Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
یاد و یادەوەرییەکانتان بەرز و زیندوو

یاد و یادەوەرییەکانتان بەرز و زیندوو

Closed
by December 13, 2012 گشتی

 

 

 

هاوڕێی ئازیز و خۆشەویستم، کاکە زاهیر باهیر، لە ژێر ئەم سەردێرەی سەرەوەدا،  لە یادی شەهیدی قارەمان (ئەکرەمی حەپسە)دا نووسینێکی نووسیوە و باسی کۆمەڵێک شەهیدی قارەمانی تریشیکردوە، ئەو نووسینەی کاکە زاهیر بەجارێ ناخی منی هەژاند، بەجارێ سوێ و ژانی لە دەستانی چەندیین هاوڕێی خۆڕاگر و سەنگەری بەرگریکردن و تێکۆشان دژ بە زوڵم و ستەمکاری، خەبات وتێکۆشان بۆ بەدیهێنانی سیستەمی سۆسیالیستی  خستەوە دڵ و دەروونم، بە جارێک برینی کۆن و نوێی لە دەستدانی دەیان هاوڕێی پێشەمەرگایەتی و خەباتی سیاسیی و زیندانی سیاسیی کولاندنمەوە. 

منیش لەگەڵ قسەکەی کاکە زهیردام کە دڵێت ئاخر چۆن دڵمبێت و چۆن پڕکێشیبکەم کە منی زیندو باسی ئێوەیەک بکەم کە چەندیین فرسەخ لە پێش ئێمەومانانەوە بوون.  چۆن بتوانم باسی (ئەکرەم)ێک بکەم کە چەندین فرسەخ لە پێشمنەوە بوون، جیاوازی ئێمەومانان و کاکە زاهیر و هاورێکانی لەگەڵ ئەوانەی بێشەرمانە دەستدەبەن بۆ یادکردنەوی ئەو شەهیدە سەربەرزانە ئەوەیە کە ئێمەو مانان وابیردەکەینەوە کە ئەو شەهیدە سەرکەش و باڵا بەرزانە ئەوەندە شکۆمەندن دەبێت زۆر بە وریاییەوە یادیان بکەینەوە، دەبێت کەسانێک، گورپێک، حیزبێک یادیان بکاتەوە کە وەک ئەوان خۆنەویستبووبێت و دنیای سەرمایەداریی و دەوڵەمەندی و خۆشگوزەرانی  و دنیای جیهانگیریی نەیتوانیبێت لە ئاراستە ڕاستەقینەکەی خۆی لایانبدات و بیانکات بە کۆیلەی سەروەت و سامان، نەبووبێتن بە بەشێک لە گەندەڵکاران، نەبووبێتن بە بەشێک لە ستەمکاران، نەبووبێتن بە بەشێک لە خۆفرۆشان، نەبووبێتن بە جامبازی دنیای سیاسەت و بازارگانێتییان نەکردبێت بە گیان و خوێنی شەهیدانەوە. کەچی زۆر بێشەرمانە حیزب گەلێک یادی ئەو شەهیدانە دەکەنەوە و دەیانکەن بە هاوڕێ و هاوبیری خۆیان کە نەک هەر بوون بە کۆیلەی سەروەت و سامانی دنیای سەرمایداریی بەڵکو ستەم و زوڵمی دەسەڵاتە سیاسییەکەیان کارێکی کردوە کە دەیان لە هاورێ و هاوبیری ئەو شەهیدانە لە ژێر سایەی ئەواندا دەچەوسێنەو و دەگیرێن و دەکوژرێن و هەرشەیان لێدەکرێت و سوکایەتییان پێدەکرێت، دەیان لە جاش و خۆفرۆشەکانیش ناویان لەگەڵ ناوی ئەواندا ڕیزدەکرێت و موچەی مانگانەیان بۆ دەبڕدرێتەوە و وەک ئەوان و لەوان زیاتر حسابیان بۆ دەکرێت.

زۆرێک لەوانەی کاکە زهیر ناوی بردوون لە نزیکەوە هاوڕێم بوون، زۆرێکیتریشیان ئەگەر بە هۆکاری نهێنیەکانی خەباتی سیاسی ئەو سەردەمە یەکترییمان نەناسیبێت، بەڵام بە ناوی جیاجیا و بە نا ڕاستەوخۆ ئاگامان لە یەکتری بووە و یەکتریمان ناسییوە، هەر بۆ نموونە زۆر دەمێک بوو من کاکە زاهیرم دەناسی، ئەویش منی دەناسی، بەڵام دەبوو خۆمان لە یەکتری ئاشکرا نەکەین، دەبوو تەنانەت ئەگەر یەکتریش ببینین سەلام و کەلامیش لە یەکتری نەکەین. هەر لەبەر ئەوەش من ڕێگە بە خۆم نادەم کە قسە لەسەر زۆرێک لەو هاورێیانە بکەم، بەڵام ناشتوانم ئەوە بشارمەوە کە ئەوەی کاکە زاهیر وتوویەتی لەسەر کاک ئەکرەمی حەپسە هیشتا کەمی گوتوە لەسەر ئەو پیاوە قارەمانەی کە هەمیشە ئاواتم بووە لە نزیکەوە بیناسم و گفتوگۆی لەگەڵ بکەم، بەڵام ڕێگەم پێنەدراوە. کاکە ئەکرم ئەوەی رۆژێک لە رۆژان لە نزیک یان لە دوورەوە ناسیبێتی مەحاڵە لە یادیبکات و بیربچیتەوە.

هاورێی قارەمان کاکە ئەکرەمی حەپسە ئەوەندە ئەخلاقی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەرز بوو کە تا ئێستاش چیرۆکی ئەخلاقی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو قارەمانە دەگێڕدرێتەوە.

کاک ئەنوەری حەمە ڕەشید،کە هاورێی کاکە ئەکرەم و کاکە مستەفا چاوڕەش و ئەو خێزانە بوو بۆی گێرامەوە کە جارێکیان هەردوو کاک ئەکرەم( کاک ئەکرەمی برا گەورەی کە ئەنوەر حەمە ڕەشید کە ئێستا لە سویدە و ئەو کاتە پارتی بووە لەگەڵ کاک ئەکرەمی حەپسە کە شیوعی بووە) دەکەونە شەرێکی دەستەویەخەی گەنجانی شیوعیەکان و پارتیەکان لە ئەسحابە سپی، کاک ئەکرەمی برا گەورەی کاک ئەنوەر بریندار دەبێت بە دەرنەفیز، کاک ئەکرەمی حەپسە ئێوارەکەی کە تاریک دادێت لەبەر ئەوەی قاچاخ بووە و دەبوو لەم ماڵ و لەو ماڵ خۆی بشارێتەوە، دەچێت بۆ ماڵی کاک ئەنوەر حەمە ڕەشید، کاک ئەنوەر کە کاک ئەکرەم دەبینێت دەڵێت تۆ هاتووی بۆ ئێرە دەزانی کە ئەکرەمی برام بریندار بووە لە شەرەکەدا، کاک ئەکرەمی حەپسە دەڵێت؛ کەیفی خۆیەتی ئەوە شەرەو دەبوو بکرایە ئێستا من جێگەم نییەو دەبێت لە ماڵی ئێوە بمێنمەوە، ئەم ئەخلاقە  بەرزە سیاسییەی کە شەڕیش دەکەن و لە ماڵی یەکتریشدا یەکتری حەشار دەدەن مەگەر هەر لەو سەردەمەدا و لە کەسانی وەک هەردوو کاک ئەکرەم و کاک ئەنوەر بوەشێتەوە. ئەمە بووە ئەخلاقی شیوعیانەی کاک ئەکرەم کە نابێت شەر و ململانێ خوێناوییەکانیش ببنە هۆکاری ئەوەی کە پشتیوانی یەکتری نەکەن لە کاتی تەنگانەدا.

کاکە تاهیری حمە موراد، ئای لەو قارەمانەی کە من بینیم لە زینداندا، ئای لەو ڕۆژەی کە پێیوتم من بە تەنها خۆمم و کەسم لەگەڵ نەگیراوە، کەچی من خۆم بۆ ڕانگیرا لەگەڵ ئەوەی هەڵەبوو پێموت ئەمەی کە تۆ دەیبینیت هەموو ئەوانەی لە بەرچاوی تۆدا ئەشکەنجە دەدرێن هەموومان پێکەوین و هەموومان یەک ئاراستەی فکرییمان هەیە و دڵنیابە بە تەنها نییت. 

ئەم پیاوە قارەمانە، پێش ئەوەی ببێت بە پێشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەکان، لە دەستی پۆلیس لە تەوقیفخانەی گەورەی سلێمانی ڕایکردبوو بە تەقەکردنێکی زۆریش نەیانتوانیببوو نە برینداریبکەن نە بیگرن.  ئیتر لەوە بەدوەاوە بوو بە پێشمەرگەی کۆمەڵەی ڕنجدەران و لەگەڵ هاوڕێ شەهید ئارمدا بوو، بەڵام من دەمزانی کە وەک فکری سیاسی لەگەڵ ئێمەی سەر بە ڕێکخراوی وحدة القاعیدەدایە، هەر ئەوەش بوو کە بووە هۆی ئەوەی کە بۆ عەمەلیاتێک بهێنرێتەوە بۆ سلێمانی. 

لە دوای گرتنم کە بۆ ماوەی ٢ حەفتە چاوم بەسترابووەوە و بە چاوبەستراوەیش دەیانبردم بۆ سەر ئاو و نانیان دەداپێم و هەر بە چاو بەستراوەیش دەیانبردم بۆ لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەدان، کە حاڵم زۆر خراپ بوو، زۆر ئەشکەنجەیەکی قورسی لە ڕادەبەدەرم دەدرا، لە دوای ئەو ٢ حەفتەیە چاومیانکردە وە و بردمیان بۆ ژورێکی تر کە پەنجەرەیکی گەورەی تیا بوو لەسەر ژورێکی چۆڵ کە چەند مێزێکی شڕ و چەند کورسییەک و قاسەیەکی پارەی تیا بوو(هەڵبەت خۆیان پێیان وتم ئەمە ژورێکی ترە و لێرە بۆیە چاوت دەکەینەوە). هاوڕێ تاهیر حەمە موردا بە قاسەکەوە لەو ژورەدا بە زنجیر بەسترابووەوە،  شەو درەنگان کە دەکەوتینە قسەکردن لە پەنجەرەکەوە ئیتر من زانیم کە ئەم کاکە تاهیر حەمە مورادە کە ناوی سیاسییەکەی (هاوڕێ)بوو، خۆمان لە یەکتری ئاشکراکرد، کە ئەو زۆری پێیباشنەبوو وەک باسمکرد لە سەرەتادا. 

ئەم قارەمانە بۆی گێڕامەوە کە هەمان مفەوزی کە کاتی خۆی لەدەستی ڕایکردوە و تەقەی لێکردوە لە دەرگای مزگەوتەکەدا کە دبوو لەوێوە بڕوات داوای هەوێی لێکردوە، ئەمیش زووتر هەستی بەوە کردوە کە سەرەبانی مزگەوتەکە و ئەو کۆڵانە تەسکە ئارم نییە و شڵەژانێکی بینیوە، بۆیە وتی: یەکسەر لە جیاتی ئەوەی وەڵامی بدەمەوە هەتا توانیم یەک زلەم کێشا بە لاملیدا و خۆم هەڵدا بەسەریدا و دەرپەریم و دەستمدایە دەمانچەکەم و لەسەر بانەوە کەوتنە تەقەکردن لێم ومنیش تەقەم لەوان دەکرد بە ڕاکردنەوە، لە پڕ یەک تەرکتۆریان بەرەو ڕووم هێنا و ئیتر نە زلەم لە تەرکەتۆر بۆ دەدرا، نە دەمتوانی بەسەریدا خۆم هەڵدەم تا لە پشتەوە سوار سەرم بوون دوای ئەوەی کە بریدندار کرام. هەر دەستبەجێ ناسیبوویانەوە، بۆیە ڕووتیانکردبووە و بە ڕووتی تا ئەمنی سلێمانی بە پێهینابوویان بۆ چاوترسانی خەڵک. 

لە ئەمنی سلێمانی، دکتۆریان بۆ دەهێنا بۆ تەداوی، خواردنی باشیان بۆ دەهێنا، بەڵام خۆی دەیوت ئەوە لەبەر ئەوەیە کە بمکڕن، کە مەحاڵە بتوانن یەک وشە سودم لێوەربگرن، تەنانە یەکێک لە بازرگانەکانی سلێمانی کە ناوی نازنم لەسەر شتفرۆشتن بە نرخی گران گیرا، کە هات تاهیری بینی ناسییەوە و بە ئەمنەکانی وت ئەو کوڕە هیچی لەبەردا نییە، دەمەوێت ئەم قاپوتەی خۆمی بدەمێ، ئەوانیش لێیان قبوڵکرد.  ئیتر هاوڕێ تاهیر، ئەو قارەمانە بچکۆلەیە کەوتبووە ناو قاپوتەکەوە، چوونکە لە مانگی سێدا بوو گیرانەکەمان و ساڵی ١٩٧٨ یش ساڵیک بوو بەهارەکەی باراناویی و سارد بوو.

هەموو ڕۆژێکیش هاوڕێ تاهیر دەیوت، ئەم نانخواردنە بە قوزڵقورتم بێت چوونکە جیاوازە لە خواردنەکەی ئێوە، هەڵبەت بەوەش قایلیانکرد کە ئەو بریندارە و دکتۆر وتوویەتی دەبێت خواردنەکەی جیاوازبیت. 

ڕۆژێکیان مولازم موحسین هات بۆ لای، دوای ئەوەی لە پەنجەرەکەوە کۆمەڵێک سوکایەتی بە من کرد و دەستیکرد بە جنیۆدانم، وتی تۆ ئیعدام دەکرێیت لە سەدا سەد، بەڵام بە هاوڕێ تاهیری وت تۆ مەترسە! ئیعدام ناکرێیت ئێمەی بەعسی دەزانین تۆ چەند کورێکی ئازایت، ئێمە ڕێزمان بۆ کوڕە ئازاکانی وەک تۆ هەیە، دەزانین تۆیان خەڵەتاندووە، تۆ شایستەی ژیانیکی خۆش و ژنی جوان و سەفەر و سیاحەتی. هاوڕێ تاهیر وتی تۆ دەڵێی لەگەڵ منداڵدا قسەدەکەیت، پەتی سێدارەکە بەردەوام لەبەر چاومە، ئێمە ئەوە ڕێگایەکە خۆمان هەڵمانبژاردوە و ناترسین لە سێدارەی ئێوە. مولازم موحسین وتی تۆ بۆ ر‌قت لە منە؟، وتی من ڕقم لە هیچ ئینسانێک نییە، بەڵام ڕقم لە پۆلیس و ئەمنە لەبەر ئەوەی ئێوە خوێنڕێژن، مولازم موحسین هیچ قسەی نەکرد و بەجێی هێشت.  جارێکی تر لە هەیئەی کەرکوک و ئەمنی عامەوە ٣ ئەفسەر هاتن بۆ لای بردیان لەگەڵ خۆیاندا و نیوە شەوێکی درەنگ هاتەوە، کە هاتەوە وتی هاورێ جیهاد هەتا بڵێی خزمەتیانکردم، هەتا بڵێی ڕێزیان لێگرتم، بەڵام داوای هاوکارییم لێدەکەن، دڵنیابە یەک وشە نادركێنم. ئەمە ئەو قارەمانە بوو کە نەیانتوانی بیکڕن و سودی لێوەربگرن. 

یەک پێشەمەرگەم لە زینداندا بینییوە وەک ئەم هاوڕێ تاهیرە خۆراگر و بەهێزبێت، بە داخەوە ناویم لە بیر چوەتەوە، ئەوەندە دەزانم سەربە کۆمەڵەی ڕەنجدەران بوو خەڵکی ناوچەی سەید سادق بوو، هەتابڵێی کورێکی بەجەرگ و ئازا و نەبەرد و دلێربوو، زۆر هەوڵیان دا بیکڕن گاڵتەی پێدەکردن، ئەم پێشمەرگەیە ئازایەتییەکەی لەوەدا بوو نەخوێندەواربوو، عەرەبییەکەشی باش نەبوو، خۆی زۆر شتی بۆ باسکردین. 

بە داخێکی گەورەوە، کاتێک من برام بۆ زیندانی گەورەی سلێمانی پاش ١ حەفتە هاوڕێ تاهیر و هاوڕێ مامۆستا ساڵح کەلاری و هاوڕێ کەنعان کاکەیی و هاورێ ڕەمەزان نانەوە و هاوڕێ نوری دزەیی و هاوڕێ عاسی و هاورێ رەفعەتیان هێنا بۆ هەمان زیدنانی، زۆر دڵم خۆش بوو کە هاورێکانم لەوێ بینیەوە، بەڵام بە داخێکی گەورەوە هەر یەک شەو بوو ئەوانیان جیاکردوە و نەمزانی بۆ کوێیان بردن و دوای ماوەیک منیان گەیاندە ئەمنی عامەی بەغدا و لەوێش هیچ هەواڵێکیانم نەزانی تا دوای بەربوونم.

بە داخیکی زۆرەوە هاوڕێ تاهیر حەمە مورادیان لە سێدارە دا و هاوڕێ کەنعان ٦ ساڵ حوکم دراو هاورێ مامۆستا ساڵح و کاکە ڕەمەزان نانەوا لە هەیئەی کەرکووک دوای ئەشکەنجە و ئازاردانێکی زۆر ئازادکرابوون و منیش پاش ماوەیەک ئازادکرام. (ئازادکردنی ئێمەش چیرۆکێکی دوورو درێژەو لێردا نامەوێت بچەمە سەر ئەو باسە).

ئەوەی دەمەوێت بیڵێم لەسەر گرتنی ئێمە، هەموو هاورێکانمان یەک لە یەک ئازاتر و بەجەرگتربوون. هیچ کەسێک ئیعترافی نەکرد، ئەگەر بهاتایەو یەک هاورێی ئێمە بە هاورێ تاهیر و هاوڕێ مامۆستا ساڵح و هاورێ ڕەمەزان و بەندەوە ئیعترافمانبکردایە زۆر وەزعی تەنزیم و هاوڕێیانمان خراپدەبوو، زۆر کەس بەر گرتن و ڕاودوونان دەکەوتن. 

هەر بۆ نموونە، ئەم هاورێیانە لەگەڵ ئێمەدا گیران لە کەرکووکەوە. هاورێ عاسی، هاوڕێ نوری دزەیی، هاوڕێ ڕەفعەت، ئەم سێ هاوڕێیە من و کاکە کەنعان لە پێشمەرگایەتییدا دەمانناسین و پێشمەرگەو ئەندامی قیادەی مەرکەزیبوون. لەسەر دەمی وحدة القاعدەدا کە دەرهاتی قیادەی مەرکەزی بوو ئەم سێ هاورێیە پەیوەندییان هەبوو بە هاوڕێ مامۆستا ساڵح و کاکە کەنعانەوە، کە هاورێ برایمی مەلا ئیسماعیلی دێلێژەیی سەرپەرشتیاری هەموو تەنزیمی کەرکوکی دەکرد، بەڵام زۆر مەردانە ئینکارییانکرد و وتیان بە هیچ جۆرێک ئەم سێ هاورێیە ناناسین و پەیوەندییمان پێیانەوە نەبووە، بۆیە ئەو سێ هاورێیە ئازادکران. دیسان بە هیچ جۆرێک باسی هاورێ برایمیان نەکرد، ئەو کاتە من بۆ خۆم دەمزانی کە کاکە برایم سەرپەڕشتیاری تەنزیمی کەرکوک دەکات. کە ئەو کاتە ئەمنی سلێمانی وئەمنی بەغدا زۆر بەدوای سەرە داوێکدا دەگەڕان کە بزانن پەیوندیی برایم بە ئێمەوە چییە. زۆر باش لەیادمە ٣ دانە ڕۆژ بەس لەسەر ئەو لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەیاندام کە باسی هاورێ برایم بکەم بۆیان، کە توانیم ڕووی خۆم و تەنزیم سپیبکەم و ئەشکەنجەی دەروونی و لێدان و کارەباکانیان و هەڵواسینم بە دەرگا و پەنجەرەدا کاری تێنەکردم.

باش لە بیرمدێت کە زۆریان لە هاوڕێ مامۆستا ساڵح و هاوڕێ کەنعان دا تا ئیعترافبکەن لەسەر هاوڕێ عاسی و هاورێ نوری و هاوڕێ ڕەفعەت، بە زنجیر هەموو گیانی هاورێ کەنعانیان هێنایە خوێن، ئەوەندەیان لە هاورێ مامۆستا ساڵح دا کە بۆ چەند رۆژ بە زۆر خواردنیان دەکرد بە دەمیەوە بۆ ئەوە کە نەمرێت. ئەمە بۆ جارێک لەبەرچاوی من ئەشکەنجەیان دان و لە دوایشدا خۆیان  بۆیان باسکردم.

ئەم ساڵ کە چوومەوە بۆ کوردستان، بەوپەری خۆشحاڵی و بەوپەڕی سەربەرزییەوە سەردانی هاورێ مامۆستا ساڵحم کرد لە کەلار و کاکە ڕەمەزانیش هات بۆ لام بۆ سلێمانی. 

هاورێ بەکر(واتە هاوڕێ ئاشتی برای کاکە هۆمەر قەرەداخی خۆشەویست)، خوێندکاری زانکۆی سلێمانی بوو لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا، ئەم هاوڕێ چاو گەشە، ئەم هاوڕێ دڵ پڕ لە هیوایە، چەند ئارام بوو، چەند بە سۆز بوو، هێندە بە ڕق و کینە بوو لە ستەمکارانی بەعسییەکان. ڕۆژێک کاکە کاوەی مەلا مەحموود بە دڵتەنگییەوە هەواڵی داپێم کە هەردوو هاورێی خۆشەویستی(کاکە بەکر و کاکە یوسف) لەسەر داوای رێکخستنی سلێمانی دەبێت بڕۆن ببن بە پێشمەرگە، بۆ دواجار کاکە ئاشتی گیانم لە ماڵی کاک کاوە بینی، بە داخێکی گەورەوە ئەو هاورێیەم نەبینییەوە، کاتێک ئازادکرام، پێیان وتم کە هاورێ ئاشتی لە ژوری لە سێدارەداندایە و هەواڵی تۆی زانیوە کە لە زینداندایت و کاک کاوەی مەلامەحموودی ڕاسپاردوە کاتێک سەردانیکردوە بۆ لای لە موسڵ، ئەگەر ماڵی کاک جیهاد کوریان بوو، با ناوی بنێن (بروسکە) بۆ ئەوەی ببێت بە بروسکە بۆ چاوی دووژمن. بەو پەڕی خۆشحاڵییەوە ئەو ئاواتەی کاکە ئاشتیمان هێنایە دی و کورەکەمان ناونا بروسکە.

بۆ ئاگاداریی خوێنەران و کاکە زاهیریش کاک یوسف کە بەداخەوە بە مردنێکی ناوەخت ئەویشمان لە کیسچوو، برازای ئەو هاورێ پۆلایە بوو کە کاکە زاهیر ناوی هێناوە. 

هاورێ عەزیز( عزیز ریاض البکری)، ئەم هاوڕێ عەرەبە لەگەڵ هاوڕێ فازیلی مەلامەحموودا گەرابووەوە بۆ عێراق، لە بەغداوە هاتە سلێمانی مالی ئێمە لەگەڵ هاورێ فازیل دا، لە سلێمانیەوە لەگە هاورێ فازیل دا گەیشتە مەفرەزەی پێشمەرگایەتی لە قەرەداخ، دیسان لە قەرەداخەوە هاتەوە بۆ سلێمانی بۆ ماڵی ئێمە، لە ماڵی ئێمەوە گەڕایەوە بۆ بەغداد، با داخێکی گەورەوە ئەم هاوڕێ قارەمانە وەک کاک زاهیر ئاماژەی پێداوە لە پارکی زەورادا گیراوە، ئەوەی ئێمە بیستومانە کێشەیەک لە پارکەکەدا ڕوویداوە، ئەم هاورێیە لەو کاتەدا لە پارکەکەدا بووە و مەوعیدی هەبووە لەگەڵ هاورێیەکی تردا، بە هۆی کێشەکەوە پۆلیس خۆیدەکات بە پارکەکەدا و داوای هەویە لە هەموو کەس دەکەن، وا پێدەچێت هاورێ عەزیز هەر پەساپۆرتە لوبنانیەکەی پێبووە گومانیان لێکردوە و لەگەڵ خۆیان بردویانە بۆ مەرکەزی پۆلیس، ئیتر هەر ئەو گرتنە بوو بە داخێکی گەورەوە نامانبینیەوە. ئەم هاورێیە کاتی خۆشی من لە سپیندار کە بارەگای قیادەی قیادە مەرکەزی بوو دوای ئازادکردنم لە گرتوخانەی ڕایەتی پارتی بینیبووم. کەسێکی زۆر ڕۆشبیر و بە توانا و زیرەک بوو.

کاکە ئازادی مەلا، ئەم پیاوە قارەمانە ئەڵقەی پەیوندی نێوان ئێمەی وحدة القاعدە و کۆمەڵە بوو لەو سەردەمەدا، کە وا بزانم هاورێ برایم ئیسماعیل دێلێژەیی دەیناسی. کاتێک پەلاماری کاکە ئازادیان دا، خزمێکی خۆم کە ئەو سەردەمە هاورێبووین و متمانەو بڕوای تەنزیمی هەبوو لە نێوانماندا بۆیە بۆ شاردنەوە هێنای بۆ ماڵی ئێمە و دوابینینم ئەو شەوە بوو کە لە ماڵی ئێمەوە ڕەوانەی قەرەداخمانکرد و گەیشتە لای پێشمەرگەکان، بە داخێکی زۆرەوە ئەم هاورێ قارەمانەشم نەبینیەوە. ئەم هاورێ قارەمانە یەکێک بوو لەو هاورێیانەی کە لە تەنزیمی کۆمەڵەدا و لە لای ئێمەش زۆر زۆر جێگەی متمانە و ڕاگرتنی نهێنیەکان بوو، زۆر کەسێکی ئارامبوو، کەسێک بوو قوڵ بیریدەکردەوە، کەسێک بوو دیبلۆماسیەتی زۆر هەبوو لە قسەکردن و گفتوگۆکردندا هەرگیز بەرامبەرەکەی بێتاقەتنەدەکرد ئەگەر جیاوازی دیدوبۆچوون و فکری زۆریش لە نێوانیاندا هەبووایە.

هاورێ بەکر(کامۆ) دێلێژەیی، برای هاوڕێی خۆشەویستمان کاکە برایمی مەلا ئیسماعیل، ئەم کوڕە گەنجە کە بەداخەوە زۆر زوو تیا چوو، لە خۆشەویستیدا لە ناو خێزانەکەیدا پێیان دەوت(شەکر)، لە ڕاستیدا بەکر شەکر بوو، بۆ هەموو کەس نەک هەر بۆ خێزانەکەی خۆی، ئەم قارەمانە نەک هەر ئیعترافی نەکرد، دەتوانم بڵێم ئینکاری لە ناوی خۆشی کردوە، زۆر قارەمانانە خۆی بۆ راگیرا بۆیە ئەو پیاوکوژە دڕندانە هەر بە ئەشکەنجە کوشتیان و خەباریان دا بە باوکی کە کوڕەکەت لە زینداندا خنکاوە ومردوە. هەر دەستبەجێ ئەم کورە قارەمانەیان گەیاندبووە بەغدا، خزم و کەس و براکانی جەنازەکەیان هێنایەوە بۆ سلێمانی و زۆر بە ترس و لەرزەوە پرسەی بۆ دانرا.

کاکە جەمالی عەلی فایز، هاوڕێیەکی هەمیشە دەم بە پێکەنین، هاورێیەکی هەمیشە خۆڕاگر و گەشبین، ئەگەر سالێک بوایە ئەم هاورێیەت نەبینیایە، کە دەتبینی واتدەزانی دوێنێش بینیوتە، ئەوەندە شتەکان و یادگارییەکانی لەبیر بوو، ئەوەندە بە ڕوویەکی خۆشەوە دەهات بەرەوڕووت. کاکە جەمال لە چاو خوێندەوارییە کەمەکەیدا پیاوێک بوو زۆر قوڵبیریدەکردەوە، زۆر ئەزموونی هەبوو.  بە داخێکی گەورەوە کولتوورێکی سەقەت و دواکەوتو بۆ جارێک کاریگەریی هەبووبوو لەسەر کاکە جەمال و کارێکی ئەنجامدا، هەتا مابوو هەر لە دڵێدا بوو زۆر پەشیمان بوو لەو کارە و زۆر بە ڕاشکاوانە ڕەخنەی لە خۆی دەگرت. ئەم پیاوە قارەمان و ئازایە جارێکیان ڕەخنەی لە ئەدیبێکی گەورەی کورد گرت کە هەرگیز ئەو بیرە وردەییم بیرناچێتەوە، هەزار داخ بۆ کاکە جەمال.

داوای لێبوردن دەکەم لە ناو هێنانی خۆم، کە بە هۆی ئەوەی چیرۆکەکان زۆریان لای من ماونەتەوە، زۆرکەس پێیان وتووم کە باسیان بکەم بەڵام تا ئێستا باسم نەکردوون، کە بە وردی ئاگاداری زۆر مەسەلەی سیاسی ئەو سەردەمە هەم و ئاگاداری قیادەی مەرکەزی و وحدة القاعدە و زۆرێک لە هاورێیان وەک فازیلی مەلا مەحموود و سامی شۆرش و چەندین هاورێی تر هەم. 

گرنگە کە ڕێگەی ڕاست و دروست بەرنەدەین و، گرنگیشە کە ئەوەمان بیر نەچێت ڕێگەی خەبات و تێکۆشان ئاسان نییە و هەموو کەس دەرەقەتی نەهاتووە، بۆیە ئەگەر یەکێک لایدابێت، یان ئاراستەکەی گۆڕابێت، نابێت بکرێت بە سفری دوای فاریزە، هەڵبەت من بۆ خۆم تا هەنووکە بروای تەواوم بە فەلسەفەی مارکسی لینین هەیەو بە ئینسانیترین فەلسەفەی دادەنێم و تا هەنووکە هیچ هێزێکی سەروەت و سامان و پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی نەیانتوانیوە ئاراستەکەم بگۆڕن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تانە لە کەس نادام کاتێک دەگۆڕدرێت، هەموو کەس ئازادە لە ژیانیدا چۆن بیردەکاتەو و بەرەو کوێ هەنگاو هەڵدەنێ، دنیای سیاسەت و خەبات و تێکۆشان پڕە لە نشێویی و هەورازی سەخت، ناکرێت وا بیربکەینەوە کە هەموو کەس دەتوانێت تا ئەو سەری ڕێگاکە بڕوات. 

جارێکی تر سوپاس بۆ هاورێی ئازیزم کاکە زهیر باهیر.

جیهاد موحەمەد/نەرویج 

١١/١٢/٢٠١٢

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.