Skip to Content

Friday, September 25th, 2020

یه‌که‌م جاره‌ له‌ ژیانی پارته‌ به‌ ناوعلمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی تورکی له‌ دژی سووپا بدوێن

Be First!
by March 8, 2008 گشتی

مه‌هدی كاوانی….

٢٤ كاتژمێر پێش كشانه‌وه‌ی سوپای توركی ،كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ نێوان ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مه‌ریكی و كورده‌كان له‌ ئامێدی كراو به‌ دوایه‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی سوپای توركی و سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپایان ئاگایان له‌ هیچ بێ ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عیڕاق وشیار زێباری به‌ كه‌ناله‌ ڕاگه‌یاندنه‌كانی ڕاگه‌یاند كه‌ سوپای توركی ده‌كشێته‌وه‌.
ڕاگه‌یاندنی ڕه‌سمی توركی ئه‌و كشانه‌وه‌یان بۆ گوشاری ئه‌مه‌ریكی نابه‌نه‌وه‌و ده‌ڵێن به‌ ئاره‌زووی خۆمان بووه‌و پاش ئه‌وه‌ی ئامانجه‌كانی خۆمان پێكاو كشاینه‌وه‌ . زۆر له‌ ڕاگه‌یاندنه‌ جیهانیه‌كان و جارو بار ڕاگه‌یاندنی توركیش باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ سوپای توركی ڕووبه‌ڕووی مقاوه‌مه‌یه‌كی فراوانی گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان بوونه‌ته‌وه‌و له‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕ زیانێكی زۆریان پێ كه‌وتووه‌ . په‌كه‌كه‌و كورده‌كان له‌ هه‌موو شوێنه‌كانه‌وه‌ ئاهه‌نگی خۆشی و سه‌ركه‌وتن ده‌گێڕن و توركه‌كانیش حه‌په‌ساون .
به‌ مه‌زنده‌ی من ئه‌و ئۆپه‌ڕاسیۆنه‌ سه‌ربازیه‌ بۆ سه‌ر چیاكانی قه‌ندیل ده‌ست پێ كردنه‌كه‌ی و كشانه‌وه‌ی به‌ نسبه‌ت توركیاو ئه‌مه‌ریكاو ئی تریشه‌وه‌ به‌ زۆری بۆ مه‌رامی سیاسی بووه‌و هه‌ر لایه‌نێكیان به‌ مه‌به‌ستێكیه‌وه‌ .
به‌ڵام ئه‌و پرسیاره‌ی یان چه‌ند پرسیاره‌ی كه‌ پێویسته‌ بكرێ و وه‌ڵامه‌كه‌ی ئاسان نیه‌ یان شاراوه‌یه‌ تا زۆر ڕاده‌ ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازیه‌ له‌ چی و كشانه‌وه‌ كت و پڕیه‌كه‌ له‌ چی . كورد ده‌ڵێ ئه‌و ماسته‌ مووه‌كی تێدایه‌ . ئایا ده‌بێ ئه‌مه‌ریكیه‌كان له‌ به‌ڵێنه‌كانیان كه‌ به‌ توركه‌كانیان دابوو له‌ مه‌ڕ لێدانی په‌كه‌كه‌ پاشگه‌ز بووبنه‌‌وه‌. ئه‌گه‌ر وایه‌ بۆ ؟ عوزر له‌ قه‌بیحاتی گه‌وره‌تره‌ . به‌ هێز ترین وڵاتی جیهانی( وه‌ك عه‌ره‌به‌كان گوته‌نی  ( بینضحی والنهار) واته‌ له‌ نێوان شه‌و و ڕۆژدا وا بگۆڕێن .
 ئه‌مه‌ریکیه‌کان بۆ هه‌ر هه‌نگاوێكیان ،  هه‌زاران حیساب ده‌که‌ن و بۆ كێشه‌یه‌كی هه‌ستیاری وه‌هاش ئه‌و په‌شێمان بوونه‌وه‌ لێی ڕوو بدات . هه‌ندێ جار مرۆڤ كاره‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ لێك ده‌داته‌وه‌ كه‌ ئه‌و كاره‌ی ئه‌مه‌ریكی  هه‌ر له‌ سه‌ره‌تا ئه‌و حیسابه‌ی ئێستای بۆ كردووه‌ به‌ مه‌به‌ستی فه‌خ نانه‌وه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای توركی تاوه‌كو له‌ ئاینده‌ به‌ ناچاری  بكه‌ونه‌ گفت و گۆ له‌ گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ یان لایه‌نی كوردی تر له‌ سه‌ر كێشه‌ی كورد.  یان ئه‌وه‌تا ڕێكه‌وتنێكی نهێنی له‌ نێوان په‌كه‌كه‌و ئه‌مه‌ریكا له‌ گۆڕێ بێت له‌ به‌رامبه‌ری ده‌ست هه‌لگرتنی سوپای توركی له‌ هێرش كردنه‌ سه‌ریان ، ئه‌وان واته‌ په‌كه‌كه‌ به‌ ناوی په‌ژاك خۆی له‌ دژی ئێرانیه‌كان ڕێك خا . ئه‌و پرسیارانه‌و پرسیار گه‌لێكی زۆری تر له‌ زهنی هه‌ر مرۆیه‌كی سیاسی خوڵ ده‌خواته‌وه‌و وه‌ڵامی ڕاست و دروستی لێ وه‌ده‌ست ناكه‌وێ .
سه‌رۆكی ئه‌ركانی سووپا به‌ شه‌ڕه‌ف سوێند بۆ توركه‌كان ده‌خوا كه‌ ئامانجه‌كانی خۆیان پێكاوه‌و به‌ به‌رنامه‌ی خۆیان كشاونه‌ته‌وه‌ نه‌ك له‌ ژێر گوشاری ئه‌مه‌ریكی . پارته‌ به‌ناوعیلمانیه‌ ئاڕاسته‌ كه‌مالیزم و پارته‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كان بۆ جاری یه‌كه‌میانه‌ له‌ ژیانیان هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر سوپاو به‌ خائین و به‌جی گه‌یاندنی مه‌هامی ئه‌مه‌ریكی و به‌جێ نه‌گه‌یاندنی مه‌هامه‌كانیان بۆ لێدانی په‌كه‌كه ‌باسی لێوه‌ بکه‌ن . دنیز بایكال له‌ لێدوانێكی ته‌له‌فزیۆنی  زۆر به‌ توندی هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر سووپاو به‌وه‌ باسی ده‌كات كه‌ ئه‌و كشانه‌وه‌یان ڕێك ئه‌و مانایه‌ ده‌گه‌یه‌نێ كه‌ له‌ گه‌ڵ حكومه‌تی ئه‌ردۆگان و ئه‌مه‌ریكیه‌كان ڕێك كه‌وتوون  بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی كێشه‌ی كورد و وتووێژكردن له‌ گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ . هه‌شن ئه‌و كشانه‌وه‌ی سوپای توركی به‌وه‌ لێك ده‌ده‌نه‌وه‌ كه‌ عه‌قبه‌یه‌كی نوێ له‌ سیاسه‌ته‌كانی توركیا جیا له‌ پێشتر ده‌ست پێ بكات به‌وه‌ی كه‌ سووپا به‌ره‌ی هاوپه‌یمانێتی به‌  ڕه‌زامه‌ندی ئه‌مه‌ریكیه‌كان له‌ پارته‌ عه‌لمانی و كه‌مالیست و نه‌ته‌وه‌یه‌كان گواستبیته‌وه‌ بۆ هاوپه‌یمانی بوون له‌ گه‌ڵ پارتی عه‌داله‌و گه‌شه‌پێدان .
ئه‌گه‌ر مرۆش وا بیر بکاته‌وه‌ به‌وه‌ی ئه‌ردۆگان ده‌ستی هه‌بووه‌ له‌و کشانه‌وه‌یه‌دا له‌ شوێن خۆیه‌تی له‌ به‌ر ؛
ئه‌و شه‌ڕه‌و دریژه‌ کیشانی بمانه‌وێ نه‌مانه‌وێ زیاتر به‌ زیانی پارتی بوژانه‌وه‌و گه‌شه‌پێدانی تورکی ده‌که‌وێته‌وه‌ که‌ به‌ دوایه‌وه‌ پشتگیری فراوانی کورده‌کان له‌ هه‌لبژاردنه‌کان بۆ خۆیان له‌ ده‌ست بده‌ن ، بینیشمان له‌ کاته‌کانی ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی سوپا ده‌نگی ناڕه‌زایی کورده‌کان و خۆپیشاندانه‌کانیان له‌ زۆربه‌ی شاروشارۆچکه‌ کوردیه‌کان و ئه‌وروپاو هه‌ندی شوێنی کوردستانی باشوور فراوانیه‌کی ته‌واوی به‌ خۆوه‌ بینی و نوکی تاوانیشیان بۆ ئۆردوگان و پارته‌که‌ی بوو .  هه‌لبه‌ته‌ ئه‌ردۆگانیش باش له‌وه‌ ده‌گا که‌ ئه‌و ئۆپڕاسیۆنه‌ له‌ لایه‌ن نه‌یاره‌کانی ئاماده‌کراوه‌ تاوه‌کو ده‌سه‌ڵاتی ئێستای تورکی له‌ ڕێگای دریژه‌ کیشانی بکه‌وێته‌ ناو فه‌خه‌که‌یه‌وه‌ . نابێ ئه‌وه‌ش له‌ بیر خۆمان ببه‌ینه‌وه‌ به‌ دریژه‌کێشانی شه‌ڕو پیکدادان جگه‌ له‌وه‌ی بۆ تورکیا له‌ رووی ئابووریه‌وه‌ پاره‌یه‌کی زۆری تێ ده‌چێ ، زیانه‌کانی له‌ به‌ره‌ی شه‌ڕیش پێیان ده‌که‌وێ ده‌بێته‌ هۆی  بیزاری خه‌لکو پلانه‌کانی حکومه‌تیش له‌ مه‌ڕ بوژانه‌وه‌ی وڵات په‌ک ده‌که‌و‌ێ . له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ پارتی عه‌داله‌و گه‌شه‌پێدان بۆ له‌مه‌و دوا ئه‌و ده‌نگه‌ فراوانانه‌ی کوردیان بۆ مه‌یسه‌ر  نابێت . بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئێستای ئه‌مه‌ریکاش واته‌ کۆماریه‌کان هاتبنه‌ سه‌ر ئه‌و ڕایه‌ که‌ ئه‌و فراوانکردنی ئۆپڕاسیۆنه‌ سه‌ر‌بازیه‌ تورکیه‌یان له‌ سنوره‌کانی هه‌رێمی کوردستان که‌ ده‌کاته‌ ده‌وله‌تی عیڕاق به‌ قازانجی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان له‌ به‌ر کۆمه‌ڵه‌ هۆکارێکه‌وه‌ نه‌که‌وێته‌وه‌ ، هه‌ندێکیان له‌وانه‌ ؛ نه‌ته‌وه‌ یه‌ک گرتووه‌کان به‌ بڕیارێکی فه‌ڕمیان دوا به‌ دوای ڕوخانی سه‌دام ، پاراستنی ئاسایشی عیڕاقیان خسته‌ ئه‌ستۆی ئه‌مه‌ریکیه‌کان له‌ حاله‌ه‌تی وه‌هادا بۆ سومعه‌ی ئه‌مه‌ریکی باش ناکه‌ویته‌وه‌ توورکه‌کان به‌و هه‌موو قه‌واره‌ فراوانه‌ی سووپایان ئۆپه‌ڕاسیۆن له‌ ناو خاکی عیڕاق ئه‌نجام بده‌ن ، هه‌رێمی کوردستان به‌ دانپینانی به‌شی هه‌ره‌ زۆری جیهانی به‌ ئارامترین ناوچه‌ی عیڕاق ده‌ژمیردرێ ، له‌ ڕێگای ئۆپه‌راسیۆنی سوپای تورکی ، بمانه‌وێ نه‌مانه‌وێ ئاسایشی ناوچه‌که‌ تێک ده‌چێ و گیرو گرفتی تر بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی جۆرج ده‌بلیو بۆش دروست ده‌بێ و له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ دیموکراته‌که‌کان ئه‌و هه‌له‌ بۆ پێشبرکێی هه‌لبژاردن ده‌قۆزنه‌وه‌ ، هه‌ر شکستهێنانیکی په‌که‌که‌ ئه‌گه‌ر به‌وه‌ کۆتایی بێت که‌ ئه‌وان قه‌ندیل و سنوره‌کانی هه‌رێمی کوردستان به‌جی بێڵن ، به‌ دوایه‌وه‌ تیڕۆڕستی ئیسلامی به‌ هاوکاری ئێران دێته‌ شوێنیان ، ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ریکیه‌کان که‌ گلۆپی که‌سکیان بۆ ئۆپه‌راسیۆنی سوپای تورک پی کرد ، وا به‌ میشکیان هاتبیته‌وه‌ که‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌ کاتی ده‌بێت و به‌ دوایه‌وه‌ په‌که‌که‌ ناوچه‌که‌ به‌جی دێڵێ، به‌ڵام که‌ زانیبیتیان ده‌رئه‌نجامه‌کان وه‌ه‌ها نه‌که‌وتنه‌وه‌و په‌که‌که‌ به‌رهه‌لستی جوامیرانه‌یان کرد ئه‌وا به‌دیلی گوشاری کشانه‌وه‌ی تورکه‌کانیان به‌ ئه‌نجام گه‌یاند له‌ ترسی ئه‌وه‌ی نه‌وه‌کا به‌ره‌یه‌کی تری شه‌ڕیش له‌ ناوچه‌یه‌کی ئارام دروست بێت .  
 به‌ ڕای من ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌و کشانه‌وه‌ کت و پڕیه‌ی سوپای تورکی دیالۆکی سیاسی و چونه‌ پێش له‌ کورده‌کانی لێ بکه‌وێته‌وه‌ ، له‌ لایه‌که‌وه‌ باری سیاسی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌عه‌دودی سیاسی و یه‌کتر ڕه‌تنه‌کردنه‌وه‌ دێته‌ پیشه‌وه‌ له‌میانه‌یدا دۆزی سیاسیانه‌ی کورد له‌ قازانجی په‌که‌که‌و ده‌ته‌په‌ زۆر ده‌چیته‌ پیشه‌وه‌. له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ چه‌کی سووپا تا زۆر ڕاده‌ له‌ بن ده‌ستی هێزه‌سیاسیه‌ ڕه‌گه‌زپه‌رستیه‌ تورکه‌کان ده‌رده‌هێنرێ و به‌ هۆشیه‌وه‌ ڕێگاکان له‌ به‌رده‌م ئه‌که‌په‌ ئاواڵه‌ ده‌بێ که‌ به‌ ئاره‌زووی خۆیان هه‌لگێڕو وه‌رگێڕ  له‌ ئاڕاسته‌کانی که‌مالیست بکه‌ن و به‌ هۆیه‌وه‌ ئه‌و به‌فره‌ به‌سته‌له‌ک بووه‌ له‌مێژه‌ی تورکی بتوێنه‌وه‌ به‌ ئاڕاسته‌ی کرانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌و کۆتایی به‌و ڕاله‌خۆبوونه‌ له‌ زێده‌به‌ده‌ره‌ی تورکه‌که‌کان بێنن .   
/07/03/200
mahdikawani@yahoo.co.uk

Previous
Next

Leave a Reply