Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
یادی ئەنفال ئاوا ناكرێتەوە …  عومەر محەمەد

یادی ئەنفال ئاوا ناكرێتەوە … عومەر محەمەد

Closed

رۆژی 28ی شوباتی 2012 یادی یست‌وچوار ساڵەی تاوانی ئەنفالی یەكەم لە ناحێی گاپیڵۆن كرایەوە، بەداخەوە لەو یادەدا كە فەرهەنگخانەی ناحێی گاپیلۆن رێكی خستبوو هەستم بە تێنگەیشتنێكی  ترسناك لە تاوانەكە كرد، دوای تێپەڕبوونی نزیكەی چارەكە سەدەیەك بەسەر تاوانی ئەنفالدا یادكردنەوەو تێنەگەیشتن لەو ئاستەدا نەك هەرناچێتە خانەی رێزگرتن لە قوربانیانیانەوە بەڵكو جۆرە بێرێزی كردنێكیشە . چۆن ؟  لەو یادەوەریەدا هیچ ئامادەكارییەكی ئەوتۆ نەكرابوو، تەنانەت خەڵكی شارباژێرو دۆڵی جافایەتیش كەم ئامادەبوون، جگە لەئەدای خراپی بەرێوەبردن نەشارەزاییەكی زۆری تاوانی ئەنفالی پێوەدیاربوو.
ووتاری سەرەكی فەرهەنگ خانەكە هەر لەبەرایدا قۆناغی هەشتەمی ئەنفالی (فت ) كرد، وتارخوێن ووتی : یەكەم قۆناغی ئەنفال لە بەرواری 23/2 / 1988 لێرەوە دەستی پێكردو بەحەوت قۆناغ كۆتایی هات..!! . بەبێ‌ ئەوەی هیچ ئاماژەیەك بەجۆری تاوانەكەو ئامارێكی قوربایەكان‌و شیوازی پەلامارەسەربازیەكە بكات..!  بەرێوەبەرێك ! وتاری بەرێوەبەرایەتیەكەیانی خوێندەوە ووتی : ( زۆر خۆمان بەخۆشحاڵ دەزانین كە بەشداری لەم قۆناغەی ئەنفالدادەكەین )  هەرباش بوو نەیگوت ئەنفالی پیرۆز.!
یەكێكی تر ووتی : پاشئەوەی جەنگی ئێران عێراق تەواو بوو، حكومەتی بەعس بیری لەپرۆسەی لەناوبردنی گەلی كورد كردەوە ..!!  .. ئەرێ‌ خەڵكینا بەعس دوای تەواو بوونی جەنگ بیری لە جینۆسایدكردنمان كردەوە ؟ یان لەدروست بوونی دەوڵەتی عێراقەوە نیازو پرۆژەی لەناوبردنی كورد لە ئارادایە ؟  باشە خۆ هێشتا جەنگی ئێران عێراق هەڵنەگیرسابوو كە جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلی دەستی پێكرد، هێشتا جەنگ لەسەرەتا دابوو كە لەساڵی 1983 جینۆسایدكردنی پیاوانی بارزانی دەستی پێكرد ؟ هەی سەلامەت بن خۆ بریاری ( 160 ) ساڵیك پێش ئەنفال لەبەرواری 29ی ئازاری سالی 1987 دا دەرچوو، ئەنجومەنی سەركردایەتی  بەناو شۆڕش  بۆ یەكلایی كردنەوەی كێشەكورد  بەو بریارە عەلی حەسەن مەجیدی كردە، حاكمی ناوچەی باكورو بەرپرسی ئەو پەلامارانە . تەنانەت 16ی ئازار كەهەڵەبجە كیمیابارانكرا لەمیانەی یەكەم قۆاغی پەلاماری  دۆڵی جافایەتیدا بوو ( بروانە  بەرواری پەلامارەكەو بەرواری وەستاندنی جەنگ 8/8/1988 ) لەگەرمەی جەنگەكەدابوو.
كەمەراسیم تەواو بوو چوومە لای بەرێوەبەری ناحێی گاپیلۆن ووتم: سەرباری دەستخۆشیم بەڵام هەندێك تیبینیم لەسەر   مەراسیمەكە هەیە، كابرا نەیهێناو نەیبرد لەبری گوێگرتن بە توندی وەڵامی دامەوەو وتی:  چیە كاكە لەبری ئەوەی دەستخۆشیمان لێبكەیت هاتوویت شەرمان پێدەفرۆشیت ؟ ووتم برا شەڕ فرۆشنیم، دەستخۆشیم لێكردیت بەڵام  ئێوە هەڵەتان كردووە، دیسانەوە نەیهێشت قسەكەم تەواو بكەم ووتی : هەڵەی چیمان كردووە..؟  ووتم برای بەرێز ئەگەر گوێ‌ بگریت خراپ نیە، قۆناغەكانی ئەنفال حەوت نەبوون هەشت بوون ئەم قۆناغە یەكەم بوو ئەنفالی ناوچەی بادینان هەشتەم قۆناغ بوو بەعسیش بە خاتمەی ئەنفال ناوی برد ، كابرا هەڵیدایە ووتی: كورە دەبرۆ بابە تۆ دەلێی چی  كێ‌ گوێ‌ لە تاریخ دەگرێ‌ ؟! من هەقم چیە حەوتە یان هەشت ؟ ووتم ئاخر هەربۆ زانیاریت هەشت قۆناغ بوو لەوەڵامدا ووتی نەخێر حەوتە…. هەرچۆنێك بوو خەلك‌و خواكەوتنە نێوانەوەو لێكیان دورخستینەوە بیستم قسەی ناشایستەشی كردبوو.
لەناو ئەو بەرێزانەی كەقسەیانكرد  جگەلە (ئاری هەرسینی ئەندامی كۆمیتەی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و قایمقایمی چوارتاو پێشمەرگەیەكی دێرن بەناوی مام ئاراس )  كەسیان نەیانتوانی گوزارشتێكی سادەوساكار لەتاوانی ئەنفال بكەن، بەڵام پێویستە كۆمێنتێك لەسەر قسەباشەكانی (كاك ئاری هەرسین) یش بنوسم كە بەلامەوە زۆرخۆش بوو كەسێك لەناو سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و لەیادێكی ئەنفالدا  داوای دادگایی كردنی جاشەكان‌و تۆمەتبارانی ئەنفال بكات. بەهیوام ئەمە لەقسەوە ببێتەكردار كاك ئاری هەرسین‌و ئەو دەنگانەی تر لەناو حزبە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان بەتایبەتیش پارتی دیموكراتی كوردستان بتوانن بەلای كەمەوە ئەوە بكەنە عەقلیەتی باوی ناوكادروئەندامەكانی خوارەوەیان، چونكە پێكەوە ژیانی جەلادو قوربانی بەتەنیشت یەكەوە یەكێكە لەوێنەدزێوناشرینەكانی هەرێم، هەڵبەتە ئەوەش زانیاریەكی گشتیە كە داڵدەدانی تۆمەتبارانی ئەنفال هەتا ئێستا هەربۆ دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان خراپ نیە، بەڵكو بۆ خودی حزبەكانیش خراپە، بەشبەحاڵی خۆم بەو لۆژیكە ناجولێمەوە لەئەنجامی قسەوكردارمانەوە درندە درندەتربێت، دادگایی كردنی جاشەكانیش لەدیدێكی دەمارگیرانەو بەچاوی تۆلەوە تەماشا ناكەم، بەڵكو وای بۆدەچم كە دادگایی نەكردنیان  زەمینەی جاشایەتی‌و خیانەتی نیشتمانی بەكراوەیی دەهێلێتەوەو كەس لەبەرامبەر ئەو رەفتارە دزێوە خۆی بەشەرمەزار نازانێ‌، لەلایەكی تریشەوە دالدەدانی جاشەكان لەلایەن دوو هێزە سەرەكیەكەی كوردستانەوە لەپێشەوە پارتی كە كاك ئاری هەرسین تیایدا ئەندامی سەركردایەتیە، هەربێبەهاكردنی یاساوهەیبەتی دادگاكان نیە بەڵكو سەرچاوەی بێمتمانەیشە بەئایندەی ئەم هەرێمەوبەخودی حزبەكانیش چونكە جاشایەتی رەفتارێك نیە بەهیچ پاساوێك خەڵكی كوردستان  قایل بكات.

yadiAnfal2_393963705.jpg

بۆیە كاك ئاری هەرسین روبەروی ئەو پرسیارە زۆر سادەیە دەبێتەوە كە بۆچی لەناو حزبەكەی خۆیانەوە دەست پێناكەن‌وقۆڵ لەرادەستكردنی تۆمەتبارانی ئەنفال بۆ دادگایی كردنیان هەڵناكەن. ؟
دواجار لەو مەراسیمەدا كۆمەڵیك خەڵات پێشكەش كران، كەس نەیزانی زانی بۆچی‌و لە سۆنگەی چییەوە بوو؟  خەڵات بەسەر ئەو دەستەبژێرانەدا دابەشكرا ..؟ نەكەس زانێ‌ كێ‌ بەكێیی دەبەخشێ‌، نە دیاربوو كێ‌ هەڵدەستێ‌ بۆ پێشكەش كردنی خەڵاتەكان ؟ ئەوەی وترا ( ئێستاش خەڵات بەسەر چەند كەسێك لەكەسوكاری قوربانیانی ئەنفالدا دابەش دەكەین ) ئیتر دیار نەبوو بۆچی ؟!
بەهەرحاڵ بەهیوام جارێكی تر خەڵكی دۆڵی جافایەتی شارباژێرقایل نەبن بەوشێوەیە یادی قوربانیەكانیان بكرێتەوە یادێك تەنانەت تیایدا نەتوانرا پێشوازیەكی باش لە میوانەكانیان بكەن.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.