Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
ڵایکی فەیسبووک و سەرئێشەکانی

ڵایکی فەیسبووک و سەرئێشەکانی

Closed

 

 

 

ڵایکی فەیسبووک لەوە دەرچووە تەنها کلیکی ماوسێک بێت، بەڵکو گوزارشە لە سەرجەم هەستونەستەکانی خاوەنکلیکەکە. گوزارشە لە سەرەخۆشی، پیرۆزبایی، داخ، ئاسوودەیی، دڵخۆشی، سەرسووڕمان و دەیان دەربڕینی (phrase) تر. ڵایکی فەیسبووک لە ئێستادا و لەنێو  گێژاوی کێشمەکێشە چینایەتی، پیشەیی، مەعریفی و سیاسییەکاندا بووەتە مەکۆی ڕووبەرڕووبوونەوەی هێزە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان. جگە لەو وتار و کۆمێنتانەی لە فەیسبووک وەک ڕووداو بڵاو دەبنەوە، بە تەنیا کلیککردنی ڵایکی ڕووداوێک (event) دەتوانێت ببێتە مایەی بەیانکردنی هەڵوێست و کارکردنەسەر سەنگی ئەو ڕووداوە. ڵایککردنی ڕووداوە (events) سیاسییەکان لەنێو کۆمەڵگای ئێمەدا ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی پۆلێنکردنی مرۆڤەکان بەسەر فراکسیۆن و ڕەوتە جیاوازەکاندا. ڵایککردن بووەتە ئەرک، ئەرکێکی گران و هەمیشەییی ڕۆژانە، کە دەتوانین بە یەکتری بسپێرین. هەر ئەوەندەی فەیسبووکت کردەوە، بەردەوام ڕووداوەکان لە هاوڕێی جیاجیاوە سەرنجت ڕادەکێشن، خۆ ئەگەر یەکێک لەو هاوڕێیانە ڵایکی بۆ ڕووداوێکت کردبێت، ئەوا تۆیش ناچار دەبیت ڵایکی بۆ بکەیتەوە، گەر زانرا تۆ ئۆنڵاینیت (لەسەر هێڵیت)، بەڵام ڵایکەکەت نەکردووە ئەوە بەو مانایە دێت، کە تۆ هەڵوێستت وەرگرتووە و ڕاستەوخۆ لەسەرت دەکەوێت. دواتر بەرانبەرەکەت لە چاوەڕوانیدا دەبێت بۆ ئەوەی تۆ ڕووداوێک بڵاو بکەیتەوە، تاوەکو ئەویش بەبێ ڵایککردن بۆتی بە جێ بهێڵێت. زۆر کات بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵوێستە ناچار دەبیت بۆسە بنێیتەوە و چاوەڕوانی ڕووداوێکی بەرانبەر بیت تاکو ڵایکی خۆتی بۆ بکەیت و دۆخەکە ئارام بکەیتەوە.

ڕووداوێک لەبارەی ڵایکی فەیسبووکەوە مانگی ڕابردوو زۆر جێگەی پێکەنین و سەرسووڕمانم بوو،  لە تەقتەق کۆمەڵێک گەنج هەست بەوە دەکەن، کە دەستگای ئاسایشەکەیان لە ڕۆژانی ئاسایی و پشوودا ئۆتۆمۆبێلی دەوڵەتی بۆ کاری تایبەتیی خۆیان بە کار دەهێنن. ئەم پێشێلکارییە وا لە گەنجێک دەکات ئەو هەواڵە لە پەیجی فەیسبووکی خۆی بڵاو بکاتەوە و دواتر هاوڕێکانیشی ڵایکی بۆ دەکەن. کاتێک ئەم ڵایکە بڵاو دەبێتەوە و ژمارەکەی زیاد دەکات دەبێتە هۆی توڕەبوونی سەرجەم دەستگاکە. لەوێوە دەستگاکە سنووری بێدەنگی دەبەزێنێت و لە ڕێگای کۆکردنەوەی هێزێکەوە هێرش دەکاتە سەر لیستی ئەو ماڵ و ناوانەی ڵایکیان بۆ ئەو هەواڵە کردووە. ئەوەی من لە شاشەی کەناڵە ئاسمانییەکان بینیم، توڕەییی خاوەنی کۆمپیوتەر و هارددیسکان بوو، کە هێرشیان کرابووە سەر و لێیان پێچرابوونەوە.

بە بۆچوونی من کێشەکە لە دوو فاکتەرەوە سەرچاوەی گرتووە: فاکتەری یەکەم، بریتییە لەو کەموکوڕییانەی، کە لە لیستی فەنکشنەکانی فەیسبووک خۆیدا هەین. لەژێر ڕووداوەکانی فەیسبووکدا تەنیا (ڵایک)، کە بە مانای (حەزم لێیەتی) دێت، لەگەڵ (دیسڵایک)، کە بە مانای (حەزم لێی نییە) دێت. هەرچی (دیسڵایکە) کاتێک ئاکتیڤ دەبێت، کە پێشتر کلیکی (ڵایک)ت کردبێت ئەو کات دەتوانیت کلیکی (دسڵایک) بکەیت. کەواتە خەڵک ناچارن یان (ڵایک)ەکە کلیک بکەن، یاخود (دیسڵایک)ەکە، جگە لەو دووانە هیچ هەڵبژاردنێکی تری لە بەردەمدا نییە. نەبوونی ئەو دەربڕینانە لە ئێستادا لەسەر فەیسبووک زۆر کات دەبنە هۆی بەهەڵەلەیەکترتێگەیشتنی هاوڕێکان. هەرچەندە پێم وایە فەیسبووک خەریکی چارەسەرکردنی ئەو گرفتەیە، ئەویش لە ڕێگای دانانی کۆمەڵێک فەنکشنەوە لە جۆری (ڕقم لەو دیاردەیەیە)، (بە داخەوە)، (هاوبەشی غەمتم)، (دڵتەنگم بۆت)، (کارەساتێکی ناخۆشە)، زۆر جوانە، ….هتد. لێرەدا ڕەنگە خوێنەر بڵێت، بەڵام شوێنی کۆمێنتیشمان هەیە و دەتوانین ئەو شتە بنووسین، کە دەمانەوێت گوزارشت لێ بکەین. ڕاستە ئێمە شوێنی کۆمێنتنووسینمان هەیە، بەڵام کۆمێنتنووسینیش بە کۆمەڵێک کێشەی تەکنیکی گەمارۆ دراوە. لەو کێشانە دەشێت نەبوونی کیبۆردی پیتی کوردیی لاتینی بێت، تا بتوانێت گوزارشتەکان پڕمانا  بخاتە بەردەم خوێنەر. کێشەی تری کۆمێنتنووسین دەشێت نەبوونی کات بێت، یاخود نەبوونی شارەزایی تەکنیکی نووسین بە کیبۆردی کوردی و هەندێک وردەکاریی تر بێت. فاکتەری دووهەمی کێشەکە، لای بەکارهێنەری فەیسبووک خۆیەتی. زۆرێک لە بەکارهێنەرانی فەیسبووک بەشێکی گەورەی ژیانی خۆیان بۆ فەیسبووک تەرخان کردووە، بە ڕادەیەک کاتیان بۆ بەشەکانی تری ژیان نەهێشتووەتەوە. ئەو فەنکشنانەشی لە فەیسبووکدا هەن کارێکی وایان کردووە ئەو جۆرە کەسانە سەرتاپای ژیانی پیشەیی و تایبەتیی خۆیان بە کاڵی و کوڵاوی دەخەنە بەردەم هاوڕێیانی فەیسبووکیان بێ ئەوەی توانیبێتیان هاوڕێی نزیک لە هی دوور و هەردووکیشیان لە خێزان(family) جودا بکەنەوە. لای من ئەو جۆرە لە بەکارهێنانە زێدەڕۆییە. ڕاستە فەیسبووک تۆڕێکی کۆمەڵایەتیی بەهێزە و باشترین مەکۆی پێکەوەژیانی زۆرینەی کۆمەڵگایە و هەر لەوێوەیە ئێمە ئاگاداری چرکەساتەکانی یەکترین، بەڵام کاتێک کار گەیشتە ئەوەی من ڕۆژانە چەند ژەم و چ جۆرە خواردنێکم خوارد بیخەمە سەر فەیسبووک، ئیتر زێدەڕۆییەکە لەوێوە دەست پێ دەکات. هاتنەکایەی فەیسبووک وەک دیاردەیەکی نوێ کۆمەڵێک کەلتووری جوانی کۆمەڵگای وەدەر ناوە. بەکارهێنانی کاتێکی زۆر بە خوێندنەوەوە یەکێک بوو لەو کەلتوورانە، کە ئێستا بە هۆی فەیسبووکەوە وەلا نراوە. خەڵکی نەک هەر توانا و کاتی خوێندنەوەی بابەتی دوورودرێژ و لێکۆڵینەوەیان نەماوە، بەڵکو زۆر کات بۆ ئەو کۆمێنت و بابەتە کورتانەش تەنیا کلیکی ڵایکەکە دەکەن بێ خوێندنەوە، گرنگ ئەوەیە ڵایک بکرێت و بەرانبەرەکەی ڕازی بکات. یەکێکی تر لەو کەلتوورە جوانانە، کە فەیسبووک پێشێلی کردووە، ئەوەیە جاران پۆلێنکردنی تاکەکان لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەوە لە ڕێگای کۆنتاکی فیزیاییەوە و لە دانیشتنە ڕووبەڕووەکاندا دەکران، بەڵام ئێستا دوور لە کۆنتاکتی فیزیایی و زمانی جەستەوە تەنیا لە ڕێگای ڵایکەوەیە دەکرێت. پێگە ئەلەکترۆنییەکان بە گشتی و فەیسبووک بە تایبەتی، دەستکەوتی گەورەیان بۆ مرۆڤایەتی بەدی هێناوە، ئەویش گۆڕینی ئاستی بوونی هێزەکۆمەڵایەتییەکانە لە فیزیکییەوە بۆ مێتافیزیکی، لە بینراوەوە (visible) بۆ نەبینراو (non-visible). ئەمە بەو مانایە دێت، شوێنی پێکدادانی ئەو هێزانەشیان لەگەڵ خۆیاندا گواستووەتەوە لە بینراوەوە بۆ نەبینراو. لە ئێستادا هێزە کۆمەڵایەتییەکان لە بری ئەوەی بە فیزیکی و لە واقیعدا بەر یەک بکەون تەنها لە ڕێگای سیومبوڵەوە بەر یەک دەکەون. ئەو هێزانە لە بری ئەوەی بە ژمارەی ڕاستەقینە و بە کەس گوزارشت لە بوونی خۆیان بکەن لە ڕێگای ماڵپەڕ و فەیسبووکە ئەلکترۆنییەکانەوە تەنیا بە ژمارە خۆیان دەردەخەن. جێی خۆیەتی، گەر لێرەدا سیستمی بانکیی ئەلەکترۆنیی مۆدێرن وەبیر خۆمان بهێنینەوە، کە مرۆڤ لە بری قورسکردنی گیرفان و خولقاندنی ڕیسکی دزین و لەناوچوون لە ڕێگای هەڵگرتنی پارەی کاغەز و ئاسنەوە، تەنیا کارتێکی پلاستیکی هەڵدەگرێت، کە وەکو سیومبوڵێکە، بەڵام کۆنترۆڵی تەواوی سەرمایەکەی بۆ دەکات. لە ڕێگای ئەم دیاردە نوێیەوە دنیای ئەلەکترۆن و فەیسبووک توانیویانە پێکدادانە فیزیاییەکان لە خۆ بگرن (to contain) و نەیەڵن بەریەککەوتنە لە پانتایی واقیعدا ڕوو بدەن.  ئاکامی پێکدادانە فیزیاییەکان زۆرکات بووەتە مایەی وێرانکاریی، بەڵام ئیستا ئیتر ناتوانێت سنووری شاشەی لاپتۆپەکانمان ببەزینیت و هیچ وێرانکارییەکیش جگە لە کاریگەریی دەروونی بە جێ ناهێڵێت. بۆ نموونە، گەر باس لە دوو گرووپی دژبەیەک و ڕکابەری دووگۆڵی بکەین. کاتی خۆی ئەم دوو گرووپە بۆ دەربڕینی دژایەتی و بەتاڵکردنەوەی وزەکانیان هاتوونەتە سەر شەقام و پێکدادان لە نێوانیاندا ڕوویداوە، بەڵام ئێستا هەمان دوو گرووپ لە فەیسبووک شەڕەکانی خۆیان دەکەن بێ ئەوەی زیانی فیزیایی و جەستەیی بە یەکدی بگەێنن و بێ ئەوەی هیچ وێرانکارییەکیش بە جێ بهێڵن. لەم دونیا ئاڵۆز و پڕ لە ناکۆکییە ڕیشەییانەدا فەیسبووک توانیویەتی بمان پارێزیت لە سەدان و هەزاران شەڕ و پیکدادان. 

 

هەرچەندە فەیسبووک ئەو هەموو سوودەی هەیە و بزوێنەری سەرەکیی سەرجەم هێزە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانە، بەڵام مادام ئێمە تەنیا لە ڕێگای تێکست و وێنەوە یەکتر دەدوێنین، ڕووبەری ئارامی و دانبەخۆداگرتنمان زۆر تەسک  دەبن و ناشێت بە پێوەری سەرەکیی هەڵوێستەکانمان هەژمار بکرێن. 

 

 

ئاراس وەهاب

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.