Skip to Content

Thursday, September 24th, 2020

یاداشتی لێکگه‌یشتن له‌نێوان حکومه‌تی سوید وحکومه‌تی عێراق بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌نابه‌ره‌کان

Be First!
by April 22, 2008 گشتی

هیدایه‌ت مه‌لا عه‌لی……

هه‌ر وه‌ک هه‌موو لایه‌ک ئاگادارن که‌ وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌ستیان کردوه‌ به‌ هێرشێکی به‌رفراوان بۆ سه‌ر پانابه‌ران و به‌رده‌وام خه‌ریکن به‌ زۆره‌ ملێ ڕه‌وانه‌ی عێراق و کوردوستانیان ده‌که‌نه‌وه‌ ، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م  هێرشه‌دا هه‌ردوو ( حکومه‌تی عێراقی و حکومه‌تی کوردوستان ) ئینکاری ئه‌وه‌یان ده‌کرد که‌ هاوکاری وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌که‌ن بۆ گێڕانه‌وه‌ی په‌نابه‌ران ، به‌ڵام به‌هه‌وڵ و ماندوبوونی ( فیدراسیۆنی سه‌راسه‌ری په‌نابه‌رانی عێراقی و چه‌ندین ڕێکخراوی ئینسانی و کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌ی کوردی  ) ده‌رکه‌وت که‌ ئه‌م دوو حکومه‌ته‌ نه‌ک هه‌ر هاوکاری ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه نین به‌ڵکو ئه‌ندازیار و نه‌خشه‌سازی ئه‌م تاوانه‌ن ده‌رهه‌ق به‌ په‌نابه‌ران ، هه‌زاران ئینسان بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئارامگایه‌ک که ‌ژیانی تێدا بکه‌ن سه‌دان ناڕه‌حه‌تی و نه‌هامه‌تیان به‌سه‌ر هاتووه‌ ، ‌که‌چی ئێستا ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی ( عێراق و کوردوستان ) ته‌نها بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان بێگوێدانه‌ هیچ پڕنسیبیه‌کی ئینسانی و حقوقی په‌لکێشی وڵاتێکیان ده‌که‌نه‌وه‌ که‌بۆته‌ مه‌یدانی ئینسانکوژی و شه‌ڕی قه‌ومی و مه‌زهه‌بی و تایفی ،( حکومه‌تی عێراقی ) ته‌نها به‌نرخی کردنه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌یه‌ک و ناوه‌ندێکی نوێنه‌رایه‌تی ئاماده‌یه‌ ته‌واوی توانای خۆی بخاته‌ خزمه‌تی گێڕانه‌وه‌ی په‌نابه‌ران ،( حکومه‌تی هه‌رێمی کوردوستانیش ) بۆ ئه‌وه‌ی پیشانی کۆمپانیاو شه‌ریکاته‌ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کانی بدات که‌ کوردوستان ئارامه‌و ئه‌توانن  سه‌رمایه‌گوزاری بکه‌ن ، ئاماده‌یه‌ هه‌موو به‌ندوبه‌ستێک له‌سه‌ر حیسابی په‌نابه‌ران ئه‌نجام بدات ،( حکومه‌تی هه‌رێمی کوردوستان ) ده‌یه‌وێت به‌ گێڕانه‌وه‌ی په‌نابه‌ران  ئه‌و پێوه‌ره‌ پیشان بدات که‌به‌هۆی  ئارامی ناوچه‌که‌و  که‌شی گونجاو بۆ ژیانی خه‌ڵکی کوردوستان ئه‌وه‌تا وڵاتانی ئه‌وروپا خه‌ریکن په‌نابه‌ران ده‌گێڕنه‌وه‌ ، (حکومه‌تی هه‌رێمی کوردوستان) به‌ کردنه‌وه‌ی ده‌رگای فڕۆکه‌خانه‌کانی بۆ گێڕانه‌وه‌ی په‌نابه‌ران ، هه‌ڵوێستی کۆتایی خۆی ئاڕاسته‌ی کۆمه‌ڵگاو په‌نابه‌ران ڕاگه‌یاند ، تاکاربه‌وه‌ گه‌شت که‌( ووته‌بێژی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردوستان )( جه‌مال عه‌بدوڵا ) ڕایبگه‌یه‌نێت که‌ئه‌وان ناتوانن ڕێگری بکه‌ن له‌ به‌کار نه‌هێنانی فڕۆکه‌خانه‌کان بۆ نه‌گێڕانه‌وه‌ی په‌نابه‌ران ، چونکه‌ ئاسمانی کوردوستان تاکو ئێستا به‌ده‌ست هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکاوه‌یه‌و ئه‌وان بڕیار ده‌ده‌ن ، ئیتر ئه‌م لێدوانانه‌ ئه‌وه‌ی ئاشکرا کرد که‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ئاماده‌ نییه‌ به‌ر بگرێت به‌گێڕانه‌وه‌ی په‌نابه‌ران و ئاماده‌ نییه‌ ساده‌ترین به‌رگری له‌ مافه‌کانیان بکات ، ده‌سه‌ڵاتدارانی( عێراق و کوردوستان ) به‌رده‌وامن له‌ یاسایی کردنه‌وه‌ی گێڕانه‌وه‌ی په‌نابه‌ران و خه‌ریکن چه‌ندین ڕێکه‌وتنامه‌ ئیمزا ده‌که‌ن بۆ ئه‌م کاره‌ دژی ئینسانیه‌ ، ڕێکه‌وتنامه‌ی نێوان ( حکومه‌تی عێراق له‌لایه‌ن هوشیار زێباری و حکومه‌تی سوید له‌لایه‌ن نیکلاس ترۆڤی ) له‌ ( 2 ی شوباتی ) ئه‌مساڵدا له‌شاری ( به‌غداد ) ئه‌و ڕاستییه‌ی ده‌رخست که‌ ئه‌م حکومه‌ته‌ چه‌نده‌ به‌ده‌م  ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵکی عێراقه‌وه‌یه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش به‌ده‌م داواکاری و خواسته‌کانی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌وه‌یه‌ که‌ ‌تا ئێستا  مافی په‌نابه‌ریان وه‌رنه‌گرتووه‌ له‌‌ وڵاتانی ئه‌وروپا ، هه‌رکه‌س ئه‌م ڕێکه‌وتنامه‌ بخوێنێته‌وه‌ به‌ ووردی هه‌ست ده‌کات چه‌نده‌ فریوده‌رانه‌ نوسراوه‌ و چه‌نده‌ هه‌وڵ دراوه‌ وشه‌و بڕگه‌ی لاستیکی به‌کار بهێنرێت بۆ چاوبه‌ستی په‌نابه‌ران و ڕای گشتی ، ئه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆکی ته‌واو دژی ئینسانی ئه‌م ڕێکه‌وتنامه‌یه‌ ده‌رده‌خات ، به‌کار هێنانی وشه‌ی ( خواستی ئازادانه‌ ) یه‌ له‌ ڕێکه‌وتنامه‌که‌دا ، ئه‌بێت گه‌ڕانه‌وه‌ی ( ئازادانه‌ ) چ مانایه‌کی هه‌بێت بۆ که‌سانێک ژیانیان له‌ لێواری مه‌رگێکی شێنه‌یدایه‌ و ، دابڕانی ده‌یان ساڵ له‌ ئازیزو خۆشه‌ویستانیان به‌رده‌وامه‌ و هه‌تا ئێستاش چاره‌نووسیان وه‌ک ئه‌و به‌له‌مه‌ وایه‌ که‌ له‌ ده‌ریایه‌کی گه‌وره‌دا به‌بێ خاوه‌ن به‌پێی خواستی شه‌پۆله‌کان ڕێگا ئه‌کات ، ئه‌بێت ( گه‌ڕانه‌وه‌ی ئازادانه‌ ) چ مانایه‌کی هه‌بێت بۆ په‌نابه‌رانێک که‌ له‌ که‌مپه‌کاندا ڕۆژانه‌ ‌هێرش ده‌کرێته‌ سه‌ر ژیانی مه‌مره‌و مه‌ژییه‌یان و به‌ر‌ده‌وام ( پاره‌ و ئاو کاره‌با و هاتوچۆیان ) سانسۆری ده‌خرێته‌ سه‌رو کار به‌وه‌ گه‌شتووه‌ ( ئیمزا کردن له‌ پۆلیس ) بۆته‌ دیارده‌یه‌کی سه‌پێنراو به‌سه‌ریاندا ، په‌نابه‌رانێک که‌ سه‌دانیان له‌ که‌مپه‌کاندا تووشی نه‌خۆشی ده‌رونی بوون و به‌ ڕۆژ ده‌خه‌ون و به‌شه‌و جگه‌ره‌ ده‌کێشن ئاخو ( گه‌ڕانه‌وه‌ی ئازادانه‌ چ مانایه‌کی هه‌بێت ) له‌و‌ ڕێکه‌وتنامه‌یه‌ی که‌ ( هوشیار زێباری ) له‌گه‌ڵ ( نیکلاس ترۆڤی ) ئیمزای کردووه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نابینرێت گه‌ر ‌بۆ یه‌کجاریش بێت ( هوشیار زێباری ) داوای یان باسی ئه‌وه‌ بکات که‌ مافی په‌نابه‌ری بدرێت به‌و که‌سانه‌ی که‌ تاکو ئێستا مافی ڕه‌سمی په‌نابه‌ریان وه‌رنه‌گرتووه‌ ، ئه‌م ڕێکه‌وتنامه‌یه‌‌ لێسه‌ندنه‌وه‌ی مافێکه‌‌ له‌و ئینسانانه‌ی که‌ به‌ئاره‌زووی خۆیان جێگایه‌کیان بۆ ژیان هه‌ڵبژاردووه‌ ، به‌ڵام بۆ ( حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵات ) وه‌رگرتنی ئیمتیاز و کۆمه‌ک و به‌ڕه‌سمی ناساندنی هه‌لومه‌رجی سیاسی ئێستای ( عێراق ) ئه‌گه‌ر به‌ نیوه‌وناچڵیش بێت ، ئه‌بێت سه‌رجه‌م په‌نابه‌ران ئه‌و ڕاستیه‌ بزانن که‌ ئه‌م ( ڕێکه‌وتنامه‌یه‌‌ ) سه‌راسه‌ری ( عێراق ) ده‌گرێته‌وه‌ به‌ ( کوردوستانیشه‌وه‌ ) بۆیه‌ ده‌بێت که‌س به‌م ( ڕێکه‌وتنامه‌یه‌‌ ) دڵخۆش نه‌بێت که‌ ئه‌و ناگرێته‌وه‌ به‌تایبه‌ت ( په‌نابه‌رانی خه‌ڵکی کوردوستان ) کێشه‌ی په‌نابه‌ران له‌ ئه‌وروپاو وڵاتانی تر ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ ( حکومه‌تی عێراق و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردوستان ) چ زه‌مینه‌یه‌ک ده‌ڕه‌خسێنن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان که‌ نه‌یان ڕه‌خساندووه‌ ، به‌ڵکو په‌نابه‌ران کێشه‌ی نه‌بوونی مافی په‌نابه‌ری و ژیانێکی ئاسوده‌و ئارامیان هه‌یه‌ ، کێشه‌ی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و مناڵانه‌ی که‌ ئه‌وان جێیانهێشتن شیریان ده‌خواردو ئێستا ته‌مه‌نیان ( 15 ساڵه‌ ) به‌دیداری یه‌کتر شادببنه‌وه‌ له‌ جێگایه‌ک که‌ خۆیان پێیان خۆشه‌ ، نه‌ک ده‌یان پیلانیان بۆ بکێشن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ( عێراق و کوردوستان ) ئه‌م هه‌نگاوانی ( حکومه‌تی عێراق و کوردوستان ) وه‌ڵامی جیدی تری ده‌وێت ، چونکه‌ ( ئه‌م دوو ده‌سه‌ڵاته‌ ) به‌‌ ئاشکرا بوون و ڕاگه‌یاندنی  ( به‌ندوبه‌ست و ڕێکه‌وتنامه‌کانیان ) هێرشیان بۆ سه‌ر په‌نابه‌ران و  گێڕانه‌وه‌یان ، چۆته‌ قۆناغێکی تازه‌و پێویستی به‌ پیلانی تازه‌و ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تازه‌و خۆ ئاماده‌کردنی تازه‌ی هه‌یه‌ ، یه‌کڕیزی په‌نابه‌ران و ئاماده‌یان بۆ به‌رگری له‌ مافه‌کانیان به‌ پشتیوانی ( فیدراسیۆنی سه‌راسه‌ری په‌نابه‌رانی عێراقی و ده‌یان کۆڕو کۆمه‌ڵی ئینسانی و میدیا و کۆمه‌ڵه‌ی کوردی ) ده‌توانێت ئه‌م پیلانانه‌ هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌ ، بۆ  ده‌رخستنی ئه‌م ڕاستییه‌ ده‌یان ئه‌زموون له‌به‌رده‌ستدایه‌ ، بۆ بینینی ( ڕێکه‌وتنامه‌که‌ی نێوان حکومه‌تی عێراق و حکومه‌تی سوید ) سه‌یری ( ڕۆژنامه‌ی ) ژماره‌ ( 201 ) ی ڕۆژی ( پێنجشه‌ممه‌ ) ی ( 17 / 4 / 2008 ) بکه‌ن                   

20 / 4 /2008                                      
hidayat_malaali@yahoo.com

Previous
Next

Leave a Reply