Skip to Content

Saturday, December 5th, 2020

یاده‌وه‌رییه‌ تاڵه‌كانی ڕۆژگارێكی خوێناوی

Be First!
by November 24, 2011 گشتی

 
هه‌رچه‌ند هه‌رده‌م و  هه‌میشه‌ له‌کات و شوێنه‌ جیاجیاکاندا به‌ته‌ماشاکردن و روانینه‌ ئاسمان، خه‌نی بووم و خه‌نی ده‌بم؟! به‌ڵام ئه‌و ده‌مه‌ی له”‌ئه‌منه‌ سووره‌که‌ی سلێمانی” زیندانی بووم و بۆ یه‌که‌مجار که‌به‌دیواری یه‌کێک له‌ژووره ئینفیرادییه‌کانیدا هه‌ڵزنام و له‌ده‌لاقه‌که‌یه‌وه‌ روانیمه‌ ئاسمان، له‌جێی ئه‌وه‌ی وه‌ک جاران به‌بینینی ئاسمان خه‌نی ببم، به‌شێوه‌یه‌کی سه‌یر و هه‌ژێنه‌ر دڵم پڕبوو..
له‌و ساته‌وه‌خته‌دا‌ زۆر به‌قووڵی هه‌ستم به‌دابڕان و ترازانی خۆم ده‌کرد؛ له‌هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی که‌ده‌که‌وتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی دیواره‌کانی ئه‌و شوێنه‌ی که‌تێیدا زیندانی بووم..
ئیدی روانینه‌ ئاسمان له‌ده‌لاقه‌ی ژوورێکی ئینفیرادییه‌وه‌، تووشی نامۆبوونێکی قووڵی کردم، نامۆبوونێکی جوداو جیاواز له‌هه‌موو ئه‌و نامۆبوونانه‌ی که‌پێشتر به‌رانبه‌ر شتگه‌له‌ جیاجیاکان هه‌ستم پێکردبوو؟! ره‌نگه‌ یه‌کێک له‌هۆکاره‌کانی ئه‌و چه‌شنه‌ نامۆ بوونه‌شم، په‌یوه‌ست بێت به‌وه‌ی که‌له‌و ساته‌وه‌خته‌ی روانینمدا، ئاسمانم وه‌ک ئه‌و ئاسمانه‌ نه‌هاته‌ پێش چاو که‌پێشتر ده‌مناسی و پێی ئاشنا بووم…ئاسمان له‌و ساته‌وه‌خته‌دا وه‌ک من نه‌یار و نا ئاشنا و نامۆ بوو به‌خۆی و سه‌رجه‌م شته‌کان؟.
– ئێواره‌یه‌کی ته‌ڵخی ساڵی 1990-
له‌و ئێواره‌ ته‌ڵخه‌دا، هه‌ر له‌خۆمه‌وه‌ که‌وتمه‌ سه‌یرکردنی هه‌موو ئه‌لبوومه‌ کۆنه‌کانم و وردبوونه‌وه‌ له‌زۆرێک له‌وێنه‌کانی منداڵیم، به‌تایبه‌تیش ئه‌و وێنانه‌ی که‌به‌منداڵی و پێکه‌وه‌، له‌گه‌ڵ باوکم پێش مه‌رگی گرتبوومان.
ئیدی له‌و ساته‌وه‌خته‌دا که‌من له‌نێو یه‌کێک  له‌ئه‌لبوومه‌کاندا توابوومه‌وه‌و زۆر به‌قووڵی ده‌مڕوانییه‌ یه‌که‌ یه‌که‌ی وێنه‌کانی؛ به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاگادار بم، پتر له‌پانزه‌، بیست که‌سێکی سه‌ر به‌هێزه‌کانی ئه‌منی رژێمی پێشووی به‌عس، به‌باز له‌دیواری پێشه‌وه‌ی خانووه‌که‌مانه‌وه‌، هاتبوونه‌ نێو حه‌وشه‌که‌مان و له‌وێشه‌وه‌ له‌میانی ده‌رکه‌ی کراوه‌ی راڕه‌وه‌که‌مانه‌وه‌، ژماره‌یه‌کی زۆریان هاتنه‌ نێو ئه‌و ژووره‌ی که‌من و ئه‌لبوومه‌کانی گرتبووه‌ خۆ.
هه‌ر یه‌کسه‌ر و بێ سێ و دوو، به‌ره‌و ده‌رکه‌ی ده‌ره‌وه‌، به‌که‌له‌پچه‌کراوی بردیانم و له‌وێشه‌وه‌ به‌لاندکرۆزێک بۆ ” ئه‌منی به‌لده‌ی سلێمانی”.
ئه‌و شه‌وه‌م له‌وێ برده‌ سه‌ر و بۆ سبه‌ی به‌یانییه‌که‌ی، هه‌ر زوو چه‌ند ئه‌منێک ، پاش ئه‌وه‌ی یه‌کێکیان  به‌په‌ڕۆیه‌کی ته‌ڵخ و پیس چاوی به‌ستم .. به‌ئۆتۆمبیلێک منیان برده‌ نێو ئه‌و زیندانه‌ گه‌وره‌ ترسناکه‌ی؛ که‌دواتر زانیم ئه‌و شوێنه‌ “مودیریه‌تی ئه‌منی سلێمانی”یه‌و به‌”ئه‌منه‌سووره‌که‌” ناسراوه‌.
ئیتر هه‌ر که‌بردیانمه‌ ژوور، به‌ره‌و ئینفیرادییه‌کان بردیانم و پاش ماوه‌یه‌کی که‌م؛ به‌چاو به‌ستراوی به‌ره‌و ژووری ته‌عزیب و ته‌حقیقیان بردم .. وێڕای شیڕه‌ شیڕ و هوهاو ده‌نگه‌ ده‌نگی به‌ئه‌نقه‌ستی گارده‌کان و تێهه‌ڵدان؛ که‌بۆ ترساندن بوو…
هه‌ر که‌برامه‌ ژووری ته‌عزیب و ته‌حقیق؛ بۆ یه‌که‌مجار له‌ژیانمدا چاوم به‌ قولاپی هه‌ڵواسین و ئامێری ده‌ستیی ئه‌شکه‌نجه‌دانی به‌کاره‌با که‌وت و هێنده‌ی نه‌برد ده‌ستکرا به‌ئه‌شکه‌نجه‌دانم..سه‌ره‌تا هه‌ڵواسین و دواتر کاره‌با و جۆره‌کانی دیکه‌ی ئه‌شکه‌نجه‌دانی فیزیکیی و سایکۆلۆژیی؛ له‌نێو ئه‌و ژووره‌ سامناکه‌دا که‌بۆنی ئاره‌قه‌ی جه‌سته‌و خوێنی لێ ده‌هات.
ئه‌وانه‌ی راسته‌وخۆ کاری ته‌حقیق و ته‌عزیبی منیان له‌ده‌ستدا بوو؛ نه‌قیب “ماجید” و مفه‌وه‌ز ” تاریق” بوون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌تێهه‌ڵدان و سووکایه‌تی پێکردنی به‌رده‌وامی گارده‌کانی دیکه‌ی ئه‌من؛ که‌دووان له‌وانه‌ی به‌تایبه‌ت به‌منیانه‌وه‌ گرتبوو، یه‌کێکیان ناوی “جومعه‌” و ئه‌وی تریشیان “ئه‌بوده‌له‌ف” بوو.
جا ئه‌م “ئه‌بوده‌له‌ف”ه‌، له‌زله‌ لێداندا ده‌ستی زۆر قورس بوو، سه‌رباری ئه‌وه‌ی شێوازێکی زۆر تایبه‌تیشی هه‌بوو.. سه‌ری زیندانییه‌که‌ی ده‌خسته‌ مابه‌ینی هه‌ردوو ده‌ستی.. یان بابڵێین هه‌ر دوو ده‌سته‌ زله‌کانی ده‌خسته‌ ئه‌م لاو ئه‌ولای سه‌ری زیندانییه‌که‌ و زۆر به‌خێرایی به‌زلله‌لێدان دایده‌گرته‌وه‌.. من وه‌ک خۆم یه‌کێک بووم له‌و زیندانییانه‌ی؛ که‌ئازاری به‌سوێی ئه‌و زلله‌ گه‌رم و قورسانه‌ی “ئه‌بو ده‌له‌ف”م چه‌شتووه‌…
-به‌سه‌رهاته‌کانی نێو ئه‌منه‌سووره‌که‌-
سێ هه‌فته‌ی سه‌ره‌تام له‌ئینفیرادییه‌کانی نهۆمی دووه‌مدا برده‌ سه‌ر و دواتر برامه‌ هۆڵی سێ؛ که‌ئه‌ویش هه‌ر ده‌که‌وته‌ نهۆمی دووه‌می زیندانه‌که‌، جا به‌مه‌به‌ستی خستنه‌ڕووی هه‌ندێک له‌و جه‌نگه‌ سایکۆلۆژییانه‌ی که‌له‌گه‌ڵمان ده‌کرا، ئه‌وه‌نده‌ی بتوانم لێره‌دا ئاماژه‌ به‌هه‌ندێک شت ده‌ده‌م؛ بۆ نموونه‌ له‌سه‌رما و سۆڵه‌ی چله‌ی زستانی ئه‌و ساڵه‌ی که‌تێیدا زیندانی بووم، چه‌ند جارێک ئێواران شووتییان به‌ژه‌م داینێ.. دیاره‌ ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت؛ نه‌مزانی له‌و سه‌رده‌مه‌دا که‌میوه‌ ته‌نها له‌وه‌رزی خۆیدا هه‌بوو، ئه‌وان ئه‌و چه‌شنه‌ شووتییه‌کۆڵه‌ گچکانه‌یان له‌کوێ په‌یدا ده‌کرد، که‌ده‌بوو وه‌ک ژه‌م ته‌نها یه‌ک شووتیی بدرێت به‌زیاد له‌ 15 -20 زیندانیی؟!.
ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌جار جاره‌، گێزه‌ر و کاهووی قووڕاویشیان به‌ژه‌م ده‌داینێ، ئه‌مه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی هه‌موو ژه‌مه‌ خواردنه‌کانی تریش زۆر که‌م و خراپ بوون، وه‌ک نموونه‌یه‌ک ئه‌و ده‌مانه‌ی که‌خوورما وه‌ک ژه‌م ده‌درایه‌ زیندانییه‌کان، هه‌ر یه‌که‌مان ته‌نها 5-6 ده‌نکه‌ خوورمایه‌کی به‌ر ده‌که‌وت و ده‌با خۆی پێ تێرکردبا؟!.
جۆرێکی دیکه‌ش له‌‌و جه‌نگه‌ سایکۆلۆژییانه‌ی  که‌له‌گه‌ڵمان ده‌کرا و هه‌رده‌میش دووباره‌ ده‌بۆوه؛ بانگکردن و بردنی زیندانییه‌کان بوو بۆ ته‌حقیق و ته‌عزیب له‌کاتی ژه‌مه‌ خواردنه‌کاندا.. یان به‌ئه‌نقه‌ست له‌کاتی ژه‌مه‌خواردنه‌کاندا، زیندانییه‌ تازه‌ ده‌ستگیرکراوه‌کانیان له‌مابه‌ینی هۆڵه‌کانی زینداندا هه‌ڵده‌واسی و به‌سۆنده‌ و کێبڵ تێی ده‌که‌وتن.. ئاشکرایه‌ بۆ ئه‌شکه‌نجه‌دانی به‌رده‌وامیشمان هه‌ر شتێکی خراپیان به‌خه‌یاڵدا هاتبا، بێ سێ و دوو له‌سه‌ریان تاقی ده‌کردینه‌وه‌‌؛ ره‌نگه‌ ناخۆشترینیان ئه‌و ده‌مانه‌ بووبێت که‌له‌رۆژه‌ هه‌ره‌ سارده‌کانی زستاندا، سه‌تڵه‌ ئاویان ده‌کرده‌ ژێرمان و ناچاریان ده‌کردین له‌سه‌ر په‌تۆی ته‌ڕ بخه‌وین، یان با بڵێین رابکشێین.. چونکه‌ خه‌وتن له‌نێو ئه‌منه‌ سووره‌که‌دا و به‌تایبه‌تیش له‌و ئان و ساتانه‌دا؛ له‌ئاسته‌م نزیک ده‌بۆوه‌؟!…
شایانی باسیشه‌ له‌نێو هۆڵه‌کاندا له‌به‌ر که‌می ئه‌و په‌تۆ پیس و بۆگه‌نانه‌ی که‌ده‌ماندا به‌خۆماندا، ده‌با سێ له‌مبه‌ر و سێ له‌وبه‌ری هۆڵه‌که‌، به‌رانبه‌ر به‌یه‌ک قاچ تێکه‌ڵ بکه‌ین و ئینجا هه‌ر سیانمان به‌جیا دوو په‌تۆ بدات به‌خۆیدا، واته‌ سێ زیندانی پێکه‌وه‌ ده‌بوو له‌ژێر دوو په‌تۆدا، یان جار هه‌بوو یه‌ک په‌تۆدا بخه‌وێت.. له‌هه‌مووشی ناخۆشتر ئه‌وه‌ بوو که‌هه‌رگیز ساحیبه‌کانیان نه‌ده‌کوژانه‌وه‌و ئیشکردنی به‌رده‌وامی ساحیبه‌کانیش له‌زستاندا هێنده‌ی دیکه‌ هۆڵه‌کانی زیندانی ساردتر ده‌کرد..دیاره‌ سه‌باره‌ت به‌ژووره‌ ئینفیرادییه‌کانیش؛ ئه‌وانه‌ی ساحیبه‌کانیان ئیشی ده‌کرد..به‌هه‌مان شێوه‌ ، زیندانییه‌کانی نێویان.. به‌زستانان، زێده‌تر سه‌رمایان ده‌بوو..ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و ده‌نگه‌ بێزارکه‌ره‌ به‌ر‌ده‌وامه‌ی که‌له‌ساحیبه‌کانه‌وه‌ ده‌هاتن و هه‌ر بۆ خۆی گه‌وره‌ترین ئه‌شکه‌نجه‌ده‌ری زیندانیی بوو، به‌تایبه‌تیش زیندانییه‌کانی نێو ئینفیرادییه‌کان.
جا یه‌کێک له‌و شته‌ سه‌یرانه‌ی که‌له‌و ده‌مانه‌ی له‌نیو ئینفیرادییه‌کاندا بووم، که‌وته‌ به‌رچاوم؛ نیوه‌ڕۆیه‌کیان که‌زۆرم برسی بوو، “ئه‌بو ده‌له‌ف” به‌تووڕه‌بوون و بۆڵه‌بۆڵه‌وه‌، ده‌رکه‌ی ژووری ئینفیرادییه‌که‌ی کرده‌وه‌و نه‌ڕاندی و گوتی: ( خێرا سه‌تڵی پیساییه‌که‌ت بڕێژه‌).
به‌په‌له‌ به‌ره‌و‌ ئاو ده‌سته‌ پیسه‌که‌ی به‌شی سه‌ره‌وه‌ی ژووره‌ ئینفیرادییه‌کان چووم، خێرا ئه‌وه‌ی له‌سه‌تڵه‌که‌دا بوو، ڕۆمکرده‌ نێو ئاو ده‌سته‌که‌و تاگه‌ڕامه‌وه‌.. ته‌ماشامکرد “ئه‌بوده‌له‌ف”، سه‌تڵی خواردنه‌که‌می ده‌رهێناوه‌( له‌ڕاستیدا له‌نێو زیندانه‌ ئینفیرادییه‌کاندا، هه‌ر زیندانییه‌ک دوو سه‌تڵی ده‌درایه‌؛ یه‌کێکیان بۆ ” میزوپیسایی و ئه‌ویتریشیان بۆ خواردن”….). ئیتر له‌و رۆژه‌دا زۆر زیاتر  له‌رۆژانی تر شۆربای نسکێنه‌ی بۆ کردمه‌ نێو سه‌تڵه‌که‌؛ واته‌ ئه‌و سه‌تڵه‌ی که‌له‌بنه‌ڕه‌تدا سه‌تڵی” میز و پیسایی” بوو؟!..ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌گارده‌کانی ئه‌من هه‌ر خۆیان جار جار به‌مه‌به‌ستی ئه‌شکه‌نجه‌دانی سایکۆلۆژییانه‌ی زیندانییه‌کان  ئاڵوگۆڕیان به‌سه‌تڵه‌کان ده‌کرد؟!.
یه‌کێک له‌شته‌ ناخۆشه‌کانی تریش ئه‌و رۆژانه‌ بوو که‌به‌زۆر ریشیان پێ ده‌تاشین و ده‌بوو کۆمه‌ڵ کۆمه‌ڵ به‌شی سه‌ره‌وه‌ی جلکه‌کانمان دابکه‌نین و هه‌ر یه‌که‌مان پێش وه‌خت که‌مێک ئاو بکه‌ینه‌ نێو یه‌کێک له‌و بنه‌ سه‌تڵه‌ “ماست یان ئایس کرێم”انه‌ی که‌پێشتر ‌وه‌ک ده‌فر به‌کارمان هێنابوو.. به‌په‌له‌ له‌ژێر لێدانی کێبڵ و شه‌ق و زلله‌دا، ده‌بوو له‌ده‌رکه‌ی هۆڵی زیندانه‌که‌وه‌ بچینه‌ راڕه‌وه‌که‌ و له‌وێ به‌چیچکانه‌وه‌ دابنیشین و به‌ده‌ستێک له‌ته‌ ئاوێنه‌یه‌کی شکاوی هێنده‌ی سه‌دفلسییه‌کی جاران و به‌ده‌سته‌که‌ی تریش گوێزانه‌که‌ بگرین.. ئه‌مه‌ له‌کاتێکدا جگه‌ له‌جوێن و سووکایه‌تی پێکردن، تا له‌ڕیش تاشینه‌که‌ش ده‌بووینه‌وه‌، به‌کێبڵ و شه‌ق، به‌سه‌ره‌  لێیان ده‌داین .. کاتێک  ‌زیاد له‌شوێنێکی رووکاری هه‌ر یه‌کێکمان  زامدار ده‌بوو؛ گارده‌کان به‌بینینی ئه‌و خوێنه‌ی که‌لێره‌و له‌وێی ده‌مووچاوی هه‌ریه‌کێکمان داده‌چۆڕا، خه‌نی ده‌بوون و بۆ گاڵته‌پێکردن و رابواردنیش یه‌کێک له‌گارده‌کان، به‌تایبه‌تیش “ئه‌بوده‌له‌ف” ده‌یگوت:” پیرۆزتان بێت” و به‌دواشیدا جڕت و دواتریش قاقای لێده‌دا.
 
– یاده‌وه‌رییه‌کانی هۆڵی سێ-
له‌و شتانه‌ی له‌و هۆڵه‌دا زۆر ئازاری دام، زانینی هه‌واڵی گولله‌بارانکردنی براده‌رێکی منداڵیم بوو به‌ناوی”ئاسۆ که‌مال موکورجی”.. به‌سه‌رهاته‌که‌شم له‌کۆنترین که‌سی زیندانکراوی نێو ئه‌منه‌سووره‌که‌وه‌ بیست.. ئه‌و زاته‌ی که‌به‌سه‌رهاته‌که‌ی بۆ گێڕامه‌وه‌ زیاد له‌دوو-سێ ساڵ بوو له‌وێدا زیندانی بوو..ئیدی به‌ڕێکه‌وت رۆژێکیان به‌سه‌رهاتی گولله‌بارانکردنی”ئاسۆ”ی بۆ گێڕامه‌وه‌، که‌چۆن ئێواره‌یه‌کیان لیژنه‌ی گولله‌بارانکردن هاتوون، ناوی ئه‌و و چه‌ند که‌سێکی تریان خوێندۆته‌وه‌و پاشان هه‌ر ئه‌و ئێواره‌یه‌و ده‌ست به‌جێ له‌حه‌وشه‌ی ئه‌منه‌سووره‌که‌دا گولله‌بارانکراون.
بۆ زانیاریش؛ لیژنه‌ی گولله‌بارانکردنی زیندانییه‌کانی ئه‌منه‌سووره‌که‌، سه‌رباری زۆری ژماره‌یان که‌ده‌هاتن بۆ بردنی زیندانییه‌کی دیاریکراو، چه‌کداریش بوون، له‌کاتێکدا هیچ کاتێکی تر گارده‌کانی تر به‌چه‌که‌وه‌ نه‌ده‌هاتنه‌ نێو هۆڵه‌کان و به‌رده‌می؟!.
وه‌ک خۆم رۆژی 8/3/1991، بۆ دواجار ئه‌و لیژنه‌ی گولله‌بارانکردنه‌م تێدا بینی، واته‌ ئه‌و رۆژه‌ی که‌تێیدا ئازادبووین، پێش چه‌ند سه‌عاتێک له‌ئازادبوونمان؛ کۆمه‌ڵێک ئه‌منی چه‌کدار هاتن و”محه‌مه‌د” ناوێکیان له‌گه‌ڵ خۆیان برد و گولله‌بارانیان کرد، به‌ڵام دیاره‌ له‌و رۆژه‌دا ئه‌منه‌کان نه‌په‌رژاونه‌ته‌ سه‌ر جێبه‌جێکردنی گولله‌بارانکردنه‌که‌ به‌پێی رێو ره‌سمی گولله‌بارانکردنی نێو ئه‌منه‌سووره‌که‌.
چونکه‌ پێشتر و پێش گولله‌بارانکردنی هه‌ر زیندانییه‌ک شۆڤڵێک له‌حه‌وشه‌ی ئه‌منه‌سووره‌که‌ ده‌که‌وته‌ کار و ئه‌و خۆڵه‌ی رێک ده‌خست؛ که‌پێشتر له‌شوێنی پێویستدا رۆکرابوو، ئه‌مه‌ش بۆ چه‌قاندنی ئه‌و دارانه‌ پێویست بوو، که‌زیندانییه‌کانیان پێش گولله‌بارانکردن پێوه‌ ده‌به‌سته‌وه‌.
زیاتریش ئێواران لیژنه‌ی گولله‌بارانکردن ده‌چوونه‌ نێو زیندانه‌که‌و هه‌ر زیندانییه‌کیان مه‌به‌ست بایه‌ ده‌یانبردو پاش که‌مێکیش له‌بردنی گولله‌بارانیان ده‌کرد.
-هۆڵی یه‌ک و مانگرتن-
به‌ژێر زه‌مینی نهۆمی یه‌که‌می زیندانی ئه‌منه‌سووره‌که‌ ده‌گوترا هۆڵی یه‌ک..کاتێک هێزه‌کانی ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانانی، ده‌ستیانکرد به‌بۆردوومانکردنی شوێنه‌ستراتیژییه‌”سه‌ربازییه‌کانی” رژێمی پێشووی عێراق؛ هه‌ر له‌ده‌ستپێکی ئه‌و بۆردوومانکردنانه‌دا، شه‌وێک هاتن و به‌په‌له‌ هه‌موو زیندانییه‌کانی نهۆمی دووه‌میان گواسته‌وه‌ بۆ هۆڵی یه‌ک.. دیاره‌ سه‌ر‌باری ساردو سڕیی و شێدارییه‌ هاوشێوه‌که‌ی له‌گه‌ڵ هۆڵه‌کانی دیکه‌ی ئه‌منه‌سووره‌که‌، شوێنێکی تاریکیش بوو.
ئیدی کۆبوونه‌وه‌ی یه‌که‌مجاری ئه‌و هه‌موو زیندانییه‌ سیاسییه‌ی که‌له‌یه‌ک شوێندا ترنجابوونه‌ یه‌ک و به‌ش نه‌کردنی خواردن و خراپبوونی چه‌ندێتی و چۆنیه‌تییه‌که‌ی له‌چاو جاران؟!.. سه‌رباری گیرانی ئاوده‌سته‌کانی هه‌ر دوو به‌ره‌ی هۆڵه‌که‌، که‌ده‌بوو به‌قادرمه‌یه‌ک بۆی بچیته‌ سه‌ر، ئیتر که‌ئاوده‌سته‌کان گیران، هێنده‌ی نه‌برد هه‌رچی ئاو و پیسایی بوو، هاته‌ ژێرمان و به‌مه‌ش هه‌موو له‌ش و جێگه‌مان بوو به‌پیسایی، دیاره‌ ئه‌و بارودۆخه‌ نا ته‌ندروسته‌و وه‌ک ئاماژه‌شم پێدا خراپی خواردنه‌کان و هه‌ندێک هۆکاری دیکه‌ش بوونه‌ مایه‌ی یه‌کگرتنی سه‌رجه‌م زیندانییه‌کانی نێو هۆڵه‌که‌ و ئه‌وه‌ بوو هه‌ر هه‌موومان بڕیارماندا که‌مانبگرین.
هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ نیوه‌ڕۆکه‌ی، کاتێک خواردنیان هێنا، یه‌ک دوو زیندانی به‌ناوی هه‌موو زیندانییه‌کانی ئه‌و هۆڵه‌وه‌، له‌و چه‌ند گارده‌ ئه‌منه‌ی که‌خواردنیان هێنابوو، چوونه‌ پێش و گوتیان: “هه‌موومان بڕیارمانداوه‌ که‌نان نه‌خۆین”.
ئیتر ئه‌منه‌کان به‌مه‌ زۆر شڵه‌ژان و به‌په‌له‌ و هه‌ڵه‌داوان چوونه‌ ده‌رێ و هێنده‌ی نه‌برد کۆمه‌ڵێک له‌کاربه‌ده‌سته‌کانی ئه‌منه‌سووره‌که‌، مه‌به‌ستم له‌پله‌داره‌کانێتی، هاتنه‌به‌رده‌رکه‌ی هۆڵه‌که‌و پاش ئه‌وه‌ی که‌زانییان چاوسوورکردنه‌وه‌و هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌ سوودی نییه‌و هیچ زیندانییه‌کی نێو ئه‌و هۆڵه‌ ئاماده‌ نییه‌ ئه‌و چه‌شن و جۆره‌ خواردنانه‌ بخوات که‌تاده‌هات به‌ره‌و خراپتر ده‌چوو..به‌بێده‌نگی چوونه‌ده‌ر و پاش ماوه‌یه‌ک، کاتێکمان زانی ژه‌مه‌ خۆراکێکی زۆر و باش له‌چاو ژه‌مه‌ خواردنه‌کانی دیکه‌دا هێنران و به‌خێرایی دابه‌شیان کرد به‌سه‌رماندا.
دیاره‌ مانگرتنی خۆمان و دواتریش خۆپیشاندانی که‌س و کاریشمان له‌ده‌ره‌وه‌ی زیندان، بووه‌ مایه‌ی رێدان به‌مواجه‌هه‌کردنی که‌س و کارمان و هاتنی خواردن له‌وانه‌وه‌ بۆمان…
شایانی باسیشه‌ هه‌موو ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌ی که‌پێشتر ئاماژه‌م پێدا، یه‌ک دوو  هه‌فته‌ی تێپه‌ڕنه‌کرد و کاتێکمان زانی کۆمه‌ڵ کۆمه‌ڵ جیایان کردینه‌وه‌و ره‌وانه‌ی هۆڵه‌کانی سه‌ره‌وه‌یان کردین..ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌پێم وایه‌ ژماره‌یه‌ک له‌و زیندانییانه‌ی که‌له‌بنه‌ڕه‌تدا له‌هۆڵی یه‌کدا بوون، هه‌ر له‌شوێنی خۆیاندا هێڵرانه‌وه‌.
ئیتر ئه‌مجاره‌یان له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک زیندانی تر، من وه‌ک خۆم که‌وتمه‌ هۆڵی پێنجی نهۆمی دووه‌می زیندانه‌که‌و تا رۆژی ئازادبوونم، ده‌مه‌و نیوه‌ڕۆی 8/3/1991، هه‌ر له‌و هۆڵه‌دا مامه‌وه‌.
شایانی باسیشه‌ من وه‌ک خۆم به‌قاتێ پیجامه‌ی هاوینه‌وه‌ گیرام و تا رۆژی ئازادبوونیشم هه‌ر ئه‌وه‌م له‌به‌ردا بوو، واته‌ هه‌موو پاییز و زستانه‌ ته‌ڕو تووشه‌ زۆر سارده‌که‌ی ئه‌و ساڵه‌م به‌جلی هاوینه‌وه‌ برده‌ سه‌ر..مه‌به‌ستم له‌م ئاماژه‌ پێدانه‌دا ئه‌وه‌یه‌ که‌زیندانی چی له‌به‌ردا بووایه‌، تا ئه‌و رۆژه‌ی ده‌برا بۆ دادگا یان گولله‌باران ده‌کرا، هه‌ر ئه‌وه‌ بوو.
یه‌کێک له‌شته‌ هێجگار ناخۆشه‌کانی تریش؛ ناچاربوونمان بوو به‌خۆشوشتن به‌ئاوی ساردی زستان، که‌سه‌رمانی ده‌هێنایه‌ ژان و دواتریش تا وشک ده‌بووینه‌وه‌، ده‌بوو له‌سه‌رماندا هه‌ڵبله‌رزین، جا نه‌ده‌کرا بۆ قورتاربوون له‌و ئه‌شکه‌نجه‌یه‌، به‌ته‌واوی ده‌ست به‌رداری خۆ شوشتن ببین؟! چونکه‌ نه‌خۆشییه‌کانی پێست و خوورانی به‌رده‌وامی زۆر شوێنی له‌شمان؛ له‌ژێر کاریگه‌ری جموجۆڵی ئه‌سپێ زۆره‌کان، که‌زیاتر به‌شه‌وان ده‌که‌وتنه‌ جووڵه‌و جموجۆڵ؛ نه‌ک هه‌ر که‌سی زیندانیی ناڕه‌حه‌ت ده‌کرد، به‌ڵکو به‌ته‌واویی باری سایکۆلۆژیشی تێک ده‌دا..ئێستاش که‌خوورانی به‌رده‌وامی ئه‌و ده‌می جه‌سته‌ی خۆمم بیر ده‌که‌وێته‌وه‌، سه‌رباری ئه‌و هه‌موو ئه‌سپێیه‌ی که‌به‌ڕۆژ له‌مابه‌ینی ته‌قه‌ڵی چاکه‌ت و پانتۆڵی پیجامه‌که‌مدا خۆیان حه‌شار ده‌داو به‌شه‌ویش جه‌سته‌میان ده‌کرده‌ مه‌نزڵ و ئۆقره‌یان لێده‌بڕیم؛ مووچڕک به‌هه‌موو به‌ده‌نمدا گوزه‌ر ده‌کات؟!.
ده‌توانم بڵێم ‌ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ بچووکه‌ی که‌پێی ده‌گوترێت ئه‌سپێ و به‌تایبه‌تیش ئه‌سپێیه‌کانی نێو ئه‌منه‌سووره‌که‌ له‌ئه‌شکه‌نجه‌دانماندا هیچیان له‌ جه‌للاده‌کان که‌متر نه‌بوو!؟.
ئه‌شکه‌نجه‌دانی ئه‌سپێیه‌کان هه‌ر له‌گه‌ڵ راکشانمان و زیاتریش به‌شه‌و ده‌ستی پێده‌کردو تا به‌یانی به‌رده‌وام ده‌بوو..ده‌یان بوونه‌وه‌ری بچکۆله‌ پێکه‌وه‌ ده‌که‌وتنه‌ جووڵه‌و لێره‌و له‌وێ خوێنیان ده‌مژیین، دواتریش شوێن گه‌ستنه‌کانیان ده‌خووراو به‌ناچاری و خووراندنی زۆریش ده‌بووه‌ مایه‌ی زامدار بوونی شوێنه‌ خوورێنراوه‌که‌و هه‌وکردنی؟!.
جا بۆیه‌ ناچارده‌بووین گه‌ر به‌ئاوی نیمچه‌ به‌ستووش بێت خۆمان بشۆین.. به‌ڵام ئاشکرایه‌ خۆشوشتنی نێو زیندانی ئه‌منه‌سووره‌که‌، هه‌ر به‌ناو خۆشوشتن بوو، ئه‌گینا له‌ڕاستیدا خۆشوشتنه‌که‌ بریتی بوو له‌وه‌ی، که‌به‌خێرایی یه‌ک دوو سه‌تڵ ئاو بکه‌یت به‌خۆتدا..له‌کاتێکدا نه‌لیفکه‌ هه‌بوو نه‌سابوونێکی وات له‌به‌ر ده‌ستدا بوو که‌که‌ف بکات، به‌تایبه‌تیش به‌و ئاوه‌ سارده‌؟!..سه‌رباری ئه‌وه‌ی نه‌ خاولیش هه‌بوو خۆتی پێ وشک بکه‌یته‌وه‌..ره‌نگه‌ یه‌کێک له‌ئه‌شکه‌نجه‌ زۆر ناخۆشه‌کانی دنیاش بۆ هه‌ر که‌سێک ئه‌وه‌ بێت، له‌چله‌ی زستاندا ناچاری بکه‌یت، به‌ئاوێکی زۆر سارد خۆی بشوات..ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی زۆرجار ئه‌و ده‌مانه‌ی خۆمان  ته‌ڕکردبوو‌، ئه‌منه‌کان ده‌هاتن و ده‌بوو خێرا جله‌کانمان له‌به‌ر بکه‌ین و  پێشیان بکه‌وین بۆ ژووری ته‌حقیق و ته‌عزیب.
-یاده‌وه‌رییه‌کانی رۆژی ئازادبوون-
ده‌بێت هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌وه‌ بڵێم، بڕیار بوو که‌من و کۆمه‌ڵێک له‌هاوڕێکانم..له‌21/3/1991دا و لێره‌و له‌وێی شار، به‌به‌رچاویی خه‌ڵکییه‌وه‌ گولله‌بارانبکرێین..به‌ڵام راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ر بووه‌ له‌مپه‌ری جێ به‌جێکردنی ئه‌و بڕیاره‌ی جه‌للاده‌کانی ئه‌منه‌سووره‌که‌و سه‌رانیان.
شایانی باسیشه‌ به‌و پێیه‌ی من وه‌ک خۆم له‌و ده‌مه‌دا له‌هۆڵی پێنجی نهۆمی دووه‌می زیندانی ئه‌منه‌ سووره‌که‌ زیندانی بووم..زیاتر ئاگاداری رووداوه‌کانی ئه‌و نهۆمه‌ بووم..بۆ نموونه‌؛ هه‌وڵدانی زیندانییه‌کانی هۆڵی سێ له‌ناوه‌وه‌ڕا؛ بۆ شکاندنی ده‌رکه‌ی هۆڵه‌که‌یان..یان ئه‌و قازیفه‌یه‌ی که‌به‌ر دیواری هۆڵه‌که‌مان که‌وت و با‌ش بوو به‌ته‌وایی دیواره‌که‌ی نه‌بڕی، ئه‌گینا زۆربه‌مان ده‌کوژراین..به‌ڵام ئه‌وه‌ بوو زیاتر دیواره‌که‌ی له‌ناوه‌وه‌ڕا هه‌ڵته‌کاند و گه‌چێکی زۆریش به‌سه‌ر من و براده‌رێکی تردا رژا..که‌هه‌ردووکمان له‌و ده‌مه‌دا له‌ژێر شوێنی پیاکێشانه‌که‌دا دانیشتبووین.
له‌رێی ساحیبه‌و ده‌لاقه‌کانیشه‌وه‌؛ ..توانیمان به‌شێکی ئه‌و حه‌شامه‌ته‌ گه‌وره‌یه‌ له‌جه‌ماوه‌ری راپه‌ڕیو ببینین.
به‌هه‌رحاڵ ده‌مه‌و نیوه‌ڕۆی 8/3/1991، ئه‌و ساته‌ مێژووییه‌ بوو، که‌هه‌رگیز ته‌سه‌وورم نه‌ده‌کرد ببمه‌ شاهید حاڵی و به‌چاوی خۆم و له‌نێو سامناکترین زیندانه‌وه‌، ئه‌و وه‌رچه‌رخانه‌ گه‌وره‌یه‌ ببینم و له‌نزیکه‌وه‌ گوێبیستی ده‌نگی شکانی یه‌که‌ یه‌که‌ی قفڵه‌کانی زیندانه‌که‌ ببم.
ئێستاش شێوه‌ی ئه‌و کوڕه‌ گه‌نجه‌ باڵابه‌رزه‌م له‌به‌رچاوه‌، که‌به‌ر له‌وه‌ی فیشه‌ک به‌یه‌که‌ یه‌که‌ی قفڵه‌کانی ده‌رکه‌ داخراوه‌کانی نهۆمی  دووه‌مه‌وه‌‌ بنێت و بیانشکێنێت؛ هاواری ده‌کرد و ده‌یگوت:
“بچنه‌ دواوه‌”.
پاش شکانی قفڵه‌کانی ئه‌و چه‌ند ده‌رکه‌یه‌ی هۆڵه‌که‌مان..ئیدی من وه‌ک خۆم به‌پێی په‌تی و به‌پیجامه‌یه‌کی هاوینه‌وه‌، له‌گه‌ڵ هه‌موو زیندانییه‌کانی نهۆمی دووه‌م، به‌خێرایی وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌دۆزه‌خ  هه‌ڵبێین؟!.. به‌پێ پلیکانه‌کاندا هاتینه‌ خوارێ و بیرمه‌ کاتێک به‌پێ پلیکانه‌کاندا هاتمه‌ ‌ خوارێ، گوێم له‌گریان و پاڕانه‌وه‌ی که‌سێک بوو به‌زمانی عه‌ره‌بی؛ به‌ڵام به‌شێوه‌ نه‌مبینی و ئه‌و ده‌م و دواتریش نه‌مزانی کێ بوو‌!؟.
یه‌کێک له‌شته‌ سه‌یره‌کان ئه‌وه‌ بوو، کاتێک ئازادبووین؛ من وه‌ک خۆم به‌سه‌رسامییه‌وه‌، له‌نێوه‌ڕاستی گۆڕه‌پانێکی ئه‌منه‌سووره‌که‌دا..ماوه‌یه‌کی زۆر راوه‌ستام..له‌کاتێکدا ئه‌و شوێنه‌ شوێنێکی زۆر خراپ بوو، چونکه‌ هێشتاکه‌ ئه‌منه‌کان له‌سه‌ربان و شوێنه‌ به‌رزه‌کانی زۆربه‌ی بیناکانی ئه‌منه‌سووره‌که‌وه‌، له‌گه‌رمه‌ی شه‌ڕه‌جه‌نگدا بوون و‌ خۆیان نه‌دابوو به‌ده‌سته‌وه‌.
ئیتر هه‌ندێک له‌و جه‌ماوه‌ره‌ راپه‌ڕیوه‌ی که‌له‌په‌ناو پاساره‌کانه‌وه‌ ته‌قه‌یان ده‌کردو به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی که‌بۆ ماوه‌یه‌کی که‌م، به‌هۆی هه‌ر هۆکارێکه‌وه‌ بووبێت، له‌ته‌قه‌کردن داده‌بڕان و بۆ کورته‌ ساتێک تێیان ده‌ڕوانیم..زۆریان پێ سه‌یر بوو؟!..که‌زیندانییه‌کی تازه‌ ئازادبوو، به‌پیجامه‌وه‌و به‌پێی په‌تی به‌رانبه‌ر قه‌نناسی ئه‌منه‌کان راوه‌ستابێت‌!!؟.
به‌هه‌ر حاڵ؛ تا که‌سێک ئاگاداری کردم که‌ئه‌و شوێنه‌ مه‌ترسیداره‌ و پێویسته‌ له‌وێدا نه‌مێنم.. هه‌ر له‌وێدا و به‌وپه‌ڕی سه‌رسامییه‌وه‌، ده‌مڕوانییه‌ یه‌کێک له‌ڕووداوه‌ ئاڵوگۆڕئامێزه‌کانی مێژووی ده‌ڤه‌ره‌که‌…!!؟.


یوسف عیزه‌دین  

Previous
Next

Leave a Reply