Skip to Content

Sunday, September 20th, 2020

یان دەبێت هەموومان بكوژن یان نابێت گەریلایەك بكوژرێت…. عومەرمحەمەد

Be First!
by February 27, 2008 گشتی

 لەمیانى ئەو نارەزایەتیانەى لەدژى لەشكركێشى توركیا بۆسەرسەنگەرەكانى پەكەكەو خاكى كوردستان ئەنجامدراون، خۆپیشاندانى جەماوەرى كوردان لەتوركیا، جگە لە گەورەیى خۆپیشاندانەكە ئەوەى مایەى هەڵوەستەى من بوو، ئەو دروشمەبو كەبووەتە مانشێتى سەرەكى ئەم ووتارەش،  بێگومان دروشمەكە لەهەرلایەكەوە تەماشاى بكەین هەربۆنى ژیانى لێدێت نەك مەرگ، بەتایبەتى بۆكەسانێك لەواتاى مەرگو ژیان تێبگەنو دان بەو ڕاستیەشدا بنێن كە ناشێت بە زیندوومانەوەش ناوبنێین ژیان. یان بۆكەسانێك بەتەنگ ئایندەى مرۆڤو ئاشتىو ئاسایشو مافى مرۆڤەوەبێت،  هەرچەندە كە من پەنجەى تەید بۆئەو دروشمەى خۆپیشاندەران رادەكێشم رەخنەشم لێى هەیە، مەبستمە بلێم ئەو دروشمە دەشیا فراوانتربوایەوپابەند بەمافى مرۆڤەوە ئاراستەبكرابایە  چونكە چارەسەركردنى كێشەى ساسى كوردستان چارەسەرى پەكەكەشە، ئەگەر كوردكێشەى سیاسى لە توركیا نەبێت پەكەكە چى دەكات لە قەندیلو گەریلاى بۆچى یە؟ ئەگەر حكومەت تۆتالیتار مرۆڤ كوژ نەبێت سەرباز بۆچى لەدژى هاوڵاتى خۆى دەنێرێتە مەیدانى خوێن رشتنەوە، بۆیە من زۆر بەلامەوە جوانتروباشتر بو دروشمەكە بەم شێوەیە ئاراستەبكرایە " یان دەبێت هەموومان بكوژرێین یان نابێت یەك گەریلاو سەرباز بكوژرێن"  چونكە ئەوەى بۆ كوشتن دەنێردرىَ و بە بریارێكى سەربازى دەكرێتە جەلاد هەرقوربانیەو هەمووش هەر كوڕى هەژارانن.

چارەســـــــــەرى كێشــــەى سیـــاسى كورد چارەسەركردنێكى تەندروستى "پەكەكە" شـــە…

 پێموایە ئەگەر دروشمەكە بەم شێوەیە ئاڕاستە بكرایە سودمەنتردەبوو، چونكە هێزێكى نیونەتەوەیى بۆ كێشەى سیاسى كوردیش پەیدا دەكات، ئەگەرچى ئەم كورتبینیەش هێندەى بۆ سیاسەتى  شۆڤینیستیانەى تورك دەگەرێتەوە هێندە بۆ خۆپیشاندەران ناگەرێتەوە.
 گرنگە ئەمرۆ كورد لەسەر هەموو ئاستەكان كار بۆئەوەبكات كۆمەڵگەى نیونەتەوەیى لە بێدەنگى بەئاگابێنێتەوە، دروشمى ئازادیخوازانى كورد تێكەڵ بە ئازادیخوازانى دنیا بكەین، چونكە نەپەكەكەو نەحزبەكانى هەرێمى كوردستانو نەحزبەكانى تریش لەكوردستانى ئێران،  بەتەنیا ناتوانن كێشەى سیاسى كورد یەكلایى بكەنەوە، ئێمە لەهەموو لایەكەوە پێویستمان بەهاودەنگى كۆمەڵگەى مرۆڤایەتى هەیەو كێشە سیاسیەكەشمان كێشەیەكى تەواو مرۆڤانەیەو ئەركى چارەسەركردنیمان لەئەستۆیەومافى خۆشمانە هەموو ڕێگەیەكى تەندرست بگرینەبەر.. ئەمە بەتەنها ئەركى حزبە سیاسیەكانى كوردستان نیە، بەڵكو ئەركى هەموو رێكخراوە مەدەنىو كلتوریەكانیشە كە بیروباوەرى ئاشتى خوازانەى خۆمان بگەیەنینە هەموو ناوەندە سیاسیەكانى جیهان، بێگومان ئەو سیاسەتە ئەمرۆ پەكەكە بەتیرۆرست لەقەڵەم دەدات سیاسەتێكى بەرژەوەندى خوازنەوچەواشەكارانەیەو دەیەوێت گورزێك لەدۆزى سیاسى كورد بدات بەگشتى، غەدرێكى ترە لەبوونى كورد وەكو نەتەوەیەكى جینۆساید كراو، مرۆڤ گەلێكى بێكیانو هەرەشەلێكراوە، دەنا ئەگەر شەڕلەگەڵ تیرۆریزمە ناسینەوەى تیرۆر ئەوەندە كارێكى ئەستەم نیە، بەپێچەوانەوە بەشێك لەو هێرشەى توركیا بەداگیرسانى گلۆپى سەوزى ئەمریكا بۆ سەر هەرێمى كوردستانو چیاى قەندیل تێكدانى ئەو ناوچە ئارامەیە كەلەقورسترین بارودۆخدا نەبووە هیلانەى تیرۆرستان، هەموو لایەك باش دەزانن ئەگەر بوونى پەكەكە نەبوایە دورنەبوو قەندیلیش نەبوایەتە تۆرابۆراو بنكەیەكى بەهیزى تیرۆرستان، بۆیە هەقە ئەو پرسیارە زۆر سادەیە ئاراستەى ئەمریكاو نەتەوەیەكگرتووەكانو سەرجەم كۆمەڵگەى نیودەوڵەتى بكەین، ئاخۆ پەكەكە كە دروستبوونیشى كاردانەوەى سیاسەتە ئیستبدادیەكانى دەوڵەتى توركیایە كە كورد بە مرۆڤ نازاننو ناوى توركى شاخاویان لێناون؟  یان هێرش بۆسەر پەكەكە كارى تیرۆرستیە؟  داخۆ خەباتى چەكدارانەى پەكەكە ناڕەوایە یان قەدەغەكردنى زمانى كوردى " زمانى دایك"  لە توركیا؟! ئەگەر جینۆسایدى دوێنى كورد بەبیانووى جەنگى ساردو لایەندارى حزبە كوردستانیەكان بۆ جمورى ئیسلامى ئێران بووە مایەى بێدەنگى لێكردن لەلایەن دەولەتەزلهێزەكانەوە، ئەى لەئەمڕۆى بانگەشەى بەناو دیموكراسیدا چ پاساوێك هەیە؟ بۆ كۆمەڵكوژى كوردو بێدەنگە لێكردنى؟ !
 هەرچەندە ئامانجى سەرەكى توركیاو هاوپەیمانەكانى لەناوبردنى پەكەكە نیە لەم هێرشانەدا،  بەڵكو لەناوبردنى خەونى دروستبوونى دەوڵەتى كوردىو لەوەش خوارتر جێبەجێنەكردنى مادەى 140 ى دەستورى عێراقە، بەلاى كەمەوە هەولێكە بۆ چاوترساندنى دەسەڵاتدارانى هەریمى كوردستان بۆئەوەى زۆر داوانەكەنو بەكەم قایل بن لەعێراقى بەناو دیموكراسیدا، بەڵام ئەمەش پتر لەخەونى چۆلەكە دەچێت، مەگەر كێشەى سایاسى كوردو چارەسەركردنى هەرلەم حزبولایەنە سیاسیانەدا كورت دەبێتەوە؟  مەگەر ئەم سیاسەتمەدارانەى ئەمرۆ لە دایكبوون كە كێشەى كورد بووەتە كێشەیەكى زیندووى چارەسەرنەكراو؟  هەرچەندە لەناوبردنى پەكەكە یەكێكە لەمەحاڵەكانو ئەستەمە ئەو خەونەى توركیا بێتەدى، بەڵام بائێمە گریمانەى ئەوەبكەین كەتوركیا تەنیا ئامانجى لەناوبردنى پەكەكەیەو بەس، باواى دابنێین توركیا دەتوانىَ هەموو گەریلاكانى پەكەكە لەقەندیل لەناودەباو قەندیلیش دەگرێت، ئایا كێشەكە چارەسەر دەبێت؟ كێشەى سیاسى كورد یەكلایى دەبێتەوە؟ ئەوەى بەم ئاقارەدا بیرى لێدەكاتەوە  باشتروایە ئەو ڕاستیە بهێنێتە پێش چاوى خۆى كەتوركیا دۆستى كوردنیە بەڵكو لەمێژە دوژمنایەتى كوردو نەتەوەكانى ترى راگەیاندووەو هەولى پاكتاوكردنى داون، بەڵام مایە پوچ بووە، هەروەكو چۆن بەجینۆسایدكردنى ئەرمەنەكان  نەك هەرنەیتوانى ئەرمەن لەناوبەرێت بەڵكو خۆى قەرزارى ئەرمەنو كۆمەڵگەى مرۆڤایەتیش كردو ئەمرۆ خەریكە سەرى دەخواتو ئەم كێشەى ئەمرۆش بەشێكى گرنگى پەیوەندیدارە بەجینۆسایدى ئەرمەنو كۆنگریسى ئەمریكیەوە، ئەمە بێجگەلەوەى بەجینۆسایدكردنى كوردیش تۆمەتبارەو تەنها پێكهێنانى دادگایەك بەسە بۆئەوەى تاوانەكەبخاتە قاڵبێكى یاساییەوە.
 ئەوانەى لایەندارى توركیاش دەكەن دەبێت ئەوە بزانن لەدوادواییەكانى سەدەى رابوردو بەچەكى قەدەغەكراو، بەئەنفالو جینۆساید، كورد لەناونەچوو، ئیدى كەى دەرس لە تاوانو مامەڵەى نامرۆڤانەى خۆیان وەردەگرن؟  ئیتر دۆستو دوژمنى كوردو تورك، هەقە ئەوڕاستیە بزانن كە نەپەكەكە ئەوەندە هێزێكى فشۆڵە ئەگەر موئامەرەیەكى دەولى لەپشتەوەنەبىَ بە ئۆپەراسیونێكى 15 رۆژى لەشكرى توركیا لەناوبچێت، نەكێشەى سیاسى كوردیش بەتوندوتیژىو مامەڵەى سیاسەتمەدارانى سەردەمى خوێن رشتن چارەسەردەكرێت، بەڵكو چارەسەرى كێشەى سیاسى كوردستان كارێكى ئەوەندە ئالۆزنیە بەدەربێت لەچوارچێوەى یاسایىو مافەكانى مرۆڤ ، ئەوەى رێگرە گرفتى سیاسىو جۆگرافیە دەوڵەمەندەكەیەتى، كە كوردبوەتە نەگبەتىو دەولەتە زلهێزەكان پەیمانى شەروئاشتى لەسەرمۆردەكەنو بەهەردوو بارەكەشدا كورد تیایدا زەرەرمەن دەبێت.
  كێشەى سیاسى كورد كەهەتا ئێستاش بەچارەسەرنەكراوى ماوەتەوە پەیوەندى ڕاستەوخۆى بەكورتبینىو چاوچنۆكى ئەو وڵاتانەوەیە كەلەپەیمانى لۆزانەوە كوردیان بەسەردادابەشكراو بەهۆى ئەوپەیمانە شومەوە خۆیانكرد بەخاوەنى كوردوكوردیش بەرەعیەتو پلە دوو، دەنا ئەو وڵاتانە ئەگەر كێشەى ساسى كورد بەكێشەى وڵاتەكانى خۆیان بزانیبایەوحسابى هاوڵاتییان بۆ كورد بكردایە  خوێنى رۆڵەكانى ووڵاتەكانیان لەشەرى ناوخۆدا بەفیرۆنەدەدا، هەموو ئەو دەوڵەتانەى بەشێك لەخاكى كوردستانیان بە دانیشتوانەكەیەوە پێوەلكێنراوە تائێستا مافى مرۆڤ بەلایەنەوە مەسەلەیەكى لاوەكیە، هەربۆیەشە ئامادەن دەریایەك خۆینى سەربازوپێشمەرگەو خەڵكى سڤیل بەخۆرایى بڕێژن بەڵام ئامادەنین سێتێك ئاوى كانزایى بۆ خواردنەوە ببەخشن، ئەوهەموو خەرجیە زۆرو زەوەندەى ئەم حكومەتە تۆتالیتارانە لەدژى كورد بەفیڕۆیانداوە ئەگەر لەپێناوى چارەسەرى تەندروستدابوایە بۆكێشەى كورد ئێستا هەم خۆیان لەئاستێكى باڵاترو هەم كوردیش لەئاستێكى بەرزى ژیاندا دەبوو، رەنگە جەنگى هەشت ساڵەى ئێران عێراق و رێكەوتنامەى جەزائیر باشترین سەلمێنەرى ئەم قسەی بن، خەرجى هەشت ساڵى جەنگو بنیاتنانەوەى وێرانبوونى دامەزراوەكان كێشەى هەموو كوردى چارەسەردەكرد، بەڵام كورد ووتەنى : لەخراپەى ئەو كەسانە بترسە كەچاكەت بۆیان زۆرە"  بێگومان خیروبێرى كوردستان نەبوایە ئەوانیش نەئەمریكا دەبووە هاوپەیمانیانو نەخۆشیان دەیانتوانى بەپارەى نەوت بازارى چەكەكانیان گەرم بكەنو چەكى قەدەغەكراو بەكاربهێنن، ئەگەر توركیاو ئەمەریكا ڕاست دەكەنو دەلێن شەڕ لەگەڵ تیرۆر دەكەین، بابفەرموون كێشەى سیاسى كورد چارەسەربكەن ئەوە خۆى لەخۆیدا چارەسەرى پەكەكەشە، ئەگەر كورد كێشەى سیاسى لەتوركیا نەبىَ پەكەكە لەقەندیل  گەریلاى بۆچیە ئەویش نوسینگەو ئەندام پەرلەمانى پێباشترە لە ئیدارەى دەولەتدا كونەتەیارەو سەربازگەى ناو شاخو ئەشكەوتى بۆچیە.
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply