Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
یادی شه‌هید بوونی یه‌که‌م سه‌رۆک کۆماری کوردستان…. عامر باجه‌ڵان

یادی شه‌هید بوونی یه‌که‌م سه‌رۆک کۆماری کوردستان…. عامر باجه‌ڵان

Closed
by April 2, 2008 گشتی

گه‌ر چاوێک بگێڕینه‌ مێژووی کۆن و نوێمان ئه‌بینین پڕه‌ له‌ داستانی قاره‌مانێتی و قه‌یران و کۆسپ و کاره‌سات ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر ماوین و ڕۆژبه ‌ڕۆژزیاتر خۆمان پێناسه‌ی دونیا ئه‌که‌ین .

 له‌ مێژووی نیشتمان په‌روه‌ری و کوردایه‌تی ، نموونه‌ی پێشمه‌رگایه‌تی و  خاک په‌رستی زۆرمان هه‌یه‌ ،‌ هه‌ریه‌که‌و به‌ شێوازێک گیانی پاکی به‌خشیوه‌ به‌ نیشتمان . وه‌ک لای هه‌موو ئاشکرایه‌ زۆربه‌ی ڕۆژه‌کانی ساڵ شه‌هیدێک یان چه‌ند شه‌هیدێک خوێنی پاکیان له‌ ڕێگای ئازادی و ڕزگاری کوردستان خاکی پیرۆزی نیشتمانیانی پێ ڕه‌نگین کردووه‌ ، به‌ڵام ڕۆژی 10 ی خاکه‌لێوه‌ تایبه‌تمه‌ندی جیای هه‌یه‌ ، له‌و ڕۆژه‌دا یه‌که‌م سه‌رۆک کۆماری کوردستانی تێدا شه‌هید کراوه‌ .

 61 ساڵ به‌ر له‌ ئێستا  واته‌ 10 ی خاکه‌لێوه‌ی ساڵی2647 ی کوردی به‌رامبه‌ر 30 / 3 / 1947 زاینی ڕۆژێکه‌ له‌ مێژووی کوردستان هه‌رگیز له‌بیر ناچێت ، ئه‌و ڕۆژه‌ شوومه‌ چاوه‌ڕێ نه‌کراوه‌ ، ڕۆژی له‌ سێداره‌ دانی پێشه‌وا قازی و دوو له‌ هاوڕێیانی ئه‌بولقاسم سه‌دری قازیی و مه‌حه‌مه‌د حسین سه‌یفی قازی  ‌ له‌ مه‌یدانی چوارچرا له‌ شاری مه‌هاباد ، له‌و جێگه‌ی که‌ پێش 14 مانگ  پێشه‌وا قازیی نه‌مربڕیاری دامه‌اراندنی یه‌که‌م کۆماری کوردستانی به‌دونیا ڕاگه‌یاند .

پێشه‌وا قازی و هاوڕێیانی به‌و‌ تۆمه‌ته‌ له‌ سێداره‌ دران  که‌ جلی جه‌ناڕاڵی پۆشیوه‌ و شێوه‌ی ئاڵای ئێرانی گۆڕیوه‌ و فه‌رمانی کوشتنی ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازی ئێرانی ده‌رکردووه‌ و چه‌ند تاوانێکی تر. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕاستییه‌  شه‌هید پێشه‌وا قازی و هاوڕێیانی به‌و تۆمه‌ته‌  له‌ سێداره‌ دران که‌ سه‌رکرده‌یه‌کی دڵسۆزن بۆ گه‌ل و نیشتمانه‌که‌یان ، له‌دوای ئه‌وانیش تا ئه‌مڕۆ کاروانی شه‌هیدان و له‌ سێداره‌ دان به‌رده‌وامه‌ له‌لایه‌ن دوژمنانی کورد و کوردستان .

ڕاسته‌ پێشه‌وا قازی محمد ڕووبه‌ڕووی دوژمن شه‌ڕی نه‌کرد و هه‌زاران شه‌هید بدات له‌ شه‌ڕێک ئه‌نجامه‌که‌ی ده‌ست نیشان کراوه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ زله‌کانی جیهان ، ڕاشی نه‌کرد .  شه‌ڕی شێرانه‌ی برده‌ ناو دادگای نه‌عه‌داله‌تانه‌ی پاشماوه‌ی سه‌فویه‌کان ، ماوه‌ی سێ مانگی دادگا فیری دوژمنانی کرد مانای کوردایه‌تی ، نیشتمان په‌روه‌ری ، خۆ فیداکاری له‌ پێناوی کوردستان . 

له‌ ووته‌کانی پێشه‌وا قازی …. من له‌ زووه‌وه‌ خۆم بۆ ئه‌وه‌ ئاماده‌ کردووه‌ به‌ باوه‌شی ئاڵاوه‌ پێشوازی له‌و مردنه‌ سه‌ربه‌رزانه‌یه‌ ده‌که‌م که‌ له‌ ڕێگای ئازادیی میلله‌ته‌که‌مدا ده‌کوژێم ، ئه‌وه‌ به‌ڵێنێکه‌ که‌ به‌ نه‌ته‌وه‌که‌مم داوه‌ له‌ گه‌ڵیان بژیم و بۆ ئه‌وانیش بمرم ، تازه‌ چۆن ئاماده‌م به‌ڵێنی خۆم بشکێنم .
 نه‌مری و سه‌ربه‌رزی بۆ تۆ و هاوڕێیانت ئه‌ی پێشه‌وای نه‌مر .

سه‌رکه‌وتنی کورد له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستان سه‌رکه‌وتن و سه‌ربه‌رزییه‌ بۆ پارچه‌کانی تری کوردستان . ئه‌م ڕاستییه‌مان له‌ کاتی دامه‌زراندنی کۆماری کوردستان له‌ مه‌هاباد به‌دی کرد و ئه‌مڕۆ ئه‌و سه‌ر‌به‌ خۆیی و ئازادییه‌ له‌ کوردستانی باشووربه‌ر چاو ده‌که‌وێت ، هه‌رچه‌ند پارچه‌کانی تری کوردستان له‌ژێر ده‌ستی داگیر که‌رانه‌ . به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ خه‌بات به‌رده‌وامه‌ .

کوردستانی باشوور ئه‌مڕۆ خاوه‌ن حکومه‌ت و په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمان ڕه‌وایی خۆیه‌تی . تێگه‌یشتنمان هه‌یه‌ که‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردستان وێڕای هه‌وڵی به‌رده‌وامی دوژمنان و نه‌یارانی کورد و کوردستان توانیویه‌تی ئاسایشی ناوچه‌که‌ بپارێزێ ، هه‌روه‌ها بوونی په‌رله‌مانێکی فره‌ حیزبی له‌ کوردستان ئاماژه‌یه‌کی ڕوونه‌ بۆ ئاینده‌یه‌کی دیموکراتی و پێشکه‌وتووتر .

پلان و هه‌ڕه‌شه‌ی دوژمنان و نه‌یارانی کورد به‌رده‌وامه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هیچ پارچه‌یه‌کی کوردستان ئازادی به‌چاو نه‌بینێ ، ئاوه‌دانی وپێشکه‌وتنی هه‌ر پارچه‌یه‌ک له‌ کوردستان دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیانه‌ بۆیه‌ به‌رده‌وامن له‌ هه‌وڵدانی تێکدانی ئارامی و سه‌قامگیری هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان .

پێوئسته‌ ئه‌مڕۆ زیاتر یه‌کگرتووی و هاوکاری هێزه‌ سیاسیه‌کانی کورد و کوردستان بۆ پاراستنی ئه‌و ده‌سکه‌وته‌ مه‌زنانه‌ی ‌کورد که‌ به‌ خوێنی پاکی شه‌هیدانی به‌ده‌ستی هێناوه‌ له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستان .
نه‌مری و سه‌ربه‌رزی بۆ شه‌هید پێشه‌وا قازی و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان .

عامر باجه‌ڵان – سوید
Amerbajalan1@hotmail.com

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.