Skip to Content

Wednesday, October 27th, 2021

گەڕانەوە بۆ چەكی پێشمەرگە ..

Be First!
by October 14, 2008 گشتی

 گەڕانەوە بۆ چەكی پێشمەرگە ..
   دیوێكی ترى شكستەكانی سەركردایەتی سیاسی كوردی نیشاندانین .

 
 
 محەمەد حسین
 
 لەهەرێمی كوردستاندا چۆن ئیدارەى قەیرانەكان  ئەكرێت ؟  ئەمە ئەوپرسیارە سادەیە كە تا زیاتر بەدواى وەڵامەكانیدا بگەڕێین زیاتر ڕەشبین و نائومێدمان  ئەكات   .. ساتەوەختی قەیرانەكان كاتێكی زۆر باشن  بۆ بینین و ناسین وتاقیكردنەوەى ئادائى هەر سەركردایەتیەك , هاوكات بۆ بڕیاردان لە سەر دروستى و گونجاوی هەر ئەجێندایەكی سیاسیش  . دیارە  هەموو قەیرانێك سەركردەى پێویستى خۆى دروست ئەكات , بەڵام هەموسەركردایەتیەك  تونای چارەسەركردن و تێپەڕاندنی قەیرانەكانی نیە , كە بێگومان مێژوی هاوچەرخی كورد پڕە لەم مۆدێلەى سەركردایەتیكردن .
  ئەو ڕۆژەى دەنگوباسی جوڵە سەربازیەكانی سوپاى عێراق و هێزی پێشمەرگە لەناوچە كوردستانیەكانی دیالە دەستى پێكرد  , زنجیرەیەكی ترى شكستە سیاسیەكانی سەركردایەتی ئەمڕى كورد كەوتەوە ڕو  ,  ئەگەر چى وتارى باوی میدیا حیزبیەكان و نەغمەى لێدوانە سەربازیەكان هەمیشە ئەیویست وێنەى پێشمەرگەیەكی ئاشتی پارێزمان نیشان بدات كە لە سەنگەرى ڕاوەدونای تیرۆر و پاككردنەوەى ناوچەكەدایە و ئەوە سوپاى عێراقە هاتووە شەڕی پێ ئەفرۆشێت , بەڵام باكگراوەندى كێشەكەو  وردبونەوە لەڕیشە مێژویى و جوگرافیەكانی شتێكی ترمان پێ ئەڵێت , لانی كەم ئەوەمان نیشان ئەدات : پێنج ساڵی ڕابردوو ئەم سەركردایەتیە ئەوەندەى خەریكی گێرە و كێشەى  ( پارە ) بوون , ئەوەندە لەخەمی یەكلایى كردنەوەى مادەى 140 و كێشە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی ئەم ناوچانەدا نەبوون , ئەوەندەى مەسەلەى بوجە  و گرێبەستە نەوتیەكان و  شاردنەوەى داهاتە گومركیەكانی كوردستان سەرقاڵى كردبون , دیارى كردنی چارەنوسی 20% خاكی كوردستانیان بەلاوەگرنگ نەبووە , لەكاتێكدا ئەم ناوچانە هەرە دەوڵەمەندترین ناوچەكانی هەرێمی كوردستانە و كەس لارى لەوە نیە كە چ دوراییەكی ستراتیژى گرنگیش پێك دێنێـت لەنەخشەى ئاسایشى نەتەوەیى ئەم وڵاتەدا   .
 ئێستا كاتی ئەوەیە بپرسین ,  گەر ئەم سەركردایەتیە پاراستنى خاك و چارەسەرى كێشە مێژوییەكانی  كوردستانی لە ئەولەویاتی خۆیدا دانەناوە , ئیتر ئەرك و ڕۆڵیان چی بووە  ؟ ئایا مەعقولە هەستیان بەوە نەكردبێت  خوڵقاندنی كێشەگەلێكی زیادە و بێ ماناى وەك : هەڵنەكردنی ئاڵاى عێراق , پاكتاونەكردنی حساباتى خاڵەگومركیەكانی هەرێم , پەلەپەلكردن لە گرێبەستە نەوتیەكان و … هتد , تەنها ژمارەى دوژمنەكانی كورد زیاتر ئەكات و  دۆستە كانیشى نیگەران و بێزار . ئایا ئێستا كاتی ئەوە نەهاتووە دەنگدەرەكانی ئەم سەركردایەتیە پرسیار لە ئەهمیەت و بەهاو كاریگەرى ڕێكەوتن و هاوپەیمانیە چوار قۆڵى و دوقۆڵیەكانیان بكات لەگەڵ لایەنە شیعی و سونیەكاندا . ئایا گومانێكی دروست و بەجێ نیە گەر پێمان وابێت بەرژەوەندی بچوكی حیزبی و تایبەتی و ڕۆژانە ئەو ڕێكەوتن و هاوپەیمانیانەى ڕەنگڕێژ ئەكرد , نەك سیاسەت و ئامانج و خەونێكی ستراتیجی و نەتەوەیى , وەك ئەوەى بانگەشەى بۆ ئەكرا ..  ئەگەر وانیە بۆ لەبەردەم گرفتێكی بچوكی وەك یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكاندا یەكسەر توشى شڵەژان و پەرتەوازەیى بوون  , توشى شۆكی ناماقوڵی و فشۆڵى ڕێكەوتن و هاوپەیمانیەكانیان بوون ؟
  بێگومان كێشە هەڵواسراوەكانی ناوچەكانى ململانێ چارەسەریەكی ورد و عاقڵانەو هێمنانەى سیاسی ئەوێت , ئەگەر بە دەستور و بەپێى مادەى 140 چارەسەر بكرێت , یان بەگوێرەى خوڵقاندنی ( دیفاكتۆ) یەكی گونجاو بێـت  وەك ئەوەى ئەمڕۆ لە خانەقین هەیە , هەر هێشتا سیاسەتێكی حەكیمی پێویستە , ڕازی كردنی لایەنەكانی ترى توركمان و عەرەب پێشمەرجی سەركەوتنی هەر چارەسەریەكە كە قابیلى مانەوەو درێژە كێشان بێت , لەوانەیە  ئەم چارەسەریە زۆر زەحمەت بێت  , بەڵام  مەحاڵ نیە , گەر سەركردایەتیەكی حەكیم  هەبوایە و بیزانیایە لەكاتى گونجاودا  كارتەكانی بەكار بهێنایە  , بیتوانیایە متمانەى پێكەوە ژیانێكی سەلیم لاى عەرەب و توركمانەكانی ناوچەكە دروست بكات , ژیانی ئابورى وسیاسی و ئیدارى هەرێمی كوردستانیان هێندە بەباشی ڕێك بخستیایە , تا سەرنجی میللەتانی ترى ئەم ناوچانەى ڕابكێشایە , لەجیاتی هەڵپەى خۆدەوڵەمەندكردنی كادرەحیزبیەكانیان , هەوڵیان بدایە نموزەجی دەسڵاتێكی دێموكراسی و پاك و دامەزراوەیى مۆدێرنیان لەو ناوچانە پێشكەش بكردایە . بەڵام هەمومان ئەزانین نەك هەر ئەمانە نەكراوە , بەڵكو بەشێكی زۆرى دانیشتوانە كوردەكەى ئەو ناوچانەیشیان نائومێد كردووە  . ئەو بنبەستەیش ئەمڕۆ كێشەكانی تیا چەقیوە  تاڕادەیەكی زۆر ئەنجامی سیاسەت و هەنگاوە خراپ و لاوازەكانی  ئەم سەركردایەتیە بووە , دواتر پیلانی وڵاتانی دراوسێ و شۆڤێنیەتیى عەرب و توركمانەكان و …  , دیارە  سەركردایەتیەك دواى حەڤدەساڵ نەیتوانیبێت خەڵكی دهۆك و سلێمانی و گەرمیان لەخۆى ڕازی بكات , نابێت پێمان سەیر بێـت كاتێك توركمانێك ئەڵێت " پێمان خۆشە بمانخەنە سەر دەوڵەتی چین نەك هەرێمی كوردستان " .
  چوار ساڵی ڕابردوو دەرفەتی گونجاو و لەبار هەبوو بۆ جێبەجێ كردنی مادەى 140 و چارەسەر كردنی بەشێكی گرفتەكان , لە دەستدانی ئەو دەرفەتانەیش زیانی گەورەى بەچارەسەرى دەستوریانەى كێشەكان گەیاند و هێندەى تر گرفتەكانی ئاڵۆزتركرد و  كارتەكانی كوردیشى لاوازتر كرد . چونكە  دواخستنی یەكلایكردنەوەى كێشەكان لەبەرژەوەندی لایەنی بەرامبەرى كوردە و تێپەڕینی كاتیش چەندە عێراقی عەرەبی بەهێزتر و تۆكمەتر ئەكات , ئەوەندەیش كاریگەرى كارتەكانی كورد لاواز ئەكات و هەلومەرجی جێبەجێكردنی مادەى 140 یش ئاڵۆزتر  ..
  بەڵام ئەوەى لەقەیرانی خانەقین دا تێبینی ئەكرا , ئەو خێرا شپرزە بونەى سەركردایەتی سیاسی كورد بوو لەمامەڵە كردنی لەگەڵ پێشهاتەكاندا  , لەڕاستیدا  هەڵسوكەوتى پەشۆكاویان و بێ باكی لێدوانەكانیان ئەوەندەى لە كاردانەوەى سەركردایەتیەكى  میلیشیایى یاخی ئەچوون  , لەپیاوێكی دەوڵەتی نەئەچون كە خاوەنی بەرپرسیارێتی وڵاتێك بێت  . ئەوە بوو هەرلەسەرەتاوە ئەم بەڕێزانە مینبەرەكانیان دایەدەست سەركردە سەربازیەكانەوە , وەك ئەوەى بیانەوێـت ئەوەى بەسیاسەت بۆیان بەدەست نەهاتووە  بەهەڕەشەو گوڕەشەى سەربازى بەدەستى دێننەوە  , لەكاتێكدا تەواو پێچەوانەى ئەمە ڕاستە , ئەو سەكرایەتیەى نەتوانێـت بە ڕێگە چارە سیاسیەكان  چارەسەرى گونجاو بخوڵقێنێت ,  ئەوا  لە سەركەوتنە سەربازیەكانیشدا ناتوانێت سودوەربگریـَت .
  بۆ چارەسەرى هەر قەیرانێكیش هەزار و یەك ڕیگەى جیاواز هەیە , خراپترینیان و دواهەمینیان ڕێگەچارەى سەربازییە .. كەى سەركردایەتیەك كلیلیى چارەسەرى دایەدەست سەربازەكانیەوە , ئەوا بەماناى ڕاگەیاندنی شكستى خۆى دێـت لە وەدیهێنانی چارەسەریەكی دروست . گەر ئەم لۆژیكەى فەشەلى سیاسیەكان بۆ هەر شوێن و كاتێكی تر جێگەى گفتوگۆكردن بیـَت , ئەوا بۆ واقعی ئەمڕۆى هەرێمی كوردستان تەواو دروست و ڕاستە , لەبەر ئەوەى هەموومان ئەزانین كێشەى ناوچەكانی ململانێ بەپێشمەرگە چارەسەر ناكرێـت , گەرهات و سەركەوتنێكی سەربازیش لەمەیدانەكەدا بەدی هات ,  ئەوا بەدڵنیاییەوە چارەسەریەك نابێـت قابیلى مانەوەو درێژە كێشان بێت , چونكە هاوسەنگی هێز , لە هەمو ڕەهەندە سەربازی و ئابورى و دێمۆگرافی و ستراتیجیەكانەوە لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستاندا نیە ,  بۆیە هەر لەسەرەتاوە خیارى سەربازی خیارێكی نادروست و بێفەڕە بۆكورد .
 ئاسانە تێبگەین لەوەى بۆچی سیاسیەكانى كورد  بەو خێراییە پەنایان برد بۆ چەكی پێشمەرگە ,چونكە هێنانە مەیدانی پێشمەرگە باشترین ڕوپۆشێكە بۆ ئەوەى چوار ساڵى خراپ بەڕێوەبردن و  تێكشكانی خۆیانی پێ ڕوپۆش بكەن ,  بەڵام ئەوەى بۆ تێگەیشتن زەحمەتە بۆچونی ئەو بەڕێزانەیە كە لە میدیاكانەوە كار لەسەر كێرڤی حەماسەتی خەڵك ئەكەن , بەشێكی زۆرى ئەمانە تائێستایش  بەمیزاجی سەردەمی شۆڕش و لەسەر (ڕیتمی فەرهاد سەنگاوی ) قسە ئەكەن , بێ لانی كەمی هەست كردن بە بەرپرسیارێتی و مەوزوعیەت بەرامبەر ئەو قسانەى كە ئەیكەن , وەك ئەوەى دەرمانی دەردی كورد هەر ئەو ئینشا حەماسیانە بێت , كە ئەمڕۆ زۆر بەزەحمەت لەشەقامی كوردیشدا كەسێكت دەست ئەكەوێـت گوێی بۆڕاگرێ  , ئەمە جگە لەو ڕاستیانەى كە پێشمەرگەى ئەمڕۆ 100% جیاوازە لەو پێشمەرگانەى ساڵانی هەشتاكان بەم گوتارە حەماسیانە پەروەردە ئەكران . ئەو سیاسەتەی ئەمڕۆ ئیدارەى هێزی پێشمەرگەى كوردستان ئەكات پێویستە تەواو جیاواز بێـت لەسیاسەتی وروژاندنی حەماسی جەماوەرى , چونكە ئەو پێنج ملیۆن خەڵكەى لەهەرێمی كوردستاندا ئەژى پێویستى بەسەقامگیرى سیاسی و ئابورى و كۆمەڵایەتی هەیە  , چونكە ئەو دەستكەوتانەى 17 ساڵى ڕابردوو لەسەر حسابی ژیانی ئاسایى خەڵكی كوردستان بەدەست هاتووە ناكرێـت هەر وا بەئاسانی بخرێتە گرەوێكی چارەنوسنادیارەوە  , هاوكات ئەو سەركردانەیش  بڕیارى سیاسی بۆپێشمەرگە دروست ئەكات ئەمڕۆ (پیاوانی دەوڵەتی ) Statesman كۆمارى عێراقی فیدراڵ و هەرێمی كوردستانن , نەك گروپێك چەكداری پارتیزان كە هیچ شتێكیان نیە  لە ململانێكەدا بیدۆڕێنن .  muhemedhusen@yahoo.com
 …………………………..
 
 ئەم نوسینە لەژمارە 464 ڕۆژنامەى هاوڵاتیدا بڵاوبوەتەوە , ئێستا بەكەمێك دەستكاریەوە بڵاو ئەكرێـتەوە .
 
 

Previous
Next

Leave a Reply