Skip to Content

Friday, October 30th, 2020

یاداوەرییەكانی ڕۆژانی ٨ی مارچ

Be First!
by June 4, 2013 ژنان

 

 

 

 

ھەرچەندە ئەم ساڵێش بەتەمابووم بە وتارێكی ڕەخنەیی لە  شێوازی یادكردنەوەی ئەم ڕۆژە جیھانییە لە كوردستان و ھەوڵەكانی فێمینیزمی دەسەلاتخواز (بۆرجوازی)، بەشداری بكەم، بەڵام لە كۆتایی وتارەكەمدا ئەم بیرۆكە كۆنەیە [نووسینەی یاداوەریی و ئەزموونەكان]م بیركەوتەوە و بڕیارمدا ھەم پێش و لە (ڕۆژی ٨ی مارچ)دا ھیچ بڵاونەكەمەوە، چونكە بەداخەوە لەم ساڵانەی دواییدا ئەم ڕۆژە بووە بە ڕۆژی پاگەندەكردن بۆ خۆ و پارت و وێنەبڵاوكردنەوە و خۆكردنە ڕابەر و تڕۆھات و پووچگەرایی دیكەی لەو جۆرە ..تد .

بەپێی یاسای ڕەتكردنەوەی سەرەتا، ھەر شتێك كە پیرۆزبكرێت، یا پێچەوانە دەبێتەوە یا دواجار گەڵتەجاری و پووچگەرایی بەرھەمدەھێنیت؛ لێرەدا دوو نموونەی زیندوو لە پیرۆزگەرایی ئایینی و پیرۆزگەرایی عەلمانی دھێنمەوە، كە ھەر یەكە لە ئێمە بەجۆرێك لەتەكیاندا سەروكاری ھەبووە و بەپێی بەھەندوەرگرتنیان و وردبوونەوە و دەربەستبوون بەرامبەریان، تێگەییشتن و تاڕادەیەك وێنایەكی لەیەك نزیكمان لەلا دروستبووە یا دەبێت .

یەكەم: مەزارگە یا مەرقەدەكان بەدیاریكراوی مەزارگەی حەسەن و حوسەین لە كەربەلا ، كە سەرەتا جێگەی پارانەوە و شیوەن و شەپۆڕ بوون بۆ ئەوانەیەی بوونەتە (شیعە)یان. بەڵام بەپێی یاسایی ڕەتكردنەوەی دەستپێك، ھەنووكە یا ڕاستر بڵیم دەمێكە مەزارگە ئاینییەكان بوونەتە شوێن ژووانی دڵداران و تامەزرۆیانی سێكس و دەستبازی و … تد.

دووەم، ڕۆژی ٨ی مارچ و یەكی ئایار، كە من لێرەدا فرەتر قسە لەسەر ڕۆژی (٨ی مارچ) ڕۆژی یەكسانیخوازی ئازادیخوازان، دەكەم. زۆرێكمان بەسەرھاتی سووتان و خنكانی كرێكارانی مانگرتوو، كە زۆرینەیان ژن بوون و كرانی ئەم ڕۆژە لە ساڵی ١٩٠٨دا بە ڕۆژی جیھانی خەبات و ناڕەزایەتی بەرامبەر ستەم و ھەڵاواردن لە ژنان، دەزانین و لێرەدا پێویست بە چەندبارەكردنەوە ناكات. بەڵێ ئەم ڕۆژە بە سووتانی كرێكارانی مانگرتووی كارخانەیەك واتە پەژارە و ناخۆشی و پاشان بە سیمبولكردنی لە ١٩٠٨دا بۆ ناڕەزایەتی بەرامبەر ستەم و ھەڵاواردن درێژەی دەبێت و لە ئێستاشدا كراوەتە بۆنەیەك بۆ ئاھەنگی مەیخواردنەوە و سەماكردن و پاگەندەی پارتەكان و وێنەپەخشانكردنی كەسانی خۆبەڕابەرزان. دیسانەوە، لە نموونەی دووەمیشدا لەتەك ھەمان سەرەنجامی یەكەمدا ڕووبەڕووین و كۆتاییەك دەبینین، كە ھیچ پەیوەندییەكی لەتەك سەرەتاكەیدا نییە، بەڵام لە ھەردوو بارەكەدا دوو خاڵی نێوكۆیی بەیەكەوە دەیانبەستێتەوە، یەكەم پیرۆزكردن و دووەم، ڕەتكردنەوەی سەرەتا و دژوەستانەوە لەتەك ئامانجی سەرەتایی.

بەم پێشەكییە كورتەوە، دەست بە كەشكۆڵی یاداوەرییەكانمدا دەكەم و ئەوەی لەبیرممابێت، ھەوڵدەدەم بۆ ئێوە خوێنەرانی ھێژای بگێڕمەوە …

ساڵی ١٩٨٣ كە لەتەمەنی ١٤ ساڵیدا بووم بە پێشمەرگەی كۆڕەك، ھەم لەتەك بیری سۆشیالیستی بەشێوە ئایدیالیستییە* ماركسیستەییەكەی ئاشنابووم و ھەم بە خوێندنەوەی نامیلكە پڕ زانیارییەكەی (ئافرەت لەمێژوودا) نووسینی ھەڤاڵ كوێستانی تێگەییشتنێكی سەرەتاییم لەسەر پرسی ھەڵاواردن و ستەمی مێژوویی لە ژنان، لەلا  دروستبوو.**

ئیدی لە ساڵی ١٩٨٤ەوە، من كەوتمە پاگەندە و لە قاودانی جیاوازی و ستەم لە ژنان و بەپێی دەركی سەرەتایی و كرچوكاڵی ئەوسام، كەوتمە ئاشناكردنی كەسەكانی دەوروبەرم لەو بارەوە. بەڵام ھاوكات ئاشنابوونم بە ڕادیۆ كۆمەڵە [كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی بەشی ئێران]، كە دەیان فەرسەخ لەچاو (كۆڕەك)، كە من ئەندام و لایەنگری بووم، لەپێشتر بوو و بابەتە ڕۆژانەییەكانی ئەو ڕادیۆیە، ڕۆژ بە ڕۆژ منیان ڕادیكاڵتر دەكردەوە و بابەتەكان بەڕادەیەك كاراییان لەسەر من بەجێدەھیشت، كە لە كۆتایی ھەشتاكانی سەدەی ڕابوردوودا، لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا لە كاروباری نێوماڵدا بەشداریم دەكرد و خۆم پۆشاكەكانی خۆم دەشتن و لە چێشتلێنان و خاوێنكردنەوەی نێوماڵدا بەشداری و ھاریكاریی خوشكەكانم دەكرد و ھیچ بەلامەوە گرنگ نەبوو، كە كوڕان و پیاوانی وڵاتەكەم چۆن سەیرمدەكەن و چی دەڵین، ھەموو ڕۆژێكی ٨ی مارج ھاودەنگی ڕادیۆ كۆمەڵە ھەوڵمدەدا بەگوێی ھاوەڵان و ناسیاوانمی بگەیڼنم و لە پڕمەترسیترین شوێندا دەنگی ڕادیۆكەم تەواو بەرزدەكردەوە، تاوەكو ژنانی كۆڵان و بەلایەنی كەمەوە، خوشكەكانم گوێییان لێبێت و بەرامبەر ستەمێك كە لێیاندەكرێت، ھەستەوەر ببنەوە.


٨ی مارچی ١٩٩٢، سلێمانی: 

 

ئێمە كۆمەڵێك چالاكی (پیاوی) بەشی ئاشكرای ڕێكخراوی ڕەوتی كۆمونیست بووین و بە ھاریكاریی كۆمەڵێك لە چالاكی (پیاوی) ڕێكخراوە چەپەكانی دیكە، خەریكی خۆئامادەكردن بووین بۆ بەرپاكردنی مەراسیمی ٨ی مارچ، بێجگە لە ئامادەكردنی پۆستەر و نووسین و بڵاوكردنەوەی بانگەواز و ھەڵواسینی پۆستەرەكان، دەبوو ھەر ئێمەی پیاو سەردانی فێرگە و فەرمانگە و ڕێكخراوە و كۆمەڵەكانی بەناو ژنان بكەین. ڕۆژیكیان لە تەك ھاوڕێیان (فاروق محەمەد و بیھنام محەمەد) چووینە فێرگەیەكی ئامادەیی كچان لە گەڕەكی (مەجید بەگ) یا (كارێزە وشك) بوو، بە كۆمەڵێك كارتی بانگەوازەوە چووینە نێو پۆلەكان و لە یەكێك لە پۆلەكاندا مامۆستاكە بەگەرمی پێشوازی لێكردین و  گوتی ” كچینە ھەستن” بەخێرھاتنی كردین و بە دەستڕاكێشان بۆ من گوتی ” با بزانین ئەم برادەرە لە فەرنسەوە چی بۆ ھێناوین” منیش پێكەنین گرتمی و زانیم كە مەبەستی لە سمێڵتاشراوییەكەمە، سوپاسمكرد و  دەستم بە قسەكردن بۆ خوێندكارەكان كرد، بەڵام كچەكان ھەر بە قسەی مامۆستاكە و سمیڵتاشراوییەكەی من پێدەكەنین، وێڕای ئەوەش لەتاو پەلەقسەكردن و كارایی زمانی فارسی بەسەرمەوە، زۆر لە قسەكانم نەگەیشتبن.

 

ڕۆژی دوایی دیسانەوە لەتەك ئەو دوو ھاوڕێیەدا چووینە سەردانی بنكەی ڕێكخراوەكانی بەناو ژنان، لەوانە یەكێتی ژنانی سەر بە (ینك) و كۆمەڵەی ژنانی سەر بە (حشع)، ئەگەر ناوی ڕێكخراوەكانم بەباشی لەبیرممابێت. دیسانەوە بە سەرسووڕمانەوە سەیریان دەكردین و بەلایانەوە سەیربوو، پیاوان بانگەواز بۆ یەكسانی ژن و پیاو  بكەن، بێجگە لەوە ژنانێك كە لە بنكەی ڕێكخراوی ژنانی (ینك)دا بوون، ڕەخنەیان لە پاگەندەی ئێمە ھەبوو، كە دژی كوشتنی ژنانێك بووین بەبیانووی شەرف و نامووسەوە. ھەروەھا قسەیان لە “عادات و  تقالید”ی كوردەواریی دەكرد و ئێمەش پێمانگوتن، ئێمە بێجگە پێداگرتنەوەمان لە دژایەتی ڕەشەكوژی ژنان بەناوی شەرف و نامووس و سیخوڕیی بەعسەوە، وتمان تەنیا ھاتووین كە بۆ مەراسیمەكە میوانداریتان بكەین و بەس، دەتوانن بێن لەوێدا ڕەخنەی خۆتان بگرن. ھەروا لەلای خاتوونەكانی بنكەی كۆمەڵەكەی سەر بە (حشع)یش لەتەك پێشوازی گەرموگوڕ ڕووبەڕوو نەبووینەوە و وتیان ئێمە بەخۆمان بەو بۆنەوە ئاھەنگ دەگێرین.

 

ڕۆژی ٥ی  مارچ، واتە سێ ڕۆژ پێش مەراسیمەكە، ھەواڵمان بۆ ھات، ھاوسەری ھاوڕێیەكمان، كە بڕیار بوو لە ڕۆژی ٨ی مارچدا  بڕگەكانی مەراسیمەكە پێشكەشبكات، لەلایەن براكەییەوە، كە چەكداری بزووتنەوەی ئیسلامی بوو، دەستی بەسەردا گیراوە و ھەڕەشەی سەندنەوەی لە ھاوسەرەكەیان لێكردووە، ئێمەش ئەو كات خوێنگەرم و بڕوا پۆڵایین بووین و لەتەك ھەمان دوو ھاوڕێدا، بە ئاوەزی ئەوسامانەوە چووینە سەر ماڵی كابرای حەرەكە و پەیامی خۆمانمان بۆ بەجێھێشت، بۆ ڕۆژانی دواتر ڕێگەیان ڕێگەیان بە ھاوڕێكەمان دابوو بگەڕێتەوە لای ھاوسەر و مناڵەكانی، بەمەرجێك بەشداری پێشكەركردنی مەراسیمەكە نەكات.

 

ڕۆژی دواییتر، لەتەك دوو ھاوڕێی دیكەی ( ئاوارەی كەركووك)دا كە بەیەكەوە لە (ھوتێل سۆمەر) لە ئەسحابەسپی دەژیاین، چووین بۆ پۆستەرھەڵواسین و دەمەو ئێوارە كە خەریكبوو لە تەواوكردنی ھەڵواستینی پۆستەرەكاندا ببینەوە، لە سەرەوە بەرەو بەردەركی سەرا دەھاتینەخوار، لە نزیكی باڵاخانەی ئاساییش خەریكی ھەڵواسینی پۆستەر بووین، دیتمان خاوەنی ھوتێلەكە بە پۆشاكی پۆلسیی و كۆمەلێك ئەستێرە و نیشانەوە بەرەو سەرەوە دێت و ئێمەی بینی و ئێمە ھەندێك خۆمان خەریككرد و بەملا و بەولادا ڕوومان وەرگێرا، تاوەكو بەباشی نەمانبینێت، بەڕاستی خەممان لێنیشت، خەم نەك ترس، چونكە ئێمە بە ئاشكرا چالاكیماندەكرد و كۆمەڵگەش ھێشتا ورەی سەردەمی ڕاپەڕین بەرینەدابوو، تەنیا خەمی دەركردنمان لە ھوتێلەكە ھەبوو، چونكە كەسمان ماڵمان لە سلێمانیدا نەبوو، ڕاستییەكەی ھەرچەندە زۆربەی پۆستەر و جیاكردنەوە و دەقكردنی كۆپییەكانمان لە ژووری ھوتێلەكەدا دەكرد، وەك دواتر بۆمان دەركەوت، لەوە دەچوو ئێمەی نەناسیبێتەوە. مەترسییەكەش ئەوەبوو، ئێمە بەناوی ئاوارەی كەركووكەوە لەوێ دەژیاین و لە ڕاستیشدا بێجگە لە من، ھەمووان ئاوارەی كەركووك بوون و ھاوڕێیەكمان لەوێ كارێكی دەستكەوتبوو، خەمەكەشمان ئەوەبوو، كە ھەم ھەموومان لانەواز دەبووین و ھەم ئەو ھاوڕێیەمان، كە بێجگە لە یارمەتییەكی كەم لەلایەن ڕێكخستنەوە، تەنیا سەرچاوەی داراییمان بوو.

ڕۆژی پێش، ٨ی مارچ واتە ٧ی مارچ، دیسانەوە لەتەك دوو ھاوڕێیەكی ڕۆژی یەكەم (فاروق محەمەد و بیھنام محەمەد)دا  خەریكی بڵاكردنەوە و  ھەڵواسینی بانگەوازی مەراسیمەكە بووین، گەیشتینە ئەو كۆڵانەی كە مەیدانی دارەسووتاوەكە و شەقامی بەردەم دادگەی سلێمانی بەیەكەوە دەبەستێت، گوێمان لە دەنگی چەند تەقەیەك بوو، تا ئێمە گەیشتینە ئەوێ، بوو بە قەرەباڵخی و وتیان چەند چەكدارێك تەقەیان لە دوو ژن كردووە و بێجگە لە پێوەبوونی ژنەكان، مناڵێكی شتفرۆش لەوێدا برینداربووە. [دواتر ساڵی ١٩٩٧ ئەم بەسەرھاتەم كرد بە چیرۆكێك بەناوی (خەرمانەی مەرگ) لە گۆڤاری پاژێی ھونەریی (ژیلەمۆ)دا بڵاومكردەوە].

ڕۆژی ٨ی مارچ، ئەگەر باش لەبیرممابێت، مەراسیمەكە لە ھۆڵی ھونەرمەندان بوو، لەسەر شانۆكە سەرقاڵی ڕازاندنەوەی دیوارەكان و ڕێكخستنی كارەبا و پێداویستییەكانی دیكەبوون و بەپێچەوانەی ڕۆژانی پۆستەھەڵواسین و بانگەوازەوە، كۆمەلێك لە ھاوڕێیانی ژن چالاكانە سەرقاڵی ھاریكاری و  خۆڕێكخستن بوون، لەو كاتەدا خاتوونێك كە پێشتر ناوم بیستوو و لە دەمی ڕاپەڕیندا یەكێك بووبوو لە چالاكانی (رێكخراوی ژنانی شۆرشگێڕ)، بەجۆرێك ناڕەزایەتی لە بوونی ئێمە لەسەر شانۆكە دەربڕی. ھۆكارەكەشی تەنیا خۆشنەھاتن و سكتاریزمی ڕێكخراوەیی بوو، چونكە ئەو سەر بە گروپێكی دیكەی چەپ بوو یا ڕاستر بڵێم یەكێك بوو لە ئەندامە باڵاكانی ڕێكخراوەكەی، لەو كاتەدا كیژۆڵەیەكی ھەژار كە كراسێكی كوردی سەوزی پۆشیبوو و كەوشێكی جۆری كالەی سپی لەپێدا بوو و وەك خۆی وتی، كراسەكەشی بە قەرز لە ھاوەڵەكانی وەرگرتبوو، لەتەك مندا خەریكی چاككردنی شتێك بووین، ئەگەر باش لەبیرممابێت، پێموابێت ناوی (لیمۆ) بوو، وەك سەرسوومانێك سەیرێكی منی كرد و منیش لام لە خاتوونە خۆبە ڕابەرزانەكە كردەوە و وتم، جا بەڕێزم، دوێنێ و پێرێ و ھەفتەیەك لەمەوبەر لە كوێ بوویت، بۆ نەھاتی لەكاتی پۆستەر ھەڵواسین و بڵاوكردنەوەی كارتی بانگەواز و سەردانی لایەنەكاندا بەشداریی بكەیت، بۆ نەھاتی و پێمانبلێیت “ئەوە چی دەكەن لەم ناوە، بۆ ناڕۆن”  و بەخۆت كارەكانت ئەنجامبدایێین؟ ھەستمكرد، قوڕگی پڕ بوو لە گریان و نەیتوانی وەڵامبداتەوە، ھەرچەندە مەبەستم برینداركردنی نەبوو و تەنیا مەبەستم وەڵامدانەوەی سكتاریزمی ڕێكخراوەكەی بوو، كە لەو كاتەدا  و لەو شوێڼەدا وای لیكردبوو، كە ئاوا بەرخورد بە ئـێمە بكات، لەتەك ئەوەشدا پەشیمانبووم لەوەی كە وەڵاممداوەتەوە و بە پرسیارەكانم تەنگەتاومكردووە.

پاش كەمێك ھۆڵی مەراسیمەكە لە ھاتنی ژنان و پیاوان بەدەم بانگەوازەكەوە، جمەی دەھات و جێگە نەدەبووەوە و كەسانێك لەبەرە نەبوونی جێگە، ناچار لە دەرەوەی ھۆڵەكە وەستابوون، مەراسیمەكە دەستیپێكرد و وێڕای ئەوەی كە زۆربەی كارەكان و ئامادەكارییەكان و لێپرسراوەتییەكان ئەندامانی بەشی ئاشكرای ڕێكخراوەكەی ئێمە لە ئەستۆی گرتبوون، بەڵام لە كۆمیتەی مەراسیم و لە دەستەی پێشكەشكردنی مەراسیمەكەدا، رێكخراوە ھاوخەتەكانی دیكەمان بەشداركردبوون، كەچی سەرەرای ئەوەش یەكێك لە ئەندامانی ڕێكخراوەكەی دیكە (ھاوڕێكخراوی ئەو خاتوونەی كە پڕتوبۆڵەی بەسەر ئێمەدا دەكرد) ھەلی قۆستەوە و بە ڕاوەشاندنی بانگەوازی مەراسیمەكە، كە كارتێكی نیوەلاپەڕەیی بوو و ناوی رێكخراوەكەی ئێمەی لەسەر بوو، وتی ” میوانە بەڕێزەكان ئەمە دەبین، ئەمە ھی كۆمیتەی مەراسیم نییە و ئەو ڕێكخراوە ناوی خۆی لەسەر داناوە”***

لەم ساتەدا ھەڵوێستێكی زۆر جوان و ناسكتاریستانە و لێپرسراوانەم لە ھاوڕێیانی خۆمان دیت و وێڕای ئەم ھەوڵە سكتاریستی و شێوێنەرانە، ھاوڕێیانی ئێمە بە وتار و چالاكییەكانیان ھەستان و ھیچ بارگرژییەكیان دروستنەكرد. ھەڵبەتە مەبەستم ئەوە نییە، كە بڵێم ڕێكخراوەكەی ئەو كاتی ئێمە سكتاریست نەبوو، نا تەنیا مەبەستم ساتەكانی ئامادەكاری و بانگەواز و پەخشكردنی پلاكارت و كارەكانی دیكەی مەراسیمەكەیە، كە زۆربەی لە ئەستۆی ئێمە بوو، ئەوكات ڕێكخراوەكانی دیكە، ھەرچەندە بۆ دەزگە سیخوڕییەكانی پارتەكانی بەرەی كوردستانی و ڕژێمی بەعس شاراوەنەبوون، بەڵام لەبەرامبەر ئێمەدا خۆیان بە نھێنی دەزانی و ئاوا خۆیان نیشاندەدا.

 

٨ی مارچی ١٩٩٣، باخچەی گڵكەند، یەكەم كۆبوونەوەی پێكھێنانی كۆمیتەی مەراسیمی ڕۆژی جیھانی ژنان

 

ھەر وەك ساڵی پێشوو لەنێوندی ڕێكخراوە چەپەكان و چالاكانی ئەو ڕۆژگارەدا، كەوتینەوە خۆ بۆ ئامادەكاریی و ھەڵخراندنی جەماوەریی بۆ مەراسیمی ٨ی مارچی ١٩٩٣. یەكەم كۆبوونەوەمان لە باخچەی گڵكەند لە پێشنیوەڕۆی یەكێك لە ڕۆژەكانی كۆتایی وەرزی زستاندا بوو، كۆمەلێك كۆبووینەوە. لێرەدا بەپێی لەبیرمان و ناوەكانی ئەو كاتیان كە من دەمناسین، ئەم كەسانە بەشداربوون ؛ ھاوڕێیان نەزمیە، شاناز، عەزیمە، مەمەخان، ئەختەر حەسەن، چنار حەسەن، كاوە حەسەن، سیروان عەلی، د. ئەمین، جەمال كرێكار، شاپوور عەبدولقادر، قابیل عادل، ھیوا محەمەد، ئارام عەلی، یوسف (جەعفەر عەلی)، بەختیار (ھۆنەر)، بەختیار (كرێكاری كارەبا)، ھیوا كەریم، سۆران كەریم، ڕێبوار مدحەت، گۆران عەبدوڵڵا، ئاكو محەمەد عەلی و ….. بەداخەوە من ھەر ئەم ھاوڕێیانەم لەبیرن، ھیوادارم ھاوڕێیانێكی دیكە بە سەرنج و پەیام ناوی ھاوڕێیانێكی دیكە، كە من لەبیرمچوون، بنووسن، تاوەكو لە تازەكردنەوەی ئەم یاداوەرییەدا ناوەكانیان زیادبكەم، ھەروەھا داوای لێبوردن دەكەم، كە ناوەكانم بەو جۆرە نووسیون، كە ئەو كات پێی ناسراون، نەك بەو جۆرەی كە بەخۆیان لە ڕاستیدا ناویان چیبووە و ئێستا چ ناوێكیان ھەیە]

پاش ئەوەی مشتومڕ لەسەر چۆنیەتی دابەشكار و دروشم و بەشەكانی بەرنامەی مەراسیمەكە و لەپێش و پاش دانانی وتاری ڕێكخراوە ڕامیارییەكانی ئەو كات ( ڕەوتی كۆمونیست، خەباتی كۆمونیزمی كرێكاری، ھەستەی كرێكار)، كرا، دەستەكانی (لێژنەكانی) كاركردن و ئامادەكاری دیاریكران و من وەك ھاوڕێیانی دیكەی (شققە)، ھەم لە دەستەی پاگەندە و ھەم لە دەستەی ھونەرییدا بووین. ھەڵبەتە ئەو ساڵە بڕیاردرا ژنانی ئامادە لە كۆمیتەكەدا بەخۆیان بە بڵاوكردنەوەی پۆستەر و كارتی میوانداری مەراسیمەكە ھەستن و ئێمە ھاوڕێیانی شققە  (مامە كەریم، ڕێباز كەریم، ڕێبوار میدحەت، سۆران كەریم، ھیوا كەریم و ئاكۆ محەمەد) و ھاوڕێ سیروان عەلی و ھاوڕی فایق سەعید، دووراودوور چاودێری و ئاگادارییان بكەین، نەكا ڕووبەڕووی توندوتیژی پیاوانی دەسەڵات و گروپە ئیسلامییەكان ببنەوە. 

ھەر  لە كۆتایی ئەو كۆبوونەوەدا بوو، كە من لەتەك ھاوڕێیانی ژنانی نێو كۆمیتەكەدا پێشنیاری ئەوەم كرد، ئەم مەراسیمە وەك ھەلێك بقۆزنەوە و كۆمیتەی ئامادەكار و ڕێكخەری ڕێكخراوی سەربەخۆی ژنان، ڕابگەیێنن، بەڵام بەداخەوە ئەم پێشنیارەی من وەك زۆربەی پێشنیار و دەستپێشخەرییەكانی دیكەی من لە ماوەی نێوان ئۆگوستی ١٩٩٢ و  جولای ١٩٩٣دا، لەلایەن سەرپەرشتیكاری بەشی ئاشكرای ھەولێری (ڕێكخراوی ڕەوتی كۆمونیست)ەوە وەك دژایەتییەكی كەسیی بەرامبەر بە ئامادەبوونی من لە ھەولێر، ڕەتكرایەوە.

سەرلەبەیانی ڕۆژی ٨ی مارچ، ھۆڵی ڕۆشنبیری لە ھەولێر، كۆمەڵێك لە ھاوڕێیان خەریكی پڕۆڤەی سروودەكان بووین، یەكێك لەو ھاوڕێ ژنانەی كە بڕیار بوو، پێشكەشگەری بڕگەكانی مەراسیمە بێت، بانگی كردم و وتی ھاوڕێ من ناتوانم ئەو كارە بكەم. زۆر پەرێشان بوو و گوڕگی پڕ بوو لە گریان. براكانی فشاریان خستبووەسەری و ھەڕەشەیان لێكردبوو، كە نابێت ئەو كارە بكات. زۆر پەرێشان و دڵتەنگ بوو. بۆ من دووبارەبوونەوەی ھەمان ئەزمووونی پارساڵی مەراسیمی ٨ی مارچی سلێمانی بوو، ھاوڕێیانێكی ئاوا خۆبەخش و فیداكار و چالاك لەلایەن باوك و براكانییانەوە فشارێكی دەروونی زۆریان دەخرایەسەر . ھەرچۆن بوو، گرفتەكەمان چارەسەركرد و ھاوڕێ شلێر ڕەشید، ئەو ئەركەی لە ئەستۆگرت، ھەرچەندە خەمی ئەو ھاوڕێیەمان باڵی بەسەر زۆرێكماندا كێشابوو، بەڵام بە توانا و ئامادەیی ھاوڕێ شلێر بڕگەكانی مەراسیمەكە بە سەركەوتوویی پێشكەشكران.

وەك ھەموو مەراسیمێك، كە ئێمە لەو بوارەدا وەك كەسێكی شارەزا و پیشەییمان لێھاتبوو، بەخۆشییەوە لە ھەوشەی ھۆڵەكەدا لەتەك كۆمەلێك خوێنداكاری زانكۆ و پەیمانگاكان قسەوباسمان دەكرد و لەتەك ھاوڕێ (عەزیمە) قسەمان لەسەر پەیوەندی ڕێكخراوەیی و چۆنیەتی پێشكاریی و ئامادەكارییمان بۆ ڕێكخراوی ژنان دەكرد، كە بە بۆچوونی من ماتریاڵی وەھا ڕێكخراوەیەك لە ئارادابوو، تەنیا لەسەر بڕیاردان و لێبڕاویی خودی ھاوڕێیانی ژن وەستابوو، ھەڵبەتە من یەكێك بووم لەوانەی كە دژی وابەستەیی ڕێكخراوە جەماوەرییەكان بە ڕێكخراوە ڕامیارییەكانەوە بووم، چ ئەوسا و چ ئێستاش.

لەو ساتەدا لێپرسراوی بەشی ئاشكرای ڕێكخراوەكەمان ھەستی بەو نزیكایەتییەی من و ئەو دەستەیە لە ژنان كردبوو و یەكسەر یەكێك لەو ھاوڕێیانەی بانگكرد و پێیوتبوو، ئەگەر دەتەوێت پەیوەندەی بە ڕێكخستنی ڕەوتی كۆمونسیتەوە بكەیت، ئەوا ئەو (لیپرسراو/خۆی) كەسی دیاریكراوی ئەو كارانەیە و من (نووسەری ئەم دێڕانە) ئەو ئەركەم لە ئەستۆ نییە. ھەڵبەتە، [ھەرچەندە شتەكە ئاوا نەبوو و رێكخراوەكەمان، ئاوا نەبوو و تەنانەت خودی لێپرسراوانی رێكخراوەكەش ھیچ وێنایەكی دروست و ھێڵ و سەرخەتی ڕێكخستنی رێكخراوەییان نەبوو و (خوداوەكیلی) كاریاندەكرد و كارەكان بەرەو پیشەوە دەچوون [لە شوێنێكی دیكەدا بە وردی بە بەڵگەوە لەم بارەوە دەدوێم] من بەو ھاوڕێیەم وت، ئەو شتە وانییە، بەڵام بەخۆت چیت پێخۆشە ئاوابكە .. و لەتەك كۆمەلێك خوێنكار ، كە خەڵكی كۆیە و دوكان و سلێمانی و ھەڵەبجە و ھۆرامان بوون؛ لەوانە پەخشان ھۆرامی، جوان حەمەعارف ھۆرامی، عەلی ھەڵەبجەیی، توبا، یەك دوو ھاوڕێی دیكە و ھاوڕێ عەبدولقادر دوكانی [ئەگەر ناوەكەیم بە دروستی لەبیرممابێت]، لەسەر قسەوباس لەمەڕ ڕێكخراوی سەربەخۆی خوێندكاران، كە پێشتر من لەتەك كۆمەڵێك خوێندكاری سەر بە پارتی كۆمونسیتی عیراق و كوردستان (حشع و حشك)، كە دواتر ھەندیكیان بوون بە پارتی كاری سەربەخۆ، لەو بارەوە خەریكی بۆچوونگۆڕینەوە و پەیودندی تەنگاوتەنگ بووین، لەو كاتەدا ھاوڕێ ھیوا كەریم (كەركووكی) ھات و وتی “جەماعەت لە پشتەوەی ھۆڵەكە خەریكی وێنەگرتن و تۆماركردنی ڤیدیۆن، وەرە با ئێمەش بڕۆین”، من وتم بمبوورە، خەریكی قسەوباسین و ئەمەیانم پێ گرنگترە.

ئەو ڕۆژانە، شتێك بووبووە مۆدێل و لە كۆتایی ھەموو مەراسیمێكدا كۆمەڵێك لەوانەی كە ڕۆڵی “حازرخۆری سفرەدڕ”یان دەبینی و لە ئەنجامدانی كاروبارەكانی وەك پۆستەھەڵواسین و بانگەوازكردن و ئامادەكاری ھونەریی و پەیوەندیگرتندا ھیچ ڕۆلێكیان نەبوو و تەنانەت ماڵەكانیشیان لە ئێمەی ھاوڕیانیان دەشاردەوە و تەنیا ڕۆژانی كۆببوونەوە و مەراسیمەكان بە قات و بۆیباخە گرانبەھاكانیانەوە دەردەكەوتن، لە كۆتایی فیلمی مەراسیمەكاندا، خەیكی وێنەگرتن و تۆماركردنی ڤێدیۆ دەبوون. ئێمە كە زۆربەی كارەكانمان لەسەرشان بوون و زۆربەی كات ڕووبەڕووی ھەڕەشە و مەترسی گروپە ئیسلامییەكان و ئاساییش و میلیشیای پارتەكان دەبووینەوە، ئاگامان لە ھۆكاری ھەڵپەی ئەو وێنەگرتنانە و خۆخزاندنە ڕیزی پێشەوەی ھۆڵەكان نەبوو و نەماندەزانی بۆ‎چی ئەوەندە گرنگی بەو شتانە دەدەن. بەڵام چەند مانگی نەخایاند و نھێنی ھەڵپەی وێنە و ڤیدیۆگرتنی پشت ھۆڵی مەراسیمەكانمان بۆ دەركەوت… .

ئۆكتۆبەری ١٩٩٣ كاتێك كە بەرەو توركیە سەری خۆم ھەڵگرت و لەتەك ھاوڕێیەكی خەڵكی سلێمانی گەییشتینە ئانكارا، بەبۆنەی ئەو ھاوڕێیەوە، كە ھێشتا ئەو ئەندامی پارتی تازە دروستكراوبوو، ئەندامانی (حككع) بەدیاریكراوی لێپرسراوی پەیوەندییەكانی ئەو پارتە، كە پێشتریش لێپرسراوی پەیوەندی ڕێكخراوی ڕەوتی كۆمونست و كۆمیساریای باڵای پەنابەرانی یوئێن بوو لە ئانكارا، پەزیراییەكی زۆرگەرمییان لێكردین، كە دەڵێم لەبەر ئەندامبوونی ئەو ھاوڕێیە و ھاوڕێیەتی پێشووی من و لێپرسراوەكە لە سەردەمی ڕەوتی كۆمونیستدا، مەبەستم ئەوەیە، كە من پێش پێكھاتنی ئەو پارتە ھەم لە وەڵامی نامەكەی مەنسووری حیكمەت دا و ھەم لە ڕاپۆرتێكی ١٨ لاپەڕەییدا جیاوازیی خۆم لەتەك ئەو پارتە چێكراوە لەو سێ ڕێكخراوەی پێشوو، ڕاگەیاندبوو، [ لەم بارەیەشەوە لە شوێنی دیكەدا دەچمە سەر جیاوازییەكان و ھۆكاری وازھێنانم و نەچوونەناو رێزەكانی ئەو پارتە دەخەمەڕوو].

بەڵێ ھاوڕێی لێپرسراو [بەداوی لێبوردنەوە لێرەدا ناوی ناوھێنم، نەكا خۆی پێیخۆشنەبێت] وتی “ئایا وێنە و ڤیدیۆی بەشداری مەراسیمەكانتان لەتەك خۆتاندا ھێناون؟” منیش یەكسەر پرسیم، بۆچی؟ لە وەڵامدا وتی ” لێرە زۆر بەكەڵكن، ئەو ھاوڕێیانەی كە تا ئیستا ھاتوون، ئەو شتانەیان داون و سوودیان لێوەرگرتوون، مەگەر بە ئێوەیان نەوتووە، خۆ فڵانەكەس (… لێرەدا ناوەكان نانووسم، چونكە نامەوێت شتەكان تا ئاستی كێشەی كەسیی دابەزێن) ئەوە  دەزانێت؟”، منیش وتم ئەوە ھیچ ئێمە ئاگاداری ئەو شتانە نین و قەد گرنگیشمان بەو شتانە نەداوە، بەڵام بەخۆت نازانیت، فڵانەكەس بەرامبەر من، ھەموو ناكۆكییەكی بۆچوونیی و ھزریی تا ئاستی كێشەی كەسیی دابەزانووە!

ئیدی لەو ساتەدا من وەك ئەكتەری فیلمێكی ھیندی، ھەموو شتەكانم ھاتنەوە یاد و بۆم دەركەوت قارەمانانی پشت ھۆڵ، بۆچی ھێندە ھەڵبەی وێنە و ڤیدێگرتن و دەرخستنی ھاوسەر و خزمەكانیان بوون و زۆریان بەلاوە مەبەستبوو! [لێرەدا مەبەستم لە گێڕانەوەی ئەو شتانە، تەنیا دەمامكلادان بوو، لە ڕووی ھەوڵی كەسانێك، كە ھەم ڕێگربوون و ھەم سەرمایەگوزاریی كەسییان لەسەر پرسەكان دەكرد. 

 

ئێستا پاش نزیكەی دوو دەھە ئەزموونگیری و وردبوونەوە، لە ئەزموونەكانی خۆم لە مەراسیمەكانی ٨ی مارچ و مەراسیمەكانی دیكە و بەراوردی ھەڵوێست و دەربرین و كاركرد و بیركردنەوە و ھەوڵی چالاكەكانی ئەو سەردەمە بەتایبەت ھاوڕێیانی ژن دەدەم، ئەم شتانەم لەلا گەڵاڵە دەبن :

 

– ھاوڕێیانێكی ژن، كە ئەو كات چالاك و دەركەوتە بوون، بێجگە لە یەك دوو كەسیان، كە لە پاش دروستبوونی رێكخراوی سەربەخۆی ژنان كەوتنە ھەوڵی خۆسەپاندن و گێڕانی ڕۆلی لێپرسراو و پێگەخوازیی، ئەوانی دیكە، بەتایبەت ئەوانەی كە وەك ئەندامی كۆمیتەی مەراسیمی ٨ی مارچی ١٩٩٣ لە ھەولێر ناومھێناون، كەسانی لەخۆبوردە و خۆبەخش و دڵسۆز بوون و ھیچ بەلایانەوە گرنگ نەبوو، ناویان ھەبێت یا نا.

– گیانی ھاریكاری و ھاوخەباتی و ھاوڕێیەتی و باڵی بەسەر ھەموواندا كێشابوو و زۆرێك تەنانەت خۆیان لەبیركردبوو، ھەرچەندە وەك وتم ئەم خۆلەبیركردنە و توانەوەیە لە بزووتنەوەكەدا لەلایەن كەسانی پێگە و ناوبانگخوازەوە قۆسترابووەوە و سەرمایەگوزاری كەسیی و ڕامیاریی لەسەر دەكرا.

 

– بەڵام داخەكەم، ھەرچەندە دەربرینی ئازاردەرە، بەڵام خستنەڕووی ناچارییە و ئەركی مێژوویی ھەر یەكەمانە بەرامبەر بە نەوەكانی داھاتوو، كە پێیانڕابگەیێنین، لەم ڕۆژگارەدا ساڵیادی ٨ی مارچ بۆ ژنانێكی توشبووی نەخۆشی ڕامیارییبوون و فێمینیزمی دەسەڵاتخواز، بووەتە ڕۆژێك بۆ خۆنوواندن و بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ و خستنەڕووی پلەوپایە و ئارەزوویان بۆ دەسەڵات و سەرمایەگوزاریی ڕامیاریی لەسەر خەباتی ڕەوای ژنانی ئازادیخواز. لە ڕاستیدا نووسینەوەی ئەم یاداوەرییانەی منیش ھەر بەو ئامانجەیە، ژنانێكی چالاك، كە لەو ڕۆژگارەدا بە خوێن و وزە و ڕۆژەكانی لاوێتی و سەردەمە پڕ مەترسییەكان و نەبوونی و ھەزار و یەك دەردیسەری و فشار و ھەڕەشە و سووكایەتی خێزانەكانیان، دەنگیان بەڕووی نایەكسانی كۆمەڵایەتی و ئابووریی و یاساییدا دەردەبڕی و لەو پێناوەدا ئامادەی گیانبەخشین بوون، بیانھنمە قسە، تاكو بە ژنانێكی دەسەڵاتخوازی ڕەدوكەوتووی فێمینیزمی بۆرجوازی بڵێن ” شێواندنی مێژوو بەسە، دەمتان داخەن و بڕۆن خەریكی ڕامیاركردن و بەدەستھێنانی پلەوپایە و خۆشگوزرانی كەسیی خۆتان بن، بەرۆكی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ژنان لەپێناو كۆمەڵگە و جیھانێكی یەكسان و دادپەوەر، بەردەن!”

دواڕستە، داوا لە ھاوڕێیانی ئەو سەردەمە چ ژنان و چ پیاوان، بەتایبەت ئەوانەی كە ناومھێناون، ئەگەر ھەڵەیەك لە ناوەكانیاندا ھەیە، ئەگەر ھەڵەیەكم لە گێڕانەوەی ڕووداوەكان و ئەگەر كەسێك پێیوایە، من ویستوومە مێژوو بشێوێنم، با دەربەستانە و بە لێپرسراوەتی مێژووییەوە خامەكەی بگرێتەدەست و ناڕاستی یا ھەڵە و لەبیرچوونەوەكانی من ڕاسیبكاتەوە. چۆنكە بۆ من، یەك شت بنەمای كار و ھاندەرمە، ئەگەر ئێمە چالاكانی ئەو ڕۆژگارە و ئەمڕۆ، بە نووسینەوەی ئەو لاپەڕە لەبیركراو و تاڕادەیەك شێوێنراوانەی دەھەی نەوەد، كە بنەمای ھەموو سەرھەڵدانەكانی ئەمڕۆ و داھاتووشن، ھەڵنەستین، ئەوا لەبەردەم مێژوودا بەرپرسیار دەبین، چونكە كەم نین ئەوانەی كە خەریكن سەرمایەگوزاری ڕامیاریی لەسەر بێدەنگەكردنی ئێمە دەكەن! ھەروەھا بە بۆچوونی من، ڕزگاریی ژنیش وەك ڕزگاریی ھەر تاكێكی دیكە، لە گرەوی خۆبیركردنەوە و خۆرێكخستن و خۆھوشیاریی و خۆھەوڵدان بۆ سەپاندنی یەكسانی كۆمەڵایەتی و ئابووریی و مافیی خۆی لە ڕێڕەوی بزووتنەوە كۆمەڵاتییەكانی دژی نایەكسانی و ناداوەریی و سەركوتدایە، ھەر بەو شێوەی، كە ڕزگاری ھەر مرۆڤێك لە گرەوی خەبات و دەربەستیی خۆیدایە بۆ ئازادی!

 

 

ھەژێن

مارچی ٢٠١٣

********

پەراوێز:

* مەبەستم لە ئایدیالیستبوونی ماركسیزم، ئەوەیە، كە زۆرینەی سۆشیالیستخوازەكانی ئەو كات و كۆمونیستەكانی ئێستای ھەرێمی كوردستان، بەو جۆرە لە كۆمونیزم دەدوێن و دەڕوانن، كە بیردۆزیی (كارل ماركس)ە و پاشرەوانی ئەو پەرەیانپێداوە و دەبێت كۆمەڵگە لەسەر بنەمای ئەو بیردۆزانە بەرەو كۆمونیزم بڕوات، ھەروەك چۆن لە ئایینەكاندا سەرەتا ھۆش (خوا) ئامادەیە و پاشان بەھەشت دەئافرێنێت، واتە لە ھۆشەوە مادە و كردار و گۆڕان دەستپێدەكەن. ڕێك بە پێچەوانەی ئەوەوە، كە مێژووی نیشانیدەدات، ھزری كۆمونیستیی لە ھەموو سەردەمەكاندا ھەبووە و خەبات و ئەندیشەی تاك و كۆمەڵە یەكسانیخوازەكان مامانی لەدایكبوونییەتی، قسەكەرانی ئەو بزووتنەوەیە، تەنیا ڕۆڵیان تێڕامان بووە لە مێژووەكەی و پێداچوونەوەی ئەزموونەكانی.

 

** دەزانم لەتەك خوێندنەوەی یەكەم دێری یاداوەرییەكانمدا، ئەو پرسیارە لەلای خوێنەر دروستدەبێت، مەگەر تۆش خەریكنیت، خۆت بناسێنێت؟ لەوەڵامدا تەنیا دەتوانم بڵیم، نەخێر، چونكە؛ یەكەم وەك كەسایەتی خۆم بە سوپەر-مرۆڤ نەناساندووە و دەمەوێت دژایەتی بیرۆكەی ڕابەرایەتی بكەم، دووەم، دوو شت بوونەھاندەری ئەم بابەتەم، ئەوەی كە ژنان و پیاوانێك پەیدابوون، خەریكن تاوانی كۆمەڵێك ژنكوژ كە برواناكەم لە ئاستی كۆمەڵگەدا ڕێژەیان بكاتە لە سەدا/یەكی ھەژماری پیاوان، بەسەر شانی زۆربەی پیاواندا دەدەن، كە من بۆ خۆم بەپێی ناسینی نزیكم لە زۆرێك لەو ژنانە، كەسانیكن، كە بەخۆیان ئەزموونێكی تاڵ یا شكستخواردووی ھاوسەرییان ھەیە و پیاوەكانیش كەسانێكن، كە ھەموو ئامانجیان خۆنواندن و فریودانی ژنانە و دەیانەوێت لەو ڕێگەوە ڕاوەژن بكەن. لێرەدا نە مەبەستم ژنانی ئازادیخوازە و نە پیاوانی یەكسانیخواز، بەڵكو ئەوانەن، كە یەكەم تاوانی كەمینەیەكی ھەرە كەمی پیاوان بەسەر  شانی ھەموو پایواندا دەدەن و دووەم، دەیانەوێت ستەم و ھەڵاردنی ژنان لە ستەم و ھەڵاواردنی كولتووری و ڕامیارییەوە، بكەن بە ستەمی پیاوان لەسەر ژنان، كە بەمەش دەیانەوێت لاقی كولتووری بۆگەنكردووی نەتەوەكەیان و ڕۆڵی یاسا و سەروەری بۆرجوازی نەتەوەكەیان لەو لیتاوەدا دەربكێسن، كە بۆ ژنانی كوردستانیان گرتووەتەوە.

 

*** مەبەست لە گێڕانەوە و دوان لەسەر ڕەفتاری ئەو ئەندامەی ڕێكخراوەكەی دیكە، تەنیا بۆ نیشاندانی ئامانجی ڕێكخراوە ڕامیارییەكانە لە مەراسیمی ٨ی مارچ، كە دەیانەوێت بیكەنە ڕۆژی پاگەندە بۆخۆیان، بەڵام ئێمە ئەندامانی خوارەوە، زۆر نائاگابووین لەوە و وەك سەربازێكی نائاگا “في سبیل اللە” خزمەتمان بە ڕابەربوون و  حەزە كەسییەكانی ئەندامانی سەرەوە دەكرد.

Previous
Next

Leave a Reply