Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
یا سەبوور … مەدیحە سۆفی

یا سەبوور … مەدیحە سۆفی

Closed
by February 20, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

ئەم زەمینە چەند غەددارە

هەر ڕۆژەو بەشی هەناسەیەك سەبووری تیا دەڕوێ

هەر ڕۆژەو بەشی ئاوابوونێك …خۆری تێدا هەڵدێ…

هەر ڕۆژەو بەشی تەنیاییەك بارانی خوا بەسەر کێڵگەی گڕا دادەبارێ

مەودای نێوان من و ڕوح

وەکو مەودای نێوان خۆم و خۆمە

ئەوەندەی خۆم لە خۆم دوورە و ئەوەندەی ژیان نزیك

لە هەر شوێنێك کانی عیشقی تیا بێت وسەبووری تیا چێنرابێت

ڕەشماڵی ڕوحم لەوێ هەڵدەدرێت

دەمێکە شار لەم پیاڵەی سەبووریە

شەرابێك لە فیراق و 

لەم دەربەندی بەرمۆدەیە ژەمێ گەردەلوول نۆش دەکات

دەمەوێ نوکی قەڵەمەکەم بشکێنم و بیدەمە دەم ڕەشەبای ماڵئاواییەوە

کەچی قەڵەمی ڕوحم پێ ناشکێنرێ و بەدەم سەبای وەخت و ناوەختەوە

ڕوباری عیشق نائارام و پەنجەکانم ئازاد دەکاو

بەرەو تۆ بەرەو ژوانێکی قەرسیلەیی بەرەو بێدەنگییەك هەر لە قەڵەمی دەستی تۆ بچێت

تۆ شاری دەم ئۆقیانووسی ونبوونێکی حەڵاڵی..

بۆ تۆ دەکەومە کۆکردنەوەی توێشووی سەفەرێکیتر…

تا لە دۆزە دۆزەی گەڕان بەشوێن سەبوورییەکی ناڵەی ئەم شارەدا

ڕێم بکەوێتە سەر گەڵای وەریوی دارستانی عەشقت

ئەو گەڵایانەی بە چرپە هەر بە چرپەی وەرزەکان

هەر بە بۆنی خۆڵی  توێ توێی ئەم خاکە

دەلیلی خەونەکان و لەرەی دەنگت بپێکێ

لەرەی ڕوحی شارێك بپیکێ

لەقافڵەیەکی دوورەوە هاتوو …ماندوو…هەر خۆی بڵێ: 

لەرەی ڕوحت دەریای ناخم هەراسان و

ئاوێنەی چاوم وێڵی شوێن تابلۆیەکی ئاسمان دەکا

 لەرەی ڕوحت تای توانەوەیە

سەفەرێکە ئۆقیانوس دەیکاتە هاوڕێ و

لەگەڵ شەپۆلا دەکەوێتە ڕێ و شەرت دەکا و  نادۆڕێ

دەڵێ: لەرەی ڕوحت وجودم ماڵی دەکاو

دەنگم دەبەخشێتە پەڵە هەورەکان و

چاوەکانم دەکەنە پرسیاری شەرمن و نیگاکانی لە کونجی وڵاما گیر دەکەن و

ئەوانیش وەکو شارە هەرزانەکەم هەر چاوەڕێن 

لەم شارە پڕ لە پینەی چاوەڕوانییەدا

لەم شارە پڕ لە هەواری خەنەبەندانەدا

بەو گەرمی خۆرە دەسووتێی کە بە کۆلارەی عیشقا

بە داوی سەبووریا

بە دەسرازی زەمەنا بەرەو ئاسمانی ئازادیا کەوتە ڕێ…

بۆ تۆ دەدوێم….بە دەنگ و بێ دەنگ

بێ دەنگ لەگەڵ سەبووریا

بە دەنگ  لەگەڵ سمفۆنیای دووریا

 

 

مەدیحە سۆفی/ ئەڵمانیا

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.