Skip to Content

Thursday, September 24th, 2020

گەڕان بەدواى دوژمندا…. عەزیز ڕەئووف

Be First!

… هیچ هێزێكى پۆلیسى لە دنیادا نیە بتوانێت سەرت پێ نەوى بكات، گەر لە ژیانى ڕۆژانەتدا نەختێك بەتەنگ ڕێزگرتنەوە بویتایە لە خودى خۆت…. ولیەم ڕایش
 
 یەكێك لە خەسڵەتە هەرە دیارەكانى دەسەڵات ئەوەیە كە دەیەوێت دۆست و دوژمنەكانى دیارى بكات. دیاریكردنى دۆست و دوژمن یەكێكە لە وەزیفەكانى دەسەڵات لە سنورێكى دیاریكراودا. ئەمەش زیاتر ئەو دەسەڵاتانە دەگریتەوە كە ئۆباڵى زۆرێك لە نەهامەتى و تراژیدیاكانى كۆمەڵگە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەویتر و هێزە دەرەكیەكان تاوانبار دەكەن، بەمانایەكى تر زیاتر ئەو گروپ و هێزانە دەگرێتەوە كە تاڕادەیەكى زۆر متمانەى شەقامەكانیان لەدەست داوە و بەگومانن بەرامبەر بە جەماوەر. وەها دەسەڵاتگەلێك نایەن كار لەسەر ئەو پاڵنەرە ناوخۆییانە بكەن كە ڕۆڵیان هەیە لە لاوازكردن و دۆڕاندنى متمانەى خەڵك، بەڵكو دێن و سەرجەم شكستەكان دەخەنە ئەستۆى دوژمنە دەرەكیەكان.
 مێژووى كورد پڕە لەم جۆرە دیاریكردنە. كەم نەتەوە شك دەبەین هێندەى كورد كە هێندە قەلەق بێت بەرامبەر بە دوژمن و ئۆباڵى زۆرێك لە نەهامەتیەكانى بخاتە ئەستۆى دوژمن. لە سەرەتاكانى سەرهەڵدانى بیرى ناسیۆنالیزم لە كۆمەڵگەى كوردیدا ئێمە خۆمان لەبەردەم ئەم جۆرە لە گوتارەدا دەبینینەوە. گوتارى ئەوەى كە دەسەڵاتە لۆكاڵیەكانى كورد كە كە لە كۆمەڵێك میرنشین پێك دێن، وە یەكێًك لە پاڵنەرە سەرەكیەكانى ڕوخانى ئەم میرنشینانە بە بێشك زلهێزەكانى ناوچەكە بووە. لە سەردەمێكدا كە ئیمپراتۆرەكان و سوپا زەبەلاحەكان ڕۆڵیان هەیە لە سڕینەوەى دەسەڵات  هێزە لۆكاڵیەكاندا، بێشك دەسەلاتە لۆكاڵیەكانى كورد دەبێت هێزە دەرەكیەكان بە دوژمنى سەرەسەختى خۆیان بزانن.
 مێژووى ئەدەبى كوردى لێوانلێوە لەم گوتارە. شاعیرانى كورد لە حاجى قادرەوە بۆ دڵدار و لە ئیبراهیم ئەحمەدەوە تا كامەران موكرى، دنیایەك لە شیعرى بەرەنگارى دەبینین كە لێوانلێوە لە بەرەنگارى و ئاگادراكردنەوەى دوژمن كە كورد هێزێكە سەربارى هێرشەكانى دوژمنە دەرەكیەكان كەچى هەر ناتوێتەوە و چانسى ئەوەى هەیە لەسەرپاى خۆى بوەستێت.
 لە دواى پرۆسەى ئازادى عیراق و هاتنى مارێز بۆ ئەم كۆمەڵگەیە، ئیدى ئەم جۆرە لە گوتار تاڕادەیەكى زۆر كاڵبوونەوە بەخۆوە دەبینێت. سەربارى بوونى هێزە زەبەڵاحەكانى وڵاتانى دراوسىَ بەڵام ئەوەى كە ڕۆڵى هەیە لە لاوازكردنى دەسەلاتى لۆكاڵى كوردى بێشك مۆتیڤە ناوخۆییەكانە. نوكتەیەكى گەورەیە كە هۆكارى لاوازبوون و شكستى ئەزموونەكەمان بە تەنها بخەینە ئەستۆى هێزە دەرەكیەكان و گروپ و هێزە غەیرە كوردیەكان، بەڵكو دەبێت چاو لە دەسەلاتى لۆكاڵى كوردى ببڕین و لەسەر ناشرینیەكانى هەڵوێستەى جدى بكەین.
 ئیستا ئەوەى بەتەنها هەڕەشە لە ئەزموونى كوردى دەكات لە كوردستانى عیراق سوپاى كەمالیەكانى توركیا و پاسدارانى كۆمارى ئیسلامى و سەربازە بەعسیەكانى سوریا و میلشیا خڵەكیەكانى باشور و ناوەڕاستى عیراق نیە، بەڵكو ئەوەى بەر لە هەر شت هەڕەشە لە ئەزموونى كوردى دەكات ئەوەیە كە دەسەڵات لەم دەڤەرەى ئێمە وەكو پێویست ناتوانێت مومارەسەرى دەسەڵات بەشێوەیەكى تەندروست بكات. ئەوەى ئیستا هەڕەشە لە ئەزموونەكەمان دەكات پەیوەندى بە دوژمنە دەرەكیەكانمانەوە نیە لەودیو سنورەكانەوە، بەڵكو پەیوەندى بەو دەسەلاتەوە هەیە كە ناتوانێت لە شەوێكدا یەك كاتژمێر كارەبا دابین بكات. ئەوەى هەڕەشە لەم ئەزموونە دەكات ئەو دەسەڵاتەیە كە لەم دەڤەرە كابینەیەكى حكومى پێك هێناوە، كەچى ناتوانێت یەك قوتو ئاوەتەماتە بەرهەم بێنێت. ئەوەى هەڕەشە لە ئەزموونى كوردى دەكات بەتەنها هێزە دینیەكان نین بەڵكو ئەو هێزە عەلمانیانەن كە بەناوى دیموكراسى و پاراستنى مافى مرۆڤەوە تاكەكانى ئەم كۆمەڵگەیەیان لە مرۆڤ خستووە.
 من دەزانم ئەوە دوژمنان بوون كە گوندەكانى كوردستانیان وێران كرد، بەڵام هەموشمان دەزانین ئەو دەسەڵاتەیە كە عومرى بەرەو بیست ساڵ دەچێت و كەچى لەجیاتى ئاوەدانكردنەوەى گوندەكان، خەریكى دروستكردنى گوندى ئەڵمانى و ئینگلیزی و فەرەنسیە و شارەكانیشى لە بێئاوى كارەبادا لە گوند دەچێت.
 ئەوەى هەڕەشە لە ئەزموونى كوردستانى عیراق دەكات ڕاپۆرتەكەى مایكڵ ڕۆبن و گوتارەكەى سایتى بى بى سى لە سەر گەندەڵى كوردستان و ڕاپۆرتى ڕۆژنامەوانوسە بیانیەكان نیە لەسەر بارودۆخى زیندانیەكان لەم دەڤەرە، بەڵكو ئەوەى هەڕەشە لەم ئەزموونە دەكات گوێنەگرتنە لە ڕۆشنبیران و نوسەران و تۆراندنى هەزاران گەنجى ئەم كۆمەڵگەیەیە لە دەسەڵات و حكومەت.
 ئیستا ئێمە لەبەردەم دۆخێكداین كە دەبێت لەناو خۆماندا بۆ دوژمن بگەڕێین. هەڵەیەكى گەورەیە گەر بەتەنها پێمان وابێت دوژمن لەدەرەوە و لەسەر سنورەكانەوە بە سوپا زەبەلاحەكانەوە وەستاون و چاوڕەێن ئەزموونەكەمان لەناوبەرن، دڵنیام ئەوە ئەگەرێكە، بەڵكو زیاد لەو ئەگەرەش دوژمنى كورد ئەو هێزە سیاسیانەن كە دەزگاكانى حكومەتیان لێوانلێو كردووە لە گەندەڵى.
 دوژمنى كورد بەر لە هەرشت پیوەندى بە مۆتیڤە ناوخۆییەكانەوە هەیە. لە شەقامە چۆڵەكانمانەوە تا گەنجە فەرامۆشراوەكان، لە ئۆفیسە پڕ لە گەندەڵەكانمانەوە تا بەرپرسە دەوڵەمەندەكانمان، لە لە دۆڕاندنى ئینتیماوە تا شكستە سیاسەكانمان.
 ئیستا بەتەنها دوژمن لە دەرەوە ئەزمونەكەمان ناخاتە بەر مەترسیەوە، بەڵكو دوژمن لەناو خۆماندایە و هێندە نزیكە پیویستى بە گەڕان نیە.
 
azizrauf2003@yahoo.com
 
 

Previous
Next

Leave a Reply