Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
یاخی بوون … هەردی شەفیق

یاخی بوون … هەردی شەفیق

Closed
by March 11, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

دڵی من وەكو مۆمێك لەبەر ڕەشەبای ئەودا ئەكوژێتەوە 

ڕۆحم وەكو شوشەعەترێك ناسك لەژێرپێیدا ئەشكێت

وەكو پەرداخێك بادەی سەرئاگر خەریكە ئەبێت بەهەڵم 

من پێم ئەوت ئەم هەورانە لەدەستوخەتی خودائەچن

ئەوكاتەی سەربوردەی جوانی ئەنوسێتەوە 

ئیتر بۆنەبارێت ڕۆحی من لەوشەوەتاریكەدا كەباران مانی گرتووە لەبارین؟

ئیتر بۆ نەسوتێت دڵی من لەم وەرزەدا كەسێك دڵی بەمردنی پەروانەیەك ناسوتێت ؟

 

پایزێكیان 

خوێن وەكو تەرزە بەسەر هەڵاڵەكانی جوانیا ئەباری 

ئافات گوڵی بەباخچەكانی گەنجیەوە نەهێڵا

پیری وەكو هەرزەكارێك عاشق لەسەر سوچی كۆڵانەكانا ئەوەستا

چی سمۆرە هەبوو لەدارستان ڕۆحی خۆیانیان پاشەكەوت ئەكرد 

چی كۆترمان هەبوو لەوساڵەدا پەڕوباڵیان هەڵوەرین 

چی قەلەڕەشە هەبوو لەتاعونی ڕۆحی ئێمەیان ئەخوارد

باوكم ئەیوت ناڕازی بوونی گوڵە گەنمێك دڵی ئاسمان ئەڕەنجێنێ

بێزاری پەڕەسێلكەیەك وائەكات فریشتەكان شیری گوڵەگەنمەكان نەدەن

باران ئەباری‌و من چاوەڕوانی پەلكە زێڕینە بووم

باوكم ئەیوت پەلكە زێڕینەی دوای باران دڵنەرمی ئاو ئەكوژێت

شاتو ڕوسوری خۆی نەدات بەمردن 

كەون بەسەر دڵتەنگیدا ئەڕوخێت 

منیش ئەموت 

بائەم هەورە بەغەریبی لێرە نەڕوات دڵی پەلكە زێڕینەمان لێئەیەشێت 

بائەم كەروێشكە سپیانە بەفری ڕۆحمان جێنەهێڵن، دوایی جێپێی جوانی ئەتوێتەوە

باڕۆحی ئێمە لەم ئاگرەدا نەبێت بەدوكەڵ، دوایی ئاسمان بەبۆنكڕوزی ئێمە ئەخنكێت 

 

لەو دەمەدا بەرسیلە ئەبوو بەمێوژو تاقەتی نەبوو گۆچانەكەی هەڵگرێت

سمۆرە نەیئەتوانی بەدرەختەكانی عومریا هەڵزنێت 

درەختێكیش پشتی بۆ پیری ئەو دانەئەنەواند 

وتم باوكە من ئەڕۆم‌و جانتاكەم پڕە لەگوڵە گەنمی وشك بوو

كڵاوەكەشم هێلانەی ئەو هێلكانەی دایكیان مردووە

ئەڕۆم‌و بەدوای بەڕویەكدا ئەگەڕێم 

لەحزوری تێكەڵاو بوونی دوو پەروانەدا كڵاوەكەی دائەگرێت 

 

كاتی خۆی من گوڵێكم خۆشئەویست

لەچاوەڕوانی تەرزەدا ساڵەكانی تەمەنی ئەژمارد

من ئاسكێكم خۆشئەویست

هەمیشە بە جێ پێ خوێناویەكانیدا ئەمزانی لەكوێیە

پەروانەیەك دەستی هاوڕێیەتی بۆدرێژ ئەكردم لەئاویلكەدانا كوژرابوو

وەكو بێچوە شێرێك بەژێر بەفرا ڕۆیبێت 

ئێستاش ئەڕۆم‌و سەرو ڕیشم سپیە

وتم باوكە من بەدەم بایەكی شێتەوە ئەڕۆم 

وەك كۆلارەیەك دەزولەكەی دڵی بچڕابیێت

 

ستیانی ئەو كچە ئەكەم بەئاڵا دووپرتەقاڵی نائومێدی تیادا پیربوون

كفنی كچێك ئەكەم بەبەیداخ لەناویدا ڕۆحی كرم خواردی 

ئەڕۆم تاكو شێرەكان لەناو دڵی خۆیانا بكەم بەمۆم 

تاكو ئاسك ،شاجوانی دارستان

ناباوكە

ئەو جوانەی كەهەرگیز پێناكەنێت بخەمە پێكەنین

وەكو مەجنونێ‌ لەیلاكەی مردبێت بیر لەئاوەدانی ناكەمەوە 

وەكو فەرهادێك شیرینەكەی حاشای لەعەشق كردبێت 

 

ئەوەتانێ‌ باران حەوشەی ئەو هەتیووانە ئەڕوخێنێ‌ 

مۆمیان نیەو لەبەرتریفەی مانگدا دائەنیشن

باران بەسەر كڵۆڵی ئەو ژنانەدا ئەبارێت 

لەم شەوە بەهەورخنكاوەدا

بەدیار هەڵاتنی ئەستێرەیەكەوە چاوەڕوانی ئەیانكوژێت

وتم دایكە پێی بڵێ‌ 

ئەوەتا ئەو هودهودانەی زمانی سلەیمانیان ئەزانی ئێستا كەڕولاڵن

وتم لەم ڕەشەبایەدا باوكە باڕۆحی ئێمە بانەیبا

من‌و تۆ 

گۆرانیەكانمان لەسەر گۆڕەكان بەجێهێشت‌و لەناو دڵی خۆمانا بووین بەمردووشۆر

منو تۆ ڕەنگەكانی ئەم دونیایەمان دۆڕاندو بەهەشتێكی خۆڵەمێشیمان بردەوە بۆماڵ

 

شەوێكیان لەخەومدا خوێنی خوشكەكانم گوڵی دڵخۆشی ئێمەی ئاوئەدا 

دوای باران ئیتر پەلكە زێڕینە تاقەتی نەبوو بێتە ئاسمانی ئێمە 

موسافیرێك تابووتێكی ئەكرد بەبەلەم‌و بەناو ئاودا ئەڕۆیشت

كفنەكەی خۆی وەكو چارۆكە بەئاسمانەوە ئەشەكایەوەو

ئەستێرەكان سوجدەیان بۆ ئەبرد 

شەوێكیان لەخەومدا من مردبووم‌و جەنازەكەی خۆمم كردبووە كۆڵ

باوكم لەقەسابخانەیەكا ئاسكەكانی سەرئەبڕی 

پۆلە ئاسكێكی شیوەنگێڕ بەسەر ڕۆحی ئێمەدا ئەڕۆیشتن‌و

گوڵ لەجێپێكانیانا جێئەما

من لەسەر گۆڕەكەی بەختی خۆم ئەگریام‌و ئاسمان پێئەكەنی 

نازانم چەنێك گریابووم بەڵام ئیتر باوكم بەخەبەر هاتبوو

نازانم چەندگریابووم بەڵام ئینجانەی ماڵەكەمان خەریكبوو 

بەفرمێسكی من تینوێتی خۆیی ئەكوشت 

خەریكبوو لەناو گریانی منا پێكەنینی خۆیی سەوزئەكرد

كەچی لای لایەی دراوسێكانمان باوكمیان كردەوە خەو

 

شەوێكیان وتم لەژێر درەختەكانی چاوەڕوانیا خەریكەپیر دەبم 

لەچاوەڕوانی بارانێكی ئەم بیابانەدا دڵم خەریكە ئەبێت بەئاو

وتم باوكە

لەناو ئەو هەموو دڵبرینەدا تەبیبێكی ترمان ئەوێت ئازارەكان بپێچێت

 

هەموو ئەو ڕۆژانەم لێت ئەوێتەوە لەناو دڵشكانا تێپەڕی

ئەو ساڵانەم ئەوێتەوە لەناو تەلبەندەكانا گەزگەز باڵام ئەكرد

ئەو شەوانەم ئەوێتەوە كچان بەخوێنی خەونەكانیان لێوەكانیان سورئەكرد

بەڵام ئەو نەیئەتوانی تەنیا چركەیەكیشم بداتەوە

 

شەوێكیان ئیتر تەلبەندەكەم شكاندو 

وتم باوكە من زیندووم‌و 

نامەوێت گوێم لەشێوەنگێڕەكانی ئەم پرسەخانەبێت 

بەسەر تەرمەكەمدا ئەگرین 

ئاسكەكانیش دڵیان بەژیانی خۆیان خۆشەو 

من خوێنی ئەوان ناخۆمەوە

وتم من ئەژیم‌و بێدەنگی ناو ئەم گۆڕستانەم پێخۆشنیە 

وتم من زیندووم‌و 

پێویستم بەوە نیە بەم خیابانە مردووەدا بمگێڕن

هه‌ردی شه‌فيق

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.