسیى ئەم جۆرە بیركردنەوەیە لە سەر مرۆڤى كورد فرە لایەنە كە بە كورتى ئاماژەیان بۆ دەكەین
 سەرەتا بە هەند هەڵگرتنى سەركردە وەكو باوك لە پاشاندا وەكو كەس و عەشرەت
 ئاماژەیەكە بۆ زیندوو كردنەوەو پاراستنى ئایدیالى سەیر كردنى دەسەڵات وەكو كەس نەك وەكو پرۆسەیەكى سیاسى سەیر كردنى حكومەت و دەسەڵاتى كوردە وەكو ناوونیشان نەك وەكو نوێنەرایەتى جگە لەمانەش ئەم تێڕوانینە هاوبەشى بوون و هاو چارەنووسیى كورد وەكو نەتەوەیەكى خاوەن بەرژەوەندى و ئایندەى هاوبەش لە ڕەگەوە دەردێنىَ مرۆڤ چۆن هەست بە ئازادى دەكات لەو كاتەى لە ناخەوە كۆیلە بىَ و دەروون و عەقڵى پڕ لە ترس و شەرم و گرێى هەست بە كەمى بێت ؟؟هەر دەبىَ لەو ڕاستیە مێژووییە زۆر زۆر وردبینەوە كە هەمووى هەژدە ساڵێك لەمەوبەر لەمەوبەر بوومێژووى زۆردارى و ستەمى سەر كورد لە سەدان ساڵ لەمەوبەرەوە یەك مێژووبوەو نەگۆڕاوە هەر لەوەندە ساڵ لەمەوبەرەوە بوو كە مەترسیى لە ناوبردنى یەكجارەكیى كورد زۆر زۆر دەرفەتى لە پێش بوو كە لە واقیع ڕوو بداو گەر سەدام پاش شەڕى ئێران تووشى هەڵە نەبوایە بەرامبەر بە كوێت و ئەوروپاو كەنداوو ئەمریكاو ئیسرائیل ئەوا لە ناوچوونمان مسۆگەر بوو..ئەم خۆخوێندنەوەیە گرنگە لە خودى بیرگردنەوەماندا كە لێیەوە لەوە دەگەیەین ئەو ئازادیەى كە هەمانە چەندێك فرە دەلالەت و چەند پڕمانایەو بزركردنى ئەم بەهایانەش لە لاى مرۆڤى كورد چ گومڕایى و بزبوونێكى تاریك و ئەموستە چاوو نووتەكەیە… كەواتە با پرسیار بكەین كە ئێمەى كورد بەڕۆشنبیرو نا ڕۆشنبیرەوە چۆن سەیرى دەسەڵاتى خۆمان دەكەین ئایا لەو باوەڕەداین كە دەسەڵاتى كورد كە لە دەسەڵاتێكى شۆڕشگێڕیەوە گەیشتە دەسەڵاتێكى ئیدارى و سیستەمى سیاسى لە لاماندا ئەوان نوێنەرن یا كەسانێكن كە بە ناوو بە عەشرەت و بە خزمایەتیەوەو لە پاشاندا وەكو باوك سەیریان دەكەین یاخود وەكو ناوونیشان و پلەو پایەو نەك وەكو ئەرك و نوێنەرایەتى؟؟لە ڕاستیدا ئەوە ڕوون نیە لە ناوەندە ڕۆشنبیرى و ئاساییەكەیدا
 دەسەڵات لە لاى ئێمەدا چى دەنوێنى بڕێكى زۆر لەو ناوەندانە وەكو باوك سەیرى دەسەڵات دەكەن تەنانەت ئەوانەى خۆیان ئەوەندە بە سەربەخۆ دادەنێن كە پێیان شەرمە دوو ووشە ى ڕاستیش سەبارەت بە كارە چاكەكانى دەسەڵات بڵاو بكەنەوە پاساویشیان ئەوەیە خەڵك ئەوەى دەوىَ وەكو ئەوەى ئەوە ڕۆژنامەگەریى كوردیە كە كەوتۆتە دواى عەقڵى خەڵكەوەو ئەوەش خەڵكە كە خاوەنى فیكرو مەنتیقە ..هەندێكى دیكەشیان ئەگەچى دەسەڵات تەنانەت پارە ى خواردنەوەى شەوانیشیان دابین دەكات شەرم دەكەن ڕۆژێك لە ڕۆژان دوو ووشەى هەق سەبارەت بە كارێكى چاكى سەركردەیەك یا وەزارەتێك بڵاو كىنەوە گوایە و خوانەخواستە نەوەك سەربەخۆیى خۆیان بدۆڕێنن وەكو ئەوەى سەربەخۆیى ماناى ئەوەبىَ كە تۆ دەبىَ هەمیشە دژى دەسەڵات بى ئەو دەسەڵاتەى قەتاو قەت لە مافى خۆى ناپێچێتەوە تەنانەت لە پێشێل كردنى هەموو یاسایەكى ڕۆژنامەگەریش ..لەگەڵ ئەمەشدا خۆشترین كاتى ئەو ڕۆژنامەگەریە ئەوەیە كە هەموو كاتێك لە تەنیش سەرۆكەكانەوە بىَ هەروەك لە كۆبوونەوەیەكى سەرۆكى حكومەتى لە گەڵ ڕاگەیاندنەكاندا بە ئاشكرا داواى ئەوە كرا كە مانگانە سەرۆكى حكومەت ببینن
 لە ڕاستیدا داواى لەم جۆرە لە لایەن ڕۆژنامەگەریى كوردیەوە لە پێناوى خزمەت كردنى گل و نیشتیمان ئاساییە بەڵام تۆ وەرە سىَ بەشى جوگرافیاى كوردستان لەو ڕۆژنامەگەریەدا بزرە ئەرىَ چەند داواكارى و خواستى خەڵكى زرارەتى و شەمامك و
 گوندەكانى سەرووى كەركووك و دەرو بەرى ڕانیەو پشدەرو قەڵادزىَ وكوورانى عەرەب و باداوەو كۆمەڵگە زۆرە ملێیەكانى دەورو بەرى هەولێرو سلێمانى لەو ڕۆژنامەگەریەدا بە سەر كراوەتەوە لێرەدا من نە مەبەستم ستایش كردنى دەسەڵاتەو نەبینینى دەسەڵاتە لە یەك ڕوەوە بەڵكو تەنها مەبەستم ئەوەیە ڕۆژنامەگەریى كورد تاكو ئەمڕۆش لە هەستى باوك سالارى ڕزگارى نەبووە ئەمەش مەترسیەكى گەورەیە لە سەر كاریگەریى ئەو ڕوژنامەگەریە لە سەر بیركردنەوەى مرۆڤى كورد كە ترسناكترین دیاردەش ئەوەیە كە ئەوەى لە ڕوانگەى باوكەوە سەیرى دەسەڵات بكات زۆر لە لاى ئاسان دەبىَ كە یاوكەكانى بگۆڕێت بە باوكى دیكە تەنانەت ئەگەر دوژمنى خۆشى بێت هەروەكو چۆن ئەو ڕۆژنامەگەریە دەبێتە دووڕووى تەڕى یەك بەرد كە چۆنى هەڵدەى هەر تەڕەكەیە فەرموون سەیرى كارى زۆرینەى یەك ڕۆژى ڕۆژنامەگەریى كورد بكەن دەبینى كىَ بڕكێیە لە سەر ئەوەى كىَ توانیویەتى خراپترین هەواڵ دژ بە كوردو دەسەڵاتى كورد بە دەست بێنىَ ..گەورەترین هەستى نائومێدى لە ناخى مرۆڤى كورد بچێنىَ كىَ زۆرترین وڕۆژاندن بە دەست دێنىَ تەنانەت ئەگەر لە سەر حسێبى شەرەف و كەرامەتى خێزانى كوردیش بێت كە بە هۆى ئەو كارانەوە زۆر لە ئافرەتانى كورد نامووسیان ئەتك كراو كوژران …هێشتاكاتێكى دیكە ماوە تاكو لە خۆمان بگەین……
 bawagorgor@yahoo.com
 
 

Previous
Next

Leave a Reply