Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
گەندەڵی و ئەنجامە فیردەوسییەكانی كارەسات

گەندەڵی و ئەنجامە فیردەوسییەكانی كارەسات

Closed
by March 3, 2013 گشتی

 

 

 

ئایا گەندەڵی هەردەم خراپە یان  لایەنی باشیشی هەیە؟! ئەگەر ئەوە پرسیاری قوتابییەكی زانكۆ بێت، ئەوا نابێت بە سادەیی وەریگرین و بەسەریدا تێپەڕین و هەر ئەو پرسیارەش بەشێوەی خۆی بێ‌ وەڵام بمێنێتەوە. پێویستە قسەیەكمان هەبێت لەسەر ئەو روانگەیەی قوتابییەكی زانكۆ والێ‌ دەكات بەو شێوەیە بیربكاتەوە كە هەندێ‌ جار گەندەڵی ئاسانكاری دەكات بۆ ئەوەی كارەكان ئاسانتر و خێراتر بەڕێوە بچن و تیایدا دوور نییە هەژارو دەوڵەمەند  هەردوو لا لێی سوودمەند بن، بەوپێیەی كەمكردنەوەی تەگەرەكانی بەردەم بەڕێوەچوونی كارەكان و بەفیڕۆنەدانی كات و خەرجی زیاتر بۆی هەیە گەشەی ئابووری خێراتر و چالاكتر بكات.

ئەو بۆچوونە دوور نییە بە مێشكی زۆر لە خەڵكی ساویلكەو بێ‌ ئەزمووندا بگوزەرێ‌ و هەر ئەوەش وایان لێبكات دژایەتیییەكی جیددی دیاردەی گەندەڵی نەكەن. زۆر كەس باوەڕی وایە بە كەمێك بەرتیل و دەم شیرین كردن كارەكان ئاسانتر بەڕێوەدەچن و كارەكان بەسوودی هەموو لایەك دەگەڕێنەوە، رۆتین و بیرۆكراتیەت و پابەندی تووند بەیاساو كاتی زۆر لە چاوەڕوانی ئەنجام و وەڵامی مامەلات و رەسمیات، لەوانەیە ببنەهۆی رێگرتن لە خێرایی و دووبارە سوودوەرگرتن لە هەلی كارو وەبەرهێنانەوەی تواناكان.  بەڵام زۆر ئاسانە ناڕاستی ئەم بۆچوونە بسەلمێنین، كە دوورە لە تێگەیشتنێكی زانستی بۆ گەندەلێ. چونكە هیج كات گەندەڵی بەهەموو ئاستەكانیەوە سوودی بۆ هەموو لایەك بەپێی پێویستییەكانی خۆیان نییە. خاوەن سەرمایە دەستڕۆیشتوو و ئەو بەرپرسانەی لە گەندەڵی تێوەگلاون هەردەم لەم حاڵەتە سوودمەندن و خەڵكی پیشەوەری هەژارو كارمەندی ئاسایی زەرەرمەندن، كارڕایكردنی نایاسایی واتە بەگەندەڵی بەسوودی دەوڵەمەندو بەرپرسەكان، پەیوەندییەكی پێچەوانە (علاقە عكسیە)ی هەیە لەگەڵ پێشكەوتنی ئاستی گوزەرانی هاوڵاتیانی ئاسایی. واتە هەركارئاسانییەك بۆ ئەوان لەسەر حیسابی هەلێكی باشتری ژیان بۆ هاوڵاتیان دەبێت.

لە گۆشەنیگای ئابورییەوەو لەرێگای چەند نمونەیەكی زیندووەوە دەتوانین بگەین بەو راستییەی دەیسەلمێنێ‌ ئاسەوارەكانی گەندەڵی هەردەم یەكسان نین بۆ هەموو لایەك.

كاتێ‌ بومەلەرزەیەك روودەدات لە وڵاتێكدا، دەیان بالەخانە دەڕوخێنێت و سەدان كەس دەبنە قوربانی و زیانی ئابووری گەورەش بەدوای خۆیدا دێنێ‌. لە رووداوێكی بەوشێوەیە ئەگەر بەدواداچوونێكی دورست بكەین دەبینین زۆر لەو بالەخانانەی رووخاون بێجگە لە هۆكارە سرووشتییەكە هۆكارێكی تری مرۆیی لەپشتیەوەیەو دەتوانین ناوی بنێین لایەن (بعد)ی گەندەڵی لە روودانی كارەساتەكاندا، لایەنی گەندەڵی هێزێكی تری وێرانكەر دەخاتە سەر هێزی سروشت لەكاتی رووداو و كارەساتەكاندا. لێرەدا مەبەست ئەوەیە لەبەر خراپی كەرەستە بەكارهاتووەكانە بۆ درووستكردنی ئەو بالەخانەو هەموو ئەوشتانەی تر لە رێگاو بان و بیناو بەنداو و شوێنەگشتییەكان كە پەیوەندییان بە ژێرخانی ئابوورییەوە هەیەو مەترسی و كاریگەرییان هەیە لەسەر گیان و ماڵی هاوڵاتییان. وێران بوون و ڕووخانی هەندێ‌ باڵەخانەو مانەوەی هەندێكی تریان بە تۆكمەیی لەسەر هەمان رووبەری دیاریكراو جیاوازی كەرەستە بەكارهاتووەكان و شێوازی هەندەسی دروستكردنیان پیشان دەدات كە لە هەندێكیان كاراتر بووە لەهەندێكی تریان گەندەڵكاری بووە. هەروەها بۆمان دەردەكەوێت لە دروستكردنی ئەو باڵەخانە رووخاوانە كاتی دروستكردنیان چاوپۆشی كراوە لە چاودێری كردن و رێگرتن لە بەكارهێنانی كەرستەی خراپ و چۆنیەتی دروستكردنیان و لەبەرچاو نەگرتنی ستانداردی حكومی و یاسایی لە دروستكردنیان ئەگەرچی ئەو بیناو باڵەخانانە ئەهلیش بن، بەرامبەر بڕێك بەرتیل و دەمچەوركردنی لایەنی پەیوەندیدارو سەرەنجام ژینگەیەكی كارتێداكردن و ژیان تێدا بەسەر بردن دێتە كایەوە كە هیچ مەرجێكی سەلامەتی و بەردەوامبوونی تێدا نییە.  لەم حاڵەتەدا ئەوەی سوودمەندبووە لەوخێرا بەڕێوەچوون و تەواوبوونی پڕۆژەكاندا هاوڵاتیان نین بەگشتی، بەڵكو ئەو بەڵێندەرانەن كە بەدوای قازانجی خێرادا دەگەڕێن و ئەو بەربرسانەن كە بەرتیلیان وەرگرتوە بەرامبەر چاوپۆشی كردنیان لە خراپی كاربەڕێوەچوون، بەڵام ئەوەی باجەكەی داوەو زەرەرمەندبووە ئەوە خەڵكی ئاسایی و هەژارەو دەبنە قوربانی كارەساتەكان.

دوورنییە زۆر كەس هەبن بڵێن ئەو كارەساتانە رووداوی دەگمەنن و مەرج نییە هەموو رۆژێك دووبارە ببنەوە، بۆیە پێویست نییە ئەو هەموو تەگەرەیە بخەینە بەردەم درووستكردنی بالەخانەكان و تێچووی دروستكردنیان زیاتر بكەین، كاتێك وڵاتێكی تازە گەشەكردووی وەكو وڵاتی ئێمە پێویستی بەپارەی ئەو تێچوە زیادەیە هەیە بۆ دروستكردنی بالەخانەی ترو بوارەكانی تری وەبەرهێنان و سەرەنجام گەشەی ئابووریشمان زیاتر و خێراتر دەبێت.  لەو نێوانەش بەڵیندەرەكەو چاودیرەكانیش سوودمەند دەبن و خەڵكەكەش زووتر سوود لەم بالەخانەو بینایانە وەردەگرێت، ئەگەر ئەو چاودێرانە چاوپۆشییان نەكردبایە دوور نییە تا ئیستا زۆر لەو بالەخانانە تەواو نەدەبوون پرۆسەی گەشەی ئابووری زۆر دوادەكەوت.

بەڵام لە راستی دا ئەم پاساوە هیچ بنەمایەكی دروستی نییە، كارئاسانییەك بە مانای تێنەپەڕینی كار بە فلتەری كوالیتی، مادام بەرەنجامەكانی وێڕای زیانی ئابووری كەوتنەوەی قوربانییە، هیچ پاساوێك ناتوانی ڕەوایی پێبدات. ژیانی ئەو كەسانەی كە بوونە قوربانی كارەساتەكان ناكرێ‌ هێندە بەهەرزان بنرخینین، هەروا لێی بڕوانین كە قوربانی رووداوی سروشتی یان پێشهاتی چاوەڕوان نەكراو بوون، بەڵكو پێویستە بێجگە لە پێدانی بەهای مرۆیی خۆیان دەبێ‌ خودی ئەو مرۆڤانە وەك سەرمایەكی گەورەی ئابووریش ببینرێن. ئەگەر بالەخانەكان بەكەرەستەیەكی باشترو شێوازێكی كاراتر دروستبكرێن دوور نییە ژیانی كەسانێكی زۆر رزگار بكرێت لەوەی ببنە قوربانی. ئەوە جگە لەوەی هەر كارەساتێكی لەناكاو هەموو گەشە ئابوورییەكەمان بۆ دەگەڕِێنێتەوە خاڵی سەرەتاو ئەو هەموو زیانە ماددییەو بە فیڕۆدانی ئەو هەموو سەروەت و سامانە لە پیناو بەدەستهینانی بڕێك پارەو قازانجی كاتی بۆ چەند كەسێك.

بەراوردی ئەو نمونەیە بە كارەساتی سووتانی بالەخانەی بەشەناوخۆییەكەی فیردەوس لە سلێمانی، دەمانگەیەنێتە هەمان دەرئەنجام .

ئەگەر چاودێرانی بەشەناوخۆییەكانی سلێمانی هەموو ئەو ئەگەرانەیان لەبەرچاو بگرتایە لە سەلامەتی بەكارهێنانی ئەم باڵەخانەیە دەتوانرا ژیانی دەیان كەسیان رزگار بكرێت، ئەو هەموو زەرەرو زیانەش نەكەوێتەوە.

هەندێ جار گەندەڵی دەبێتە هۆی نا دروستی لە هەڵبژاردن، بۆنموونە ئەگەر دوو كۆمپانیا بێنەپێشەوە بۆ ئەنجامدانی پرۆژەیەك، ئەوەی یەكەم دەتوانێ زۆر بە كارایی و دڵسۆزانە كارەكانی پڕۆژەكە ئەنجام بدات، بەڵام گەندەڵی بەرەو هەڵبژاردنی كۆمپانیای دووەم دەمانبات و ئەویش زۆر بە خراپی و ناكارایی پرۆژەكە ئەنجام دەدات، هەڵبژاردنێك لە ئەنجامی گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتن كراوە، لە ئەنجامدا ئەو پڕۆژەیە بە زیانی زۆری پڵانە ئابوورییە ستراتیژییەكانی وڵات لە دوورمەوداو بە زیانی خەڵكی هەژار و بێ دەرامەت لە نزیك مەودا دەشكێتەوە، تەنها لەبەر ئەوەی چەند بەرپرسێكی گەندەڵ و كۆمپانیایەك تیایدا سوودمەند دەبن. دوور نییە ئەو پرۆژەیە كەموكوڕییەكانی هێندە زۆربن پێویستی بە خەرجییەكی زۆر گەورە بێت لەسەر حیسابی بەشەداهاتی كەسانی كەم دەرامەت، ئەوە جگە لەو بەفیڕۆدانەی سەرچاوە ئابوورییەكان كە وڵات بە گشتی لیێ زەرەرمەندە.

نمونەی ئەو جۆرە گەندەڵیەش لە پڕۆژەی خانووەكانی مامۆستایانی زانكۆ دەردەكەوێت كە چۆن دوای تەواو بوونیان زۆر لەو خانوانە شیاوی بەكارهێنان و ژیان نین تیایاندا، بەهۆی بەكارهێنانی كەرستەیەكی خراپ و بە دیزاینێكی نە گونجاو كە پێویست دەكات هەزاران دۆڵاری لی خەرج بكرێت تا بگات بەو ئاستەی كە شایستەی ژیان بێت بۆ مامۆستایانی زانكۆ. 

  بوونی كەسێكی نەشیاو و بێ ئەزموون لە پۆستێكی هەستیارو كاریگەر، نەك تەنها بێبەشكردنی كەسێكی شیاوترە بۆ ئەو پۆستە، بەڵكو هەموو كۆمەڵگا زیانمەند دەكات، چونكە ئەو كەسە بێ ئەزمونە دوور نییە دەیان بریاری هەڵە بدات لە چەند پرسێكی زۆر كاریگەرو بە زیانی هەموو كۆمەڵگا بشكێتەوە.

لەوەش زیاتر ئەو شێوە گەندەلیە دەبێتە هۆی تێكدانی شیرازەی كۆمەڵایەتی و لایەنی دەروونی كەسەكان و نەهیشتنی هێچ پاڵنەرێك لە بەردەم تاكەكانی كۆمەڵگا بۆ برەودان بە ئاستەكانیان و بەدەستهێنانی كارامەیی و لێزانینی زیاتر و بەرزتر. كە بەهۆیەوە زۆربەی خەڵك دێنە سەر ئەو باوەڕەی كە تاكە رێگا لەبەردەم گەیشتن بە پۆستی باشتر گەندەڵییە نەك لە رێی بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و زیادە ئەزموونی. لێرەوە زۆربەی كۆمەڵگا گەندەڵی بە كارێكی ئاسایی و زۆرزانی دەزانێت كە دەتوانن بەباشی سوود لە هەڵەكانی بەردەمیان وەربگرن، بێ‌ بیركردنەوە لە ئاسەوارەكانی.

بە گەڕانەوە بۆ سەر  ئەو پسیارەی سەرەتا لە ڕوانگەی قوتابییەكی زانكۆ، پەی بەوە دەبەین شێوازیك لە گەندەڵی هەیە دوور نییە لەلای هەندێ كەس لەبەر هەرهۆیەك بێت پەسندكرابێت و پاساوی بۆ بێننەوە بەوەی جۆرێك لەخێرا كارڕاییبوون دێنێتەدی و بازدانە بەسەر رۆتینیات. ئەو حاڵەتە لەزۆربەی وڵاتانی تازە پێگەیشتوو بەرچاودەكەوێت زۆر كەس بە ئاسایی دەزانێت ئەگەر بەرتیلێك بدات تا كارەكانی بە خێراتر تەواوبێت و دووریشی دەكاتەوە لە خەرجی زۆر كە بە پێویستی نازانێت و جگە لە بەفیرۆدانی كاتێكی زۆر ئەگەر كارەكانی دوابكەوێت، ئەو بڕە پارەیەی دەیدات لە بری ئەو ئاسانكارییەی بۆی دەكرێت و بە كڕینەوەی كات هەژماری دەكات. لە بەرامبەردا فەرمانبەرێكی كەم دەرامەتیش سوودمەند دەبێت و هەموو لایەك بەو دەرئەنجامە دڵخۆش دەبن. 

لە راستیدا ئامانجەكانی پشت ئەم بۆچوونە ئەگەر لە مەودای نزیك و كورتدا سوودێكی هەبێت بۆ چەند كەسێك ئەوا لە مەودای دووردا زۆر ترسناكە، چونكە بەو شێوەیە گەندەڵی دەبێتە كارێكی ئاسایی و یاسایی و پاساوێكی اخلاقی بۆ دەدۆزرێتەوە، لەبەرچاوی خەڵك و  مۆڕالیەتی  نێو كۆمەڵگا جوان دەكرێت، سەرەنجام دەبێتە كەڵتوور و هەمیشە هەلومەرجێك دەخولقێنرێت تا هەموو كارەكانی نێو سنووری وڵات تەگەرەی تێدەكەوێت بۆ ئەوەی پاساوێك هەبێت بۆ وەگرتنی بەرتیل و گەندەڵكاری. تا وایلێدێت هیچ كارێك بەبێ‌ گەندەڵی بەڕێوەنەچێت. لەحاڵێكی وادا كە نموونەكانی بەرچاون كۆمەڵگا گەندەڵی بە نەریتێكی شیاو دەزانێت و ئەوەی گەندەڵ نەبیت بە گێل و نەزان دەناسرێت و كەسێكە ناتوانێت سوود لە هەلەكانی بەردەمی وەرگرێت.

لەو دیدەوەیە دەتوانین بڵێین گەندەڵی لە ئاستی بە كەلتووربووندا وەك شێرپەنجەی نێو جەستەی كۆمەلگای لێدێت و رووبەڕووبوونەوەی ئاسان نابێت و ئەو كۆمەڵگایە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا بێ بایەخ دەهێڵێتەوە.   

 

د. توانا فازل سالح 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.