Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ھاوپشتی لە كوردستان[باكوور]ەوە بۆ ڕاپەڕین لە تەقسیم (Taksim)

ھاوپشتی لە كوردستان[باكوور]ەوە بۆ ڕاپەڕین لە تەقسیم (Taksim)

Closed
by June 6, 2013 گشتی

 

 

 

وەڵامی ھاوڕێیانی (Amed Gever-Dersim Hattı) بە چەند پرسیارێك لەمەڕ خۆپیشاندانەكانی توركیە و ھەڵوێستگیریی كوردان لە باكوور لەو بارەوە

 

وەرگێڕان و ئامادەكردنی ھەژێن

٥ی جونی ٢٠١٣

 

وەك ھاوپشتی لەتەك ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەكان دژی دەسەڵاتی (AKP) كە لە باخچەی گەزی (Gezi Park)ی ئیستانبول تەقینەوە، لە ڕۆژانی ڕابوردوودا لە كوردستانیش [باكوور] ھەژمارێكی زۆر چالاكی بەرپاكران، لەوانە:


ئامەد (دیاربەكر)

لە شاری ئامەد (دیاربەكر) ڕۆژی ٣ی جونی ٢٠١٣ لەلایەن ژمارەیەكی زۆر خۆپیشاندەرەوە دروشمیگەلی ” (AKP) دەستبكێشەوە، دەستكێشانەوەی (AKP)!” بەرگوێ دەكەوتن. خۆپیشاندانەكان لەلایەن ژمارەیەك پارت و ڕێكخراوەی جەماوەرییەوە لە شاردا بەرپاكران. نوێنەری سكرتێری (ESP) ڕایگەیاند ” كە (تەقسیم) گۆڕاوە بە (مەیدانی تەحریر)”. لە درێژەی وتاردانەكاندا بەردەوام پێداگریی لەسەر ئەوە دەكرایەوە، كە خۆپیشاندانەكان چیتر تەنیا لەسەر پاراستینی درەختەكانی باخچەی گەزی نین، بەڵكو ڕاپەڕینێكی جەماوەریین دژی دەسەڵاتی (AKP).

 

دەرسیم

ھەروەھا لە شاری (دەرسیم) ڕۆژی ٣ی جونی ٢٠١٣ سەدان كەس وەك ھاوپشتی لەتەك ڕاپەڕینی باخچەی گەزی، بەرەو بنكەی سەرەكی پۆلیسی ئەو شارە ڕێپێوانیانكرد. خۆپیشاندەران لەلایەن پۆلیسەوە بە ئاوپرژێن و نارنجۆكی گازیی، پەلاماردران و زوو پەرتكرا.

 

ماردین

لە شاری (ماردین) سەندیكاكان و ڕێكخراوە سڤیلییەكان (NGO)ی شار، وەك ھاوپشتی لەتەك ڕاپەڕین لە تەقسیم-گەزی پارك، خۆپیشاندانێكیان ڕێكخست. ھەروا لە زانكۆی سێرت (Sêrt/Siirt) خۆپیشاندانێكی ھاوپشتیكردن ڕێكخرا.

 

جزیرە

لە شاری جزیرە (Cizîr) لاوان وەك ھاوپشتی لەتەك ڕاپەڕینی گەزی، شەقامی سەرەكی شاریان داخست و چالاكیان ئەنجامدا و سەنگەربەندییانكرد. بەو جۆرە لەتەك ھێزەكانی پۆلیسدا تووشی بەیەكدادان بوون و سەرەنجام ئوتۆمەبێلێكی پۆلیس (مودەرەعە) سووتێنرا.

 

ھەڵسەنگاندنی سەرەتایی شالیاریی نێوخۆ

لە یەكەمین ڕاگەیاندندا شالیاری نێوخۆی توركیە دانی بەوەدا نا، كە  لە خۆپیشاندانەكاندا ١٧٣٠ كەس دەستگیركراون. بەگشتی لە ٦٧ شاردا ٢٣٥ چالاكی ئەنجامدراون و نزیكەی ٢٠ ملیۆن  لیرە (نزیكەی ٨ ملیۆن یۆرۆ) زیانكەوتووە و دوو كوژراو ھەن.


كوژراوەكان

بەپێی زانیارییەكانی تا ئێستاكە، لە خۆپیشاندانەكانی سەرتاسەری وڵاتدا، دوو كەس كوژراون. یەكەم كوژراو لە گەڕەكی عومرانیە (Ümraniye)ی ئیستانبول بووە. لەوێ كاتێك كە خۆپیشاندەران ڕێگەی خێرا (Motorway) یان داخستبوو، ئۆتۆمەبێلێكی گومانلێكراو بەخێرایی تێدەپەڕێت و مەھمەت ئایڤالحتاش (Mehmet Ayvalıtaş) بەژێرەوە دەكات و دەبێتە ھۆی مردنی دەستبەجێی.

كوژراوی دووەم، لە شاری ھاتای (Hatay) بووە. لەوێ ئەبدوڵڵا جۆیمەرت (Abdullah Cömert)ی ٢٢ ساڵە بەپێی گەواھی بینەران بە گولـلەی پۆلیس كوژراوە. دەروبەری سات ٢٣.٥٥ خولەكی شەو، پۆلیس لە ئۆتۆمەبێلێكی (مودەرەعە)ەوە، تەقە لە خۆپیشاندەران دەكات. ئەبدوڵڵا جۆیمەرت سەری بە سەختی بریندار دەبێت و پاشان لە خەستەخانە گیانی لەدەستدەدات.  قسەكەری میری لە یەكەمین ڕاگەیاندا ئەوە ڕەتدەكاتەوە، كە ئەبدوڵڵا جۆیمەرت بە گولـلەی پۆلیس كوژرابێت و ڕایدەگەیێنێت، كە ڕووداوەكە لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكرێت.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.