Skip to Content

Thursday, September 24th, 2020

یاسای باری که‌سیێتی: ژن و مافی مه‌ده‌نی

Comment
by November 4, 2008 گشتی

 یاسای باری که‌سیێتی: ژن و مافی مه‌ده‌نی
 
 نه‌زه‌ند به‌گیخانی – مه‌کته‌بی لێکۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌ت به‌ سیاسه‌ت – زانکۆی بریستڵ

 
 رۆژی دووشه‌م (27/10/2008) په‌رله‌مانی کوردستان به‌ کۆی 39 ده‌نگ له‌ به‌رامبه‌ر 35 ده‌نگ، بڕیاری له‌سه‌ر هێشتنه‌وه‌ی فره‌ژنی (مه‌رجدار) دا له‌ یاسای باری که‌سیێتی. کاتێ ئه‌م هه‌واڵه‌ له‌ ته‌له‌ڤزیۆن راگه‌یه‌نرا، من له‌گه‌ڵ چه‌ند ژنێک دانیشتبووم که‌ سه‌ر به باکگراوندی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و بیروباوه‌ڕی ئایینی و ته‌مه‌نی جیاواز بوون (ئیسلامی، سێکیوله‌ر، گه‌نج، پیر، چالاکوان، ژنی ناو ماڵ). هه‌ر هه‌موو ئه‌و ژنانه‌ ناڕه‌زایی خۆیان ده‌ربڕی به‌رامبه‌ر به‌م ده‌نگدانه‌ی په‌رله‌مان و فره‌ژنییان وه‌کو دیارده‌یه‌کی قێزه‌وه‌ر و تێکده‌ری بنه‌مای خێزان و دژ به‌ که‌رامه‌تی ژن پێناسه‌ کرد. دوو پرسیار پێویسته‌ لێره‌دا بکرێت‌: بۆچی ده‌نگی ئه‌و ژنانه‌ له په‌رله‌مانی کوردستان و له‌مه‌ر ئه‌م یاسایه‌ نوێنه‌رایه‌تی ناکرێت؟ ئه‌ی بۆچی ئه‌و ناڕه‌زاییه‌ی ژنان له ‌شه‌قامه‌کانی کوردستان ره‌نگ ناداته‌وه‌ و نابیسترێت؟
 
 به‌ پێی ئاماره‌ نوێیه‌کان، ژماره‌ی ژن ئیمڕۆ له کوردستان له‌ هی پیاو زیاتره‌. ئه‌و ژنانه‌ی  له‌چه‌ند رۆژی رابردوو له‌به‌رده‌م په‌رله‌مان خۆپیشاندانیان ده‌کرد بۆ پشتگیریکردن له‌ یاسایه‌کی مه‌ده‌نی، به‌ په‌نجه‌ی‌ ده‌ست ده‌ژمێردران. گومانی تێدانیه‌ که‌ ئه‌گه‌ر ده‌نگی ژن به‌ گشتی بگاته‌ په‌رله‌مان و له‌ رێگای  ناڕه‌زایی ده‌ربڕینه‌وه له‌ شه‌قام و شوێنه‌ گشتییه‌کان ببیسترێت، ئه‌وه‌ ژنان ده‌توانن کاریگه‌ری دابنێن له‌سه‌ر بڕیار ده‌ران چ له‌ناو حکومه‌ت و چ له‌ناو په‌رله‌مان.
 
 بێده‌نگیی زۆربه‌ی ژنان له‌ ئاست مافه‌کانیان له‌مه‌ڕ یاسای باری که‌سیێتی و له‌ ئاستی دیکه‌شدا هۆکاری زۆره‌ و هۆکاره‌کانیش ره‌گیان له‌ عه‌قلیه‌تی پاتریارکی و عه‌شایریدا داکوتاوه. ترس هۆکاری سه‌ره‌کییه‌ له‌وه‌ی که‌ ژنان له‌ بارودۆخێکی ئاوا هه‌ستیاردا نه‌رژێنه سه‌ر جادده‌کان بۆ ره‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌م یاسایه‌؛ ترس له‌ قسه‌کردن و شکانی بێده‌نگی؛ ترس له‌ ده‌نگهه‌ڵبڕین و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی، ترس له‌ خۆپیشاندان و گوزاره‌کردن له‌ خواست و داواکارییه‌كانیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ناوماڵ و له‌ شوێنه‌ گشتییه‌کان، ترس له ره‌خنه‌گرتن له‌ ده‌سه‌ڵات و خستنه‌ڕووی ئه‌لته‌رنه‌تیڤ، ترس له‌ ئازادی که‌ له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا هاوتا کراوه‌ به‌ به‌ڕه‌ڵڵایی.‌ ژنانی کوردستان، سه‌ره‌ڕای بوونی کۆمه‌ڵێک رێکخراوی تایبه‌ت به‌ ئافره‌تان، تا ئێستا ئه‌و ترسه‌یان نه‌به‌زاندووه‌ و بێپه‌روایانه‌ نایه‌نه‌ سه‌رجادده‌ و کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌کان بۆ داواکردنی مافه‌کانیان و ره‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌و کۆد و رێسا و پراکتیکانه‌ی که‌ له‌ ئازادی و که‌رامه‌ت و ئینسانییه‌تی ئه‌وان ده‌دات. لێکدانه‌وه‌ی ورد له‌م بارودۆخه‌ ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ راستییه‌کی ترسناک: ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ خه‌یاڵی گشتیی ژناندا ئه‌و واقیعه‌ تاڵ و پڕ سته‌مه‌ی ئه‌وان قه‌ده‌ره‌ و چاره‌سه‌ری بۆ نیه و‌ ناڕ‌‌ه‌زایی و خۆپیشاندان نه‌ک هیچ له‌ واقیعی ئه‌وان ناگۆڕێت، به‌ڵکو به‌ره‌وڕووی مه‌ترسیشیان ده‌کاته‌وه‌؛ مه‌ترسی له‌ تانه‌ و توانج و ناوزڕان، مه‌ترسی له‌ په‌رچه‌کرداری  خێزان و حیزب و خێڵ، له‌ په‌رچه‌کرداری پیاوان که له‌وانه‌یه‌ توندوتیژیشی لێبکه‌وێته‌وه‌.
 
 ده‌نگدانی په‌رله‌مانی کوردستان بۆ هێشتنه‌وه‌ی فره‌ژنی (مه‌رجدار یا بێمه‌رج) واته‌ پارێزگاریکردن له‌ ده‌سه‌ڵاتی پاتریارکی، له‌ ستاتوی زاڵی پیاو و له‌ په‌راوێزنانی زیاتری ئافره‌ت و به‌کارهێنانیان وه‌کو ئامێرێک بۆ سێکس و زاوزێ، بۆ چێژی تاکڕه‌وانه‌ی پیاو. هێشتنه‌وه‌ی فره‌ژنی له‌ یاسای باری که‌سیێتیدا، واته‌ پێشێلكردنی مافه‌ مه‌ده‌نیه‌كانی ژن و شه‌رعییه‌تدان به‌ ده‌سته‌مۆیی و ملکه‌چیی ژن له‌ کۆمه‌ڵگه‌ و به‌خشینی هێزی زیاتر به‌ پیاو وه‌کو ده‌سه‌ڵاتدار و پیاوسالار.
 
 کاتێ یاسا ده‌بێته‌ پاڵپشتی ده‌سه‌ڵاتی کۆنه‌خواز و چینێکی زاڵ له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌ و ده‌نگه‌ جیاواز پێشکه‌وتو و مه‌ده‌نیه‌‌کان بێده‌نگ ده‌کات، ئه‌وه‌ پرینسیپه‌کانی مافی مرۆڤ وه‌کو ئازادی، یه‌کانگیری فیزیکی و ده‌روونی، یه‌کسانی، دادوه‌ری، ئازادی تاک له‌ بیروڕا و راده‌ربڕین و مافی سیاسی پێشێل ده‌کرێن. مافی مه‌ده‌نی کاتێ به‌ده‌ست دێت که‌ یاسایه‌کی مه‌ده‌نی سه‌روه‌ر بێت و بۆ هه‌موو تاکێکی ناو کۆمه‌ڵگه‌ به‌ یه‌کسانی و بێلایه‌نی و سه‌ربه‌خۆ له‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئایینی پیاده‌بکرێت.
 
 ئه‌گه‌ر یاسای باری که‌سیێتی مافی مرۆڤ به‌ ژن و پیاوه‌وه‌ له‌به‌رچاو نه‌گرێت و به‌رژه‌وه‌ندیی چینی زاڵ و کۆنه‌خواز بپارێزێت، ئه‌وه‌ نا‌توانێ گۆڕان له‌ سیسته‌می خێله‌کی و کۆدی خێزان بکات و یه‌کسانیی نێوان ژن و پیاو و دادوه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی دابین بکات. یاسای باری که‌سیێتی به‌و شێوه‌یه‌ی که‌ په‌رله‌مانی کوردستان ده‌نگی بۆ داوه‌، ناتوانێ ببێته‌ هۆی پێشخستنی بارودۆخی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوریی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی له ‌هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا‌.
 
 ریفۆرمی یاسایی به‌ دابینکردنی یاسایه‌کی مه‌ده‌نی و جیاکردنه‌وه‌ی ئایین له‌ سیاسه‌ت زه‌رووره‌ته‌ بۆ بنیاتنانی ده‌وڵه‌تێکی مۆدێرن و پێشکه‌وتوخواز و ده‌بێته‌ گوزاره‌یه‌کی راسته‌قینه‌ش بۆ ئه‌و دیموکراسیه‌ته‌ی که‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی بانگاشه‌ی بۆ ده‌کات و ده‌یه‌وێ پێی بگات.
 
 هاوڵاتی، ژماره‌ 469، چوارشه‌م، 29/10/2008
 
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply